گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣ 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026

محەممەدی، زاهیر  (٢٠٢٦):خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ هێز؛ گواستنەوەی‌ سەنگەر‌ بۆ ستۆدیۆ. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073

DOI 10.69939/TISHK0073

لە بیاڤی سیاسەتی مودێڕندا سنووری نێوان “واقع” و “نواندنەوە” وەها لێک گرێ دراوە‌ کە چیتر ناکرێ هێز لەسەر بنەمای جوغرافیا، ژمارەی دانیشتووان یان توانای سەربازی پێناسە و پێوانە بکەین. گۆڕانکارییە خێراکانی ئەم چەند دەیەی دوایی و بەتایبەت پەڕینەوە بۆ چاخی دیجیتاڵ، پارادایمی هێزی لە فۆرمی ڕەقەوه گۆڕیوە بۆ بەرگێکی نەرم و هێمایی. لەم گۆڕانکارییە مەزنەدا، ڕاگەیاندن چیتر ئامرازێک نییە بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری، بەڵکوو خودی هێزە. ئەم وتارە بە چڕبوونەوە لەسەر‌ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کوردستان پاش شۆڕشی ژینا لە ساڵی “1401” بە دوای وڵامی ئەم پرسیارەوەیە‌ کە بۆچی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان سەرەڕای پاشخانێکی‌ قوولی مێژوویی و سیاسی و‌ ڕاپەڕینی ژینا‌ و سەرمایەی کۆمەڵایەتیی بەرفراوان نەیتوانیوە ئەم پاشخانە بەرفروانە بگۆڕێ بۆ “هێزی هەژمۆنیک” لە ئاستی ئێران و جیهاندا‌، بەڵام ڕەوتی ڕاستئاژۆی شاپەرستی لە ئێران، سەرەڕای نەبوونی پێگه و ڕێکخستنێکی تۆکمەی سیاسی، توانیویەتی لەرێگەی هەژمۆنی ڕاگەیاندنەوە بگاتە ئاستێک کە خۆی بە تاکە ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی نوێی ئێران‌ بناسێنێ.

خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ هێز؛گواستنەوەی‌ سەنگەر‌ بۆ ستۆدیۆ
زاهیر محەممەدی
پێشەکی
لە بیاڤی سیاسەتی مودێڕندا سنووری نێوان “واقع”[1] و “نواندنەوە”[2] وەها لێک گرێ دراوە‌ کە چیتر ناکرێ هێز لەسەر بنەمای جوغرافیا، ژمارەی دانیشتووان یان توانای سەربازی پێناسە و پێوانە بکەین. گۆڕانکارییە خێراکانی ئەم چەند دەیەی دوایی و بەتایبەت پەڕینەوە بۆ چاخی دیجیتاڵ، پارادایمی هێزی لە فۆرمی ڕەقەوه[3]‌ گۆڕیوە بۆ بەرگێکی نەرم و هێمایی[4]. لەم گۆڕانکارییە مەزنەدا، ڕاگەیاندن چیتر ئامرازێک نییە بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری، بەڵکوو خودی هێزە. ئەم وتارە بە چڕبوونەوە لەسەر‌ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کوردستان پاش شۆڕشی ژینا لە ساڵی “1401” بە دوای وڵامی ئەم پرسیارەوەیە‌ کە بۆچی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان سەرەڕای پاشخانێکی‌ قوولی مێژوویی و سیاسی و‌ ڕاپەڕینی ژینا‌ و سەرمایەی کۆمەڵایەتیی بەرفراوان نەیتوانیوە ئەم پاشخانە بەرفروانە بگۆڕێ بۆ “هێزی هەژمۆنیک”[5] لە ئاستی ئێران و جیهاندا‌، بەڵام ڕەوتی ڕاستئاژۆی شاپەرستی لە ئێران، سەرەڕای نەبوونی پێگه و ڕێکخستنێکی تۆکمەی سیاسی، توانیویەتی لەرێگەی هەژمۆنی ڕاگەیاندنەوە بگاتە ئاستێک کە خۆی بە تاکە ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی نوێی ئێران‌ بناسێنێ.

ئامانجی سەرەکیی ئەم وتارە شیکردنەوەی ئەم خاڵە پێویستەیە‌ بۆ حیزبە سیاسییەکانی کوردستان کە نابێ ڕاگەیاندن تەنیا بە دەزگایەکی پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوە سەیر بکەن، بەڵکوو‌ ڕاگەیاندن بکەنە بناغەی سەرەکیی هێز و سەنتەری دیپلۆماسیی خۆیان لە ئاستی کوردستان، ئێران و جیهاندا‌.

 لە ڕاستیدا ئەوە ڕای گشتیی‌ کوردستانە کە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا چارەنووسی سیاسیی کورد‌ دیاری دەکا و هەر حیزب یان ڕەوت و لایەنێک کە نەتوانێ گێڕانەوەی خۆی بە زمان و پێوەرێکی پیشەیی و سەردەمییانە‌ بەرهەم بێنێتەوە، دەکەوێتە دەرەوەی هاوکێشە سیاسییەکان. ئەم وتارە بە پشتبەستن بە تیۆرەکانی فوکۆ، جوزێف نای و مانوێڵ کاستێڵز، پێی وایە هێز لە جیهانی پۆست حەقیقەتدا[6] لە دەست ئەو کەس و لایەنانه‌دایە‌ کە دوگمەکانی ڕاگەیاندنیان بە دەستەوەیە.

وتارەکە ویڕای شیکردنەوەی ڕەچەڵەکناسیی هێز و گرنگیی ڕاگەیاندن لە ئاراستەکردنی ڕای گشتیدا، ڕاسپاردەی ستراتێژیک بۆ پەرینەوەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لە “گۆشەگیریی ڕاگەیاندن”ەوە بۆ “ژێدەری سیاسی” دەخاتە ڕوو.

1 ـ ڕەچەڵەکناسیی هێز لە بەستێنی سیاسیدا

بۆ خستنەڕووی ڕەچەڵەکناسیی وردی هێز لە بەستێنی سیاسیدا، سەرەتا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سەرهەڵدانی مودێڕنیزم لە ڕۆژئاوا. دەرکەوتنی کۆمەڵگا مودێڕنەکانی ڕۆژئاوا یەکەم وێستگەی ئەم ڕەچەڵەکناسییەیە‌‌ کە‌ پێناسەی هێزی لە توانای سەربازییەوە گۆڕیوە‌ بۆ فاکتەرە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان. ماکس ڤێبەر، کۆمەڵناسی ئەڵمانی یەکێک لە پێشەنگەکانی شیکردنەوەی هێزە لە کۆمەڵگای مودێڕندا[1]. ڤیبەر کە هێزی لە جیهانی مودێڕندا شی دەکردەوە، سنوورێکی نوێی لەگەڵ ئەو تێگەیشتنە کلاسیکە لە هێز دیاری کرد کە تەنیا پشتی بە سوپا و دامەزراوەی دەوڵەت دەبەست. ڤیبەر “هێز”[7] و “ئۆتۆریتە”[8]ی لێک جیا کردەوە‌. بە ڕای ناوبراو ئۆتۆریتە بریتییە لە هێزێک کە ڕەواییی هەیە. لە کاتێکدا هێز ڕەواییی نییە و تەنیا پشت بە زۆر و دەسەڵات دەبەستێ[2]. خاڵی جیاکەرەوەی هێز و ئۆتۆریتە لای ڤیبەر، تایبەتە بە پرسی‌ ڕەواییی لەلایەن خەڵکەوە. هێز کە تەنیا پشت بە سوپا و زۆر دەبەستێ بەردەوام نابێ و کورتخایەنە؛ بۆیە بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە گەڕانەوە بۆ خەڵک و‌ ڕەواییی کۆمەڵایەتییە[3]. ڕەواییی کۆمەڵایەتیش کاتێک مسۆگەر دەبێ کە تاکەکانی کۆمەڵگا بە ویست و حەزی خۆیان ملکەچی هێز ببن، نەک بە زۆر و سەپاندن. بە واتایەکی تر، ئۆتۆریتە، فۆرمی بەردەوامتر و دامەزراوتری هێزە، لە کاتێکدا هێز کاتی و ناسەقامگیرە و لەسەر بنەمای زۆر و دەسەڵاتە نەک ویستی خەڵک. هەر ئەوەش وا دەکا وڵامدەری کۆمەڵگای مودێڕن نەبێ و فۆرمی هێز دەگۆڕێ بۆ ئۆتۆریتە.

ئەگەر لە چوارچێوەی دەزگای هزریی ڤیبەردا، خوێندنەوە بۆ هێز بکەین، پەیوەندییەکی زۆر نزیک لە نێوان ڕاگەیاندن و ئۆتۆریتەدا بەدی دەکرێ. ڕاگەیاندن دەبێتە یەکێک‌ لە گرنگترین سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و بەرهە‌مهێنانەوەی ئەو فۆرمەی‌ هێز کە ڤیبەر ناوی ناوە ئۆتۆریتە. ناوبراو ئاماژە بە چەند مودێلی ئۆتۆریتە دەکا. ئۆتۆریتەی نەریتی، کاریزماتیک و عەقڵانی[4]. لەم پەیوەندییەدا، ڕاگەیاندن لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی مانا، کاریگەریی لەسەر ڕای گشتی و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی دادەنێ و بە نیشاندانی وێنەیەکی جوان لە سیاسییەکان، دەتوانێ ئۆتۆریتەی کاریزماتیک بەهێزتر بکا. یان بە خستنەڕووی تێگەیشتنێکی‌ نوێ لە سیستەمی سیاسی و یاساییی وڵات، ئاستی ڕەواییی ئۆتۆریتەی عەقڵانی بەرینتر دەکا‌تەوە. هەروەها بە بەرهەمهێنانەوەی گێڕانەوە مێژوویی و کولتوورییەکان دەتوانێ ئۆتۆریتەی نەریتی بەهێزتر یان زیندوو بکاتەوە‌. کەواتە ڕاگەیاندن لە ناو دەزگای هزری ڤیبەردا، تەنیا ئامرازی گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکوو میکانیزمێکە بۆ ڕێکخستن و دابەشکردنی دەسەڵات و ڕەوایی لە کۆمەڵگادا.

وێستگەی دووهەمی ئەم ڕەچەڵەکناسییە دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی هزری پۆست مودێڕن؛ بەتایبەت لە بەرهەمەکانی میشێل فۆکۆدا، وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە پێناسە و شیکردنەوەی هێز ڕووی دا. فۆکۆ بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەست و پێناسەکەی لە هێز، لە دوو چەمکی “هێزی دیسیپلین”[9] و “ژینگەی سیاسەت”[10] کەڵک وەردەگرێ. بە ڕای فۆکۆ لە جیهانی مودێڕندا هێز چیتر لە سەرەوە و لەلایەن دەوڵەتەوە ناسەپێنرێ، بەڵکوو‌ لە ڕێگەی دامەزراوەکانی وەک قوتابخانە، بەندیخانە، نەخۆشخانە و سوپا، یەکەمجار جەستە و دواتریش هزر و بیری تاک دەستەمۆ دەکا. بە شێوەیەک کە تاک بێ ئەوەی پێویستی بە زۆر و ترس بێ، دەسەڵات لەناو خۆیدا بەدامەزراو دەکا[5].

 لە چوارچێوەی چەمکی “ژینگەی سیاسەت”یشدا فۆکۆ ئاماژە بە ئاستێکی بەرفروانتری هێز دەکا کە خۆی لە ڕێکخستنی ژیانی دانیشتوواندا دەبینێتەوە. واتە دەوڵەت لە ڕێگەی سیاسەتی تەندروستی، دانیشتووان و داتا، پلان دادەنێ بۆ ڕێژەی لەدایکبوون، ڕێژەی مردووان، تەندروستی و تەمەندرێژی[6]. ئەم خوێندنەوەیە بۆ هێز زۆر جیاوازە لەو خوێندنەوە کلاسیکەی هێز کە لە چوارچێوەی توانای دەوڵەت یان دەسەڵات بۆ سەپاندنی زۆر و بڕیار پێناسەی دەکا. لە ڕوانگەی فۆکۆوە هێز تەنیا لە پێکهاتەی دەوڵەتدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو بریتییە لە تۆڕێکی بەرفروانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دامەزراوەکان و مەعریفە و لەرێگەی چاودێری و زانستەوە دەسەپێ نەک زۆری ڕاستەوخۆ.

هەرچەندە فۆکۆ ڕاستەوخۆ تیۆرێکی لەبارەی ڕاگەیاندنەوە نەخستووەتە ڕوو، بەڵام ‌ئەو خوێندنەوەی لەسەر هێز تیۆریزەی کردووە، سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ‌ تویژینەوەکانی تایبەت بە ڕاگەیاندن. لە خوێندنەوەی ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی هزری قۆکۆدا، میدیا دەبێتە بەشێک‌ لە میکانیزمی دیسیپلین و گوتاری فوکۆ، چونکە بە بەرهەمهێنان و نواندنەوەی زانست، پێناسەی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخستنی ڕای گشتی، ڕۆڵێکی گرنگ لە پرۆسەی ڕێکخستنی ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی تاکدا‌ دەگیڕێ‌.

 وێستگەی سێهەمی ئەم ڕەچەڵەکناسییە دەمانباتەوە سەر چاخی “هێزی نەرم”[11] و “دیپلۆماسیی گشتی”[12] کە جوزێف نای لە پێشەنگە دیارەکانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی تیۆریزەی کردووە. لەم پارادایمەی نایدا، هێز لە “زۆر”[13]ەوە دەگۆرێ بۆ هەوڵی “راکێشان”[14] و “رازیکردن”[15]ی ڕای گشتی لە ئاستی ناوخۆ و جیهانیدا. نای بۆ جیاکردنەوەی ئەم جیاوازییە لە دوو چەمکی “هێزی نەرم” و “هێزی‌ ڕەق” کەڵک وەردەگرێ. هێزە ڕەقەکە پشت بە سوپا و فشاری ئابووری دەبەستێ، لە کاتێکدا هێزە نەرمەکە بایەخ بە کولتوور، بەها سیاسییەکان و ڕەواییی سیاسی دەدا[7].

ئەگەر لە چوارچێوەی دەزگای هزری نایدا سەیری ڕاگەیاندن بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە ڕاگەیاندن لە بەرهەمهێنان و پەرەدان بە هێزی نەرم ڕۆڵیکی گرنگی هەیە. چونکە ڕاگەیاندن بە گواستنەوەی کولتوور، خستنەڕووی بەهاکان و ڕێکخستنی ڕای گشتی لە ئاستی نێودەوڵەتی و وێناکردنی وێنەیەکی جوان دەبێتە هۆکاری هەڵکشانی ئاستی پێگەی وڵاتێک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. کەواتە ڕاگەیاندن نەک هەر لە ئاستی ناوخۆ، بەڵکوو لە ئاستی جیهانییشدا دەتوانێ ببێ بە فاکتەرێکی گرنگی هێز بۆ وڵات یان هەر ڕەوتێکی سیاسی.

لێرەدا ڕاگەیاندن چیتر ئامرازێکی لاوەکی نییە، بەڵکوو ژینگەیەکە بۆ خوڵقاندنی بەهای سیاسی و نیشاندانی دیمەنە جوانە کولتوورییەکان. لەم حاڵەتەدا ڕەو‌تێکی سیاسیی سەرکەتووە کە بتوانێ گیڕانەوەیەکی مرۆیانەتر و جوانتر لە بەرنامە و ویستە سیاسییەکانی خۆی بخاتەڕوو و کاریگەری لەسەر ڕای گشتی دابنێ و ئاراستەی بکا. ئەو ڕەوت و لایەنە سیاسییانەی تەنیا بایەخ بە هێزی ڕەق دەدەن، لە جیهانی هاوچەرخدا بە تۆمەتی ناڕەوا زوو پاشەکشەیان پێ دەکرێ، مەگەر ئەوەی بتوانن لەرێی هێزی نەرمەوە پێگەی خۆیان لە ویژدانی نەنوستووی جیهاندا سەقامگیر بکەن.

دوا وێستگەی ئەم ڕەچەڵەکناسییە لە سەدەی بیستویەکەمدا هێز دەبەستێتەوە بە “تۆڕەکانی پەیوەندی” کە مانوێڵ کاستێڵز، کۆمەڵناسی ئیسپانی ناوی ناوە “هێزی نێت”[8]. لە ڕوانگەی کاستێڵزەوە لە جیهانی دیجیتاڵدا هێزی سیاسی لە دەرەوەی ڕاگەیاندندا بوونی نییە و هەر بکەرێک کە بتوانێ قرتەکانی پەیوەندی بگرێتە دەست و ڕای گشتیی جەماوەر ئاراستە بکا، هێزی ڕەهای دەکەوێتە ‌دەست‌‌[9]. کاستێڵز لە کتێبی هێزی پەیوەندییەکان ئەوە دەخاتەڕوو کە لە کۆمەڵگای نێتدا هێز تاڕادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە ئاستی کۆنتڕۆڵ و ڕێکخستنی پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕی پەیوەندی و زانیاری[10]. بە ڕای ناوبراو هێز بریتییە لە توانای بنیاتنانی مانا لە زەینی خەڵکدا لە رێگەی ڕاگەیاندنەوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تێگەیشتنی تاک لەسەر سیاسەت، کۆمەڵگا و شوناس لە ژیر کاریگەریی ڕاگەیاندندا سەر هەڵدەدا. لەم چوارچێوەیەدا‌ ڕاگەیاندن بەتایبەت ڕاگەیاندنی دیجیتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەبنە‌ گۆڕەپانی سەرەکیی ململانێ.‌ بکەرە سیاسییەکان، دەسەڵات و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵ دەدەن لەرێگەی ڕاگەیاندنەوە مانا، گێڕانەوە و وێنەی دیاریکراو و مەبەستدار لە واقعی کۆمەڵایەتی بخەنەڕوو. بۆیە کاستیڵز پێی وایە لە جیهانی هاوچەرخدا ململانێی دەسەڵات زیاتر لەسەر کۆنتڕۆڵی‌ ڕاگەیاندن و بەرهەمهینانی مانایە. بە گوێرەی ئەم خوێندنەوەیە ڕاگەیاندن و تۆڕەکانی پەیوەندی دەبنە چەقی ڕێکخستن و ئاراستەکردنی ڕای گشتی و ڕەواییی سیاسی.

2 ـ ڕاگەیاندن وەک سەرچاوەی هێز و ئاراستەکردنی ڕای گشتی

 لە چوارچێوەی ئەو تیۆرانەی سەرەوەدا کە هەرکام لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە‌ هێزیان پێناسە کردووه،‌ دەگەینە ئەو ئەنجامە‌ کە ڕاگەیاندن لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا، تەنیا ئامرازێکی لاوەکی و دەزگایەک نییە بۆ گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری، بەڵکوو گۆڕاوە‌ بۆ ناوەند و گۆڕەپانی ململانێی تێگەیشتنه جیاوازەکان.

مانوێڵ کاستێڵز لە شیکردنەوەی پێکهاتەی هێز لە چاخی نوێدا لەسەر ئەوە پێداگری دەکا کە هێز لە “کۆمەڵگای نێت”دا، پشت بە پەیوەندییەکان و هێماکان دەبەستێ نەک بە دامەزراوەکانی دەسەڵات. بەپێی ئەم خوێندنەوەیە هەر بکەرێک کە بتوانێ پرۆسەی کۆددانان و شکاندنی کۆدەکانی ئەم پەیوەندی و هێمایانە بگرێتە دەست، دەتوانێ هەژمۆنی خۆی بەسەر جەماوەردا بسەپێنێ[11]. ئەم فۆرمەی هێز لە ڕێگەی میکانیزمە ئاڵۆزەکانی وەک زەقکردنەوە پراکتیزە دەکرێ. ڕاگەیاندن لەم تێگەیشتنەدا بە بەردەنگەکەی ناسەپێنێ کە چۆن بیر بکاتەوە، بەڵام بە وردبینییەکی پلان بۆداڕێژراوی پیشوەختە ئەوە زەق دەکاتەوە کە دەبێ بیر لە چی بکاتەوە و کام دیاردانە بە دەرفەت و کام دیاردانەش بە هەڕەشە بزانێ. لە ڕاستیدا ڕاگەیاندن بە خوڵقاندنی واقعێکی دەسکرد، بازنەی کاری سیاسی سنووردار یان بەرفروان دەکا و ئەوەش وا دەکا‌ ئەمڕۆکە هیچ کردەیەکی سیاسی تا لە ڕاگەیاندندا ڕەنگ نەداتەوە، زەق نا‌بێتەوە و بایەخی سیاسییش پەیدا نا‌کا. خوێندنەوەیەکی بەراوردکارانە لە نێوان بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و ڕەوتی ڕاستئاژۆی شاپەرەستی لە ئێران ئەم کاریگەری و تێگەیشتنە‌ زیاتر ڕوون دەکاتەوە‌.

ئا) پەڕینەوەی شاپەرەستەکانی ئێران لە پەراوێزەوە بۆ ناوەندی سیاسی

رەوتی ڕاستئاژۆی ئێرانی لە سەرەتای چالاکیی سیاسیی خۆی بە تێگەیشتن لە‌ گرنگیی ڕاگەیاندن لە دەستەبەرکردنی هێز، ستراتێژیی خۆی لەسەر “داگیرکردنی فەزا” و سەپاندنی “هەژمۆنی ڕاگەیاندن” چڕ کردەوە. ئەم ڕەوتە بە وەبەرهێنان‌ لە بواری ڕاگەیاندن بە هێنانەئارای‌ تێکەڵێکی‌ جوان لە بەها مودێڕنەکانی لیبڕاڵ دیموکراسی، گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و شیکردنەوەی سیاسیی ئامانجدار، توانی پەیوەندییەکی “سۆزدارانە ـ مێژوویی” لەگەڵ نەوەیەک دروست بکا کە هیچ بیرەوەرییەکی لە سەردەمی شا نەبوو. ئەم ڕەوتە بە پشتبەستن بە ڕاگەیاندن و تاکتیکی “نۆستالۆژیای ڕەنگدانەوە‌” وێنەیەکی جوان، بەڵام وەهمیی لە ڕابردوو خستە ڕوو بۆ ڕەخنەگرتن لە دۆخی ئیستای کۆمەڵگای ئێران و دروستکردنی ئاسۆیەکی نوێی سیاسی.

لە پاش ڕاپەڕینی ژینا (1401) و قووڵبوونەوەی خەباتی جەماوەری دژی دەسەڵات، ڕاگەیاندنی سەر بە ڕەوتی شاپەرەستی بە چڕکردنەوەی هەوڵەکان و کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکی‌ چوارچێوەی ستراتێژیک توانی خۆی بە تاکە بەدیلی ڕێک خراو لە ڕای گشتیی ئێران و ڕۆژئاوا نیشان بدا[12]. خاڵە گرنگەکە لە ڕەچەڵەکناسیی ئەم ڕەوتە ئەوەیە‌ کە لە نێوان توانای ڕێکخستنی مەیدانی و گوتاری میدیاییدا خاوەن کەلێنێکی گەورەیە‌‌، بەڵام سەرەڕای ئەوە، توانی زوو ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە و وێنەیەک لە خۆی نیشان بدا کە زۆر بەهێزە و دەسەڵاتی یەکەمه.‌ لە کاتێکدا لە مەیداندا زۆر لاواز بوو‌. سەرکەوتنی ڕەوتی شاپەرەستی لەم بوارەدا،‌ ئەو گریمانەیە دەسەلمینێ‌ کە ڕاگەیاندن چۆن دەتوانێ خەونی ڕەوتێکی سیاسی بکاتە ڕاستی و لە ماوەیەکی کەمدا خۆی بکاتە ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات.

ب) بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان؛ سەرمایەی کۆمەڵایەتی و زمانگیرانی میدیایی

لە بەرامبەر ئەم ستراتێژە ڕاگەیاندن تەوەرە‌ی ڕەوتی ڕاستئاژۆی ئێرانی، بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان ڕاوەستاوە، کە سەرەڕای پاشخانێکی قووڵ و بەهێزی میژوویی ـ کۆمەڵایەتی و پشتئەستوور بە ڕێکخستنێکی پتەوی حیزبایەتی نەیتوانیوە ئەم توانا گەورەیە بگۆڕێ بۆ “گێڕانەوەیەکی هێژ‌مۆنیکی جیهانی”[16] و تووشی زمانگیرانی سیاسی بووه. ڕاگەیاندنی کوردی لە ژێر کاریگەریی خۆبەکەمزانی و‌ بازنەی داخراوی حیزبایەتیدا نەیتوانیوە ئەو پاشخان و خەباتە ڕێکخراوە بکاتە وێنە‌ و گیڕانەوە.

رووی دەمی گوتاری ئەم ڕاگەیاندنە تەنیا لە بەردەنگە حیزبییەکەی خۆیەتی و لە بەرامبەر گێڕانەوەی ڕەوتی شاپەرستیدا بە لاوازی دەرکەوتووە. ئەم بازنە داخراوە وای کردووە کە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان نەتوانێ زمانێکی هاوبەش لەگەڵ ڕای گشتیی ئێران و جیهاندا بدۆزێتەوە. لەسەر ڕای گشتیی کوردستانیش لەناوچەکانی کرماشان و ئیلام زۆر بە لاوازی دەرکەوتووە. ئەو بۆشاییە وای کردووە ڕاگەیاندنی ڕەوتی شاپەرەستی بە کەڵکوەرگرتن لە کوردی ئەو ناوچانە ڕەواییی بزووتنەوەی سیاسیی کورد بخاتە ژێر پرسیارەوە. لە ئەنجامدا گێڕانەوە ڕکابەرەکانی کورد کە چەقی هزر و کردەیان تۆخکردنەوەی ناوەندگەرایییه،‌ توانیویانە ئەو بۆشاییە سیاسییە بە تۆمەت و چەواشەوکاری پڕ بکەنەوە.

لە کاتێکدا کە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لە مەیداندا زۆر بەهێزە، لە شەڕی تێگەیشتندا بەهۆی نەبوونی ڕاگەیاندنی ستراتێژیک نەیتوانیوە ڕەوایی و پوختەیی سیاسی خۆی جێگیر بکا[13]. ئەم زمانگیرانە سیاسییە وای کردووە ئەو سەرمایە کۆمەڵایەتییە بەهێزەی لە کوردستان بەرهەم هاتووە لە دواجاردا بچێتە خزمەت بەرژەوەندیی ئەو ڕەوتانەی ڕاگەیاندنیان نە وەک ئامرازی هەواڵ و زانیاری، بەڵکوو بە خودی هێز پێناسە کردووە.

3 . ڕای گشتی؛ سەرچاوەی سەرەکیی هێز و گۆڕەپانیی ململانێ

رای گشتی لە فەزای سیا‌سەتی مودێڕندا چیتر دیاردەیەکی پاشکۆ و بەستراوە یا دژکردەوە بەرامبەر بە دەسەڵات نییە، بەڵکوو بۆخۆی دەبێتە سەرچاوەی سەرەکیی هێز. لە ڕاستیدا لە جیهانی هاوچەرخدا هیچ دەسەڵاتیکی سیاسی بێ ڕازیکردنی ڕای گشتی یان لانیکەم ئاراستەکردنی ڕای گشتی ناتوانێ لە مەیداندا دەسکەوت بۆخۆی مسۆگەر بکا. ڕای گشتی هێزێکی چەکداری نەبینراوە کە دەتوانێ بناغەکانی زلهێزترین ڕژێمە سیاسییەکان بڕووخێنێ یان لاوازترین ڕەوتە سیاسییەکان بگەیەنێتە دەسەڵات[14].

ئەم شیکردنەوەیە نیشانی دەدا‌ کە هێزی ڕاستەقینە چیتر لە کۆگاکانی چەک یان ژمارەی هێزە چەکدارەکان پاشەکەوت ناکرێ، بەڵکوو بەستراوەتەوە بە ئاستی کاریگەریی “گێڕانەوەی زاڵ” لەسەر مێشکی جەماوەردا. بۆ ئەو بزووتنەوە سیاسییانەی لە گەمارۆی هەواڵ و سەرکوتی دەسەڵاتدان، ڕای گشتی تاکە دەروازەیە‌ بۆ دەربازبوون لەم ناهاوسەنگییە. ئەگەر ڕەوتێکی سیاسی بتوانێ لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە کۆمەڵگا پەلکێش بکا بەرەو بەرنامە و ئامانجە سیاسییەکانی، تێچووی پەلامار و هێرشی سەربازی بۆ سەر دەسەڵات زیاتر دەکا و ئەوەش ڕێگا خۆش دەکا بۆ دانپێدانان و پشتگیری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

لە شیکردنەوەی نموونە جیهانییەکان لەسەر کاریگەریی ڕای گشتی، دەکرێ ئاماژە بکەین بە ڕۆڵی کاریگەریی ڕاگەیاندن لە بەهاری عەرەبی یان ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا. بۆ نموونە کاریگەریی کەناڵی ئەلجەزیرەی‌ قەتەر لە وڵاتانی عەرەب و موسڵمان. گادی ڤۆلسڤێڵد لە تیۆریی سیاسەت و ڕاگەیاندندا ئاماژە بەوە دەکا کە گرووپە لاوازە سیاسییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر گرووپە باڵادەستەکان ناچارن پەنا ببەنەبەر ستراتێژیی “گواستنەوەی پەیام بۆ‌ ڕای گشتی” تا بتوانن سەرنجی ناوخۆ و جیهان بۆلای خۆیان ڕابکیشن[15]. ئەو بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونەکەی ئاماژە بە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوزانەی کاتالۆن و سکۆتڵەندییەکان دەکا کە چۆن توانای خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ پێکهێنانی تۆڕێکی فرەزمانی ڕاگەیاندن،‌‌ بۆ گەیاندنی گیڕانەوەی خۆیان بە گوێی جیهان.

 ڕەوتی شاپەرەستەکانیش لە ئێران بە لاساییکردنەوە لەم ستراتێژییە جیهانییە و بە هەستکردنی بە گرنگیی پارادایمی “سیاسەتی نواندنەوه” توانیویەتی لەرێگەی بەرهەمهێنانی پیشەیی، ڕای گشتیی ئێران ئاراستە بکا و خۆی وەک جەمسەری سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بناسێنێ. لە کاتێکدا کە بزووتنەوەی کوردستان بەو پاشخانە دەوڵەمەندە سیاسی و مێژووییە، نەیتوانیوە ئەم سەرکەوتنە مەیدانییە بکاتە باڵادەستیی ستراتیژیی سیاسی لە ئاستی ناوخۆ و جیهانیدا.

شەڕی ڕای گشتی بۆ کوردستان گۆڕەپانێکی ناهاوسەنگە کە ڕەوتی ڕاستئاژۆی ئێرانی لە تاراوگە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە هەوڵی ناشیرینکردنی دەدا و خەریکە دەیگوازێتەوە بۆ ناوخۆی وڵاتیش. لێرەدایە کە پێویستە ڕاگەیاندن ئەرکی گرنگی “دیپلۆماسیی گشتی” وەئەستۆ بگرێ و پێش بە ناشیرینکردن و چەواشەکردنی خۆی لە ڕای گشتی ئێراندا بگرێ. وەک عەلی ئەلمووسەوی ئاماژەی پێ دەکا هزر لە چاخی دیجیتاڵدا بریتییە لە توانای پێناسەکردنی دۆخ. هەر ڕەوتێک کە بتوانێ دۆخی هەنووکە بۆ جەماوەر شی بکاتەوه و کاریگەری لەسەر ڕای گشتی دابنێ‌، ئیرادەی خەڵک دەخاتە خزمەت بەرژەوەندی و ئامانجەکانی خۆیەوە[16].

بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان دەبێ ڕاگەیاندن لەناو بازنەی تەسکی حیزبایەتی ڕزگار بکا و بە فۆرم و گوتارێکی نوێوە بەرەوپیری گۆڕانکارییە سیاسییەکان‌ بچێ. ئامانجی کاری ڕاگەیاندن دەبێ کاریگەریدانان بێ لەسەر ڕای گشتی و گواستنەوەی ئەو توانا مەیدانییە بۆ ستۆدیۆ لەرێگەی وێنە و گێڕانەوە‌. هەنگاوێکی گرنگی دیکە پەڕینەوەیە بۆ میدیایەکی نیشتیمانی کە بتوانێ ئەو پاشخانە قووڵە مێژوویی و سیاسییە بکاتە ئازارێکی جەماوەری لە ئاستی ناوخۆدا‌. گۆڕینی هێزی مەیدان و قارەمانەتیی پێشمەرگانە بۆ هێزی سیاسیی دیپلۆماتیک، پیویستی بە ڕاکێشانی سەرنجی بەردەنگی سەربەخۆی کورد، ئێرانی و جیهانییە کە تەنیا لەرێگەی ڕاگەیاندنێکی پیشەیی، فرەدەنگ و فرەزمانەوە دێتە دی[17].

ئەرکی ڕاگەیاندن لە ئاراستەکردنی ڕای گشتیدا کاتێک دەگاتە لوتکە کە لەوە تێ بگەین لە جیهانی پاش ـ حەقیقەت ئەو واقعەی لە ڕاگەیاندندا دروست دەکرێ، زۆر بەهێزتر و کاریگەرترە لەو واقعەی لە مەیدان لە ئارادایە. کاستێڵز بە جوانی ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە “لە دەرەوەی بازنەی ڕاگەیاندن، شتێک بە ناوی هێز بوونی نییە” چونکە هەر کردەیەک کە لە ڕاگەیاندن ڕەنگ نەداتەوە، بە کردەوە لە مێژوودا تۆمار ناکرێ[18]. بۆیە پێویستە بزووتنەوەی کوردستان بۆ دەرچوون لەو بازنە داخراوە و بوون بە جەمسەرێکی هێژمۆنیک، ڕاگەیاندن بکاتە بناغەی سەرەکیی هێز و کارگەی “بەرهەمهێنانی ڕەوایی”. بێ وەبەرهێنان لە بواری گێڕانەوەی بان حیزبی و بەشداریی چالاک لە شەڕی تێگەیشتنەکان، تەنانەت گەورەترین ڕاپەڕینە مەیدانییەکان دەکەونە بەر نەشتەری چەواشەکاری، دەستبەسەرداگرتن یان لەبیرکردن. حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دەبێ بە تێگەیشتن لەم واقیعە کە ڕای گشتی لەرێگەی ڕێکخستنی ڕاگەیاندنەوە کۆنترۆل و ڕێک دەخرێ، کەڵک لە ئەزموونە جیهانییەکان وەربگرن. بە پەڕینەوە لە زمانگیرانی میدیایی، هاوسەنگی هێز لە بەستێنی سیاسیی ئێران و جیهاندا لە بەرژەوەندیی ئامانجەکانیان بقۆزێتەوە کە زۆر نزیکن لە بەها لیبراڵەکان و لە پیاوە شەڕکەرەکانەوە بیگوازنەوە بۆ هاوکێشەیەکی سیاسی بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی مرۆیانە، دیموکراتیک و دادپەروەرانە. بۆ قۆناغی ئێستای بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان داگیرکردنی “فەزا” هێندەی گەڕاندنەوەی “خاک”ی داگیرکراو گرنگە. لەم قۆناغ و سەردەمەدا، ڕاگەیاندن تەنیا ئامرازێکی لاوەکی یان پاشکۆیەکی کولتووری نییە، بەڵکوو خودی هێزە.

سەرچاوەکان

[1] Reality

[2] Representation

[3] Hard Power

[4] Soft and Symbolic Power

[5]Hegemonic Power

[6] The Post – Truth World

[7] Power

[8] Authority

[9] Disciplinary Power

[10] Biopolitics

[11] Soft Power

[12] Public Diplomacy

[13] Coercion

[14] Inducement/ Payment

[15] Attraction/ Persuasion

[16] Hegemonic Global Narrative

[1] وبر، ماكس، الاقتصاد و المجتمع، ترجمه‌ فؤاد زكریا، المنظمه‌ العربیة للترجمه‌، بیروت (لبنان)، 2015، ص: 81.

[2] البدری، عبدالكریم، علم اڵاجتماع السیاسی، دارالمعرفه‌ الجامعیة، القاهره‌، 2014، ص: 69

[3] الحورانی، محمد عبدالكریم، النظریة المعصرهة فی علمالاجتماع، دارالمجدلاوی للنشر و التوزیع، عمان، 2010، ص: 211.

[4] غیث،محمد عاطف، علماڵاجتماع السیاسی، دارالمعرفة الجتمعیة، اڵاسكندریة (مصر)، 2007، ص: 145.

[5] Foucault, Michel, Discipline and Punish: The Birth of the Prison, New York: Vintage Books, 1995, p: 135 – 194

[6] Foucault, Michel, The History of Sexuality, Volume1: An Introduction, New York, Vintage Books, 1990, p : 135 – 159.

[7] Nye, Joseph S. Jr, Soft Power: The Means to Success in World Politics, New York, Publish Affairs, 2004, p : 1 – 11.

[8] Castells, Manuel, The Rise of the Network Society, 2nd ed., Oxford: Blackwell Publishing , 2010, p : 469.

[9] كاستلز، مانوئل، عصر الملومات: اڵاقتصاد و المجتمع و الثقافة، المجلد اڵاول: نشأة مجتمع الشبكات، ترجمة فایز الصیاغ، المنظمة العربیة للترجمة (بیروت)، 2005: ص : 480.

[10] Castells, Manuel, Communication Power, Oxford University Press, 2009, p : 3 – 12.

[11] كاستلز، مانوئل، پێشوو.

[12] بشاش، هیوا، نقش ڕسانه‌های نوین در بازنمایی خیزش ژینا، فصلنامه‌ مطالعات سیاسی ایران، دوره‌ 5، شماره‌ 3، 1402، صص : 45 ــ 60.

[13] عمر، فریاد، الحركة الكردیة فی ایران و تحدیات اڵاعلامی بعد عام 2022، مجلة الدراسات السیاسیة، مركز الدراسات اڵاستراتیجیه‌، اربیل، 2018 ص : 16.

[14] حمادة، جواد، اڵاعلام و السیاسة: هندسة الرأی العام، الدار للعلوم ناشرون، بیروت، 2018.

[15] Wolsfeld, Gadi, Making Sense of Media and Politics, New York, Routledge, 2007, p : 55 – 70.

[16] الموسوی، علی، سلطة اڵاعلام فی العصر الرقمی، دارالفجر للنشر و التوزیع، 2020، صص : 102 ــ 108.

[17] عمر، فریاد، پێشوو.

[18] Castells, Manuel, Communication Power, Oxford University Press, Oxford, 2009, p : 3.

وتارەکانی تر

Nothing Found

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!