کاتێک پشتیوانی دەبێتە بژاردە ؛ چوار ساڵ دوای ژینا

سۆزان فەتحی

لە ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢دا، ژینا ئەمینی کچە کوردی ٢٢ ساڵان دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی مۆرالی ئێرانەوە گیانی لەدەستدا. مەرگی ژینا بوو بە دەستپێکی یەکێک لە گەورەترین بزووتنەوە جەماوەرییەکان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ەوە. لەژێر دروشمی ژن، ژیان، ئازادیدا، خەڵک لە سەرانسەری ئێراندا ڕژانە سەر شەقامەکان. ژنان لەچکەکانیان فڕێدا، گەنجان بەرەنگاری هێزە ئەمنییەکان بوونەوە و بزووتنەوەیەک سەریهەڵدا کە بە خێرایی لە پرسی حیجابی زۆرەملێ تێپەڕی و گۆڕا بۆ بانگەوازی ئازادی، کەرامەت و مافی بڕیاردان بەسەر ژیانی خۆتدا.
چوار ساڵ دواتر، ژینا بووەتە هێمایەکی جیهانی. بەڵام ناوی ژینا پرسیارێکی دیکەش دەووڕوژێنێ کە لەوانەیە بە دڵی زۆر کەس نەبێ: پشتیوانی و هاوبەشی بۆ پاراستنی ژیانی چ کەسێک دەکار دەکردرێ و ژیانی چ کەسێک بەبێ هیچ سەرنج و بایەخێک وەک مۆمێک دەکوژێتەوە؟
ئەمە پرسیارێکە کە دەبێ پێش هەموو کەس بەرەی چەپی نێودەوڵەتی و بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکان بوێریی ئەوەیان هەبێت لە خۆیانی بپرسن.
ژینا ژن بوو. بەڵام کوردیش بوو. ئەمە تەنیا وردەکارییەکی سادە نییە، بەڵکو بەشێکە لە ناسنامەی ژینا و ئەو بەستێنە سیاسییەی تێیدا قوربانی کرا. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لەو ڕۆژەدا دانەهێنرا کە ژینا تێیدا گیانی لەدەستدا. ئەم دروشمە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە بزووتنەوەی ژنانی کورددا هەیە و ئەنجامی دەیان ساڵ خەباتە لەپێناو ڕزگاریی ژنان، ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵگەیەکی جیاوازتر. توێژینەوەکان دەربارەی بزووتنەوەی ژنانی کورد و چەمکی “ژینۆلۆژی” نیشانی دەدەن کە چۆن ژنانی کورد بۆ ماوەیەکی درێژ بیرۆکەی فێمینیستی و شێوازی ڕێکخستنی سیاسیی تایبەت بە خۆیان دامەزراندووە و گەشەیان پێداوە. بەشداری ئەوان لە مەیدانی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا تەنیا وەک قوربانییەکی چەوسانەوە و هەڵاواردن نەبووە؛ بەڵکو ئەوان بکەری سیاسی و بەرهەمهێنەری تیۆریی فێمینیستی بوون. [1]
کەواتە جێی سەرسوڕمانە دروشمێک کە ڕەگێکی وەها بەهێزی لە بزووتنەوەی ژنانی کورددا هەیە دەبێتە جیهانی، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕوخسارە کوردییەکەی ئەم بزووتنەوەیە جاروبار لە گێڕانەوەکاندا ون دەبێ.
وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە ژینا کورد بوو، بە واتای بچووککردنەوەی بزووتنەوە بۆ ئاستێکی کەمتر لە ئاستە جیهانییەکەی نییە، بەپێچەوانەوە؛ ئەمە تێگەیشتنە لەوەی چۆن مەرگی ئەو توانی ئەوەندە کاریگەر بێ و بۆچی ئەزموونی کورد لە ڕۆژهەڵات بنەمایەکی سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە سەرەڕۆیی و سەرکوتکاریی دەوڵەتی ئێران.
چەوسانەوەی کورد لەلایەن حکومەتە جیاوازەکانی ئێرانەوە دیاردەیەکی نوێ نییە و بە ژینا ئەمینی دەستی پێ نەکردووە. کورد بۆ دەیان ساڵە ڕووبەڕووی جیاکاریی سیاسی، هەڵاواردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، چاودێریی ئەمنی، دەستبەسەرکردنی ڕەمەکی، سزای زیندانیکردنی درێژخایەن و سێدارە دەبێتەوە. ڕاپۆرتی حکومەتی بەریتانیا دەربارەی کورد و گرووپە سیاسییە کوردییەکان (کە لە ساڵی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە)، زانیارییەکان دەربارەی سەرکوتکاریی بەرفراوانی سیاسی دژی کورد کۆدەکاتەوە و نیشانی دەدات کە ڕێژەی دەستبەسەرکردن و سزادانی کورد بە هۆکاری سیاسی زۆر بەرزترە لە کۆمەڵگەکانی دیکە. ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بە زیادبوونی ئامادەیی سەربازی و چڕیی چاودێری لە ناوچە کوردییەکاندا دەکا. [2]
کەواتە ئەوە دیاردەیەکی دەگمەن، دەستدرێژییەکی تاکەکەسی و دابڕاو نەبوو، بەڵکو شێواز و نەریتێکی سیستماتیکی لەمێژینەیە.
لە ساڵی ٢٠٢٦دا، دۆخەکە خراپتریش بووە. ئێران بەردەوام بووە لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن. کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆلکەر تورک، لە مانگی ئابدا هۆشیاری دا کە لەسێدارەدانەکان بۆ چاندنی ترس و بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆن بەکاردێن. لە ڕێکەوتی ١٩ی مانگی مارسی زایینییەوە، لانی کەم ٥٦ کەس بەپێی حوکمە ئەمنییەکان لەسێدارە دراون، لە نێویاندا کەسانێک کە تۆمەتبار کرابوون بە بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا. [3] لە هەمان کاتدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەڵگەنامەی ئەوەی تۆمارکردووە کە چۆن خەڵک دوای دادگاییکردنی سەرپێیی و سیاسییانە و سەرتاپا نادادپەروەرانە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. [4]
بۆ کورد، ئەمە زۆر جدیتر و دژوارترە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕاپۆرتی داوە کە لانی کەم ٤٤٤ کەس لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵدا لە ئێران لەسێدارەدراون، کە ٨٠ کەسیان سەر بە کەمینە نەتەوەییەکان بوون. ڕێکخراوەکە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵدا لانی کەم لەسێدارەدانی ٢٥ کوردی تۆمار کردووە. [5]

لە پشتی هەر ژمارەیەکەوە، مرۆڤێک هەیە. خێزانێک. ژیانێک. چیرۆکێک. لەگەڵ ئەوەشدا، مایەی تێڕامانە کە چۆن لە دانوستانە سیاسییە نێودەوڵەتییەکاندا هەندێک جار مامەڵەی جیاواز لەگەڵ ئەم مرۆڤانەدا دەکرێت.
لێرەدا پێویستە باس لە چەمکی “سۆلیدارێتی هەڵبژێردراو” بکەین.
توێژینەوەکانی بواری دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و توێژینەوە سیاسییەکان لە ساڵانی دواییدا نیشانیان داوە کە پشتیوانی و هاوبەشی هەمیشە جیهانی نین. ئارەزووی خەڵک بۆ پاڵپشتیکردنی ئەوانی دیکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی هۆکارگەلی وەک خاڵی هاوبەش و لێکچوونی هەستپێکراو و بەرجەستەی وەک ڕەگەز یا ئەو تێگەیشتنەی کە کام گرووپ نزیکایەتیی زیاتری لە “ئێمە” هەیە. توێژینەوەکانی سەر پشتیوانی و هاوخەمی لەگەڵ پەنابەراندا نیشانیان داوە کە خەڵک دەکرێ پشتیوانیی زیاتر لە گرووپێکی دیاریکراو بکەن بە بەراورد بەوانی دیکە، ئەوەش بەپێی بنەچەیان و چۆنیەتی تێگەیشتن لێیان. [6]
ئەم دیاردەیە تەنانەت لە دەرەوەی سیاسەتی پەنابەرانیشدا گرنگە. چونکە پشتیوانی دەکرێ ببێتە هەڵبژێردراو کاتێک بزووتنەوە سیاسییەکان جۆرە جیاوازەکانی چەوسانەوە لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئەنجامدەری تاوانەکە کێیە و چ چیرۆکێکی ژێنۆپۆلیتیکی دەوری ململانێکەی داوە هەڵدەسەنگێنن.
ئەمە بەو مانایە نییە کە تەواوی چەپی ئەوروپی یا بەرەی پێشکەوتنخواز بەرامبەر بە پرسەکانی ئێران یان کوردستان بێدەنگ بن. ئەوە ناڕەوایە و لە ڕووی بەڵگەیییەوە هەڵەیە. بزووتنەوەی پێشکەوتنخواز، بەرەی سیاسی و ڕێکخراو هەن کە بە ڕوونی پشتیوانییان لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و مافەکانی کورد کردووە. بەڵام کێشەکە لەو پشتیوانییە ناهاوسەنگ و هەندێک جار مەرجدارەیە کە هێشتا لەناو بەشێک لە چەپی نێودەوڵەتیدا بوونی هەیە. لێرەدایە کە پێویستە لە وێنەی زەینی چەپەکان لە خۆیان بکۆڵینەوە.
چەپی ئەوروپی مێژوویەکی درێژ و گرنگی لە دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم، کۆلۆنیالیزم و دەستوەردانی سەربازیی زلهێزەکاندا هەیە و سیاسەتی دەسەڵاتداریی مێژوویی و هاوچەرخی ئەمریکا و ئەوروپا دەبێ بخرێتە ژێر چاودێری و ڕەخنەوە.
بەڵام دژە ئیمپریالیزم ناتوانێ بەو مانایە بێ کە هەندێک ڕژێمی تۆتالیتار و دیکتاتۆر بەزەیی ئەخلاقیی زیاتریان پێ ڕەوا ببینرێ تەنیا بەهۆی ئەوەی لە ململانێدان لەگەڵ ڕۆژئاوادا.
دەکرێت دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا بی و لە هەمان کاتدا سەرەڕۆیی ئێران شەرمەزار بکەی. دەکرێ پشتیوانی لە مافەکانی فەلەستینییەکان بکەی و لە هەمان کاتدا بەرگری لە مافەکانی کوردیش بە ڕەوا بزانی.
دەکرێ دژی دەستدرێژیی سەربازی بی و لە هەمان کاتدا داوای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی بکەی. دەکرێت ڕەخنە لە ڕێکخراوە سیاسی یان چەکدارەکانی کورد بگری و لە هەمان کاتدا لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد شەرمەزار بکەی. هیچ دژایەتییەک لە نێوان ئەم هەڵوێستانەدا نییە.
ئەگەر مافەکانی مرۆڤ بەڕاستی گەردوونی بن، ناتوانن بەستراوە بن بەوەی کە ئایا مرۆڤی چەوساوە سەر بە بزووتنەوەیەکە کە ئێمە خۆشمان لێی دێ یان نا. زیندانییەکی سیاسی بەهۆی ئەوەی سەر بە ڕێکخراوێکی سەربەگۆبەندە، نابێ بەها و گرنگیی بەرگری لێکردنی کەمتر ببێتەوە. خۆپیشاندەرێکی کورد بەهۆی ئەوەی داواکارییە سیاسییەکانی زۆر ڕادیکاڵترن لەوەی سیاسییەکانی ئەوروپا پێی ئاسوودەن، بەهای مرۆیی خۆی لەدەست نادا و ژنێک بەهۆی ئەوەی لە هەمان کاتدا خۆی وەک کورد دەناسێنێ، فێمینیستبوونەکەی کەمتر نابێتەوە. لێرەدایە کە فێمینیزم ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی گرنگ دەبێتەوە. فێمینیزم تەنیا بەرگریکردن نییە لە ژنان بەرامبەر توندوتیژی. بەڵکو پرسی مافی ژنیشە لە پێناسەکردنی خۆی؛ مافی ئاخاوتن بە دەنگی خۆی؛ مافی ڕێکخستنی خۆی؛ و مافی بوون بە بکەرێکی سیاسی.
بزووتنەوەی ژنانی کورد نموونەیەکی ڕوونی ئەمەیە. ژنانی کورد بۆ ماوەیەکی درێژ پێکهاتەی سیاسی و فێمینیستیی تایبەت بە خۆیان بونیاد ناوە و بیرۆکەیەکیان دەربارەی ڕزگاریی ژنان گەشە پێداوە کە بە شێوەیەکی قووڵ بە دیموکراسی، خۆڕێکخستن و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییەوە بەستراوەتەوە. [1]
کاتی فێمینیستە ڕۆژئاواییەکان باس لە Woman, Life, Freedom دەکەن بەڵام لە هەمان کاتدا ڕۆڵی مێژوویی بزووتنەوەی ژنانی کورد کاڵ دەکەنەوە، کێشەیەک دروست دەبێ. مەترسیی ئەوە هەیە کە ژنی کورد بکەنە سیمبول، بەڵام وەک ئەکتەرێکی سیاسی دان بە بوونیدا نەنێن. پشتیوانی ناکرێت هێژموونیخوازانە بێ و یەکێک بڵێت: “ئێمە ڕزگارتان دەکەین.” بەڵکو دەبێ بەم مانایە بێت: “ئێمە خەباتەکەتان دەبینین، گوێ لە دەنگتان دەگرین و بەرگری لە مافی خۆتان دەکەین بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووتان.” ئەمە بە تایبەتی گرنگە کاتێک باس لە داهاتووی ئێران دەکەین.

ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان ئەکتەری نوێی بەستێنی سیاسی نین کە هەر دوای مەرگی ژینا دەرکەوتبن. ئەوان بۆ دەیان ساڵە بوونیان هەیە، پێکهاتەی ڕێکخراوەییان بونیاد ناوە و تۆڕی سیاسییان گەشە پێداوە. لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٦دا، چەندین پارتی ئۆپۆزسیۆنی کورد هاوپەیمانییەکیان دروست کردووە. لە هەمان کاتدا، ڕژێمی ئێران بەردەوام بووە لە هێرشی سەربازی بۆ سەر پێگە و کەمپی هێزە کوردییەکانی ئێران لە کوردستانی عێراق. [2]
ئەوە ناکرێ وەک بابەتێکی لاوەکی تەماشا بکرێت.
دیارە دەوڵەتی ئێران مامەڵە لەگەڵ ڕێکخراوە کوردییەکاندا دەکا وەک کێشەیەکی ئەمنیی ڕاستەقینە و گرنگ. سەرکوتکاریی بێبەزەییانە و هەمەلایەنە، نیشانی داوە کە کێشەی کورد لە بابەتێکی ناوخۆیی کەمینەکانی ئێراندا کورت ناکرێتەوە. کاتێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکان لە کوردستانی عێراق، ئەمە دەبێتە پرسی ئاسایشی هەرێمی، سەروەریی عێراق و پاراستنی پەنابەرانی سیاسی و خێزانەکانیان.
لە هەمان کاتدا، دەبێ بتوانین دانوستانێکی ورد و واقیعییانە دەربارەی ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان بکەین. بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە واتای ئەوە نییە کە دەبێت پشتیوانی لە هەر بڕیارێکی سیاسی یان چەکداریی ئەو ڕێکخراوانە بکردرێ. دەبێ بتوانین ڕەخنە لە بزووتنەوە دیموکراتییەکان بگرین. خەباتی چەکداری بخرێتە بەر باس. ڕوانگە جیاوازەکان بۆ کوردستان و داهاتووی ئێران بێنە سەر سەکۆ. دەتوانی هاوکات “نەخێر” بڵێی بە خەباتی چەکداری و “نەخێر”یش بڵێی بۆ لەسێدارەدان. دەکرێ ڕەخنە لە لایەنێکی سیاسی بگری و لە هەمان کاتدا بەرگری لە مافی یاسایی و دادپەروەرانەی ئەندامەکانی بکەی. دەکرێ تێڕوانینێکی جیاوازت هەبێ دەربارەی شێوازی دەسەڵاتی داهاتووی ئێران و لە هەمان کاتدا بەرگری لە مافی کورد بکەی بۆ داڕشتنی داواکارییە سیاسییەکانی خۆیان. ئەمەیە کە پشتیوانیی بنەماخواز لە سۆزداریی سیاسی جیا دەکاتەوە.
دانوستانەکانی داهاتوو دەربارەی ئێران دەبێ باسی زیاتر لەوە بکا کە کێ جێگەی کۆماری ئیسلامی دەگرێتەوە؟ چ جۆرە دەوڵەتێک لە دوای ئەو ڕژێمە بونیاد دەنرێ؟ گۆڕینی ڕژێم بە مانای گەیشتن بە دیموکراسی نایەت.
ئەگەر ئێرانی داهاتوو دیموکراتیک بێ، دەبێت مامەڵە لەگەڵ پرسی گرووپە جیاوازە نەتەوەیی، ئیتنی، ئایینی و کلتوورییەکانی وڵاتەکەدا بکا. کورد دەبێ شوێنی لەسەر مێزی دیالۆگی داهاتووی ئێران هەبێ و تەنیا وەک قوربانییەکی سەرەڕۆیی تەماشا نەکردرێ، بەڵکو وەک ئەکتەری سیاسیی بەئەزموون، کە داواکاری و ڕوانگەی تایبەت بە خۆیان هەیە، مامەڵەیان لەگەڵ بکردرێ. ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە تەنیا یەک هێڵی سیاسیی کوردی بوونی هەیە، بەڵام بە مانای ئەوەیە کە وەک ڕاستییەکی سیاسی دان بە بوونی کورد دابنرێت.
چوار ساڵ دوای مەرگی ژینا ئەمینی، کاتی ئەوە هاتوو کە بگەڕێینەوە بۆ مانای ڕاستەقینەی ژن، ژیان، ئازادی.
ژن: نەک تەنیا ژن وەک قوربانی، بەڵکو ژن وەک بکەرێکی سیاسی.
ژیان: نەک تەنیا ژیان وەک سیمبول، بەڵکو ئەو ژیانە ڕاستەقینەی مرۆڤ کە بە ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و توندوتیژیی دەوڵەتەوە هەڕەشەی لێدەکرێ.
ئازادی: نەک تەنیا ئازادی لە حیجابی زۆرەملێ، بەڵکو ئازادی لە سەرکوتکاریی سیاسی، ئازادیی ڕێکخراوەیی و ئازادیی داڕشتنی داهاتووی سیاسی و نەتەوەیی خۆت.
ئەگەر ئەو دروشمە وەک دروشمێکی گەردوونی سەیر دەکردرێ نابێ کوردبوونی ژینا و ڕێکخراوە سیاسییەکانی پشت ئەو بزووتنەوەیە پشتگوێ بخرێ. ئەو دروشمە دەبێ گەردوونی بێت تەنانەت ئەگەر تاوانباری کوشتنی ژینا ڕژێمێک بێ کە هەروەک چەپی ڕۆژئاوایی ڕەخنەی لە ڕۆژئاوا هەبێ.
ئەو پشتیوانییە لەو چەمکە گەردوونیانە دەبێ بەردەوام بێت بێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی سیاسی بۆ ئێمە تێدا بێ. ژینا تەنیا هێمایەک نەبوو کە جیهان دوای مەرگی دروستی کردبێ؛ ئەو مرۆڤێکی ڕاستەقینە بوو بە ناو، خێزان، مێژوو و ناسنامەیەکی کوردییەوە. مەرگی ئەو دەرگایەکی کردەوە کە بە هەزاران مرۆڤ پێیدا تێپەڕین و ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای ئازادییان کرد. چوار ساڵ دوای ئەو ڕووداوە دەبێ بپرسین کام قوربانی شایستەی پشتیوانیی ئێمەیە. دەبێ بپرسین ئایا پشتیوانیی ئێمە شایستەی ناوی خۆیەتی ئەگەر هەموو کەسێک نەگرێتەوە؟ چونکە پشتیوانییەک کە تەنیا کاتێک پەیڕەو بکرێت کە لە ڕووی سیاسییەوە کردەیی و ئاسان بێ، گەردوونگەرایی نییە، ئەوە هەڵاواردنە. ئەگەر ژن، ژیان، ئازادی دروشمێکی جیهانی بن، دەبێ وشەکان هەمان مانایان هەبێ، جیاواز لەوەی کە کێ دەیانڵێتەوە و کێ پێویستی پێیانە.
“ژن، ژیان، ئازادی”
نەک بۆ هەندێک کەس، بەڵکوو بۆ هەمووان. 

سەرچاوەکان:
Al-Ali, N. & Käser, I. (2022). Beyond Feminism? Jineolojî and the Kurdish Women’s Freedom Movement. Politics & Gender, 18(1), 212–243.
UK Home Office (2026). Country Bulletin: Iran – Kurds and Kurdish Political Groups, May 2026, uppdaterad augusti 2026.
Office of the UN High Commissioner for Human Rights (OHCHR), augusti 2026. Iran: Türk says executions used to instill fear, suppress dissent.
Amnesty International (2026). Dokumentation av politiskt motiverade avrättningar och dödsdomar i Iran.
Iran Human Rights (IHR NGO) (2026). Execution Reports – First Half 2026.
Verkuyten, M., et al. (2021). Selective Solidarity: Cultural and Political Factors Influencing Public Support for Refugees. Journal of Social and Political Psychology.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٦ی کوردی

فەتحی، سۆزان(٢٠٢٦): کاتێک پشتیوانی دەبێتە بژاردە ؛ چوار ساڵ دوای ژینا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟

ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟

ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟ ئیبراهیم مەلازادە یەکێک لەو چەمکانەی کە نووسەر و توێژەرانی کورد بە ئاگایی یان بە نائاگایی بۆ دۆخی کورد بەکاردەهێنن، جیاوازنەکردنە لەنێوان چەمکی داگیرکەر و ژێردەستە. مانای [...]

  • ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت

ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت

ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت دانا کۆنەپۆشی "لەناو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری بژی قاسملوو بەرز دەبێتەوە. قاسملوو درووشمەکەیان پێ دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبەکەی ئەودا تاکپەرستی جێگای نییە." پوختە      ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر [...]

  • خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانه بۆ وڵامەکەی بەڕێز ئیبراهیم لاجانی بۆ بەڕێز شەهلا دەباغی

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانه بۆ وڵامەکەی بەڕێز ئیبراهیم لاجانی بۆ بەڕێز شەهلا دەباغی

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانه بۆ وڵامەکەی بەڕێز ئیبراهیم لاجانی بۆ بەڕێز شەهلا دەباغی جەمیل ئەحمەدی وەڵامەکەی کاک ئیبراهیم لاجانی هەوڵ دەدات بە تێپەڕین لە دووانەی تەقلیل گەرایانەی گۆشەگیریی ڕەها و تێکەڵاوبوونی ساویلکانه، ئاسۆیەکی [...]

  • دکتۆر قاسملوو: سیاسەت، ئابووری و خەباتی نەتەوەیی؛ دوای ٣٧ ساڵ هێشتا بیرۆکەکانی دەژین:

دکتۆر قاسملوو: سیاسەت، ئابووری و خەباتی نەتەوەیی؛ دوای ٣٧ ساڵ هێشتا بیرۆکەکانی دەژین

دکتۆر قاسملوو: سیاسەت، ئابووری و خەباتی نەتەوەیی؛ دوای ٣٧ ساڵ هێشتا بیرۆکەکانی دەژین حەسەن قارەمانی   مێژوو تەنیا بە شەڕ، سنووربەندی و بڕیاری فەرمانڕەوایان ناخولقێت؛ بەڵکو بەرهەمی بیر و هزری ئەو کەسانەشە کە بیرۆکەکانیان کاریگەریی بەردەوامیان لەسەر نەوەکان هەیە. لە [...]

  • یاریی گلادیاتۆری و شوناسی سەر «لم»!

یاریی گلادیاتۆری و شوناسی سەر «لم»!

یاریی گلادیاتۆری و شوناسی سەر «لم»! عەلی لەیلاخ لە سەردەمی ڕۆمدا، لە ١٠٥ی پێش زایین تا ٤٠٤ی پاش زایین، گلادیاتۆرە چەوساوەکان یاریی مەرگیان دەکرد بۆ چێژبەخشین و سەرقاڵکردنی چینی دەستڕۆیشتوو. دەگوترێت [...]

  • ناسنامە، دەوڵەت و سەرگەردانیی هزریی کورد

ناسنامە، دەوڵەت و سەرگەردانیی هزریی کورد

ناسنامە، دەوڵەت و سەرگەردانیی هزریی کورد  ماردین ڕەحیم نژاد لە پرسیاری بوونناسیی (Ontological) «کێم ئەم؟»ەوە بۆ پرسیارە سیاسییەکەی «خەڵکی کوێم؟»؛ جیاوازیی نێوان ناسنامە (Identity) و دەوڵەت (State) و سەرگەردانیی هزری کوردی [...]