خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانه بۆ وڵامەکەی بەڕێز ئیبراهیم لاجانی بۆ بەڕێز شەهلا دەباغی
جەمیل ئەحمەدی
وەڵامەکەی کاک ئیبراهیم لاجانی هەوڵ دەدات بە تێپەڕین لە دووانەی تەقلیل گەرایانەی گۆشەگیریی ڕەها و تێکەڵاوبوونی ساویلکانه، ئاسۆیەکی ستراتیژی بۆ بزووتنەوەی کوردستان وێنا بکات. نووسەر بە دروستی دەست دەخاتە سەر پێگەی تایبەتی کوردستان وەک مەکتەبێکی سیاسی و هەوڵ دەدات کەشی سۆزداریی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕای گشتیی ناوەند بگۆڕێت بۆ گوتارێکی عەقڵانی و مەرجدار.
بەڵام لە ڕوانگەی منی چالاکوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ئەم دەقە ئەگەرچی لە پرۆسەی شیکاریدا هەنگاوێک بەرەو پێش دەچێت، بەڵام تووشی جۆرێک لە گەشبینیی ستراتیژی و ئایدیاڵیزم لە ناسینی گەوهەری سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا بووە. لە درێژەی ئەم نووسراوەیە لە چەند گۆشەنیگایەکی سەرەکییەوە ڕەخنە لەم دیدەی بەڕێزیان دەگیرێت:
وەهمی گۆڕانی ویژدانی گشتیی ناوەند و واقیعی پێداهەڵوتنی ئامرازی
نووسەر پێی وایە چاوەڕوانیی میدیاکان یان ڕای گشتیی ئێران لە کوردستان، نیشانەی گۆڕانێکی گەورە و دانپێدانانە بە پێگەی پێشەنگی کوردستان. بەڵام واقیعی سەر زەوی لە کەشی سیاسیی ڕۆژهەڵاتدا شتێکی تر نیشان دەدات:
ستایشی ڕواڵەتی و حاشاکردن لە ناوەڕۆک: ناوەندگەرایی ئێرانی، چ لە بەرگی پاشایەتیدا و چ لە بیرکردنەوەی ناسیۆنالیزمی نەریتییدا، هەمیشە شەیدای ئازایەتی و فیداکاریی کورد بووە، بەڵام تا ئەو کاتەی ئەم ئازایەتییە لە خزمەت پڕۆژەی سەرتاسەریدا بێت. ئەوان پێشمەرگەیان وەک هێزێکی شەڕکەری بێبەش و دەستەمۆ دەوێت، نەک وەک باسکی سەربازیی نەتەوەیەک کە مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی خۆی هەبێت.
قۆرخکردنی ناسنامە و قەڵبکردنی بە ئێرانی گەرایی: لە کاتی ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، ناوەند بە خێرایی هەوڵی دا بە سووکترین چەشن ناسنامەی کوردیی ئەم بزووتنەوەیە بسڕێتەوە و بەرگی گشتگیرییەکی هاوشێوە بە بێ داواکاریی نەتەوەیی بەبەردا بکات. کەواتە، چاوەڕوانیی خانمی فەهیمە خدر حەیدەری و هاوبیرانی، مەرج نییە به بەهۆی تێگەیشتن لە گرنگیی مێژوویی کوردستان بێ، بەڵکوو نیشانەی دۆشداماوی ستراتیژی لە ناوەنددایە، ئەوان چونکه خۆیان بێبەری لە ڕێکخستن، فیداکاری و هێزی پێشەنگن، دەیانەوێت باری تێچووی قورسی خستنی دەسەڵات بخەنە سەر شانی ڕۆڵەی کورد و سنگی قەڵغانبووی پێشمەرگەی کوردستان.
کەمکردنەوەی ماهییەتی پێشمەرگە لە سوپایەکی نەتەوەییەوە بۆ هێزێکی ڕزگاریخوازی سەرتاسەری
نووسەر پێشنیار دەکات کە پێشمەرگە دەتوانێت ببێتە یەکێک لە کۆڵەکە ئەخلاقی و سیاسییەکانی ئازادی لە سەرتاسەری ئێراندا. ئەم گوزارەیە لە ڕووی ژیۆپۆلیتیک و فەلسەفەی بوونی پێشمەرگەوە تووشی کێشەیە:
ئەرکی پێشمەرگە چییە؟ پێشمەرگە هێزی بەرگریی نەتەوەی کوردە. ئەو چریک یان گریلای ئینتەرناسیۆنالیست یان سوپای ڕزگاریخوازی جوگرافیای بەربڵاوی ئێران نییە. ئەرکی پێشمەرگە پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان و بەرگریکردن لە خاک و کەرامەتی ئەم نەتەوەیەیە لە بەردەم هێرشەکانی فاشیزمدا.
مەترسییەکانی چوونە ناو شەڕی سەرتاسەری و پاڵنانی پێشمەرگە بەرەو ڕۆڵگێڕان لە ڕزگارکردنی تاراندا، بەبێ هەبوونی هەژموونی سیاسی و سەربازیی ڕەها، تێکدانی سنوورە بەرگرییەکانی کوردستان و بردنە ناوەوەی ئەم هێزەیە بۆ ناو کایە ئەمنییە ئاڵۆزەکان، کە سەرەنجامەکەی شتێک نابێت جگە لە پووکاندنەوەی سوپای نەتەوەیی کوردستان.
قەیرانی پەیمانی سیاسی سەر کاغەز و ئەزموونی تاڵی مێژوویی:
نووسەر ڕێگەچارەکە لە پەیمانێکی ڕوونی سیاسیدا (فیدراڵیزم، نامەرکەزییەت، سێکۆلاریزم) دەبینێت. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: گەرەنتیی جێبەجێکردنی ئەم پەیمانە چییە؟
مێژووی سیاسیی ئێران پێی وتووین کە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا لە سەردەمی لاوازیدا، هەر جۆرە بڕیارنامە، میساق و پەیماننامەیەک واژۆ دەکات (وەک هاوڕێیەتیی سەرەتایی لایەنەکان لە ساڵی ۵۷دا)، بەڵام هەر کە لەسەر کورسیی دەسەڵات لە تاران جێگیر بوو، یەکەم خەنجەر لە پشتی هاوبەشە پەراوێزخراوەکانی خۆی دەدات.
لە پێکهاتەی سیاسیی ئێراندا، تا ئەو کاتەی هاوسەنگیی هێز لەسەر زەوی بە قازانجی کوردستان نەگۆڕێت، هیچ بەڵگەنامەیەک بەهای یاسایی نابێت. پەیمانی بێ پشتیوانیی هێزی سەخت، تەنیا لایەلایەیەکی سیاسییە بۆ داماڵینی دەروونیی کوردستان لە چەک.
خوێندنەوەی دووبارەی ڕستەی “تاران خۆتان ڕزگاری کەن”تووڕەیی یان عەقڵانییەتی ستراتیژی؟
نووسەر ڕستەی بەناوبانگی تاران خۆتان ڕزگاری کەن، ئێمە کاری خۆمان دەکەین بە سەرچاوەگرتوو لە تووڕەیی مێژوویی و لە ڕووی سیاسییەوە بە پێنەگەیشتوویی دەزانێت. بەڵام ئەم ڕستەیە، ڕێک لوتکەی عەقڵانییەتی ستراتیژی و هاوسەنگیی تێچوو-قازانجە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ۴۵ ساڵی ڕابردوودا، گرانترین تێچووی مرۆیی، ئابووری و سەربازیی داوە، لە سێدارەدانەکانی دەیەی ۶۰ەوە تا موشەکبارانی بارەگای حیزبەکان و کۆمەڵکوژیی کۆڵبەران. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوەند لە زۆربەی قۆناغە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا، لە بێدەنگی یان خۆشگوزەرانییەکی ڕێژەییدا ژیاوە.
ڕستەی تاران خۆتان ڕزگاری کەن پەیامێکی ڕوونی هەیە: تێچووی ئازادیی ناوەند دەبێت لەلایەن خودی ناوەندەوە بدرێت. کوردستان چیتر نابێتە گۆشتی بەردەم تۆپی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی تاران، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا کورسییەکانی دەسەڵات لە نێوان تەکنۆکراتەکان و ناسیۆنالیستە ناوەندگەراکاندا دابەش بکرێن و پشکی کوردستان تەنیا فرمێسک و گۆڕە بەکۆمەڵەکان بێت.
ڕەخنەی سەرەکی لە دەقەکەی کاک ئیبراهیم ئەوەیە کە نووسەر هێشتا بۆ کلیلی چارەسەری کێشەی کوردستان لە تاراندا دەگەڕێت؛ ئەو دەیەوێت بە مەرجدارکردنی هاوپەیمانییەک، بچێتە تاران. بەڵام لە دیدی منەوە کلیلی چارەسەرەی دۆزی کورد لە سنە و مەهاباد و کرماشاندایە.
ئێمە پێویستمان بە تێپەڕین لە ئەدەبیاتی دژکردەوەیی هەیە، بەڵام نە بە نرخی کەوتنە ناو داوی ئەدەبیاتی ڕزگارکردنی ئێران. ستراتیژیی دروست بۆ کوردستان، بەهێزبوونی ناوخۆیییە. کوردستان پێویستە وەک قەڵایەکی دیموکراتیک، پەناگە و مۆدێلی ژیانی فرەچەشنی خۆی ڕێک بخات. وەڵام بە ڕای گشتیی ئێران نابێت چەکێکی سپی واژۆکراو یان تەنانەت گرێبەستێکی مەرجدار بێت بۆ فیداکاری، وەڵامەکە دەبێ ئەمە بێت:
کوردستان ئازادیی خۆی بە هیچ پڕۆژەیەکی سەرتاسەرییەوە گرێ نادات. ئێمە جوگرافیا و نەتەوەی خۆمان ئازاد دەکەین و بەڕێوە دەبەین، ئەگەر کۆمەڵگەی ئێران خوازیاری دیموکراسی و ئازادییە، دەبێت لە ناوەنددا پێکهاتەیەکی هاوشێوەی ئێمە دروست بکات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین وەک دوو هاوبەشی یەکسان و سەربەخۆ، لەسەر شێوازی پێکەوەژیان یان هاوسێیەتی بڕیار بدەین.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
ئەحمەدی، جەمیل(٢٠٢٦): خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانه بۆ وڵامەکەی بەڕێز ئیبراهیم لاجانی بۆ بەڕێز شەهلا دەباغی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟
ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟ واشینگتۆن پۆست - حەمید بیگلەری وەرگێڕان: کەماڵ حەسەنپوور من ساڵی ١٩٧٦ ئێرانم بەجێهێشت. لەو پێنج دەیەی ڕابردوودا، دیتوومە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەمریکا هەموو جۆرە [...]
لایەنگریی بێمەرج
لایەنگریی بێمەرج مەسعوود بابایی نەمویست ناونیشانی بابەتەکە بریندارکەر بێت؛ هەربۆیە ناونیشانی بابەتەکەم هێمن و هێور داڕشت. ئەگینا مەبەستم لایەنگریکردنی ڕۆحی کۆیلە یان لایەنگریی ڕۆحی نمەکگیرە! کاتێک کە لەبەر نانخواردن لەسەر نانی [...]
ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە…
ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە... ئارام کەیخوسرەوی لەم ساڵانەی دواییدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی سێ ڕووداوی سیاسیی گەورە بوونەتەوە: ڕاپەڕینی ژینا، شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، و پێکدادانە دوایییەکانی [...]
لە ئێنتێبییەوە بۆ تاران: لە نێوان یادەوەریی ئەمنی و عەقیدەی سیاسی سەربازی لە ژیانی سیاسیی بنیامین نتەنیاهودا
لە ئێنتێبییەوە بۆ تاران: لە نێوان یادەوەریی ئەمنی و عەقیدەی سیاسی سەربازی لە ژیانی سیاسیی بنیامین نتەنیاهودا کاوە عومەر خۆشناو لە ساڵی ١٩٧٦ ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی دەگمەنی لە ئێنتێبی پایتەختی ئۆگاندادا ئەنجام [...]
پەیامە هەستیارەکەی تاران
پەیامە هەستیارەکەی تاران هێلینا باوەرنفایند عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەم ڕۆژانەدا بە ڕاگەیەندراوێکی بە رواڵەت ئاسایی، ئاماژەیەکی نارد کە زۆر لە سنوورەکانی ناوچەکە تێدەپەڕێت: گەرووی هورمز، کە خاڵێکی دەمارگیری بازرگانیی [...]
مانەوە لە بێ ستراتیژیدا و تێپەڕاندنی گوتاری مانەوە
مانەوە لە بێ ستراتیژیدا و تێپەڕاندنی گوتاری مانەوە مەسعوود بابایی مانەوەی گەل، نەتەوە یان کۆمەڵگەیەک لە بارودۆخی چەتوون و دژواری وەک جەنگدا، دۆخێکی جیاوازی دەروونی و جڤاکی دەخوڵقێنێت. سەربازەکان لە دەمی [...]







