گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026
سوڵتانی ئەنوەر:شەڕی ساردی ئێران لەگەڵ ئوروپا یا مێژوونووسین بە هونەری شێوەکاری.
گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073
ئەنوەر سوڵتانی: شەڕی ساردی ئێران لەگەڵ ئوروپا یا مێژوونووسین بە هونەری شێوەکاری.
ئەم دێڕانە سەبارەت بە تابڵۆیەکی مێژوویی سەردەمی ڕێنێسانس نووسراون کە وێنەکێشێکی ناسراوی ئیتالیایی بە ناوی “پاولۆ ڤێڕۆنیز”[1] لە ساڵانی نێوان١٥٦٥ و ١٥٦٧دا کێشاویەتەوە و ئێستا لە “ناشناڵ گالێری”ی شاری لەندەن پارێزراوە. وێنەکە دوا ساتەکانی ئیمپراتۆریی هەخامەنیشی (ئەخمینی) لە ساڵی ٣٣٠ پێش زایین پیشاندەدات کاتێ کە بە گوێرەی هەواڵی مێژوونووسانی ئوروپایی، “داریووشی سێیەم” دوایین شای هەخامەنیشی، بە برینداری لە دەست ئەسکەندەری مەقدوونی هەڵدێت، حکوومەتی هەخامەنیشی کۆتایی پێدێ و کەسوکاری شای هەڵاتوو دەچنە بەردەم ئەسکەندەر بۆ ئەوەی تکای هەڵسوکەوتی مرۆڤانەی فاتیحانی یۆنانی لەگەڵ بنەماڵەی خۆیان بکەن. شەڕی یۆنان و هەخامەنیشییەکان لە ڕاستیدا پێش ئەسکەندەر، لە ساڵی ٤٩٩ ی پێش زاییندا دەستیپێکردبوو. بەڵام ئەسکەندەر لە شەڕی ساڵی ٣٣٠ ی پێش زاییندا تەختی جەمشید (پێرسپۆلیس)ی گرت، ئاگری تێبەردا و کۆتایی بە دەسەڵاتی هەخامەنیشییەکان هێنا. پاشان خۆی و جێگرەوەکانی واتە’سلووکیان’ نزیکەی ٢٥٠ ساڵ لە ئێران حکوومەتیان کرد .
هۆکاری نووسینی بابەتەکە بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی وێنەیەک لە پەیکەرێکی هەڵکەندراوی سەر بەردی ‘نەقشی ڕۆستەم’ ی نزیک ‘تەختی جەمشید’ی ئێران بوو لە ناو مێدیای ئێرانی ناوەوە و دەرەوەی دەسەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامیدا؛ بە تایبەت دانرانی کۆپییەکی تازەی ئەو پەیکەرە لە گۆڕەپانێکی شاری تاران، کە تێایدا بە گوێرەی قسەی مێژوونووسان، والێڕیەن ئیمپراتۆری ڕۆم[2] لە بەر سمی ئەسپی شاپووری یەکەم، شای ئێرانی ساسانی، چۆکی داداوە و لێی دەپاڕێتەوە. گوایە ئەو پەیکەرە دوای شەڕی ‘ئێدێسا'(ئەلڕەها)ی ساڵی ٢٦٠ ی زایینی لە نێوان دوو ئیمپڕاتۆرییەکە لەسەر بەرد هەلکەندراوە؛ لەو شەڕەدا، بە گوێرەی سەرچاوە ئێرانییەکان، سوپای ڕۆم تووشی شکستێکی گەورە هات و ئیمۆراتۆروالێریەن بە دیل گیرا و برایە بەردەم شای ئێران.
خەڵکانی زێدەڕۆ، دوای شکستی ئێران لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی مانگی حەوتی ٢٠٢٥ ی ئێران لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمریکا، لە پێناو زیندوو ڕاگرتنی ڕۆحیەتی شەڕ و بەربەرەکانیی خەڵک و سوپای ئێران، کەڵکیان لەو پەیکەرە کۆنە وەرگرت بۆ ئەوەی بە ڕۆژئاواییەکان بڵێن لەبیرتان نەچێ ئێمە هەر ئەو میللەتەین وا توانیمان ئەتکێکی ئەوتۆتان بەسەربێنین و ئێستاش دەتوانین ببینەوە هەمان هێزی شەڕکەر و تێکتان بشکێنین.
جیا لە لایەنی پووچ و بەتاڵی ئەو هەڕەشە و گوڕەشەیەی ئەمڕۆ، کە حکوومەتی ئێران تێیدا مامۆستایە، بە گوێرەی مێژوو، شەڕی نێوان ڕۆمییەکان وەک جێگرەوەی ئیمپراتۆریەتی یۆنان، لەگەڵ ئێرانی سەردەمی ئەشکانییان لە ساڵی ٥٣ ی پێش زاییندا دەستی پێکرد و ماوە بە ماوە بۆ ٧ سەدە و تا دواهەناسەی زنجیرەی ساسانی بە دەست عەرەب درێژەی کێشا. لەو ماوە دوورودرێژەدا جار وا هەبوو سوپای لایەنێک سەردەکەوت و بەشێک لە خاکی دژبەرەکەی بۆ خۆی دادەبڕی، جارێکی دیکە بە پێچەوانە، ئەویتریان سەرکەوتوو دەبوو و دەهاتە ناو خاکی ئەمیانەوە. تەنانەت لە دوو دەرفەتی جیاوازی شەشەم و حەوتەمی زایینیدا، سوپای ئیمپراتۆرانی ڕۆم ‘مۆریس’ و ‘هێراکلیوس’ تا ئەوپەڕی ئاورگەی شیز و گەنجینەی گەنزەک لە تەختی سولەیمانی ئێستای نزیک تیکانتەپەی هەوشار (تیکاب) لە ڕۆژهەڵاتی سەقز و بۆکان هات و گەیشتە دەور وپشتی شاری مەراغەش. ئەنجامی ئەو شەڕە بێ واتایە، لاوازیی لەڕادەبەدەری هەردوو حکوومەتی ڕۆم و ئێران و سەرکەوتنی سوپای کەمدەرەتانی عەرەبی موسوڵمان بوو بەسەر هەردوولایاندا و هەڵوەشانەوەی هەردوو ئیمڕاتۆریەتە زلهێزەکانی ناوچە لە ماوەی کەمی نێوان ساڵانی ٦٢٨ و ٦٣٦ی زایینیدا. ئەوانەی گوترا، هەندێ ڕوونکردنەوەی مێژوویی بوون بۆ چوونە ناو بابەتی سەرەکیی واتە وێنەکەی سەدەی شازدەهەمی پاولۆ ڤێڕۆنیز و پەیکەرەکەی ناو ئێران.
یەکەم، پەیکەری’نەقشی ڕۆستەم’ لە ئێران
شوێنی ئەو پەیکەرە بەردینە کەوتۆتە گوندێکی نزیک شاری مەرودەشت لە پارێزگای فارس، کە تەنیا ٦ کیلۆمەتر لە بەری باکووری ‘تەختی جەمشید’ و ٨٠ کیلۆمەتر لە ‘پاسارگاد’- دوو شوێنەواری ناسراوی مێژوویی لە ئێرانی ئەمڕۆ دوورە. ناوچەکە چەند شوێنەواری مێژوویی پەیوەندیدار بە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عیلام و ئێرانی سەردەمی هەخامەنیشی تا ساسانی لێیە کە پەیکەری جێگەی باسی ئەم وتارەش یەک لەوانە. درێژایی شوێنی پەیکەرەکە ١١ مەتر و پانتاییەکەی ٥ مەترە. لەوێدا سوارەیەک دەبینرێ کە دەگوترێ شاپووری یەکەمی ئەشکانی بێت و کەسێک بە پێوە لەبەردەمیدا ڕاوەستاوە و یەکی دیکەش لەبەردەمیدا، چۆکی داداوە. دەگوترێ ئەودوو کەسە هەردوکیان ئیمپراتۆرانی ڕۆم بن و ئەوی وا چۆکی داداوە والێریەن و ئەویتر، فیلیپ بێت کە ئێرانییەکان لە شەڕی ئێدیسادا (٢٦٠ زایینی) شکاندیانن و بە دیلی و بۆ بێگاری پێکردن هێنایاننە باشووری ئێران. ئەوە هەمان ئەو پەیکەرەیە کە بەشێکی زۆر لە ئێرانییەکانی ئەمڕۆ شانازیی پێوە دەکەن.

دووەم، وێنەی پاولۆ ڤێڕۆنیزی لە ناشناڵ گالێری لەندەن
دوای زاڵبوونی عەرەب بە سەر ئێران و ڕۆمدا، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر سێبەری قورسی ئایدیۆلۆجیا و ئاییندا، لە نیعمەتی ئەو هونەرانە بێبەش مانەوە و هیچ هونەرمەندێکی ڕەسسام نەیتوانی چیتر وێنەی مرۆڤ یا حەیوانێک بکێشێتەوە! لە ئەنجامدا هونەری شێوەکاری و پەیکەرسازی تا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم لە ئێران و بەگشتی ناوچەکەدا پشتگوێ خرا و ئەمڕۆ هونەرمەندی هاوچەرخی وڵاتانی ئیسلامیی ئەو بوارانە، دەبێ بتوانێ بە تاقی تەنیا ئەو دواکەوتووییە ١٣٠٠ ساڵەیەی کاروانی هونەر قەرەبوو بکاتەوە واتە هەموو قۆناغەکان لە سەرەتاوە تا کۆتایی ببڕێت و پەیکەر بە شێوازێک بخوڵقێنێ کە هونەرمەندانی یۆنان و ناوچۆمان و میسر چوارهەزارساڵ پێش ئەوان خوڵقاندبوویان؛ هەروەها هونەری شێوەکاریی سەدەکانی ناوەڕاستی ئوروپا، هونەری سەردەمی ڕێنسانسی ئەو وڵاتانە و هونەری هاوچەرخ و مۆدێڕنی ڕۆژئاوا هەموویان بناسێ لەبەر ئەوەی هیچ ڕێچکە و پێشینەیەکی مێژوویی لە ناوچەکەدا بوونی نەبووە کە ببێتە دەستمایەی کارەکانی و بتوانێ وەک هونەری شیعر، بەرەوپێشەوەی ببات. لە کاتێکدا وڵاتانی ئوروپای ڕۆژئاوایی (ئیتالیا، فڕانسە، بریتانیا و …)، دوای سەدەکانی ناوەڕاست لە فەزای لیبڕاڵ و ئازادی کۆمەڵگاکەیاندا وەک فەلسەفەی یۆنانیان وەەرگرت، هونەری یۆنانیشیان کردە بنەمای کاری خۆیان و پەرەیان پێدا بەشێوەیەک کە هونەری سەردەمی ڕێنێسانس لە سەدەکانی ١٥ و ١٦ ی لێبەرهەمهات و درەنگتر گەیشتە هونەری کۆنسێپتواڵی ئەمڕۆ و بەردەوام بۆ پێشەوەتریش دەچێت.
تابڵۆی ڤێرۆنیز لە سەدەی شازدەهەمی زاییندا لە شاری وێنیزی ئیتالیا کێشراوەتەوە و لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا بە ناشناڵ گالێریی لەندەن فرۆشراوە. تابڵۆکە شانازکردنە بە ئەسکەندەی مەقدوونی وەک ئیمپراتۆرێکی یۆنان بەسەر ئیمراتۆریەتی هەخامەنیشی ئێران و دامەزراندنی حکوومەتێکی یۆنانی لە شوێنی ئەو (سلووکییەکان)، کە ماوەی ٢٥٠ ساڵی ڕەبەق حاکمی ئێران بوو.

ناساندنێکی گشتیی هەردوو کارە هونەرییە ئێرانی و ئیتالییەکە
تابڵۆکەی ڤێرۆنیز بە قەبارە گەلێک گەورەیە و تایبەتمەندییەکی کاری ئەو هونەرمەندەش کێشانەوەی تابڵۆی وا قەبارە مەزن بووە. بەگوێرەی ڕاگەیاندنی ناشناڵ گالێری، هونەرمەندەکە لە نێوان ساڵانی ١٥٢٨ و ١٥٨٨ دا ژیاوە و ئەو کارە هونەرییەی لە ساڵانی ١٥٦٥ تا ٦٧ دا کێشاوەتەوە. درێژایی تابڵۆکە ٤ مەتر و ٧٤٩ سانتیمەتر و پانتاییەکەی ٢ مەتر و٣٦٢ سانتیمەترە، بە ڕەنگی ڕۆن (زەیت) لەسەر جاو کێشراوەتەوە. بنەماڵەیەک لە ئیتالیای سەدەی شازدەهەم داوایان لە هونەرمەندەکە کردووە تابڵۆکەیان بۆبکێشێتەوە. گالێرییەکەی لەندەنیش لە ساڵی ١٨٥٧ کڕیویەتی و خستوویەتە بەرچاوی بینەران.
بە تەنیشت تابڵۆکەوە کورتە زانیارییەک بە زمانی ئینگلیزی سەبارەت بە تابڵۆ و هونەرمەندەکەی ڕاگەیەنراوە کە ئەوەی خوارەوە وەرگێڕاوە کوردییەکەیەتی:
“پاولۆ ڤێرۆنیز
١٥٦٨-١٥٢٨
بنەماڵەی داریووش لەبەردەم ئەسکەندەر
١٥٦٧- ١٥٦٥
ئەسکەندەری مەزن (٣٢٣ تا ٣٥٦ز) چاوی بە بنەماڵەی داریووشی سێیەم، ئیمپراتۆری تێکشکاوی ئێران (دەوروبەری ساڵانی ٣٨٠ تا ٣٣٠ی پێش زایین) دەکەوێت. ‘سیسی گامبیس’ی دایکی داریووش کە جلی مۆری لەبەردایە، بە هەڵە، ڕووی قسەکانی لە ‘هێپاستیۆن’ی هاوڕێی ئەسکەندەر دەکات، کە بە [کەسایەتییە] سەرکەوتووەکەی دەزانێ. ئەسکەندەر بە میهرەبانییەوە لێیدەبوورێ.
نەققاشییەکەبە فەرمانی بنەماڵەی ‘پیزانی‘ ی خەڵکی شاری ڤێنیز [ی ئیتالیا] کێشراوەتەوە. ڤێڕۆنیز داستانەکەی ڕاگواستۆتە سەر زەمینەیەکی خەیاڵاویی پەیوەندیدار بە سەدەی شازدەهەمی [شاری] ڤێنیز. جووڵەی کەسەکان لەبەردەم زەمینەی بیناسازیی لای پشتەوەی خۆیان، بە شێوەی ئەکتەری سەر شانۆ پیشاندراوە.
ڕەنگی ڕۆن (زەیت) لەسەر کانوا
ساڵی ١٨٥٧ کڕدراوە.”
ئەوەی خوارەوە تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی تابڵۆی پاولۆ فێڕۆنیزە بە گوێرەی وێبسایتی ناشناڵ گالێریی لەندەن:
Artist Name: Paolo Veronese Artist Dates: 1528 – 1588 Dated: 1565-7 Medium: Oil on canvas Dimensions: 236.2 x 474.9 cm Credit Line: Bought, 1857 Object Number: NG294
ئەوەش ئەدرەسی وێبسایتی گالێرییەکە:
https://www.nationalgallery.org.uk/
*****
ئەودێرانەی سەرەوە بۆ ڕوونکردنەوەی واقیعی دوو شوێنەواری هونەری نووسراون؛ ئامانج لە نووسینیان، جگە لە ناساندنی لایەنی هونەریی کارەکان، دەرخستنی ئەو ڕاستییەیە کە هەستی نەتەوە پەرستی وەک هەموو هەست و بۆچوونێکی دیکە، ئەگەر ببێتە کەرەسەی دەستی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی شەڕانخێو، دەتوانێ دوژمنایەتی و بەربەرەکانیی نێوان گەلان بەرهەم بێنێت و ببێتە هۆکارێک بۆ چەواشەکاریی مێژوویی و بەراوەژووکردنی واقیعی ڕابردوو لەخزمەت خواستە هەنووکەییەکانی دەسەڵاتداراندا. ئەگەر شەڕی ئێران و یۆنان لە ‘گوگمەل’ی نێوان هەولێر و مووسڵ لە پایزی ساڵی ٣٣١ی پێش زایین، گەیشتە ئەنجامی سەرکەوتوویی لایەنێکی ئوروپایی، ٥٨٩ ساڵ دواتر لە شەڕی ئێدێسای نێوان ئێران و ڕۆمدا لایەنێکی دیکەی ئوروپایی تێکشکا و تەنانەت ئیمپراتۆر خۆی، بە دیل گیرا و برایە ئێران بۆ بێگاری پێکردن، هەرلەوێش کۆچی دوایی کرد! ئەوە دەرسێکی گەورەی مێژووە بۆ ئەمڕۆی مرۆڤایەتی. شانازیکردنی نابەجێی لایەنێک بە هێزی سوپایی خۆی، دەگونجێ دوای گۆڕانی هەلومەرجی سیاسی و نیزامی، ببێتە هۆی شکست و نشوستی دواڕۆژی هەمان ئەو لایەنە لەخۆباییە، لەبەر ئەوەی گونجاوە دواتر چەرخ بە باری پێچەوانەدا بگەڕێت و هەموو شانازییەکان ببنە قوربانیی شکستێکی گەورە. شەڕی ١٢ ڕۆژەی ساڵی ٢٠٢٥ ی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا ئەو ڕاستییەی بە باشی سەلماند و دیعایەی دوور لە عەقڵی مەلاکانی ئێرانی لە پێناو دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتی شیعە لە ناوچەکە و هەڕەشە لە جیهان بە هۆی بۆمبای ئەتۆمی و مووشەکەوە پووچەڵ کردەوە.
ئێستا چەندان سەدە بەسەر ئەو ڕووداوە مێژووییانەدا تێدەپەڕێ. لەوماوەیەدا:
– ئیمپڕاتۆریەتی بەهێزی ڕۆم لە سەدەی چوارەمی زایینی دابەش بووە و دوو بەشی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی (بیزانس) و لاوازیی ئەو زلهێزەی لێ بەرهەمهاتووە کە تا ئەمڕۆش کلیسای کاثۆلیک بە دەردیەوە دەناڵێت و سەفەری ساڵی ٢٠٢١ی پاپا فڕانسیسی ڤاتیکان بۆ هەولێر و ‘ئوور’، هەروەها سەفەری مانگی دوازدەی ساڵی ٢٠٢٥ ی پاپا لێئۆ بۆ تورکیا و سەردانی کلیسای شاری ئیزنیک (نیقیە)، مەڵحەمێک بوون بۆ سەر ئەو برینە کۆنەی دووبەرەکی و پاشەکشەی مسیحییەت لە ناوچەکە، وەک دەرئەنجامی ئەو دووبەرەکییە مێژووییە.
– لەشکری عەرەبی موسوڵمان لە سەدەی حەوتەمدا ‘بیزانس’ی داگیر کردووە
– ئێرانی ساسانیش بە هەمان شێوەی بیزانس بەرگەی لەشکری عەرەبی نەگرتووە و بە هەڵاتنی یەزدگیردی سێیەم لەبەر سوپای عەرەب، ئیمپراتۆریەتی خۆی پێدۆڕاندوون
– پاشان تورکی عوسمانلی لە سەدەی پازدەهەمدا حوکمی عەرەبی لە عوسمانی بە مێژوو ئەسپاردووە، و حکوومەتی تورکی دامەزراندووە.
دیارە لەو ماوە دوورودرێژەدا سنووری ئەو وڵاتانە گەلێک شەڕ و پێکدادان و خوێنڕشتنی بەخۆیەوە بینیوە؛ گەلێک خاک داگیر کراوە؛ گەلێک ماڵ وێران بووە؛ گەلێک پاڵەوانی ئازا لە مەیدانی شەڕدا شەڵاڵی خوێن بوون و گەلێک شا و فەرماندەی ترسەنۆک ڕوو لە دۆست و پشت لە دۆژمن گۆڕەپانی شەڕیان بەجێهێشتووە. قارەمانانی ئازاش بوونەتە جێگەی شانازیی کۆمەڵانی خەڵک، تاقی زەفەریان بۆ هەڵبەستراوە، پەیکەری بەردینەیان بۆ دروست کراوە و ناویان چۆتە ناو کتێبی مێژووەوە. ئەوە شێوازێکی ئاسایی ڕەوتی مێژووە کە لە زۆر شوێنی جیهان بینراوە.
بەڵام لە سەردەمی ئێستادا کە هەوڵێکی زۆر لەپێناو ئاشتی و برایەتی گەلان دەدرێت و لە ڕاستیشدا کۆمەڵێک کێشەی هاوبەشی مرۆڤایەتی وەک مەسەلەی پاراستنی سروشت و ژینگە و چارەسەری هەژاری ونەخۆشی و بێ ماڵ و حاڵیی بەشێکی زۆری مرۆڤی سەردەم، هەموو خەڵکی سەر گۆی زەوی بەیەکەوە دەبەستنەوە و چارەسەری گرفتەکانیش بە شێوەی تاک لایەنە و بە بێ هاوکاری و هاوپشتایەتی میللەتان لەکردن نایەت؛ ئەو شانازییە پڕوپووچ و بێ بنەمایانە ئەگەر بگەنە ڕادەیەک کە گرووپێک و گەلێک تەنیا خۆی ببینێت و سووکایەتی بە گەلانی دیکە بکات، وەک ئەوەی ترامپ لە ئەمریکا دەیکات، تەنیا دەتوانێ کاتی بێت و دەرس لە مێژووی پڕ لە گۆڕان و وەرچەرخان وەرناگرێت.
ئەو خاڵە سەرەکییە، گەلانی دراوسێی کورد و حکوومەتانی داگیرکەری خاکەکەشمان دەگرێتەوە و تەنانەت بۆ کورد خۆیشی ڕاستە! چەند ساڵێکە لە ڕێگەی میدیای مەجازییەوە دەبینین خەڵکانی ناشارەزا بە شێوەیەکی بێ بنەما یا بە هۆکارێکی لاواز و خەیاڵاوی، نەژادی کورد دەبەنەوە سەر ئیبراهیم پێغەمبەری بەنی ئیسڕائیل یا کاوەی ئاسنگەری ئەفسانەیی شانامە کە تەنانەت بوون و وجوودی جێگەی گومانی جیددییە، کەیخوسرەو و کەیقوبادی ئوستوورەیی، دەکەنە باپیرانی کورد، هۆنراوەیەکی سەدەی بیستەم وەک “هورموزگان ڕمان…”ی سەعیدخانی کوردستانی، دەگەڕێننەوە سەردەمی هێرشی عەرەب و شێرکۆ بێکەسی هەژار دەکەنە ئیمراتۆری شیعری جیهان…! لە کاتێکدا هیچکام لەو پەیوەندییە نەسەلماوانە گەورەیی بە کورد نابەخشن و مێژووەکەی دەوڵەمەند ناکەن.
دەوڵەمەندی و گەورەیی گەلان لە نیزامی نوێی جیهانیدا بەوەوە بەستراوە کە چییان پێیە، چی دەزانن و چ دیاردەیەک خەڵاتی مێژووی مرۆڤایەتی دەکەن نەک دیعایەی بێ بنەما بە ڕابردوویەکی خەیاڵی و دوور لە باوەڕ. “نان ئەو نانەیە ئێستا لە خوانە” و تەواو! ئەوە حوکمی مێژووە بۆ کورد و ئێرانی و تورک و عەرەب و هەموو گەلانی جیهان.
لە کۆتاییدا، نووسەر بە ئەرکی خۆی دەزانێ سپاسی بەرپرسانی ناشناڵ گالێریی لەندەن بکات بۆ ئیجازەی میهرەبانانەی بڵاوکردنەوەی وێنەی شاکارێکی مێژوویی ناو کۆلێکسیۆنی خۆیان لەم وتارەدا.
جانیوەری ٢٠٢٦
[1] Paolo Veronese
[2] Publius Licinius Valerianus
وتارەکانی تر
Nothing Found



