گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026
فەرازمەند پەرەنگ، نەتەوەسازی و وێناکردنەوەی نیشتمان لە مووزیکی ڕەوەندی کوردیدا. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073
پەرەنگ فەرازمەند: نەتەوەسازی و وێناکردنەوەی نیشتمان لە مووزیکی ڕەوەندی کوردیدا.
دوکتوڕای ئێتنۆمووزیکۆلۆژی- یاریدەدەری زانستی لە بواری ئێتنۆمووزیکۆلۆژی لە زانستگای مارتین لۆتێری ئاڵمان
پوختە:
ئەم توێژینەوەیە لە ڕوانگەی زانستی ئێتنۆمووزیکۆلۆژییەوە بەدواداچوون دەکات بۆ پڕۆسەی نەتەوەسازی و وێنەکردنەوەی کوردستانێکی گەورە لە ڕێگەی مووزیکی ڕەوەندی کوردی لە سویددا. توێژینەوەکە جەخت دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن مووزیک، وەکوو فەزایەکی دەنگی و پێرفۆڕمانسی، دەبێت بە مێدیۆمێکی سەرەکی بۆ بە یەک گەیاندنەوەی پارچە لەیەکدابڕاوەکانی کوردستان، بنیادنانی نەتەوەی کورد، و پێکهێنانی شوناسی کوردی لە بەستێنی دیاسپۆراییدا. بە تایبەتی، گرنگی دەقی گۆرانی و جووڵە و فیگۆڕی دەنگی لە کاری هونەرمەندانی بنیادنەری دیسکۆرسی مووزیکی ڕەوەندی کوردی لە سوید کە لە ڕێگەی هونەرەکانیانەوە وێنەی نیشتمانێکی خەیاڵی لە کوردستان دروست دەکەن، شی دەکرێتەوە. نەتەوەسازی و وێنەکردنەوەی نیشتمان لەم توێژینەوەیەدا لە چوار بواری سەرەکیی— دەنگ، شوێن، دەقی گۆرانی و میدیا—تاوتوێ دەکرێت. توێژینەوەکە پشت بە تیۆرییەکانی وەکوو«ئۆتۆپیا دەنگییەکان»ی جۆش کان (٢٠٠٥) وە «دونیاسازی»ی نێلسۆن گوودمەن (١٩٧٨)، دەبەستێ. ئەم چوارچێوەی تیۆریکییە ڕێگە دەدات بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە سەرەکییە کە چۆن جووڵەی دەنگی و هێما مووزیکییەکان یارمەتیدەرن بۆ دروستکردنی دنیایەکی خەیاڵی کە لە چوارچێوەی ئەودا نەتەوەی کورد و کوردستانێکی گەورە لە کۆنتێکستێکی دیاسپۆرایی کوردیدا لە سوید بنیاد دەنرێن. هەروەها، چەمکە خەیاڵییەکان، وەک «نەتەوە خەیاڵکراوەکان»ی بێنێدیکت ئێندرسۆن (١٩٩١) و «خەیاڵە کۆمەڵایەتییەکان»ی ئارجوون ئاپادورای (١٩٩٦)، ئامرازێکن بۆ لێکۆڵینەوە لە پڕۆسەی بنیادنانی نەتەوە و پێکهاتنی شوناسی بەکۆمەڵ لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەی ڕەوەندی کوردی لە سوید، لە ڕێگەی مووزیکەکەیانەوە. لە ئەنجامدا، توێژینەوەکە نیشان دەدات کە بەدەر لە سنووری جوغرافیا، مووزیکی دیاسپۆرایی کوردی لە سوید جیهانێکی یۆتۆپیایی دروست دەکات کە لە ڕێگەی دەنگەوە نەتەوەی کورد پێکدەهێنرێت، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دووبارە خەیاڵ دەکرێت. لە ڕێگەی چالاکییە مووزیکییەکان کە هەست، یادەوەریی کۆمەڵایەتی، جوغرافیای خەیاڵی دەخەنە ڕوو و هونەرمەندان و گوێگران بەشدار دەبن لە دونیاسازییەکی دیاسپۆرایی کە هەستی پێوەندیی نەتەوەیی دروست دەکات، هەروەها واتای نیشتمان لە ژیانی دووربوون و ژیانی نێوانوڵاتیدا دووبارە ڕێکدەخات.
وشە سەرەکییەکان: کورد، نەتەوەسازی، مووزیکی کوردی، دیاسپۆرا، وێنەکردنەوەی کوردستان، سوید.
پێشەکی
هەموو کۆمەڵگایەکی لە نیشتمان دابڕاو تووشی چەندین قەیرانی سەرەکیی وەکوو قەیرانی ناسنامە، بێ وڵاتی و بێ نەتەوەیی دەبێتەوە. وەکوو یەکێك لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگایەکی ڕەوەندی، هیچ کۆمەڵەیەکی دیاسپۆرایی بە تەواوی خۆی بە ئەندامی ئەو کۆمەڵگایە نازانێت کە لە ناویاندا گیرساوەتەوە و هەرگیز دان نانێت بەو خاکە وەکوو خاک و نیشمانی ڕاستەقینەی خۆی کە لێی نیشتەجێ بووە. هەر ئەم تایبەتمەندییەش، کۆمەڵەیەکی ڕەوەندی لە كۆچبەرانی دیکە جیا دەکاتەوە کە بە خواست و ویستی خۆیان وڵاتیان بەجێ هێشتووە بە هومێدی بنیادنانی ژیانێکی نوێ و هەتاهەتایی لە وڵاتێکی جگە لە زێدی خۆیان (بڕوانە: Butler، 2001). بەڵام کۆمەڵگەی دیاسپۆرایی هەمووکات خولیای گەڕانەوەی بۆ نیشتمانەکەی خۆی لە سەردایە و هەموو هەوڵەکانی لە بەرژەوەندیی زێدی دایکیدایە و تەنیا لە پێوەندیی لەگەڵ زێد و هاونیشتمانیانیدا شوناسی نەتەوەیی خۆی پێناسە دەکات (بڕوانە: Safran، 1991). بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم قەیرانانە، کۆمەڵگەی ڕەوەندی بەردەوام بە شوێن مێکانیزمگەلێکدا دەگەڕێ بۆ دووبارە واتابەخشینەوە بە شوناس و نەتەوەکەی و بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەستی بێوڵاتی. لەنێوان بێشمار مێکانیزمی جۆراوجۆری وەکوو زمان، کولتوور، مێژوو، ڕێوڕەسم و نەریت، کار وچالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هتد. هونەر و لایەنە کولتوورییەکان، بۆ نموونە مووزیک، وەکوو مێکانیرمێکی فرەڕەهەندی و چەندلایەن، بە شێوەیەکی کاریگەرتر یارمەتیدەرن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەموکوڕیانەی کە لە کۆمەڵگایەکی ڕەوەندیدا هەستی پێدەکرێت (بڕوانە: فەرازمەند، ٢٠١٩ و٢٠٢١). لە وەها حاڵەتێکدا مووزیک، وەکوو فەزا و چوارچێوەیەکی مەفهوومی، یۆتۆپیایەکی دەنگی دروست دەکات کە بە بڕوای توێژەری ئامریکایی لە بواری هونەر و سیاسەتی پێوەندیی کلتووریی جۆش کان (٢٠٠٥)، فەزایەکە کە لەڕێگەی مووزیکەوە دروست دەکرێت و ڕێگەیەک بە گوێگر دەدات بۆ خەیاڵکردنی داهاتوویەکی جیاواز. ئەم ئۆدیۆتۆپیا یان یۆتۆپیا دەنگییانە لە فەزای ژیانی ڕاستەقینەدا سەرهەڵدەدەن و دواتر لەلایەن گوێگران و ئەنجامدەرانەوە بۆ فەزا و شوێنەکانی تر دەگواسترێنەوە. کان دەنووسێت: «فەزا دەنگییەکان ئارەزوو و هۆکاری یۆتۆپیایی کاریگەر دەخەنە ڕوو، لەو شوێنانەدا کە چەند شوێنێک کە بە گشتی لەگەڵ یەک ناگونجێن، نەتەنها لە ناو فەزای پارچە مووزیکێکی تایبەتدا، بەڵکوو هەروەها لە دروستکردنی فەزایەکی کۆمەڵایەتی و نەخشەسازیی فەزایێکی جوغرافیشدا کە مووزیک ڕێگەی پێدەدات، پێکەوە دەهێنرێن و لە پەنای یەک دادەنرێن» (Kun 2005, 23). بەپێی باوەڕی کان، یۆتۆپیا دەنگییەکان، ئەو فەزایانەن کە مووزیک وەک چالاکییەکی کاریگەر لە ناویاندا کار دەکات، لەو شوێنانەدا کە گوێگران هەردوو فەزای ڕاستەقینە و خەیاڵی دەنگی داگیر دەکەن. ئۆدیۆتۆپیاکان لە ڕێگەی جووڵە و فیگۆڕە دەنگییەکانەوە دروست دەبن و ئامرازێک دابین دەکەن بۆ ئەو گوێگرانەی کە لەژێر دەستبەسەری یان لە ناو گرووپە کەمینەکاندان، تا بتوانن جیهانی دڵخوازی خۆیان لە ڕێگەی ڕەهەندێکی دەنگیی نوێ و دووبارە خەیاڵکراودا دیسان ڕێک بخەنەوە» (بڕوانە: Clifford-Napoleon 2015، 68). تیۆریی «دونیاسازی» نێلسۆن گوودمەن (١٩٧٨)، مووزیک وەک کارێکی هێمایی و چالاک دەبینێت کە جیهانی کۆمەڵایەتی و کلتووری دروست دەکات، نەک ئەوەیکە تەنها ڕاستییەکی ئامادە وەکاس بکات (Goodman 1978, 1–7). لەم ڕوانگەیەدا، دەنگی مووزیکی، پێشکەشکردن و گوێگرتن لە مووزیک ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە دروستکردنی مانا، فەزا، و ئەزموون کردن و هەست پێکردن و مانابەخشین بە کات بەو مانایە کە مرۆڤ لە ڕێگەی مووزیکەوە ڕابردوو دەهێنێتە ئێستا و داهاتوو خەیاڵ دەکات. «ئەم پڕۆسانە بە هەڵبژاردن، ڕێکخستن، و گۆڕینی واتاکان کار دەکەن و بەو شێوەیە وێنەیەکی دیاریکراو لە ڕاستییەک دروست دەکەن» (ibid., 14–17). لە ڕێگەی شێوازەکانی وەک گرنگیدان، سڕینەوە و گۆڕینی مانا، چالاکییە مووزیکییەکان دنیایەک دروست دەکەن کە لە ناویاندا «ناسنامە» و «هەست بە شوێن» دیار دەکرێت. چوارچێوەی فرەڕەهەندیی گوودمەن ڕێگە دەدات تا چەندین جیهانی مووزیکی پێکەوە ببینرێن، ئەوانەی کە لە ئەنجامی کۆچ، یادەوەری، و بارودۆخە سیاسییەکان دروست بوون، بەبێ ئەوەی یەک ڕەوایەت وەک تاکە ڕاستی پێشکەش بکرێت. بەپێی گوودمەن، مووزیک سیستمێکی هێمایییە کە لە ڕێگەی هەڵبژاردن، ڕێکخستن، گۆڕانکاری و شێوەپێدانەوەی ڕاستییە کۆمەڵایەتی و جوغرافییەکان، جیهانەکان پێکدەهێنێت. چەمکی ئۆدیۆتۆپیای جۆش کان ئەم بیرۆکەیە فراوانتر دەکات و نیشان دەدات کە مووزیک فەزای دەنگی دروست دەکات کە لە ناویدا شوێن و بیرۆکە جیاوازەکانی وەک نیشتمان و هەندەران، یادەوەری و دووری، ئارەزووی سیاسی و ژیانی ڕۆژانە، لە پەنا یەک دادەنرێن.
پێشینەی توێژینەوە
توێژینەوەکان لەسەر مووزیکی کوردی لە دیاسپۆرای سویددا، بە شێوەی سەرەکی لەلایەن ڕێبازەکانی لێکۆڵینەوە ئێتنۆگرافییەکان و توێژینەوە نێوانبوارییەکانەوە پێکهاتوون؛ ئەو توێژینەوانەی کە چالاکییە مووزیکییەکان لە چوارچێوەی ژیانی بەکۆمەڵ، مێژووی کۆچ، و سیاسەتی پەیوەندیدانی ناسنامەدا دادەنێن. ئۆسکار پریپ (٢٠١٣،٢٠١١،٢٠٠٥) یەکێکە لەو توێژەرانەی کە قووڵترین و بەردەوامترین شیکردنەوەی ئەم بابەتەی پێشکەش کردووە؛ پریپ لێکۆڵینەوە لە ئەنجومەنە کولتوورییە کوردییەکان لە سویددا دەکات و ئەوان وەک شوێنە سەرەکییەکان دەبینێت کە لە ناویاندا مووزیک و هەڵپەڕکێ وەک چالاکیی کۆمەڵایەتی کار دەکەن و لە ڕێگەی ئەوانەوە ناسنامەی کۆمەڵایەتی، گۆڕانپەزێری ناسنامەی ئێتنیکی (ethnic elasticity) و خۆگونجاندنی ئێتنیکی لەگەڵ کۆنتێکستە نوێیەکان و ئەزموونی نێوانکولتووری گفتوگۆ دەکرێن. لە جیاتی ئەوەی مووزیکی کوردی وەک نەریتێکی جێگیر ببینێت، پریپ گرنگی دەدات بە بەشداریکردن، پێرفۆڕمانس و دروستبوونی دۆخی «کوردبوون» لە بارودۆخە دیاریکراوەکاندا. هەروەها، ئولریک فولگستن (٢٠٠٨، ٢٠١٠)، کە بە نزیکی لەگەڵ پریپ کاری کردووە، چالاکیی مووزیکیی کوردی لە ڕوانگەی یادەوەری و هەستەوە شی دەکاتەوە و نیشان دەدات کە چۆن ڕێپێرتوارە هاوبەشەکان و کردەوە مووزیکییە جەستەییەکان هەستەکان لەنێوان کوردانی دیاسپۆرای ستۆکهۆڵمدا ڕێکدەخەن و ڕێگە بە شێوەکانی پەیوەندیی نەتەوەیی نێونەوەیی دەدەن، بەبێ ئەوەی پێویست بێت ڕاستەوخۆ پشت بە گوتاری سیاسی ببەسترێت. لە چوارچێوەیەکی فراوانتری توێژینەوەی کۆچ و مووزیک لە سویددا، ماریا وێستڤال (٢٠١٥، ٢٠١٧) چالاکییە مووزیکییە کوردییەکان لەگەڵ مووزیکی گرووپە کۆچبەرەکانی دیکە دادەنێت و جەخت دەخاتە سەر چالاکیی مووزیکیی بەشداربووانە، کۆنتێکستی دامەزراوەیی، و ڕۆڵی ئەنجومەنی کولتووری لە سویددا لە دیاربوونی مووزیک و دروستکردنی بەرهەمی کولتووری. هەرچەندە لە ناو ئەم توێژینەوانەدا، کاری مینوو عەلینیا (٢٠٠٤، ٢٠١٣) ڕاستەوخۆ تیشک ناخاتە سەر مووزیک وەکوو خۆی، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی بنەمایەکی گرینگ دابین دەکەن بۆ تێگەیشتن لە مووزیکی کوردی لە سویددا، چونکە شیکردنەوەی ئەو لە فەزا دیاسپۆراییەکان و دروستبوونی ناسنامەی کوردی، ئەو بارودۆخە سیاسی و هەستیانە ڕوون دەکات کە لە ناویاندا چالاکییە مووزیکییەکان واتا و گرنگی وەردەگرن. هەروەها، خالید خەیاتی (٢٠١٢، ٢٠٠٨)، سوید وەک گرێیەکی ناوەندی لە ژیانی نێواننەتەوەیی کوردی پێناسە دەکات؛ چوارچێوەیەک کە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی دامەزراوە مووزیکییەکان، فێستیڤاڵەکان و بەرهەمهێنانی میدیایی لە نێوان کوردانی سویددا ئەوەندە گرینگییان هەیە.
لە تەنیشت ئەم توێژینەوانەی بە زمانی سویدی و ئینگلیسی نووسراون، توێژینەوە فارسییەکانی پەرەنگ فەرازمەند (٢٠١٩، ٢٠٢١) بە شێوەیەکی مووزیکناسانە و ڕاستەوخۆ تیشک دەخەنە سەر مووزیکی دیاسپۆرایی کوردی لە ناو کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سویددا. ئەم توێژینەوەیە شی دەکاتەوە کە چۆن مووزیک ڕۆڵ دەبینێت لە پاراستنی ناسنامە، خۆگونجاندنی کولتووری، و پرۆسەکانی گۆڕانی مووزیکی کوردی و پڕۆسەی گڵۆبالیزاسیۆنی ئەو کولتوورە مووزیکییە لە بارودۆخی دیاسپۆراییدا.هەروەها هەمان توێژەر لە ٢٠٢٦ توێژینەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە لەسەر پێوەندیی نێوان دەسەڵات و جێندەر لە مووزیکی نەریتی و ڕەوەندی کوردیدا لە سوید، کە بە وردی لێکدانەوەی کردووە لە سەر ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بە سەر باوەڕە جێندێرییەکان لە پێشکەشکردنی مووزیکی کوردی لە ناو مووزیکی کوردانی سوید ڕووی داوە و هەروەها ئەوجووڵە فێمێنیستییەی کە لە ڕێگەی مووزیکەکەیانەوە سەری هەڵداوە.
بەگشتی، ئەم توێژینەوانە پێکەوە مووزیکی کوردی نەک هەر لە سوید وەک میراتێکی جێگیر نیشان دەدەن، بەڵکوو وەک چالاکییەکی کۆمەڵایەتی، هەستی، ناسنامەیی و سیاسی تێدەگەیەنن کە لەلایەن کۆچ، ژیانی دامەزراوەیی، و گەڕانەوەی سەروونەتەوەیی پێکهێنراوە.
لەم توێژینەوەیەدا، وەک لێکۆڵینەوەیەکی سەر بە بواری ئێتنۆمووزیکۆلۆژی، کۆکردنەوەی داتاکان بە پشتبەستن بە چوارچێوەی ئێتنۆگرافی، ڕێگای کاری مەیدانی ، خوێندنەوەی سەرچاوە کتێبخانەییەکان و کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە دەنگی و ئاڕشیڤییەکان ئەنجام دراوە. شێوازی کۆکردنەوەی داتاکان بریتی بووە لە گفتوگۆی ڕێکخراو لەگەڵ مووزیسیەنانی کوردی نیشتەجێی سوید، هەروەها ئەنجامدانی چاودێریی بەشداربووانە لە ڕووداوە مووزیکییەکان کە پێوەندیدار بوون بە ئەم مووزیسیەنانە.
ڕەوەندی کوردی لە سوید و دیسکۆرسی مووزیکییەکەیان
بەپێی ڕاپۆرتی میراندا براینت (٧ی فێوریەی ٢٠٢٤)، پەیامنێر و ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی گاردیەن لە ستۆکهۆڵم، ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار کورد لە تورکیە، سووریە، عێراق و ئێرانەوە لە سوید نیشتەجێن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پلەیەکی بەرچاو لە نایەکسانیی کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییە. تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی کورد لە سوید فرەچەشنییەکی بەرچاوی کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییە، کە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کوردانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان. ئەم فرەچەشنییە بووەتە هۆی پەرەسەندنی کۆمەڵگەیەکی فرە کولتووری کورد لە ناوخۆی سویددا. ئەم تاکانە لە پاشخانی کولتووری و کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆرەوە هاتوون و پێگەی پیشەیی جیاوازیان لەناو کۆمەڵگەی سویددا هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییە هەمەچەشن و نایەکسانەکانی ڕەوەندی کوردی، سوودێکی بەرچاو لە ژینگەیەکی سیاسیی لەبار وەردەگرن، بەمەش ئاسانکاری دەکەن بۆ دامەزراندن و بەهێزکردنی ڕێکخراو و تۆڕە ڕەوەندییەکانیان (بڕوانە:2008 , Khayati ). لەناو جیهانی ڕۆژئاوادا، سوید، بەهۆی ئامادەبوونی توێژی ئێلیت لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و مووزیکی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ، وەک ناوەندێکی ناوازە بۆ پەرەپێدانی چالاکییە ڕۆشنبیرییە بەرفراوانەکانی ڕەوەندی، لەناو کۆمەڵگەی کورددا کار دەکات. لە ئەنجامدا سوید وەک «ناوەندی ڕاکێشان»[1] بۆ ڕەوەندی کوردی بە هەژمار دێت (بڕوانە: Ahmadzadeh ,2003؛ ,Khayati 2012)، چونکە سوید لە ئێستادا وەک تاکە نەتەوەی ڕۆژئاوایە کە تۆڕێکی ڕەوەندی کوردیی تێکەڵاوی بەرچاوی تێدا پەروەردە کراوە. لە ساڵی ١٩٨٤دا، یەکەم گرووپ لە کۆچبەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، ئەو کەسانەی کە لە ململانێ مەدەنی و چەکدارییەکانی نێوان ڕژیمی ئیسلامیی تازە دامەزراوی ئێران و دانیشتوانی کوردستان بریندار ببوون، بۆ وەرگرتنی چاودێریی پزیشکی گواسترانەوە بۆ سوید. لە ناویاندا ئەندامانی پارتە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات هەبوون، کە لە خەباتێکی چەکداریدا دژ بە ڕژیمی ئیسلامی بۆ بەرگریکردن لە دانیشتوانی مەدەنیی کوردستان تێوەگلابوون. بەپێی وتەی ئەندامێکی پێشووی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات، کەماڵ گەڕویسی (٢٠١٧) کە لەکاتی شەڕی داسەپاوی ناوخۆدا بریندار ببوو و بەشێک بووە لەو گرووپە ئاماژەپێکراوە، مەبەستی سەرەتایی ئەوان ئەوە بووە کە ئامادەبوونیان لە سوید بۆ ماوەیەکی کاتی بێت. دوای باشبوونی باری جەستەیی خۆیان، پلانیان دانابوو بگەڕێنەوە بۆ کوردستان. بەڵام وەک گەڕویسی (٢٠١٧) ئاماژەی پێکرد، دوای ماوەی چەند مانگێک، دەسەڵاتدارانی سوید مافی پەنابەرییان پێداون، بەمەش ڕێگری کراوە لە دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان بۆ کوردستان. سەرەڕای تامەزرۆییان بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمان، بەڵام لەو کاتەوە لە سنووری سویددا ماونەتەوە (گەڕویسی ٢٠١٧، ئۆپلاند ویسپی). هەروەها ئەم پێشهاتە ئاسانکاریی بۆ کۆچی کوردانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتەوە کرد، کە ژیانیان لە ئێراندا لە مەترسیدا بوو، ناچاری کردن پەنا بۆ وڵاتێکی ئارام ببەن. ئەم ڕیزبەندیی ڕووداوانە بووە هۆی دەستپێکردنی کۆچی کوردان لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ سوید بە درێژایی هەشتاکان و نەوەدەکان. لە ئەنجامی ئەم کۆچە بەربڵاوەدا، سوید لە ئێستادا زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی بەناو کۆچبەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی لەخۆ گرتووە. لە ناویاندا مووزیسیەنی ناودار و بەئەزموونی کورد، بەتایبەتی گۆرانیبێژە دیارەکانی وەک ناسر ڕەزازی، مەرزییە فەریقی، نەجمەدین غوڵامی، میکائیل جەهان، بنەماڵەی گەردی و ئەوانی دیکە ئامادە بوون کە لە چالاکیی سیاسیشدا بەشدار بوون و پێوەندییان بە پێشمەرگەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە و دامەزرێنەری «دیسکۆرسی مووزیکی دیاسپۆرایی کوردی» لە سوید بوون کە تەوەری سەرەکیی ئەم دیسکۆرسە پێوەندیی بە ناسیۆنالیزمی کوردی و کوردستان وگەیاندنی دەنگی گەلی کوردەوە هەبووە.
لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵەی ڕەوەندی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە سوید ئەنجام درا، بەشداربووان چەمکی وەک هەندەران، تاراوگە و بێ وڵاتییان بەکار دەهێنا بۆ خستنەڕووی ئەزموونی دابڕان لە زێدی خۆیان و پەرشوبڵاوییان لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان. ئەم دەربڕینانە سەرەڕای تێکەڵبوونی ئەوان لەگەڵ کۆمەڵگای سویدی، هەستەکانی نیشتمانپەروەری لەخۆ دەگرن، هەستەکانی دابڕان لە نیشتمان، هەستی بە ڕاستەقینە سەر بە کۆمەڵگا و ناوچەی ئێستا نەبوون و ئاواتەخوازی گەڕانەوە بۆ کوردستان نیشان دەدەن. بەپێی تیۆریی ڕەوەندی ویلیام سەفران (١٩٩١)، ئەم مەیل و ڕەنگدانەوانە کە هێمای باوەڕی ناسیۆنالیستی و نیشتمانپەروەرین لەناو کۆمەڵگەی ڕەوەندی کوردیدا، بنیادنانی بناغەی «گوتاری ڕەوەندی کوردی» دیاری دەکەن، کە لە مووزیکەکەشیاندا دەنگدانەوەی هەبووە. کۆمەڵگەی ڕەوەندی کورد لەهەمبەر لە ئامێزگرتنی تەواوەتیی سوید وەک نیشتیمانی ڕەسەنی خۆی، ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە. لە ئەنجامدا هەستکردن بە «بێوڵاتی» ئەزموون دەکەن، ئەمەش پێویستی بە پڕۆسەی «دووبارە نیشتەجێبوونەوە»[2] هەیە. ئەو گۆرانییانەی کە لەلایەن مووزیکڤانانی ڕەوەندەوە بەرهەم هێنراون، بە هەستێکی قووڵی بێوڵاتی و بێدەوڵەتییەوە دەنگ دەدەنەوە، ئەم هەستانە لە ڕێگەی پێکهاتە و دەقە مووزیکییەکانیانەوە دەردەبڕدرێن. بۆ نموونە، لە ساڵی ١٩٩٣ لە کاتی نیشتەجێبوونی لە سوید، ناسر ڕەزازی گۆرانیبێژی ناوداری کورد گۆرانییەکی بە ناوی «نەداری» پێشکەش کرد. گۆرانییەکە بە شێوەیەکی بەهێز ئازاری دابڕانی زۆرەملێ و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەل قەیرانی ناسنامە و بەگشتی، فەلسەفەی جەبریگەرایی ژیان دەخاتە ڕوو کە گۆرانیبێژ و کۆمەڵگەی کورد ئەزموونی دەکەن، کە ناچارن واز لە نیشتمانە خۆشەویستەکەیان بێنن و لە خاکێک جێگیر بن کە خاکی خۆیان نییە. بە شێوەیەکی کاریگەرانە ئەو خەمە قووڵەی کە پەیوەستە بە ئاوارەبوون و دەربەدەری و هەستکردن بە نامۆیی لە شوێنی ئێستایاندا لە ڕێگەی ئەم تێکستانەی خوارەوەدا دەخاتە ڕوو:
هیلاکی ڕەنجێکم کە ڕەنجی من نیە
دانیشتووی خاکێکم کە خاکی من نیە
ناسراوی ناوێکم کە ناوی من نیە
گریاوی ژانێکم کە ژانی من نیە
زادەی لەززەتێکم لەززەتی من نیە
بە مەرگێکیش دەمرم کە مەرگی من نیە
لێرەدا بەرەوڕووی سێ چەمکی «کۆچی بە زۆرەملێ»، «قبووڵنەکردنی شوێنی ئێستا وەکوو نیشتمانی ڕاستەقینە» و هەروەها «بێوڵاتی» لە تەوەری گۆرانییەکەدا دەبینەوە کە یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کۆمەڵەی ڕەوەندی کوردی وەکاس دەکاتەوە.
هەروەها، ناسر ڕەزازی لە ساڵی ٢٠١٠ لە چوارچێوەی ئەلبوومی «کرماشان»، گۆرانییەکی بە ناوی «تاسەبارم» بڵاو کردەوە. گۆرانییەکە باس لە تاسەکردنێکی قووڵ بۆ کوردستان دەکات کە تاکێکی کورد لە هەندەران ئەزموونی دەکات، حەسرەتێکی قووڵ بۆ سەردانکردنەوەی شاخەکانی کوردستان دەردەبڕێت و ماتەمینی بۆ چاوپێکەوتنی لەدەستچووی خۆشەویستەکەی لە نیشتمانەکەیدا دەگێڕێتەوە. گۆرانیبێژ ئازاری کۆچی زۆرەملێ دەخاتە ڕوو و هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر خەباتی بێوچان بۆ نیشتمانەکەیان وەکوو تاکە تاوان. جگە لەوەش، گۆرانییەکە هیوایەکی یەکلاکەرەوە دەگەیەنێت بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستان و کۆتایی گەشتە سەختەکەی کۆچبەری بەم شێوەیە:
هەڵوەدام و کەیلە دڵ بۆ دیتنی کوێستانەکەم
تاسەبارم، تاسەباری خاکی کوردستان ئەکەم
وا پەڕیوەی بێ پەڕوپۆی هەندەرانم داخەکەم
هەرچی دەڕوانم دەبینم دوورە دوور جێژوانەکەم
کۆچەرێکم هەڵگری سەر وا لە پێناوی وڵات
ئەو مەلەم ئاکامی کۆچم دەچمەوە هێلانەکەم
هەروەها، گۆرانیی «گوڵی سوور» کە لەلایەن نەجمەدین غوڵامییەوە لە ساڵی ١٩٩٥ وەک بەشێک لە ئەلبوومی «شەتاو» تۆمارکراوە. ئەم پێکهاتەیە بە جوانی شکۆمەندیی سرووشتی کوردستان وێنا دەکاتەوە، بە دەقێکی پڕ لە سۆز دەربڕینی خۆشەویستیی قووڵی کوردێک لە هەندەران بۆ نیشتمانەکەی دەردەبڕێت. ناوەڕۆکی دەقی گۆرانییەکە هەستێکی قووڵی تامەزرۆیی گەڕانەوە بۆ کوردستان و هەروەها نۆستالژیا دەگەیەنێت و ئەزموونی تاراوگەنشینێک لە بیری نیشتمان و دابڕان لە خۆشەویستەکانی نیشان دەدات. گوڵە سوورەکانی چیاکانی کوردستان هێمای کەسوکار و خۆشەویستە لەیەکدابڕاوەکانن. گۆرانییەکە بە شێوەیەکی کاریگەر قووڵایی هەستی بەسۆزی ئەم تەوەرانە دەگرێتەوە لە هەمان کاتیشدا تیشک دەخاتە سەر دیمەنە بەشکۆکانی شاخەکانی کوردستان وەک توخمێکی شوناس و ناسنامە بۆ ئەم جوغرافییایە بەم شێوەیە:
لە دوورەو هاتم فێنکی دڵەکەم
ئەگەر نەتبینم کوێرە دیەکەم
لە دوورەو هاتم بە گوڵی سوورەوە
هەردم بڕیوە بەم سنوورەوە
گوڵە سوورەکەی چیای کوردستان!
پێشکەش تۆی ئەکەم ڕۆح ودڵ و گیان
لە سایەی تۆدا گوڵە سوورەکەم
ئەگرمە باوەش کەسە دوورەکەم
هەروەها، لە بەرهەمەکانی خانمە گۆرانیبێژ، مەرزیە فەریقیشدا کلیلوشەی «کوردستان» و هەروەها قەیرانی بێوڵاتی و ناسنامەیی و بەدەستهێنانەوەی ئەم شوناسە تەنیا لە پێناو ژیان لە کورستان، وەکوو چەمکێک بۆ دەربڕینی تایبەتمەندییە ڕەوەندییەکانی مووزیکی ڕەوەندی کوردی، ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە. گۆرانیی «کوردستان» لە ٢٠٠٢، بەم شێوەیە ئەو گوتارە ڕەوەندییە دەردەبڕێت:
بێ تۆ بێ هەناسە و چرپەم
بێ تۆ بێ کەس و بێ دەرم
بێ تۆ بێ بەرگ و بێ بەرم
تۆ شادیمی تۆ شادیمی
تۆ فریشتەی ئازادیمی
تۆ هێلانەی خۆشبەختیمی
تۆ پەیامی سەرسەختیمی
ئەتپەرستم ئەتپەرستم
بە ئاواتی تۆوە مەستم
هەر دێمەوە بۆ ئامێزت
دەشنێمەوە بە شنەی هێزت
ئەیڵێمەوە بەستەی بەستان
قوربانت ئەبم کوردستان
پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی هەمەچەشنی ڕەوەندی کورد، لەگەڵ ژینگەی سیاسیی سوید، کە هەندێک لە توێژەران دەڵێن لەبارە بۆ کولتوور و ناسنامەی کورد )بڕوانە:2008 , Khayati ). بووەتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵێک چالاکی و پڕۆسەی سەروونەتەوەیی فراوانتر لەنێوان کوردانی سویددا بە بەراورد لەگەڵ کوردانی نیشتەجێی وڵاتانی دیکەی یەکیەتیی ئەورووپا، بکردرێت. لە کۆمەڵگەی کوردیی سویددا، هەستێکی بەهێزی نیشتمانپەروەری لە چالاکییە جیاوازەکانی سەروونەتەوەییدا بەدی دەکرێت، لەوانەش چالاکییە مووزیکییەکانن. کەسایەتیی دیاری مووزیکی کوردی لە کوردستان و ڕەوەند، نەجمەدین غوڵامی (٢٠١٧)، ئەم ئیددعایەی لە بواری مووزیکی کوردیدا پشتڕاست کردەوە:
«حکوومەتی سوید ساڵانە فستیڤاڵ لە پارێزگا جۆراوجۆرەکاندا ساز دەکات، ئەم فستیڤاڵانە سەکۆیەک بۆ کوردانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەڕەخسێنن بۆ یەکگرتن و پتەوکردنی پێوەندییەکانیان، بەتایبەتی لەنێو مووزیکژەنەکاندا. فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە سویدKurdiska Riksforbundet) (iSverige وەک سەکۆیەکی گونجاو بۆ کارلێکردن و دامەزراندنی پێوەندیی لەنێوان کوردانی وڵاتانی جیاوازدا کار دەکات. سەرەتا ئەم فێدراسیۆنە بە پلەی یەکەم پاڵپشتی چالاکییە کولتووری و هونەرییەکان بوو کە لەو ماوەیەشدا ئەلبوومێکی سیدیم بە ناوی شەتاو لە ١٩٩٥ بەرهەم هێنا» (غوڵامی ٢٠١٧، ستۆکهۆڵم).
نەتەوەسازی
بیرۆکەی سەربەخۆیی و گەلێکی یەکگرتوو تەوەرێکی سەرەکیی دیکەی گۆرانییەکانی ڕەوەندی کوردی بووە لە سوید. لە میانی فستیڤاڵی نەورۆزی ساڵی ١٩٩٩ لە ستۆکهۆڵم، کە لە هەزاران کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی تر پێک هاتبوو، کە لە ناویاندا ئاڵای کوردستان و ئاڵای حیزبە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی سەرتاسەری کوردستان دەشەکاوە، ناسر ڕەزازی گۆرانییەکی کوردیی نەتەوەیی بە ناوی «باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات» پێشکەش کرد، کە یەکگرتوویی و هاودەنگیی کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستانی گەورەی دەربڕی، ئەم گۆرانییە ڕەنگدانەوەی دیسکۆرسی مووزیکی ڕەوەندی کوردی بوو. بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە هەموو ناوچەکانی کوردستانی گەورە نوێنەرایەتیی یەک خاک دەکەن، گۆرانیبێژ جەوهەری یەک نەتەوەبوونی کوردی سەرەڕای جیاوازیی زاراوەیی و ئایینی ورووژاند. دەقی گۆرانییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە جیاوازییە ئایینییەکان جێگەی سەرنجی سەرەکیی نەتەوەیی کورد نین؛ ئەوەی لە هەموو شتێک گرینگترە ناسنامەی کوردییە و هەموو کورد یەکگرتووە لە ئامانجە هاوبەشەکەیاندا کە خەبات لە پێناو ئازادیی کوردستانە:
کرمانج و زازا و سۆران، فەیلی و کەلهوڕ و گۆران
کوردین و یەک میللەتین بێ جیاوازی و بێ گۆڕان
باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات، یەک وڵات و یەک خەبات
شیعە و سوننی و ئێزدی هەموو هەر برای یەکین
عەلەوی و ئەهل حەق و بێ دین
بۆ کوردستان تێبکۆشین با ئاواتمان بێتە دی
مووزیکڤانانی کورد لە ڕەوەندی سوید هەوڵیان داوە بۆ پاراستنی پێوەندییە کولتووری و نەتەوەییەکانیان. لەو پێناوەدا چالاکییە مووزیکییەکانی ڕەوەندی کوردی ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە لە پەرەپێدانی پێوەندیی نێوان کوردانی سەرانسەری دنیا. ئەم چالاکییە ڕێکخراوانە، سەرەڕای مەودای جوغرافی، وەک بەڵگەیەک لەسەر یەکگرتنەوەی هەموو کوردانە. ئەوان، لە هەر بەشێکی کوردستانەوە، نەک هەر خەریکی کارلێکی ناوڕەوەندی دەبن بەڵکوو پێوەندیی لەگەڵ هاوکوردەکانیشدا دادەمەزرێنن. بناغەی ئەم کارلێککردنە بریتیە لە «ناسنامەی کوردی»، «مێژووی هاوبەش»، «نیشتمانێکی هاوبەش» و بە گشتی «کوردایەتی»، کە مێکانیزمی سیاسی و کولتووریی هەمەچەشن، لەوانەش مووزیک و هەڵپەڕکێ، بەکاردەهێنن بۆ خستنەڕووی مێژوویەک و شوناسێکی هاوبەش. کۆمەڵگەی ڕەوەندی کورد کە لە پارچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە، بەکۆمەڵ خۆیان وەک نەتەوەیەک دەناسێنن کە نیشتمانێک و میراتێکی مێژوویی هاوبەشیان هەیە. کورد بۆ زیاتر لە سەدەیەک ئاواتی ڕێکخستنەوەی کوردستانێکی یەکگرتووی هەبووە. لەناو ڕەوەنددا، کارلێکەکانی نێوان کوردانی مووزیسیەنی ناوچە جیاوازەکان کە لە وڵات و چوارچێوەی جۆراوجۆردا دەژین، پەرەی بە تۆڕەکان و چەمکی «نەتەوەیەکی یەکگرتووی کورد» و «کوردستانێکی گەورەی خەیاڵی» لە مووزیکەکەیاندا داوە. لە توێژینەوە دیاسپۆراییەکاندا، چەمکی «خەیاڵە کۆمەڵایەتییەکان» ئەو بیرۆکە گرینگانە لەخۆ دەگرێت کە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر کۆچبەران هەیە. بەپێی ئانترۆپۆلۆژیستی هیندی-ئامریکایی، ئارجون ئاپادورای (١٩٩٦)، زۆرجار خەیاڵە کۆمەڵایەتییەکان سنووری دەوڵەت تێدەپەڕێنن (بڕوانە: Appadurai ، 1996). بۆیە چەمکە خەیاڵییەکان، وەک «نەتەوە خەیاڵکراوەکان»ی بێنێدیکت ئێندرسۆن (١٩٩١) و «خەیاڵە کۆمەڵایەتییەکان»ی ئاپادورای (١٩٩٦)، ئامرازێکن بۆ لێکۆڵینەوە لە پڕۆسەی بنیادنانی نەتەوە و پێکهاتنی شوناسی بەکۆمەڵ لەناو مووزیکی ڕەوەندی کوردی لە سوید. ئەنجامی کارلێکی مووزیکی مووزیسیەنانی کوردی پارچە و ناوچە جۆراوجۆرەکان بووە بە هۆی سەرهەڵدانی ستایلێک لە مووزیکی کوردی کە پێک هاتووە لە توخمی مووزیکی هەموو کوردەکان لە سەرانسەری کوردستانی گەورە، لە دەنگ و سۆنۆریتەی ئامێراکانیانەوە بگرە هەتا ڕیتم و مەودای دەنگ و ئەدا و فۆڕم و ژانر و ستایل. لە گۆرانییەکی بە زاراوەی سۆرانیدا گوێگر فیگۆڕە دەنگییەکانی مووزیکی کرمانجی و مووزیکی ڕۆژهەڵاتی و باشووری بە تێکڕایی گوێ لێدەبێ کە مووزیکێکی کوردی بەرهەم هێناوە کە شوناسی هەموو مووزیکە کوردییەکانی تێدا بەدی دەکرێ. لە فەزای دەنگی ئەو ستایلە هیبریدی و تێکەڵاوەدا دەنگی نەتەوەیەکی یەکگرتوو و نیشتمانێکی بەیەکگەیشتوو یاد دێنرێتەوە، نەتەوە و نیشتمانێک کە لە ڕێگەی مووزیک و فیگۆڕە دەنگییەکان وێنا کراون. بۆ نموونە ئەلبوومی ١٩٩٠ی ناسر ڕەزازی بە ناوی «چیمەن» یەکێک لە بەرهەمەکانی گۆرانییەکە بە ناوی «هەر تۆم دەوێ» ، بە زاراوەی سۆرانی، بە مووزیکی کرمانجی بە ئامێرەکانی ساز و نەی و بەندیر و هەروەها دڕامزی ڕۆژئاوایی پێشکەش دەکرێت. ئەو بەرهەمە پێکهێنانێکی دەنگییە کە نیشانەیەکە لە تێکەڵبوونی ڕێزمان وشێوازە کوردییەکان. فیگۆڕە دەنگییەکان لەو بەرهەمەدا جیهانێکی دەنگییان بەرهەم هێناوە کە لە توخمە مووزیکییەکانی کوردی کورمانج و سۆران پێک هاتووە و ئۆدیۆتۆپیایەکن کە بەیەکگەیشتنەوەی کوردانی پارچەکانی باکوور و ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باشوور خەیاڵ دەکەنەوە.
وێناکردنەوەی نیشتمان
لە کاتی هەستکردن بە «بێوڵاتی»دا کوردی تاراوگەنشین پێویستیان بە مێکانیزمێکە بۆ مانابەخشینەوەی دووبارە بە وڵات و وێناکردنەوەی نیشتمان. لە زانستی دیاسپۆرادا چەمکی «دووبارە چەسپاندنەوە»[3] بریتییە لە شێوەیەک لە جێگیربوونەوەی دووبارە و پێکهێنانەوەی «نیشتمان» لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات. بۆ مووزیکڤانانی کوردی تاراوگەنشین کە لە زێدی خۆیان دابڕاون و لە خاکێکی بێگانەدا نیشتەجێن و بەردەوام تامەزرۆی گەڕانەوە بۆ کوردستانن، مووزیک وەک ڕێڕەوێک بۆ دروستکردنی «نیشتمانێکی خەیاڵی» دەور دەگێڕێت. مووزیک ڕۆڵێکی چارەنووسسازی گێڕاوە لە ڕەوەندی کوردیدا وەک ئامرازێکی ڕووبەڕووبوونەوە بۆ «جێگیربوونی دووبارە»[4] یان پێکهێنانی «نیشتمانێکی خەیاڵی» لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە. کۆبوونەوە و بۆنە مووزیکییەکان و دابەشکردنی مووزیک لە ڕێگە جیاوازەکانی میدیاییەوە بە چڕی و بە پتەوی یادەوەرییە بەکۆمەڵەکانی هاوبەش دەورووژێنن و پێوەندییەکی بەهێزتر و دەستڕاگەیشتن بە «نیشتمان» دەڕەخسێنن. و لە هەمان حاڵیشدا، بە بەراورد لەگەڵ چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە ڕەوەنددا، مووزیکی کوردی بە سادەیی زیاتر، هەستی بوون لە ناو «نیشتمان» دەورووژێنێتەوە. ئەم وێنەکردنەوە مووزیکییەی «شوێن» یان «وڵات»، یارمەتیدەری تاراوگەنشینانە بۆ خەیاڵکردنەوەی کوردستان و گیرسانەوە لەو کوردستانە خەیاڵییەدا کە لە هەندەران لە ڕێگەی مووزیکەوە وێنا کراوەتەوە.
جگە لە فیگۆڕە دەنگییەکان، شوێنەکانی وەک شەواهەنگەکان و یاد و بۆنە نەتەوەییەکان، فەزایەکی مووزیکی بوون بە پلەی یەکەم بۆ کۆبوونەوەی کوردانی ناوچە جیاوازەکان لە فەزایەکی دەنگیی هاوبەشدا. شەواهەنگەکان وەک فەزایەکی کۆمەڵایەتی کار دەکەن کە کارلێکی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی کولتووریی لە نێوان ئەندامانی ڕەوەندی کوردیدا ئاسانتر دەکەن. ئەم فەزا مووزیکییانە جۆرە نوێیەکانی نزیکایەتیی کۆمەڵایەتی لە نێوان کوردانی تاراوگەدا پەروەردە دەکەن، کە بە «نزیکایەتیی ڕەوەندی»[5] ناو دەبرێن. ئەم جۆرە نزیکایەتییە بە پێناسە دیستۆپیاییە، لەبەر ئەوەی جۆرێک لە نزیکایەتیی هەستیار و ناوخۆیییە کە لە نێوان ئەندامانی دیاسپۆرادا دروست دەبێت، نە لەسەر بنەمای هاونیشتەجێبوون یان هاوڕێیەتی، بەڵکوو لەسەر بیرەوەریی هاوبەش، دابڕان، و ژیانی نێوان نێوان. هەروەها، ئەم نزیکایەتییە تەنیا لە چوارچێوەی ئەم فەزا مووزیکییانەدا بوونیان هەیە و لەگەڵ پێوەندی و ناسینی ڕاستەقینە جیاوازن (بڕوانە: Boym 1998، 499-500). ئەم ژینگانە لەبار بوون بۆ پێوەندیکردن، پێشکەشکردنی مووزیک و نمایشی هەڵپەڕکێی بەکۆمەڵ. گۆرانییەکان بە هەموو زاراوە و شێوەزارە کوردییەکان و فۆڕمە جۆراوجۆرەکانی هەڵپەرکێ کوردییەکان لە یەک شوێن بە تێکڕایی نمایش دەکرێن. ئاڵای کوردستان، وێنەی ڕێبەری کۆمار و گۆرانیی نەتەوەیی بەیەکەوە وەبەرچاو دێن و دەبیسترێن. لە ئەنجامدا، تاکەکان دەرفەتی زیاتریان بۆ دەڕەخسێت بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی پێوەندی و تۆڕەکانی ڕەوەند لەناو ئەم ڕێکخستنە دەنگییانەدا. کوردی ڕەوەند لە هەموو بەشەکانی کوردستانی گەورەوە نوێنەرایەتیی کولتوور و زاراوە و شێوەزار و نەریت و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای جۆراوجۆری خۆیان دەکەن و لەم فەزا دەنگییانەدا کۆ دەبنەوە. لە ڕاستیدا لە چوارچێوەیەکی وەهادا ئاڵای کوردستان پێگەیەکی خاوەنڕێز و بەرزی هەیە و هەمیشە وەک هێمای گرینگییەکی گەورە هەڵدەواسرێت. ژمارەیەکی زۆر لە تاکەکان زۆرجار جلوبەرگی جۆراوجۆری کوردییان لەبەردایە. مووزیکڤانەکان نەک هەر خەریکی گێڕانەوەی فولکلۆر و مووزیک و گۆرانییە نەریتییەکانن بەڵکو گۆرانیی شۆڕشگێڕانە و تەوەری سیاسی و قارەمانانەش پێشکەش دەکەن، بەم شێوەیە کوردایەتی و نیشتمانپەروەری لەناو بینەراندا زیاتر پەروەردە دەکەن. وێناسازی لەم شوێنانەدا دیدگایەک بۆ نەتەوەیەکی یەکگرتووی کورد لە چوارچێوەی «کوردستانێکی گەورەی خەیاڵی»دا دەگەیەنێت، وەک هێمایەکی بەهێز کە سنوورە جوغرافییەکان تێدەپەڕێنێت بۆ وێنەکردنەوەی ناسنامەیەکی بەکۆمەڵ. ئەم ئەبستراکت و تێڕوانینە خەیاڵییانە لە لایەن مووزیکەوە لە فەزایەکی دەنگیدا لە ڕێگەی فیگۆڕە دەنگییە جۆراوجۆرەکانەوە دروست دەبن، تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی لەو قۆناغەدا بوونیان هەیە کە مووزیک و هەڵپەڕکێ ڕوودەدەن، لەگەڵ لێکنزیکبوونەوەی پێکهاتە جیاوازەکانی کورد. بۆیە شەواهەنگەکان و بۆنە نەتەوەییەکان وەک فەزای دەنگی، ئۆدیۆتۆپیاکان دادەمەزرێنن کە تێیدا کۆمەڵگەی کورد وەک کەمینەیەک لە ڕەوەنددا، بتوانێت نەتەوەیەکی خەیاڵی و نموونەیەکی بچووک لە کوردستانێکی گەورە بنیاد بنێت. ئەم فەزا دەنگییانە وەک ئامرازێکن بۆ یەکخستنی هەموو کوردانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی گەورە و بەدیهێنانی خواستێکی لەمێژینەی کورد.مووزیکژەن و گوێگرانی کورد لە شەواهەنگەکاندا لە ڕێگەی مووزیکەوە خەریکی پرۆسەیەکی «دونیاسازی»ن. ئەم کردەی دونیاسازییە لە بنەڕەتدا بەکۆمەڵە، فەزای دونیاکەیان دروست دەکات، کە دواتر وەک پاشخانێک بۆ تێگەیشتن لە شوناسی کوردیی خۆیان و هەستکردن بە سەربەخۆییان بە نیسبەتی کۆمەڵگای خانەخوێ کاردەکات. ئەو جیهانەی لە ڕێگەی کردەوەی گشتییەوە ئاشکرا دەبێت، بە ئەنقەست داڕێژراو نییە؛ بەڵکوو لە ڕێگەی چالاکییەکی بە کۆمەڵەوە سەری هەڵداوە، وەک پاشخانێک کاردەکات کە چۆنیەتیی تێگەیشتنیان لە خۆیان لە قاڵب دەدات، ئەمەش وای لێدەکات زیاتر بێت لە تەنها ئەزموونێکی تاکەکەسی.
هەروەها مووزیکڤانانی تاراوگەنشین بۆ بەدیهێنانی وڵات، ناوبەناو وەشانە ڕەسەنەکانی مێلۆدی فولکلۆری نەریتی کوردی و مێلۆدییە پێشکەشکراوەکانی هونەرمەندە ناوخۆییەکانی کوردستان لەگەڵ ئاوازەکانی خۆیان کە لە ژینگەی ئێستایاندا دروست کراون، تێکەڵ دەکەن. ئەم چالاکییە نەک هەر تامەزرۆیی ئەو تاکانە بەدی دێنێت کە ئارەزووی ژیان لە کوردستانیان هەیە بەڵکوو مووزیکژەنەکان دەتوانن وێناو وەبیرهێنانەوەیەک لە مووزیکی زێدی خۆیان بۆ گوێگرەکانیان دروست بکەن. سمکۆ گەردی (٢٠١٧)، ئاوازدانەر و کەسایەتییەکی چالاک لە بەرهەمهێنانی مووزیکی کوردی لە سوید، لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری پیرانشاری ناوچەی موکریانە. ئەم هونەرمەندە بە هۆی بنەماڵەکەی و ململانێ سیاسییەکانی لەگەڵ ڕیژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ناچار بوو کۆچ بکات بۆ سوید و ئێستا لە ئۆرێبرۆ نیشتەجێیە. ئاوازدانەرێکە کە مێلۆدییە ئامێرییە فۆلکلۆرییە ڕەسەنەکانی کوردی لەگەڵ ئاوازەکانی خۆی تێکەڵ دەکات. لە کاتی پرسیارکردن لەسەر چۆنیەتیی ئیلهامبەخشی بۆ هێنانەناوەوەی توخمەکانی مووزیکی فولکلۆری کوردی، بەتایبەتی ئەوانەی لە ناوچەی موکریانەوە هێنراونەتە ناو هەوڵە داهێنەرەکانیدا، بەم شێوەیە هۆکاری وردتری خستەڕوو:
«من لەناو دڵمدا ئاواتم زۆرە. بەڵام حەیف و هەزاران حەیف، من لە موکریان نیم، و دەستم ناگات بە مووزیکژەن و کەسایەتییە گەورەکانی موسیقای موکریان، وەک باڵەبانژەن و بەیتبێژە بەناوبانگەکانی وەک عوسمانە سوور، کە سەرچاوەی ئیلهامبەخشن بۆ من لە دروستکردنی بەرهەمەکانمدا. گەر لەوێ بوایەم دەمزانی چم دەکرد و چیها ئاوازی تایبەتم دادەنا. وەک هەر تاکێکی نیشتمانپەروەر، تامەزرۆی ئەوەم کە لە زێدی خۆم، کوردستان، بەتایبەتی لە موکریان بژیم. بەداخەوە، بەهۆی پرسە سیاسییەکان کە کاریگەرییان لەسەر من و خێزانەکەم هەیە، لە ئێستادا ناتوانم لەوێ بم […] من لە ئاوازەکانمدا ئەو دوورییە لەڕێگەی ئەو مۆسیقایەی کە دروستی دەکەم، بە تێکەڵکردنی توخمەکانی ئەو مێلۆدییانەی کە ژەنیارەکانی ناوخۆییە کۆنەکان دەیژەنن، دەردەبڕم […] بەو کارە، هەستی تاسەو و وێنەکردنەوەی نۆستالژییەکانی نیشتمان دەکەم، چ بۆ خۆم و چ بۆ ئەو بیسەرەی کە لە وڵاتەکەی دوورە» (گەردی ٢٠١٧، ئۆرێبرۆ).
سمکۆ گەردی پارچە مووزیکێکی بەرهەم هێنابوو لە تێکەڵاوی مێلۆدییەکی فولکلۆر بە ناوی «سۆیبە باڵابەرز» کە ژەنینێکی کۆنی ژەنیار و شایەرە کۆنەکانی ناوچەی موکریان بوو بە ئامێری دووزەلە لەگەڵ مێلۆدییەکی نوێی بەرهەمی خۆی بە ئامێرە مووزیکییە ئێلێکترۆنییەکان و دەنگی سەمپڵ. پارچە مووزیکەکەی بەرهەمی سمکۆ گەردی بە شێوەیەکی زیندوو ململانێیەکی دەروونیی پەیوەست بە تامەزرۆیی بۆ ناوچەی موکریان و حەقیقەتی ژیان لە تاراوگە دەردەخات. لە چوارچێوەی ڕەوەنددا، جیاوازیی نێوان دەنگە سەمپڵەکان و دەنگی ڕەسەنی دووزەلەیەک نموونەی ئەم ململانێیە بوو. تێکەڵکردنی دەنگە ئێلێکترۆنییەکان لە مێلۆدییەکاندا ئاماژەیە بۆ هەندەران، لە کاتێکدا وەشانی ڕەسەنی مێلۆدییە فولکلۆرییەکان نۆستالژیا و فەزای شایی و زەماوەندەکانی ناوچەی موکریان وێنا دەکاتەوە. گێڕانەوەی تەوەرەی فولکلۆر بە دەنگی دووزەلە، لە ڕووی دەروونییەوە بیسەر دەگوازێتەوە بۆ ناوچەی موکریان، کەشوهەوای شایی و زەماوەندەکانی ئەو ناوچەیە، جووڵەی جەستەی ئامێرژەنەکان و شایەرەکانی ناوچەکە و ئەو ئاوازانەی کە لە شایی و زەماوەندەکانی موکریاندا بیستراون. ئەوەش هەمان بۆچوونەکەی گوودمەنمان وەبیر دێنێتەوە کە دەنگی مووزیکی، پێشکەشکردن و گوێگرتن لە مووزیک ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە دروستکردنی مانا، فەزا، و ئەزموون کردن و هەست پێکردن و مانابەخشین بە کات بەو مانایە کە مرۆڤ لە ڕێگەی مووزیکەوە ڕابردوو دەهێنێتە ئێستا و داهاتوو خەیاڵ دەکات و بەپێی ئۆدیۆتۆپیای جۆش کانیش ئەم مووزیکە هیبریدییە فەزایەکی دەنگی دروست کردووە کە لە ناویدا شوێن، واتا موکریان و بیرۆکە جیاوازەکانی وەک نیشتمان و هەندەران، یادەوەری و دووری، نۆستالژیا و ژیانی ڕاستەقینەی ڕۆژانە لە تاراوگە، پێکەوە هێنراون.
بەشداریکردنی مووزیکی ڕەوەندی کوردی لە پڕۆسەی بنیادنانی نەتەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی پێشکەشکردنی مووزیکی زیندوو و لە فستیڤاڵە جیاوازەکان و شەواهەنگەکاندا بەدەست هات. بەڵام دامەزراندنی و فراوانکردنی پیشەسازییە میدیایی کوردییەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕاوە لە نمایشکردن و بەرەوپێشبردنی کاریگەرانەی بنیادنانی نەتەوە لەسەر ئاستی جیهانی و تێکەڵکردنی کوردانی ناوخۆی کوردستانیش بەو نەتەوە خەیاڵییەی لە ڕەوەند بنیاد نراوە.میدیا مووزیکییەکانی وەکوو، لە ڕابردوودا، کاسێت و سی دی و VHS و پاشانیش سەتەلایت و کەناڵە کوردییەکان، قەوارەکانی شوێن و کاتیان کەم کردەوە و سنوورەکانی نێوان کوردان لە هەندەران و لە وڵات لە هەر چوار پارچەی کوردستانیان داڕماند و هەمووی نەتەوەی کوردیان بە یەک گەیاندەوە و یارمەتیدەر بوون لە پڕۆسەی نەتەوەسازیی خەیاڵی لە دەرەوە و ناوخۆی سنوورەکانی کوردستانی گەورە.
کۆبەندی توێژینەوەکە
ئەم توێژینەوەیە بە شێوەیەکی ڕوون و پشتڕاست نیشانی دا کە مووزیکی ڕەوەندی کوردی لە سویددا ڕۆڵێکی بنچینەیی لە پڕۆسەی نەتەوەسازی و وێنەکردنەوەی کوردستانێکی گەورە لە کۆنتێکستی دیاسپۆراییدا دەبینێت. بە وەڵامدانەوەی پرسیاری سەرەکیی توێژینەوەکە، ئەم لێکۆڵینەوەیە دەریدەخات کە مووزیک نەک تەنها ئامرازێک بۆ دەرخستنی بیرەوەری و هەستە نۆستالژیکەکانە، بەڵکوو کردەوەیەکی چالاکیی دونیاسازییە کە لە ڕێگەیەوە نەتەوە، نیشتمان و ناسنامەی کوردی دووبارە پێک هێنراونەوە.
داتاکان نیشان دەدەن کە لەڕێگەی دەنگ، دەقی گۆرانی، فۆڕم و ستایلە مووزیکییە تێکەڵاوەکان و فەزا پێرفۆرمانسییەکان وەک شەواهەنگ و فستیڤاڵ، مووزیکی ڕەوەندی کوردی توانای ئەوەی هەیە کە پارچە جیاوازەکانی کوردستان لە فەزایەکی دەنگیی هاوبەشدا بەیەکەوە بهێنێت و وێنەیەکی نیشتمانێکی یەکگرتوو دروست بکات، بەبێ ئەوەی پێویست بێت ئەم نیشتمانە بوونی جوغرافیایی ڕاستەقینەی هەبێت. بەم شێوەیە، لە بەستێنی دیاسپۆرادا مووزیک وەک فەزایەکی بەدیل کاردەکات بۆ ئەو نیشتمانەی کە لە ئاستی سیاسی و جوغرافیاییدا بەردەست نییە.
هەروەها، توێژینەوەکە دەریدەخات کە شەواهەنگەکان و بۆنە مووزیکییەکان نەک تەنها شوێنی پێشکەشکردنی هەڵپەڕکێ و گۆرانین، بەڵکوو فەزایەکی گرنگن بۆ دروستکردنی جۆرێکی تایبەت لە نزیکایەتیی نێوان ئەندامانی دیاسپۆرا، ئەو نزیکایەتییەی کە لەسەر بنەمای بیرەوەریی هاوبەش، دابڕان، و ژیانی نێواننێوانیدا بنیاد دەنرێت. ئەم نزیکایەتییە ڕێگە دەدات بە پەیوەندی و یەکگرتن لە نێوان کوردانی ناوچە جیاوازەکان و بەهێزکردنی هەستی سەر بە نەتەوەبوون، سەرەڕای دووریی جوغرافی و جیاوازییە کلتوورییەکان.
لە کۆتاییدا، ئەم توێژینەوەیە وەڵامی پرسیاری سەرەکیی توێژینەوەکە بەم شێوەیە دەداتەوە کە مووزیکی ڕەوەندی کوردی لە سویددا تەنها نەتەوەی کورد و نیشتمان وەک بابەتێکی خەیاڵی و هێمایی نیشان نادات، بەڵکوو لە ڕێگەی چالاکییە مووزیکییەکانەوە ئەوان دووبارە دروست دەکات و دەیانخاتە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان. بەم مانایە، مووزیک بووەتە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی نەتەوەسازی لە دیاسپۆرا و فەزایەک بۆ تێکەڵبوونی بیرەوەری، هەست، سیاست و خەیاڵ، کە لە ناویدا کوردستان وەک نیشتمانێکی بەردەوام خەیاڵکراو، گفتوگۆی لەسەر دەکرێ و دووبارە بنیات دەنرێتەوە.
سەرچاوەکان
فرازمند, پرنگ و آقامحسنی, کیوان . (1400 [2021]). موسیقی دیاسپورایی کُردهای ایرانی مقیم سوئد: کارکرد موسیقی درجامعهی کُردهای ایرانی مقیم سوئد و بررسی روند دگر فرهنگپذیری موسیقایی آنان. نامه هنرهای نمایشی و موسیقی, 12(26), 95–111. doi: 10.30480/dam.2022.2968.1586.
فرازمند، پرنگ. (2019). موسيقی مهاجران کُرد ايرانی مقيم سوئد: روند فرهنگ پذيری کُردهای ايرانی مقيم سوئد و تأثير موسيقی آنها بر موسيقی کُردهای ساکن ايران. پایاننامهی کارشناسی ارشد. دانشگاه هنر تهران.
Ahmadzadeh, Hashem. 2003. Nation and Novel: A study of Persian and Kurdish narrative discourse. Upsaliensis: Acta Universitatis Upsaliensis.
Alinia, Minoo. 2004. Spaces of Diasporas: Kurdish Identities, Experiences of Otherness and Politics of Belonging. Doctoral diss., Göteborg University.
Anderson, Benedict. 1991. Imagined Communities. London. New York: Verso.
Appadurai, Arjun. 1996. Modernity at Large: Cultural Dimensions of Globalization. Minneapolis: University of Minnesota Press.
Boym, Svetlana. 1998. “On Diasporic Intimacy: Ilya Kabakov’s Installations and Immigrant Homes.” Critical Inquiry 24 (2): 498–524. https://doi.org/10.1086/448882 (last access: Jan. 22, 2026).
Butler, Kim. 2001. “Defining diaspora, refining a discourse”. In: Diaspora: A Journal of. Transnational Studies, vol. 10, no.2: 189–219.
Clifford-Napoleone, R. Amber. 2015. Queerness in Heavy Metal Music. New York & London: Routledge.
Goodman, Nelson. 1978. Ways of Worldmaking. Indianapolis: Hackett Publishing Company.
Khayati, Khalid, and Magnus Dahlstedt. 2014. “Diaspora Formation among Kurds in Sweden: Transborder Citizenship and Politics of Belonging.” Nordic Journal of Migration Research 4, no. 2: 57–64. https://doi.org/10.2478/njmr-2014-0010
Khayati, Khalid. 2012. “Sweden as a Gravitation Center for the Kurds—Diaspora Formation and Transnational Relations.” In Perspectives on Kurdistan’s Economy and Society in Transition, edited by Almas Heshmati, Alan Dilani, and Serwan M. J. Baban, 101–114. New York: Nova Science Publishers.
—————-. 2008. From Victim Diaspora to Transborder Citizenship?: Diaspora formation and transnational relations among Kurds in France and Sweden. Ph.D. Thesis. Linköping: Linköping University Electronic Press.
Kun, Josh. 2005. Audiotopia: Music, Race, and America. Berkeley: University of California Press.
Pripp, Oscar. 2019. “Music, Dance and Ethnic Elasticity in a Kurdish Cultural Association: The Complexity of Intercultural Experience.” El Oído Pensante 7, no 1: 100–118.
—————–. 2018a. Musik, dans och kollektiv självförståelse i en kurdisk kulturförening. In Maria Westvall, Rolf Lidskog & Oscar Pripp (eds.), Migration – Musik – Mötesplatser. Föreningsliv och kulturproduktion i ett föränderligt samhälle. Lund: Studentlitteratur.
—————-. 2018b. Musikandets symboliska komplexitet och töjbarhet. In Migration – Musik – Mötesplatser: Föreningsliv och kulturproduktion i ett föränderligt samhälle, edited by Maria Westvall, Rolf Lidskog, and Oscar Pripp. Lund: Studentlitteratur: 45–62.
Safran, William. 1991. “Diasporas in Modern Societies: Myths of Homeland and Return”. In: Diaspora, vol.1, no. 1: 83–99.
Volgsten, Ulrik, and Oscar Pripp. 2016. “Music, Memory, and Affect Attunement: Connecting Kurdish Diaspora in Stockholm.” Culture Unbound: Journal of Current Cultural Research 8 (2): 144–164. doi:10.3384/cu.2000.1525.1608144.
[1] A gravitational center
[2] Re-embedding
[3] Re-embedding
[4] Re-location
[5] Diasporic intimacy
وتارەکانی تر
Nothing Found



