گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026
رۆژهەڵاتی رۆژبین: بنەماکانی تۆتالیتێری ئێرانی/شیعیزم.گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073
ڕۆژبین ڕۆژهەڵاتی: بنەماکانی تۆتالیتێری ئێرانی/شیعیزم.
دیارە تۆتالیتێرەکان زۆر خاڵی وێچوویان هەیە و لەزۆر جێگاشدا تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. تۆتالیتێری ئیسلامیی ئێران، بەڕواڵەت لەسەر دوو چەمکی کۆماری و ئیسلامی دامەزراوە. بەڵام سەبارەت بە کۆماریبوون هەر فڕی بەسەر کۆمارییەوە نییە. ستڕاکچێری ئەو حکوومەتە، دەسەڵاتی مافیاmafia stateیە یان دەسەڵاتی خراپەکار و بەدخوو criminal ststeی ئۆلیگارشییە. چونکە ئاکارەکانی: دزی، گرتنی بارمتە، کاری مافیایی، تیرۆر، ئەشکەنجە و ڕەشەکوژییە.
هانا ئارێنت لەکتێبی توتالیتاریزمدا بەخەستی باسی دوو تۆتالیتێر دەکات. واتا نازیسم لەئاڵمان و سیتالینیزم لەڕووسییە. دیارە هەردووکیان لەیەک زەمەنی مێژووییدا دەسەڵاتداربوون. هانا ئارێنت لەو بەرهەمەدا ئەو دوو حکوومەتە لەیەک جیا ناکاتەوە. گەرچی دوو فکر و ئایدۆلۆژیای جیاوازیان هەبووە بەڵام لەکرداری پڕاگماتیسمیدا وەک یەک بکووژ و دژە مرۆیی بوون. هانا ئارێنت پێی وا بوو تۆتالیتێر لەسەر چەند بنمایەکی سەرەکی خول دەخوات:
1.چینەکانی کۆمەڵگا تێک دەدات و دەیانکاتە کۆمەڵگایەکی ڕەشۆکی شوێنکەوتووی تۆتالیتێر.
2.هەروەها ڕۆڵی پڕۆپاگەندا لەبەرانبەر دنیای دەرەوە و فریوی ناوخۆ.
- کەڵک وەرگرتن لە چەمکی ترس و تیرۆر.
- گۆشەگیرکردن و تەریکخستنی تاکی کۆمەڵگا. بەگشتی دەسەڵاتی ئایدۆلۆژیست، ئاناتۆمیی کۆمەڵگا گیرۆدەی ڤایرۆس و میکڕۆبی تۆتالیتێر دەکات. یانی کۆمەڵگا بەرەو تاکخوازی دەبات. لە تەوەری تاکخوازیدا چەمکی من منخوازی پەرە دەستێنێ و تانوپۆی پەیوەندایەتی و لێک نزیکبوونەوەی کۆمەڵانی کۆمەڵگا لێک هەڵدەوەشێ و کورد گوتەنی کەس خەتی کەس ناخوێنێتەوە.
بۆ ئەوەی باشتر توتالیتاریزمی ئایدۆلۆژیخوازی شیعیزم بناسرێت و بزانین لە1357وە هەتا ئێستا ئەو چەند جیلە بەدەست چ حکوومەتێکی زاڵم و خوێنڕێژەوە ناڵاندوویانە و چ باندۆرێکی لەسەر ڕۆح و جەستەی جیلەکانی کۆمەڵگادا هەبووە و هەیەتی، شرۆڤەی سێ خاڵی سەرەکی دەکرێت:
- تیرۆریزم
- زمان
- ڕێبەر
تیرۆریزم
١- تیرۆریزمی تۆتالیتێری ئیسلامی. کەیس و فاکتی تیرۆریزم، یەکێ لە کۆڵەکە سەرەکی و ئەرکانی بەهێزی دەسەڵاتی ئاخوندیسمە. دەسەڵاتی فەندەمینتالیسمی ئێرانی/ئیسلامی، ئۆرگانیزاسیۆنی تیرۆری کردە پڕاکتیزی دەسەڵات و پلاتفۆڕمی ڕەشی خۆی لەسەر داڕشت.
“تیرۆریستەکان پسپۆڕن و شارەزای کۆنتڕۆڵی هزر و زەینن.[1]” ئەوە یەکەم ڕستەی بەشی تیرۆریزمی کتێبی 21وانە بۆ سەدەی 21ە. لەنووسینی یوڤاڵ نووح هیراری. لەدرێژەدا هیراری دەڵێ: “تیرۆریستەکان خەڵکانێکی کەم دەکوژن بەڵام زراوی ملوێنان و بگرە ملیاردێ خەڵک دەتۆقێنن.[2]” تیرۆر بریتییە لەو کردەوانەی بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجگەلێکی سیاسی ئەنجام دەدرێت لەڕێگای کوشتن و تیرۆری کەسگەلێکی تایبەتی و بۆمبدانان و تەقاندنەوە و …..هتد ترس و خۆف دەخزێنە دەروونی کۆمەڵگاوە و ئەو کردەوە توندئاژۆیانە لەلایەن گرووپگەلێکی بیرتەسک و دێگماتیسمی وەک داعش یان ئەلقاعیدەوە ئەنجام دەدرێن، کە بەرهەمی ئەزموونی فکری و ئایدیای ڕێژیمێکی تیرۆریزمپەروەر و بناژۆخواز و فەندەمینتالیزمی ئاخوندین. ئامانج لە تیرۆر بە گشتی بۆ تۆقاندن و سەرکوت بەڕێوەدەبرێ.
هێرشی 11سێپتامبەری 2001 بۆسەر دوو بورجی ئابووریی نیۆیۆڕک، حکوومەتی ئەمریکا و ئەورووپای تاساند. ئەو ڕووداوە نزیک بە 3000 کوژراوی لێ کەوتەوە. یان بەشێوەیەکی وردتبینانەتر 2996 کەسی تێدا کوژرا. ئەگەر بەراوردێکی ڕووداوی پێکدادانی ماشێن بکەین لەوڵاتی ئەمریکادا، هەر ساڵەی زیاتر لە 35000 کەس دەکوژرێن. بەڵام دەبینین کوژراوانی ماشێن و ڕووداوی جادە وشەقامەکان بەقەدرایی هێرشی 11سێپتامبەر کۆمەڵگای ئەمریکای نەتاساند و خەڵکی نەهەراساند. ئەرکی تیرۆریزم تۆقاندن و ترس خستنە نێودڵی جەماوەرە بۆ پەرتەوازەیی و ئاڵۆزی. تیرۆریزم بەکردەویەکی بچووک کۆمەڵگایەک دەتاسێنێت. تیرۆریزم ستراتیژیەکی نیزامییە کە فۆکووسی لەسەر چەمکی ترسە، نەک لەسەر زۆری و کەمیی کوژراوەکان. داعش پێش ئەوەی هێرش بکات و پانتایی عێراق و سووریا بگرێت، لەپێشدا ڤیدیۆی دەستڕێژی ڕەمەکی بۆ سەر چەند ماشێنێکی خەڵکی سڤیل نیشان دەدا کە ئەوان چۆناوچۆن خەڵکی دەکوژن و دەست لە ورد و درشت ناپارێزن. هەربۆیە لە یەکەم هێرشدا بۆ سەر شاری مووسڵ، یەک سەربازی عێراقی توانایی بەربەرەکانێی نەبوو و بە پێخاوسی ڕایانکرد. ڕێژیمی بەعسی لەناوچووی عێراق پێش ئەوەی هێرشی ئەنفال دەست پێ بکات، لەڕاگەیەنەگشتی و T.Vـەکاندا بەردەوام فیلم و دێکۆمێنتاری ئەکشێن و کوشتوکوشتاری بڵاو دەکردەوە تاکوو پسیکۆلۆژیکانە ڕێگەخۆشکەری ئەو پڕۆژە نگریسە بێ.
تۆتالیتێری ئاخوندی بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئێرانی بەرەو تاوانی دژەمرۆیی و جەنایەتی موقەددەس هان بدات، ئەو پاسدار و کەسانەی لەشەڕی کوردستاندا دەکوژران، زۆر ناجوامێرانە سەر و پێیانی دەبڕی و بە پڕۆپاگەندەی درۆیینی “کوردەکان سەری پاسداران دەبڕن” چەمکی کوردی سەربڕیان خستە ڕۆژەڤی ئەدەبییاتی جیهادیی ئێرانییەوە و کۆمەڵگای ڕەشۆکی و فیلسواری شیعیزمی ئێرانیش بەلێشاو دەهاتنە شەڕی جەهاد لەکوردستان. مستەفا چەمرانی ئاکادێمیست کاتێ دەبینێ خەڵکی کورد نوێژ دەکەن و بانگ دەدەن، گوتوویەتی، بۆ ئێوەش نوێژ دەکەن؟! ئەوە نیشانەی شۆڤێنیزمی سانتڕاڵخواز و ناسیۆناڵفاشیزمی فارسیزمە. یان کاتێ سادقی خەڵخاڵی لەکوردستاندا دەستی کرد بە تیرۆری ناجوامێرانە و ئێعدامە چەند خولەکییەکانی بەڕێوە دەبرد، ترس و وەحشەتێکی خستە دڵی خەڵکەوە کە تەنانەت منداڵی ئەو سەردەمە دەمانگوت:
“بچم قاوکەم لەخاڵخاڵی بێت بتخوا هەر بەکاڵی.”
دەسەڵاتی ئاخوندیزمی ئێرانی یەکەم هەنگاوی دوای 22ڕێبەندانی 1357ـی هەتاوی تیرۆر بوو. دادگای چەند خولەکیی بەرپرسانی پاڵەوی و دادگاییکردنی هوەیدای سەرۆکوەزیرانی پێشوو و چۆنیەتیی کوشتنەکەی، نۆرمێکی تیرۆریزمی دەوڵەتی بوو. بەو کردەوانە و بەناوی ئێعدامی شۆڕشگێڕانە خۆی وا پێناسەکرد کە من، لەسەر تیرۆر و کوشتن و تۆقاندن کۆڵەکەکانی دەسەڵاتەکەم دادەمەزرێنم. ئەوە دەستمایەی حکوومەتی ترس و خۆف و فۆبیا بوو. چیها لاوی کوردستانی لە زیندانەکاندا گوللـەباران کران و نەتەنیا تەرمەکانیان پێ نەدرانەوە بەڵکوو گۆڕەکانیشیان شوێنبزرکران و کەس پێیان نازانێ. ئەگەریش تەرمی پێرۆزیان دەدرایەوە بە بنەماڵەکانیان دەبوو قوتوویەک شیرینی و بڕە پارەیەک بەرنە ناوەندەکانی دەسەڵات. شیرینی بۆ ئەوەی بەپێی وتەی دەسەڵاتی ئیسلامی تاکێکی موفسیدولفیلئەرزی لەسەرئەم خاکە پاک کردووەتەوە. بڕە پارەکەش پووڵی ئەو گووللـە و فیشەکانەبوون کە بە جەستەی کوژراوەکەیانەوە دەنا. ئەوە بێڕێزیکردنە بەکۆی گشتیی مرۆڤایەتی. چونکە ئارێنێت لە توتالیتاریزمدا باسی شەڕی تڕۆوا و کوشتنی هێکتۆر بەدەستی ئاشیل دەکات و دەڵێ:”ئاشیل بۆ هێکتۆر(بەڕێزەوە) مەڕاسمی بەخاکسپاردنی بۆ بەڕێوە دەبات.[3]“چونکە وەک مرۆڤ لێی دەڕوانێ و کەڕامەتی مرۆڤایەتی دەبێ بپارێزرێ. کەم نەبوون ئەو ئافرەت و کچەکورد و ئێرانیانەی پێش ئەوەی ئێعدام بکرێن پاسدارێکیان دەکردە پاڵی بۆ ئەوەی لاقەی بکات و بیکاتە ژن. دوایەش بە شانازییەوە بەبنەماڵە داماوەکەیان دەکوت پێش ئەوەی کچەکەتان گوللـەباران بکرێت لەم برادەرە پاسدارە مارەکراوە. چونکە لەڕوانگە و فەلسەفەی ڕەش و نگریسی تۆتالیتێری شیعیزم و ئیسلامەوە ئەگەر ئافرەتێک بە کچی ئیعدام بکرێت لەو دنیا دەبەخشرێت و بە ئاوری جەهەندەم ناسووتێت! ڕاست هەر ئەو ڕوانگەیەیە کە داعش بۆ ئافرەتی کوردی هەبوو. داعشییەکان پێیان وا بوو ئەگەر بە دەستی ئافرەتێکی کورد بکوژرێن دەچنە جەهەندەم.
ئەو کردەوە تیرۆریزمانەی دەسەڵاتی ئاخوندیزم، بۆ تۆقاندن و ترس خستنە دڵی تاک بەتاکی ئەو کۆمەڵگایەوە بوو. تاکوو چەمکی ترس ببێتە دوژمنێکی دەروونی و ڕۆژ و شەو دۆڵپای سەر مێشکی بێت. کورد هەر لەسەرەتاوە زۆری هاوار کرد، دەسەڵاتی ئیسلامی/ئاخوندی بەرەو حکوومەتێکی ڕەهای تۆتالیتێر دەڕوات. باسی بەندیخانە و چاڵەڕەشەکانی دەکرد کە ئەم دەسەڵاتە چ بەڵایەک بەسەر کوڕ و کچ و ئافرەتانی کورددا دێنێ بەڵام زۆرینەی کۆمەڵگای ئێرانی گاڵتەیان پێ دەهات و باوڕیان نەدەکرد. یان نەیاندەویست باوڕبکەن. هەتا لەساڵی 1367 و دواتر لە دەیەی 90هەتاوی بەولاوە بۆیان دەرکەوت کە کورد زۆر زوو حەقیقەتی ئەو ڕێژیمەی بۆ مەعلووم بووە، بەڵام ئێرانیەکان گوێیان کون نەبوو. چونکە بەداخەوە کۆمەڵگای ئێرانی ئایینتەوەرن و لایەنی هەرەزۆری بیر وهزریان لەسەر ئەساسی شیعیزم بنیاد نراوە و هەر لەسەر ئەوکانتێکس و باندۆری شیعیزمەیە پلان دادەڕێژن. مەهدی خەلەجی خۆی لە قوتابخانەکانی شێعە و ئایینپەروەری فەیزییەی قوم دەرسی خوێندووە و وەک ئەحمەد کەسرەوی هەموو تانوپۆ و کەلێنەکانی ئەو تێکست و دەقە شێعەییانە بەباشی دەناسێ و هەستی پێ کردووە. هەربۆیە لە تێکستێکی خۆیدا سەبارەت بە حکوومەتی دینی لەئێراندا ڕای وایە کە دەسەڵاتی ئایدۆلۆژیستی ئایینتەوەر تەنیا بە تۆتالیتێری ئیسیلامی ئێران دەستی پێ نەکردووە و تەنیا بەم دەسەڵاتەی حکوومەتی دینی تاقی نەکراوەتە. خەلەجی ئەو ئەزموونە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئێرانی کەونارا و دەڵێ: ” لەئێرانی دێرین و کۆندا پادشا جیالەوەی شا بووە، مووبێدیش بووە و چینی ڕۆحانی و پێشڕەوانی ئایینی لەسیلسیلەکانی پادشاییدا دەسەڵاتی ڕەهایان هەبووە و کارتێکەریی بەرچاویان لەسەر پادشا و دەسەڵاتداراندا هەبووە. پادشا بەهۆی فەڕڕی ئیزەدییەوە شەرعییەت و ڕەواییی خۆی پەرە پێ دەدا.[4]” لەدرێژەدا بەو ئاکامە دەگات کە دەسەڵاتی پالەوی و ڕزا پالەوی گرێدراوی ئایین و دەسەڵاتی شێعەیە: “… هەر لە پادشاییی جەمشیدەوە هەتا حکوومەتی مەشرووتەی محەممەدڕەزای پالەوی، ڕەواییی دەسەڵات بەستراوەتەوە بە ئایینەوە.[5]” خەلەجی بۆ سەلماندنی ڕای خۆی پەنا دەباتە بەر کتێبی قەدیمی ” نامەی تێنسێر[6]“. لەوکتێبەدا ئاماژە کراوە کە دەسەڵاتەکانی دێرین لەئێراندا شکۆمەندی و بەرقەرارییەکەیان زۆرتر بەهۆی پشتیوانیی پێشڕەوانی ئایینییەوە بووە.
زۆرجار بۆئەوەی وێچوونی نێوان تۆتالیتێرەکان نیشان بدرێت پێویستە فاکتگەلێکی هاوتەریب بخرێتەڕوو هەتا دژەگەلییبوونی دەسەڵاتی ئاخوندیزمان بۆ ڕوون بێتەوە. لەشەڕی دووهەمی جیهانیدا لەوڵاتی چێکۆسلۆواکی، لەلایەن خەباتکارانی بەهەڵوێستەوە ئۆپراسیۆنی ئەنترۆپۆید Anthropoid ئەنجام دەدرێت. لەو عەمەلیاتەدا ڕاینهارت هایدریش کەدەسەڵاتدار و فەرمانڕەوای هیتلێربووە لەوڵاتی چێکۆسلۆواکیا، بەدەستی لاوانی خەباتکاری ئەو وڵاتە دەکوژرێت. هایدریش دەستێکی باڵای هەبوو لە ژینۆسایدی جوولەکەکاندا و تەواو نازیستێکی ڕاسیزمتەوەربوو و بەکوشتنی هایدریش، دەزگای هیتلێری سەیر هەڵبەزییەوە. لە تۆڵەی ئەو سەرکردەیەدا، ئەرتەشی هیتلێر بۆ تۆقاندن و ترس خستنە دڵی کۆمەڵگاوە تەواوی پیاوانی گوندی لیدیستەی کوشت و ئەو دێیەشی بەیەکجاری خاپوور کرد. هەروەها زیاتر لە 5000 کەس لەخەڵکی سڤیلی ئەو وڵاتەی قەتڵوعام کرد. دەسەڵاتی ئاخوندیش ڕاست ڕەفتاری هیتلێری ڕەچاو دەکرد. لە ساڵی 1362ـی هەتاوی لە نێوان مهاباد و نەغەدەدا پاسدار محەممەد برووجێردی کە یەکێ لە بەرپرسانی بڵیندپایەی سپای پاسداران بوو لە شەڕ لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتدا دەکوژرێت. پاسدارانی دڵ پڕ لەقین بۆ تۆڵەکردنەوە – شەلم کوێرم کەس نابوێرم – 59 لاوی بێتاوانی مەهابادی بەشێوەی ڕەمەکی دەگرن و دەیانبەنە تەورێز و لەوێ هەموویان گوللـەباران دەکەن. ئەو کردەوە ڕەشەکوژییانە هەر لەدەسەڵاتی ئاپاڕتاید/کۆلۆنیالیست دەوەشێنەوە. چونکە ئەگەر هاووڵاتییانی کوردستانی بە خۆیی بزانیبایە نەدەکەوتە گیانی خەڵکی سڤیل. یان قەتڵوبڕی سەدان کەس لەگوندەکانی وەک: قاڕنێ و قەڵاتان و سەوزی و قەرەگۆل و…… کاولکردنی دەیان و سەدان گوندی دیکە بەبیانووی شەڕی پێشمەرگە. لەهەر ناوچەیەکی کوردستان کاتێ پێشمەرگە لە دژی جاش و پاسدار عەمەلیاتیان دەکرد دواتر دەسەڵاتی داگیرکەری تاران دەستی دەکرد بەتۆپ و خومپارەبارانی گوند و مەزرای خەڵکی و دەیدا بەسەر شار وگوندەکاندا و ڕەشبگیرانە دەستی دەکرد بە گرتنی خەڵکی سڤیل، کەکوشتن و ئەشکەنجە و زیندانی بەدواوەبوو. ئەوانە و هەزاران فاکتی دیکە نموونەیەک لە بەربەرییەت و ویندالیزمی تۆتالیتێری ئیسلامییە. ئەو کردەوە قێزەونانە نیشانەی ترسەنۆکی و لاوازی ئەو دەسەڵاتەیە، بۆیە پەنادەباتە بەر تیرۆر و توقاندن. چونکە زمانی ئاخافتن و ئینسانی بوونی لاوازە و بەتەواوەتی دژەمرۆییە. بە قەولی نووح هێراری تیرۆر نیشاندەری لاوازی و بێدەسەڵاتیی دوژمنی بێهێز و سستە[7]. کوشتن و تیرۆر لەناخی ئەو دەسەڵاتە نگریسەدا گەرای داناوە و تەنیا بە ڕووخاندنی ئەو تۆتالیتێرە ویندالیزمە دەڕەوێتەوە و تەواو.
ئەو دەسەڵاتە ئۆتۆریتاریانیزمە authoritarianism، دژی هەرجۆرە چالاکییەکی ئازادی تاکەکانە و لە ڕێگای تیرۆر و ڕەشەکوژییەوە ترس و تۆقاندن دەئافرێنێت. دیارە تۆتالیتێری ئیسلامیی ئێرانی وەک لەناوخۆ خەریکی تیرۆری هاووڵاتییانی خۆیەتی، لەدەرەوەی وڵاتیش شوێن پێی نەیارانی خۆی هەڵدەگرێ و تیرۆریان دەکات. سیستەمی تیرۆریزمی دەسەڵاتی ئاخوندی دوو بەشە: تیرۆری ناوخۆیی و تیرۆر لەدەرەوەی وڵات. چونکە ئەو جۆرەی لەدەرەوە چالاکە و ئەندامانی خۆی لە پانتایی جیهاندا بڵاو کردووەتەوە دەبێ میتۆدێکی تەواو جیاواز کونتڕۆڵی ئەو بەرینایی دەسەڵاتدارییە بکات. چونکە تەنیا بە تیرۆری سادە، واتا کوشتن، داناکەوێ؛ بەڵکوو لە ڕێگای هەڕەشە و تەماحوەبەرنان و هەڵخڵەتاندندا کار دەکات. ئەو دەسەڵاتە ئابسلووتە، چونکە تەواو ئایدۆلۆژیستە و لەسەر چەمکی شیعیزم دامەزراوە، ئاندامانی چالاکی کارپێکەری تیرۆر، کەسگەلێکی سادە نین. بەڵکوو کاری تیرۆر و کوشتن بە ئەرک و وەزیفەی شەرعی و دینی خۆیان دەزانن و حازرن لەو ڕێگایەدا گیانی خۆیان بەخت بکەن و بەشانازییەوە شەهید بن. چونکە پەروەردەی ئایدۆلۆژیی ئایینی شیعیزمن. شک لەوەدا نییە زۆر بە باشی دەزانێ کێ و چ کەسانێک تیرۆر بکات. ئەوکەسانە دەستنیشان دەکات کە ترسەکەیان هەست پێ دەکات و دەزانێ ئەوانە دەتوانن زەربە لە پەیکەرەی ئەو دەسەڵاتە بدەن و لەسەر کۆمەڵگا کاریگەریی ئەرێنییان هەبێ. وەک ڕێبەرانی حیزبی دێموکڕات؛ عەبدوڵڕەحمانی قاسملوو و سادق شەڕەفکەندی؛ یان شاپووری بەختیار و… ئایا لە ئەورووپا کەسانی دیکەش بوونیان نەبوو کە تیرۆریزمی ئێرانی یەخەی نەدەگرتن؟ بەڵێ هەبوون و زۆریش بوون و هەن، بەڵام دەسەڵاتی ئاخوندی دەزانێ کێ بکوژێ و کێ بهێڵێتەوە.
بۆ نموونە: لەتیرۆری میکۆنووس، سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و هومایون ئەردەڵان(نوێنەری حیزبی دێموکڕات لەئاڵمان)، فەتاح عەبدولی(نوێنەری حیزبی دێموکڕات لەئەوروپا) و هەروەها نووری دێهکوردی(کارمەندی خاچی سوور و ئەندامی کۆنفیدراسیۆنی خوێندکارانی ئێرانی) تیرۆر دەکرێن. خاڵی جێگای شک و گومان ئەوەیە کەسێکی وەک پەرویز دەسماڵچی لە نێوان دوکتور شەرەفکەندی و یەکێ لەو بەڕێزانەی دیکەدا دانیشتووە و کاتی دەستڕێژەکە، پەرویز دەسماڵچی هەر برینداریش نابێ! بەڵام نووری دێهکوردی، ئەگەرچی ئەندامی حیزبی دێموکڕاتیش نەبووە دەکوژرێ. هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێ نە لە دادگای ئاڵمان و نە لە هیچ شوێنێکی دیکەدا شک و گومان لەسەر ئەو کابرایە نییە. نەتەوەیەکی تیرۆر چێشتووی وەک کورد دەتوانێ کۆدەکانی وەها تیرۆریزمێک بناسێ. ئایا بۆ کۆماری ئیسلامی تیرۆری پەرویز دەسماڵچی زۆر سەخت بوو؟ یان مانەوەی و نەکوشتنی باشتر بوو؟ ئەگەر دەسماڵچی سەر بەدەسەڵاتی ئیسلامییش نەبووبێ خۆ بەشێکە لەقەوارەی ئیتنیکی دەسەڵاتی فارسی و بێشک دەبێ فەرقێک دابنرێ لەنێوان ئەتنیکی سەردەست و بندەست. وەختایەک دەگوترێ تۆتالیتێری ئاخوندی هەژدیهایەکی هەزار سەرە، دەبێ لەو شوێنانەدا بیبینییەوە و بیناسی. هەر لە کەیسی میکۆنووسدا گەرچی دادگا شکی لە عەزیز غەفاری، خاوەنی ڕیستورانەکە بوو، بەڵام دواتر ئازاد کرا و شک و گومانی لەسەر نەما. دەبینین ئێستا عەزیز غەفاری لە ئێرانە و بە ئەندامی چالاکی سپای پاسداران دەرچووە. عەزیز خاوەن ڕیستۆرانەکە بوو و هەواڵی هاتنی دوکتور شەرەفکەندی و هەڤاڵانی بە تیرۆریستەکان گەیاندبوو. عەزیز غەفاری، بە فێڵ لەساڵی 1357ـی هەتاوییەوە ئێرانی بەجێ هێشتبوو و بەڕواڵەت وەک کەسایەتییەکی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پەناهەندەی ئاڵمان ببوو. ئاخۆ چەند سەت یان چەند هەزار کەسی دیکەی وەک غەفاری لە دەرەوەی وڵات بەڕواڵەت دژی تۆتالیتێری ئێرانی/ئیسلامین و هاوکاری ژێربەژێر و فیداییی ئەو دەسەڵاتەن. ئەو سۆبژێکتیوەی ئەندامان و هەڵسووڕاوانی تۆتالیتێر/کۆلۆنیالیزمی ئیسلامی پێکەوە گرێ دەدات و دەیانکاتە ڕێڕەوی ئەو دەسەڵاتە.
تیرۆریزمی دەوڵەتیی ئاخوندی جیا لە تیرۆری کەسایەتی و سیاسی، بەسەر چەندین قوناغی دیکەدا دابەش دەکرێ:
- تیرۆریزمی ڕاگەیاندن.
- تیرۆریزمی ئابووری.
- تیرۆریزمی کەسیەتی. واتا شکاندنی شکۆی کەسایەتییەکان.
- تیرۆریزمی کۆمەڵایەتی.
- تیرۆریزمی ڕاگەیاندن.
دەسەڵاتێکی وەک تۆتالیتێری ئاخوندی ئێران بۆ پەرەدان بە نیازی خۆی، واتا هەناردەکردنی ئیسلامی سیاسی، ڕادیکالیزمی شیعیزم، بەهایەکی زۆری بە ڕاگەیاندن و دنیای دیجیتاڵ و سۆشیاڵ میدیا داوە و لە تاکتیکی جۆراوجۆر و تایبەتی خۆی کەڵک وەردەگرێ. “تیرۆریزمی ڕاگەیاندن” یەکێ لەڕێگاکانی ڕاگەیاندنی تۆتالیتێر بۆ پڕۆپاگەندە و ژانڕی ڕیتۆریکە. کاری تیرۆریسمی ڕاگەیاندن پاساو هێنانەوە بۆ کردارەکانی دەسەڵاتە. تۆتالیتێر لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە کارتێکەری لەسەرجەماوەری گشتی دەکات. بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ، دووبەرەکی نانەوە، پاشاگەردانی، شۆردنەوەی مێشکی شوێنکەوتووانی خۆی و….. بۆ نموونە گۆبلێز لە ئاڵمانی هیتلێری و شەریعەتمەداری لە دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران.
بەگشتی تۆتالیتێر و دیکتاتۆرەکان لەخۆڕازی و نارسیستن و پێیان وایە لە ڕێگای ئاخێوەری و ڕیتۆریکییەوە دەتوانن شوێنکەوتووانی خۆیان شاگەشکە و شەیدایانی خۆیان زۆر و زەوەند بکەن. تیرۆریزمی ڕاگەیاندن باڵی بەهێزی تۆتالیتێری ئاخوندییە. لەو ڕێگایەوە پەرە بە ئایدۆلۆژیا دەدەات. بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕاگەیاندنی سەرنجڕاکێش لە دووتۆی دەق و تێکستێکی ورووژێنەرەوە، هەستی جەماوەری ڕەشۆکی هەڵدەخەڵەتێنێ وپۆپۆلیستانە ئەندامان و شوێنکەوتووانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی تیرۆریزمی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هان دەدات. بۆ نموونە: لەکاتی بڵاوبوونەوەی کتێبی ئایەتە شەیتانییەکان لە نووسینی سەلمان ڕوشدی، بووە هۆی هەل و دەرفەت بۆ ئاپدەیتی ئایدۆلۆژی و بەگەورە و مەڕجەع نیشاندانی خۆی. هەربۆیە لەڕۆژی 14ـی بەفرانباری 1367 خومەینی فتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدیی دەرکرد و ئەو فتوایە سەرنجی زۆرینەی میدیاکانی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و میدیای ئێرانی/ئیسلامی پڕۆپاگەندەیەکی بەربڵاوی بەڕێوەبرد. ئەو فتوایە هەر درێژەی هەبوو و ئاخرییەکەی سەلمان ڕوشدی لە 12 ئووتی 2022 لە کاتی وتاربێژی لە نیۆیۆرک لە لایەن هادی مەتەری 24ساڵەوە بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر و بەتوندی بریندار بوو و لەوهێرشەدا چاوێکی کوێربوو.
- تیرۆریزمی ئابووری.
لە چەمکی تیرۆری ئابووریدا تۆتالیتێر دەست دەکات بە دامەزراندنی ناوەندە ئابوورییە دەوڵەتییەکان و بنیادەکانی سەر بە دەسەڵاتی ناوەند. چونکە ناوندەکانی بڕیاردان و یاسادانەری بەناو پەرلەمان، جیرەخۆر و نۆکەری دەسەڵاتن و بە قازانجی ناوەندە ئابوورییەکانی کەرتی گشتی/دەوڵەتی بڕیار دەدەن و پلان و پڕۆژەگەلی پلۆتارشییانە دادەڕێژن تاکوو سەرمایەی سەرمایەداران بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. بە شێوەیەک کە سەرمایەدار دەخەنە خزمەت سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتی؛ ئەویش ئابوورییەک کە بە قازانجی بەرژەوەندی و خواستی نیزامی سیاسیی دەسەڵاتی تۆتالیتێرە. یان ئەوەی ناوەندگەلێکی مافیایی و کارتێلە زەبەلاحەکان چێ دەکەن بۆوەی سەرمایەی وڵات لە خزمەت گەشتی سەرمایەی دەوڵەتیدا بێ. تۆتالیتێر چونکە خۆی کانتێکس و باکگراوندی فێڵبازی و ڕێویسفەتی لەناخ و مانیفێستی بوونیدایە، باوڕ و متمانەی بە هیچ لایەن و کەرتێکی تایبەتی نییە و لەوانەش گرینگتر، لە وەها دەسەڵاتێکدا قەبارە و بوودجەی بەشی “میلیتاری “military لایەنی هەرە بەرچاوی پەکەیجی حکوومەتی لەخۆ گرتووە. بۆ نموونە ناوەندی سازێنەر و ئەندازیاری خاتەمولئەنبیا سەر بەسپای پاسدارانە و یەکێ لەو ڕێکخراو و کارتێلە ئابوورییانەیە کە بەشی هەرە زۆری ئابووریی وڵاتی ئێرانی لەژێر چۆک ناوە و هەمووشیان لە لایەن سەردارانی سپای پاسدارانەوە سەرۆکایەتی دەکرێن. بۆ نموونە پڕۆژەی سازکردنی بەنداو لە ئێراندا بە گشتی لە ژێر دەسەڵاتی سپادایە و چونکە لە ڕێگای زانستی سەردەمیانە و ئێکۆسیستمییەوە ئەندازیاریی مودێڕنی لەسەر نەکراوە و باری ژینگەپارێزیی لەپێش چاو نەگیراوە زۆرجار بەجێگای قازانج، زەرەری گشتیی لێ دەکەوێتەوە. وەختایەک هەموو شیرکەت و دەسەڵاتەکان لە لایەن ناوەندێکەوە بەڕێوە ببرێ و هیچ چاودێر و لێپرسینەوەیەکی یاساییی لەسەر نەبێ، دیارە ئەو کارتێلانە مافیای دەسەڵاتیان لێ دەکەوێتەوە و گەندەڵ دەبن و دزی و هەڵلووشین و تاڵان دەبێتە ئەرکی سەرەکییان. هەربۆیە دەبینین ڕەوتی ژیانی تۆتالیتێری ئاخوندی، تەواو وەک ئەشڕافی و فیئۆدالیسمی سەدەکانی شازدە و حەڤدەی ئەورووپایە و هەڵاوسان و مایەپووچیی ئابووریی لێ کەوتوەتەوە و زەرەرمەندبوونی کۆمەڵگا، بەرهەمی سیاسەتی دژوێن و نابەرپرسایەتیی ئابووریی سەقەتیانە.
دەستبڕی و گیرفانبڕی و بردنەسەرێی پیتاک و داراییی سەرانە و تیرۆری گیرفان و داراییی کۆمەڵگا دەبێتە ئەرکی سەرەکییان. ئابوریی پاتریمۆنالیستییانە و ئاپشناڵتەوەرانەیان نە بەشی ناوخۆ دەکات و نە بەشی خەرج و باجی پڕۆکسییە تیرۆریستەکانیان دەکات. ڕاست یەکیەتیی سۆڤییەتی سۆسیالیستیمان بیر دەخاتەوە. بە ئابوورییەکی تاکڕەهەند و سەقەتی دەوڵەتی، یەکیەتیی سۆڤییەت، سەرەڕای شکستی ئابووریی ناوخۆ، دەبوو لایەنی ئابووریی وڵاتانی هاوپەیمانی کۆمۆنیزمی خۆشی تەیارکات. ئاکامەکەی مایەپووچبوون و شکستی ئەو ئابوورییە سوسیالیستییەبوو. دیارە لە دەسەڵاتی تۆتالیتێر/کۆلۆنیالیستی ئێرانیدا، ئابوورییەکی کە لە ژێر تەوژمی پلۆتۆکراسیدا بێ و دەسەڵاتدارانی تۆتالیتێر بەپانەوە ئابوورییەکی کلیپتۆکراسیيان ڕەچاو کردبێ و هەرکەسە و مافیا و کارتێلێکی ئابووریی بنەماڵەییی ساختەیان ڕێک خستووە تاکوو گیرفانی خۆیان و بنەماڵەیانی لێ بئاخنن؛ چارەی کار، ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتەیە و بنیادنانی دەسەڵاتێکی ئانتی سانتڕالیزمە تاکوو هەموو لایەک چاوەدێری سەرەکی بن لە دژی گەندەڵی و ناوەندخوازانی خاوەن دەسەڵات. ئابووریی دەوڵەتی و کەرتی گشتی کە لە ژێر سیاسەتی دەزگا دەوڵەتییەکاندایە و کەرتی تایبەتی و بازاڕەکانی بەرەو مایەپووچی بردووە و ئاکامەکەی بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە پەنچا بۆ شەست لەسەدی کۆمەڵگا مووچەخۆری حکوومەت بن و نەمر نەژی و بەنانەزگی ژیواری مەرگەژین بکەن. کارەمەندان و کرێکاران تەواو لەژێر هێڵی هەژاری و داماویدان. جیا لەوانە بەهۆی بێکاری و بێئەنوایی، لایەنێکی بەرچاوی کۆمەڵگا هەژار و چەوساوە و ئاتاجن و ژیانیان بووەتە گرێدراوی سوبسیدی وەک (کالابرگ. یارانە. معیشتی و…..) زۆر چەمکی سواڵکەرپەروەر، بووەتە هۆی ئەوەی ژیانێکی بەدوور لەهەر چەشنە خۆشبژێوی و ئاسایشێک ئاسۆی دوورەدیمەنی کۆمەڵگای ئێرانی بێ.
- تیرۆری کەسیەتی. تۆتالیتێر/کۆلۆنیالیزمی ئاخوندی بە کوشتن و شوێنبزرکردن قەناعەت ناکات و زۆرجار کەسیەتی و شکۆی کەسایەتییەکان دەشکێنێ و تڕۆ[8]یان دەکات تاکوو ئاسایش و دڵخۆشییان لێ زەوت بکرێ و لە کۆمەڵگادا سەریان هەڵنەیەت. هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی دەسەڵاتی ئاخوندییەوە ئەو کارە قێزەونە باو بووە. لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەییدا، نەیاران و ناڕازییان و جیابیران دەهێننە بەر کامێڕا و بە قازانجی بەرژەوەندیی دەسەڵات و لە دژی کەسی نەیار، دانپێدانانی زۆرەملییان پێ دەکەن و شکۆ و کەسایەتییان خەوشدار دەکەن. تەنانەت بەوەشەوە ناوەستن لە زیندانەکاندا لاقەیان دەکەن تاکوو بەجارێ دابڕووخێن و شووشەی ورەیان بچڕژێ. زۆرجار بیستوومانە و دیتوومانە، بەتایبەت لەسەرووبەندی ڕاپەڕینی ژن. ژیان. ئازادیدا کەم نەبوون ئەو کەسانەی دوای ماوەیەک زیندانی و ئەشکەنجە، کاتێ ئازاد دەکران خۆیان دەکوشت. ئایا دەسەڵات و پارێزەرانی تاریکی و کۆنەپەرەستی نەیاندەتوانی خۆیان لە زیندانەکاندا شەهیدیان بکەن؟ لاقەکردن و ئازادکردن و دوایە خۆکوژی بە مەبەستی تێکشکاندن و داڕمانی ورەی کۆمەڵگایە و ترس خستنە دڵی جەماوەری نەیار ودژبەری ڕێژیمە تاکوو نەوێرن سەرهەڵبڕن و چەمکی هومێد لەدەروونیاندا دەژاکێنن.
زۆرکەسمان تیرۆری پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لەباشووری کوردستانمان لەدەیەی 70ی هەتاویدا لە بیرە. ڕۆژ نەبوو چەندین پێشمەرگە تیرۆر نەکرێن. کەم نەبوون ئەو تیرۆریستانەی دەخزێنرانە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە و بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و زۆربەیان دەگیران و دواتر سیاسەتەکانی توتالتێریان لەقاو دەدا کە چییان بەسەرهێناون بۆ ئەوەی پێملی سیاسەتی تیرۆریزمی ئاخوندی بن. زۆرجار ئەو تیرۆریستانە باسیان کردووە کە لە پێش چاوی خۆیان لەلایەن جاش و چڵکاوخۆرعەلی یاسینپەرەستەکانەوە و ئەحمەد قەرەچیەکانەوە(ناوچەی بۆکان) و زۆر جاش و بەکرێگیراوی دیکە، دەستدرێژییان کردوەتە سەر خوشک یان دایک یان خێزانیان. یان تەنانەت دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر خۆیان و فیلمیان لێ هەڵگیراوە تاکوو مەجبووریان بکەن کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن. چیها کەسایەتیی ئەدەبی و هونەری هەبوون و هەن کە لە زیندان و لە دەرەوەی بەندیخانەدا شکۆیان شکاندن و دایانڕماندن چونکە دەقێک یان بەرهەمێکی هونەرییان خوڵقاندووە و بەدڵی تۆتالیتێر نەبووە. لەوپێناوەدا فیلمی سینەمایی دەست نوشتەها نمی سوزند.[9](دەستنووسەکان ناسووتێن) نموونەیەکی هەرەبچووکی ڕئالییە بۆ تێگەیشتن لە کردەوە نگریسەکانی ئاخوندیزم. هەڵبەستنی فاکتی ساختە و پاشاگەردانی بۆ کەسایەتییە بەرچاو و سێلێبریەتییەکانی کۆمەڵگا تاکوو لەپێش چاوی خەڵکی ڕەشیان کەن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا باوڕییان پێ نەکەن و باندۆڕێکی ئەوتۆیان لەسەر جەماوەری کۆمەڵگا نەبێ.
- تیرۆری کۆمەڵایەتی
هانا ئاڕێنت لە کتێبی بەنرخی تۆتالیتاریزم و توندوتیژیدا دوو شێوازی تیرۆری دەزگای لابیرێنت و پێچەڵاوپووچبوونی دەسەڵاتی تۆتالیتێر دەستنیشان دەکات:
یەکەم، ئەو کەسانەی بەهۆی زەخت و گوشارەوە ورەیان بەرداوە و تەریککەوتوو و گۆشەگیرن، ئەگەری ئەوەیان لەسەرە زۆر خێراتر ببنە ملکەچ و گوێلەمستی تۆتالیتێر و خۆیان ببنە ئەنجامدەری پلانەکانی دەسەڵات. هەرچەند ڕەنگە بەدڵ ئەو کارە نەکەن، بەڵام تێوەدەگلێنرێن. ئەو چینە لە کۆمەڵگا ترس و فۆبیای تۆتالیتێر لە دەروونیاندا چەکەرەی کردووە و بە تیرۆری ڕۆحی یان گوشاری جەستەیی دەبنە داردەست و ئەندامی دەسەڵاتی پاوانخواز. چونکە تۆتالیتێر کۆمەڵگایەکی سایکۆپات و دڵڕەقی گەرەکە. بۆ ئەوەی پەرەنگ پەرەنگ بن و ئیدیۆمی یەکگرتوویی لە ناخی کۆمەڵگادا نامۆبێت و دەستەواژەی “جا بەمن چی!” جێ بکەوێ و ببێتە کوولەکەی ڕۆحی کۆمەڵگای نەخۆش. لەوەها دۆخێکدا کۆمەڵگایەکی هۆلیگانیزم دەئافرێت و ئاژاوە ڕەگ دادەکوتێ و شەڕانگێزی و ویندالیزم دەبێتە چەمکێکی باو. لەوبارەیەوە ئەرەستوو پێی وایە پەڕەدان بە شەڕاشۆیی دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکان. ئەرەستوو بۆ کۆمەڵگا، دەسەڵاتداری”پولیسpoleis[10] ” یان دەوڵەت شار پێشنیار دەکات. ئەو خانەدانانەی بەشێکن لە ئەنجومەنە خەڵکیيەکانی کۆمەڵگا. واتا دەسەڵاتێکی گشتی کە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا تێیدا بەشداربن و خۆیانی تێدا ببینەوە و بەدڵ هەوڵی بۆ بدەن.
دووهەم، هانا ئارێنت لەو پۆلێنبەندییەدا دەڵێ زۆرجار تۆتالیتێر بەئەنقەست لات و ئاژاوەگێڕ و شەڕانگێزی دەخاتە ناوشار یان دەیانخزێنێتە کەلێنی چینێکی تایبەتی کۆمەڵگاوە، ئامانج لەو کارە شێواندنی باری ڕەوانی و چاوترسێنکردنی لایەنی مەبەستدارە و جارناجارێکیش ئەو ئاژاوەگێڕ و هۆلیگانیسمانە دەست بەسەر دەکات تاکوو ئازایەتیی خۆی نیشان بدات. بۆ ئەوەی هەموو کۆمەڵگا ئاگادار بکات کە هیچکەس ناتوانێ خۆی دوورەپەرێز ڕابگرێ چونکە لەوەها دەسەڵاتگەلێکدا جێگای مرۆڤانی بەشەڕەف و بەڕێز نابێتەوە. هەرلەوبارەیەوە ئەفلاتوون دەڵێ: “دسەڵاتێکی زاڵم(تۆتالیتێر) ئەگەر بە تەمای بەردەوامیی دەسەڵاتەکەی بێ، دەبێ شارۆمەندە بەشەڕەف و دلێر و جوامێرەکان هەڵاوێرێت.[11]” پەرەپێدانی چەمکی تیرۆر و ترس لە دڵی جەماوەری کۆمەڵگادا بۆ ئەو مەبەستەیە تاک بە تاکی کۆمەڵگا لێیان حاڵی بێ لەژێر فەرمانی چ دەسەڵاتێکدان و فەرمانبەرداری بێئەملاوئەولای تۆتالیتێر بن؛ نەوەکا فکر و بیرۆکەی سەرهەڵدان و سەربزێوی بچێتە مێشکی کۆمەڵگاوە. ئەمە دەستپێشخەرییەکی توتالیتاریزمە بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا.
بێکارکردن، لەسەر کار دەرکردن، کارپێنەدان لە ناوەندە دەوڵەتییەکان، بێبەشکردن لە خزمەتگوزارییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، هەروەها دانانی گوزینش بۆ دەستنیشانکردن و ئاپشناڵکردنی لە فەرمانگە و ئۆرگانە دەوڵەتییەکان و کەرتی گشتی و تەنانەت کەرتی تایبەتیشە. کاری گوزینش بووەتە پیشە، ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن لێی تێنافکرن و هانا ئارێنێت گوتەنی پرسیاری ئەندێشەتەوەرانە بە مێشکیاندا نایەت. مەبەستم ئەوەیە ئەو جۆرە کەسانە لە گشتایەتیی فەلسەفە و بوونی تۆتالیتێردا دەتوێنەوە و تێکەڵاوی ئەو گەندەڵی و پیسکارییە دەبن. ئەفلاتوون دەڵێ: “لەڕاستیدا ستەمکار حکوومەت ناکات، چونکە ژێردەست و سەردەست گرفتاری پڕۆژەی کۆیلایەتین. ئەو کۆیلانەی کۆیلەکانی دیکە کاریان بۆ دەکەن.[12]” ئەفلاتوون دەسەڵاتداری زاڵم و خوێنمژ بە کۆیلە دەزانێ. چونکە گیرۆدەی تیۆری و ئایدۆلۆژییە. تۆتالیتێری ئاخوندی کۆیلەی دەستی تیۆری تونداژۆیی شیعیزمە و بووەتە بەندە و کۆیلەی تیۆری و ئایدۆلۆژیستی فەندەمێنتالیزم. ئەفلاتوون لە درێژەدا دەڵێ: “دەسەڵاتداری زاڵم هەتا ئەو کاتە دەستڕۆیشتوو و ملهوڕە کە زمانلووسی و ماستاوچییەتی چەمکی باوی کۆمەڵگابێ.[13]” ئەو کلتوورە باوە دەستکردەی بەرهەمی سیاسەتی گەندەڵی دیکتاتۆر و تۆتالیتێرە. ئاشکرایە لە دەسەڵاتی ئاخوندیزمدا دووڕوویی و زمانلووسی چەمکێکی باوە.
زمان
زمانی تۆتالیتێر
زمانی تۆتالیتێر زبرە وەک بڕبەن. فێڵاوییە وەک ڕێوی. ئاگراوییە وەک شەیتان. بارگاوییە بە ژەهری مار. تاڵە وەک کەکرە.
لە ڕاستیدا زمان بناغە و بنچینەی سەرەکیی شوناسی کلتووریی نەتەوایەتییە. تۆتالیتێر، وەک ستڕاکچێری دەسەڵاتەکەی لەگەڵ دەسەڵاتی مرۆڤتەوەرانەدا تەواو جیاوازە، بێشک دەبێ زمانی ئاخافتن و بڕیاردانیشی تەواو جیاواز و تایبەتی بێ و خاوەن تاکتیک و پلانی خۆی بێ. زمانی تۆتالیتێری کۆلۆنیالیستتەوەری ئاخوندی، لە وڵاتی داگیرکراوی کلۆنیدا بە دووشێوە کۆلۆنیالیستبوونی خۆی نیشان دەدا و پارێزگاری لەو دوو چەمکە دەکات:
یەکەم بە شێوەی فیزیکی و لەڕێگای کلاسیک و بەهێزی سەربازی هەڵیکوتاوەتە سەر وڵات و داگیری کردووە و بەردەوام بە گرتن، ئەشکەنجە و شاربەدەرکردن و ئێعدام و سێدارە، ڕۆڵەکانی خەباتکاری نیشتمان سەرکوت دەکات. هەروەها بە وێرانکردنی ژینگە، تێکدانی ڕێڕەوی ئاو و شێواندنی سەرچاوە ئاوییەکان، دزین و ڕفاندنی کانە ژێرزەوییەکان و سووتاندنی لێرەوار و دارستانە کەوناراکان، کۆلۆنیالیستبوونی خۆی دەسەلمێنێت.
دووهەم، لەڕێگای زمان و هێرشی بەرینی زمانەوانییەوە دادەکوتێتە سەر زمان و کلتووری کۆمەڵگای داگیرکراو. هێرشی فیزیکی بۆ داگیرکردنی پەیکەرەی خاک و جەستەی تاک بەتاکی کۆمەڵگای داگیرکراوە و لەکانگا و ناخی مرۆڤدا سەبارەت بە کۆلۆنیالیست، ڕق و قین و هێزی بەربەرەکانێ و بەرەنگاری دەخۆڵقێنێ. بەڵام هێرشی زمانی بۆ زەبروەشاندن و کوشتنی زمانی کۆمەڵگای داگیرکراو و دەستەبەرکردنی ڕۆح و ڕەوانی تاکی کلۆنییە و بە هەنگاوی نەرم و هێدی، ناخی تاکی کلۆنی داگیر دەکات و ئەگەر کۆمەڵگای داگیرکراو وشیار نەکرێتەوە، بێ ئەوەی هەستی پێ بکات بۆخۆی دەبێتە ئامرازی بەرەوپێشچوونی سیاسەت و تاکتیکەکانی کۆلۆنیالیست لەدژی خۆی. چەمکی زمان ئامراز و کەرەسەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو ئۆتۆریتەی دەسەڵات و هێژمۆنی و توانستی کلتووری و زمانی دەسەڵاتی داگیرکەرە و بە داگیرکراوی ژێردەستە دەسەلمێنێ من لە تۆ و ئەویترەکان گەورەتر و بەرزترم. بە واتایەکی ڕوونتر داڕمانی دەروونی و تێکشکانی چەمکی هیوابەخۆبوون و یان خۆبەکەمزانین لەبەرانبەر کلتوور و زمانی کۆلۆنیالیستدا، ڕێگەخۆشکردنە بەرەو کەندەڵانی ئاسمیلاسیۆن.
زمانی فارسی تەنیا زمانێکی فەرمی و ڕەسمیی وڵات نییە؛ بەڵکوو ئامرازی تواندنەوە و تێکشکاندن و ئاسمیلەی زمانی ژێردەستە. هەروەها نەخۆشخستن و پەککەوتەکردنی زمان و کلتووری کۆمەڵگای داگیرکراوی بەدواوەیە. لەوەها حاڵەتێکدا زمان چۆن ئاسمیلە دەبێ؟ لە وڵامدا دەبێ بگوترێ، زمان پردی پەیوەندیی ڕابردوو لەگەڵ جیلی ئەمڕۆ و داهاتوویە. ئەگەر ئەو پردە بڕووخێت تڕادیسیۆن و کلتوور و گشتایەتیی شوناسی نەتەوەیەک هەڵدەوەشێت و پاشخان و تێشووی کلتووری و زمانیی نامێنێ و نەتەنیا زمان بەڵکوو تەواوەتی نەتەوە ئاسمیلە دەبێ. بەڕواڵەت لە مادەی 15ی دەستووری ئێراندا هاتووە: “زمانی فارسی، زمانی دایکیی و خەتی ڕەسمی و هاوبەشی هەموو خەڵکی ئێرانە و دەبێ ئیدارات و کتێبەدەرسییەکان بە زمانی فارسی بن.” لەدرێژەدا ئاوا هاتووە: “لە پەنای زمانی فارسیدا، ئەدەبیاتی زمانە خۆجێییەکان بخوێنرێت و لە زمانە مەحەللی و قەومییەکان بۆ چاپەمەنی و ڕاگەیەنە لۆکاڵیەکان کەڵک وەربگیرێ.” لەم یاسایەدا زمانی فارسی وەک کۆڵەکەی زمانیی ئەویترەکان دانراوە و زمانەکانی دیکەش بە پاشکۆ ناوزەد کراون. لە ئەسڵی 15دا وا نیشان دراوە گەلانی دیکەی ئێران بە قەوم دەناسرێن و وەک ئیتنیک و نەتەوە حیسابیان بۆ ناکرێ. دەی دیارە ئەگەر بە نەتەوە نەناسرێن، زمانەکەیان بە زاراوە ناو دەهێنرێ. خاڵی جێی ئاماژە ئەوەیە هەتا ئێستا لە شرۆڤەی ئەم ئەسڵەدا کوتراوە زمانەی نافارسییەکان دەتوانن لە قوتابخانەکاندا بخوێنرێن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو دەڵێ: ئەدەبیاتی زمانەکانی دیکە و هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆی بە زمان نەکردووە. واتا لە قوتابخانەکاندا دەتوانن سەبارەت بە ئەدەبییاتی زمانەکانی دیکە قسەوباس بکرێ. ئەینا هەر دوابەدوای ئەسڵی 15، ئاماژە کراوەتە سەر ئەسڵی 16ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران. لەئەسڵی 16دا ئاماژە کراوەتە سەر زمانی عەرەبی وەک زمانی قورئان و جەختی لەسەرکراوە دەبێ لەقوتابخانەکاندا بخوێنرێت. هەربۆیە ئەسڵێکی جیا و سەربەخۆیان بۆ داناوە. ئەسڵی16: “چونکە زمانی قورئانی و زانست و مەعریفەی ئیسلامی عەرەبییە و ئەدەبیاتی فارسییش ئاوێتە و تێکڵاوییەکی زۆری لەگەڵ زمانی عەرەبیدا هەیە، دەبێ زمانی عەرەبی دوای قۆناغی سەرەتایی و هەتا کۆتایی دەورەی دواناوەندی لە هەموو پۆلەکانی قوتابخانەدا بخوێنرێت.”
لە ڕاستیدا زمانی فارسی زمانێکی هاوبەش نییە، بەڵکوو زمانێکی داگیرکەری دەسەڵاتداری پۆست کۆلۆنیالیستییە کە بۆ تێکشکاندن و ڕووخاندنی قەوارەی زمانیی ئەویترەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت. زمانی فارسی بە زمان ناو دەهێنرێ و زمانەکانی دیکەی وەک کوردی، بە بنزاراوە و پەیڤ و گوویش نیشان دەدرێ. ئەگەر ڕێز لە زمانی کۆمەڵگای داگیرکراو بگیرایێ نەدەهاتن ناوی گوند و کێو و شار و ناوچە جوگڕافیاییەکانی کوردستان بگۆڕن و بشێوێنن. منداڵی کورد هەر کە چاوی کراوە، لە قوتابخانە زمانێکی بیانی دەخزێنرێتە مێشکییەوە و ئامادەی دەکات بۆ وەرگرتنی هێژمۆنی کلتووری کۆلۆنیالیست. کۆلۆنیالیست بە زمانی داسەپاو، گەرەکیەتی شوناس و هۆوییەتی نوێ بۆ منداڵی کورد دیاری بکات. خوێندنگا و زانکۆکان تەنیا ناوەندێکی فێرکاری و زانستی نین؛ بەڵکوو سەرچاوەیەکن بۆ بەگەورەیی نیشاندانی زمانی دەسەڵاتداری کۆلۆنیالیست تاکوو بە ژێردەستانی بسەلمێنێ زمانی من زمانی دەسەڵاتە و تۆ تواناییی دەوڵەتبوونت نییە. قوتابخانە و زانکۆ بڵیندگۆیەکەن بۆ چەواشەکاری و دەستوەردانی مێژوویی. مێژووی ماد لە چەند دێڕدا دەنووسرێ، سەرکردەکانی بە ئەژدیها و خوێنڕێژ ناودێر دەکرێن. لە پەناوە مێژووی مرۆڤایەتی لە کوورش و داریووشەوە دەست پێ دەکات. کوورش بە سەرکردەی بەخشندە و داهێنەر و سەرچاوەی مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەناسێنرێت.
بە هۆی بوونی دەسەڵات و دەوڵەتێکی داگیرکەرەوە، کۆلۆنیالیست چەمکی شەرم و تەریقبوونەوە دەخزێنێتە کانگای زەینی وڵاتی داگیرکراو. بۆیە ناڕاستەوخۆ پڕۆپاگەندە بۆ ئەوە دەکەن نووسین و لێکۆڵینەوە و قسەکردن بە زمانی فارسی شانازییە و پڕستیژێکی ئەوتۆی بەدواوەیە. ئەی بۆچی قسەکردن و نووسین بە زمانە ئینتڕناسیۆناڵییەکانی وەک ئینگلیسی و فەڕانسی و … بە قەدرایی زمانی فارسی مەزن و شانازی نییە؟
بەهۆی هەبوونی ناوەندەکانی هێز و دەسەڵاتداریەتییەوە و بەهۆی دەزگای ڕاگەیاندن و ماسمیدیا و وەزارەتی پەروەردە و ڕاهێنانی فەرمیی سانتڕاڵتەوەر، تاکی ژێردەست هەر سەرکوت و تێکشکاندنی ڕۆحی و زمانی دەبینێ. لە قوتابخانە و سەر میدیاکان نوکتە و شۆخی و گاڵتەپێکردن بەردەوام دووپاتە دەبێتەوە بۆئەوەی بە گوێی تاکی داگیرکراوی کۆلۆنیدا بخوێنن تۆ داگیرکراو و ژێردەستەی و ئیمان بەوقەزاوقەدەرە بێنە! بۆ ئەوەی شەرم لە زمان و کلتووری خۆی بکات و لەملاوئەولا پێی عەیب بێ بە زمانی خۆی بئاخفێ و زمانی داگیرکەر ببێتە هایکڵاس. خاڵی جێگای ترس ئەوەیە، هەرکە تاکی کۆمەڵگای داگیرکراو بەرهەمی زمانەوانی و یان دەقێکی ئەدەبی و بەتایبەتی تێکستێکی مێژووییی نووسراو بە زمانی داگیرکەری لە لا شیرین و پەسند بوو، ئەوە زۆر جێگای ترس و دڵنیگەرانییە و نیشانەی کارتێکەریی زمانی زاڵە. چونکە لەوەها دۆخێکدا هێژمۆنی زمانی زاڵ خەریکە بەسەر زمانی داگیرکراودا ئۆتۆریتەی خۆی دادەسەپێنێ. بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو تاکتیک و سیاسەتانە، بەرفراوانکردنی کارای میدیا و سوشیاڵمیدیا زۆر پێویستە. کارپێکردنی زمانی کوردی لە ناوەندە ئەدەبی و خوێندنگاکاندا دەبێ لەبەرچاو بگیرێ.
ڕێبەر
حکوومەتە تۆتالیتێرەکان پێکهاتەیەکی تایبەتین و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. بۆ نموونە نازیسم لەسەر ئەساسی ناسیۆنال/ڕاسیزمی خەستی ژێڕمەن دامەزرابوو. حکوومەتی مۆسۆلێنی لە ئیتالیا، ناسیۆنالیزمی فاشیزمانەیە. ئەساسی کۆمۆنیزم ئایدۆلۆژیی کرێکاری و سۆسیالیزمی لەخۆ گرتبوو. تۆتالیتێری ویلایەتی فەقێی ئاخوندی، لەسەر بنەچەی ئایدۆلۆژیی ئیسلامیی ڕادیکاڵی شیعیزم داڕێژراوە. هەوەها بە قەولی هانا ئارێنێت، لە نیشانەکانی دیکەی حکوومەتە ڕەها و تۆتالیتێرەکان ئەوەیە پێشبینی ناکرێن، چونکە سیاسەتێکی ڕوون و پەکەیجێکی باو و گونجاویان نییە. هیچ هێما و نیشانەیەکی مرۆییان بۆ ڕەچاو ناکرێ. هەربۆیە بۆ پێکهاتە و پێشهاتەکان بەپێی ئایدۆلۆژیستبوونیان و بەهۆی ئانارشیست بوونی وەها دەسەڵاتگەلێک لە چوارچێوەی یاسای مرۆییدا ناگونجێن.
ئەگەر نەڵێین پێوەری سەرەکی، لانیکەم یەکێ لە خسڵەتە ئەساسییەکانی توتالیتاریزم چەمکی لیدێر و ڕێبەرایەتییە. لەدەسەڵاتی توتالیتاری ئاخوندیزمدا ڕێبەر ڕەواییی خۆی لە کۆمەڵگا وەرناگرێ و خۆی بەنوێنەری خودا دەزانێ. واتا شەرعییەت و ڕەواییی خۆی لە لایەن خوداوە وەردەگرێ. لە ڕوانگەی ئیسلامەوە حاکمی سەرەکی و باڵادەست، تەنیا خودایە و ئیمام و حاکمی ئیسلامی جێنشینی خودایە. هەربۆیە ڕێبەر دەسەڵاتێکی ڕەها و “پۆستیاسایی”ی هەیە و هیچ یاسا و ڕێسایەک ناتوانێ بۆی ببێتە بەربەست. لە دەسەڵاتی ئاخوندیزمدا ڕاستە کە ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری بەڕواڵەت چاوەدێری دەسەڵاتی ڕێبەرایەتییە و دەبێ هەڵسوکەوتی ڕێبەریی ئیسلامی هەڵسەنگێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ئەنجومەنە گوێ لە مستە، پشتیوانی سەرەکیی ڕێبەرایەتییە و بەراییبەخشینە بە بەردەوامیی خامەنەیی. چونکە ئەرکی ئەو ئەنجومەنە کۆیلایەتی و کلکایەتیی ئەرکانی ڕێبەریی تۆتالیتێری ئیسلامییە و هیچ چاوەدێرییەکی بەرپرسانەی لەخۆ نەگرتووە. تۆتالیتێر لە دەسەڵاتە توتالیتاریزمەکاندا خۆیان وەک ئۆستوورە نیشان دەدەن، تاکوو ئەبەدی و دایمی بن و هیچ کەس و هیچ لایەنێک لە فکری وەلانان و لێپێچینەوەیاندا نەبێت.
بووچوونەکانی ئێرنێست کاسیرێر لەسەر گرینگایەتیی چەمکی ئوستوورە سەرنجڕاکێشن. کاسیرێر لە کتێبی ئوستوورەی دەوڵەتدا گوتوویەتی، ئوستوورە لەسەر دیاردەیەکی سەرەتایی و ڕەمەکییانە نەهاتووتە ئاراوە، بەڵکوو چەشنە فۆڕمێکی سەمبوولیکانەیە کە زەینییەت و مەنتالیتەی مرۆیی و چەمکە کۆمەڵایەتییەکان ئۆرگانیزە دەکات.[14] کاسرێر لەو بەرهەمەدا بەگژ ئۆستوورەی مودێڕندا دێتەوە. چونکە پێی وایە بەهۆی تیۆریی ڕاسیزمتەوەری و قارەمانپەوەری و پۆپۆلیزمیەوە، ئوستوورەی سیاسی دەئافرێنن و لەڕێگای پڕۆپاگەندەی نوێباو و تێکنۆلۆژیی مودێڕنەوە بیروڕای جەماوەر و کۆمەڵگا فریو دەدەن و پەرە بە دەسەڵاتی تۆتالیتێری خۆیان دەدەن. تۆتالیتێر لە هەموو ئامرازێکی بەردەستی کەڵکاژۆی خراپ وەردەگرێ و قازانجی دەسەڵاتی نگریسی خۆی تێدا دەبینێتەوە. ڕێبەری تۆتالیتێر هەڵە و تاوانێک ناکات و لە ڕوانگەی کۆمەڵگاوە دەبێ بە پیرۆز و خودای سەرعەرزی دابنرێ. خومەینی. خامەنەیی. هیتلێر و ستالین و…… هەموو یەک ڕەوشت و قەوارەی وێچوویان هەیە و قارەمانی وڵاتەکەیانن و لەچەشنی ئەوان نموونەیەک نەبووە و نابێ و دەبێ بپەرسترێن و ئەرک وفەرمانیان بەبێ سێ ودوو جێبەجێ بکرێت. چونکە ڕێبەری تۆتالیتێر (کیشی شەخسییەتە) و هێژمۆنییەکی تایبەتی ئاسمانی و متافیزیایی هەیە.
لە24ـی ماڕسی 1933ـی زایینیدا، لە ئاڵمانی نازیسمدا یاسایەک دەرچوو کە ئێختیار و توانایی دەسەڵاتی ڕێبەر(هیتلێر) لە دەوڵەت بانترە و لەوەبەولاوە دەسەڵاتی یاسادانان(قوە مقنننە) سپاردرایە دەستی هیتلێر. یانی دەسەڵاتی هیتلێر هیچ سنوورێکی بۆ دیار نەکرا و بووە حاکمی ڕەها و تۆتالیتێر. وەختایەکی خومەینی بووە حاکمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیدی وتەکانی بوونە یاسا. (کۆماری ئیسلامی نەوشەیەک زیاتر نەوشەیەک کەمتر). لە ئیسلامی شیعیزمدا ویلایەتی موتڵەقەی فەقێ، دەسەڵاتی ڕەهای هەیە و دەتوانێ دەست لە هەموو کاروباری وڵات وەربدات و خۆی تێهەڵقورتێنێ و ڕای خۆی دەربڕێ. چونکە دەسەڵاتەکەی دەلالەتە لە شەرعییەتی ئیسلام. لەئەساسدا فەلسەفەی ئایینە ئاسمانییەکانی وەک مەسیحییەت و مووسایی و لەسەرووی هەموانیشەوە ئیسلام، باوەڕمەندییەکی تاکڕەهەندانە و ڕەهایە. ئیسلام دەڵێ هەرکەس ئیسلامی قەبووڵ بێ موسوڵمانە و لەو بەدەر کافرە. ئیسلام ئایینێکە لە نێوان ڕەش و سپیدایە و بەدەر لەوە هیچ ڕەنگێکی دیکە نابێ بوونی هەبێ. فرەیی و پلۆڕالیزم، دوژمنی سەرەکیی ئیسلامن و لە ئێراندا حوکمی ڕەجم و سێدارەیان لە پشتە. بەپێی بووچوونی ئایینزای شیعە، پێغەمبەر و ئیمامەکان پاک و بەری لەتاوان(مەعسووم)ن. بەپێی ئەو بۆچوونە (ولایەتی موتڵەقەی فەقێ) نەتەنیا پاک و بێگەردە بەڵکوو ڕادەربڕینەکانیشی یاسا و پڕەنسیپن، چونکە جێنشینی خودایە و حوکمی خۆی لە خوداوە وەرگرتووە و لادان لە بۆچوونەکانی تاوانە و حوکمی موفسیدولفیلئەرزی هەیە. دەستووری جەهادی خومەینی بۆ سەرکوردستان لەگەلاوێژی 1358ـی هەتاوی و دەیان و سەدان دەستوور و فەرمایشی بێبنەمای خامەنەیی دەکەونە قەوارەی ئەو دەسەڵاتە ڕەهایە.
ویلایەتی فەقێ لەچوارچێوەی یاسای ئیلاهیدا حکوومەت دەکات و بەدەر لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتە. ئایەتوڵڵا ئەحمەدی ئازەریی قومی جەخت لە دەسەڵاتی ڕەهای ویلایەتی موتڵەقەی فەقێ دەکات و لە کتێبی ویلایەتی موتڵەقەی فەقێدا، ڕای خۆی دەربڕیوە و دەڵێ: “دەسەڵاتی ویلایەتی موتڵەقەی فەقێ بێسنوورە و دەتوانێ دەستوەردان لە هەموو کاروباری وڵاتدا بکات”.[15] واتا دەسەڵاتێکی ڕەها و تۆتالیتێری وەک خامەنەیی. لە دەسەڵاتی ئیسلامیی شیعیزمدا دەسەڵاتێک و یاسایەک نییە چاوەدێریی حاکمی ئیسلامی بکات. چونکە ئەو نوێنەری خودایە. ئێستا کە خودا لێرە نییە ڕێبەر خودی خودایە. بەڵام ئەوانە هەمووی وەهمێکی شێتانەیە و داوێنی خامەنەیی گرتووە و هەرکە بڵێسەی خەبات پەرەی سەند، تیشکی زێڕینی خۆری ئازادی دنیای تاریکی تۆتالیتێر دەرزیئاژن دەکات و وەک بڵقی سەرئاو دەڕەوێنەوە.
ژێدەر :
- توتالیتاریسم: هانا آرنت….. مترجم: محسن ثلاثی. سازمان انتشارات جاویدان. چاپ دوم سال1366.
- نظریەهای جباریت ازافلاطون تا آرنت:دکتر ڕاجر پوشە…… مترجم: فریدون مجلسی. انتشارات مروارید.چاپ سوم. 1395.
ISBN:978-964-8838-10-7.
- خشونت: هانا آرنت…… مترجم: عزتالە فولادوند. انتشارات خوارزمی. چاپ دوم 1394. : 978-964-478-148-1:ISBN
- قدرت بیقدرتان: واتسلاو هابیل: مترجم: احسان کیانیخواە. نشر نو. چاپ دوم1398. ISBN: 987-600-490-097-3
- خۆڵەمێشی قەقنەس: بەختیار عەلی. ناوەندی ڕۆشنببیری ڕەهەند. ژوماەی سپاردن1686ساڵی 2023.
- ولایت فقیە از دیدگاە فقهای اسلامی: احمدآذری قمی. ناشر: دارالعلم قم.سال 1372. کد: 223
- اسطورە و دولت: ارنست کاسرر……. مترجم: یدولا موقن. سال:1403. انتشارات هرمس. ISBN987-968-664-113-6
- 21کتاب: درس برای قرن21: یووال نوح هراری…. مترجم: سودابە قیصری. بنگاە ترجمە و نشر کتاب پارسە. سال 1397.
ISBN: 987-600-828-027-9.
- کتاب: نامە تنسر بە گشنسپ. نویسندە و مولف: مجتبی مینوی. انتشارات: دنیای کتاب. چاپ سوم.ISBN: 978-964-346-2550.
- آیشمن در اورشلیم: هانا آرنت. مترجم: زهرا شمس. انتشارات: نشر برج. چاپ پنجم سال1399.ISBN: 978-622-96477-3-8. شماره کتابشناسی ملی: 5967502.
[1] .21درس برای قرن21. یووال نوح هراری. ترجمە: سودابە قیصری.صفحە 198
[2] .هەرئەو سەرچاوەیە(21 درس برای قرن 21) لاپەڕەی 198 و 199.
[3] .توتالیتاریزم. هانا ئارێنێت. وەرگێڕانی: موحسین سەلاسی. لاپەڕەی 293
[4] . کاناڵی تێلێگڕامی تایبەتی مەهدی خەلەجی.t.me/khalajich
[5] .هەرئەوسەرچاوەی سەرەوە. واتا مەهدی خەلەجی.
[6] . “نامە تنسر” لەڕاستکردنەوە و گردوکۆکردنەوەی موجتەبا مینەوی. ئەم کتێبە لەسەردەمی هەردەشێری پاپەکاندا نووسراوە و زمانی سەرەکیی ئەو بەرهەمە زمانی پاڵەیی بووە. واتا زمانی دەسەڵاتدارانی ئەمپڕاتۆری ساسانی. دەشزانین پاڵەیی کە فارسەکان پێی دەڵێن”پەهلەوی” و بۆ مەزن نیشاندانی بنەماڵەی ڕزاشا شۆرەت یان نازناوی بنەماڵەیی “پەهلەوی” بۆ هەڵدەبژێرن.
نامەی تەنسەر، هەمان “دووسەر”ی کوردییە کە موجتەبا مینەوی کردوویەتە تەنسەر. یان ڕەنگە لەوەرگێڕانە عەڕەبیەکەیدا تەنسەر دانرابێ. چونکە نوسخەی سەرەکیی ئەو بەرهەمە نەماوە هەتا ڕاستی و دروستیی ناوی بەرهەمەکەمان بۆ مەعلووم بێ.
کتێبی “نامەی تەنسەر بۆ گوشەسب” سەرەتا لەلایەن “عەبدوڵڵا ئیبنی موقەفەع”ـەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەڕەبی. دواتر لەلایەن “ئیبنی ئەسفەندیار”ەوە کراوەتە فارسی و موجتەبا مینەویش گردوکۆی کردووەتەوە و هەڵەچنیی بۆ کردووە.
[7] . کتێبی. 21درس برای قرن21 لەنووسینی: یووال نوح هراری.
[8] .تڕۆ. تڕۆکردن: ڕیسواکردن. بێحورمەتی پێ کردن. (هەنبانەبۆرینەی مامۆستا هەژار)
[9] . فیلمی تڕاژیکی (دست نوشتەها نمیسوزند) لەدەرهێنانی: محەمەد ڕەسوولۆف. ساڵی پەخش: 2013ز.1392هـ.
[10] . کتێبی : نظریەهای جباریت. از افلاتون تا آرنت. نووسەر: دوکتور ڕاجێر بووشە. لاپەڕەکانی 107 و 109.
[11] . نظریەهای جباریت: دکتر راجربوشە. لاپەڕەی 69.
[12] .نظریەهای جبارریت: د.ڕاجر بوشە. مترجم: فریدون مجلسی.لاپەڕەی 59.
[13] . هەر ئەو سەرچاوەیە. نظریەهای جباریت.
[14] .ئوستوورەی دەوڵەت: ئێرنێست کاسرێر. وەرگێڕ بۆ زمانی فارسی: یەدوڵا موقن.
[15] . ولایت فقفیە از دیدگاە فقهای اسلامی: احمدآزری قمی(1303ــــ 1377هـ)



