“کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ”
(خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ڕەشەشەو و سەبازانی ون)
ئارام کەیخوسرەوی
ڕەنگە هەموومان باس و بابەتی پەیوەندیدار بە ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەمان بیستبێت؛ ڕەنگە بەشێکی بەرچاویشمان گێڕانەوەی ئەو کەسانەمان بیستبێت کە خۆیان لە ناو جەرگەی ڕووداوەکاندا بوون. بەڵام هەمیشە هەستمان بەوە کردووە کە ئەو بیستن و گێڕانەوانە، بە تەواوی کۆی ڕووداوەکە یان کارەساتەکەیان باس نەکردووە. تەنانەت گێڕەرەوە خۆشی زۆرجار ئاماژەی بەم خاڵە داوە.
لێرەدا کێشەکە، بە وتەی جۆرجیۆ ئاگامبن، زیاتر لەوەی کێشەی گێڕەرەوە بێت، لە ڕاستیدا کەلێنی نێوان “شاهید” و “قوربانی”یە. شاهید هیچ کات ناتوانێت ئەزموونی قوربانی بە تەواوی بگێڕێتەوە؛ ئەوەی قوربانی ئەزموونی کردووە، شاهیدەکە ئەزموونی نەکردووە. لە ڕاستیدا، ئەوەی ئەو ئەزموونەی تێنەپەڕاندووە، هیچ کات بە تەواوی لێی تێناگات، و ئەوەشی بە تەواوی ئەزموونی کردووە، ئیدی ناتوانێت بدوێت؛ چونکە ئەوەی ئەزموونی کردووە، مردوو. بۆ میناک: کاتێک دەڕوانینە وێنەی “عومەری خاوەر” و کۆرپەکەی لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، دیمەنێکی دڵتەزێن دەبینین و هەموومان خەمبار دەبین و ڕەنگە زۆر کەسیش بگریت، بەڵام هیچ کەس ناتوانێت ئەو چرکەساتە وەک خۆی بگێڕێتەوە. تەنانەت ئەو کەسەش لە نزیکەوە ڕووداوەکەی بینیوە، ناتوانێت بە تەواوی باسی بکات. ئەوە ئەزموونی تایبەتی عومەری خاوەرە کە ئیتر ناتوانێت بپەیڤێت و هەست و ئەزموونی خۆی دەرببرێت. لێرەدا لەگەڵ “نەبوونی توانای
گێڕانەوە” (مەحاڵبوونی گێڕانەوە) ڕووبەڕووین.
مامۆستا حەسەن شێوەسەڵی، لە مێژووی بزاڤی سیاسیی کوردستاندا کەسایەتییەکی ناسراو و ناوازەیە، بێجگە لە تێکۆشان، فیداکاری و شۆڕشگێڕییەکەی، ڕووداوێکی کارەساتبار ژیانی سیاسیی بەڕێزیانی زیاتر خستووەتە بەر چاو. تێرۆری ناجوانمێرانەی مامۆستا لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە، دۆخێکی تایبەتی بۆ دروست کردووە؛ ئەو ساڵانێکە هاوكات شاهید و هاوکاتیش قوربانییە. واتە ئەو کەلێنەی زۆرجار لە نێوان شاهید و قوربانیدا هەیە، لە تێرۆری دژەمرۆییانەی مامۆستادا لە یەک خاڵ و لە یەک مرۆڤدا کۆ بووەتەوە. مامۆستا هەم قوربانییە و هەمیش شاهید، واتە خۆی گێڕەرەوەی ئەو کارەساتەیە کە بە گیان و ئێسک ئەزموونی کردووە. بۆیە کاتێک دەنووسێت:
“لە یەک ئاندا، لە یەک چرکەساتدا هەردووک دەستم پەڕین… لەگەڵ تەقینەوەی بۆمبەکەی، چاوی ڕاستم دەرپەڕی و چاوی چەپم نیوەی بەتاڵ بوو، تەنیا نیوەکەی دیکەی دەیدا مایەوە. هەشت ددانم شکان کە چواریان لە زارمدا وردوپرتح بوون. قامکی گەورەی دەستی ڕاستم، لەگەڵ پەڕینی دەستم، پەڕی و چوو نێو زارم، کە تا نزیکی گەرووم ڕۆیشت. سینگم سووتا و ئەگەر نەڵێم هەزاران، سەدان پڕینچک چوونە بەدنمەوە. لە ماوەی پانزدە ساڵدا خوێنی چاوم وشک نەبوو. لە ماوەی ئەو پانزدە ساڵەدا، ۳۲۳ پارچە کاغەز بە قەبارەی جۆراوجۆر ماوە بە ماوە لە چاوم هاتنە دەرێ و… پەردەی گوێی ڕاستم بە تەواوی ڕۆیشتووە و ۲٥ لە سەدی هەستی بیستنی گوێی چەپم لە دەست داوە و…”
ئەو لێرەدا لە پێگەی هاوبەشی شاهید و قوربانییەوە دەدوێت. بەڵام لە کتێبی “ڕەشەشەو و سەربازانی وندا”، نە لە پێگەی قوربانی، بەڵکوو لە پێگەی شاهیدەوە قسە دەکات. واتە ئاگاداری کەلێنی نێوان خۆی وەک شاهید لەگەڵ قوربانییەکاندا هەیە؛ بۆیە بەردەوام لە شوێن بە شوێنی کتێبەکەدا بە بیری خوێنەری دێنێتەوە کە زمانی ئەو و وشەکانی دەرقەتی ئەوە نایەن ئەوەی بە چاوی خۆی دیویەتی بە تەواوی بۆ خوێنەری بگوازێتەوە. بەو هۆیەوە، بەردەوام داوا لە نووسەران و پسپۆڕان دەکات بە هانایەوە بچن. بەڵام کێشەکە لە زمانی مامۆستا و وشەکانیدا نییە، بەڵکوو لە پێگەی “شاهید”بوونییەوە سەرچاوە دەگرێت کە زۆرجار ناتوانێت ئەزموونی کارەساتباری کەسانی تر بە تەواوی بگێڕێتەوە. ئەگەرچی بە بڕوای من، بە هەموو ئەوانەشەوە، گێڕانەوەکەی مامۆستا لە جێی خۆیدا شاکارێکە.
شۆڕش یان ژیانی شۆڕشگێڕی، زۆرجار گێڕانەوەیەکی گشتیی هەیە؛ زۆر چرکەسات و بەسەرهات لە نێو ئەم گێڕانەوە گشتییەدا ون دەبن. مێژوو و مێژوونووسان زۆرجار ئاوڕ لە خاڵە سەرەکییەکان دەدەنەوە و باسی وردەکارییەکان ناکەن. لێرەدا ڕۆڵی ئەدەبیات و وێژە زیاتر خۆی نیشان دەدات. ئەدەبیات نایەوێت بە تەواوی ڕۆڵی مێژووگێڕانەوە بگرێتە ئەستۆ، بەڵکوو زۆرجار ئەو پەراوێزانە دەخاتە ڕوو کە مێژووی فەرمی یان مێژوونووس بە گرنگیان نازانێت یان باسیان ناکات. ئەدەبیات لەم ڕووەوە ڕۆڵێکی تەواوکەر دەبینێت؛ چونکە بە وردەکارییەوە نیشانی دەدات ئەو ئێستایەی بزووتنەوەیەک یان شۆڕشێک تێیدا دەژێت، لە چ سووچ، قوژبن، هەوراز و نشێوێک تێپەڕیوە. لە گێڕانەوەی بزاڤێکی سیاسیدا، مێژوونووسی فەرمی، ڕێکخراوێکی سیاسی یان سیاسەتمەدار، زۆرجار تەنیا ئەو خاڵانە دەخەنە ڕوو کە بە گرنگیان دەزانن؛ بەڵام ئەدەبیات ڕۆدەچێتە ناو وردترین ڕووداو و چرکەساتەکانەوە و ئەو ڕێگایەی گەیاندوویەتییە ئەمڕۆ، بە وردەکارییەوە دەگێڕێتەوە؛ واتە دەچێتە نێو ژیانی کەسیی مرۆڤەکانەوە. مێژوو کەمتر ئاوڕ لە ئەزموونی ژیانی ڕۆژانە دەداتەوە، بەڵام ئەدەبیات هەوڵ دەدات ئەم ئەزموونە، هەستەکان، ترس و دڵەڕاوکێ، و ئازایەتی و مەترسییەکان بە زمانێکی ئەدەبی و وێنەیی دەرببرێت. لەبەر ئەوە، گێڕانەوەی ئەدەبی زۆرجار مرۆڤانەتر دەردەکەوێت؛ چونکە ڕاستەوخۆ لە ئەزموونی ژیانەکییەوە سەرچاوە دەگرێت. لەو چوارچێوەیەدا، “بیرەوەرینووسی” گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە. بیرەوەری، بە وتەی پۆل ڕیکۆر، لە بنەڕەتدا ئەزموونێکی تاکەکەسییە.
بیرەوەریی هیچ کەسێک بە تەواوی لەگەڵ بیرەوەریی کەسێکی دیکەدا یەکسان نییە. ئەزموونی ژیانەکیی مرۆڤ ناتوانرێت بە تەواوی بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە، بۆیە بیرەوەری هەمیشە ڕەهەندی کەسیی خۆی دەپارێزێت.
بەڵام ڕیکۆر، بە پشتبەستن بە بیرۆکەکانی مۆریس هالبڤاکس، ئاماژە بەوە دەکات کە بیرەوەری لە هەمان کاتدا دەتوانێت ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتیشی هەبێت. هەرچەندە بیرەوەری لە ئەزموونی تاکەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام کاتێک دەگێڕدرێتەوە و دەخرێتە ناو زمان و پەیوەندییە مرۆییەکانەوە، پێگەیەکی هاوبەش و کۆمەڵایەتی وەردەگرێت. لەم ڕووەوە، گێڕانەوە پردێکە لە نێوان بیرەوەریی تاکەکەسی و بیرەوەریی بەکۆمەڵدا؛ ئەو پرۆسەیەی کە تێیدا ئەزموونی تاکێک دەبێتە بەشێک لە یادەوەریی گرووپێک یان کۆمەڵگەیەک.
لە گێڕانەوەکەی مامۆستادا، ئەو لایەنانە دەردەکەون کە مێژووی فەرمی و سیاسەت زۆرجار سەرنجیان لەسەر نادەن: ژیانی منداڵان، ژیانی خەڵکی ئاسایی، ئەو کەسانەی لە ناو شەڕ و شۆڕدا ون دەبن، و تەنانەت ئەو ئاژەڵانەش کە بە بێدەنگی دەبنە بەشێک لە کارەساتەکە. یەکێک لە سینەماییترین گێڕانەوەکانی مامۆستا، ئەوە بەشەیە کە باس لە چۆڵکردنی شار و گوندەکانی کوردستان دەکات. لە شەڕ و هەڵای دوای هێرشی ڕژێم و فەتوای خومەینیدا، دەفتەری سیاسیی حیزب ناچار بە پاشەکشە دەبێت و مامۆستا و هاوڕێکانی پەیوەندییان لەگەڵ دەفتەردا دەپچڕێت. ئەوان ناچار لە نێو کەمین و بۆسەکاندا ڕێگا دەگرنە بەر، بەڵکوو سۆراغێک لە دەفتەر بدۆزنەوە.
هەموو وڵات چۆڵوهۆڵ کراوە، تاقە یەک نەفەریش دیار نییە و پەپوو دەخوێنێت؛ وەک ئەوەی تا ئێستا کەس لەوێ نەژیا بێت. هەمووان لە ترسان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و گیانی خۆیان هەڵگرتووە و ڕۆیشتوون. ئێمە پێمان وابوو “دنیا هەمووی لە تەکان و جموجۆڵ کەوتووە، ئێرەش یەکەم گەڕەکی کڕ و وێران و سەرەتای ڕووخان و تێکقرمانی سەرتاسەری دنیایە.”
بەڵام لووتکەی باسەکەی مامۆستا لەو شوێنەدایە کە دەڵێت: لەناکاو دەستەیەک سەگ و پشیلە بە ڕووماندا هاتن. ئەو سەگ و پشیلانە هێندە تامەزرۆ بوون، بە دەور و پشتی دەست و لاقماندا دەئاڵان و خۆیان بە باوەشماندا دەکێشا و بە دەورماندا دەسووڕانەوە؛ وەک ئەوەی دەمێک ساڵ بێت مرۆڤیان نەدیبێت ئەو مرۆڤەی بەردەوام لەگەڵیاندا بووە و ئێستا لەپڕێکدا ون بووە. ڕەنگە لە یەکەم نیگادا وادەرکەوێت ئاژەڵەکان برسین بۆیە ئاوا بەپەرۆشن، بەڵام کاتێک هەندێک شتیشیان پێ دەدەن، هەر لایشی لێ ناکەنەوە؛ ئەوەی دەیانەوێت نان نییە، مرۆڤە.
ئاژەڵەکان دەبنە هاوسەفەری مرۆڤەکان؛ کاتێک دەگەنە گوندێکی دیکەی چۆڵوهۆڵ، مامۆستا دەڵێت:
لە نیگای ئاژەڵەکاندا ئەوەم دەخوێندەوە کە پێیان خۆشە لێرە بمێنینەوە، بەڵام ئێمە ڕێگایەکی زۆرمان لەبەردا مابوو؛ دانەنیشتین و بەڕێ کەوتین، ئەوانیش لەگەڵمان کەوتنەوە ڕێ. ڕێگایەکی سەخت و دوور بوو؛ هێدی هێدی ژمارەی ئاژەڵەکان کەم دەبوونەوە، چونکە هەندێکیان ماندوو و بێهێز ببوون. تا گەیشتینە گوندێکی تر، تەنیا سێ سەگ لەگەڵمان مابوونەوە. پاش ئەوەی ئۆتۆمبێلێکمان دەستکەوت، ناچار بووین ئەوانیش جێبهێڵین. ئێمە بەڕێ کەوتین و تا لە بەرچاو ون بووین، سەگەکان بە حەسرەتەوە چاویان لە ئێمە وەرنەگێڕا. لێکدابڕانێکی هاوڕێیانە و ڕاچڵەکێنەر بوو
ئەم شێوازە دەربڕینە لە مێژوونووسی و سیاسەتدا باو نییە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم ئەزموونە ژیانەکییە و ئەم سێکانس و میزانسنە سینەماییانە، بە باشترین شێوە تەنیایی، ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکانێک -کە تەنانەت ئەو تەنیاییە ئاژەڵەکانیشی گرتووەتەوە- نیشان دەدەن. چ شتێک لەوە باشتر دەتوانێت دەرئەنجامەکانی فەتوای خومەینی و هێرشی هەمەلایەنەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی پێشان بدات؟
ئەم یادەوەرییانە ئەزموونی کەسیی مامۆستان، بەڵام بە گێڕانەوەیان دەبنە بەشێک لە یادەوەری و یادگەی بەکۆمەڵی ئێمە. من ئیتر بۆ هەمیشە دیمەنی چۆڵوهۆڵیی گوندەکان و بەپیرەوەهاتنی ئاژەڵەکان لە مێشکمدا دەمێنێتەوە؛ دیمەنی شەهیدبوونی «مەمۆ» و «کاکەمەم»، و دیمەنی ئەو ڕەشەشەوەی کە تەرمی دوو شەهید بەسەر پشتی ئەسپەکانەوە ون دەبن و سووچ بەسووچی ئەو ناوچەیە بۆ دۆزینەوەیان دەپێورێت، لە کاتێکدا مامۆستا لە گێڕانەوەکەیدا دەنووسێت:”من ئێستاش شەرمەندەم”
ئەو شەرمەزارییەش وەک بابەتێکی کەسی ناخوێنمەوە، بەڵکوو لەگەڵ خوێندنەوەیدا منیش هەست بە شەرم دەکەم. یاخود دیمەنی شەهیدبوونی ئەو کچە شۆخ و شەنگەی ناوی «گەلۆ» بوو، بۆ هەمیشە لە زەینمدا جێگیر بووە. ئیتر لەگەڵ بیستنی ناوی مامۆستا، سەید تەها و زولیخاشم وەبیر دێتەوە، و ڕەنگە ئەو کەلە سەرەش کە لە ڕەشەشەوێکی ئەو وڵاتەی ئێمەدا کەس نەیزانی ڕۆڵەی چ دایکێکی جگەرسووتاو بووە و ئاوا هۆڤانە لە لەشی جیا کرابووەوە.ئیتر بۆ هەمیشە لە خۆم دەپرسم: داخۆ منداڵانی نێو بیرەوەرییەکانی شێوەسەڵی ئێستا لە کوێ بن و چۆن بژین؟ یان دەپرسم: ئایا ئەوانیش دواتر هاتنە جەرگەی خەباتەوە یان نا؟ ماون یان شەهید بوون؟
لە کۆتاییدا، گرنگیی ئەم جۆرە بیرەوەرییانە تەنیا لە پاراستنی ڕابردوودا نییە، بەڵکوو لە تێگەیشتن لە ئێستا و داڕشتنی داهاتووشدایە. گەلێک جار کاتێک ئەو بەسەرهات و تێچووانەی لە پێناوی شۆڕش و ئازادیدا دراون لەبیر دەکرێن، سیاسەتیش لە ڕەگ و بنەمای خۆی دادەبڕێت ئەوکات سیاسەت بە هەندێک وشە و ڕستەی قەبەوە وەک «هونەری مومکین»، سازش یان بەڕێوەبردنی قەیران دەبینرێت، نەک وەک بەردەوامیی ئەو خەبات و قوربانییانەی کە ئەمڕۆیان لێ دروست بووە .ئەگەر ئێمە نەزانین بۆ گەیشتن بە ئێستای خۆمان چ ڕێگەیەکمان بڕیوە، ناتوانین سنوور و مانای داواکارییە سیاسییەکانیشمان بە دروستی بناسین. بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز ناتوانێت سیاسەتی خۆی تەنیا لەسەر هاوکێشەکانی ئێستا بنیات بنێت؛ بەڵکوو دەبێت ئەو سیاسەتە بەردەوام پەیوەندیی بە بیرەوەریی خەبات، تێچوو و قوربانییەکانەوە هەبێت. دەبێ پەیوەندییەک هەبێ لە نێوان ئەوەی لە دەستت داوە و ئەوەی بە دەستی دەهێنیت.
لەم ڕووەوە، کتێبی «ڕەشەشەو و سەربازانی ون» تەنیا کتێبێکی بیرەوەرینووسی نییە، بەڵکوو بەڵگەیەکە بۆ ئەو ڕێگەیەی کە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بڕیوێتی. خوێندنەوەی ئەم ڕێگەیە تەنیا بۆ ناسینی ڕابردوو نییە، بەڵکوو بۆ ئەوەشە بزانین لە ئێستادا لە کوێ وەستاوین و بەرەو کوێ دەڕۆین.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ی کوردی
کەیخوسرەوی، ئارام(٢٠٢٦): “کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ”(خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ڕەشەشەو و سەبازانی ون). بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
تاکی کورد؛ لە قەیرانی ماناوە بۆ قەیرانی گێڕانەوە
تاکی کورد؛ لە قەیرانی ماناوە بۆ قەیرانی گێڕانەوە کەیوان فاتحی لە سەردەمێکدا دەژین کە پشێوییەکی قووڵ و قەیرانێکی فرەڕەهەند بوارە جیاجیاکانی ژیانی مرۆیی و بەو پێیەش کۆمەڵگەی کوردستانی تەنیوەتەوە. ڕەنگە دیارترین [...]
فیدراڵیزم و دێموکراسی؛ تێڕوانینە نوێیەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێراندا
فیدراڵیزم و دێموکراسی؛ تێڕوانینە نوێیەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێراندا حەسەن قارەمانی پرسی کورد یەکێکە لە ململانێ سیاسییە درێژخایەن و ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرەڕای ئەوەی کوردەکان گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهانن، [...]
ماکیاڤێلی و وەهمی دەسەڵات ئایا ڕیالیزمی سیاسی ڕاستییەک بوو سەبارەت بە جیهان، یان ڕەنگدانەوەی ترسی مرۆڤ بوو؟
ماکیاڤێلی و وەهمی دەسەڵات ئایا ڕیالیزمی سیاسی ڕاستییەک بوو سەبارەت بە جیهان، یان ڕەنگدانەوەی ترسی مرۆڤ بوو؟ ئەشکان باوەڕ ناوی "نیکۆلۆ ماکیاڤێلی" لە مێژووی بیری سیاسیدا هاوواتای "دەسەڵات" بووە. لە هەر [...]
سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا
سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا ڕێباز ڕۆژهەڵات مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو وەرچەرخانانە کە تێیدا سەرکردە و فەیلەسوفە مەزنەکان لەبری هەڵبژاردنی ژیانێکی سەرشۆڕانە یان ڕاکردن لە بەردەم مەرگ، مانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی قەدەری [...]
لەپێناو مانەوە
لەپێناو مانەوە پێشەوا عەلیپوور ڕووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و کۆتاییهاتنی شەڕی سارد و داڕمانی ئیدۆلۆژیی کۆمۆنیزم، لە نیشانەکانی دەرکەوتنی نەزمی نوێی جیهانی و ڕاگواستن بەرەو سەدەی ٢١ بوون، [...]
کورد و شەڕی مەلازگرد
کورد و شەڕی مەلازگرد نووسەر: ئیسماعیل شەمس وەرگێڕ: فەرهاد ئەکبەری ٢٦ی ئاب، ١٠٧١ی زایینی، ساڵڤەگەڕی شەڕی مەلازگرد و سەرکەوتنی ئاڵپ ئەرسەلانی سەلجووقییە بە سەر ئیمپراتۆریای رۆمدا. ئەم سەرکەوتنە، دەروازەکانی ئانادۆڵی بۆ تورکان کردەوە و بە مانەوەیان لەم [...]







