گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣ 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026

محەمەدی نەریمان، وەرگێرانی: حەسەنپوور کەمال: پەراوێزخستن و چەوساندنەوەی چەند توێژی: مێکانیزمەکانی لەناوبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی-ئابووریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073

DOI 10.69939/TISHK0073

دوای دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن لە ئێران و زاڵبوونی گوتاری فارسی-شیعی لە چوارچێوەی پێکهاتە سیاسی-ئابوورییەکەیدا، کورد وردە وردە پەراوێز خرا و دابەزێندرا بۆ “پەراوێز”. دوابەدوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ ئەو پەراوێزخستنە چڕتر کرایەوە. ئەو لێکۆڵینەوەیە بەدواداچوون بۆ ئەو بارودۆخ، مێکانیزم و پرۆسانە دەکات کە یارمەتیدەری داڕشتن و خراپتر کردنی دۆخی پەراوێزخراویی ڕۆژهەڵات (ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتوو لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام) بوون. سەرەتا، ئاستی گەشەسەندنی ڕۆژهەڵات  هەڵدەسەنگێندرێت، پاشان شیکارییەک بۆ ستراتێژییەکانی کەڵک لێوەرگیراو لە لایەن حکوومەتی ناوەندیی ئێرانەوە، لە مێژووی نوێدا، بۆ قووڵتر کردنەوەی دۆخی پەراوێزخراوی و لەناوبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی-ئابووریی ڕۆژهەڵات دەکرێت. لە کۆتاییدا، مـێکانیزمەکانی ڕێخۆشکەری خراپتربوونی دۆخی کۆمەڵایەتی-ئابووریی ڕۆژهەڵات دێتە ژێر لێکۆلێنەوە. تیۆریی ناوەند-پەراوێز و چوارچێوەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی وەک چاویلکەی تیۆری کەڵکی لێ وەردەگیرێت. بەڵگەنامەکانی گەشەپێدان و زانیاریی ئابووریی-کۆمەڵایەتی کە لە لایەن ڕێکخراوە حکوومییەکانی ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە، پێیاندا دەچنەوە. شێوازێکی گوڵبژێر کردنی ئامانجدار لە کاتی هەڵبژاردنی بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بەو توێژینەوەیە کەڵکی لێ وەرگیراوە. ئەو بەڵگەنامە هەڵبژێردراوانە و لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکانی ناویان، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی-ئابووریی نێوان ناوچە کوردییەکان (ڕۆژهەڵات) و بەشەکانی دیکەی ئێران پیشان دەدەن. ئاکامی توێژینەوەکە ئاشکرای دەکات کە گوتاری سیاسی-ئابووریی حاکم بە سەر ئێراندا، بە ڕەچاو کردنی سیاسەتی وەکو دەرهێنانی سامانەکان، گواستنەوەی سەرمایەی زیادە بۆ ناوەند؛ دامەزراندنی پیشەسازیی چەوسێنەر، نەبوونی وەبەرهێنانی ئابووریی و، ڕێژەی بەرزی بێکاری بە شێوەی بەردەوام، بووەتە هۆی هاتنە ئارای پەرگالێکی کۆلۆنیالیستی و بەشمەینەتیی ئابووریی-کۆمەڵایەتی لە ناوچە کوردییەکان (ڕۆژهەڵات).

پەراوێزخستن و چەوساندنەوەی چەند توێژی: مێکانیزمەکانی لەناوبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی-ئابووریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
نەریمان محەممەدی 
وەرگێرانی کەمال حەسەنپوور

کورتە

دوای دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن لە ئێران و زاڵبوونی گوتاری فارسی-شیعی لە چوارچێوەی پێکهاتە سیاسی-ئابوورییەکەیدا، کورد وردە وردە پەراوێز خرا و دابەزێندرا بۆ “پەراوێز”. دوابەدوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ ئەو پەراوێزخستنە چڕتر کرایەوە. ئەو لێکۆڵینەوەیە بەدواداچوون بۆ ئەو بارودۆخ، مێکانیزم و پرۆسانە دەکات کە یارمەتیدەری داڕشتن و خراپتر کردنی دۆخی پەراوێزخراویی ڕۆژهەڵات (ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتوو لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام) بوون. سەرەتا، ئاستی گەشەسەندنی ڕۆژهەڵات  هەڵدەسەنگێندرێت، پاشان شیکارییەک بۆ ستراتێژییەکانی کەڵک لێوەرگیراو لە لایەن حکوومەتی ناوەندیی ئێرانەوە، لە مێژووی نوێدا، بۆ قووڵتر کردنەوەی دۆخی پەراوێزخراوی و لەناوبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی-ئابووریی ڕۆژهەڵات دەکرێت. لە کۆتاییدا، مـێکانیزمەکانی ڕێخۆشکەری خراپتربوونی دۆخی کۆمەڵایەتی-ئابووریی ڕۆژهەڵات دێتە ژێر لێکۆلێنەوە. تیۆریی ناوەند-پەراوێز و چوارچێوەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی وەک چاویلکەی تیۆری کەڵکی لێ وەردەگیرێت. بەڵگەنامەکانی گەشەپێدان و زانیاریی ئابووریی-کۆمەڵایەتی کە لە لایەن ڕێکخراوە حکوومییەکانی ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە، پێیاندا دەچنەوە. شێوازێکی گوڵبژێر کردنی ئامانجدار لە کاتی هەڵبژاردنی بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بەو توێژینەوەیە کەڵکی لێ وەرگیراوە. ئەو بەڵگەنامە هەڵبژێردراوانە و لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکانی ناویان، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی-ئابووریی نێوان ناوچە کوردییەکان (ڕۆژهەڵات) و بەشەکانی دیکەی ئێران پیشان دەدەن. ئاکامی توێژینەوەکە ئاشکرای دەکات کە گوتاری سیاسی-ئابووریی حاکم بە سەر ئێراندا، بە ڕەچاو کردنی سیاسەتی وەکو دەرهێنانی سامانەکان، گواستنەوەی سەرمایەی زیادە بۆ ناوەند؛ دامەزراندنی پیشەسازیی چەوسێنەر، نەبوونی وەبەرهێنانی ئابووریی و، ڕێژەی بەرزی بێکاری بە شێوەی بەردەوام، بووەتە هۆی هاتنە ئارای پەرگالێکی کۆلۆنیالیستی و بەشمەینەتیی ئابووریی-کۆمەڵایەتی لە ناوچە کوردییەکان (ڕۆژهەڵات).

وشە سەرەکییەکان

پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێز، کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵات (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ژیانی ئابووریی- کۆمەڵایەتی

پێشەکی

کوردستان ناوچەیەکی جوغڕافیایییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەشێک لە تورکیە، ئێران، عێراق و سووریە دەگرێتەوە. هەروەها ناوچەگەلێکی دیکە بە ڕێژەی بەرچاوی دانیشتووانی کورد لە پارێزگای خۆراسان، ڕۆژهەڵاتی دەریای کاسپیەن و ناوەڕاستی ئەنادۆڵ هەن. بەهۆی تێکەڵاویی ئەتنیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماری وردی دانیشتووانی کورد لەبەردەستدا نییە. گریمانە دەکرێت ٢٠٪ی کۆی دانیشتووانی هەردوو وڵاتی عێراق و تورکیە لە کورد پێک هاتبێت، لەکاتێکدا لە ئێران و سووریە نزیکەی ١٠٪ ی دانیشتووان کوردن. وێدەچێت کۆی ژمارەی دانیشتووانی کورد لە ناوچەکەدا بگاتە نزیکەی ٣٥ ملیۆن کەس (گورسەس، ٢٠١٤، ل. ٢٥٣). بە گوێرەی خەمڵاندنێکی دیکە لە نێوان ١٢ بۆ ١٥ ملیۆن کورد لە تورکیە دەژین (کە دەکاتە ٪٢٣-٪١٨ی کۆی دانیشتووان)، نزیکەی ٦،٥ ملیۆن لە ئێران (٪١١)، نزیکەی ٤،٥-٤ ملیۆن لە عێراق (٪٢٠-٪١٧) و، نزیکەی یەک ملیۆن لە سووریە (٪٩) (گونتەر، ٢٠١٠، ل. ٣). بێجگە لەوە، کۆمەڵگەی مەزنی ڕەوەندی کورد  لە ئەمریکا، ئورووپا، لوبنان و کۆمارەکانی پێشووی یەکیەتیی سۆڤیەت هەن کە ڕێژەی دانیشتووانیان بە نزیکەی ٢ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت (گونتەر ٢٠١٩، ل.٢؛ گونتەر ٢٠١٠، ل. ٣).

 بەدرێژاییی سەدەی ڕابردوو، کورد بۆ دەسەڵاتی سیاسیی سەربەخۆ هەوڵی داوە و، ئەو پرسە بووەتە هۆی گرژیی سیاسی و سەربازی لەنێوان ئەوان و حکوومەتەکانی ئێران، تورکیە، عێراق و سووریەدا. ئەو گرژییانە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و پەسەندکرانی “پەیماننامەی سیڤەر” کە مافی هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی لە کورد زەوت کرد، پەرەی ئەستاند (باجەلان  ٢٠٢٠). ئەگەرچی زۆربەی گرژییە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان کورد و حکوومەتەکان لە تورکیە و عێراق ڕوویان داوە، بەڵام مرۆڤ شایەتی گرژی و ململانێی سیاسی و سەربازی لە ئێرانیشدا بووە. لە مانگی ئاگۆستی ساڵی ١٩٤١، سپای هاوپەیمانان هاتنە ناو ئێرانەوە. بریتانیایییەکان بەشی باشووری وڵاتەکەیان داگیر کرد، هاوکات هێزەکانی سۆڤیەت بەشی باکووریان داگیر کرد. ڕەزا شا (١٩٤١-١٩٢٥) کە گومانی لێ دەکرا هاوسۆزیی بۆ ئاڵمان هەبێت، لەلایەن بریتانیایییەکانەوە ناچار کرا واز لە دەسەڵات بێنێت. لە ناوچە داگیرکراوەکان سپای ئێران داڕما. کورد بە کەڵکوەرگرتن لە بارودۆخی ناوخۆیی و ناودەوڵەتی، بۆ خۆبەڕێوەبەری تێ دەکۆشا (کوهی-کەمالی ٢٠٠٣، ل. ٨٩). لە ٢٢ی جانیوەری ساڵی ١٩٤٦دا، کورد لە شاری مەهاباد بە سەرکردایەتیی قازی محەممەد حکوومەتێکی خۆبەڕێوەبەری دامەزراند. حکوومەتی ناوەندیی ئێران لە ١٥ی دێسەمبەر کۆماری کوردستانی ڕووخاند (مەکداوەڵ ٢٠٢١، ل. ٢٤٥).

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان ناوبەناو پێکدادان لەنێوان هێزە سەربازییەکانی کورد و حکوومەتی ناوەندیی ئێران ڕووی داوە. لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ١٩٧٩، گرژی و پێکدادانەکان جارێکی دیکە پەرەی ئەستاندەوە. کوردان خوازیاری دانپێدانانی سیاسی بە خودموختاری بوون، بەڵام کۆماری ئیسلامی دژایەتیی ئەو داخوازییەی کرد. دوای ماوەیەک ململانێی خوێناوی[1]، حکوومەتی ناوەندی کۆنترۆڵی کوردستانی گرتەوە دەست (ئیبراهیمی ٢٠١٨، ل. ١). حکومەتی ناوەندی نەتەنیا سەرکوتی سیاسی بە سەر کوردستاندا سەپاند، بەڵکو کەڵکی لە ستراتێژیی ئابووریی و کولتووریش بۆ دروستکردنی وێرانشاریی ئابووریی و بەهێزکردنی هێژەمۆنییەکەی لە ناوچەکەدا وەرگرت (سولەیمانی & محەممەدپوور٢٠٢٠ئــ). پێشتر کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە دەچەوسایەوە، بەڵام دوای شۆڕشی ئیسلامی ئەو دۆخە بە شێوەی سیستەماتیکتر بەڕێوە دەچێت.

پرۆسەی چەوساندنەوەی ئابووری لە ڕۆژهەڵات[2] پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی مودێڕنەوە هەیە. دوای دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی مودێڕن لە ئێران لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، ئەقڵانییەتی سەرمایەداریی ناوەندگەرا بوو بە پێکهاتەی زاڵی ئابووری لە ئێران. پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە ئێران بەشێوەیەک داڕێژراون و گەشەیان کردووە کە دەوڵەتی ناوەندگەرا ئەتنیکی فارس و بڕوامەندانی ئایینزای شیعەی کردووەتە ناوچەقی سەرنجی خۆی، بەو شێوەیە پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانی وەها پەرە پێداوە کە بە قازانجی ئەوان بێت (ئینتیسار ١٩٩٢، ل. ٦؛ قاسملوو ١٩٨٠، ل. ١١). هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن لە ئێران، پێکهاتەی ئابووری پێش سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵات وەکو زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی ئێران، وردە وردە کاڵ بووەوە و لەناو چوو. هەرچەندە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پێکهاتەی ئابووریی پێش سەرمایەداری نایەکسانی بوو، بەڵام ئامانجە بنەڕەتییەکەی ڕێکخستنی  پەیوەندییە ئابووریی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردی بوو. ئەو پێکهاتەیە هاوسەنگییەکی ناسکی لەنێوان کەرتە کولتووری، ئابووریی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا دەپاراست. بەڵام لەگەڵ لەناوچوونی پێکهاتەی ئابووریی پێش سەرمایەداری، ئەو پەرگالە کۆمەڵایەتییەش لەناو چوو (کوهی-کەمالی ٢٠٠٣، ل. ١١).

پێش سەدەی نۆزدەهەم کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی بووە. ئەو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسی و خاکی هەبوو کە لەسەر بنەمای خزمایەتی و ڕەچەڵەک دامەزرابوو، بە پێکهاتەیەکی ناوخۆیی تایبەت بە خۆی (ڤان بروینسن ١٩٩٢، ل. ٥١).  ئابووریی خێڵەکی پشتی بە بەخێوکردنی مەڕوماڵات و کۆچی نەریتیی وەرزانە بەستبوو (کوهی-کەمالی ٢٠٠٣، ل ٤٤). ئاڵوگۆڕەکانی سەدەی بیستەم، لەناویاندا چوونە سەری ڕێژەی دانیشتووان و سیاسەتەکانی دەوڵەت، پێکهاتە ئابوورییەکەیان گۆڕی. سیاسەتی قەدەغەکردنی کۆچی وەرزانە لە لایەن ڕەزا شا، هۆزە کوردەکانی ناچار کرد لە گوندەکاندا نیشتەجێ بن. ئەو گۆڕانکارییە لە ژیانی کۆچەرییەوە بۆ ژیانی وەرزێڕی، گۆڕانکاریی بەرچاوی بەدوای خۆیدا هێنا. کشتوکاڵ بوو بە بناخەی سەرەکیی ئابووریی، ئەو کارە لە پێش هەموو شتێکدا بۆ بژێوی ڕۆژانە بوو نەوەک بۆ بازرگانی. خاوەندارییەتیی زەوی  بڕیاردەری هیرارشیی ئابووریی بوو، کە لەوێدا خاوەن زەوییەکان لە ترۆپک بوون و جووتیاران لەژێر چاودێریی ئەواندا کاریان دەکرد (ڤان برۆینسن ١٩٩٢، ل. ١٦). ئەو گۆڕانکارییانە خۆبژێویی ئابووریی کۆمەڵگەی کوردییان لاواز کرد و شێوازەکانی ئابوورییە نەریتییەکەیان تێک دا (کوهی-کەمالی 2003، ل. ٦٢). پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانی ئێران لە کۆتایییەکانی حکوومەتی قاجاردا سەریان هەڵدا (ئینتیسار ٢٠٠٩) و دوای دۆزینەوەی نەوت لە ساڵی ١٩٠٨ زیادتر گەشەی کرد. گەشەی سەرمایەداری لە ئێران نایەکسانیی ئابووریی خراپتر کرد، بە شێوەیەک کە ڕۆژهەڵات تا ئاستێکی زۆر کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی مایەوە (قاسملوو ١٩٨٠، ل. ١١٣-١١١). ئەو ئەقڵانییەتە سەرمایەدارییە ڕیشە داکوتاوە لە ناسنامەی فارسی-شیعیدا لە سەردەمی قاجارەوە (١٩٢٥-١٧٨٩) بەردەوام هەبووە (ئینتیسار ١٩٩٢، ٢٠٠٩؛ حەسەنیان & سۆهرابی ٢٠٢٢؛ سولەیمانی &محەممەدپوور ٢٠٢٠ئــ). مەبەستی  چاکسازیی زەوی لە ساڵی ١٩٦٣ دابەشکردنی زەوی بوو، بەڵام بووە هۆی تێکچوونی کۆمەڵایەتی و ئابووریی (بلەیک ٢٠٠٩، ل. ١٥٥؛ شەیبانی ١٩٧٣، ل. ١٨٣).

شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ سیاسەتی ئابووریی نوێی لەگەڵ خۆیدا هێنا کە جەختی لەسەر  بە نیشتمانیکردن دەکردەوە، بەڵام دەرەنجامی نەرێنی لێ کەوتنەوە، وەکو بێکاری، لەکیس چوونی سامانەکان، چەوساندنەوەی هێزی کار و وێرانکردنی ژینگە. بەر لە شۆڕش، هاندەری سەرەکیی چەوساندنەوەی ئابووریی ناسیۆنالیزمی فارس بوو؛ بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٧٩ گوتاری شیعەش بوو بە یەکێک لە پایەکانی سیستەمی نوێ.  ئەو گۆڕانکارییە بووە هۆی پەراوێزخرانی کورد، هەم لە ڕوانگەی ئایینی و هەم لە ڕوانگەی سیاسییەوە. ناکۆکییە سەربازییەکانی نێوان کورد و کۆماری تازە دامەزراوی ئیسلامی دۆخی پەراوێزخراویی ئەوانی خراپتر کرد. گوتاری فارسی-شیعی (ئایینی-ناسیۆنالیستی) وەک چوارچێوەی بنەڕەتی بۆ چەوساندنەوەی ئابووریی کورد لە سەردەمی دوای شۆڕشدا دەوری گێڕاوە (سولەیمانی & محەممەدپوور ٢٠٢٠ئــ).

دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩، پڕۆسەی چەوساندنەوەی ئابووریی لە ڕۆژهەڵات لە پێش هەموو شتێکدا بە دەرهێنان و گواستنەوەی سامانە سروشتییە زۆر و زەبەندەکانی (وەک نەوت، گاز، ئاو و کانزاکان) بۆ ناوچەکانی ناوەند بە مەبەستی کار لەسەرکردن و گەشەپێدان، چڕتر بووەتەوە. لە ئاکامدا دانیشتووانی کورد لە ڕوانگەی پێکهاتەیی پەراوکراو مانەوە و لە سوودە ئابوورییەکانی سامانەکانی ناوچەکەیان بێبەش کران (حەسەنیان & سۆهرابی ٢٩٢٢). دەوڵەتی ئێران سیاسەتگەلێکی وەهای بەدامەزراوەیی کردووە کە ئەولەوییەتی بە گەشەی پیشەسازی و ژێرخانی ئابووریی لە ناوەندی ئێران دەدات، لە کاتێکدا بە شێوەی سیستەماتیک وەبەرهێنانی هاوشێوە لە ناوچە کوردییەکان پاشگوێ دەخات. ئەو پەراوێزخرانە ئابوورییە بەئانقەستە بەستراوەیی ڕۆژهەڵاتی بە تارانەوە چەسپاندووە، بەو شێوەیە پێگەی ڕۆژهەڵات وەک ناوچەیەکی ژێردەستەی ئابووریی لە چوارچێوەی وڵاتدا بەهێزتر دەکات ( ئینتیسار ١٩٩٢). لە ساڵی ١٩٧٩ تا ٢٠٢٤ ئێران حەوت پلانی گەشەپێدانی ئابووریی لەگەڵ سیاسەتی جۆراوجۆری نیشتمانی و ناوخۆیی جێبەجێ کردوون. بەڵام ئەو دەستپێشخەرییانە بەشێوەیەکی سیستەماتیک کوردی ڕۆژهەڵاتیان پەراوێز کردووە و ئاکامەکەی بووەتە سەرکوتی توندی ئابووریی. پێوەری ئابووریی وەک ڕێژەی هەژاری، ئاستی بێکاری و ڕەوتی وەبەرهێنان بەشێوەیەکی مەترسیدار نزم ماونەوە، ئەوەش وای کردووە ڕۆژهەڵات لە ڕووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی کارەستانباردا بێت (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران ٢٠٢٠؛ ناوەندی ئاماری ئێران  ٢٠٢١ج، ٢٠٢١د؛ ڕێکخراوی تەکنەلۆژیی زانیاریی ئێران ٢٠٢٣).

ئەو بارودۆخانە ڕەنگدانەوەی سەپاندنی پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێز لە ئێرانە، کە ئاکامەکەی ئافراندنی نایەکسانی لە چەندین ئاستدایە. فرانک و گیڵس (١٩٩٦، ل. ٣)، کەڵەکەبوونی سەرمایە بە کاریگەرترین هێز و فاکتەری مێژوویی بۆ دروستکردنی نایەکسانی دەزانن. کەڵەکەبوونی سەرمایە هەمیشە لە ڕوانگەی شوێن و کەرتەوە نایەکسان و لە ڕووی کاتییەوە ناڕێک بووە (فرانک ١٩٧٩، ل. ٢٨٢). نایەکسانی و لاسەنگی لە کەڵەکەبوونی سەرمایەدا بووەتە هۆی گەشەسەندنی ناڕێک و دروستبوونی پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێز. ئاکامی پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێز، بووەتە هۆی دەوڵەمەندبوون و گەشەکردنی کۆمەڵگەکانی ناوەند، لە کاتێکدا کۆمەڵگە پەراوێزییەکان تووشی هەژاری و دواکەوتوویی بوون. فرانک (٢٠١٣) جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێز بوونە هۆی تاڵانکرانی سەرمایەی زیادەی کۆمەڵگەکانی پەراوێز. کۆمەڵگەکانی ناوەند بۆ ماوەیەکی کاتی وەبەرهێنان لە کۆمەڵگەکانی پەراوێزدا دەکەن و قازانجەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ ناوەند. ئامانجی ئەو وەبەرهێنانانە بە تاڵانبردنی کەرەستە خاوەکانی کۆمەڵگەکانی پەراوێزە. بە گوێرەی فرانک (٢٠١٣)، دەرەنجامی ئەو پرۆسەی تاڵانکردنە لە کۆتاییدا گەشەنەکردنی کۆمەڵگەکانی پەراوێزی لێ دەکەوێتەوە.

پەیوەندییە نایەکسانەکانی ناوەند-پەراوێز لەمێژە بارودۆخی سیاسی- کۆمەڵایەتیی دانیشتووانی کوردی ئێرانیان دیاری کردووە. ئینتیسار (٢٠٠٩) سەرچاوەی پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێز لە ڕۆژهەڵات بۆ سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم دەگەڕێنێتەوە و ئەوان بە هەوڵەکانی حکوومەتی قاجار بۆ دامەزراندنی “چەمکی هاووڵاتیبوونی لەسەر بنەمای خاک، وڵات تەوەر و  فارسکراو” گرێ دەدات. ئەو هەوڵانە، لەگەڵ مۆدێڕنیزەکردنی ئێران بووە هۆی چڕبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەنددا. تا سەدەی نۆزدەهەم ناوچە کوردییەکان خۆبەڕیوەبەریی ڕێژەیییان هەبوو، بەڵام بەهۆی هەوڵە چڕەکانی قاجارەوە وردە وردە ئەو خۆبەڕێوبەرییە نەما و ئەوان بوونە “پەراوێز”ی ئێران. سیاسەتە ناسیۆنالیستییە ناوەندگەراکانی ڕەزا شا ئەو دۆخەی خراپتر کرد. لە ئاکامی ئەو هەنگاوانەدا نایەکسانییەکی توندی ئابووریی و کۆمەڵایەتی لەنێوان ڕۆژهەڵات و ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێراندا دروست بوو کە هێشتا بەردەوامە.

لە ڕوانگەی بەشێک لە زانایانی کوردەوە ( حەسەنیان & سۆهرابی ٢٠٢٢؛ محەممەدپوور & سولەیمانی ٢٠٢١؛ سولەیمانی & محەممەدپوور ٢٠٢٣)، پەیوەندیی ناوەند-پەراوێز لە ڕۆژهەڵات کۆلۆنیالیستییە و بووەتە هۆی وێرانیی ڕۆژهەڵات بە شێوازی جۆراجۆر. سولەیمانی و محەممەدپوور (٢٠٢١، ل. ٢) لەسەر ئەو بڕوایەن کە بەئەمنییەتیکردن فاکتەرێکە کە بازنە کۆلۆنیالیستییە جۆراجۆرەکانی ئەقڵییەتی “ناوەند” لە کوردستاندا بەیەکەوە دەبەستێتەوە (سولەیمانی & محەممەدپوور، ٢٠٢٣). سەرکوتی کوردان تەنیا ڕەهەندی ئابووریی نییە، بەڵکو  فرەڕەهەندە. ناوەند لە یەک کاتدا کەڵک لە ئامراز و تەکنیکی  جۆراوجۆر بۆ سەرکوتکردنی کورد و لەناوبردنی فرەچەشنیی ئابووریی، کۆمەڵایەتی و کولتووری وەردەگرێت. دەوڵەت بە سەرکوتکردنی دەنگە نافارسەکان و نەهێشتنی فرەچەشنی، هەوڵ دەدات شوناسێکی تاقانەی ئێرانی دروست بکات. بۆ گەیشتن بە زاڵبوونی تەواوەوە، کەڵک لە هێزی سەربازی، پشتگیری لە لایەن نوخبەی فارسەوە و، سیاسەتی پەروەردەیی و ئایینی وەردەگیرێت (حەسەنیان & سۆهرابی ٢٠٢٢، ل. ٣٣٧؛ محەممەدپوور &سولەیمانی ٢٠٢١، ل. ١٨).

ئینتیسار(١٩٩٢) باس لەوە دەکات کە پەیوەندییە ناهاوسەنگەکانی نێوان ناوەند و پەراوێز، کە بووەتە هۆی سەرکوتی کوردان، هاوکات پەرەگرتنی هەستی هۆشیاریی ئەتنیکی و بزووتنەوەگەلێکی بەرپەرچدەرەوەی لێ کەوتووەتەوە. ئەو دۆخە هەلومەرجێکی هاوشێوەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی دروست کردووە (ئینتیسار ٢٠٠٩، ل. ٦). دۆخی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی پەیوەندییەکی جیاواز لەنێوان ئەم ناوچانەدا دەخاتە ڕوو، گەلێک دوور لە پەیوەندیی گەرموگوڕی ناوەند-پەراوێز، کە دەبێتە یەکگرتنی پێکهاتەیی کۆمەڵایەتی. ناوەند بە شێوەیەکە کە لە بواری سیاسییەوە بەسەر پەراوێزدا زاڵە و ئەوی لە ڕوانگەی ماددییەوە دەچەوسێنێتەوە (هەچەر ١٩٧٧، ل. ٤٩-٤٧). پەیوەندییە لاسەنگ و نایەکسانەکانی سیاسی، ئابووریی و کولتووری لە ڕۆژهەڵات بە ئافراندنی کۆمەڵگەی خاوەن سەروەری لە بەرانبەر بێسەروەریدا، بەئەمنییەتیکردنی توند و گەشەنەسەندوویی درێژەیان پێ دەدرێت (سولەیمانی & محەممەدپوور ٢٠٢٠ب، ل. ٢).  سولەیمانی و محەممەدپوور (٢٠٢٣) پێیان وایە سیاسەتە کۆلۆنیالیستییە ناوخۆیییەکانی دەوڵەتی ئێران دۆخێکی ڕیزپەڕی ئافراندووە و دیمەنی ڕۆژانەی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئاسایی کردووە. حکوومەتی ئێران سروشتێکی کۆلۆنیالیستی هەیە کە لە ڕۆژهەڵاتدا ئاپارتایدی ئابووریی لەسەر بنەمای جیاوازیی ئەتنیکی-ئایینی بەرهەم هێناوە (سولەیمانی & محەممەدپوور ٢٠٢٠ب، ل. ١٧).

 لەو لێکۆڵینەوەیەدا کەڵک لە هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانە وەردەگیرێت کە جەخت لە سەر دەسەڵات، زانیاری و ئایدۆلۆژی  لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکان دەکرێت (پۆزبوم ٢٠٠٤)، بەدواداچوون بۆ پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ناوەندی ئێران دەکرێت و، تیشک دەخرێتە سەر مێژووی هەڵسوکەوتی نێوان ناوەند-پەراوێز. سەرچاوەی زانیارییەکان بریتین لە بەرنامەکانی گەشەپێدانی ئێران، ڕاپۆرتە ئامارییەکان و بەڵگەنامە سیاسییەکان (٢٠٢٣-١٩٨٩). توێژینەوەکە کەڵک لە شێوازی دیداکتیڤ-ئینداکتیڤ وەردەگرێت، لە گریمانە تیۆریکییەکەی نایەکسانیی ناوچەیی: پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێز کە لە لە ئێران زاڵن، ورد دەبێتەوە. ئەو پەیوەندییانە بوونەتە هۆی چەوساندنەوەی  کورد لە ڕۆژهەڵات. لەگەڵ تێپەڕینی کات ڕۆژهەڵات بووەتە “پەراوێز”، کە ئەوەش سیستەمی ئابووریی-کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی وێران کردووە. بۆیە، ئەو وتارە لە پرۆسە و مێکانیزمەکانی یارمەتیدەری وێرانکردنی سیستەمی ئابووریی-کۆمەڵایەتی دەکۆڵێتەوە و، جەخت لەسەر ئەو پێکهاتە و هێزانە دەکات کە بوونە هۆی بەردەوامبوونی ئەو دۆخە لە ڕۆژهەڵات. ئامانجی ئەو توێژینەوەیە ئەوەیە کە ئەو پرسیارە ناوەندییە بخاتە ڕوو کە کام پرۆسە و میکانیزم یارمەتیدەری لەناوچوونی ژیانی ئابووریی-کۆمەڵایەتی بوون لە ڕۆژهەڵات.

ئابووریی سیاسیی کوردستان: پێداچوونەوەیەکی مێژوویی

پێش سەدەی نۆزدە کۆمەڵگەی کوردی سروشتێکی خێڵەکی هەبوو. هۆزی کورد یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی سیاسی و هەروەها بەگشتی خاکییە (و بەو هۆیەش ئابووریی) کە لەسەر بنەمای ڕەچەڵەک و خزمایەتی، ڕاستەقینە یان گریمانەیی، دامەزراوە و  پێکهاتەیەکی ناوخۆییی تایبەت بە خۆی هەیە (ڤان برۆینسن ١٩٩٢، ل. ٥١). ئابووریی خێڵەکی لەسەر بنەمای بەخێوکردنی مەڕوماڵات بە شێوەی نەریتی بوو، کە لایەنێکی ژینەکیی ئەو ئابوورییە کۆچی وەرزانە بوو (کوهی-کەمالی ٢٠٠٣، ل. ٤٤). کەشاوەرز (٢٠٢٠) چینەکانی کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی بە گوێرەی هەبوونی ڕێژەی مەڕوماڵات لێک جیا کردووەتەوە. ناوبراو چینەکانی بە گەورە ئاژەڵدار، ئاژەڵداری مامناوەند و ئاژەڵداری بچووک ناو دەبات. گەورە ئاژەڵدارەکان ئەو ئەندامانەی هۆز دەگرێتەوە کە خاوەنی زۆرترین ژمارەی ئاژەڵن. ئامانجی سەرەکیی ئابووریی ئەو چینە، بەخێوکردنی مەڕوماڵات بە مەبەستی  بازرگانییە. ئاژەڵدارە مامناوەندەکان دوو ئامانجی سەرەکییان لە چالاکییە ئابوورییەکانیاندا هەیە: یەکەم، بازرگانیکردن و زیادکردنی سامانەکانیان؛ دووهەم، دابینکردنی بەشێک لە خۆراکی خێزانەکانیان. لە لایەکەوە چالاکییەکانیان، ئەوان لەگەڵ گەورەئاژەڵدارەکان و بازاڕ و بازرگانەکانی دراوسێ دەکاتە هاوپەیمان؛ لە لایەکی دیکەوە، چونکە دەبێ بەشێک لە وزەکەیان بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ بنەماڵەیان تەرخان بکەن، بەرژەوەندیی هاوبەشیان لەگەڵ ئاژەڵدارە بچووکەکانیش هەیە. ئاژەڵدارە بچووکەکان زۆر جار تەنیا تواناییی وەدیهێنانی ئامانجێکیان هەیە: دابینکردنی بژیوی ژیان بۆ بنەماڵەکانیان (کوهی-کەمالی ٢٠٠٣، ل. ٤٨-٤٧). ئاڵووێری ئابووریی وای کرد هەموو هۆزێک بتوانێت خاوەنی هەوار یان کۆێستان ( لەوەڕگەی هاوینە) و گەرمێن ( لەوەڕگەی زستانە)ی خۆی بێت. لەسەر ڕێگەی هەوارگە و لەگەڵ دراوسێیەکانیان، هۆزەکان مافی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان و لەبەرانبەردا بەدەستهێنانی کەلوپەلی پێویستیان هەبوو. ئاڵووێر بە دراو بە شیوەی بەربڵاو لەناو کورداندا باو بوو و، زۆر جار سامانی دەوڵەمەندترین سەرۆک هۆزەکان تەنیا ژمارەی ڕانەمـەڕەکانیانی نەدەگرتەوە، بەڵکو ڕێژەی زێڕ و زێوی ئەوانیشی دەگرتەوە (قاسملوو ١٩٦٥، ل. ١٠٨).

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ئەو پێکهاتە ئابوورییە بەهۆی گۆڕانی دیمۆگرافی و سیاسەتەکانی حکوومەتی ناوەندییەوە گۆڕانکاریی بنەڕەتی بە سەردا هات. لەو سەردەمەدا ژمارەی دانیشتووانی کوردستان زیادی کرد و ئەو پێکهاتە ئابوورییەی کە هەبوو، پێویستییەکانی دابین نەدەکرد. سیاسەتەکانی حکوومەت لەو قۆناغەدا ئەو  گۆڕانکارییانەیان خێراتر کرد. دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە ١٩٢٥، ڕەزا شا سیاسەتی قەدەغەکردنی کۆچی وەرزانەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی کۆچەریی کۆمەڵگەی کوردی، ئەو سیاسەتە کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر پێکهاتەی ئابووریی کوردستان هەبوو. پرۆسەی نیشتەجێکردنی زۆرەملی و پرۆسەی قەدەغەکردنی کۆچی وەرزانە، بەو مانایە بوو کە سەرجەم هۆزە کوردەکان لە کۆتاییدا جێگیر بوون و بۆ هەمیشە بوونە گوندنشین (کوهی-کەمالی ٢٠٠٣، ل. ٤٤).

ئەگەرچی ئامانجی حکوومەت لە جێگیرکردنی کوردان لەناوبردنی ڕێکخستنی هۆزەکان بوو (لامبتۆن ١٩٥٣، ل. ٢٨٥)، بەڵام بە مانای نەمانی تەواوی پەیوەندییە خێڵەکییەکانی نێوان بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی کوردیدا نەبوو (کوهی-کەمالی  ٢٠٠٣، ل. ٤٩). پێکهاتەی ئابووریی کۆچەری ئاکامی پرۆسەی سروشتیی خۆگونجاندنی کورد لەگەڵ ژینگەکەیدا بوو. تایبەتمەندیی چیاییبوونی کوردستان هاندەری ژیانی کۆچەری بوو و بووە هۆی گەشەکردنی وەک شێوازێک لە ڕێکخستنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی بە دیاردەی بەرچاوی یەکسانیخوازی، وەک خاوەندارێتیی بەربڵاوی مەڕوماڵات. گواستنەوە لە کۆچەرییەوە بۆ ژیانی جێگیری جووتیاری، لەو ناوچەیە کە زۆربەی شاخاوییە، گۆڕانکاریی زۆری لە کۆمەڵگە و سیاسەتی کوردیدا لەگەڵ خۆی هێنا  (کوهی-کەمالی ٢٠٠٣، ل. ١٦٣).

سیاسەتی قەدەغەکردنی کۆچی وەرزانە، وردە وردە وای کرد کشتوکاڵ ببێتە بەشی سەرەکیی پێکهاتەی ئابووریی کوردستان. ئەو  ئاڵوگۆڕانە خۆبژێویی ئابووریی کۆمەڵگەی کوردی، کە لە پێکهاتەی ئابووریی شوانکاریدا هەبوو، لاواز کرد. لە ڕابردوودا ناوچە کوردییەکان پشتیان بە بەخێوکردنی مەڕوماڵات، وەک چالاکیی سەرەکیی ئابووریی بەستبوو و، کەمێک کشتوکاڵ و کاری دەستیی بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆیییەکان تەواوکەری ئەو چالاکییانە بوون. بەرهەمی زیادەی ئاژەڵداری لەگەڵ گوند و شارۆچکەکانی دراوسێدا بازرگانی پێوە دەکرا، بەو داهاتە خۆراک و کەرەستەی خاوی جلوبەرگ و فەڕشیان پێ دابین دەکرد. بەڵام جێگیرکردنی هۆزەکان و سیاسەتەکانی حکومەت بە ئامانجی لێک هەڵوەشانی هۆزەکان، خۆبژێویی ئابوورییان تێکدا. هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ناوچە خێڵەکییەکان بۆ ناوچەی کشتوکاڵی، سنووردارکردنی کۆچ و جێبەجێکردنی شێوازی کشتوکاڵیی کە پلانی خراپیان بۆ دارێژرابوو، بووە هۆی دابەزینی ئاژەڵداریی نەریتی و لەکیسچوونی خۆبژێوی. خۆبژێویی ئابووریی لە ڕوانگەی سیاسییەوە گرینگە، ئەو خۆبژیوییە کۆمەڵگە دەپارێزێت و دەبێتە هۆی زاڵبوون بەسەر کاروباری ئابوورییەوە. قەدەغەکردنی کۆچ و ڕێگریکردن لە چالاکییەکانی گۆڕینەوەی کاڵا، جووڵەی فیزیکی و خۆبەڕێوەبەریی هۆزەکان سنووردار دەکات (کۆهی-کەمالی  ٢٠٠٣، ل. ٦٢).

پەیوەندیی سەرمایەداری لە ئێران لە کۆتایییەکانی سەردەمی قاجار دەستی پێ کرد و لە دوای دۆزینەوەی نەوت لە ساڵی ١٩٠٨ بەرفراوانتر بوو و ئێرانی زیادتر ئاوێتەی ئابووریی جیهانی کرد. سەرەڕای زاڵبوونی پەیوەندییە ئابوورییە سەرمایەدارییەکان لە ئێراندا، پەرگالی ئابووریی لە کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر کشتوکاڵی مایەوە، ئەوەش وای کردووە کە نیشانەکانی پیشەسازیبوون بە زەحمەت دەستنیشان بکرێن. قاسملوو (١٩٨٠) دەیگوت سەرەڕای گەشەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەنێوان دوو شەڕی جیهانی لە ئێران، کوردستان وەک ناوچەیەکی کشتوکاڵی مایەوە. زۆربەی دانیشتووانی چالاک خەریکی کار لە کەرتی کشتوکاڵدان، کە تا ئێستاش گرینگترین سەرچاوەی داهاتە.  لە کوردستانی ئێراندا بێجگە لە پیشەسازیی نەوت لە کرماشان، بە کردەوە پیشەسازیی دەرهێنانی سامانی ژێر زەوی نەبوو.

جگە لەوەش بیناسازی تا ڕادەیەکی زۆر هۆی ژمارەکانی ژێر کەرتەکانی پیشەسازی و بیناسازین. کەمتر لە ٪٥ی هێزی کار لە پیشەسازیی مۆدێرندا کار دەکەن (قاسملوو ١٩٨٠، ل. ١١١). ئەو کێشەیە لە کاتێکدا ڕووی دا کە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە ناوچەکانی دیکەی ئێران لایەنە جۆراجۆرەکانی گەشەسەندنی سەرمایەدارییان ئەزموون دەکرد. دوای ئەو پێشهاتانە، پێکهاتەی ئابووریی کوردستان کە پێشتر خۆبژێو بوو، وردە وردە تێکەڵی ئابووریی ئێران بوو. لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، لاسەنگیی ئابووریی لەنێوان کوردستان و ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران بووە هۆی دابەزینی کوردستان بۆ “پەراوێزی” وڵات (قاسملوو ١٩٨٠، ل. ١١٣).

چاکسازیی زەوی سیاسەتێکی دیکەی حکوومەت بوو کە پێکهاتەی ئابووریی کشتوکاڵیی لە کوردستاندا گۆڕی. ئەو چاکسازییە کە حکوومەتی پەهلەوی لە ١٩٦٣ دەستی پێ کرد،  زەویی کشتوکاڵی پارچەپارچە کرد. ئامانجی سەرەکیی ئەو سیاسەتە دابەشکردنی زەویی خاوەن زەوییە گەورەکان بەسەر وردە جووتیاراندا بوو. دوای جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە، خاوەن زەوییە گەورەکان دەیانتوانی تەنیا خاوەنی یەک گوند بن. ئەوان دەبوو باقیی زەوییەکانیان بە دەوڵەت بفرۆشن، کە ئەویش زەوییەکانی بە نرخێکی فرەنزم بە جووتیارانی بێ زەوی دەفرۆشتەوە. هەروەها کاتێک جووتیاران کۆمپانیای هەرەوەزیی کشتوکاڵییان دامەزراندبا، دەوڵەت  قەرزی بە سوودی کەم پێ دەدان (بلەیک ٢٠٠٩، ل. ١٥٥). پێش جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە، خاوەن زەوییە گەورەکانی گوندەکانی کوردستان خاوەن دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بوون و ڕێکخەری پەیوەندییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان بوون. دوای جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی زەوی، ئەو دەسەڵاتە لەکیس چوو و ڕادەستی حکوومەتی ناوەندی کرا، کە ڕەوایییەکی ئەوتۆی لەنێو خەڵکی کوردستاندا نەبوو. لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، چاکسازییەکانی زەوی سەروکاریان لەگەڵ بەرهەمهێنانی ئابووریی کەرتی کشتوکاڵدا هەبوو. پێش جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە، پشکی کەرتی کشتوکاڵ لە داهاتی خەڵک ٪٦٥ بوو، کە دوای جێبەجێکردنی چاکسازییە کشتوکاڵییەکان بۆ ٪٤٤ دابەزی (شەیبانی ١٩٧٣، ل.  ١٨٣). لە کۆتاییدا سیاسەتی چاکسازیی زەوی لە کوردستان بووە هۆی پەرەئەستاندنی هەژاری و کۆچی گوندنشینان بۆ شارەکان. یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی ئەو سیاسەتە، ڕوانگەی ئەمنییەتی و سەربازیی حکوومەتی ناوەندی بەرانبەر بە کوردستان بوو. دەسەڵاتی پەهلەوی کوردستانی وەک هەڕەشەیەک سەیر دەکرد و بەرنامە ئابوورییەکانی پەیوەندیدار بە چاکسازیی زەوی بەو ئاراستەیەدا ڕێک دەخست و جێبەجێی دەکرد. لە کۆتاییدا ئاکامی ئەو سیاسەتە تێکچوونی زیادتری پەرگالی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کوردستان بوو (ڕەحمانی فەلاح و ئەوانی دیکە ٢٠٢٣، ل. ١٢٠).

لەگەڵ شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩، سیاسەتە ئابوورییەکان بەرەو بەنیشتمانیکردنی سامانە تایبەتەکان گۆڕا. پلانە ئابوورییەکانیش بەرەو ئەو ئاراستەیە داڕێژراون و جێبەجێ کراون. ڕوانگەی ئەمنییەتی و سەربازیی حکوومەتی ناوەندی، لەژێر کاریگەریی ململانێ سەربازییەکانی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندیدا، بڕیاردەری سەرجەم بەرنامە ئابوورییەکانی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ لە کوردستان بووە. داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەو سیاسەت و بەرنامە ئابوورییانە چەندین ئاسەواری نەرێنی بۆ کۆمەڵگەی کوردی هەبووە. لە ناویاندا چوونە سەری ڕێژەی بێکاری، لەدەستدانی سەرچاوەی سەرمایە، سەرهەڵدانی شێوازی چەوساندنەوەی هێزی کار وەک کۆڵبەری[3] و، لەناوچوونی ژینگە.

کەلێنی گەشەپێدان و وێرانکاریی ئابووریی لە ڕۆژهەڵات

ئاستی گشتیی گەشەسەندن لە ئێران لە دەیان ساڵی ڕابردوودا لە ئاستێکی دڵخوازدا نەبووە. بەڵام پێوەرەکانی گەشەسەندنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئاشکرای دەکەن کە ئاستی گەشەسەندنی ڕۆژهەڵات بەشێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە ناوچەکانی دیکەی وڵات (بڕوانە خشتەی ١). لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕێژەی بەهای زیادەی ئابووریی پارێزگای کوردستان بە بەراورد لەگەڵ کۆی بەهای زیادەی ئابووریی ئێران تەنیا ٪١،٣ بووە. ئەو جیاوازییە لە کەرتی پیشەسازیدا تەنانەت بەرچاوتریشە، کە پشکی پارێزگای کوردستان تەنیا ٪٠،٤ لە کۆی بەهای زیادەی پیشەسازیی ئێران بووە.  لە ساڵی ٢٠٢١ ، داهاتی مامناوەندیی سەرانەی پارێزگاکانی کوردستان ٣٧٣٥ دۆلاری ئەمریکایی بووە، کە گەلێک لە ڕێژەی داهاتی ٨٠٠٠ دۆڵار بۆ تاران، ٨٣٤٠ دۆڵار بۆ یەزد و ٥٧٦٩ دۆڵار بۆ ئیسفەهان کەمتر بووە (ناوەندی ئاماری ئێران، ٢٠٢٢).

ڕێژەی بێکاری لە ڕۆژهەڵات (ڕێژەی مامناوەندیی چوار پارێزگای کوردستان) لە ساڵی ٢٠٢٢ گەلێک لە هیی ئێران زیادتر بووە، کە لە یەکیان ٪١٢،٤ و لە ئەوەی دیکەیان ٪٩ بووە (ناوەندی ئاماری ئێران، ٢٠٢١ب). لە زۆرێک لە پارێزگاکان وەک تاک، لە ناوچەکانی وەکو کرماشان (٪١٥،٧) و پارێزگای کوردستان (٪١٤،٤)، ڕێژەی بێکاری زۆر زیادترە. بە پێچەوانەوە، ڕێژەی ئیسفەهان ٪١٠،٦،  سێمنان ٪٨  و تاران ٪٩،٧٨ بووە. هەروەها ڕێژەی خوێندەواری لە ناوچە کوردییەکان لە ڕێژەی مامناوەندیی تێکڕای ئێران کەمترە. ڕێژەی خوێندەواری لە پارێزگای کوردستان نزیکەی ٪٨١ ـــــە، لە کاتێکدا لە تاران، یەزد و سێمنان ڕێژەکەی نزیکەی ٪٩٣ و ٪٩١ ـــــە (ناوەندی ئاماری ئێران، ٢٠٢٢).

پێوەرەکانی گەشەی مرۆیی لە ڕۆژهەڵات ڕەنگدانەوەی دۆخێکی نالەبارن (جەمینی و ئەوانی دیکە، ٢٠٢١). لە ساڵی ٢٠٢٠،  ئاستی مامناوەندیی گەشەی مرۆیی لە پارێزگا کوردییەکان ٠،٧٣٤ بووە. ئەو ئاستە لە یەزد ٠،٨١١ لە تاران ٠،٨٢٧ و لە  ئیسفەهان و سێمنان پێوەرەکە ٠،٧٩٧ بووە (ناوەندی ئاماری ئێران، ٢٠٢١). لێکۆڵینەوەی زیادتر لە پلەی پیشەسازیی ناوچەی کوردستان، بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکە کە سەرچاوەی سەرمایەیان گەلێک کەمترە، دۆخی نالەباری گەشەنەکردنی ئابووریی لە ناوچە کوردستانییەکان ئاشکرا دەکات. پلەی گەشەکردنی پیشەسازی لە پارێزگای کوردستان ٢٧، لە کرماشان ٢٥، لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا ٢٦ و لە ئیلام ١٩یە. بەپێچەوانە، یەزد خاوەنی پلەی یەکەم، سێمنان پلەی دووهەم، مەرکەزی چوارەم، ئیسفەهان پلەی شەشەم و تاران پلەی دوازدەهەمە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠٢٠).

پشکی ڕۆژهەڵات لە بەرهەمی ناوخۆییی گشتیی ئێرانیش هەمان دۆخ ئاشکرا دەکات. پارێزگای کوردستان ٪٠،٩، ئیلام ٪١،٢، ئازەربایجانی ڕۆژاوا ٪٢ و کرماشان ٪١،٥ی بەرهەمی ناوخۆییی ئێران پێک دەهێنن. بەپێچەوانە، پشکی تاران ٪٢٢ و پشکی ئیسفەهان ٪٥،٨ بووە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠٢٠). لێکۆڵینەوە لە ڕیزبەندیی گەشەسەندنی ئابووریی لە ناوچە کوردییەکان ئەو پرسە زۆرتر پشتڕاست دەکاتەوە. پلەی گەشەسەندنی ئابووریی ئازەربایجانی ڕۆژاوا  ٢٨، پارێزگای کوردستان پلەی ٢٧، تاران پلەی یەکەم، یەزد پلەی دووهەم، سێمنان پلەی سێهەم و، ئیسفەهان پلەی چوارەمیان هەیە. لە لایەکی دیکەوە ڕێژەی هەژاری لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا ٤ و لە پارێزگای کوردستان هەشتە، لە کاتێکدا یەزد کەمترین ڕێژەی هەژاریی هەیە کە ٣١ـــە، لە دوای ئەویش تاران بە ٣٠، سێمنان بە ٢٩، ئیسفەهان بە ٢٧ لە پلەکانی دواتردان (ناوەندی ئاماری ئێران ٢٠٢١ج، ٢٠٢١د).

ئەو دۆخە بە هەمان شێوە لە بەشی گەشەکردنی دیجیتاڵێشدا زاڵە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، دابڕانێکی دیجیتاڵی لە نێوان پارێزگا کوردییەکان و پارێزگاکانی ناوەڕاستی ئێراندا هەیە. لە ساڵی ٢٠٢٢دا تێکڕای پێوەرەکانی گەشەکردنی تەکنەلۆژییەکانی زانیاری و پەیوەندی (ICT) لە ناوچەکانی کوردستان (ڕۆژهەڵات) ٦،٥٤ بووە. بە بەراورد، پێوەری تاران  ٨،٠٤ و هیی یەزد ٧،٩١  بووە (ڕێکخراوی تەکنەلۆژیای زانیاریی ئێران، ٢٠٢٣). نایەکسانیی ئابووریی-کۆمەڵایەتی لە کەرتی دیجیتاڵی و تەکنەلۆژیاکانی زانیاری و پەیوەندیشدا بەرهەم هێنراوەتەوە (خشتەی ١). ئامارە فەرمییەکانی ئێران دابەزینی بەرچاوی پێوەرەکانی گەشەسەندنی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کوردستان ئاشکرا دەکەن. ڕێژەی گەشەی مامناوەندیی بەهای زیادە لە کەرتی پیشەسازی لە پارێزگای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠١٧ لەژێر سفر و ڕێژەکەی ٪٥،٩- بووە. کەرتەکانی گواستنەوە و پەیوەندی ڕێژەی ٪٢،٣ گەشەی بەخۆیەوە بینیوە، لەکاتێکدا شوێنە پەروەردەیییەکان ڕێژەی گەشەسەندنیان ٪١،٦ بووە. کەرتی کانگاکان بە ڕێژەی ٪٣،٩- دابەزیوە و، کەرتەکانی دابینکردنی کارەبا و ئاو و گازی سروشتی ڕێکۆردی دابەزینی بەرچاوی بە ڕێژەی ٪٢١،٩ تۆمار کردووە. کەرتی بیناسازی بە ڕێژەی ٪١٤،٢- دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، لە کاتێکدا کەرتەکانی کشتوکاڵ و ماسیگرتن ڕێژەی گەشەی ئەرێنی ٪٩،٨ نیشان داوە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠٢٠).

ستراتیژییەکانی وێرانکەریی ژیانی ئابووریی کورد

وەک لە بەشی پێشوودا باس کرا، ڕۆژهەڵات وردەوردە لە ڕوانگەی ئابووریی-کۆمەڵایەتییەوە خاپوور کرا. ئەو دۆخە لەناکاو سەری هەڵنەدا، بەڵکو ئاکامی زاڵبوونی گوتاری فارسی-شیعی لە ڕۆژهەڵات بوو. حکوومەتی ناوەندیی ئێران کەڵکی لە ستراتێژیی جۆراجۆر بۆ چەوساندنەوەی ناوچەکە و جێبەجێکردنی وێرانکارییە ئابوورییەکانی وەرگرت. گرینگترین ستراتیژییەکان بریتی بوون لە تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکان (تاڵانکردنی سەرمایە)، شکستهێنان لە وەبەرهێنان و کەڵەکەکردنی سەرمایە و برەودان بە پیشەسازییە چەوسێنەرەکان.

تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکان

 یەکێک لە ستراتیژییە هەرەگرینگەکان کە حکوومەتی ناوەندیی ئێران بۆ چەوساندنەوەی ڕۆژهەڵات کەڵکی لێ وەردەگرێت، تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکانە (تاڵانی سەرمایە). ئەگەرچی ئەو ستراتێژییە لە دوای پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێرن لە ئێران دەستی پێ کردووە، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران-عێراق لە ساڵی ١٩٨٩ چڕتر بووەتەوە. تاڵانی سەرمایە بە مانای چەوساندنەوەی سامانەکانی سەرمایەی وڵاتێک یان ناوچەیەک لە لایەن وڵاتێک یان ناوچەیەکی دیکەوەیە. فرانک (٢٠١٣) ئاماژەی کردووە کە وڵاتانی سەرمایەداریی ڕۆژاوا بە ئامرازی سیاسی، ئابووریی و سەربازی سەرچاوەی سەرمایەی وڵاتانی پەراوێز تاڵان دەکەن. تاڵانی سەرمایە بە شێوازی جۆراوجۆر ڕوو دەدات، گرینگترینیان دزینی کەرەستەی خاو و سەرچاوەکان لە کۆمەڵگەکانی پەراوێز و وەبەرهێنانی چەوسێنەر لەو کۆمەڵگەیانەدایە. بە بۆچوونی فرانک (١٩٧٩)، دەرهێنانی سیستەماتیکی سەرچاوەکانی سەرمایە لە “پەراوێز”ەوە دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی لاسەنگیی سامان، بەو شێوەیە سەرچاوەی سەرمایەی “پەراوێز”  کەم دەبێتەوە، لە کاتێکدا بەردەوام سەرمایە لە “ناوەند” کۆ دەبێتەوە. وەبەرهێنان لە “پەراوێز” تەنیا وەک مێکانیزمی ئەوپەڕی چەوساندنەوەی سەرچاوەکان و ڕێخۆشکردن بۆ گواستنەوەی کەرەستەی خاو (وەک کانزاکان، نەوت، ئاو و گاز) بۆ “ناوەند”، بێ وەبەرهێنانی بەرچاو لە “پەراوێز” کەڵکی لێ وەردەگیرێت. ڕۆژهەڵات یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی ئێران لە ڕوانگەی سەرچاوەی سەرمایەیە. لەوێ سامانە سروشتییەکانی وەک ئاو، ڕووبار، چیا، کانگا، لێڕەوار، لەوەڕگە، ڕووەکی جۆراوجۆر، نەوت و گاز زۆروزەبەندن. ئەو سەرچاوانە هەلومەرجی لەباریان بۆ گەشەسەندن لە کوردستاندا ڕەخساندووە. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو سامانەی کوردستان،  گەشە ئابوورییەکەی ناخهەژێنە.

سەرچاوەکانی ئاو

ڕۆژهەڵات کەشوهەوایەکی هەمەچەشنی هەیە کە سوودێکی بەرچاوی ئابووریی بۆ گەشەسەندنی دابین دەکات. سەبارەت بە سەرچاوە ئاوییەکانییەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئێران و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش فرە گرینگە. بە لەبەرچاوگرتنی کەمئاوی و ویشکەساڵیی هەنووکەیی، کە بەشێکی بەرچاوی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، ئەو تایبەتمەندییە گرینگییەکی تاقانەی پێ بەخشیوە. هەڵسەنگاندنی بەردەوامی سامانە ئاوییەکان (C/RW) لە ئێران بارودۆخی هەستیاری زۆربەی ناوچە ڕووبارییەکان ئاشکرا دەکات. بەگوێرەی ئەو پێوەرە، کاتێک پێوەرەکە بۆ  نێوان ٠،٤ و ٠،٧ دادەبەزێت، سەقامگیریی سەرچاوە ئاوییەکان دەگاتە دۆخی مەترسیدار. لە ڕوانگەی بەردەوامییەوە، زۆرێک لە ناوچە ڕووبارییەکانی ئێران لە دۆخێکی مەترسیداردان. بۆ نموونە پێوەری تێگری ئاوی ژێرزەویی نەجەفابادی ئیسفەهان، گەیشتووەتە ٠،٨. بەڵام لە زۆربەی تێگرەکانی ئاوی کوردستان ئەو پێوەرە لەژێر ٠،٤ ـــە. بۆ نموونە تێگری ئاوی ژێرزەویی زاب ٠،١١ و سیروان ٠،١٩یە، ئەوەش بە مانای دۆخی لەباری ئەو سامانە ئاوییانەیە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠٢٠).

هەروەها ڕێژەی بارانبارینی ساڵانەش ئەو پرسە پێشان دەدات. لە ئێران ڕێژەی بارانبارینی ساڵانە (٢٠٢٢) ١٦٠ ملم بووە، لە کاتێکدا لە کوردستان گەیشتووەتە ٢٨٤ ملم. پارێزگاکانی ناوەڕاستی ئێران کەمترین باران بارینیان ئەزموون کردووە (ڕێکخراوی کەشناسیی ئێران، ٢٠٢٣). لێکۆڵینەوەیەک لە بارودۆخی ئاوی سەرزەوی لە کوردستان ئاشکرای دەکات کە یەدەگی ئاوی ڕۆژهەڵات لەگەڵ هیی ئێران بەراورد ناکرێت. لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستانیشەوە هاوسەنگیی ئاو نەرێنییە. لە ساڵی ٢٠١٩ پارێزگای کوردستان ٣٤ ملیۆن میتر سێجا کورتهێنانی ئاوی هەبووە. لە هەمان کاتدا، کورتهێنانی پارێزگای تاران ١٥٠ ملیۆن، پارێزگای یەزد ٢٣٠ ملیۆن و پارێزگای کرمان  ٩٠٢ ملیۆن میتر سێجا بووە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠٢٠). بەگشتی دۆخی سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵات جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ ئێران هەیە و لە ئێستادا هیچ قەیرانێکی بەربڵاو لەو بوارەدا لەئارادا نییە. بەڵام ئەگەری زۆرە سیاسەتی نالەباری سەرچاوەکانی ئاو ببێتە هۆی قەیرانی کەمئاوی لە کوردستان، وەک لە دۆخی هەنووکەدا پشتڕاست کراوەتەوە.

حکوومەتی ناوەندیی ئێران وەبەرهێنانی بەرچاوی لە کەرتی سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتدا کردووە. لە بەرانبەردا وەبەرهێنان لە کەرتە ئابوورییەکانی دیکەدا بە کەمترین شێوە ماوەتەوە و لە سفر نزیک دەبێتەوە. پاڵنەری سەرەکیی پشت ئەم وەبەرهێنانانە دامەزراندنی ژێرخانی گواستنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان بۆ “ناوەند” و تاڵانکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتە. ڕێکخراوی پلاندانان و بودجەی ئێران ڕایگەیاندووە کە زۆربەی ئەو وەبەرهێنانانە ئاراستەی دروستکردنی بەنداوی ئاو بە مەبەستی هەڵگرتن و گواستنەوە کراوە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠٢٠). حکوومەتی ناوەندی  سیاسەتەکانی ئاوی وەک پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان، بەنداوە زەبەلاحەکان، پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاوی سوێری شیرینکراو، گۆڕینی ئاراستەی ڕووبارەکان و پڕۆژەکانی بەکارهێنانەوەی ئاو بە هەمان مەبەست جێبەجێ کردووە. ئامانجی کۆتاییی ئەو سیاسەتانە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵات بووە بۆ پەرەپێدانی ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران کە ماوەی چەند ساڵێکە ڕووبەڕووی قەیرانی کەمئاویی توند بوونەتەوە. بەڵام ئەو سیاسەتانە زیانێکی بەرچاویان بە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان گەیاندووە و وردە وردە بوونە هۆی خاپوورکردنی ژینگە (حەسەنیان & سۆهرابی ٢٠٢٢، لاپەڕەکانی ٣٣٧-٣٣٢).

کانگاکان

کانگاکان سەرچاوەی ژینەکیی دیکەی سامانی کوردستانن. کانگاکان (بەردەقسڵ، بەردی ئاسایی، ئاسن، مەڕمەڕی ڕوون، بەردی پۆزۆلان، ئاسنڕفێن، زێڕ، گڕانیت، دووانەی ئۆکسیدی سیلیکۆن، مەنگەنێز، خوێ، بەردەپێ، تیتانیۆم و گەچ) سەرچاوەیەکی دیکەی فرە گرینگی سەرمایە لە کوردستان پێک دەهێنن. تەنیا لە پارێزگای کوردستان ٣٤٠ کانگا هەیە کە توانای دەرهێنانی ٥٨٩ ملیۆن تۆنیان هەیە، کە لە ئێستادا تەنیا ١٨ ملیۆن تۆن دەردەهێندرێت. پارێزگای کرماشان یەدەگی کانگاکانی یەک ملیارد و ٧٠٠ ملیۆن تۆن، پارێزگای ئیلام یەدەگەکەی نزیکەی یەک ملیارد تۆن و پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا نزیکەی یەک ملیارد و ٢٠٠ ملیۆن تۆن یەدەگی هەیە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠٢٠).

سەرەڕای ئەو هەموو سەرچاوە کانزایییەی پارێزگای کوردستان، ڕێژەی بەهای زیادەی کانگاکانی تەنیا ٪١،٤ی کۆی بەهای زیادەی کانگاکانی ئێرانە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، 2020). زۆربەی کانگاکانی ڕۆژهەڵات لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە دەردەهێندرێن. ئەو کەرەستە خاوانەی لەم کانگایانە دەرهێنراون، لەبریی ئەوەی لە کەرتە ئابوورییە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتدا وەبەرهێنانیان بۆ بکرێت، دەگوازرێنەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاستی ئێران. لەبەر هۆکاری ئەمنییەتی، ئاماری فەرمی لەو بوارەدا لە ئێران بڵاو ناکرێتەوە. بەڵام هێندێک ئاماری نافەرمی ئەو پرسە پشتڕاست دەکاتەوە. بۆ نموونە پارێزگاری پارێزگای کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕایگەیاند کە تەنیا ٪٣ی قازانجی وەبەرهێنان لە کەرتی کانگاکان لەو پارێزگایە وەبەرهێنراوەتەوە، لە کاتێکدا ٪٩٧ی ئەو داهاتە پارێزگاکەیان بەجێ هێشتووە (ئاژانسی هەواڵی مێهر، ٢٠٢٢). نموونەیەکی ئاشکرای ئەو دۆخە لە کانگاکانی زێڕی شاری تیکاب کە دەکەوێتە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، بەدی دەکرێت. تیکاب ٪٣٨ی بەرهەمی زێڕ لە ئێراندا پێک دەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەک یەکێک لە هەژارترین شارەکانی ئەو وڵاتە ماوەتەوە. بە وتەی نوێنەری خەڵکی تیکاب لە پارلەمانی ئێران، زیادتر لە ٪٩٠ی قازانجەکانی کانگاکانی زێڕ، ئەو شارە بەجێ دەهێڵێت و دەنێردرێتە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران (کانزاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ٢٠٢٣).

نەوت و گاز

ڕۆژهەڵات خاوەنی سەرچاوەی بەرچاوی نەوت و گازە. نزیکەی ٪٤ی نەوتی ئێران و ٪١١ی یەدەگی گازی ئێران لە پارێزگای ئیلامە. کێڵگەی نەفت شەهر لە کرماشان نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتی تێدایە. جگە لەوەش چەند کێڵگەیەکی دیکەی نەوت و گاز لە ڕۆژهەڵات دۆزراونەوە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠٢٠). تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکانی کوردستان، وەک نەوت و گاز، بە شێوازێکی وەکو تاڵانکردنی کانگاکان بەڕێوە دەچێت. ئەو سەرچاوانە بە شێوەی باو و بە خاوی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەردەهێنرێن و دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران. سەرەڕای هەبوونی ئەو جۆرە سەرچاوانە، فرۆشتنیان بە شێوەی خاو سوودی ئابووریی بۆ کوردستان نەبووە. بۆ نموونە ئیلام یەکێکە لە سەرچاوە هەرەبەرچاوەکانی نەوت و گازی ئێران، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئەو پارێزگایە دەستیان بە گازی سروشتی ڕاناگات و لە سوودەکانی بێبەشن. نموونەیەکی دیکە قیری سروشتیی کرماشانە. وەک باس کرا، زیادتر لە ٪٨٠ی قیری سروشتیی ئێران لە کرماشان دەردەهێنرێت. بەڵام نزیکەی هەموو ئه‌و بەرهەمە بەشێوەی خاو کرماشانی جێ‌ هێشتووە و بە مەبەستی وەبەرهێنانی زیادتر له پیشەسازییه جۆراوجۆره کاندا، بۆ ناوچه کانی ناوه ندی ئێران ده گوازرێته‌وه (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠٢٠).

شکست لە وەبەرهێنان و کەڵەکەبوونی سەرمایە

وەک باس کرا، سەرچاوەکانی سەرمایەی ڕۆژهەڵات لەگەڵ هیی ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران کە ناوچەگەلێکی پێشکەوتووترن، بەراورد ناکرێن. ئەوەش پرسیارێک دەورووژێنێت کە بۆچی ڕۆژهەڵات سەرەڕای ئەوەی خاوەنی سەرچاوەی سەرمایەی بەرچاوە، بەڵام گەشەنەکردنی دووقاتی ئابووریی بەرۆکی بەرنادات؟ پرۆسەی کەڵەکەکردنی سەرمایە و تاڵانکردنی کوردستان دەتوانێت بەرچاوڕوونییەک بێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە. ئێمە دەتوانین لە چوارچێوەی تیۆریی فرانک بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخی ڕۆژهەڵات و لە هەمان کاتدا پەیوەندییە ئابووریی و سیاسییە تایبەتەکانی لەگەڵ ئێران کەڵک وەربگرین. ئێران ڕۆڵی “ناوەند” دەگێڕێت، لە کاتێکدا ڕۆژهەڵات “پەراوێز”ـــە. ئەو دینامیکەی ناوەند-پەراوێز ئەقڵانییەتی سیاسی-ئابوورییە کە ئێران لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژهەڵات سەپاندوویەتی (ئینتیسار ١٩٩٢؛ حەسەنیان & سۆهرابی ٢٠٢٢). لەو چوارچێوەیەدا، ئێمە لەجیاتی ئابووریی سەرمایەداریی جیهانیی کارامە، بەرهەمهێنانەوەی ئەقڵانییەتی ناوەند-پەراوێز لە ئاستی هەرێمیدا دەبینین، کە لەگەڵ پێکهاتەیەکی فارس-شیعە تێکەڵ کراوە. سەرەڕای زۆروزەبەندبوونی سەرچاوەی سەرمایە و توانای گەشەپێدانی زۆر، ئەو پەیوەندییانە بوونە هۆی بەردەوامیی گەشەنەکردنی کوردستان.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی یارمەتیدەر بۆ دروستبوون و بەدەوامبوونی پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێز لە ڕۆژهەڵات، پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە. کەڵەکەبوونی سەرمایە بە دوو شێوازی سەرەکی ڕوو دەدات: کەڵەکەبوون لە ڕێگەی فراوانبوونەوە و کەڵەکەبوون لە ڕێگەی دەستدرێژییەوە. کەڵەکەبوون لە ڕێگەی فراوانبوونەوە کاتێک ڕوو دەدات کە بەرە جیاوازەکانی سەرمایەداری بەبێ وەلانانی کەرتەکانی دیکە گەشە بکەن. بەپێچەوانە، کەڵەکەبوون لە ڕێگەی دەستدرێژییەوە کاتێک ڕوو دەدات کە گەشەی ئابووریی بە وەلانانی کەرتەکانی دیکەی سەرمایە، بەرهەمهێنانی پێش سەرمایەداری، یان کەرتەکانی دەوڵەت مسۆگەر بکرێت. ئەو پرۆسەیە لەوانەیە زەوتکردن، وەدەستخستنی مڵک و بەرهەم لەژێر بەهای ئەوان، یان دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە هاوبەشەکان لەخۆ بگرێت (پاتنایک، ٢٠٠٥). لە ڕوانگەی ئاندرێ گاندر فرانکەوە،  کەڵەکەبوون لە ڕێگەی دەستدرێژیکردن بەتایبەت لە ئابوورییە پەراوێزخراوەکاندا، کە بەرفراوانبوونی سەرمایەداری بە دەرهێنانی سەرچاوە هەرێمییەکان و تواندنەوەی کەرتە ناسەرمایەدارییەکانەوە بەستراوەتەوە، شتێکی باوە. لە کۆتاییدا، ئەوە دینامیکی ناوەند-پەراوێز بەهێز دەکات، سامان لە ئابوورییە باڵادەستەکاندا چڕ دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا نایەکسانی و بێدەسەڵاتی لەنێوان گرووپە پەراوێزخراوەکاندا توندتر دەکات. وەک لە بەشی پێشوودا باس کرا، توێژینەوە کوردییە  جۆراوجۆرەکان (ئینتیسار ١٩٩٢؛ حەسەنیان & سۆهرابی ٢٠٢٢؛ محەممەدپوور & سولەیمانی ٢٠٢٣) جەختیان لەسەر تاڵانکردنی سیستماتیکی سەرچاوەکانی سەرمایە لە ڕۆژهەڵات لەلایەن ئێرانەوە کردووە. ئەو پرۆسەیە هۆی گەشەی ئابووریی “ناوەند”ی ئێران و لە هەمان کاتدا گەشەنەکردنی ڕۆژهەڵات بووە. کەڵەکەبوونی سەرمایە لە ڕێگەی چەوساندنەوەی سامانەکانەوە ئابووریی ناوەوەی ئێرانی بەهێز کردووە. بە پێچەوانە، کەمبوونەوەی سەرچاوەی سەرمایە لە ڕۆژهەڵات بووەتە هۆی دابەزینی ئابووریی-کۆمەڵایەتی و تێکچوونی بژێوی هەرێمی.

کەڵەکەبوونی سەرمایە دیاردەیەکە کە بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی نالەباری ئابووریی لە کوردستان، کە بەشێوەیەکی کاریگەر ئەوی کردووەتە “ئابووریی پەراوێز” لە ئێران. بەپێچەوانەی ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران، ڕۆژهەڵات کەڵەکەبوونی سەرمایەی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ساڵی ٢٠١٩، پشکی کەڵەکەبوونی سەرمایە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا ٪٢،١٢، لە پارێزگای ئیلام ٪٠،٧٤، لە پارێزگای کوردستان ٪١،٠١و پشکی کەڵەکەبوون لە پارێزگای کرماشان ٪١،٨٢ بووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەر لەو ساڵەدا پشکی پارێزگای ئیسفەهان ٪٧ و پارێزگای تاران بەرزترین پشکی هەبووە کە گەیشتووەتە ٪٢٧،٢ی کۆی کەڵەکەبوونەکە. لە پارێزگای کوردستان کەڵەکەبوونی سەرمایە لەو کەرتانەدا ڕووی داوە کە کەمتر پەیوەندییان بە گەشەسەندنی ئابوورییەوە هەیە. بەتایبەتی ٪٥٩ی کۆی کەڵەکەبوونی سەرمایە لە پارێزگای کوردستان هیی کەرتی بیناسازی بووە، لە کاتێکدا ٪٣٣ پەیوەندی بە کەرتی مەکینەکارییەوە هەبووە. لە بەرانبەردا کەرتی پیشەسازی تەنیا ٪٥ی کەڵەکەبوونی سەرمایەی بەخۆیەوە بینیوە. کەڵەکەبوونی سەرمایە لە کەرتی کانگادا بۆ باسکردن نابێت. هەمان دۆخ لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاواش حاکمە، کە ٪٦٠ی کەڵەکەبوونی سەرمایە بۆ کەرتی بیناسازی دەگەڕێتەوە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠٢٠).

بەڵام لە کەرتی پیشەسازیی ئەو پارێزگایە، کەڵەکەبوونی سەرمایە دەگاتە ٪٣٥  کە تا ڕادەیەک لە بەشەکانی دیکەی ئێران باشترە. لێرەش کەڵەکەبوونی سەرمایە لە کەرتی کانگادا نزیکەی سفرە. لە پارێزگای ئیلام ٪٦٦ی کەڵەکەبوونی سەرمایە لە کەرتی بیناسازیدا چڕ بووەتەوە. بەداخەوە کەڵەکەبوونی سەرمایە لە کەرتی پیشەسازی و کانزاکانی ئەو پارێزگایەدا نەرێنی بووە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران ٢٠٢٠؛ ناوەندی ئاماری ئێران ٢٠٢١ج). وەبەرهێنان لە پیشەسازیی، کانگا، گواستنەوە و بازرگانی و کەرتەکانی دیکەدا بناغەی کەڵەکەبوونی سەرمایە پێک دەهێنێت. نایەکسانیی وەبەرهێنان دەکرێت بە سەرنجدان بە ژمارەی کارخانەی پیشەسازیی بچووک و گەورە لە هەر پارێزگایەکدا، وەک پێوەری بڕی وەبەرهێنان هەڵسەنگێندرێت. ژمارەی کارخانەی پیشەسازیی بچووک و گەورە لە ناوچە کوردستانییەکان (کە لە چوار پارێزگا پێک هاتووە) ٤٧٤٧٠ دانەیە؛ لە ئیسفەهان ٧٠ هەزار، لە یەزد ٨٠ هەزار و لە سێمنان ١٢٨ هەزار دانەیە (ناوەندی ئاماری ئێران ٢٠٢١د). بێجگە لەوەش ژمارەی بینا پیشەسازییەکانی لە ناوچە کوردییەکان (چوار پارێزگا) ٢٩٣٤ بینایە، لە کاتێکدا لە پارێزگای ئیسفەهان ٧٠١٠ بینا و پارێزگای تاران ٦٠٥٦ بینای هەن (ناوەندی ئاماری ئێران ٢٠٢٢).

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ساڵی ٢٠١٩، وەبەرهێنانی نیشتمانی لە پارێزگای کوردستان بڕی ١٨٠ ملیۆن دۆلار بووە. لە پارێزگای کرماشان ٢٣٠ ملیۆن دۆلار، لە پارێزگای ئیلام ٩٦ ملیۆن دۆلار و لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاواش ٢٩٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی تێدا کراوە. لەبەرانبەردا، لە پارێزگای تاران ٣ ملیار دۆلار، لە پارێزگای فارس ٥١٠ ملیۆن دۆلار و لە پارێزگای ئیسفەهان ٤٦٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان تێدا کراوە. زۆربەی ئەو وەبەرهێنانانە بۆ کەرتی بیناسازی (٪٤٦)، پاشان مەکینە (٪٢٥) و کشتوکاڵ (٪٢٠) تەرخان کراوە. بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی پلاندانان و بودجەی ئێران، زۆربەی ئەو وەبەرهێنانانە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئاو تەرخان کراون، لەپێش هەموو شتێکدا بۆ دروستکردنی بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو و گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان (ڕێکخراوی پلاندانان و بودجەی ئێران، ٢٠٢٠).

لە بەرانبەردا، وەبەرهێنان لە کانگاکاندا کە بەشێکی بەرچاو لە ئابووریی کوردستان پێک دەهێنن، نزیکەی سفر بووە. وەبەرهێنان لە کەرتی کانگا لە پارێزگای کوردستان تەنیا ٪٠،٠٠٨ی کۆی وەبەرهێنانەکان بووە. بە هەمان شێوە کەمترین وەبەرهێنان لە کەرتی گواستنەوەدا کراوە (٪٠،٠٠٤). لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کۆی گشتیی وەبەرهێنانەکە ٣٧٧ ملیۆن دۆلار بووە. لەو بڕە پارەیە ٪٦١ی  پەیوەندی بە کەرتی بیناسازییەوە هەبووە، لەکاتێکدا ٪٣٧ی بۆ کەرتی پیشەسازی تەرخان کراوە. کەرتە ئابوورییەکانی دیکە کەمتر لە ٪١ی وەربەرهێنانیان بەر کەوتووە. دۆخەکە لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان هاوشێوەیە، کە زۆربەی وەبەرهێنانەکان لە کەرتی پیشەسازیدا لەسەر مەکینەکان کراوە، لە کاتێکدا وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وەک قوماش، بەرهەمە کانزاییەکان و ماددە شیمیایییەکان لەژێر ٪١ بووە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠٢٠).

پێشخستنی پیشەسازیی چەوسێنەر

پێشخستنی پیشەسازییە چەوسێنەرەکان سیاسەتێکی دیکەیە کە حکوومەتی ناوەندی لە مێژووی مۆدێرن بۆ تاڵانکردنی سەرمایەی کوردستان ڕەچاوی کردووە. پیشەسازییە چەوسێنەرەکان  بەو کەرتە ئابوورییە بەرفراوانانەی وەک پترۆشیمی، کانگا، نەوت و گاز دەگوترێ کە لەناو کۆمەڵگە ڕەسەن و پەراوێزەکاندا لەپێش هەموو شتێکدا بۆ چەوساندنەوەی ئابووریی دامەزراون. ئەو پیشەسازییانە زۆرجار نیگەرانییەکانی ژینگەیی، کۆمەڵایەتی-کولتووری، ئابووریی و سیاسیی ئەم کۆمەڵگەیانە پشتگوێ دەخەن (فرانکێما & بوێلێن ٢٠١٣، ل. ٢). پیشەسازییە چەوسێنەرەکان ئەو پیشەسازییانەن کە بۆ گەشەپێدان و گەشەی ئابووریی هەرێمێک دانەمەزراون. مەبەست لە دامەزراندنی ئەوان دروستکردنی زنجیرەیەکی پیشەسازییە بۆ تاڵانکردنی سەرچاوەکانی سەرمایە، گۆڕینی کەرەستەی خاو بۆ کەرەستەی پیشەسازی، گواستنەوەیان بۆ ناوەند و ئاراستەکردنی قازانج و بەهای زیادە بۆ ئەوێیە. بەگشتی ئەو پیشەسازییانە ڕێخۆشکەری چەوساندنەوەی ناوچەکانی پەراوێزن. بە شێوەی باو ، ئەو پیشەسازییانە لەلایەن “ناوەندەوە” لە ناوچەکانی پەراوێز بۆ دەرهێنانی کەرەستەی خاو و گواستنەوەیان بۆ “ناوەند” یان دروستکردنی ژێرخانی پێویست بۆ گۆڕینی کەرەستەی خاو بۆ شێوازێکە کە گواستنەوەی مومکین بێت. ئەو شێوە کارە لە ڕۆژهەڵاتیشدا دیارە. وەک باس کرا، زۆرێک لەو کەرەستە خاوانەی لە کانگاکانی کوردستان دەردەهێندرێن بۆ دەرەوەی کوردستان دەگوازرێنەوە. بەڵام ئەو گواستنەوەیە دەتوانێت تێچووی ئابووریی بۆ دەوڵەت دروست بکات و ڕەنگە هێندێک جار ئەوە بەپێچەوانەی ئەقڵانییەتی زاڵبوون بێت. بۆیە، لە دوو دەیەی ڕابردوودا گۆڕانی سیاسەت بەرەو پەرەپێدانی پیشەسازییەکانی پەیوەندیدار بە کانگاکانی ناو ڕۆژهەڵات ڕووی داوە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠١١، ٢٠١٧).

دەوری پیشەسازییە چەوسێنەرەکان، گۆڕینی کانزا خاوەکان بۆ کەرەستەی ئەوتۆن کە بکرێ لە کارخانە پیشەسازییەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتدا کەڵکیان لێ وەربگیرێت. ئەو پرۆسەی گواستنەوەیە ساکارترە و کاتێک کەرەستەکە دەنێردرێت بۆ ناوەند، بە تێچووی کەمتر جێبەجێ دەکرێت. ئەو هەڵسوکەوتە تەنیا پیشەسازییەکانی کانگاکان ناگرێتەوە، بەڵکو بۆ سامانەکانی نەوت و گاز بەتایبەتی لە ئیلام و کرماشان و هەروەها پیشەسازیی خۆراکیشدا ڕەچاو دەکرێت. بێجگە لەوەش، قازانجی سەرمایە و زیادەی ئەو پیشەسازییە چەوسێنەرانە بە دەگمەن لە ڕۆژهەڵات وەبەرهێنانی بۆ دەکرێنەوە و زۆربەی هەرەزۆری دەگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی ناوچەکە. لە کاتێکدا کەڵەکەبوونی سەرمایە لە پیشەسازییە چەوسێنەرەکاندا دەتوانێت لە چوارچێوەی دیکەدا یارمەتیدەری گەشەپێدان بێت، بەهۆی گواستنەوەی زیادە و قازانجەکەیانەوە بۆ ناوەند، کەڵەکەبوونی سەرمایە لە کوردستاندا ڕوو نادات. فرانک (١٩٧٩) ئاماژەی پێ کردووە کە کەڵەکەبوونی سەرمایە هێزی پاڵنەری گەشەسەندنی ئابوورییە. بەڵام ئەقڵانییەتی ناوەندی ئێران ڕێگری لە کەڵەکەبوونی سەرمایە لە ڕۆژهەڵات دەکات و دەستکەوتەکانی ئەو جۆرە پیشەسازییانە دەنێردرێت بۆ ناوەند. قازانج و سەرمایەی زیادەی دەرهێنراو لە ڕۆژهەڵات بەشێوەیەکی ئاسایی لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران، وەک تاران، ئیسفەهان، مەرکەزی و یەزد وەبەرهێنانی پێ دەکرێت. لەگەڵ تێپەڕینی کات، سەرچاوەی سەرمایەی ڕۆژهەڵات وردەوردە کەم بووەتەوە و ئابوورییەکی خاپوورکراوی لێ کەوتووەتەوە.

بەرهەمهێنانی پەرگالی بەستراوەبوونی پێکهاتەیی لە کوردستان

دروستکردن و بەرهەمهێنانەوەی وێرانشاری ئابووریی لە ڕۆژهەڵات ژیانی ئابووریی تاکەکانی کوردی وێران کردووە و بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شێوازی جۆراجۆری چەوساندنەوە و سەرکوتی ئابووریی (سولەیمانی & محەممەدپوور، ٢٠٢٠ب). ئەو کاولکارییە ئابوورییە لە جێبەجێکردنی ئەقڵانییەتی کۆلۆنیالیستیی ئێران لە ڕۆژهەڵات و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی سەرمایەی کوردستان بۆ سەپاندنی پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێز سەرچاوە دەگرێت. بەدرێژاییی ئەو پرۆسەیە تاکی کورد بەرگەی جۆرە جیاوازەکانی سەرکوتی ئابووریی گرتووە. ڕیشەی سەرەکیی ئەو سەرکوتە ئابوورییە ئەو سەرکوتە مێژوویی و سیاسییەیە کە لە ئاستی وڵاتی ئێراندا بەڕێوە دەچێت. ئەو کێشەیە زیادتر دیاردەیەکی دەرەکییە تا ناوخۆیی. فرانک (٢٠١٤) دەڵێت کە گەشەنەسەندنی وڵاتانی پەراوێز و خراپیی بارودۆخی ئابووریی کێشەی ناوخۆیی نین، بەڵکو لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە بەسەر ئەو کۆمەڵگەیانەدا دەسەپێندرێت. ئەوەش بەو مانایەیە کە گەشەسەندنی ئابووریی پرسێکی ناوخۆیییە نەک دەرەکی. بۆیە گەشەسەندنی ئابووریی کۆمەڵگەیەکی پەراوێزخراو تەنیا بە گەشەپێدانی ئابووریی، سیاسی و پێکهاتەکانی کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی مسۆگەر دەکرێت. لە ئاکامدا، هۆی دۆخی ئابووریی گەشەنەسەندوو لە ڕۆژهەڵات، پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێرانە (ئینتیسار ١٩٩٢، حەسەنیان & و سۆهرابی ٢٠٢٢). ئاکامی ئەو پەیوەندییە چەوسێنەرانە، گۆڕینی ڕۆژهەڵات بۆ خاکێکی کۆلۆنیکراو و ئابوورییەکی خاپوورکراوە (بڕوانە وێنەی ١).

ئەو دۆخە بووەتە هۆی چەوساندنەوەی ئابووریی تاکی کورد و لە ئاکامدا نامۆبوونی لە شوناسی خۆی و واتای ژیان. لەگەڵ بوونی ڕۆژهەڵات بە “پەراوێزی” ئابووریی ئێران، وردە وردە پێکهاتە کوردییەکانی دیکەش لەناو دەچن. ئەو پرۆسەیە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی پێکهاتەی ئەوتۆ کە بە ناوەند بەستراونەوە. ئەو بەستراوەیییە پێکهاتەیییە ڕەگی لە توخمی شوناسی ئەوتۆدان کە لەگەڵ بەشە سەرەکییەکانی شوناسی کوردستاندا بەریەک دەکەون. بە تێپەڕبوونی کات، هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە ئابووریی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و پڕکردنەوەی جێگەیان بە پێکهاتەی دەرەکی و نامۆ، دەتوانێت شوناس و کولتوور و سیاسەتی کوردستان بشێوێنێت. ئامانجی ئەو گۆڕینی پێکهاتەیییەی ڕۆژهەڵات لە لایەن “ناوەند” (دەوڵەتی ئێران) تەنیا چەوساندنەوەی ئابووریی نییە. بەڵکو ئامانجی کۆتایی هەڵوەشاندنەوەی پەرگالی پێکهاتەییی ڕۆژهەڵات و دامەزراندنی پەرگالێکی نوێی بەستراوە بە “ناوەندە” کە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بەئاسانی کۆنترۆڵ بکرێت و بەڕێوە بچێت.

تاڵانکردنی سامانەکانی سەرمایە، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی پێکهاتەی چەوسێنەر لە کوردستان، کە لە پیشەسازییەکانی گۆڕینی چەوسێنەرەوە دەردەکەوێت. ئامانجی کۆتاییی ئەقڵانییەتی هێژەموونیخوازی ئێران لە چەوساندنەوەی ئابووریی ڕۆژهەڵات تەنیا بە تاڵانکردنی سەرچاوە سەرمایەیییەکانی کۆتایی نایەت. ئەگەرچی ڕەنگبێ ئەوە ئامانجی کۆتایی بێت، بەڵام دەرەنجامەکانی ئەو کردەوە کۆلۆنیالیستییە لە چەوساندنەوەی ئابووریی بەولاوە دەچێت. هاوکات لەگەڵ ئەو پێکهاتە ئابوورییانە، پێکهاتەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست دەبێت کە وابەستەی سیستەمی چەوسێنەری “ناوەند” بێت. ئەقڵانییەتی بەستنەوەی کۆلۆنیالیستی ‌هێندە بەرفراوان بووە کە ‌هێندێک توێژی کۆمەڵگەی کوردی کردووە بە ئامرازی جێبەجێکردنی سیاسەتە چەوسێنەرەکانی “ناوەند” لە کوردستاندا. دروستکردنی تاقمی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی “ناوەند”خواز لە ڕۆژهەڵات، نوێنەرایەتیی ڕەهەندەکانی ئەو سیاسەتانە دەکات. لێرەدا ئامانجی سەرەکی، هەڵوەشاندنەوەی شوناس و بوونی کوردە، بە تاڵانی ئابووری و سەرمایە وەک ئامرازێکی ستراتێژیک بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. لەناوبردنی پەرگالی پێکهاتەییی کۆمەڵگەی کوردی، گرینگترین فاکتەری بنبڕکردنی ناسنامەی کوردییە. سیاسەتەکانی گەشەپێدان لە ئێران، بەتایبەتی بەرنامەکانی گەشەپێدانی پێنج ساڵە، بەو ئامانجە داڕێژراون. ئەو بەرنامە و سیاسەتانەی گەشەپێدان، دەرهێنان و گواستنەوەی سەرچاوەکانی سەرمایەی کوردستان (وەک کانگاکان، سامانە ژێرزەوییەکان و سەرچاوەکانی ئاو) بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران، لە هەمان کاتدا بە پشتگوێخستنی بەئانقەستی گەشەپێدانی پیشەسازی، گەشەپێدانی کشتوکاڵی، پەرەپێدانی گواستنەوە و بوارەکانی دیکە، ئەولەوییەتی پێ دەدرێت (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠٠٥، ٢٠١١، ٢٠١٧).

سەرهەڵدانی بورژوازییەکی وابەستەی کوردیش لەم ڕوانگەیەوە جێگای مشتومڕە. فرانک (٢٠١٣) ئاماژەی کردووە کە بورژوازیی نەتەوەیی لە وڵاتانی پەراوێزدا بەگشتی دەبێتە ئامرازێک بۆ کاراترکردنی ئەقڵانییەتی چەوسێنەری “ناوەند”. بە بۆچوونی فرانک بورژوازیی نەتەوەیی توانایی پێویست بۆ گەشەپێدانی نییە. ئەو پێی وایە بورژوازیی نەتەوەیی پشت بە پەیوەندییە چەوسێنەر-سەرمایەدارییەکان دەبەستێت و سەربەخۆ نییە. ئەگەرچی لە کوردستان ناتوانین بەوردی ناوی چینێک بە ناوی بورژوازیی نەتەوەیی بهێنین، بەڵام بەشێک لە سەرمایەدارە کوردەکان هەمان ڕۆڵیان لە پەیوەندییە ئابووریی-سیاسییەکانی نێوان ئێران و کوردستاندا هەبووە (عەلی & کەریمی، ٢٠٢٣). بەشێک لە سەرمایەدارە کوردەکان کە بە چەوساندنەوەی سامانەکانی سەرمایەی کوردستان سەرمایەیان کەڵەکە کردووە، سەرمایەکەیان بردووەتە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران وەبەرهێنانیان پێ کردووە. بێجگە لەوەش هێندێک سەرمایەدار لە خزمەت ئەقڵانییەتی “ناوەند”دا بوون و بوونەتە ڕێخۆشکەری دەرهێنان، گۆڕین و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی سەرمایەی کوردستان. ڕۆڵی ئەم تاقمە لە دۆخی خراپی ئابووریی کوردستان و پێکهاتنی خاپووربوونی ئابووریدا بەرچاو بووە. ئەو تاقمە  سەر بە ناوەندە و بە ئاشکرا ملکەچی بەرژەوەندییە ئابووریی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەقڵانییەتی هێژەمۆنیخوازی  ناوەند لە ڕۆژهەڵاتە.

دەرەنجام

گەشەکردنی مودێڕنیتە و سەرهەڵدانی سەرمایەداری لە ئێران، کە هۆی سەرەکییەکەی دۆزینەوەی نەوت بوو، بووە هۆی گەشەی ئابووریی و گەشەکردنی زیادتر لە “ناوەند”. بێجگە لەوە، ناوچەکانی وەک کوردستان کە لەگەڵ گوتاری ئەتنیکی-ئایینیی حکوومەتی ناوەندیدا نەدەگونجان، نەیانتوانی سوود لەو سامانانە وەربگرن. بێجگە لەوەش، سەرەڕای سەرچاوەی سەرمایەی زۆروزەبەند، ڕۆژهەڵات بۆ دۆزینەوەی بواری گەشەکردن تووشی چەرمەسەری بووە. حکوومەتی ناوەندیی  ئێران بە ڕەچاو کردنی سیاسەتی جۆراوجۆری وەک پێشخستنی پیشەسازیی چەوسێنەر، تاڵانکردنی کانگاکان، تاڵانی سەرمایە و بێکاری نەک هەر ڕێگری پرۆسەی گەشەسەندنی کوردستان بووە، بەڵکو ئەوی تووشی دۆخێکی وێرانشاری کردووە. سەرەڕای هەبوونی سەرچاوەی سەرمایەی لەبار، ڕۆژهەڵات خاوەنی بەرزترین ڕێژەی بێکاری لە ئێرانە. پڕۆسەی تاڵانی سەرمایە و ئەو میکانیزمانەی هاتنە بەرباس، تاکی کوردیان لە تێوەگلان لە دەرفەتە ئابوورییەکان بێبەش کردووە. بۆ نموونە، ئەگەرچی پارێزگای کوردستان خاوەنی نزیکەی ٪٨،٥ی سەرچاوە کانزایییەکانی ئێرانە، بەڵام پشکی دامەزراندن لە چوارچێوەی ئەو پیشەسازییەدا لە پارێزگای کوردستان لە ٪٠،٥ کەمترە (ڕێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، ٢٠٢٠).

وەک باس کرا، گوتاری فارسی-شیعی، وەک گوتاری زاڵ کە پێکهاتەی خاوەن دەسەڵاتی سیاسی-ئابووریی ئێرانە، بەشێوەیەکی سیستەماتیک  سامان و سەرمایەی بەرەو “ناوەند” ئاراستە کردووە و لە هەمان کاتدا ناوچە پەراوێزەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی پەراوێز خستووە و ڕێگریی لە توانایییەکانیان بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە کردووە. ئەو دووانەیییە،  دژوازییەکی بنەڕەتی لەناو سیستەمی دەسەڵات و وەبەرهێنانی وڵاتدا پیشان دەدات، کە درێژە بە بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانیی پێکهاتەیی دەدات. ئەو ڕەوتە تەنیا ئابووری ناگرێتەوە، بەڵکو گوتار و کولتووریش لەخۆ دەگرێت. ئەو پەیوەندییە ناهاوسەنگانە دەرەنجامی پرۆسەیەکی مێژوویی جێگیرکراون. لەناو پێکهاتەیەکی لەو شێوەیەدا، گەشەنەکردنی ناوچەکانی پەراوێز شتێکی بەهەڵکەوت نییە، بەڵکو ئاکامی بەئانقەستی سیستەمێکە کە بە ئەقڵانییەتی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی بەڕێوە دەچێت. کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی بە مانای چەوساندنەوەی سیاسی، ئابووریی و کولتووریی هێندێک ناوچەی دیاریکراو لەلایەن ناوەندێکی باڵادەستە، هاوشێوەی ئەو میکانیزمانەی کە دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستییەکانی دەرەکی، سامانەکانی وڵاتە کۆلۆنیکراوەکانیان تاڵان دەکرد. ئەو بە تاڵانبردنە دەرهێنانی سامانە مرۆیی، سروشتی و ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵات و ئاراستەکردن و دابەشکردنەوەیان بۆ ناوەند دەگرێتەوە.

بێجگە لەوەش، سەرکوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی میکانیزمگەلێکن بۆ درێژەدان بەو پەرگالە نایەکسانە. بەردەوامیی زاڵبوونی گوتاری ناوەند بە ڕێکخستنی زمان، کولتوور، پەروەردە و میدیاوە دەپارێزرێت، لە کاتێکدا دەنگە ژێردەستەکانی ناوچەکانی پەراوێزخراو کپ دەکرێن. نەبوونی وەبەرهێنان، تێکچوونی ژێرخانی ئابووریی و سەپاندنی پیشەسازییەکانی دەرهێنان واتە ئەو پیشەسازییانەی قازانجەکانیان لە ناوچەکەوە دەبردرێنە دەرەوە، ئەو ناهاوسەنگییە زیادتر دەکەن. لە ئەنجامدا ئابووریی ناوەند بەهێز دەبێت، بەڵام پەراوێز زۆرتر لە دۆخی گەشەنەسەندوویی بەرەدوامی خۆیدا ڕۆدەچێت.

ئەقڵانییەتی ناوەند-پەراوێزی زاڵ بە سەر ڕۆژهەڵاتد جیاوازە لە ڕوانگەکانی فرانک (٢٠١٣) و ئەمین (١٩٧٤). فرانک جەخت لەسەر سروشتی ئابووریی پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێز دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وێدەچێت کە ئەو پەیوەندییانە لە ڕۆژهەڵاتدا تەنیا بە پەیوەندییە ئابوورییەکان کۆتایی نەیەت. ئەقڵانییەتی ناوەند-پەراوێز لە بەرانبەر ڕۆژهەڵاتدا سروشتێکی سیاسی-ئایدیۆلۆژیکی (ئینتیسار ٢٠٠٩)، کولتووری-زمانی (محەممەدی & کیانپوور ٢٠٢٣ ؛ محەممەدپوور ئەوانی دیکە ٢٠١٧) و، ژینگەیی (حەسەنیان & سۆهرابی ٢٠٢٢) دەگرێتەوە، لە کاتێکدا کە ئابووریشن. پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێز نەک تەنیا زەرەر بە پێکهاتەی گشتیی کۆمەڵگەی کوردی دەگەیەنن، بەڵکو بوونە هۆی لەناوبردنی تاکی کورد لە چەند توێی جیاوازدا. زۆرێک لە پیشەسازییە چەوسێنەرەکانی باو لە کوردستان، وەک پیشەسازیی گۆڕینی کەرەستەی خاو، پێیان باشترە  هێزی کار لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە هاوردە بکەن. ئەو پیشەسازییانە کرێکاری ئەوتۆ دەخوازن کە هاوتەریبی ئامانجە چەوسێنەرەکانیان بن و، گریمانە دەکرێت کە کرێکارە ناکوردەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجانە تواناییی زۆرتریان هەبێت. سیاسەتی “بەرهەمهێنانی بێکاریی” ستراتێژییەکی دیکەیە کە “ناوەند” بۆ لەناوبردنی هاوکاتی تاکی کورد و پێکهاتەی ئابووریی کوردستان کەڵکی لێ وەردەگرێت. بێکاری تەنیا پرسێکی ئابووریی نییە، بەڵکو بەشێکی زنجیرەی بەرهەمهێنانی وێرانکەرە. ئەو سیاسەتە دۆخی ئابووریی نالەبار بۆ کورد دروست دەکات و ئەوان بۆ چەساندنەوە لە لایەن ناوەندەوە ئامادە دەکات. کرێکارانی کورد هان دەدرێن بۆ شارە مەزنەکانی وەک تاران کۆچ بکەن، لە ئاکامدا ئەو ناوچانە گەشە دەکەن، لە کاتێکدا ڕۆژهەڵات بە گەشەنەکردوویی دەمێنێتەوە. ئەو سیاسەتە لە خزمەت چەوساندنەوەی ‌هێزی کاری کوردستان و دوورخستنەوەیان لە کوردستانە، کە دەبێتە هۆی پێشگرتن بەو ئاسەوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە کە دەبنە بەربەست بۆ پرۆسەی کۆلۆنیکردن و خاپوورکردنی کوردستان.

وێدەچێ ئامانجی کۆتاییی ئەقڵانییەتی دەسەڵاتداریی “ناوەند” بە سەر کوردستاندا لە دەوری هەمان پرسدا بخولێتەوە. ئەو کوردانەی وێدەچێت لەگەڵ ئایدۆلۆژیای کۆلۆنیالیزمی حکوومەتی ناوەندیدا نەگونجێن، یان بە سیاسەتی “بەرهەمهێنانی بێکاری” لە بژیوی خۆیان لە ڕۆژهەڵات بێبەش دەکرێن یان وەک کۆچبەری ئابووری دەنێردرێنە ناوچەکانی ناوەندی ئێران. ئامانجی ئەو سیاسەتە ئەوەیە لە ڕێگەی تاکتیکی ئابوورییەوە “بابەتە ئابوورییە ناتەباکان لەگەڵ ناوەند ئاسایی بکاتەوە”. هاوکات ژینگەی ئابووریی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان وێران بووە. بۆیە “ناوەند” نەتەنیا کۆنترۆڵی جووڵانەوەی جەماوەریی کورد دەکات، بەڵکو دەستدرێژی دەکاتە سەر دۆخی ژیانی ئەوانیش. لە ڕاستیدا “دۆخ” بووەتە ئامرازێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و هەوڵدان بۆ “مەرگی شوناسی کورد”. لەو کاتەدا “دۆخی کۆلۆنیکراو” پەرگالی پێکهاتەیی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا هەڵوەشاندووە.

ئەو کێشەیە لە جۆرەکانی دیکەی چەوساندنەوەدا دەردەکەوێت. بە تاڵانکردنی سەرچاوەکانی سەرمایە، دامەزراندنی پیشەسازیی چەوسێنەر، بەرهەمهێنانی بێکاری و دەرکردنی هێزی کار لە کوردستان، تاکی کورد بایەخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی لێ دەسەندرێنەوە و تەنیا دەکرێنە “جەستەی زیندوو”. ئەو پرسە کە لە ڕۆهەڵات وەک دۆخی نایاسایی لەئارادایە (محەممەدپوور، ٢٠٢٤)، بە ئەقڵانییەتی “ناوەند” و سیاسەتە کۆلۆنیالیستی و چەوسێنەرەکانی جێبەجێ کراوە. ئەو وێرانکارییە بە تاڵانکردنی سەرچاوەکانی سەرمایە، دامەزراندنی پیشەسازیی چەوسێنەر، برەودان بە بێکاری و ئاوارەکردنی زۆرەملێی کرێکاران لە کوردستان ڕووی داوە. بەدرێژاییی ئەم پڕۆسەیە، دانیشتووانی کورد بایەخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆیان لەدەست داوە و تەنیا بوونەتە “جەستەی زیندوو”.

سەرچاوەکان

Ali, Dilshad Sabri, & Kerimi, Eyyub. (2023). The political economy of class formation

and class structure in the southern Kurdistan: 1991-2021. Journal of University of

Raparin, 10(4), 797–811.

Amin, Samir. (1974). Accumulation and development: A theoretical model. Review of

African Political Economy, 1(1), 9–26.

Bajalan, Djene Rhys. (2020). The First World War, the end of the Ottoman Empire, and the

question of Kurdish statehood: A ‘missed opportunity’? Ethnopolitics, 18(1), 13–28.

Blake, Kristen. (2009). The US-Soviet confrontation in Iran, 1945-1962: A case in the

annals of the Cold War. University Press of America.

Bozcali, Fırat. (2019). Money for life: Border killings, compensation claims, and life-money

conversions in Turkey Kurdish Borderland. In B. Bargu (Ed.), Turkey’s necropolitical

laboratory. Democracy, violence and resistance. Edinburgh University Press.

Ebrahimi, Muhammad Sharif. (2018). The securitisation of Kurdish national identity by the

Iranian state with specific focus on the 1979 to 1989 period [PhD thesis, University

of Kurdistan].

Entessar, Nader. (1992). Kurdish ethnonationalism. Lynne Rienner Publishers.

Entessar, Nader. (2009). Kurdish politics in the Middle East. Lexington Books.

Frank, Andre Gunder, & Gills, Barry. (1996). The world system: Five hundred years or

five thousand? Routledge.

Frank, Andre Gunder. (1979). Unequal accumulation: Intermediate, semi-peripheral, and

sub-imperialist economies. Review (Fernand Braudel Center), 2(3), 281–350.

Frank, Andre Gunder. (2013). The development of underdevelopment. In S. K. Sanderson

(Ed.), Sociological worlds: Comparative and historical readings on society (pp. 135–

141). Routledge.

Frankema, Ewout, & Buelens, Frans. (2013). Colonial exploitation and economic development.

Routledge.

Ghassemlou, Abdul Rahman. (1965). Kurdistan and the Kurds. The Czechoslovak

Academy of Sciences.

Ghassemlou, Abdul Rahman. (1980). Kurdistan in Iran. In G. Chaliand (Ed.), People without

a country: The Kurds and Kurdistan (pp. 107–135). Zed Press.

Gunes, Cengiz. (2019). The Kurds in a New Middle East: The changing geopolitics of a

regional conflict. Palgrave Macmillan.

Gunter, Michael. (2010). Historical dictionary of the Kurds. Scarecrow Press.

Gurses, Mehmet. (2014). From war to democracy: Transborder Kurdish conflict and

democratization. In D. Romano & M. Gurses (Eds.), Conflict, democratization and

the Kurds in the Middle East: Turkey, Iran, Iraq and Syria (pp. 249–265). Palgrave

Macmillan.

Hassaniyan, Allan, & Sohrabi, Mansour. (2022). Colonial management of Iranian

Kurdistan; with emphasis on water resources. Journal of World-Systems Research,

28(2), 320–343.

Hechter, Michael. (1977). Internal colonialism: The Celtic fringe in British national development.

University of California Press.

Hengaw Organization for Human Rights. (2025, February 12). Hengaw’s statistical report:

339 Kurdish Kolbars killed or injured in Iran Borders in 2024. https://hengaw.net/en/

reports-and-statistics-1/2025/01/article-3

Iran Meteorological Organization. (2020). Annual rainfall report of Iranian provinces.

Ministry of Roads and Urban Development [in Persian].

Iran Plan and Budget Organization. (2005). Iran’s third quinquennial development program.

Presidency Islamic Republic of Iran [in Persian].

Iran Plan and Budget Organization. (2011). Iran’s fifth quinquennial development program.

Presidency Islamic Republic of Iran [in Persian].

Iran Plan and Budget Organization. (2017). Iran’s sixth quinquennial development program.

Presidency Islamic Republic of Iran [in Persian].

Iran Plan and Budget Organization. (2020). Iran’s provincial development plan. Presidential

Administration of Iran [in Persian].

Iran Statistics Center. (2021a). Cost and income of Iranian households. Plan and Budget

Organization [in Persian].

Iran Statistics Center. (2021b). The unemployment rate of people aged 15 years and older.

Plan and Budget Organization [in Persian].

Iran Statistics Center. (2021c). Statistical yearbook of Iranian provinces. Plan and Budget

Organization [in Persian].

Iran Statistics Center. (2021d). The economic, social and cultural status of Iran’s provinces.

Plan and Budget Organization [in Persian].

Iran Statistics Center. (2022). The situation of Iran’s industrial estates. Plan and Budget

Organization [in Persian].

Iran’s Information Technology Organization. (2023). ICT Development Index of Iran.

Ministry of Information and Communications Technology of Iran [in Persian].

Jamini, Davood, Irandoost, Kayoumars, & Jamshidi, Alireza. (2021). Spatial analysis of

human development index and identify its determinants in Iran. Regional Planning,

11(43), 16–31.

Kishavarz, Amir Houshang. (2020). Social structure and economic system in Iranian

nomads. Dane [in Persian].

Koohi-Kamali, Farideh. (2003). The political development of the Kurds in Iran: Pastoral

nationalism. Springer.

Lambton, Ann KS. (1953). Landlord and peasant in Persia: A study of land tenure and

land revenue administration. Oxford University Press.

McDowall, David. (2021). A modern history of the Kurds. Bloomsbury Publishing.

Mehr News Agency. (2022, April 9). The insignificant share of mines in the employment

of West Azerbaijan. https://www.mehrnews.com/news/5461706

ME-METALS. (2023, September 20). The profits of the mines should be given to the province.

https://felezatkhavarmianeh.ir/fa/news/304104

Mohammadi, Nariman, & Kianpour, Masoud. (2023). The quagmire of ideologies: An ethnography

of Kurdish virtual life-world on Facebook. Journal of Intercultural Studies,

45(2), 274–291.

Mohammadpour, Ahmad. (2024). Blood for bread: Necro-labor, non-sovereign bodies,

and the state of exception in Rojhelat. American Anthropologist, 126(1), 120–134.

Mohammadpour, Ahmad, & Soleimani, Kamal. (2021). Minoritisation of the other: The

Iranian ethno-theocratic state’s assimilatory strategies. Postcolonial Studies, 24(1),

40–62.

Mohammadpur, Ahmad, Ross, Norbert Otto, & Mohammadi, Nariman. (2017). The fiction

of nationalism: Newroz TV representations of Kurdish nationalism. European Journal

of Cultural Studies, 20(2), 167–179.

Patnaik, Prabhat. (2005, August 26). The economics of the new phase of imperialism.

International Development Economics Associates, 26. https://www.networkideas.org/

featured-articles/2005/08/the-economics-of-the-new-phase-of-imperialism/

Pozzebon, Marlei. (2004). Conducting and evaluating critical interpretive research:

Examining criteria is key to building a research tradition. In B. Aplan, D. P. Truex,

  1. Wastell, A. T. Wood-Harper, & J. I. DeGross (Eds.), Information systems research.

IFIP International Federation for Information Processing (pp. 275–292).

Falah, Rahmani, Sajjad, Hosseini Mirhadi Agamirzaei Asgar., Sayyed (2023). Kurdistan

farmers and economic reform plans in the second Pahlavi era (Documentary studies).

Social History Studies, 12(2), 103–123 [in Persian].

Shaibani, Ibrahim. (1973). The added value of the agricultural sector in Iran’s agriculture.

School of Economics.

Soleimani, Kamal, & Mohammadpour, Ahmad. (2020a). The securitization of life: Eastern

Kurdistan under the rule of a Perso-Shi’i state. Third World Quarterly, 41(4), 663–682.

Soleimani, Kamal, & Mohammadpour, Ahmad. (2020b). Life and labour on the internal

colonial edge: Political economy of Kolberi in Rojhelat. The British Journal of

Sociology, 71(4), 741–760.

Soleimani, Kamal, & Mohammadpour, Ahmad. (2023). The everydayness of spectacle

violence under the Islamic Republic: ‘Fire at will’. Security Dialogue, 54(3), 231–251.

Van Bruinessen, Martin. (1992). Agha, Shaikh and state: Social and political structures of

Kurdistan. Zed Books.

[1]  لە ئاگۆستی ١٩٧٩، دوای شەڕ و پێکدادانی قورس لەگەڵ سوپای پاسداران، کوردان پاوەیان گرتەوە کە شارێکی نزیک سنووری عێراقە. ئەو ڕووداوە بووە هۆی دەستپێکی سوڕێکی درێژمەودای شەڕ، کێشە و دانوستان لەنێوان کوردان و هێزەکانی دەوڵەتی، کە چەند ساڵی خایاند. دوای شەڕی پاوە، ئایەتوڵڵا خومەینی حوکمی جیهادی دژی کوردان دەرکرد. فەرمانێکی ورووژاندن لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینییەوە کە لەسەر ڕادیۆ بڵاو کرایەوە و بووە هۆی ورووژاندنی بیروڕای گشتی دژی کوردستان. وەک کاردانەوە، هێزێکی بەرینی سەربازی، لە ناویاندا ئەرتەش، سوپای پاسداران و حیزبوڵڵای (حیزبی خودا) چەکدار، کەڵکی لێ وەرگیرا و هێرشی سەربازیی لە تەواوی شارە کوردەکان بەڕێوە چوو کە لەواندا کەڵک لە هێلیکۆپتەر، فڕۆکەی جێت، تانگ و تۆپخانە وەرگیرا. هێزەکانی کوردی بەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گرتبوون، خۆڕاگرییان کرد. سەرکوتە دڕندانەکە بووە هۆی خوێنڕێژیی بەربڵاو لە شارەکانی وەکو مهاباد، سنە، نەغەدە، پاوە، مەریوان، قوروە و سەقز. دادگای شۆڕش، بە ڕێبەریی خەلخاڵی، ئیعدامی بەکۆمەڵی خێرایان بەڕێوە بردن کە زۆر جار لەو ئیعدام کردنانەدا لەجیاتی جەنگاوەران، خەڵکی ئاسایییان لە دادگایی چەند خولەکیدا سزا دەدا (کوهی-کەمالی، ٢٠٠٣، ل. ١٨٤).

[2]  “ڕۆژهەڵات” بە کوردی بە مانای “ڕۆژهەڵاتی کوردستان” ـە. لە وێژەی سیاسیی کوردیدا، “ڕۆژهەڵات” ئاماژە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان کوردستانی ئێران دەکات. نووسەرانی لێکوڵینەوەی کوردی کەڵک لە هەر سێ دەستەواژەکان وەردەگرن. لەو توێژینەوەیەدا، دەستەواژەی “ڕۆژهەڵات” کەڵکی لێ وەرگیراوە.

[3]  کۆڵبەری ئاماژە بەو کارەیە کە تاکەکان، لاو و بەساڵداچوو دەیکەن و لەویدا کاڵاکان بە کۆڵی ئەوان لەنێوان سنوورەکانی ئێران، عێراق و تورکیە دەگوازرێتەوە؛ ئەو کرێکارانە بە کۆڵبەر ناسراون (بۆزجالی ٢٠١٩؛ سولەیمانی & محەممەدپوور ٢٠٢٠ ئـ). بەگوێرەی ئاماری تۆمار کراو لە لایەن ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو، لە ٢٠٢٤، لانی کەم ٣٣٩ کۆڵبەری کورد کوژران یان بریندار بوون. لەو ٣٣٩ کۆڵبەرانە، لانی کەم ٢٨٤ کەسیان (کە دەکاتە ٪٨٤ی سەرجەم قوربانییان) کوژران یان برینداربوونیان ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەر سنووری ئێران بووە. ئەوە ٣٩ دۆخی کوژران و ٢٤٨ بریندار دەگرێتەوە (ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو، ٢٠٢٥).

وتارەکانی تر

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!