گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026
دەباغی شەهلا:تێمی هەژاری لە چەند گێڕانەوەیەکی کوردیدا. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073
شەهلا دەباغی: تێمی هەژاری لە چەند گێڕانەوەیەکی کوردیدا.
مێژووی مرۆڤ پڕە لە شەڕ، کوشتار، تاوان، بێدادی و هەژاری. هەموو ئەمانەش بوونەتە هەوێنی شیعر و نووسینی دەقەگەلێکی فراوان. ئەم ئەورووپایەی کە ئەمڕۆ دەیبینین، گەرچی ئێستاش هەژاری بەفراوانی تێیدا دەبیندرێت، بە سەردەمێکی سەختی هەژاریدا تێپەڕیوە و زۆر کەس ناچار بوون بۆ وەدەستهێنانی بژێویی ژیان بەرەو ئەمریکا کۆچ بکەن. لەندەن، پاریس، ئۆسلۆ و ستۆکهۆڵم هەژاری و نەخۆشیی وەها سەختییان بەخۆوە دیوە کە نووسەرانی گەورەی وەک چارلز دیکێنز[1] (لە ڕۆمانی ئۆلیوێر تویست[2])، ویکتۆر هۆگۆ[3] (لە ڕۆمانی بەشمەینەتان/بێنوایان[4])، کنوت هامسون[5] (لە ڕۆمانی برسێتی[6])، مۆوا مارتینسۆن[7] (لە ڕۆمانی دایک زەماوەند دەکا[8])، ویلهێلم مۆبەری[9] (لە ڕۆمانی کۆچبەرەکان[10]) و زۆر نووسەری تر، لە ڕۆمانەکانی خۆیاندا موتیڤ[11] و تێمی[12] سەرەکیی ڕۆمانەکەیان برسێتی، هەژاری، درز و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کۆچ بووە و توانیویانە کاریگەری بخەنە سەر کۆمەڵگەی خۆیان و هەستی مرۆڤانەی کۆمەڵگە بۆ چاکسازی بجووڵێنن. لە دنیای نزیکتر و لە سەردەمی خۆماندا، بۆ وێنە دەکرێت نووسەری ئەفغانی- ئەمریکی خالد حوسەینی[13] و ڕۆمانە بەناوبانگەکەی کۆلارەفڕێن[14]، یان دوور نەڕۆین؛ لە ئەدەبی کوردیدا ڕۆمانێکی یەکجار جوانی نووسەر شێرزاد حەسەن بە ناوی پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان (٢٠٠٤) ناوبەرین.
هەژاری، تێمێکی بەهێزی ناو ئەدەبیات بەتایبەت دەقی کلاسیکە لە دنیادا. هەژاری تەنیا بە مانای نەبوونی پارە و پێداویستییەگەلی مادی نییە بەڵکوو غیابی ڕێز، کەرامەت و ئەخلاقیش دەگرێتە خۆی. تێمی هەژاری لە دەقی ئەدەبیدا دەبێتە ڕێگایەک بۆ باسی نادادی و هێنانەژێرپرسیاری پێکهاتەی سیاسی-کۆمەڵایەتی و ئەو دۆخە نائەخلاقییەی کە مرۆڤەکان دەکاتە چەند دەستەیەک و هەژاران دەکەونە بەشی هەرە خوارەوەی هەڕەمی دەسەڵات. هاوکات، تێمی هەژاری لە دەقدا دەتوانێت پرسی بوون و نەبوون، توانای مانەوە لە ژیاندا و نرخ و بەهای ژیانی مرۆڤ بێنێتە بەر باس. لە ڕاستیدا تێمی هەژاری بە یەک سەردەم و یەک سووچی جیهانەوە نەبەستراوەتەوە و لە چوارگۆشەی دنیادا بەڕۆژە؛ لە شەقامە ڕەشەکانی ئەمریکاوە بگرە، هەتا خاک سفیدی تاران و چیاکانی کوردستان کە جەستەی زۆر کۆڵبەری لە خۆیدا حەشار داوە.
لە ساڵانی ١٨٠٠دا تێمی هەژاری لە ڕۆمانە ڕێئالیستییەکاندا[15] جێگەیەکی تایبەتی هەبوو. ئەورووپا خەریک بوو بەرەو پیشەسازیبوون[16] بڕوات و سەرمایە کەوتبووە گەڕ. درزی قووڵی نێوان هەژاراران و سامانداران بەڕوونی دەبینرا و ئەمەش لە دەقی ئەدەبیدا ڕەنگی دەدایەوە. چارڵز دیکێنز بە شێوەیەکی جوانناسانە لە ڕۆمانەکانیدا هەژاری دەخاتە ژێر ڕەخنە و نیشانی دەدات کە هەژاری ئاکامی پێکهاتەیەکی نابەرامبەرە، نەک بەهۆی خراپی و نەبوونی ویست لەلای تاک. یا ویکتۆر هۆگۆ لە ڕێگەی سێ کارەکتەری ژان واڵژان[17]، کۆزێت[18] و پۆلیس ژاور[19]، پێمان دەڵێت کە هەژاری چۆن بە یاسا و نادادییەوە بەستراوەتەوە و چۆن دامودەزگای داد دەتوانێت ژیانی هەژران وێران بکات.
لە ساڵانی ١٩٠٠دا، هاوکات لەگەڵ مۆدیرنبوونی کۆمەڵگە، وێڕای باس لە پێکهاتەکان، ئەمجارە هەستەکانی تاک، پەراوێزخراوی، بێدەسەڵاتی و لەخۆبێگانەبوون دەبنە ڕوویەکی دیکەی هەژاری لەناو دەقدا. جان شتاینبەک[20] لە ڕۆمانەکانی خۆیدا بەشێوەیەکی ئاشکرا پێی وایە کە هەژاری دیاردەیەکی بەکۆمەڵە کە دۆخی نالەباری ئابووری بەسەر تاکدا دایدەسەپێنێت.
یان لە نووسینەکانی چینووا ئاچێبێ[21]دا، ئەوە پێکهاتەی کۆلۆنیالیستییە[22] کە دەبێتە هۆی هەژاریی مادی و ڕۆحی. یان ئاروندهاتی ڕۆی[23] لە کتێنی خودای شتە بچووکەکان[24]دا، باسی هەژاری لە سیستیمی کاست[25]ی هیندیدا دەکات. ڕۆی نەک تەنیا خۆی وەک نووسەر دەبینێت، بەڵکوو دەبێتە چالاکوانێکی پڕوزە و نەترس بۆ پرسەکانی ژینگە، پرسی ژنان و پەڕاوێزخراوانی دیکەی کۆمەڵگە.
ئەدەبیاتی منداڵانیش، وەک ئەدەبی گەورەساڵان، زۆرجار تێمی هەژاریی لەخۆ گرتووە. بۆ وێنە، لە سوید، ناسراوترین کتێبەکانی منداڵان لە نووسینی ئاسترید لیندگرین[26]، ماریا گریپە[27] و هێنینگ مانکێل[28]، لە ڕێگەی ژیانی کارەکتەرە منداڵەکانەوە باسی هەژاری، تەنیایی، بێسەرپەرشتی و بێدەسەڵاتی دەکەن؛ هاوکات، هێزی بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەیە لەبەرامبەر زوڵم و باڵادەستاندا. هەندێک جار منداڵ قارەمانێکە کە لە بەرامبەر جەلادێکدا ڕادەوەستێت و بەم شێوەیە هەژاری دەشاردرێتەوە. لە کتێبی برایانی شێردڵ[29] لە نووسینی لیندگرین، دوو برا، کاڕڵ[30] و سکۆرپان[31]، لەگەڵ دایکیان دەژین. سکورپان برا بچووکەکەیە و نەخۆشە. ڕۆژێک ماڵەکەیان ئاگر دەگرێت و کاڕڵ بۆ ڕزگارکردنی براکەی دەچێتە ناو ئاگرەکە، براکەی لە کۆڵ دەکات و لە پەنجەرەکەوە خۆی فڕێ دەدات. کاڕڵ دەمرێت. دوای ماوەیەک سکۆرپانـیش دەمرێت. لەو دنیایەدا، نانگیالا[32]، ئەم دوو برایە دەچنە شەڕی جەلادێک بە ناوی تێنگیل[33]. تێنگیل ئەژدیهایەکی هەیە بە ناوی کاتلا[34] کە هەموو کەس لێی دەترسێت و بە ئاگری دەمی خەڵک دەکوژێت. کاڕڵ بە ئاگری کاتلا دەمرێت. دوای ماوەیەک سکۆرپانـیش دەمرێت و هەردوو برا دەچنە جیهانێکی دیکەی ئەبەدی بە ناوی نانگیلیما[35] و لە بەختەوەری و ڕووناکیدا دەژین.
یان لە ڕۆمانی هوگۆ و ژۆسێفین[36] لە نووسینی ماریا گریپە، هوگۆ کوڕێکی بچووکی زۆر عاقڵە کە باوکی بە هەڵە خراوەتە زیندانەوە. هوگۆ هاوڕێیەکی کچی هەیە بە ناوی ژۆسێفین کە هەست بە تەنیایی و شەرم دەکات، بەڵام هاوڕێیەتیی هوگۆ بۆ ژۆسێفین زۆر ئەرێنییە. سەرئەنجام باوکی هوگۆ لە زیندان دێتە دەرەوە، بەڵام هوگۆ و باوکی زۆرجار لێک تێناگەن.
یان لە چەند بەرگێکدا، هێنینگ مانکێل باسی ژیانی کوڕێک بە ناوی یۆئێل[37] دەکات کە لەگەڵ باوکیدا دەژی. باوکی کرێکاری دارستانە و دار دەبڕێت. ڕۆژێک دایکی، ئەوکاتەی کە یۆئێل بچووک بووە، بەهۆی سڕیی ژیانەوە لەو شارۆچکە ساردە بچووکەدا ئەوانی بەجێهێشتووە. دواتر باوکی یۆئێل بە نەخۆشی دەمرێت و یۆئێل گەورە دەبێت؛ دایکی دەدۆزێتەوە، کارێک پەیدا دەدکات و دەبێتە دەریاوان لە کەشتییەکی گەورەدا کە بە دەوری دنیادا دەگەڕێت.[38]
تێمی هەژاری لە دەقی کوردیدا
بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە زۆربەی خەڵکی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا لەژێر سیستمی دیکتاتۆڕی، کۆلۆنیالیستی و داگیرکاریدا ژیاون و هەژارییان بە قووڵی ئەزموون کردووە. کەس نییە نەیبیستبێت کە چۆن خەڵکی کوردستان لە قاتوقڕیی سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا هەڵپرووزان و بۆ زیندوومانەوە، لە ئاردی بەڕوو نانیان دەکرد و بۆ کیسە ئاردێک کچی خۆیان دەفرۆشت. یا لە کۆڕەوە گەورەکەی کورد لە باشوور (١٩٩١)، دەیان منداڵ لە برسێتیدا مردن. یان هەر ئێستا دەبینین چۆن خەڵک لەژێر دەسەڵاتی مەلاکانی داگیرکەری ئێرانیدا لەبەر نەداری، ئەندامی جەستەی خۆیان دەفرۆشن. یان لە کۆبانێ بەهۆی ئەوەی داگیرکەران شارەکەیان گەمارۆ داوە، منداڵ لە سەرما ڕەقهەڵدێن.[39] نموونە بۆ نەهامەتیی ژیانی خەڵک لە پێکهاتەیەکی داگیرکاری و دیکتاتۆڕیدا، یەکجار زۆر و ڕۆژانەیە. ئەگەر چاوێک بەسەر مێژووی کورد لە دوای ساڵانی ١٩٠٠دا بخشێنین، دەبینین کە کورد لە هەر چوار پارچەکە بەردەوام پەراوێزخراوە و لە کۆی داهاتی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژی کەمترین بەشی بەرکەوتووە و بگرە سامانەکەشی دزراوە. ئێمە ئێستا بە چاوی خۆمان دەبینین کە چۆن دەسەڵاتی کۆلۆنیالی تاران زێڕی کانگای شاری سەقز لە ڕۆژهەڵات بە تاڵان دەبات؛ لە کاتێکدا کورد هیچی لەو سامانە زۆرە لە خاکی خۆیدا بەرناکەوێت و زۆربەی گەنج و خەڵک لە هەژاریدا دەژین و کۆڵبەری دەکەن.
کەواتە زۆر سروشتییە کە ئەم بابەت و تێمە لە دەقی کوردیشدا ڕەنگ بداتەوە، گرینگیی پێ بدرێت و بەشێوەیەکی سروشتی ببێتە هەوێنی دەقەکان. بۆ وێنە، تێمی سەرەکیی کتێبی پێکەنینی گەدا (١٩٧٢) لە نووسینی نووسەری گەورەی کورد، مامۆستا حەسەن قزڵجی، ڕێک هەژارییە (بە بڕوای من، سەرجەم نووسینەکانی مامۆستا قزڵجی دەبێت بە جیا لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت). یان نووسەری ئەم وتارە لە پەخشانەیادی شاتوودا (٢٠١٨) باسی ژیانی منداڵیی خۆی کردووە کە دایکی بە کاری دروومان و چێشتلێنان بژێویی ژیانیا دابین کردووە. یان بۆ وێنە، تێمی هەژاری لە ڕۆمانی پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان (٢٠٠٤) لە نووسینی شێرزاد حەسەندا، وێڕای تێمی خۆشەویستی و خۆشاردنەوەی دوو عاشق، بە ناوەکانی دەروێش و هەمین، لە فەرهەنگی باوکسالاری و عەشیرەتیدا، بەسەر کۆی ڕۆمانەکەدا باڵی کێشاوە.
لێرەدا، بۆ باسێکی کورت[40] لەسەر تێمی هەژاری لە دەقی ئەدەبیی کوردیدا، چەند دەقێکم لە چوار نووسەر، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣ هەتا ٢٠٢٣ هەڵبژاردووە:
چیرۆکی نازدار[41] (٢٠١٩) و چیرۆکی سەیران[42] (٢٠٢١) لە نووسینی لەیلا قادری[43]
ڕۆمانی خورشید، شەرارە ماملێ. سوید (٢٠٢٣)
چیرۆکی فاتمۆکێ[44] (١٩٩٣) لە نووسینی فەڕۆخ نێعمەتپوور
ڕۆمانی ژیان بەدەم زریانەوە، تەیفوور بەتحایی (١٩٩٣)[45]
لێکۆڵینەوەکانی پێشوو
لەسەر هەردوو چیرۆکی نازادار و سەیران لە نووسینی قادری، هەروەها چیرۆکی فاتمۆکێ لە نووسینی نێعمەتپوور، لێکۆڵینەوە یا نووسینێکی ئەوتۆم نەدیوە کە بتوانم لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم.
لەسەر ڕۆمانی ژیان بەدەم زریانەوە تاقە نووسینێک کە هەبێت، لێکۆڵینەوەیەکی پێشووی نووسەری ئەم وتارەیە[46] کە دواتر ئاماژەی پێ دەکرێت.
ڕۆمانی خورشید
هەوێنی ڕۆمانی خورشید، ژیان و بەسەرهاتی دایە خورشید، خێزانی کاپیتان حەمەدی مەولوودییە. خورشید ڕۆمانێکە کە لە چوارچێوەی مێژووی کورددا نووسراوە و کۆمەڵێک ڕووداو و بەسەرهات لە ساڵی ١٩١٦ تاکوو ۱۹۹۹ دەگێڕێتەوە و فرەگێڕەرەوەیە. هەرچەندە لە پێناسەی ئەو نەمرەدا ساڵی ١٩٢٢ی زایینی وەک ساڵی لەدایکبوونی تۆمار کراوە، بەڵام بەو شێوەیەی بۆیان گێڕابووەوە، لە ڕاستیدا نزیک سێ مانگ بەر لە ڕەشەکوژییەکەی ڕووسەکان لە سابڵاخ و لەنێو بنەماڵەیەکی هەژاردا لەدایک بووە. لە پاش مەرگی دایک و باوکی و ئەو کاتەی کە تەمەنی تەنیا ٧ ساڵ دەبێت، کاپیتان حەمەدی مەولوودی کە خۆی میرمنداڵێک دەبێت، باڵیان بەسەردا دەکێشێت و لە بێکەسی و بێدەرەتانی دەریاندەهێنێت. «خورشید دەیگێڕایەوە و دەیگووت کە ئێوارەیەک هات، لەتەک خۆیدا بردینی، باڵی بەسەردا کێشاین و چارەنووس و دنیای ئێمەی بەجارێک گۆڕی. خورشید خوشکە گەورەی دوو برایان بووە. دواتر خورشید و کاپیتان زەماوەند دەکەن و دەبنە خاوەن سێ کچ و کوڕێک. خورشید لە هەژدەی مانگی یازدەی ساڵی ١٩٩٩ ز. لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی دەکات.»[47]
لەسەر ڕۆمانی خورشید، تا ئێستا چەند توێژەر و خوێنەرێک بیروڕای خۆیان لە سۆشیاڵمیدیادا نووسیوە، لەوانە: دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە، دکتۆر ناسر باباخانی، شاعیر و نووسەر حوسەین شەبەق و شاعیر کامران شافعی.
بە بڕوای ئەحمەدزادە «مێژوونووسیی کوردی و گێڕانەوەی نوێی کوردی لە بواری ڕەنگدانەوەی ئەم ڕووداوە تراژێدیاییەی نەتەوەی کورددا هێشتا زۆر قەرزباری ئەم بلیمەتانە و دەیان هەزار گیانبەختکردووی دیکەی کوردستانە کە بۆ سەربەستی و سەرفرازیی گەلەکەیان تێکۆشاون.[…] دەکرێت مرۆڤ لە زۆر بارەوە لە سەر خورشید بدوێت، بەڵام ناکرێت لە شتێک دڵنیا نەبێت و ئەویش گرنگیی ڕۆمانی خورشیدە بۆ بەگێڕانەوەییکردنی بەسەرهاتی مرۆڤی کورد. کات زۆر تێپەڕ بووە و بەڕۆمانکردنی مێژووی کورد زۆر وەدرەنگی کەوتووە. بەڵام دەبێ لە شوێنێکەوە دەست پێبکرێت. خورشید ئەگەر دەستپێکیش نەبێت هەنگاوێکی بەوەجە لە ڕێڕەوی گێڕانەوەی بەسەرهاتی نەتەوەیەک و پێشەنگە گیانفیداکانیدا[48].»
بە بڕوای باباخانی «بەستێن و بواری ئەم ڕۆمانە ڕێئالیزمی مێژوویییە و عەسرەکەشی سەردەمی کۆماری کوردستانە، سەردەمی عەوداڵی بەدووی ناسنامەی کوردەوە! خورشید خەریکی گێڕانەوەی مێژوویەکی پڕ لە سەرەوەری و شانازییە، بەڵام تەژی لە حەسرەت و دەرفەتە لەکیس چووەکانیشە. ئەگەرچی وەفاداری دەقی ڕۆمانەکە بە مێژووی ڕاستەقینەی کۆماری کوردستان هەندێ جار لە ڕاپۆرتی نیزیک دەکاتەوە، بەڵام هەر زوو ڕۆمانتیسیسمی زاڵی ناو ڕووداوەکان پەلکێشمان دەکاتەوە بۆ ڕەوگەی ڕۆمانەکەوە[49].»
هەروەها حوسەین شەبەق لەسەر ڕۆمانی خورشید لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی بەم شێوەیە نووسیوە:
«[…] لەو هەشت کەرت و ١٢٠ لاپەرەیەدا، نووسەر زیاتر لە ١٢٠ جاری بردمیە ناو قەبر و هێنامیەوە دەر. ئەم “رۆمان”ە بە داڵانێکی خەماوی و پڕ لە فرمێسک و ژان و ئازار دا بردمی و لە ئاخرین برگەی خۆی دا ئاخری بە تەواوی چرنووکی لە گیانی گرتم و ئاگری تێبەردام. ئایا داری تەڕ تا ئاگر تینی بۆ نەهێنی سەری ساخی تەڕ دەبێ؟
ئەم رۆمانە دەروونی هەژاندم. بردمیەوە ناو داڵانی چیرۆکە پڕ ئازارەکانی ژیانی خۆم.
[…]
کتێبی خورشید لە درێژەی کتێبی “کوردبوون” دایە. تۆ هەتا کوردبوون لە نووسینی بەرێز “وریا ماملێ” نەخوێنیەوە و هەتا لەگەڵ کەسایەتی قارەمانی کتیبی کوردبوون واتە حەمەدی مەولوودی ئاشنا نەبێ، ناتوانی خورشید بخوێنیەوە، ئەگەریش بیخوێنەوە ناتوانی لێی تێبگەی.
خورشید پارادۆکسی کوردبوونە و
خورشید دەردی ژن بوونە و
خورشید کۆڵندان و تێهەڵچوونە و
خورشید مەدرەسەی ژیان و
بناغەی خوێندنەوە و لێفێربوونە![50]»
کامران شافعی لەسەر لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی، ڕوو بە نووسەری خورشید لە پۆستێکدا نووسیویەتی:
«مەخابن زۆرن ئەو منداڵانەی زەبری قوورسیان بەر دەکەوێ ،زۆرن ئەو ژنانەی بۆ بژێوی ماڵ و منداڵەکانیان ئازایانە دەجەنگن و بە بێ ئەوەی ناویان لە ڕیزی شۆڕشگێڕان دا بێت.
خورشید یەک لەو قوربانیانەیە کە بۆ خۆشەویستی هاوسەر و منداڵەکانی ژیانی خۆی فیدا دەکات. نامهەوێت یان لە توانای خۆمدا نابینم ڕۆمانەکە نەقد کەم چون ئەوە کاری کەسانی پسپۆرە بەڵام دەست خۆشیت لێدەکەم کە وا ئاوڕت داوەتەوە سەر ژیان ئەو چەند ژنەی وا لە کۆماری کوردستانەوە تا ئێستا ئازایانە شانیان داوەتە بەر ئەو کەلێنەی ژیان بەسەری دا تەپاندوون[51].»
کورتەی دەقەکان
نازدار
لەیلا قادری نووسەری زیاتر لە ٥٥ کورتەچیرۆکە کە لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا بڵاوی کردوونەتەوە. زۆربەی کارەکتەرەکانی چیرۆکەکانی ژنانن و تێمی نووسینەکانیشی ژیانی ژنان، هەژاری و گرفتگەلی کۆمەڵایەتییە. قادری بە زمانێکی زۆر دەوڵەمەند دەنووسێت؛ لە زۆربەی هەرە زۆری چیرۆکەکانیدا کە ڕاستەوخۆ هەڵێنجراوی ژینگەی خۆیەتی، بۆخۆی شاهیدی بەشێکی زۆری ڕووداوەکانیش بووە. قادری بەردەوام هەوڵ دەدات ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بگوازێتەوە ناو دەق.
چیرۆکی نازدار باس لە ژنێک دەکات کە مێردێکی تەمبەڵ و تەوەزەڵ، بەڵام پیاوسالاری هەیە و نازدار بۆ خەرجیی ژیانی منداڵەکانی کاری بژار و سێوڕنین دەکات. ڕۆژێک سەرکارگەرەکەی دوای کار بە بیانوویەک دەیهەوێت ڕایبگرێت، بەڵام نازدار خۆی لە دەست کابرایە ڕزگار دەکات و لەگەڵ کرێکارەکاندا دەگەڕیتەوە بۆ ماڵەوە. ڕۆژی دواتر خەڵک پێیان وایە ئیتر نازدار پێویستی بە پارە نییە و ناچێتەوە بۆ کار، کەچی نازدار لە ترسی ئەوەی کابرای سەکارفەر فیلمی لێ نەگرتبێت، لە شەرماندا خۆی هەڵواسیوە.
سەیران
لە چیرۆکی سەیراندا، ئێمە لەگەڵ ژنێک ڕووبەڕووین کە گەرچی کەوتووەتە بەر لۆمە و زمانی زبری خەسوو و دەوروبەر، بەڵام ژمارە تلێفوونێکی پەیدا کردووە و قسەیان لەگەڵ دەکات. سەیران بە نهێنی هەوڵ دەدات بڕواتە شارێکی دیکە و کارێک ئەنجام بدات. لە کۆتاییدا دەزانین کە نازدار بۆ دەرهێنانی مێردەکەی لە زیندان، دەیهەوێت گورچیلەیەکی خۆی بە ماڵێکی دەستڕۆیشتوو بفرۆشێت تا بتوانێت باوکی منداڵەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەوە.
خورشید
ئێمە لە ڕۆمانی خورشیددا لەگەڵ کارەکتەری سەرەکی، واتە دایە خورشید ڕووبەڕووین. کاتێک خورشید بە منداڵی دایک و باوکی لە دەست دەدات و لە گەڵ دوو برای بێسەرپەرشت دەمێننەوە، حەمەدی مەولوودی کە خۆی میرمنداڵێکی بێماڵوحاڵە، دەیانخاتە ژێر سەرپەرەشتیی خۆی. دواتر کە خورشید گەورە دەبێت، لەگەڵ حەمەد کە لە کۆماری کوردستاندا بووەتە کاپیتان، ژیانی هاوبەش پێک دەهێنن. خورشید لە تەمەنی هەفت ساڵیدا دایک و باوکی دەمرن. بە هەژاری گەورە دەبێت و نەچووەتە قوتابخانە؛ مێردەکەی بەهۆی چالاکییەوە لە کۆماری کوردستان دووەرەوڵات دەبێت. خورشید ترس لە دەسەڵاتی حاکم ئەزموون دەکا،، تەنیا و دەستکورتە، بە کاری دروومان و کڵاوچنین منداڵەکانی بەخێو دەکات. مێردەکەی دوای ماوەیەک ئاوارەیی دەچێتە شاری باکوو و لەوێ ژنێکی دیکەی هێناوە، بەڵام خورشید وەفادارە و لە مەهاباد دانیشتووە. خورشید تا کۆتاییی تەمەنی تەنیا، بێهاوسەر و پڕ لە حەسرەتە. بەڵام لە هەمان کاتدا دایە خورشید بەغروورە و شانازی بە ڕابردووی خۆی و خەباتی مێردەکەیەوە دەکات[52].
ژیان بەدەم زریانەوە
ڕۆمانی ژیان بەدەم زریانەوە، بەسەرهاتی ئەو منداڵە بێدایکوباوکەیە کە بە هەژاری لە لای «ئامە» گەورە دەبێت و ئامە تاقە بزنی خۆی بۆ دەفرۆشێت. بەڵام منداڵێک کە دایکی لە زیندانە و کەس نازانێت باوکی چی بەسەر هاتووە و ئامەش بەرەو پیری و مەرگ دەڕوات، دەتوانێت چ چارەنووسێکی هەبێت؟ «ژیان» بە هەژاری لەم ماڵ و ئەو ماڵدا گەورە دەبێت، بەڵام ژیانی ئەو هەمیشە لەبەردەم زریاندایە، تەنانەت کەسیشی نییە تا پێش لەسێدارەدانی وەسیەتنامەی بۆ بنووسێت. نەخەیر، کەسێک هەیە؛ کەماڵ کە لەگەڵ سەفورا، زەماوەندی کردووە. سەفورا، ئەو کچەی کە دووراودوور خۆشی ویستووە و دواتر مێردی کردووە. ئاخر کوڕێکی هەژار کە جێگای خەوی نییە، کوا دەتوانێت لە بیری ژیانی هاوبەشدا بێت؟ بەڵام لەژێر ئێعدام دەنووسێت: «کەماڵ گیان ئاگات لە سەفورا بێت.»
فاتمۆکێ[53]
فەڕۆخ نێعمەتپوور دەیان کورتەچیرۆکی بە تەکنیکی جیاواز و لەسەر بابەتە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی نووسیوە و لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاوی کردوونەتەوە[54].
فاتمۆکێ چیرۆکێکی زۆر کورتی یەک لاپەڕەییە کە لە چەند پاراگرافێکدا و بە تەکنیکێکی تێکەڵاو نووسراوە. هەر پاراگرافێک بە کەڵکوەرگرتن لە دێڕێکی دەقی گۆرانییەکی فۆلکلۆریی «فاتمۆکێ» جیا دەکرێتەوە. فاتمۆکێ چەند منداڵێکی هەیە. ئەو هەموو جارێک بە تەماتەیەکی کەم هەوڵ دەدات چێشتێک ئامادە بکات؛ جارێک بە کوڵاوی، جارێک بە سوورەوەکراوی، جارێک لەگەڵ پیاز و جارێکیش… بەڵام گرفتێکی فاتمۆکێ ئەوەیە کە تەماتەکان کەمن و دەبێت بەشی هەمووان بکات. بۆ ئەوەی بەشیان بکات، دەبێت ئاوی زیاتری تێبکات. ئەو هەوڵ دەدات بەشێکی زۆرتری گۆشتی تەماتەکان بۆ مێردەکەی دابنێت. تەنانەت ئەگەر ڕۆژێکیش چێشتەکە سوور بێت، منداڵەکان زیاتر ئاو دەخۆنەوە و زووتر تێر دەبن. فاتمۆکێ شەوانە گوێی لە دەنگی سەگەکانی گوندە و تەنانەت خەمی سەگەکانیش دەخوات. فاتمۆکێ قەت ئۆتۆمبێلی نەدیوە، ڕۆژێک ئۆتۆمبێلێک دێتە گوندەکەیان و شۆفێرەکە چاو لە فاتمۆکێ دەکات. فاتمۆکێ شەو خەون دەبینێت کە لەلای شۆفێرەکە دانیشتووە و دەچێتە شار. ئەو نازانێت شار چۆنە. لەپڕ لە خەودا بە زریکەی خۆی خەبەری دەبێتەوە. سەیری مێردەکەی و ژوورەکە دەکات. گوێی لە هەناسەی منداڵەکان و کاوێژی بزنەکەی دەبێت. گوێی لە دەنگی خۆشی سەگەکان دەبێت کە لە دوورەوە دێت. فاتمۆکێ نازانێت سوپاسگوزار بێت یان نا[55].
کۆدەکانی چیرۆکی نازدار: هەژاری، نەبوونی ئاسایشی ئابووری بۆ ژن و بنەماڵەکەی، کۆنترۆڵی فیزیکی و دەروونیی ژن لەلایەن مێردەوە، زۆرکارپێکردنی ژن و خستنی باری ئابووری لە سەر شانی، لەدەستدانی ماڵ وەک شوێنێکی ئارام و پارێزراو، ڕێگەپێدانی پیاوانی دیکە بە خۆیان بۆ تەماحکردن لە جەستەی ژنان، ڕۆژانەبوونی هەڕەشەی سێکسی لە پێکهاتەیەکی پیاوسالارانەدا، نیگا بۆ سەر جەستەی ژن وەک موڵکی گشتیی پیاوان، خستنی بەرپرسیارێتیی هەڵەی پیاوان لەسەر شانی ژنان، سزادانی ژن لەلایەن کۆمەڵگە یان خودی ژنەکەوە، شەرمەزاریی ژنانە سەرەڕای ئەوەی ژن هەڵەی نەکردبێت، بوون بە ئۆبجێکتێکی سێکسی کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ڕێز، نەبوونی متمانە لە نێوان ژن و مێرددا، کەڵکوەرگرتنی پیاوانی کۆمەڵگە لە ئامرازەکان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان، ئامرازەکانی میدیا وەک چەکی کۆنتڕۆڵ یا هەلڕەخساندن بۆ پیاوان بۆ دەستدرێژیی سێکسی.
کۆدەکانی چیرۆکی سەیران: دۆخی سەختی ژیان، لۆمەی خەسوو و خستنەژێرپرسیاری سەیران، سەیرانە کە خۆی قوربانی دەکات تا مێردەکەی لە زیندان بێنێتە دەرەوە، سەیرانە کە وەفادارە، سەیرانە کە باری ئابووریی ژیانی لەسەر شانە، سەیرانە کە دەیهەوێت منداڵەکانی قسەیان نەیەتە سەر، کۆمەڵگە سەیران بە سووک دەبینێت، جەستەی سەیران دەبێتە کەرەسە/پارە بۆ ڕزگارکردنی مێردەکەی لە زیندان، دوای نەشتەرگەری و فرۆشتنی گورچیلە، سەیران خۆی نەخۆش دەکەوێت.
کۆدەکانی ڕۆمانی خورشید: منداڵ وەک لاوازترین ئەڵقەی کۆمەڵگە، بەتایبەت لەناو چینی هەژار و لە سەردەمێکی نالەباردا، کاریگەریی شەڕ، پێکهاتەکانی کۆمەڵگە و نەخۆشی لەسەر منداڵان و لەدەستدانی سەرپەرشت، فۆڕمگرتنی ژیانی ژن لەژێر سێبەری سیاسەت و کردەوەی پیاودا، پیاو دەبێتە پاڵەوانی مەیدانی کوردایەتی، لە کاتێکدا بەرپرسیارێتیی ژیان، ماڵ و منداڵ دەکەوێتە سەر شانی ژن، ونبوونی ژن و ناسینەوەی خورشید بە ناوی «کاپیتان حەمەد»ەوە، مانەوەی دایک لەلای منداڵەکانی سەرەڕای هەژاری و تەنیایی، لە کاتێکدا پیاو لە جیهانی سیاسەت و جوگافیاکاندا سەفەر دەکات (گەرچی ئەویش ژیانێکی سەختی بووە).
کۆدەکانی چیرۆکی فاتمۆکێ: ژن وەک دایک و کۆڵەکەی بنەماڵە، دەبێت سەرەڕای هەژاری ئاگاداری هەمووان بێت، دایک بە کەمترین دەرفەت دەبێت بتوانێت هەمووان تێر بکات، ژیانێکی داخراو و بێدەنگ لە گوندێکدا، نەبوونی هیچ ئاسۆیەک، ژیانێکی سڕ، ترس لە شتی نەناسراو، وەک نیگای پیاوێکی شاری (کاتێک شۆفێرێک بە ئۆتۆمبێلێک دێتە ناو گوندەکە و چاوی لێ دەکای)، لە خەوندا هەڵاتن لە سڕیی ژیانێکی هەژارانە، بەڵام نازانێت بۆ لەخەوهەستانەکەی سپاسگوزار بێت یا نا.
کۆدەکانی ڕۆمانی ژیان بەدەم زریانەوە: منداڵی بێناسنامە، ژنی بێناسنامە، هەژاری، زیندان، کەڵکوەرگرتن لە ژن بۆ سیخوڕی و دواتر بە بەدکار ناساندنی، بێهیوایی لە پێکهاتەیەکی تاریکدا، کارەکتەرەکان نوێنەری چینێکن، بێدەرەتانیی تاکی نەتەوەیەکی هەژار، ژیان ڕەشتر لە مەرگ، سازشنەکردنی نووسەر لەگەڵ سیاسەت، خۆسانسۆرنەکردنی نووسەر لە سیاسەتدا.
کۆبەند
زۆر نووسەری دنیا باسی هەژاریی کۆمەڵگەکانی خۆیان کردووە و دەیکەن، بەڵام هاوکات ئەوەش نیشان دەدەن چۆن مرۆڤەکان بەردەوام لە هەوڵ و کۆشش ناوەستن تا بگەنە ژیانێکی باشتر و مرۆڤانەتر. چینی هەژاران لە دنیادا بوونەتە هۆی جووڵانەوەی گەورە، لەوانە: شۆڕشی مەزنی فەرانسە(1789–1799) لەژێر دروشمی «یەکسانی، برایەتی، ئازادی»؛ شۆڕشی زاپاتا لە مەکزیک (1910-1920)؛ شۆڕشی ئۆکتۆبر (1917) لە ڕووسیا؛ کە بەداخەوە دواتر ئیدەکانی سۆسیالیستی لەژیر کاریگەریی سەرکردایەتیی حیزنی کۆمۆنیستی ڕووسیادا نەک تەنیا وەدی نەهاتن، بگرە لەژێر تۆتالیتاریزمی ئەو حیزبەدا و بە ڕێبەریی کەسانی وەک ستالین، بە میلیۆنان مرۆڤ لەناو بردران. یان شۆڕشی ئێرلەند دژی هەژاری و کۆلۆنیبوون لەژێردەستی بریتانیا(1916) ؛ بەهاری عەرەبی (2010–2012) لە تونس دژ بە هەژاری کە بە خۆسوتاندنی دەستفرۆشێکی سەرشەقام بەناوی «محەممەد بوعزیزی» دەستی پێکرد، بەڵام لەژێر هەژموونی گرووپە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەلاڕێدا بردرا؛ شۆڕشی لوبنان (2019–2020) دژی بێکاری و هەژاری؛ بزووتنەوەی لاوانی بێکار لە ئەفریقای باشووری ((2019 و شۆڕشی مەزنی «ژن، ژیان، ئازادی»[56] دژی سیستمی کۆلۆنیالیستی و داگیرکاری (2020). ئەم شۆڕشە سیاسی-کۆمەڵایەتییانە بە نۆرەی خۆیان لە ئەدەبیاتدا دەنگیان داوەتەوە. خاڵی هاوبەشی هەموو ئەم شۆڕشانە ڕزگاری لە ژێردەستی یان هەژاری بووە. هاوکات، تێمی زۆر ڕۆمان و چیرۆک باس لەم شۆڕشانە دەکات کە ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان بوونەتە هۆی شۆڕشی ئەدەبی لە نووسیندا و دواتر چاکسازیی کۆمەڵایەتی.
لەم وتارەدا هەوڵ دراوە باسێک لەسەر تێمی هەژاری لە دەقی کوردیدا بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، دوو ڕۆمان و سێ کورتەچیرۆک لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣ هەتا ٢٠٢٣ لە چوار نووسەری کوردی ڕۆژهەڵات هەڵبژێردران. سەرەتا، وتارەکە هەوڵی دا باسێک لەسەر تێمی هەژاری لە ئەدەبی دنیادا بکات و ئینجا بەکورتی باسی لەو چەند دەقە کوردییە کرد و کۆدەکانی هەڵهێنجان. دەکرێت لەم لێکۆڵینەوە کورتەدا بە چەند ئاکامێک بگەین.
ژیان بەدەم زریانەوە لە ترادیسیۆنێکی چەپەوە دەڕوانێتە سەر پرسەکانی کۆمەڵگە. هاوکات بەسەرهاتی نەتەوەیەکی بێناسنامە، ژنێکی بێناسنامە و منداڵێکی بێناسنامەیە. لە ڕوانگەی نووسەری ئەم وتارەوە، ئەم ڕۆمانە ڕیالیزمێکی تاڵی کوردانەیە بە ڕوانگەیەکی چەپەوە. بە قەولی خودی نووسەر، ئەو ڕووداو و کارەسات و «ڕاستییانەی بە دنیای خەیاڵی نووسەردا تێپەڕیون و بوونەتە چیرۆک». بەتحایی باس لەو ڕووداوانە دەکات کە بەسەرهاتی ژیانی زۆر کەسن، بەڵام هەموومان بە بێدەنگی لێیان تێدەپەڕین. ئەو ژنەی (چیمەن) بۆ لەداوخستنی جاش کەڵکی لێ وەردەگیرێت، بەڵام دواتر پێشمەرگە و ژنان ڕووی لێ وەردەگێڕن و بە بەدکارەی دەناسن. باسی ئەو کچەی عاشقی پێشمەرگەیەک دەبێت و دوای چەند ساتێک تێکئاڵان، دەبێت بۆ هەمیشە بەرپرسیارێتیی ئاوڵەمەی ناو ڕۆح و ڕەحمی بەتەنیایی هەڵگرێت. ئەو کچانەی لە کۆتا ڕۆژی ساڵدا لەژێر خومپارە منداڵەکەیان لەدایک دەبێت و زستان دەکەونە زیندان، لەژێر ئەشکەنجەدا ئیفلیج دەبن و هەرگیز منداڵەکەیان نابیننەوە؛ تەنانەت ئەگەر لە حەوشەیەکیشدا بژین. ئەگەر سەردەمانێک فلۆبێر، گۆرکی و بالزاک ڕۆمانی ڕیالیستیی نەتەوەی خۆیان دەنووسییەوە، ئەمجارە بەتحایی دێت واقیعە تاڵەکانی ژیانی تاکی کورد دەنووسێتەوە؛ ئەو واقیعانەی داگیرکەر و خۆمان دەستمان تێیاندا بووە. تاکی نەتەوەیەکی هەژاری بندەست هەر بەدەم زریانەوەیە. هەڵبەت ڕیالیزمی بەتحایی تێکەڵاوی ئایدیالیزمێکی سۆسیالیستیشە و بە ئاواتە ڕۆژێک کرێکاری کورد چەوسێنەری داگیرکەری خۆی بناسێت و کرێکاران سەندیکای خۆیان هەبێت و لە بەرامبەر «موهەندیس»ی ئەشکەنجەگەردا بێدەنگ نەبن و ڕۆژێک وەک فایەق بە جەرەسەقیلێک کۆڵێک کۆنکرێت بەسەر ئەشکەنجەگەردا بڕێژێت.
بەگشتی، نووسینەکانی بەتحایی باسی تابۆ، بڤەکان، ڕەنج، ژیانی هەژاران، ئاڵوودەبووان و بێنەوایانی کوردە. لە ڕاستیدا، بەتحایی ژیانی سەخت و پڕ لە گرفتی زەحمەتکێشانی کورد دۆکیومێنت و ئەرشیڤ دەکات؛ تا ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان، هەتاوی بەختەوەریی مرۆڤی کورد هەڵات و هەژاری نەما یان کەمتر بووەوە، ئەو کاتە تەنیا لە ڕێگەی ڕۆمانەکانی وەک ژیان وەکوو خۆی و ژیان بەدەم زریانەوەدا بتوانین بزانین کە سەردەمانێک هەژاری و نەهامەتییەکی وەها پڕژان و کێماوییش هەبووە. بەڵام تا ئەو کاتە، هەژاران ڕۆژانە بەم جۆرە دەژین، بەبێ جوانکاریی دەق و لە واقیعدا. دروست وەک ڕۆمانی ژیان وەکوو خۆی و وەک ئەو ژیانەی کە زۆربەی جار ڕەشترە لە مەرگ.
نووسەری چیرۆک بە هیچ جۆرێک نابێت «سازش» بکات، خۆی سانسۆر بکات و ئازادیی نووسین لەژێر پێ بنێت؛ تەنانەت ئەگەر تەریک و تەنیایش بکەوێت. تەیفوور بەتحایی بەبێ خۆسانسۆرکردن، باس لە هەموو گرێکان دەکاف[57].
هەوڵی ڕۆمانی خورشید ئەوەیە کە ڕەنجی ژنی کورد بهێنێتە ناو دەق؛ هەم بە واتای مێژوویی و هەم بە واتای نووسین وەک ئاکتێک. ئەم ڕۆمانە دوای کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی، واتە کتێبی کوردبوون، بڵاو بووەوە. ڕەنگە وەڵامێک یان درێژەی هەمان کتێب بێت. لە کاتێکدا پاڵەوانی کتێبی کوردبوون کاپیتان حەمەدە، پاڵەوانی ڕۆمانی مێژووییی خورشید، دایە خورشیدە. ئەگەر بە ڕوانگەی تێکهەڵکێشی یان یەکتربڕی ڕۆمانەکە هەڵبسەنگێنین، کارەکتەری خورشید ژنێکە کە لە هەموو لاوە کەوتووەتە بەر ونبوون و بەریەککەوتن و تێکتەنراویی ڕووبەرەکانی ژێردەستی. لێرەدا ژن/خورشید، بە بڕوای گرێنشاو [58] لە چوارڕێیانێکدا وەستاوە کە هەموو فاکتەرەکانی ژێردەستی و لێدان لە: ڕەگەز، چین، ئابووری، ئێتنیک (نەتەوە) و سیاسەت تێکدەئاڵێن و خورشید دەکەوێتە بەر ئەو پێکهاتە و ڕووبەرانەوە بۆ ژیانێکی بێدەنگ و چەند هێندە سەخت.
لە سێ کورتەچیرۆکی نازدار، سەیران و فاتمۆکێدا، کاردانەوەی هەژاری لەسەر ژیانی سێ ژن دەبینین. زۆرجار هەژاری دەبێتە هۆی شەرمینبوون، شەرمکردن و شەرمەزاریی مرۆڤ؛ بەتایبەت ئەگەر ئەو مرۆڤە ژن بێت. ڕەنگە لای پیاوان کاریگەریی هەژاری زیاتر بە تووڕەیی خۆی نیشان بدات. هەژاری لەسەر پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان و بنەماڵەش کاریگەری دادەنێت. لە پێکهاتەیەکی نایەکساندا، ئەوە ژنە کە زیاتر دەکەوێتە بەر ڕووبەرەکانی ژێردەستی و زەرەرمەندی سەرەکییە. جەستەی ژن وەک کەرەستە بۆ بەدەستهێنانی بژێویی ژیان، دەستدرێژی بۆ سەر جەستەی ژن، شەرم و خۆلەناوبردن؛ هەموو ئەمانە دەرئەنجامی پێکهاتەیەکن کە تێیدا پلەوپایە، چین، پێگە و پرسی نەتەوەیی ڕۆڵ دەگێڕن و فۆڕم بە ژیانی ژن دەدەن.
لە ڕاستیدا دەقی ئەدەبی ڕاستەوخۆ ڕێگەچارە نیشان نادات، بەڵام دەتوانێت ڕاستییەکانی کۆمەڵگە نیشان بدات و هەستی مرۆڤەکان بۆ ئەنجامدانی کارێک بجووڵێنێت. خوێنەر لە ڕێگەی ئەم دەربڕینانەوە لە زاری کارەکتەرەکانەوە، تێگەیشتنێکی زیاتر لەسەر مرۆڤی پەراوێزخراو، هەژاری و کۆمەڵگەیەکی نایەکسان پەیدا دەکات. لێرەدا نووسەرەکان بە هێنانەئارای تێمی هەژاری، ویستوویانە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بێدەرەتانی و ناسەقامگیریی ژیانی هەژاران و ژان و ڕەنجی مرۆڤەکان بۆ زیندوومانەوە نیشان بدەن و ڕەخنە لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، یاسا، درزی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتداران بگرن. هاوکات، ئەوە نیشان بدەن کە چۆن مۆڕاڵ، ژیان، ئاوات و ناسنامەی مرۆڤ لەژێر کاریگەریی هەژاری و درزی چینایەتیدا شێوە دەگرێت.
هاوکات ئەو ڕۆمان و چیرۆکانە پێمان دەڵێن کە چۆن لە پێکهاتەیەکی پیاوسالاری، داگیرکاری و ژێردەستیی نەتەوەییدا، ئەوە جەستەی ژنە کە بە شەرمەوە بارگاوی دەکرێت و گرفتەکان لەسەر جەستە و ڕۆحی ژن بار دەکرێن. ژن هەوڵ دەدات بنەماڵە ڕابگرێت، بەڵام هەژاری و نەبوونی دەرەتان گرنگترین فاکتەرن بۆ شێوەپێدانی ژیانی و هەر جۆرە ئازادییەک لە ژن دەسەنێتەوە و زۆربەی جار دەیکاتە ئۆبجێکتێکی سێکسی کە لە دەرئەنجامی ترس و شەرمەوە، ژن دەست بۆ لەناوبردنی خۆی دەبات. بەڵام زۆرجاریش ژن، سەرەڕای ئەو پێکهاتە هەژارانەیە، لە هەمان پێکهاتەدا هەوڵ دەدات منداڵەکانی بەخێو بکات و شانازی بە خەباتێکەوە بکات کە خۆی بەشێکی سەرەکییە لەو خەباتەدا.
[1] Charles Dickens.
[2] Oliver Twist (1838).
[3] Victor Hugo.
[4] بینوایان(١٨٦٢) من ئەم ڕۆمانەم لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بە زمانی فارسی خوێندۆتەوە بەڵام ناوی وەرگێڕەکەم وەبیر نییە.
[5] Knut Hamsun.
[6] Hunger (1890).
[7] Moa Martinson.
[8] Mor gifter sig (1942).
[9] Vilhelm Moberg.
[10] Utvandrarna (1949).
[11] Motif.
[12] Theme.
[13] Khaled Hosseini.
[14] Flyga drake (2004) .
[15] Realistic.
[16] Industrialization.
[17] Jean Valijean.
[18] Cossette.
[19] Javert.
[20] John Steinbecks .The Grapes of Wrath (1939), Pulitzerprisze (1940).
Of Mice and Men )1937(.
[21] Chinua Achebe.
[22] Colonialist.
[23] Arindati Roy.
[24] De små tingens gud (1998).
[25] Castle System.
[26] Astrid Lindgrens (1907-2002).
[27] Maria Gripe (1923 – 2007).
[28] Henning Georg Mankell (1948 – 2015).
[29] Bröderna lejonhjärta (1973).
[30] Karl.
[31] Skorpan.
[32] Nangijala.
[33] Tengil.
[34] Katla.
[35] Nangilima.
[36] Hugo och Josefin (1962).
[37] Joel.
[38] Resan till världens ände (1998).
[39] گەمارۆدانی کۆبانێ، هەوەڵ مانگی زستانی ٢٠٢٦ لەلایەن هێزەکانی جۆلانی و تورکیە.
[40] ئاواتەخواز بووم لەسەر ئەم باسە زۆر بە وردی و چڕی کاربکەم بەڵام بەداخەوە ڕووداوەکانی بەفرانباری ٢٠٢٦ و کوشتاری خەڵک وایکرد ئەم کارە ببێتە دیاری شوان.
[41] https://www.facebook.com/share/p/1AsGhMfZp5/
[42] https://www.facebook.com/share/185QNqJXt5/
[43] https://www.facebook.com/share/17W4Z53yvG/
[44] https://farrokh.info/1393/08/22/%d9%81%d8%a7%d8%aa%d9%85%db%86%da%a9%db%8e-2/
ژیان بەدەم زریانەوە، تەیفوور بەتحای، کتێبی یەکەم، ستۆکهۆڵم ١٩٩٣، کتێبی ١ و ٢ چاپی دووهەم ٢٠١٩. [45]
[46] دەباغی، وێنە و دەق (٢٠٢١).
نامەی شەرارە شەمامی بۆ نووسەری ئەم وتارە دەربارەی دایە خورشید . [47]
[48] https://www.facebook.com/share/17ujdKrNNW/
[49] https://www.facebook.com/share/189ty3g8An/
[50] فەیسبووکی شاعیر حوسەین شەبەق 15.06.2023.
[51] https://www.facebook.com/share/19As1K8Y5D/
[52] خورشید (٢٠٢٣).
[53] لەبنەرڕەتڕا ناوەکە «فاتم»ە بەڵام لە کوردیدا بۆ ناز و خۆشەویستی پاشگری «ۆکێ» بە هێندێک ناو زیاد دەکرێ. نموونەیتریش هەن وەک زێڕنۆکێ، شیرنۆکێ.
[55] https://farrokh.info/1393/08/22/%D9%81%D8%A7%D8%AA%D9%85%DB%86%DA%A9%DB%8E-2/
ڕەنگە پێویست بێ لێرەدا ئاماژە بە خاڵێک بکەین کە ئەوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە شۆڕشەکانیتر جیا دەکاتەوە داگیرکاری و کۆلۆنیالیسمی نێوخۆییە. [56]
[57] دەباغی، وێنە و دەق. سوید (٢٠٢١)
[58] Kimberlé Grenshaw (1959).
وتارەکانی تر
Nothing Found



