گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣ 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026

شەهابی کوورش: بەرەو گەشەپێدانی دێهات و شار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی تێکۆشانی ئابووریی مەدەنی، وەک ستراتیژییەکی نوێ. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073

DOI 10.69939/TISHK0073

کاکڵی ئەم وتارە ئەوەیە: «جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد بە هەموو لایەن و بەشدارانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو توانایەی هەیە بیرۆکەی گەشەپێدانی خۆڕاگر (توسعە پایدار) و هەستی نیشتمانپەروەریی خەڵکی کوردستان لێک گرێ بدات و بزووتنەوەی ئابووریی مەدەنی بکات بە ستراتیژی بۆ هەر ئێستا و لە داهاتوودا، هەروەها بزووتنەوەی بەرفراوانی ئابووریی مەدەنی ڕێک بخات لە پێناو بووژانەوەی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گۆڕانکاریی باش پێک بهێنێت لە ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکانی دێهات و شار؛ ئەگەرچی دەسەڵاتی سیاسیی نەبێت، بەڵام دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی هەیە».

بەڕێز دکتۆر عەباسی وەلی، پڕۆفیسۆری کۆمەڵناسیی سیاسی، لە دوو وتووێژدا لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢٣دا دەڵێت: «ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێویستە خۆیان نۆژەن کەنەوە.» هەروەها دەشڵێت: «نۆژەنکردنەوە بە مانای گەنجکردنەوەی ڕێبەرایەتییەکان نییە، بەڵکوو پێویستە ستراتیژیی خۆیان بگۆڕن بۆ ستراتیژییەکی باشتر و هەژموون پێک بهێنن لە ڕێگەی دامەزراندنی بنیادەکانەوە…» هیوادارم هەڵبژاردنی ستراتیژیی گەشەپێدان و تێکۆشانی ئابووریی مەدەنی بە بەشداریی ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان لە قۆناغی ئێستادا، وڵامێک بێت لە ڕیزی وڵامەکانی تر بۆ ئەم پرسیارە دژوارە. بەشێکی ئەم وتارە، کورتەی دوو وتارە کە ساڵی ٢٠١١ی زایینی نووسراوە و بەشێکی تری بە تازەیی داڕژاوەتەوە.

کوورش شەهابی: بەرەو گەشەپێدانی دێهات و شار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی تێکۆشانی ئابووریی مەدەنی، وەک ستراتیژییەکی نوێ.

کاکڵی ئەم وتارە ئەوەیە: «جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد بە هەموو لایەن و بەشدارانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو توانایەی هەیە بیرۆکەی گەشەپێدانی خۆڕاگر (توسعە پایدار) و هەستی نیشتمانپەروەریی خەڵکی کوردستان لێک گرێ بدات و بزووتنەوەی ئابووریی مەدەنی بکات بە ستراتیژی بۆ هەر ئێستا و لە داهاتوودا، هەروەها بزووتنەوەی بەرفراوانی ئابووریی مەدەنی ڕێک بخات لە پێناو بووژانەوەی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گۆڕانکاریی باش پێک بهێنێت لە ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکانی دێهات و شار؛ ئەگەرچی دەسەڵاتی سیاسیی نەبێت، بەڵام دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی هەیە».

بەڕێز دکتۆر عەباسی وەلی، پڕۆفیسۆری کۆمەڵناسیی سیاسی، لە دوو وتووێژدا لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢٣دا دەڵێت: «ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێویستە خۆیان نۆژەن کەنەوە.» هەروەها دەشڵێت: «نۆژەنکردنەوە بە مانای گەنجکردنەوەی ڕێبەرایەتییەکان نییە، بەڵکوو پێویستە ستراتیژیی خۆیان بگۆڕن بۆ ستراتیژییەکی باشتر و هەژموون پێک بهێنن لە ڕێگەی دامەزراندنی بنیادەکانەوە…» هیوادارم هەڵبژاردنی ستراتیژیی گەشەپێدان و تێکۆشانی ئابووریی مەدەنی بە بەشداریی ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان لە قۆناغی ئێستادا، وڵامێک بێت لە ڕیزی وڵامەکانی تر بۆ ئەم پرسیارە دژوارە. بەشێکی ئەم وتارە، کورتەی دوو وتارە کە ساڵی ٢٠١١ی زایینی نووسراوە و بەشێکی تری بە تازەیی داڕژاوەتەوە.

کورتە

ئەم وتارە دەیهەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە هەلومەرج ئامادەیە بۆ جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بیرۆکەی گەشەپێدان و پێگەیاندنی ئابووری لە ڕێگەی تێکۆشانی ئابووریی مەدەنی بکات بە ستراتیژییەکی تازە لە پێناو بووژانەوەی دێهات و شار لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پێش ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەست بخات.

جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێویستە گەشەپێدانی ئابووری بکات بە ستراتیژی و بزووتنەوەی ئابووریی مەدەنیی بەرفراوان ڕێک بخات بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو؛ ئەگەرچی دەسەڵاتی سیاسیی نەبێت، بەڵام دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی هەیە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی لە پشتە. پێویستە هەستی نیشتمانپەروەریی خەڵکی کوردستان و بیرۆکەی گەشەسەندنی خۆڕاگر (توسعە پایدار) لێک گرێ بدرێت و ببێتە ڕێکارێکی نوێ لە پێناو پێگەیاندنی ئابووری لە ناوخۆی وڵاتدا. گۆڕانکاریی ئابووری لە کۆمەڵگەدا بێگومان دەستکەوتی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەخوڵقێنێت. هەموو بەشدارانی جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان بە گشتی، بە تاک و بە کۆ، ئەندامان و کادیرانی ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان، ڕۆشنبیران و تێکۆشەرانی سەربەخۆ و ئایینی و هونەرمەندان و… لە توانایاندا هەیە بانگەشە بۆ ئەم ستراتیژییە بکەن و خەڵک ڕێک بخەن، ئومێدیان وەبەر نێن و هانیان بدەن بۆ بەشداری لە بزووتنەوەی ئابووریدا و ئەم بزووتنەوەیە مسۆگەر بکەن. تێکۆشەرانی سیاسی، حیزبی و مەدەنی و ڕۆشنبیران بە گشتی پێویستە بیرکردنەوە لە کار و بژێوی (مەعیشەت) خەڵک وەک ستراتیژی ببینن و تێبکۆشن بە داهێنان و تێکۆشانی گونجاوی ئابووریی مەدەنی، گۆڕانکاری لە ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکدا پێک بهێنن بۆ ئێستا و داهاتوویەکی دوور و نزیک. لەم وتارەدا چەند نموونەیەک لە تێکۆشانی ئابووریی مەدەنی پێشکەش کراوە.

ئەم وتارە بە پێشەکی دەست پێ دەکات؛ لە بەشی دووەمدا، بیرۆکەی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و مەبەست لە گەشەسەندن چییە، شی دەکرێتەوە و سێ بۆچوون و ڕوانگە لەسەر گەشەپێدان پێشکەش دەکرێت. لە بەشی سێیەمدا، چەند نموونە و شێواز لە تێکۆشانی ئابووریی مەدەنی لەسەر بناغەی گەشەسەندنی خۆڕاگر دێتە بەرباس کە بریتین لە: بنبڕکردنی نەخوێندەواریی کوردی؛ ڕێکخستنی بزووتنەوەی ئابووریی مەدەنی بە چاندنی نەمامێک بۆ شەهیدان؛ پێکهێنانی کار و بژێوی و گەشەپێدانی گوند و لادێ؛ قازانجەکانی سیستەمی ئابووریی هەرەوەزی (تعاونی) و ئەزموونی سەرکەوتووانەی بزووتنەوەی نەتەوەیی «باسک» لە وڵاتی ئیسپانیا؛ دامەزراندنی سیستەمی بانکیی هاوبەش و خۆماڵی و بچووک و ئەزموونی وڵاتی «بەنگلادیش»؛ ئاماژەیان پێ دەکرێت. بۆ هەرکام لەم بابەتانە نموونەی سەرکەوتووانەی جیهانی و ڕوانگەی یونسکۆ و بەشی ئاوەدانکردنەوە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دێتە بەرباس. هەروەها، چەند وشەیەک پێشکەشی فێمێنیستەکانی کورد و کادیر و تێکۆشەرانی ڕێکخراوە سیاسییەکان کراوە.

ئەم بابەتە سێ بەشە:

١) پێشەکی.

٢) لە بەشی دووەمدا، بیرۆکەی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئاوەدانکردنەوە، پێگەیاندن، یان پەرەسەندن (Development) زۆر بە کورتی شی کراوەتەوە و سێ بۆچوون و ڕوانگە لەسەر گەشەپێدان پێشکەش دەکرێت.

٣) لە بەشی سێیەمدا، چەند نموونە و شێواز لە تێکۆشانی ئابووریی مەدەنی پێشکەش دەکرێت.

١) پێشەکی

ئەم وتارە دەیهەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو توانایەی هەیە تێکۆشانی ئابووریی مەدەنی دەست پێ بکات و گەشەسەندنی خۆڕاگر (توسعە پایدار) و تێکۆشانی نەتەوەیی تێکهەڵکێش بکات و بیکات بە ستراتیژییەکی نوێ بۆ هەر ئێستا و بۆ داهاتوو، پێش ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەست بخات.

ئەو توانایە لە دوو سەرچاوە هەڵدەقوڵێت؛ یەکەم: بریتییە لە پێکهاتنی گۆڕانکاریی سیاسی و ستراتیژی لە بیروبۆچوون و ڕوانگەی تێکۆشەران و ڕۆشنبیرانی سیاسی و مەدەنی بەرامبەر بە بژێو (مەعیشەت)ی هاووڵاتییان و گەشەپێدانی ئابووری لە ناوچە کوردییەکان لە کاتی ئێستادا، بەر لەوەی هەر چەشنە ئۆتۆنۆمییەک دەست بخەن. واتە کاتی ئەوە هاتووە ڕۆشنبیرانی سیاسی و مەدەنی، بیرکردنەوە لە بژێوی خەڵک وەک ستراتیژی ببینن و ساخ ببنەوە لەسەر ئەم ڕوانگەیە و پاشان بانگەشە بکەن و خەڵک ڕێک بخەن بۆ دەستپێکردنی بزووتنەوەی بەرفراوانی ئابووریی مەدەنی. واتە ئەو بەرنامە و گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە مەبەستیانە لە داهاتوودا دایبەزێنن -لە کاتێکدا دەسەڵاتیان هاتە دەست- هەر لە ئێستاوە دەستی پێ بکەن.

دووەم: هەست و سۆزی نیشتمانپەروەری لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا زۆر بەهێزە و پێویستە ئەو زەرفیەت، توانا و کارامەیییە بەکار بێت لە پێناو گۆڕانکاریی ئابووری، گەشەسەندن و کێشەکانی بژێو لە کوردستاندا. زۆربەی خەڵکی کوردستان، حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و ڕۆشنبیرانی کوردپەروەریان خۆش دەوێت و ڕێزیان لێ دەگرن؛ بۆیە پێویستە لەم متمانەیە کەڵک وەربگیرێت و توانای خەڵک وەگەڕ بخرێت لە پێناو گۆڕانکاریی بنەڕەتییانەی ئابووری و گەشەسەندن لە ناوخۆی وڵاتدا لە قۆناغی ئێستادا.

٢) بەشی دووەم

مەبەست لە گەشەپێدان و پێگەیاندنی کۆمەڵگە چییە و زانستی ئاوەدانکردنەوە باس لە چی دەکات؟

لەو بەشەدا، سێ ڕوانگە لەسەر گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێشکەش دەکرێت.

لە زمانی کوردیدا: گەشەسەندن، ئاوەدانکردنەوە، پێگەیاندن و پەرەسەندن، دەتوانرێت بە یەک مانا بەکار بهێنرێن. لە زمانی ئینگلیزیدا لە بواری گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا زۆرتر یەک وشە بەکار دێت: Development, Socioeconomic Development).

گەشەپێدان، ئاوەدانکردنەوە و پێگەیاندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، زانستێکی فرەلایەنی ئەکادیمییە و لە گشت زانستەکان وەک: بەرنامە و پلانداڕێژی، ئابووری، فەلسەفە، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، جوگرافیا، سیاسەت و ئەندازیاری، پەروەردە، زمانەوانی و زانستی خۆرسکی خۆماڵی… بەهرە وەردەگرێت بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگەدا پێک بهێنێت. گەشەسەندن هەروەها بابەتێکە ڕووی لە ئێستا و داهاتوویە و لە ئاسۆیەکی دوور و مەزن دەڕوانێت، کە بتوانێت پەیوەندیی نێوان مرۆڤ، تێکۆشانی ئابووری و سروشت لە قەوارەیەکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتیدا شی بکاتەوە.

ڕەوتی گەشەسەندن هەروەها پێویستی بە ئەزموونی زۆر هەیە، کە بە درێژایی دەیان و سەدان ساڵ لە کۆمەڵگە و جڤاتدا لەسەریەک کەڵەکە و بنچینە بکرێت و ببێتە سەرمایەی زانستی بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات. هەروەها ئەم بوارە لە زانست، لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی خۆماڵی وەک: فەرهەنگ، ئایین، نەریت، مێژوو و سیاسەت کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی ڕێگەچارە بدۆزێتەوە بۆ کێشەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سروشت، لە پێناو ئەوەدا کە ژیان لە کۆمەڵگەدا بەرەو پێش و باشبوون و خۆشگوزەرانی ببات. گەشەسەندن وەک زانستەکانی تر تیۆرییەکانی خۆی هەیە؛ تیۆرییەکان باس لەوە دەکەن بۆچی وڵاتێک یان ناوچەیەک گەشەی کردووە و بۆچی وڵاتێکی تر گەشەی نەکردووە، هۆکارەکان چین و چ ڕوانگە و چەمک و شێوازێک گونجاوترە ببێتە پلاتفۆرم بۆ گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ناوچەیەک یان لە وڵاتێکدا. هەروەها ڕیشەکانی گەشەسەندن و گەشەنەکردن وردبینانە و بە خەستوخۆڵی لێک دەداتەوە.

بەشێکی تری زانستی گەشەکردنی کۆمەڵگە، پێکهاتووە لە شێواز و میتۆدەکانی پلانداڕێژی، بەرنامەسازی و چۆنیەتیی دامەزراندنی بەرنامە و پڕۆژەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بچووک و گەورە لە گوندێک، ناوچەیەک یان لە وڵاتێکدا. لە ڕاستیدا مانا کردنەوەی ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدان و پێگەیاندن کێشەی زۆری لەسەرە و مانا کردنەوەی ئاسان نییە. بیرمەندانی ئەم بوارە هەرکام سەر بە قوتابخانەیەکی زانستین و بە شێوازی جیاواز گەشەکردن مانا دەکەن و لێکی دەدەنەوە، لە تیۆریی جیاواز کەڵک وەردەگرن بۆ لێکدانەوە و تاوتوێکردنی بیرۆکە، کۆنسێپت و مەفهوومی گەشەکردن. لەم بەشەدا، زۆر بە کورتی، سێ ڕوانگە سەبارەت بە گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕەخنەکانی سەریان پێشکەش دەکرێت، تا خوێنەر خۆی بڕیار بدات ئاوەدانکردنەوە و پێگەیاندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی چۆن مانا کاتەوە.

بۆچوونی یەکەم: ئەوانەی جەخت دەکەنە سەر دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان وەک پێناسە و پێوانە بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگەیەک، خۆیان لق و پۆیان لێ دەبێتەوە. بەلای هەندێکەوە، دابەزینی هەژاری، بێکاری و نایەکسانی، پێوەری سەرەکییە بۆ بەراوردکردنی ڕادەی گەشەسەندنی کۆمەڵگە (Seers, Dudley 1973) (١). بەشێکی تر دەڵێن پێکهاتنی گۆڕانکاریی بنەڕەتییانە لە سیستەمی ئابووری، کۆمەڵایەتی و قەوارەی سیاسی لە کۆمەڵگەدا نیشانەی گەشەسەندنە؛ واتە پرۆسەی دیموکراتیک لە بڕیارداندا، یارمەتیدەری سەرەکییە بۆ پێگەیاندنی کۆمەڵگە بە ئاواتەکانی گەشەسەندن (Baran, Paul A 1973) (٢). بەشێک لە ڕووناکبیرانی تر پێیان وایە گەڵاڵەکردنی بیرۆکەی گەشەسەندن لە کۆمەڵگەدا، بە خوێندەواری، پەروەردە، ڕێکخستن، نەزم و ئینزیبات دەست پێ دەکات (Schumacher 1973) (٣).

ئەم ڕوانگەیە، بەکۆمەڵایەتیکردنی ئابووری ڕەچاو دەکات و دەستکەوتی کۆمەڵایەتی بەلاوە گرنگە لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا. ئەم گرووپە لە کاتی پلانداڕێژی و بەرنامەداڕشتن بۆ گەشەپێدانی وڵاتەکەیاندا، دابەشکردنەوەی سەروەت و سامان بە یەکسانی، بە ئامانجی سەرەکیی ئاوەدانکردنەوە دەزانن. لەم بۆچوونەدا، کۆمەڵگە دەوری سەرەکی دەگێڕێت و تاکەکەسی لە ئاوات و ئارەزووی بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگەدا قاڵ دەبێت و ئامانجەکانی کۆمەڵگە بە سەر جموجۆڵی ئابووریی کەرتی تایبەتدا فەرز دەکرێت. فەلسەفەی ئەم بۆچوونە؛ یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی، بەرزبوونەوەی ڕادەی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ یەکتر و دابەشکردنەوەی دادپەروەرانەی ئیمکانیات و داهات لە وڵاتەکەدا، بە پێوەری سەرەکی دەزانێت بۆ گەشەکردن. لەم بۆچوونەدا ستراتیژی و بڕیارە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی پڕۆژەکانی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە لە سەرەوەڕا ڕێک دەخرێن و بەرەو پێش دەچن؛ بڕیارەکان سەنتراڵ و تۆکمەن و بەشێکی بچووکی ناوەندی بڕیارەکان دەردەکەن. لە ڕوانگەی ئابووریی سیاسییەوە، ئەم پۆلە لەسەر ئەو باوەڕەن کە لە ڕەوتی بەرهەمهێنانی ئابووریدا، هێزی کار، بایەخ و بەهای هەموو کاڵایەک دیاری دەکات نەک هەڵکشان و داکشانی بازاڕ و خستنەڕوو (عەرزە) و خواست (تەقازا)؛ ڕیشەکەشی لە بیرۆکەی چەپدایە. ئەوانە وڵات وەک گۆڕەپانێک دەبینن لە پێناو بەرهەمهێنانی گشتی بۆ هەموو کۆڕ و کۆمەڵێک لە کۆمەڵگەی خۆیاندا. ئەم بۆچوونە جەخت دەکاتە سەر پلانداڕێژی بۆ ئابووری و پشت بەستن بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی (Boothroyd Peter, H. Craig Davis 1993) (٤).

بەڵام، بەشێک لە بیرمەندانی بواری گەشەکردن، ئەم ڕوانگەیە پەسند ناکەن و ڕەخنەی لێ دەگرن و دەڵێن: لەو سیستەمەدا بەکۆمەڵ بەرهەمهێنان و دروستکردنی کۆڕ و کۆمەڵ و جڤاتی دەستکرد لە پێناو بەرزبوونەوەی ئابووریی بەرنامەڕێژکراودا، بنکەکانی کەرتی تایبەت لە بڕیاردان و کێبەرکێ و بەڕێوەبردنی ئابووری بێبەش دەکات. واتە کەرتی تایبەت بچووک و لاواز دەمێنێتەوە و لە کێبەرکێی ئابووری دوور دەخرێتەوە و دەوری سەرەکی ناگێڕێت، تواناکانی داهێنانی ئابووری لە ڕەوتی گەشەسەندندا لەبەرچاو ناگیرێن و ئازادیی بڕیاردانی ئابووری بەرتەسک دەکرێتەوە. هەروەها دەشڵێن ڕەنگە ئەم شێوازە گەشەسەندنە جۆرێک دادپەروەری بخوڵقێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا فەقیری و بێدەرامەتیی گشتی پێک دەهێنێت، چونکە سەرمایە گەشە ناکات و بە بەردەوامی زیاد ناکات و بەرهەم نایەتەوە و گەشەکردنی سەرمایە پەرە ناستێنێت. ئەم سیستەمە دەوڵەت و حوکمڕانیی گەورە پێک دەهێنێت و گەندەڵیی ئابووری پەرە دەستێنێت. هەروەها باس لەوە دەکەن کە کۆنتڕۆڵی ئابووری بە دەست گرووپێکی بچووک، دیکتاتۆریی سیاسیی لێ دەکەوێتەوە (ibid) (٥).

بۆچوونی دووەم: ڕوانگەی گەشەکردنی ئابووری بریتییە لەو چەمکەی کە بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی ئابووری بە گەشەپێدان لەقەڵەم دەدات. ئەم بۆچوونە، هەڵکشانی پێوەرەکانی پەرەسەندنی سەرمایە و قازانج بەلایەوە مەبەستە و وەک پێوانەی سەرەکی بۆ هەڵسەنگاندنی گەشەسەندن لە کۆمەڵگەدا بەکاری دەهێنێت. ئەم ڕوانگەیە ڕیشەی لە بیرۆکەی ئادەم سمیت و لیبڕالیزمەوە سەرچاوە دەگرێت. ئادەم سمیت دەڵێت سامان و سەرمایەی خۆماڵی لە پرۆسەی کێبەرکێدا کۆمەڵگە گەشە پێ دەدات. واتە مرۆڤەکان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی شەخسی و تاکەکەسیی خۆیان تێکۆشانی ئابووری دەکەن، بەڵام لە کۆتاییدا تێکۆشان لە پێناو پەرەسەندنی ئابووریی شەخسی، قازانجی گشتی دەخوڵقێنێت و کۆمەڵگە بەرەو پێش دەبات. هەروەها بیرۆکەی لیبڕالیزمی سیاسی، گۆڕەپانێکی بێسنوور بۆ جموجۆڵی سەرمایە و کەرتی تایبەت لە گۆڕەپانی ئابووریدا دەڕەخسێنێت. ئەمە بەو مانایەیە کە پرۆسەی گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوە پێویستە بەتەواوی ڕادەستی تاکەکەس و کەرتی تایبەت بکرێت و خاوەندارێتی بە پیرۆز دەزانێت. ئەمە ڕوانگەیەکی کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەداری و لەسەر زۆر قازانجکردن بناغە نراوە (Douglas, David J. A. 1994) (٦).

لایەنگرانی ئەم تیۆرییە لەسەر ئەو بڕوایەن؛ ئەگەر کەشوهەوایەکی ڕێکوپێکی ئابووری و کاسبی لە ئارادابێت، وڵاتەکە خاوەن سەرچاوەی سروشتی بێت، کاری هەرزان لەبەر دەستدا بێت، دەسەڵات دەست لە کاروباری ئابوری وەرنەدات و ئابووری بەتەواوی ڕادەستی کەرتی تایبەت بکرێت؛ قازانج بە بەردەوامی کەڵەکە دەکرێت و ڕادەی سامان و پێوەرەکانی ئابووری بەرز دەبێتەوە و کۆمەڵگە بەرەو گەشەکردن دەچێت (Boothroyd, Peter, and H. Craig Davis 1993) (٧).

لەو مۆدێلەدا نوخبە و تەکنۆکراتەکان بڕیار دەدەن و ئابووری سەروبەر دەکەن و دەیگێڕن. هەروەها ئەم تیۆرییە جەخت دەکاتە سەر کێبەرکێی ئابووری لە نێوان مرۆڤەکاندا وەک هاندەری سەرەکی و پێشخەر بۆ گەشەسەندنی ئابووری. لە ڕوانگەی ئابووریی سیاسییەوە، ئەم چەمکە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە داواکاری و خواستی بازاڕ، بەها و ئەرزشی کاڵای بەرهەمهاتوو دیاری دەکات نەک هێزی کار. ئەم بۆچوونە لە ناوەڕۆکدا بازاڕی ئازاد، یان هەمان سەرمایەداریی کلاسیکە و لە کردەوە و شێوازی پلانداڕشتندا، پرۆسەی مۆدێرنایزەیشن (مۆدێرنکردنی ڕواڵەت) ڕەچاو دەکات و پڕۆژەی یەکجار مەزن دادەبەزێنێت، لە ئەنجامیشدا نیۆلیبڕالیزمی لێ دەکەوێتەوە، بەپێی ئەزموونی بەشێک لە وڵاتانی گەشەسەندوی جیهان (Ross, David P., and J. Peter Usher 1986) (٨).

نەیارانی بیرۆکەی سەرمایەداریی کلاسیک و مۆدێرنکردنی بە ڕواڵەت دەڵێن: بەدواچوون بەم تیۆرییەدا بە بەردەوامی نایەکسانیی چینایەتی قووڵتر دەکات و فەقیری و بێدەرەتانی لە کۆمەڵگەدا پەرە پێ دەدات. ئەم ڕوانگە ئابوورییە قازانجەکانی کاتی دەفرۆشێت بە داهاتوویەکی نادیار و ڕەنگە پڕ بێت لە نەهامەتیی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی بۆ وڵاتەکە. گەلێک وڵاتی جیهان بەم ڕەوتەدا ڕۆیشتوون و نەیانتوانیوە کێشەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سروشت چارەسەر بکەن. ئەم بۆچوونە لە کورتخایەندا سەرچاوەی گەشەسەندن و داهاتە، بەڵام درێژخایەن نییە، وەک گڕوتین وایە. هەروەها دەڵێن ئەم تیۆرییە ئەوە لەبەرچاو ناگرێت کە هەموو بەشدارانی کێبەرکێی ئابووری لە هەمان بارودۆخدا نین؛ بەشێک خاوەن سەرمایەی گەورەن و توانای ئابوورییان بەهێزە و بەشێک خاوەنی سەرمایە نین، کەواتە ناتوانن لەم کێبەرکێیە نابەرانبەرەدا سەرکەوتوو بن. ئەو مۆدێلە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە گشت کۆمەڵگەیەک دەبێت و پێویستە بە چەند قۆناغێکی دیاریکراودا تێپەڕێت و پاشان بەرەو گەشەکردن بفرێت و مۆدێرن بکرێت (Rostow, W. W. 1960) (٩).

لە کاتێکدا، تەنانەت ناوچەکانی ناو یەک وڵاتیشدا مێژووی گەشەسەندنیان جیاوازە و گێچەڵ و کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان وەک یەک نییە، هەر بۆیەش گونجاو نییە یەک مۆدێلی گەشەکردن لە گشت وڵاتێکدا سەرکەوتوو بێت. واتە فۆرمۆڵێکی دیاریکراو لەبەر دەستدا نییە بۆ ئەوەی کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی چارەسەر بکرێت لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بە یەک شێوە و بە یەک جۆر؛ چونکە مێژووی گەشەسەندن و ستراکتۆر و قەوارەی کۆمەڵایەتی لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا تایبەتمەندە و ڕێگەچارە دۆزینەوە بۆ کێشەکانیش فەرق دەکات.

نەیارانی بەسەرمایەداریکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، هەروەها لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە ڕەخنە لەم مۆدێلە دەگرن و دەڵێن: کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە کۆمەڵگەی ئینسانیدا وەک پێکهاتەکانی فیزیک و بیرکاری نییە کە پێشتر فاکتەرەکان مانا کرابنەوە و وڵامی دیاریکراوی بیرکاری هەبێت بۆ هاوکێشەکان لە گشت ناوچەکانی جیهاندا. کەواتە نابێت بە چاوی بیرکاری و ئەندازیاری گۆڕانکاری و کێشەی کۆمەڵایەتی هەڵبسەنگێنین، دەنا تووشی خەتای مەعریفەیی دەبین لە ڕەوتی گەشەکردندا (Douglas, David J. A. 1994) (١٠).

پێویستە بگوترێت کە هەر چوار بەشی کوردستان، قەوارە و چوارچێوەی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتییان فەرق دەکات و لەسەر قەوارە و ستراکتۆری جیاواز هەڵقوڵاون، هەرکام لە قۆناغێکی تایبەت و تایبەتمەندی سیستەمی بازاڕی ئازاددا خەریکە پەرە دەستێنن. هەر بۆیەش ڕەنگە هەڵبژاردنی شێوازێکی گەشەسەندن لە بەشێکدا ئاکامی باش بخوڵقێنێت، بەڵام لە بەشێکی تردا گیروگرفت دروست بکات. گەشەنەکردوویی لە کوردستاندا گەلێک هۆکاری هەیە. لە ڕاستیدا ئەگەر قووڵ بڕوانین، بابەتی گەشەکردن و گەشەنەکردن لە پرۆسەیەکی درێژخایەنی مێژووییدا لە ناخەوە لێک گرێ دراون (Frank, André Gunder 1973) (١١).

پێناسەکردنی هۆکارەکانی گەشەنەکردن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات یارمەتیمان دەدات بیر لە ڕێگەچارەی بیرمەندانە و بەکردەوە بکەین، بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی گەشەکردن لە شار و دێهاتی کوردستاندا. پێویستە بە شوێن ڕێگەیەکدا بین کە وەک جلوبەرگ پڕ بە پێستی کۆمەڵگەی خۆمان بێت و ئەو زەرفیەتانە بەهێز بکەین کە لەبەر دەستدانە، ئەو کەرەستانە بەکار بهێنین کە بە بەردەوامی نۆژەن دەبنەوە و خۆڕاگرن لە پێناو ئاوەدانکردنەوەدا.

بۆچوونی سێیەم: گەشەپێدانی خۆڕاگر (Sustainable Development)

بەشی ئاوەدانکردنەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەشەپێدانی خۆڕاگر یان پێگەیاندن بە بەردەوامی، ئاوا مانا دەکاتەوە: “گەشەسەندنی خۆڕاگر، بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بەرەی ئێستا مسۆگەر دەکات، بێ خستنە مەترسیی تواناکانی بەرەی داهاتوو بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان…”. گەشەسەندنی خۆڕاگر حاسڵی ئەزموونی بەشێکی زۆر لە بیرمەندانی ئەم بوارە و ڕێکخراوەکانی ئاوەدانکردنەوەیە لە جیهاندا، هەروەها بەشی گەشەسەندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەکۆشێت عەقڵانییەت و فەلسەفەی ئاوەدانکردنی پایەدار بکاتە سەرتۆپی بیروبۆچوون و شێواز و میتۆدۆلۆژی لە بواری گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا.

هەندێک زانای ئەم بوارە دەڵێن: گەشەسەندنی خۆڕاگر نە بوارێکی ئەکادیمییە و نە پڕوپاگەندەی بازاڕیانە، بەڵکوو چوارچێوەیەکە بۆ بڕیاردان لە پێناو پاراستنی سروشت، دامەزراندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پێگەیاندنی ئابووری؛ هەروەها دەڵێن گەشەسەندنی خۆڕاگر، ڕەنگدانەوەی ئەزموونە بێکۆتایییەکانی هەموو خەڵکانی جیهانە لە پێناو ئاوەدانکردنەوەدا (Dernbach, John C., and Federico Cheever 2016) (١٢).

کۆڵەکەی فەلسەفەی گەشەکردنی پایەدار لەسەر چەندین بناغەی سەرەکی دامەزراوە. بەپێی ئەم ڕوانگەیە، هەڵکشانی ئابووری بۆ گشت کۆمەڵگەیەک پێویستە، بەڵام پاراستنی سروشت، ئیکۆسیستەم و سەرچاوە سروشتییەکان مەرجی سەرەکییە بۆ گەشەکردن. واتە پێویستە لەگەڵ ژینگە بژین، نەک ژینگە بە چۆکدا بێنین و تاڵانی بکەین لە پێناو سەرکەوتنی ئابووری بە چەشنێک هیچ بۆ داهاتووان نەهێڵینەوە. ئەم بۆچوونە داوای دابەشکردنی “بەئینساف”ی سەروەت و سامان و دەستکەوتە ئابوورییەکان دەکات، لە پێناو ژیانێکی باشتر بۆ هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە. واتە پێویستە گەشەسەندن لە خزمەت کەمکردنەوەی نابەرانبەری و ڕیشەکێشکردنی هەژاری لە کۆمەڵگەدا بێت و دەرفەتی ئابووری بۆ گشت لایەنێک و چین و توێژێک بڕەخسێت. گەشەپێدانی خۆڕاگر، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەلاوە گرنگە و قازانج و سوودی بەکۆمەڵ دەخاتە سەرووی سوودی تاکەکەسییەوە. هەروەها ناوچەییبوون و بەڕێوەبردنی بەشدارانەی خەڵک بۆ ڕێکخستنی توانا و زەرفیەتی ئابووری، دامەزراندنی پرۆسەی دیموکراتیک بۆ بڕیاردان و خۆبەستنەوە بە پلانداڕێژیی ماوەدرێژی ئابووری، بەشێک لە پرەنسیپەکانی گەشەکردنی خۆڕاگرن (Haughton, Graham 1999) (١٣).

شێواز و میتۆدی بەڕێوەبردنی گەشەسەندنی خۆڕاگر، لەسەر سیستەمی بەشداریپێکردنی هەمەلایەنەی خەڵک لە کاتی پلانداڕێژی بۆ پڕۆژەکان دامەزراوە. کەڵک وەرگرتن لە زانستی ئابووری، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و زانستی ڕەسەنی خۆماڵی، دەبێتە بناغە بۆ مسۆگەربوونی ئاوەدانکردنەوە لە کورتخایەن و درێژخایەندا بۆ بەرەی ئێستا و نەوەکانی داهاتووی وڵات. سیستەمی بەشداریپێکردن، هەموو ئەو خەڵکانە دەگرێتەوە کە بەهرەمەند دەبن و بەشدارن لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەدا. واتە بە لێکۆڵینەوە و پرس و ڕاوێژی هەموو لایەنێک، بیر لە دامەزراندنی ستراتیژی و پڕۆژەکان دەکرێت و پاشان گەڵاڵە دەکرێن. ئەو خەڵکانەی سوود لە گەشەکردن وەردەگرن، خۆیان بە کۆدەنگی لەسەر چۆنیەتیی ڕەوتی ئاوەدانکردنەوە بڕیار دەدەن. میتۆدی بەشداریپێکردن، ڕەوشتێکی گەشەکردنە لە پێناو خەڵکدا و بە پرس و ڕا و هاودەنگیی خەڵک ساز دەدرێت و بینا دەکرێت (Desai, Vandana 2002) (١٤). لایەنگرانی ئەم ڕوانگەیە دەڵێن: گەشەپێدانی پایەدار پێویستە وەک گۆڕانکارییەکی پێشڕەوانەی بەپێزوپیت، چالاکانە و بەردەوام لە کۆمەڵگەدا هەمیشە لە ئارادا بێت، بە چەشنێک کە ویست و پێداویستییە مادی و دەروونییەکانی مرۆڤ بە درێژایی کات، لە بێشکەوە تا پیری دامرکێنێت و ژیانێکی بەردەوام باشتر و بەختەوەرانە لە کۆمەڵگەدا دابین بکات (Boothroyd, Peter, and H. Craig Davis 1993) (١٥).

لە لایەکی ترەوە، هەندێک لە بیرمەندان ڕەخنەی جدییان لەسەر گەشەسەندنی خۆڕاگر هەیە و دەڵێن: گەشەسەندنی پایەدار لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا هەڵقوڵاوە و لەم سیستەمەدا دابەشکردنی دادپەروەرانە بەدەست نایەت؛ ئەدەبیاتی سەر بە گەشەکردنی خۆڕاگر ئاماژە بەو میکانیزمانە ناکات کە چۆن سەرمایە و سەروەت و سامان لە سیستەمی بازاڕی ئازاددا پێک دێت و ئەو بابەتە دەشارنەوە.

هەروەها دەڵێن: گەشەپێدانی خۆڕاگر چوارچێوەکەی ڕوون نییە و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، هەر بنکەیەکی ئاوەدانکردنەوە و هەر وڵات و لایەنێک بە ئارەزوو و بۆچوونی خۆیان لێکی دەدەنەوە. زۆر پڕۆگرام و پڕۆژە هەن لە جیهاندا کە لە ژێر ناوی گەشەسەندنی پایەداردا بەڕێوە دەچن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بە هەمان ڕەوتی سەرمایەداریدا دەڕۆن. واتە بیرۆکەی گەشەسەندنی پایەدار لە قسەدا ڕێکوپێک و جوانە، بەڵام لە کاتی جێبەجێکردندا لە فەلسەفەی خۆی لادەدات، چونکە هیچ سنوورێکی ڕوون بۆ بیرۆکەکە دانەنراوە. پۆلێک ڕەخنەگری تر دەڵێن کار لە کار ترازاوە و زۆر درەنگە، بیرۆکەی گەشەسەندنی خۆڕاگر ئیتر لە توانایدا نییە ژیان لەسەر گۆی زەوی بپارێزێت؛ هەروەها ئاماژە دەکەن کە ناوی پەرەسەندنی خۆڕاگر سواوەتەوە و بێ لەزەت بووە. هەندێک ڕەخنەگری تر تەنانەت دەڵێن گەشەسەندنی خۆڕاگر بیرۆکەیەکی نوێی ئیستیعمارییە و وڵاتە دەسەڵاتدارەکانی جیهان دەیسەپێننە سەر وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا. هەروەها ئاماژە دەکەن کە بەشی ئاوەدانکردنەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک سەرچاوەی ئەم بیرۆکەیە، لە کاتی داڕشتنی پڕۆژەکاندا زۆرتر بەرەو لای سیستەمی سەرمایەداری با دەداتەوە (Crist, Eileen 2016) (١٦).

ئەگەر لە ڕاستی بگەڕێین، گەشەکردنی پایەدار بەستراوەتەوە بەوەی چۆن و بە دەستی چ گرووپێک ڕێبەرایەتی و بەڕێوە دەبرێت و تا چ ڕادەیەک ناوەڕۆکی فەلسەفەکە دەپارێزرێت. فەلسەفەی گەشەسەندنی خۆڕاگر زۆر ڕەسەن، واقیعی و ئاسۆڕوونە و دەکرێت ببێتە ڕێنوێن بۆ گەشەسەندن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بە مەرجێک بە تێبینی و بە لەبەرچاوگرتنی ڕەخنەکانی ئەم مۆدێلە بینا بکرێت و بە ڕەوشتێکی دیموکرات سەرپەرشتی بکرێت. ئەگەر ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگیرێن، ئەم شێوە ئاوەدانکردنەوەیە پڕ بە پێستی کۆمەڵگەی خۆیەتی و گەشەسەندنێکە کە لەناو ناچێت و بە بەردەوامی پەرە دەستێنێت، ئەگەر ڕێگەی بۆ خۆش بکرێت.

گەشەسەندنی خۆڕاگر، پێش ئەوەی ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوایی یان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئێمەی بناسێنن، بناغەی نەریتی کوردەواری بووە بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆی. گەشەسەندن لە خۆیدا پرۆسە و ڕەوتێکی مێژوویی بێوچان و بەردەوامە؛ لە کۆنەوە کورد لەو ناوچەیەدا ژیاوە و دەژیت، ئەوەش لە خۆیدا نیشانی دەدات کە کۆمەڵگەی کوردی توانیویەتی هەم خۆی بژێنێت و هەم ژینگە و ژیانی خۆی بپارێزێت، واتە لە کۆنەوە ئابوورییەکی خۆڕاگری بنیاد ناوە. بەڵام کوردی مۆدێرن، تەنیا لە ماوەی نزیکەی سەد ساڵدا خەریکە سروشت، نیشتمان، ژینگە و ماڵی خۆی وێران دەکات. هەوڵ دەدەم بە نموونەیەکی خۆماڵی، فەلسەفەی گەشەپێدانی خۆڕاگر لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا شی بکەمەوە:

ئێمە کە لە شاخ بووین، بۆ ماوەیەک ناوچەکە گەمارۆ درابوو و خواردن زۆر کەم بوو، هەر بۆیەش لەناو جەنگەڵدا بە شوێن خواردندا دەگەڕاین. هاوڕێیان جارێک، مێشهەنگوینێکیان لە کونێکدا دۆزییەوە لەناو دارێکی مەزندا. مشارمان برد و بە شەو ئەو دارە گەورەیەمان بڕی. پێم وایە تەمەنی دارەکە حەفتا-هەشتا ساڵ زیاتر بوو، زۆر مێشیش پێوەی داین. بە یەک شەو دوو تەنەکە هەنگوینمان دەست کەوت و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەیانیان خواردمان. مێشەکەش هێلانەکەی وێران بوو و قڕ بوو، پاییزێکی درەنگان بوو. ماوەیەکی بەسەردا چوو، ڕۆژێک پیاوێکی بەڕێزی لادێییم بینی، خۆی و منداڵەکەی بەرەو مەقەڕ دەهاتن. پاش سڵاو و چاکوچۆنی، گوتی بە شوێن مێشهەنگویندا دەگەڕێت لەناو جەنگەڵدا. لەگەڵی ڕۆیشتم، تووشی مێشێک هاتین؛ مشارێکی بچووکی پێ بوو، زۆر بە وریایی قەڵشتێکی خستە ناو دارەکە، پاشان بە دووکەڵی جگەرە مێشەکانی قانگ دا بۆ لای سەرەوە، بێ ئەوەی یەک مێش بکوژرێت، نیوەی هەنگوینەکەی هەڵگرت و بەشەکەی تری بۆ مێشەکە هێشتەوە تا قڕ نەبێت (ئەرمووش ١٩٨٣). بە زیندووڕاگرتنی مێشەکە، داهاتی هەنگوینی ساڵێکی تری خۆی مسۆگەر کرد. منداڵەکەشی فێری زانستی ڕەسەنی خۆماڵی کرد تا لە داهاتوودا وەک باوکی بێت. ژینگە و ماڵوحاڵی خۆشی وێران نەکرد بۆ دەستکەوتێکی کەم و کاتی.

ئەم چیرۆکە باس لە فەلسەفەیەک دەکات لە نێوان ژیان، مرۆڤ، سروشت و ئابووری. ئەمە بەشێکە لە فەلسەفەی گەشەسەندنی خۆڕاگر. ئەم فەلسەفەیە ڕەسەن و خۆماڵییە و لە هیچ کەس بە قەرز وەرنەگیراوە. ئەو فەلسەفەیە وەک ژیلەمۆی داربەڕوو وایە و بە بەردەوامی دەگەشێتەوە، بۆیە پێویستە ببێتە مەشخەڵ بۆ ڕووناکایی ڕێگەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە لە کوردستاندا، چونکە ئێمە تا گەشەپێدان مانا نەکەینەوە، ناشتوانین هەنگاوی تۆکمەی بۆ هەڵگرین.

لە ڕاستیدا لە وڵاتی ئێمەدا قەت ئاوەدانکردنەوە نەبووە و نەیانهێشتووە ئێمە فەلسەفەی ئاوەدانکردنەوەی خۆمان ڕەچاو بکەین، واتە تیۆری و میتۆدی بۆ دابڕێژین و بەکاری بهێنین لە پێناو گەشەپێدان لە کۆمەڵگەی خۆماندا. بەخۆشییەوە لە قۆناغی ئێستادا، ئێمە دوو نموونەی ئاوەدانکردنەوە لە باشوور و ڕۆژئاوامان لەبەرچاوە کە دەتوانین لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکەین و وانەیان لێ وەربگرین؛ هەر بۆیە پێویستە بیر بکەینەوە و بزانین ئێمە لە کوێ وەستاوین، بۆ کوێ دەمانەوێت بچین و چۆن دەمانەوێت بچین (Project DPro Guide 2020) (١٧).

گەشەکردن، ئاوەدانکردنەوە، پێگەیاندن و پەرەسەندن بە هەموو چەمکەکانیانەوە، باس لە دابینکردنی ژیانی باشتری کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە دەکەن و هەروەها بەڵێنی دابینکردنی ژیانێکی شادمان و خۆش بە خەڵک دەدەن، بەڵام “خۆشی” زۆر مانای لێ دەبێتەوە. لێزان و بیرمەندانی ئەم بوارە تێکۆشاون هەرکام لە ڕوانگەی خۆیانەوە لەسەر فەلسەفەی گەشەسەندن و ژیانی خۆش و شادمان، گوتار (دیسکۆرس) بخوڵقێنن و شی بکەنەوە. بابەتی ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی شادمانی لە ژیانی کۆمەڵگەدا، لە خۆیدا تاوتوێکردنی بەردەوام، بەرفراوان و مشتومڕێکی فەلسەفیی هەمەلایەنەیە لە بواری گەشەکردندا کە لەم وتارەدا ناگونجێت. بەڵام هەوڵ دەدەم بە هێنانەوەی دوو نموونەی کوردەواری، وڵامی فەلسەفیی بەشێک لە زانایانی بواری گەشەکردن سەبارەت بە پێکهێنانی ژیانی خۆش و شادمان لە کۆمەڵگەدا پێشکەشی خوێنەر بکەم تا خۆی بڕیار بدات.

لە دێهاتدا، لە دەرگای هەر ماڵێکت دابا، بەخێرهاتن دەکرای. هەروەها پەنجا ساڵ لەمەوبەر، لە بەشێک لە شارۆچکەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتدا، هۆتێل و مۆتێل و موسافیرخانەی لێ نەبوو، بەڵام هیچ میوان و ڕێبوارێک بێ خواردن و جێگە و ڕێگە نەدەمانەوە و پارەشی لێ نەدەڕۆیشت. ئێستا لە گشت شارۆچکەیەکدا هۆتێلی گەورە و گران و لوکس هەیە؛ ئایا ئەو کات خۆشتر بوو بۆ میوان و ڕێبوار و خانەخوێ، یان ئێستا؟ ئەو بۆچوونە نۆستالژی و گەڕانەوە بۆ دواوە نییە. زانایانی ئەم بوارە ئەو پرسیارەمان ئاراستە دەکەن کە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، خەمخۆری و دابەشکردنەوەی داهات لە لایەک، و دواکەوتوویی، پێشکەوتن و گەشەکردن لە لایەکی ترەوە چییە و چۆنی مانا دەکەیتەوە؟

نموونەی دووەم؛ بەڕێز مامۆستا هەژار لە یەکێک لە نووسینەکانیدا باس لەوە دەکات کە کەسێک بە گۆڕستانێکی گوندێکدا تێدەپەڕێت، کە لەسەر هەموو کێلەکان “سێ ساڵ” و “چوار ساڵ” نووسراوە. کاتێک پرسیار دەکات، خەڵکی گوندەکە دەڵێن: ئێمە ئەو ژمارەی تەمەنە لەسەر کێلەکانمان دەنووسین کە تێیدا شادمان و خۆش بووین، جا سێ بێت یان چوار. پرسیار ئەوەیە: ئەو چەمکە گەشەکردنەی ئێمە بۆ نەتەوەکەمانی هەڵدەبژێرین، ئاخۆ ژمارەی سەر کێلەکان زیاد دەکات یان کەم؟ ئەمە پرسیار و ڕامانێکی فەلسەفییە بۆ بیرکردنەوە لەسەر مانا و ناوەڕۆکی ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدان و ژیانی شادمان.

لە ڕاستیدا، ڕەنگە هیچکام لەو سێ ڕوانگەیەی پێشتر باسیان کرا، بە تەنیایی گەشەسەندن مانا نەکەنەوە؛ چونکە لە نێوان گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و بەرزبوونەوەی ئابووریدا، پەیوەندییەکی قووڵی فەلسەفی لە ئارادایە کە ئەم دوو بابەتە لێک گرێ دەدات. واتە گەشەکردن پێویستە باڵانس و هاوسەنگییەک پێک بهێنێت لە نێوان بەرزبوونەوەی ئابووری و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیدا، کە ڕێگە خۆش بکات و هەلومەرج و دەرفەت بخوڵقێنێت بۆ ئەندامانی کۆمەڵگە، تا توانای ئەوەیان هەبێت بە شوێن ئاوات و هیوایەتەکانی ژیانیاندا بڕۆن. لە کۆتاییدا، بیرۆکەی گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوە بە گشتی، بە قووڵی و بە بەرفراوانی، باسی ژیان و بژێوی (مەعیشەت) دەکات (Douglas David J.A 1994) (١٨).

(نووسەر بۆ قۆناغی ئێستای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، فەلسەفەی گەشەسەندنی خۆڕاگر بە گونجاو دەزانێت، بەڵام بۆ داهاتوو پێویستە بگوترێت: تا کاتێک ئێمە پێداچوونەوە نەکەین بە ڕوانگەی فەلسەفیی خۆمان بەرامبەر بە پەیوەندیی نێوان خاوەندارێتی (مولکیەت) و مرۆڤ، ڕەنگە ئاواتەکانی پێگەیاندن و گەشەسەندنی کۆمەڵگە لە بازنەیەکی بەرتەسکی مێژووییدا تێپەڕ نەکات و قەتیس بمێنێتەوە).

٣) لە بەشی سێیەمی ئەم وتارەدا، چەند تێکۆشانێکی ئابووریی مەدەنی پێشکەش دەکرێت.

تێکۆشانی مەدەنی فۆرمۆڵێکی تایبەتمەندی نییە و فۆرمۆڵەکە خۆت دایدەڕێژیت بەپێی ئەو توانا و زەرفیەتانەی لەبەر دەستدان. بە وێنەی ئاو کە چۆن دزە دەکاتە هەموو کەلێن و قوژبنێک، تێکۆشانی مەدەنی هەوڵ دەدات وەک زنە وابێت و هەموو دەرفەتێکی گونجاو بقۆزێتەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە بۆ خۆی دیاریی کردوون. لەم بەشەدا، لەسەر بناغەی گەشەسەندنی خۆڕاگر، چەندین ڕێکار و چالاکیی ئابووری و کۆمەڵایەتی وەک دەستپێک، بۆ ئەمڕۆ و بەیانییەکی دوور و نزیک لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا پێشکەش دەکرێت. ئەو بەشە تێدەکۆشێت چوارچێوەیەک بۆ جووڵانەوەی ئابووریی مەدەنیی خۆڕسک و پلانداڕێژیی “لە خوارەوە ڕێکخراو” (Grassroots Movement) پێشنیار بکات. هەروەها پەنجە ڕادەکێشێت بۆ بزووتنەوە ئابوورییەکان لە وڵاتانی تری جیهاندا کە تاقی کراونەتەوە و سەرکەوتوو بوون. مەبەستم ئەوەیە بڵێم: من لە خۆمەوە ئەم ڕێکارانەم نەخوڵقاندووە و وەهم و خەیاڵاوی نین، بەڵکوو بنچینەی زانستی و ئەزموونییان هەیە و پێشتر تاقی کراونەتەوە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایەشیان دەکات.

فێربوون و فێرکردنی زمانی کوردی

لە چەند دەیەی ڕابردوودا، زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زۆر گەشەی سەندووە و بە هەزاران کتێب، وتار و گۆڤار لە زۆر بواری ڕۆشنبیریدا بە بەردەوامی بەرهەم هاتوون. بنکەی ڕۆشنبیری و زمانەوانی لە هەژمار دەرچوون، بەڵام لە لایەکی ترەوە ئێمە نازانین لە سەتا چەندی خەڵک دەتوانن لەو گەنجینە دەوڵەمەندە بەهرە وەربگرن؛ بەو هۆیەی ناتوانن کوردی بخوێننەوە. ڕۆشنبیرانی بواری زمان و زمانناسی، زانستییانە و بە خەستوخۆڵی ئەو بابەتەیان شی کردووەتەوە. ئەم وتارە بابەتی فێربوونی زمانی کوردی لە ڕوانگەی گەشەپێدانی خۆڕاگرەوە، بە شێوازی بەشداریپێکردن و “لە خوارەوە ڕێکخراو” پێشکەش دەکات، نەک زمانەوانی؛ چونکە زمانناسی بواری نووسەر نییە.

چەند ڕێکارێک ڕەنگە بتوانن یارمەتیدەر بن کە فێربوونی زمانی کوردی پەرە بسێنێت. یەکەم: ئەوەیە چاوەڕێ بین حکومەتی ئێران خوێندەواری بە زمانی کوردی ڕەسمی بکات؛ تێکۆشانی مەدەنی بۆ ئەم مەبەستە پیرۆزە، بەڵام ئەنجامەکەی نادیارە. دووەم: چاوەڕێی گۆڕانکاریی سیاسی بین و ئەو کات قۆڵ هەڵماڵین بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی پەروەردەی تۆکمە و دیموکراتیک لە گشت کوردستاندا، واتە ئەو ئەرکە بسپێرین بە داهاتوو.

ڕێگەی سێیەم: ئەوەیە پشت بە کۆمەڵگە ببەستین و توانا و هەستی نیشتمانپەروەریی خەڵک بەکار بهێنین، بۆ ئەوەی هەڵمەتێکی نەتەوەیی بەرپا بکرێت بۆ فێربوونی زمانی کوردی. گەورەترین هەنگاو ئەوەیە ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و ڕۆشنبیرانی بواری زمان و ئەدەب بە گشتی، بە تاک و بە کۆ، داوا لە خەڵک بکەن و هانیان بدەن و ئەو دروشمە هەڵگرن: “هەر کەس کوردی دەزانێت، با فێری کەسێکی تری بکات”، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و بزووتنەوەیەکی زمانیی مەدەنی. دیارە زۆر کەس ئەوە دەکەن، بەڵام ڕێکخراو نییە؛ ئێوە دەتوانن ڕێکخراوی بکەن. هەزاران ڕۆشنبیر، خوێندەوار، مامۆستای خانەنشین و مامۆستا ئایینییەکانی لادێ و گوندەکان، سەرمایەی کۆمەڵایەتین و لە توانایاندایە ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنن، بەتایبەت لە گوندەکاندا. دیارە ئێستا زۆر مەدرەسە و قوتابخانە لە لایەن خەڵکانی هۆگر بە زمانی کوردی دامەزراون، بەڵام ڕێژەیان کەمە و زۆرتر لە شارەکاندان، نەک لە لادێ. هەروەها زۆر بنەماڵە هەن دەستیان ناڕوات بۆ ئەوەی بەشدار بن لە پۆلی (کلاس) کوردییدا؛ با فێربوونی زمانی کوردی نەبێتە پارە و تەنیا بەشێک و توێژێکی تایبەت لە کۆمەڵگە بەهرەی لێ وەرنەگرێت.

یونسکۆ، سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میتۆدەکانی پلانداڕێژیی خۆڕاگر بۆ بنبڕکردنی نەخوێندەواری شێلگیرانە پشتیوانی دەکات و هانی دەدات. ئەو شێواز و میتۆدانە بریتین لە: “بزووتنەوەی لە خوارەوە ڕێکخراو و خۆڕسک بۆ بنبڕکردنی نەخوێندەواری” (Grassroots Movements)، “بەشداریی هەمەلایەنەی ئەندامانی کۆمەڵگە بۆ ڕیشەکێشکردنی نەخوێندەواری”، “یەکتر فێرکردن بە خوێندەواری” (Peer learning)، “فێربوون و فێرکردنی نووسین و خوێندن وەک بزووتنەوەیەکی بەرگری” (Unesco 2015)* (١٩).

لە قۆناغی ئێستادا دەکرێت لەم میتۆد و شێوازانەی کە یونسکۆ تا ئێستا کاری لەسەر کردوون، کەڵک وەربگیرێت بۆ بنبڕکردنی نەخوێندەواریی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا. ئەمە پۆپۆلیزم نییە. ئەم شێواز و میتۆدۆلۆژیانەی باسیان لێ کرا، لە زۆر ناوچە و وڵاتی جیهاندا تاقی کراونەتەوە و بەڕێوە چوون و سەرکەوتوو بوون و ئەنجامی مەزنیان خوڵقاندووە.** لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین (زاپاتیستەکان لە مەکسیک، کوبا و بەڕازیل)، لە ڤێتنام لە ژێر بۆمباراندا، لە کینیا، جووڵانەوەی نەتەوەیی تامیل، نەتەوەی باسک و… تەنانەت لە وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکای باکووردا، خەڵک بە دڵخواز و خۆبەخش یەکتریان فێری خوێندەواری کردووە (Naya Bakar) (٢٠). با دوور نەڕۆین؛ ڕۆژاوا (کوردستانی سووریا) ئەم ڕەوشتەی بەکار هێناوە بۆ فێربوون و گەشەپێدانی زمانی کوردی (Muhammes 2020) (٢١).

ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوەیە، جگە لە فێربوونی کوردی، قازانجی کۆمەڵایەتیشی هەیە؛ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەهێزتر دەکات و پەیوەندیی نێوان خەڵک بەپێزتر و پڕماناتر دەکات، بڕوا بەخۆبوون و متمانەی گشتی پەرە پێ دەدات و ئینزیبات دەخوڵقێنێت. پسپۆڕانی پەروەردە، زمانناسان و شارەزایانی بواری زمان، بەخۆشییەوە لە ئارادان و بە بەردەوامی خزمەتی گەورەیان بە زمانی کوردی کردووە؛ ئەوان باشتر و زانستییانە دەتوانن ئەم بابەتە شی بکەنەوە و پاڵپشت بن بۆ ئەم بۆچوونە. پێویستە ئەوان بەشدار بن بۆ داڕشتنی گفتوگۆ، بەرنامە و پلانێکی زمانەوانی بۆ بزووتنەوەی فێربوونی زمانی کوردی؛ هەرچەندە دەسەڵاتی سیاسییان نەبێت، بەڵام دەسەڵاتی کۆمەڵایەتییان بەهێزە.

نەمامچاندن بە ناوی شەهیدان و ڕێکخستنی بزووتنەوەی ئابووریی مەدەنی

نەمامێک بچێنین هەموو ساڵێک بۆ شەهیدان؛ لە قازییەوە تا کاک فوئاد و تا شەهیدی هەموو ڕێکخراوەکان، بۆ ژینا و شەهیدانی ژینگە و بێناوەکان، بۆ “ژیان” لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، لە پێناو گەشەپێدانی کار و بژێوی، ئابووری و پیشەسازیی دار و تەختە بۆ بوژانەوەی دێهات و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ ئێستا و داهاتوو.

لەم بەشەدا بە کورتی باسی لێکگرێدانی یادی شەهیدان و گەشەسەندنی ئابووری دەکرێت. بیرمەندانی بواری گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بە گشتی، لەسەر ئەو بڕوایەن کە پێکهاتە نیشتمانی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و نەریتی و ئایینییەکان، لە توانایاندا هەیە ببنە پاڵپشت و هاندەرێکی بەهێز لە پێناو گەشەسەندن و پێگەیاندنی ئابووریی کۆمەڵگەدا.

هەموو بەشدارانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، پێویستە داوا لە خەڵک بکەن گشت ساڵێک بۆ ڕێزلێنان لە هەموو شەهیدانی شار و گوندەکان و تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی، نەمامێک بچێنن و ئەوە بکرێتە نەریت و پێناسە بۆ بیری نەتەوەیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا. (دەتوانن ڕاستەوخۆ بە دەستی خۆیان بیکەن یان کەسێک دابمەزرێنن ئەوە بکات بۆ پێکهێنانی ئیشوکار). ئەم بزووتنەوەیە لە لایەن بنکەکانی ژینگەپارێزەوە لە ناوخۆی وڵاتدا دەستی پێ کردووە، پێویستە بە گەرمی پشتیوانیی لێ بکرێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە ناوچە کوردییەکاندا، بەتایبەت لە بەشی دێهاتدا. چەسپاندنی ئەم چالاکییە نیشتمانییە پێویستی بە کۆدەنگی و بەرنامەسازدان هەیە و ئێوە توانای ئەوەتان هەیە ئەو کۆدەنگییە بخوڵقێنن و خۆتان نەمامێک بچێنن و بیکەنە ڕچە بۆ ساڵانی داهاتوو و ڕەوتێکی هەمیشە بەردەوام.

چاندنی نەمام بە ناوی شەهیدان، چوار قازانجی سەرەکیی لێ دەبێتەوە:

قازانجی یەکەم:

لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، نەمامچاندن ئابووری، کار و بژێوی (مەعیشەت) پێک دەهێنێت بۆ ناو شار و بەتایبەت لادێ و گوندەکان. لە ڕاستیدا ناوچەکانی ئێمە پیشەسازیی لێ نییە و بۆ بەپیشەسازیکردنیان دەیان ساڵ دەخایەنێت، ڕەنگە سەرکەوتووش نەبێت و کێشەی تر بخوڵقێنێت؛ بۆیە پێویستە چاو بگێڕین بۆ کەرەستە، سەرچاوە و توانای ئابووریی خۆڕسک و خۆماڵی، تا بتوانین وڵات بە چەشنێکی بەردەوام ئاوەدان بکەینەوە. ئەو نەمامانەی دەچێنرێن، گەشە دەکەن، بەر دەگرن و لە کاتی خۆیدا دەبڕدرێنەوە و جارێکی دیکە دەچێنرێنەوە؛ بەمەش سەرچاوەی ئابووری دەخوڵقێنن و دەبنە سامانی گشتی. ئابووریی نەمام زۆر دەوڵەمەند، بەربڵاو و چڕوپڕە. ئەگەر ئەم هەنگاوە سەر بگرێت، دەبێتە سەرچاوەی مادی و بژێوی بۆ هەزاران بنەماڵەی کورد لە بواری کشتوکاڵ و لە لادێدا. هەزاران نەمامگە (نەهالستان) دادەمەزرێن بۆ دابینکردنی نەمامی شەهیدان و دەرفەتی کار و کاسبیی بچووک و گەورە بۆ خەڵکی شار و لادێی کوردستان دەڕەخسێت و بە دڵنیایییەوە ئابووریی کوردستان دەبوژێنێتەوە. لە داهاتووشدا دەبێتە سەرچاوەی پیشەسازیی دار و تەختە، بیناسازی و گەلێک کەرەستەی پێویست بۆ ناوخۆ و تەنانەت هەناردەکردنی بۆ وڵاتانی هاوسێش، ئەگەر ئەمە ببێتە ڕەوتێکی بەردەوامی ساڵانە. لە زۆر وڵاتی جیهاندا، پیشەی دار و تەختە بەشێکی گەورەی بەرهەمهێنانی نەتەوەیییە و زۆر مرۆڤ کاری تێدا دەکەن.

ئێستاکە ساڵانە بە ملیۆنەها دۆلار نەمام هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئابوورییەکی گەورە بەڕێوە دەچێت. بەڵام بەرنامەداڕێژی و پلاندانان بۆ چاندنی نەمام بە شێواز و میتۆدی “لە خوارەوە ڕێکخراو” و بە بەشداریی ڕاستەوخۆ و خۆڕسکی خەڵک و بنکە ژینگەپارێزەکان، زۆر پایەدارتر، هەرزانتر و بەپێزترە و داهاتوویەکی باشتری دەبێت. شێوازی بەشداریپێکردنی خەڵک لە پڕۆژەکانی گەشەسەندندا، بە مانای بێسەروبەری و هەڕەمەکیبوونی هەنگاوەکان نییە. میتۆد و شێوازی بەشداریپێکردن، شێوازێکی زانستییانە و پەسندکراوی جیهانییە لە بواری ئاوەدانکردنەوەدا و بناغەی پلانداڕێژییە بۆ بەرەوپێشبردنی گەشەکردنی پایەدار. ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەپارێزەکان نیشانیان داوە دەتوانن ڕۆڵی گەورە بگێڕن بۆ ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوەیە، ئەگەر لایەنەکانی جووڵانەوەی کورد لە ئێراندا لە ڕێگەی میدیاکانیانەوە بانگەشەی بۆ بکەن و پشتیوانیی لێ بکەن.

قازانجی دووەم:

لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی لەناو خەڵکدا بەهێز دەکات. چاندنی نەمامێک لە لایەن بنەماڵەیەکی کوردەوە بۆ پیرۆزڕاگرتنی یادی قوربانی و شەهیدی بنەماڵەکەیان، حیزب و ڕێکخراوەکەیان، هاوسەنگەرەکەیان و ئەوانەی لە ڕێگەی ئازادیدا بە چەشنێک لە چەشنەکان فیداکارییان کردووە (ئەوانەی دەست و قاچیان پەڕیوە، نابینا بوون یان بێ چێژوەرگرتن لە ئازادی سەریان ناوەتەوە؛ جا تێکۆشەر بن یان ڕۆشنبیر، شاعیر، هونەرمەند، کچ و کوڕێکی گومناوی لادێ یان خێرخوازێکی دڵفراوان…)، دەبێتە نەریتێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئێستا و نەوەکانی داهاتوو. ئەمە بیری نەتەوەیی کورد لە ڕوانگەی فەلسەفە و ئەخلاقەوە بەرز و دەوڵەمەند دەکات.

“مامۆستا پەشێو چەپکەگوڵێک دادەنێت لەسەر گۆڕی سەربازی ونی وڵاتەکەی”، ئێوە نەمامێکی بۆ بچێنن. هەموو ساڵێک بە چاندنی نەمامێک، خەڵک برینەکانی یەکتر سارێژ دەکەن و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکەن. حەیف نییە بە چاندنی نەمامێک ڕوحی هێمن، هەژار و بیرمەندانی تر شاد نەکەین، یان هەموو ئەوانەی خۆشتان دەوێن؟ ئەم نەمامانە دەبنە ئەرشیڤێکی زیندوو لە مێژووی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا. دەیان ساڵ پاش ئەوەی هەموومان ڕۆیشتین، کچ و کوڕ دەست لە دەستی یەک بۆ دڵداری، بەناو کۆڵانباخ و جەنگەڵێکدا پیاسە دەکەن کە بە ناوی دایک و باوک و باپیرانیانەوە نەمام کراوە. هیچ نەتەوەیەکی تر تا ئێستا ئەمەی نەکردووە.

قازانجی سێیەم:

نەمامچاندن هەروەها یارمەتیی سروشت دەدات، ژینگە دەبوژێنێتەوە و زانستەکانی بواری سروشت پەرە پێ دەدات. قازانج و دەستکەوتەکانی چاندنی نەمام بۆ شەهیدان، لە ڕوانگەی سروشتپارێزییەوە بێئەندازەیە. ئەم هەنگاوە هەروەها دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زانستی جەنگەڵداری، سروشت، ئاو و لێرەوار لە داهاتوودا و گەلێک پسپۆڕ و لێزان لە بواری ئابووریی سروشتدا پێدەگەیەنێت. تاقیگە و بنکەی لێکۆڵینەوەی زانستی و پسپۆڕانە لە بواری دێهات و کشتوکاڵدا پەرە دەستێنن. بەڵام ئەم بزووتنەوەیە ئاسان نییە و پڕۆژەیەکی گەورەیە؛ پێویستی بە ڕێبەرایەتی و هاریکاریی هەمەلایەنەی کۆڕ و کۆمەڵ، بنکە ژینگەپارێزەکان، ڕێکخراوە سیاسییەکان و بەتایبەت پسپۆڕانی ژینگە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هەیە. ئێستا کە ئەم بزووتنەوەیە دەستی پێ کردووە، حەق وایە پشتیوانیی لێ بکرێت و ئێوە لە تواناتاندا هەیە بانگەشەی بۆ بکەن.

با بڕوانینە نموونەیەکی سەرکەوتووی جیهانی لە بواری نەمامچاندندا:

دەڵێن: “کوڕ هەبێت، تاریکە شەو زۆرە”. خاتوونێکی خوێندەوار و لێهاتوو بە ناوی دکتۆر وانگاری ماتی (Wangari Maathai)، خەڵکی وڵاتی کینیا، ژینگەپارێز و تێکۆشەرێکی سیاسی و پارێزەری مافی مرۆڤ و ژنان بوو. بنکەی ئەو خانمە بە چاندنی نەمامێک، جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی و جیهانیی پێک هێنا و بوو بە هۆکاری چاندنی ملیۆنان نەمام و پێکهێنانی هەزاران دەرفەتی کار و گەشەسەندنی ئابووری لە کینیادا. ئەو خاتوونە توانی خەباتی سیاسی، ئابووری و سروشت تێکهەڵکێش بکات و بابەتێکی نوێ بخوڵقێنێت. زۆر زوو ئەم چالاکییە ژینگەپارێزی و ئابوورییە تەشەنەی کرد بۆ وڵاتانی تری ئەفریقا؛ بەهۆی ئەم جووڵانەوەیەوە نزیکەی ٥٠ ملیۆن دار و درەخت تەنیا لە وڵاتی کینیادا چێنران و بە ملیۆنان دار لە وڵاتانی تری ئەفریقاش. لە ساڵی ٢٠٠٤دا خەڵاتی نۆبڵ پێشکەشی ئەم خاتوونە کرا و بوو بە هێما بۆ پاراستنی ژینگە و گەشەسەندنی ئابووریی خۆڕاگر لە ئەفریقا و جیهاندا (بەشی ژینگەپارێزی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان UNEP) (٢٢). پاشان، بەشی ژینگەپارێزی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێزلێنان لە جووڵانەوەی دار و درەخت، پڕۆگرامێکی دەست پێ کرد کە ئامانجەکەی چاندنی ملیارێک دار بوو و سەرکەوتووانە گەیشتە ئامانج. بەدوای ئەوەشدا بەرنامەی “ترلیۆنێک دار بچێنین تا ساڵی ٢٠٣٠” دەستی پێ کرد و ئێستاش بەردەوامە (Trillion Trees) (٢٣).

فێمێنیستی کورد دەڵێ: “ژن کۆڵەکەی ماڵە” و ژنان کۆڵەکەی شۆڕشی کوردایەتی بوون. ژنی کوردی ڕۆژهەڵات لە قۆناغی ئێستادا چۆن دەیهەوێت ماڵ و حاڵی خۆی ئاوەدان بکاتەوە و چ دەورێک بگێڕێت لە پرۆسەی گەشەسەندنی ئابووریی داهاتووی کوردستاندا؟ ئایا لە خۆی ڕادەبینێت و ئامادەیە بانگەشە بکات لەناو ژنانی کوردی لادێ بۆ چاندنی نەمامێک بۆ ژینا، بۆ “ژیان” لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا و ئابووریی ژنان ڕێک بخات؟ ئەم وتارە دڵنیایە کە ژنانی کورد لە توانایاندا هەیە بزووتنەوەی ئابووریی مەدەنیی نەمامچاندن لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ڕێبەرایەتی و سەرپەرشتی بکەن، بەو چەشنەی لە کینیادا دەستی پێ کرد.

قازانجی چوارەم:

بزووتنەوەی دار و درەخت، دەرفەتی یارمەتیوەرگرتنی مادی و تەکنیکی لە ڕێکخراوە جیهانییەکان دەخوڵقێنێت. یارمەتییەکانی پڕۆگرامی “هەزار ملیار نەمام بچێنین” لە بەشی ژینگەپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان، بریتین لە: یارمەتیی مادی، یارمەتیی پلانداڕێژی، هاوکاری بۆ بنەماسازی و بەتواناکردن و پەرەپێدانی کارامەیی بۆ ئەو ئەنجومەن و بنکە و کۆڕ و کۆمەڵانەی پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە دەکەن؛ هەروەها فێرکردن و ڕاهێنانی پسپۆڕ و کەسی لێهاتوو لەم بوارەدا کە بتوانن لە ناوچە و وڵاتی خۆیاندا چاودێریی پڕۆژەی نەمامچاندن بکەن (UNEP) (٢٤).

بۆیە ڕۆشنبیرانی سیاسی، حیزبی و مەدەنیی دەرەوەی وڵات دەتوانن ببنە لابی و پردێک لە نێوان کۆمەڵە ژینگەپارێزەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ناحکومییەکاندا، بۆ داواکردنی یارمەتی و بەهێزکردنی بنەما و کارامەیی زانستی بۆ خزمەتکردن بە بزووتنەوەی نەمامچاندن. ئاوێتەکردنی بیری ئازادیخوازی لەگەڵ پاراستنی جەنگەڵەکان و سروشت، بۆ بیری نەتەوەیی کوردی ڕۆژهەڵات، ڕێز و لابییەکی کاریگەر و کردەیی دەخوڵقێنێت و ڕەنگە لە داهاتوودا دەرفەتی زێڕین کە ئێستا هەر بیرمان بۆی ناچێت، پێک بهێنێت.

مخابن و بە داخێکی زۆرەوە، سروشت بە گشتی (ژینگە، لێرەوار، لەوەڕگە، خاک، دارستان و جەنگەڵەکان و سەرچاوەی ئاو) لە ناوچەکانی کوردستاندا لە مەترسیدایە. ئەگەر ئەو ڕەوتە درێژەی هەبێت، بەشێک لە گوندەکان دەبێ کۆچ بکەن. ئەو خاکەی سوێندی پێ دەخۆن خەریکە لەناو دەچێت و بەرهەمی بۆ کشتوکاڵ کەم بووەتەوە؛ مەڕداری و لێرەوارەکان لاواز بوون، ئاو نەماوە، کەو قاسپەی نایەت، پیرەهەڵۆ کۆچی کردووە، ورچ و گورگ و ڕێوی کەوڵ کراون و ئیکۆسیستەم تێکچووە.

گازندەکردن لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی چارەسەر نییە؛ بۆ خۆت دەبێ ڕێگەچارەی بۆ بدۆزیتەوە. ئەرکی هەموو کەس و لایەنێکە ماڵ و حاڵی خۆی بپارێزێت و ڕێگری لە کاولبوونی بکات؛ هیچ پاساو و بیانوویەکی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، حیزبی و کۆمەڵایەتی ڕەوا نییە. پڕۆژەی چاندنی نەمامێک بۆ شەهیدان هەنگاوێکی مەزن، لەبەر دەست، هەرزان، کاریگەر و پایەدارە و ئاسۆی ڕوونە؛ لە دەیان وڵاتی لە حاڵی گەشەدا تاقی کراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە.

بەتایبەت پێویستە لێزان، پسپۆڕان و بنکەکانی ژینگەپارێز ڕێنماییمان بکەن، فێرمان بکەن چی بکەین و چۆن بکەین، و چۆن ئەو بزووتنەوەیە دەشێ پەرە بسێنێت و سەرپەرشتی بکرێت. ئایا هەموو ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی تاراوگە و ناوخۆ بە کۆدەنگی، لە توانایاندا هەیە وەک ئەو خاتوونە ئەفریقییە بزووتنەوەی دار و درەخت بنیاد بنێن و بەڕێوەی بەرن؟ ئەوە پرسیارێکە لە بەردەمی هەموواندا.

دامەزراندنی بانکی خۆماڵیی نیشتمانی وەک بزووتنەوەیەکی مەدەنی

لەم بەشەدا ئاماژەیەکی کورت دەکرێت بۆ دامەزراندنی دوو سیستەمی بانکی: «بانکی هاوبەش» و «بانکی داراییی بچووک» وەک تێکۆشانێکی ئابووریی مەدەنی.

بانکی هاوبەش: لە سیستەمی ئابووریدا، بانک دەوری سەرەکی دەگێڕێت. سیستەمی نیۆلیبڕاڵیی بانکی لە ئێراندا تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و تاڵانیان دەکات، ئەمەش بووەتە لەمپەرێکی جیدی بۆ گەشەنەکردنی ناوچە کوردییەکان لە ئێراندا. ڕێگەچارەی باش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ژیرانە لە تەک ئەم هەلومەرجەدا و بۆ داهاتوو، تێکۆشانی مەدەنیی ئابوورییە لە ڕێگەی دامەزراندنی «بانکی هاوبەش» (Credit Union)، یان بانکی نیشتمانی، خۆماڵی، لادێ، یان بە هەر ناوێکی تر. ئەم جۆرە بانکە لەسەر بناغەی بەشداریی خەڵک پێک دێت و هەموو ئەندامێک خاوەن دەنگە و دەتوانێت دەنگ بدات لە گشت بوارەکانی بەڕێوەبردنی کاروباری بانکەکەدا. بانکی هاوبەش، شێوازی مۆدێرنی بانکداری ڕەچاو دەکات لە سیستەمی بەڕێوەبردندا، بەڵام لە پرۆسەی دابەشکردنی قازانجدا سیستەمی هاوبەش بەکار دەهێنێت. بەخۆشییەوە ئێوە لە تواناتاندا هەیە خەڵک هان بدەن، هاندر و ڕازییان بکەن بۆ تێکۆشانی ئابووریی نەتەوەیی لە ڕێگەی دامەزراندنی سیستەمی بانکیی یەکگرتوو، یان بانکی بچووک بۆ شار و گوندەکانی کوردستان، یان بانکێکی سەرانسەری کە بنکەی لە هەموو شارێکدا هەبێت (Credit Union) (٢٥).

دامەزراندنی بانکی یەکگرتوو و هاوبەش، ئەگەر بە سەرمایەی سەرەتاییی تەنانەت بچووکیش دەست پێ بکات، سەر دەگرێت. لە ئێراندا سیستەمی هەرەوەزی (تعاونی) بەشێکە لە سیستەمی گشتیی بانکی (تعاونی اعتباری) و دامەزراندنی دژایەتیی لەگەڵ یاساکانی بانکداری لە ئێراندا نییە. ئێستا لە ئێراندا جگە لە پێنج بانکی دەوڵەتی، گشت بانکەکانی تر تایبەتن (خسووسی) و دەیان بانکی گەورە و بچووکی کەرتی تایبەت لە شارەکانی کوردستاندا کراونەتەوە و خەریکن خەڵک دەڕەتێننەوە. هەروەها بانکەکان دیاری دەکەن چ جۆرە پڕۆژەیەکی ئابووری بەڕێوە بچێت لە گوند و شارە کوردییەکاندا و کێ بتوانێت وام (قەرز) وەربگرێت و بە چ نرخێکی سوود؛ خەڵک لەم بوارەدا بێدەسەڵات ماوەتەوە.

هەر ئەوەندەی خەڵک ئەو بانکە بە هی خۆیان بزانن و تەنانەت تەنیا حیسابێکی بچووکی تێدا بکەنەوە، ئەم بانکە خۆماڵییە بەهێز دەبێت و پەرە دەستێنێت. ئەو بانکە دەرفەتی ئابووری دەخوڵقێنێت بۆ خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان و هەنگاوێکی فرە بەربڵاو و گەورەیە بۆ گەشەسەندنی ئابووری لە ئێستا و بەتایبەت لە داهاتوودا. واتە با بتوانین لە پاش خۆمان پاشەکەوتێک بۆ منداڵەکانمان بەجێ بهێڵین. یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەم هەنگاوە ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەی داهاتووی کوردەواریدا، خەڵک کۆنتڕۆڵی بانک و سەرمایە دەکات، نەک بەپێچەوانەوە. بانکی هەرەوەزی (تعاونی) مێژوویەکی درێژی هەیە و لە هەموو وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکای باکووردا پێگەی خۆی کردووەتەوە و سەرکەوتوو بووە.

بانکی داراییی بچووک: یان بانکی قەرزی بچووک (Microfinance)، سیستەمێکی تری بانکییە بۆ یارمەتیدان بە پرۆسەی گەشەکردن و پڕۆژەی بچووک، لە ڕێگەی دانی قەرز بە سوودێکی کەم، بەتایبەت بە خەڵکی گوند و لادێ و شارۆچکەکان. بەڵام جیاوازیی هەیە لە تەک بانکی هاوبەشدا. لە بانکی هاوبەشدا ئەو کەسانەی حیسابیان لە بانکەکەدا هەیە، خۆیان خاوەنی بانکن؛ بەڵام بانکی قەرزی بچووک، خاوەنێکی یان چەند خاوەنێکی دیاریکراوی هەیە، یان بنکەیەکی دارایی خاوەندارێتیی دەکات. ئەم مۆدێلەی بانکیش دەتوانێت دەورێکی باش بگێڕێت، بەتایبەت بۆ چین و توێژە هەژارکراوەکانی گوندەکان. بیرمەندانی بواری گەشەسەندن، بانکی هاوبەش بە باشتر دەزانن.

با پەنجە ڕاکێشین بۆ نموونەیەکی سەرکەوتووانە لە بواری بانکی داراییی بچووکدا:

دکتۆر محەمەد یوونس (نەک یاسین)، خەڵکی بەنگلادیش، لە ساڵی ١٩٧٦دا بە پارەی گیرفانی خۆی بانکێکی بچووکی بۆ قەرزدانی بچووک لە گوندێکدا کردەوە (Microfinance)، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاستی هەژاری و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کار و کاسبیی بچووک. ئەو بانکە زۆر زوو گەشەی سەند و پەل و پۆی هاویشت بۆ وڵاتانی تر؛ لە ماوەی کەمتر لە بیست ساڵدا، زیاتر لە چەند ملیۆن کەس پارەیان لێ بە قەرز وەرگرتبوو بۆ دامەزراندنی کاسبی لە بواری کشتوکاڵ، ماسیگری، پیشەسازیی بچووک و بنکە جۆربەجۆرەکانی ئابووری لە گوندەکاندا. دامەزراندنی ئەم بانکە بوو بە هاندەرێکی گەورە بۆ دامەزراندنی ئەم چەشنە بانکە لە دەیان وڵاتی تری جیهاندا و توانی کاریگەریی گەورەی هەبێت لەسەر ژیانی ڕۆژانەی زۆرەها خەڵک لە جیهاندا.

بەو بۆنەیەوە، ڕێکخراوی ئاوەدانکردنەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە گەرمی سوپاسی لێ کرد بۆ ئەوەی: «بیرۆکە و خەیاڵێکی مرۆڤانەی وەرچەرخاندە سەر بزووتنەوەیەک کە سوودی گەیاندە ژیانی ملیۆنان مرۆڤ لە جیهاندا». لە ساڵی ٢٠٠٦دا خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ پێشکەشی کرا، هەروەها دەیان خەڵاتی تری لە قامووسی خۆیدا تۆمار کردووە. لێکۆڵینەوە لەم کردارە ئابوورییە بێگومان وانە و ئەزموونی بەنرخ پێشکەشی ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییە دڵسۆزەکان بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگەی کوردەواری دەکات. هەر بۆیە، لە قۆناغی ئێستادا زۆرەها کەسی خەمخۆر، لێهاتوو و شارەزا لە بواری زانستی بانک و بانکداریدا لە ئارادان و لە خۆیانی ڕادەبینن کە شان بدەنە بەر ئەم تێکۆشانە نیشتمانی و ئابوورییە مەدەنییە، لە ڕێگەی دامەزراندنی بانکی داراییی بچووک یان بانکی هاوبەش. بانگەشەی ئێوە لەسەر ئەم بابەتە، ئەم بزووتنەوەیە مسۆگەر دەکات و حەق نییە خۆی لێ بپارێزن (Yunus Muhammad 1976) (٢٦).

دەستپێکردنی بزووتنەوەی ئابووریی هەرەوەزی (تعاونی)

ئابووریی نیۆلیبڕاڵ و گەندەڵی بە ئاشکرا و بە دزی لە ئێراندا، هەژاری، بێکاری و بێدەرەتانی بۆ خەڵک ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەکات. یەکێک لەو ڕێگەیانەی دەتوانێت خەسار و زیانی نیۆلیبڕاڵی کەم و شل بکاتەوە، ڕەنگە سیستەمی هەرەوەزی (تعاونی) بێت. بیرۆکەی هاریکاری، هەرەوەزی و هاوبەشی، کاتێک ڕوون دەبێتەوە کە وەک فەلسەفەی ژیان هەڵیسەنگێنین. فەلسەفەی هەرەوەزی لەسەر ئەو بناغەیە دانراوە کە کێشەکانی ژیان بە کۆدەنگی و هەنگاوی گشتی جێبەجێ بکرێن. ڕیشەی هاریکاری و یارمەتیدانی یەکتر لە مێژووی کۆنی مرۆڤایەتیدا هەر هەبووە، هەروەها لە زۆربەی نەریت و ئایینەکانی جیهاندا ئەو بیرۆکەیە بەرچاو دەکەوێت و دیاردەیەکی تازە نییە.

سیستەمی هەرەوەزیی مۆدێرن، ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی قووڵی پێکەوەژیان و کارکردنی هاوبەشی کۆمەڵانی خەڵکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا. بیرۆکەی هەرەوەزیی مۆدێرن، ڕیشەی لە مرۆڤپەروەری، خەمخۆری، چاودێریکردن و پاراستنی مافی یەکتر و بیرۆکەی هاوبەشبوون و سێکولاریزم دایە. کۆڵەکەی بیرۆکەی هەرەوەزی، وەلانان و سڕینەوەی چەوساندنەوەی مرۆڤە بە دەستی مرۆڤێکی تر. واتە هەرەوەزی وەک ئامراز و کەرەستەیەکی زۆر بەهێز بۆ لەناوبردنی چەوساندنەوە و بەرەوپێشبردنی ئابووری و ئاوەدانکردنی پایەدار لەقەڵەم دەدرێت لە ڕوانگەی هەموو بیرمەندانی ئابووری و گەشەسەندندا (Lambert 1959) (٢٧).

هەرەوەزی (تعاونی) ئاوا مانا کراوەتەوە: «هەرەوەزی ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە و لەو کەسانە پێک دێت کە بە مەیل و خواستی خۆیان، بۆ بەدیهێنانی ویست و ئاواتە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە هاوبەشەکانیان، لەناو بنکەیەکی دیموکراتیکدا بە خاوەندارێتیی هاوبەش لێک کۆ دەبنەوە». هەرەوەزی بە وتەی ڕێکخراوی جیهانیی هەرەوەزی (International Co-operative Alliance) لەسەر حەوت بناغەی سەرەکی و پرەنسیپ دامەزراوە: «بەشداریی ئازادانە و سەربەخۆی ئەندامەکان، کۆنتڕۆڵ و بڕیاردانی دیموکراتیک لە لایەن ئەندامانەوە، بەشداری و چالاکیی ئەندامان لە کاروباری ئابووریدا، سەربەخۆبوون و پاراستنی سەربەخۆیی لە بڕیارداندا، یەکگرتوویی ئەندامان، پەرەپێدانی پەروەردە و زانست و هەروەها خۆتەرخانکردن بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە» (ICA 2011) (٢٨). ڕۆشنبیرێکی پایەبەرزی ئەم بوارە دەڵێت: «لەم کاتە گرنگەدا و لەم جیهانە شێواوەدا، هەرەوەزییەکان پێویستە هەوڵ بدەن تا ببنە مۆڵگە و دوورگەی عەقڵانییەت و هۆشیاری بۆ حەوانەوە و ئاسایشی مرۆڤەکان» (Laidlaw 1980) (٢٩). مێژووی هەرەوەزی کۆنە و دەستکەوتەکانی سەرنجڕاکێش و سەرکەوتووانەن، تەنانەت لە وڵاتە گەشەسەندووەکانی ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و کەنەدادا (Craig 1993) (٣٠).

خەڵکی کورد لە ئێراندا، بە زۆر هۆکارەوە بە گومانەوە سەیری سیستەمی هەرەوەزی (تعاونی) دەکەن، چونکە ئەو سیستەمە لە کۆماری ئیسلامیدا سەرکەوتوو نەبووە و فەشەلی هێناوە. هەروەها هەندێک کەس هەرەوەزی بە بنکەیەکی ئابووریی کۆن و لەکەڵککەوتوو دەبینن، چونکە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و بەربڵاوی تازە لەم بوارەدا ئەنجام نەدراوە و سەرکەوتنەکانی ئەم سیستەمە لە وڵاتانی جیهاندا تاووتوێ نەکراوە. لە ساڵانی نەوەدەکاندا زیاتر لە حەوتسەد ملیۆن و لە ساڵانی دواتردا زیاتر لە ملیارێک مرۆڤ لە چوارگۆشەی جیهاندا بەشدارن لە سیستەمی هەرەوەزیدا و کاری تێدا دەکەن و ژیانیان بەڕێوە دەبەن. ئەو سیستەمە لە ناوەڕۆکدا پێشکەوتنخواز و شێوازی بەڕێوەبەرییەکەی دیموکراتیکە (ICA) (٣١).

ئەزموونەکانی ناسیۆنالیزمی «باسک» لە ئیسپانیا لە کاتی ژێردەستەییدا و بزووتنەوەی ئابووریی مەدەنیی هەرەوەزی

(مێژووی بیری نەتەوەیی باسک و بزووتنەوەی هەرەوەزی، ڕەنگە سەدان وتار و کتێبی لەسەر نووسرابێت و لەم وتارەدا ناگونجێت؛ ئەم بەشە تەنیا ئاماژەیەکی بچووکە لەسەر ئەم بابەتە)

زۆر بە کورتی، نەتەوەی «باسک» لە ئیسپانیادا لە کاتی ژێردەستەییدا تەنانەت مافی ئەوەی نەبوو بە زمانی خۆی بدوێت و لە گشت مافێکی سەرەتاییی نەتەوەیی و فەرهەنگی بێبەری کرابوون؛ بزووتنەوەی دەستپێکردنی سیستەمی ئابووریی هەرەوەزی لەم بارودۆخە سیاسییەدا هاتە ئاراوە. بزووتنەوەی هەرەوەزی لە وڵاتی باسکدا بە هیمەتی قەشەیەک کە خولیای دادپەروەریی لە مێشکدا بوو، لە شارۆچکەیەک بە ناوی مۆندراگۆن (Mondragon) بناغەی نرا و دەستی پێ کرد. ئەم بزووتنەوەیە لە سەرەتادا ڕەنگ و بۆنی ئایینی مەسیحییەتی پێوە بوو بۆ ئەوەی خۆی لە ژێر زەبری دیکتاتۆری ڕزگار بکات، بەڵام لە بناغەوە ڕەنگدانەوەی بیر و سۆزی نەتەوەییی پێوە دیار بوو.

لە ڕاستیدا، ڕۆحی هاوکاری و خەمخۆری و یارمەتیدانی یەکتر زۆر بەرچاوە لە نەریت و فەرهەنگی خەڵکی باسکدا و هەر ئەوەش کاریگەریی هەبوو بۆ پەرەسەندنی سیستەمی ئابووریی هەرەوەزی لەم ناوچەیەدا. بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی باسکدا، لە پرۆسەیەکی تایبەتدا پشتیوانییان لە بزووتنەوەی هەرەوەزی کرد و پەرەی پێ درا؛ هەرەوەزیی مۆندراگۆن بوو بە شێوازێک لە تێکهەڵکێشکردن و گرێدانی هەست و سۆزی نیشتمانپەروەریی باسک و تێکۆشانی ئابووریی مەدەنی. هەروەها سیستەمی هەرەوەزی لە پێناو دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا، بوو بە پێناسەیەکی فەرهەنگی بۆ جووڵانەوەی نەتەوەییی گەلی باسک. بیرۆکەی هەرەوەزی و ناسیۆنالیزمی باسک شانبەشانی یەکتر بەرەو پێش دەڕۆیشتن لە کاتی ژێردەستەییدا. ناسیۆنالیزمی باسک لە ئیسپانیادا، بە تێکهەڵکێشکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەسەر بناغەی سیستەمی هەرەوەزی، ئەزموونێکی گەورەی خوڵقاندووە لە گۆڕەپانی گەشەکردن و پێگەیاندنی ئابووری لە کۆمەڵگەی باسکدا و تەنانەت پەرەی ستاند بۆ زۆر لە وڵاتانی تری جیهانیش (Molina and Miguez 2008) (٣٢).

بزووتنەوەی هەرەوەزیی (تعاونی) باسک، گۆڕانکاریی زۆر بەهێزی لە ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتەدا پێک هێنا، کە تا ئێستاش نموونەیەکی ناوازەیە بۆ بەرەوپێشبردنی جووڵانەوەی نیشتمانی لە پێناو دابینکردنی دادپەروەریی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا. سیستەمی هەرەوەزی پەل و پۆی هاویشت و گەشایەوە، بوو بە بزوێنەرێک (ماتۆڕێک) بۆ گەشەسەندنی ئابووری، دابەزاندنی ئاستی هەژاری، بەرزکردنەوەی دەرامەت و ڕەنگینکردنی سفرەی کۆمەڵانی خەڵکی باسک و پێکهێنانی بژێوی و کاسبی لەو وڵات و ناوچەیەدا. هەروەها، بەتایبەت یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، هەستی نیشتمانپەروەری و بڕواهێنان بە ڕەوشتی دیموکراتیک بۆ بەڕێوەبردنی ژیان و ئابووری لە کۆمەڵگەی باسکدا، دەستکەوتێکی مەزنی ئەم جووڵانەوەیە بوو. سەدان هەرەوەزی لە بوارەکانی: کشتوکاڵ، بیناسازی، بانکداری، ئەندازیاری، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، پیشەسازی، پەروەردە، هاتووچۆ و خواردەمەنی و… گشتیان لە کاتێکدا پێک هاتن کە ناسیۆنالیزمی باسک لە ژێر چەپۆکی بێبەزەییی دیکتاتۆریدا خەباتی سیاسیی دەکرد. هەرەوەزیی مۆندراگۆن (Mondragon) وەک قەوارەیەکی سەرتاسەری، سەرپەرشتیی نزیکەی سەدان هەرەوەزیی تری گرتووەتە ئەستۆ و یەکێک لە سەرکەوتووترین و ناوازەترین پێکهاتە ئابوورییەکانی جیهانی خوڵقاندووە و لە زانکۆکانی جیهاندا وەک وانە دەوترێتەوە. گەڕانی ساڵانەی داراییی هەرەوەزیی مۆندراگۆن ١١،٠٠٠ ملیۆن یۆرۆیە و هەزاران کەس کاری تێدا دەکەن (Esta Elis, Colin-Jones, Zugasti 2018) (٣٣).

زۆر سەیرە ڕۆشنبیرانی کورد، بەتایبەت ئەوانەی دامەزراندنی ئابووریی هەرەوەزی بەشێکە لە بەرنامەی داهاتووی ڕێکخراوەکانیان، هیچ ئاوڕێکیان لەم بابەتە گرنگە نەداوە. پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوەی زانستییانە لەسەر ناوەڕۆک و بیرۆکەی هەرەوەزیی مۆدێرن و بزووتنەوەی نیشتمانپەروەریی نەتەوەی باسک، دەسپێکێکە بۆ دیاریکردنی شێوازی گەشەسەندنی ئابووری بۆ هەر ئێستا و داهاتووی کوردستان.

کۆڵبەری و هەرەوەزی (تعاونی)

لە سی ساڵی ڕابردوودا کۆڵبەری بووەتە ڕێگەیەکی دژوار بۆ بەدەستهێنانی ڕزق و ڕۆزی لە کوردستاندا. ڕێژەی کۆڵبەران بەپێی هەلومەرجی بازرگانی لە سنوورەکاندا دەگۆڕێت و داهاتووی کۆڵبەری پێشبینی ناکرێت. زۆر وتار، لێکۆڵینەوە و بابەتی ئابووری، هونەری، سیاسی و کۆمەڵایەتی، کۆڵبەرییان شی کردووەتەوە و دووپاتکردنەوەیان لەم وتارەدا پێویست ناکات. هەر کاتێک کۆڵبەرێک دەکوژرێت، بۆ ماوەیەک زۆر ڕاگەیاندن و نووسراوەی سیاسی بۆ خەمخۆری بڵاو دەبێتەوە و پاشان کڕ و بێدەنگ دەبێت، تا کۆڵبەرێکی تر دەکوژرێت؛ ئەو ڕەوتە لە مێژە بەردەوامە. ئەگەر تا ئێستا تەنانەت تاقە یەک هەرەوەزیی زۆر بچووکیش لە کۆڵبەران پێک هاتبا، کۆڵبەران دەبوون بە بەشێک لە بنەماڵەی جیهانیی هەرەوەزییەکان و بە ملیۆنان بنکەی هەرەوەزی و ملیارێک مرۆڤ لە گشت جیهاندا، پشتیوانیی یەکگرتووی خوشکانە و برایانە و دڵسۆزانەیان لە کۆڵبەران دەکرد، بە شێوەیەکی یاساییش پشتیوانیی سیاسی، مەدەنی، لۆجیستی و ئابوورییان لە کۆڵبەران دەکرد. دامەزراندنی هەرەوەزی دژایەتیی لەگەڵ یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا نییە و هەل و دەرفەتێکی ئابووریی مەدەنییە.

لە کۆتاییدا

تێکۆشەران و ڕۆشنبیرانی ڕێکخراوە سیاسییەکان چاوەڕوانی گەڕانەوەن و لە قۆناغی چاوەڕوانیدان؛ هیوادارین ئەوە زوو ڕوو بدات. بەڵام، لە جیاتی ئەوەی تەنیا چاوەڕوانی گۆڕانکاریی سیاسی بن کە نازانرێت چۆن ڕوو دەدات و پێشبینی ناکرێت، پێویستە خۆیان گۆڕانکاریی ئابووریی مەدەنی بخوڵقێنن لە قۆناغی ئێستادا. حاسڵی ئەو گەڕانەوەیە هەر چەشنە ئۆتۆنۆمییەک بێت، هەندێک پرسیاری گەورە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی بژێوی و دابینکردنی سەرچاوەی دەرامەت بۆ ژیانی ئابووریی ڕۆژانەی خەڵک لە بەرامبەریاندا هەیە، کە پێویستە وڵامیان بۆی هەبێت بەر لە گەڕانەوە.

ئەندامانی حیزب و ڕێکخراوەکان بە گشتی، بە درێژاییی خەباتی شاخ زۆر زەحمەت و کوێرەوەرییان دیوە و چێشتووە؛ تێکۆشان و ژیانی پڕ لە مەترسییان هەبووە، ئازیز و هاوڕێیان لێ کوژراوە، ئەزموونی ئۆردوگانشینی و چاوەڕوانییان کێشاوە، بۆمباران کراون و زۆریان بەسەر هاتووە… ژیانی پێشمەرگایەتی ژیانێکی سەختە و بەداخەوە ژیانێکی دژوار و ناخۆشییان تێپەڕاندووە، بۆ ماوەیەکی زۆر لە خزم و کەس و شار و دیاری خۆیان دوور کەوتوونەتەوە.

لە هەمان کاتیشدا بەهۆی دوورییەوە، لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، کۆمەڵگە، گوند و شارە کوردییەکان دابڕاون و لەگەڵ کێشە، گرفت و بێدەرەتانیی ڕۆژانەی خەڵک بۆ بژێوی بێگانەن. کرێی خانوو و کرێی دوکانیان لەسەر زیاد نەکراوە، بە بانک قەرزار نەبوون، بێکار و بێکاسبی نەکراون و نازانن بێبازاڕی و قەیرانی ئابووری چۆنە؛ خاوەنکار بۆڵەبۆڵی بەسەردا نەکردوون، دەستفرۆشی و کرێکاریی باخ و مەزرایان لەبیر چووەتەوە؛ نازانن گرانی، هەژاری و دەستکورتیی بەردەوام لە بنەماڵەدا چی دەخوڵقێنێت؛ بە گیرفانی کارمەند و خانەنشین نەژیاون؛ ناچار نەبوون بەرتیل بدەن و لەبیریان چووەتەوە هەڵاتهەڵات بۆ دەستخستنی پارووە نانێکی ڕەوا چۆنە لە ئابووریی ئێستای کوردستاندا. ئەگەر وڵامێکی پوختە نەبێت بۆ دەیان پرسیاری تری بژێوی و ژیانی ئابووریی کۆمەڵانی خەڵک، تووشی کۆمەڵێک کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبن کە بە درێژاییی چەندەها ساڵە لەسەریەک کەڵەکە کراون.

کە تاو دەپەڕێت، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان دەست پێ دەکەن زبڵ و زاڵ دەگەڕێن بۆ ئەوەی پلاستیکێکی کۆن بدۆزنەوە و خۆیانی پێ بەخێو بکەن، بە گەرما و سەرما کۆڵ دەبەن و دەیان جۆرە کاری تر دەکەن کە شیاوی مرۆڤ نییە. ئاوڕدانەوەی زانستییانە لە هەژاری و کێشەی بژێوی لە قۆناغی ئێستادا زۆر گرنگە. پێویستە عەقڵییەتی حیزبایەتی خۆی ڕێک بخات و بگونجێنێت لە پێناو ئامانجێکی گەورەتردا، واتە گەشەپێدان و پێگەیاندنی ئابووریی شار و دێهاتی کوردستان بۆ ئێستا و لە داهاتوودا. خەڵک هیوادارن کە گەڕانەوەی ئێوە کێشەکانی بژێوییان چارەسەر بکات؛ ئایا ئامادەییتان هەیە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکە؟ مێژوو ئەرکی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانی خستووەتە سەر شانی ئێوەی بەڕێز؛ بڕیارەکانی ئێستای ئێوە داهاتووی کوردستان پێک دەهێنێت.

ئەم نووسراوەیە تێکۆشاوە هەنگاوێک پێشکەش بکات لە پێناو گۆڕانکاریی ستراتیژی بۆ جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەم نووسراوە هەروەها هەوڵی دا بسەلمێنێت کە جووڵانەوەی کورد لە ئێراندا ئەو توانایەی هەیە بیرۆکەی گەشەسەندن و تێکۆشانی ئابووریی مەدەنی و بیری نەتەوەیی تێکهەڵکێش بکات و بیکات بە ستراتیژییەکی تازە بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی شار و دێهات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ ئێستا و لە داهاتوودا، پێش ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەست بخات. هیوادارم بەم وتارەدا بچنەوە، هەڵە و کەموکوڕییەکانی چاک بکەنەوە و داهێنانی تازەی مەدەنیی ئابووری بخوڵقێنن لە پێناو پێگەیاندنی دێهات و شار لە کوردستاندا.

پێزانین

زۆر سوپاسی بەڕێز دکتۆر جەعفەر شێخوڵئیسلامی دەکەم بۆ کات و تێبینییە بەسوودەکانی، پڕبەدڵ لێی مەمنوونم.

سوپاسی بەڕێز کاک ناسر ئیبراهیمی دەکەم بۆ کات، خوێندنەوە و تێبینییەکانی لەسەر وتارەکە و بە گەرمی دەستخۆشیی لێ دەکەم.

هەروەها دەستی کاک ڕەزا محەمەدئەمینی خۆش بێت بۆ خوێندنەوەی وتارەکە و تێبینییەکانی.

وێڕای سوپاس لەم بەڕێزانە، نووسەر خۆی بەرپرسە لە هەموو چەشنە هەڵە و بۆچوون و خەتایەک لە ئامادەکردنی ئەم نووسراوەیەدا.

سەرچاوەکان:

  1. Seers, Dudley. “The Meaning of Development.” In The Political Economy of Development and Underdevelopment, edited by Charles K. Wilber, 6–15. New York: Random House, 1973.
  2. Baran, Paul A. “On the Political Economy of Backwardness.” In The Political Economy of Development and Underdevelopment, edited by Charles K. Wilber, 82–93. New York: Random House, 1973.
  3. Schumacher, E. F. Small Is Beautiful: Economics as If People Mattered. New York, Hagerstown, San Francisco, and London: Harper & Row, 1973.
  4. Boothroyd, Peter, and H. Craig Davis. “Community Economic Development: Three Approaches.” Journal of Education and Research 12 (1993): 230–40.
  5. Ibid.
  6. Douglas, David J. A. “Community Economic Development in Canada: Issues, Definition and Directions.” In Community Economic Development in Canada, 1st ed., edited by David J. A. Douglas, 234–56. Toronto and Montreal: McGraw-Hill Ryerson, 1994.
  7. Boothroyd, Peter, and H. Craig Davis. “Community Economic Development: Three Approaches.” Journal of Education and Research 12 (1993): 230–40.
  8. Ross, David P., and J. Peter Usher. From the Roots Up: Economic Development as If Community Mattered. New York: Bootstrap Press, 1986.
  9. Rostow, W. W. The Stages of Economic Growth: A Non-Communist Manifesto. Cambridge: Cambridge University Press, 1960.
  10. Douglas, David J. A. “Community Economic Development in Canada: Issues, Definition and Directions.” In Community Economic Development in Canada, 1st ed., edited by David J. A. Douglas, 234–56. Toronto and Montreal: McGraw-Hill Ryerson, 1994.
  11. Frank, André Gunder. “Development of Underdevelopment.” In The Political Economy of Development and Underdevelopment, edited by Charles K. Wilber, 94–104. New York: Random House, 1973.
  12. Dernbach, John C., and Federico Cheever. “Sustainable Development and Its Discontents.” Transnational Environmental Law. Cambridge University Press, 2016. https://www.cambridge.org/core/journals/transnational-environmental-law/article/sustainable-development-and-its-discontents/39134.
  13. Haughton, Graham. Community Economic Development. United Kingdom: The Stationery Office and Albert Gait Publications, 1999.
  14. Desai, Vandana. “Community Participation in Development.” In The Companion to Development Studies, edited by Vandana Desai and Robert B. Potter, 117–21. London: Oxford University Press, 2002.
  15. Boothroyd, Peter, and H. Craig Davis. “Community Economic Development: Three Approaches.” Journal of Education and Research 12 (1993): 230–40.
  16. Crist, Eileen. “The Reaches of Freedom: A Response to ‘An Ecomodernist Manifesto.’” Environmental Humanities 7 (2016): 245–54.
  17. Project DPro Guide: Project Management for Development Professionals. 2nd ed., March 2020.
  18. Douglas, David J. A. “Community Economic Development in Canada: Issues, Definition and Directions.” In Community Economic Development in Canada, 1st ed., edited by David J. A. Douglas. Toronto and Montreal: McGraw-Hill Ryerson, 1994.
  19. UNESCO Institute for Lifelong Learning. Learning Families: Intergenerational Approaches to Literacy Teaching and Learning—Selected Case Studies. Hamburg: UNESCO Institute for Lifelong Learning, 2015. http://unesco.org/uil/litbase.
  20. Naya, Bakar. “Peer Learning Groups.” DDI World Blog. https://www.ddiworld.com/blog/peer-learning-groups.
  21. Suliman, Muhammes. The Language Policy and the Language in Syria: The Kurdish Language as a Pattern. Istanbul: Kultur University, 2022.
  22. United Nations Environment Programme (UNEP). “Wangari Maathai’s Legacy Feted across Africa.” UNEP News and Stories. https://www.unep.org/news-and-stories/story/wangari-maathais-legacy-feted-across-africa.
  23. Trillion Trees. https://trilliontrees.org/.
  24. United Nations Development Programme (UNEP). About Us. https://www.unep.org/.
  25. Credit Union. https://en.wikipedia.org/wiki/Credit_union.

26.“Muhammad Yunus.” Wikipedia. https://en.wikipedia.org/wiki/Muhammad_Yunus.

  1. Lambert, Paul. Studies in the Social Philosophy of Co-operation. Manchester: Co-operative Union, 1959.
  2. International Co-operative Alliance (ICA). “Co-operative Principles.” 2011. http://www.ica.coop/coop/principles.html.
  3. Laidlaw, Alexander F. “Co-operatives in the Year 2000.” Paper presented at the 27th Congress of the International Co-operative Alliance, Moscow, 1980.
  4. Craig, John G. The Nature of Co-operation. Montreal, New York, and London: Black Rose Books, 1993.
  5. International Co-operative Alliance (ICA). “Co-operative Principles.” 2011. http://www.ica.coop/coop/principles.html.
  6. Molina, Fernando, and Miguez, Antonio. 2008. The origins of Mondragon: Catholic Co-Operativism and Social Movement in Basque Valley (1941-59). Social History 33, no. (3): 284-298.

https://doi.org/10.80/03071020802268314. https://ijcl.eu/index.php/ijcl/article/view/47

  1. Esta Ellis,Justin, Colin-Jones، Alastair, Zugasti,Ibon. Mondragon-An Economic Mutuality Case Study-Mondragon Responsible Business Forum: The Economics of Mutuality 18-19 May 2018. University of Oxford. http://www.mars.com economic-mutulity-foundation.

*UNESCO Institute for Lifelong Learning. “LitBase.” http://www.unesco.org/uil/litbase.

*UNESCO Institute for Lifelong Learning. Published in 2015 by UNESCO Institute for Lifelong Learning, Feldbrunnenstraße 58, 20148 Hamburg, Germany. © UIL, 2015.

**UNESCO Institute for Lifelong Learning. Learning Families: Intergenerational Approaches to Literacy Teaching and Learning—Selected Case Studies. Hamburg: UNESCO Institute for Lifelong Learning, 2015. http://unesco.org/uil/litbase.

Bibliography

Baran, Paul A. “On the Political Economy of Backwardness.” In The Political Economy of Development and Underdevelopment, edited by Charles K. Wilber, 82–93. New York: Random House, 197

Boothroyd, Peter, and H. Craig Davis. “Community Economic Development: Three Approaches.” Journal of Education and Research 12 (1993): 230–40.

Craig, John G. The Nature of Co-operation. Montreal, New York, and London: Black Rose Books, 1993.

Crist, Eileen. “The Reaches of Freedom: A Response to ‘An Ecomodernist Manifesto.’” Environmental Humanities 7 (2016): 245–54.

Desai, Vandana. “Community Participation in Development.” In The Companion to Development Studies, edited by Vandana Desai and Robert B. Potter, 117–21. London: Oxford University Press, 2002.

Douglas, David J. A. “Community Economic Development in Canada: Issues, Definition and Directions.” In Community Economic Development in Canada, 1st ed., edited by David J. A. Douglas, 234–56. Toronto and Montreal: McGraw-Hill Ryerson, 1994.

Frank, André Gunder. “Development of Underdevelopment.” In The Political Economy of Development and Underdevelopment, edited by Charles K. Wilber, 94–104. New York: Random House, 1973.

Haughton, Graham. Community Economic Development. United Kingdom: The Stationery Office and Albert Gait Publications, 1999.

Laidlaw, Alexander F. “Co-operatives in the Year 2000.” Paper presented at the 27th Congress of the International Co-operative Alliance, Moscow, 1980.

Lambert, Paul. Studies in the Social Philosophy of Co-operation. Manchester: Co-operative Union, 1959.

Ross, David P., and J. Peter Usher. From the Roots Up: Economic Development as If Community Mattered. New York: Bootstrap Press, 1986.

Rostow, W. W. The Stages of Economic Growth: A Non-Communist Manifesto. Cambridge: Cambridge University Press, 1960.

Schumacher, E. F. Small Is Beautiful: Economics as If People Mattered. New York, Hagerstown, San Francisco, and London: Harper & Row, 1973.

Seers, Dudley. “The Meaning of Development.” In The Political Economy of Development and Underdevelopment, edited by Charles K. Wilber, 6–15. New York: Random House, 1973.

Suliman, Muhammes. The Language Policy and the Language in Syria: The Kurdish Language as a Pattern. Istanbul: Kultur University, 2022.

Credit Union. https://en.wikipedia.org/wiki/Credit_union.

Dernbach, John C., and Federico Cheever. “Sustainable Development and Its Discontents.” Transnational Environmental Law. Cambridge University Press, 2016. https://www.cambridge.org/core/journals/transnational-environmental-law/article/sustainable-development-and-its-discontents/39134.

Dernbach, John C., and Federico Cheever. “Sustainable Development and Its Discontents.” Transnational Environmental Law. Cambridge University Press, 2016. https://www.cambridge.org/core/journals/transnational-environmental-law/article/sustainable-development-and-its-discontents/39134.

International Co-operative Alliance (ICA). “Co-operative Principles.” 2011. http://www.ica.coop/coop/principles.html.

Molina, Fernando, and Miguez, Antonio. The origins of Mondragon: Catholic Co-Operativism and Social Movement in Basque Valley (1941-59). Social History 33, no. (3) 2008 : 284-298. https://doi.org/10.80/03071020802268314. https://ijcl.eu/index.php/ijcl/article/view/47

Mondragon. Esta Ellis,Justin, Colin-Jones, Alastair, Zugasti,Ibon. Mondragon-An Economic Mutuality case Study-Mondragon Responsible Business Forum: The Economics of Mutuality 18-19 May 2018. .University of Oxford. http://www.mars.com economic-mutulity-foundation.

Muhammad Yunus. Wikipedia. https://en.wikipedia.org/wiki/Muhammad_Yunus.

Naya, Bakar. “Peer Learning Groups.” DDI World Blog. https://www.ddiworld.com/blog/peer-learning-groups.

Project DPro Guide: Project Management for Development Professionals. 2nd ed., March 2020.

Trillion Trees. https://trilliontrees.org/.

UNESCO Institute for Lifelong Learning. Learning Families: Intergenerational Approaches to Literacy Teaching and Learning—Selected Case Studies. Hamburg: UNESCO Institute for Lifelong Learning, 2015. http://unesco.org/uil/litbase.

UNESCO Institute for Lifelong Learning. Published in 2015 by UNESCO Institute for Lifelong Learning, Feldbrunnenstraße 58, 20148 Hamburg, Germany. © UIL, 2015.

United Nations Development Programme (UNDP). About Us. https://www.undp.org/.

United Nations Environment Programme (UNEP). “Wangari Maathai’s Legacy Feted across Africa.” UNEP News and Stories. https://www.unep.org/news-and-stories/story/wangari-maathais-legacy-feted-across-africa.

[1] نووسەر ماستەری هەیە لە بواری گەشەپێدان و پلانداڕێژی بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە بەشی دێهات لە زانکۆی گویلف لە کەنەدا.

وتارەکانی تر

Nothing Found

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!