قاسملووم چۆن بینی؟

عەلی مازووجی

بێگومان، مرۆڤناسی و تێگەیشتن لە دەروونی مرۆڤ کارێکی زۆر ئاسان نییە، چونکە زۆربەی مرۆڤەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن بەشە جوان، بەهێز، زیرەک و هۆشیارەکانی خۆیان بە دەرەوە نیشان بدەن، بەڵام لەگەڵ بەشە لاوازەکانی خۆیان کێشەیان هەیە و زۆرجار لێیان بێگانە دەبن. بە هەر شێوەیەک بێت، هەوڵی شاردنەوەی ئەو بەشە ناتەواوانەی خۆیان دەدەن.
لە هەمان کاتدا، مرۆڤانی دیکەش هەن کە لاوازی و نەتوانیی خۆیان ئاشکرا دەکەن و بۆ ژێردەستبوون لەبەردەم بەهێزەکان کرنۆش دەبەن و ژێردەستی بە گەورەیی دەزانن. ئەوان حەزیان بە گەورەبوون نییە و لە گەورەبوون دەترسن.
بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا، لە زۆر ڕەهەندی ژیاندا بەشێک لە مرۆڤەکان هەر خەریکی ئەوەن کە دیوی جوان و بێگەردی خۆیان پیشان بدەن. کەمجار گوێت لە مرۆڤێک دەبێت کە بە ڕاستگۆیی باس لە هەڵە، شکست یان بنکەوتنی خۆی بکات و ئەوە بۆ هاوڕێ و ناسیاوانی خۆی بگێڕێتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە زۆرجار کێبڕکێی نەرێنی لەنێوانیان دروست دەبێت.
لە پەنا ئەوانیشدا، مرۆڤانی دیکە هەن کە سەرۆکەکانی خۆیان بە پاڵەوان دەزانن و ڕۆڵ و پێگەی خۆیان بێ‌نرخ دەکەن. لەوانەیە خوێنەر پرسیار بکات: «ئایا بەو پێیە دەبێت هەموو مرۆڤەکان لە یەک تەرازوودا دابنرێن؟»
بەپێی تیۆری «شولتس ڤۆن تون» (Schulz von Thun)، دەروونی مرۆڤ لە چەند دەنگ و شێوازی جیاواز پێک دێت، وەک: یارمەتیدەر، یارمەتی‌خوازی، خۆفیداکار، ئاوتۆریتێر، خۆداسەپێن، خۆسەلمێنەر، دراماساز و دوورەپەرێز. هەر مرۆڤێک ئەگەر بتوانێت هاوسەنگی لە ناو دەروونی خۆیدا پێکبهێنێت و بەپێی هەلومەرج بڕیار بدات، و ئەو بڕیارانە لەگەڵ دەروونی خۆی و هەروەها لەگەڵ هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری گونجاو بن، ئەوا توانیویەتی خۆی لە یەک‌دەنگبوون و ناهاوسەنگی دەرباز بکات و هاوسەنگییەکی باش لە دەروونی خۆیدا پێکبهێنێت.
بەپێی ئەم لێکدانەوە کورتە، پێم خۆشە بێمە سەر باسی کەسایەتیی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، کە بابەتی سەرەکیی ئەم نووسراوەیەیە. قاسملوو خاوەنی چەندین ناسنامە و شوناسی جیاواز بوو. ئەو تەنیا ڕێبەرێکی کورد نەبوو، بەڵکو خوێندەوارێکی ئاکادیمی بوو، لە زانکۆ مامۆستایەتیی کردبوو و لە ساڵی ١٩٧١ەوە بوو بە ئەندامی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. دواییش وەک سکرتێری گشتیی حیزب خەباتی کرد و لە ساڵی ١٩٧٩ەوە چووە ناو خەباتی چەکداری.
لە ئەورووپا، بە تایبەتی لە فەڕانسە، زیاتر لەگەڵ هەڵسوکەوت و بیروباوەڕی سۆسیال دێموکرات ئاشنا بوو و لەوێ زانیاری و ئەزموونی زۆرتری دیپلۆماسی وەدستهێنا. بۆیە دەتوانین بڵێین قاسملوو لە هەمان کاتدا شوناسی ئاکادیمی، مامۆستا، سکرتێری گشتیی حیزبێک، ڕێبەری شۆڕشێکی چەکداری، دیپلۆمات و سۆسیال دێموکراتی هەبوو. بەپێی ئەوە، دەبێت دەروونیشی لە چەندین دەنگی جیاواز پێکهاتبێت و بەردەوام لەگەڵ ئەو دەنگانە گفتوگۆی ناوخۆیی هەبێت.
ئەمن چەندین جار د. عەبدولڕەحمان قاسملووم لە نزیکەوە بینیوە. یەکەم جار لە سەفەرێکدا بۆ دەفتەری سیاسی لە ناوچەکانی سەردەشت، لە دانیشتنێکی سیاسیدا لەگەڵیدا بەشدار بووم. لەو کاتەدا ئەندامانی دەفتەری سیاسی بە نۆبەت، هەفتانە جارێک، لەسەر بابەتێکی سیاسی یان فکری سیمینارێکیان پێشکەش دەکرد. ئەو شەوەی من میوان بووم، نۆبەتی د. قاسملوو بوو.
لەو سەردەمەدا، موجاهیدینی خەڵکی ئێران ئەو باوەڕەیان هەبوو کە کۆماری ئیسلامی زۆر لەسەر حوکم نامێنێت و بە زوویی دەڕووخێت. لە کاتی پرسیار و وەڵامدا، یەکێک پرسیاری لە د. قاسملوو کرد: «کەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕووخێت؟»
ئەو لە وەڵامدا گوتی: «لە ئێراندا نزیکەی هەر بیست و پێنج ساڵ جارێک ئاڵوگۆڕێکی سیاسی ڕوو دەدات. بۆیە ئێمە دەبێت خۆمان بۆ خەباتێکی درێژخایەن ئامادە بکەین و پشودرێژ بین.»
بە گومانی من، ئەم وەڵامە نیشانەی وردبینی و تێڕوانینی ستراتیژیی د. قاسملوو بوو. ئەو نەیگوت «ڕژێم دەڕووخێت»، بەڵکو بە وردی گوتی «ئاڵوگۆڕێکی سیاسی ڕوو دەدات». ئەم جیاوازییە لە وشەهەڵبژاردندا گرنگە، چونکە هەموو ئاڵوگۆڕێکی سیاسی بە مانای ڕووخانی ڕژێم نییە. ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ئێران بدەینەوە، دەتوانین ئەم تێڕوانینە بە جوڵانەوەی سەوزی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٩ و هەروەها بە جوڵانەوەکانی دواتر بەراورد بکەین.
لە ساڵی ١٩٨٤، من دووبارە د. قاسملووم لە نزیکەوە بینی. لەو پەیوەندییەدا، پێم خۆشە باسی دوو بەسەرهات بکەم کە گێڕانەوەیان نرخی مێژوویی زۆری هەیە.
یەکەم: لەو سەردەمەدا زۆر ڕەخنە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەگیرا و دەیانگوت: «بۆچی حیزب پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی سۆسیالیستی نییە؟»
لەو کاتەدا، من بورسێکی خوێندنم لەلایەن ئاڵمانیای شەرقی (کۆماری دێموکراتیکی ئاڵمان) پێ درابوو، تاکو لە زانکۆی هۆمبۆڵت (Humboldt-Universität) لە بەرلین، ئابووری و دیمۆگرافی بخوێنم. کۆرسەکانی هاوین دەستیان پێ دەکرد و ئەوە لەگەڵ خوێندنەکەم لە ئوتریش ناهاوتا نەبوو.

لە یەکێک لە دیدارەکاندا، لە د. عەبدولڕەحمان قاسملووم پرسی:
«بۆچی حیزب هەوڵ نادات پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی سۆسیالیستی دروست بکات؟»
ئەو لە وەڵامدا پێی گوتم:
«تا من نەچمە مۆسکۆ، ئەمریکا بانگهێشتم ناکات! تۆش کە ئێستا دەچی بۆ ئاڵمانیای شەرقی، وەک نوێنەری تەواو ئیختیاری من مامەڵە بکە و هەوڵ بدە دیدارێکم لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ دابین بکەیت.»
لە ئاڵمانیای شەرقی هەوڵم دا و لەگەڵ د. Gerhart Hass، کە مێژووناسێکی ناسراوی کۆماری دێموکراتیکی ئاڵمان بوو و پەیوەندییەکی نزیکی بە دەزگا دەوڵەتییەکان هەبوو، دیدارم کرد. ئەو لە وەڵامدا پێی گوتم: «ئاڵمانیای شەرقی بە زوویی دەڕووخێت و نامێنێت؛ بۆیە پێویست ناکات هێزی زۆر بۆ ئەم پەیوەندییە تەرخان بکرێت.»
ئەو وەڵامە لەو کاتەدا بۆ من سەیر بوو، چونکە هێشتا هیچ ئاماژەیەکی ئاشکرا بە ڕووخانی ئاڵمانیای شەرقی نەبوو. بەڵام چەند ساڵ دواتر، ڕووداوەکان نیشانیان دا کە ئەو هەڵسەنگاندنە تا ڕادەیەکی زۆر دروست بوو.
دووەم: لەو سەردەمەدا، بەداخەوە ناکۆکییەکی قوڵ لەنێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکراتی کوردستان هەبوو. لە هەمان کاتدا کە د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ئوتریش بوو، کاک مەسعود بارزانیش لەوێ ئامادە بوو.
د. هاینتس فیشەر، کە هاوڕێ و دۆستی کورد بوو و لەو کاتەدا وەزیری پەروەردەی ئوتریش بوو، ویستی ئەو دوو لایەنە ئاشت بکاتەوە. لەو سەردەمەدا، کاک کەریم پیرۆتی و کاک خەسرەوی بەهرامی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە بوون و د. قاسملوو میوانی کاک خەسرەوی بەهرامی بوو.
ئەو ڕۆژە منیش لە ماڵی کاک خەسرەو ئامادە بووم کە تەلەفۆنێک لە دەفتەری د. هاینتس فیشەرەوە هات. پەیامەکە ئەوە بوو کە د. فیشەر دەیەوێت کۆبوونەوەیەکی ئاشتەوایی لەنێوان د. قاسملوو و کاک مەسعود بارزانی ڕێک بخات.
کاتێک کاک خەسرەو ئەم داواکارییەی بە د. قاسملوو ڕاگەیاند، ئەو لە سەرەتا زۆر تووڕە بوو و چەند جار بە ناو ژوورەکەدا هاتووچۆی کرد. لە کۆتاییدا، کاک خەسرەو، کە هێشتا تەلەفۆنەکەی بەدەستەوە بوو، گوتی: «کاک دکتۆر، ئەوان چاوەڕوانی وەڵامی ئێوەن.»
بەپێی ئەوەی لە بیرمە، د. قاسملوو ڕازی بوو بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیە بکات. لە دوای ئەو کۆبوونەوەیەش پەیوەندییەکان لەنێوان دوو لایەنەکە باشتر بوون. بەڵام، ناتوانم بە دڵنیایی بڵێم ئەو کۆبوونەوەیە بە چ شێوەیەک بەڕێوە چوو یان چ ڕێککەوتنێکی تێدا بەدەست هات، چونکە هیچ بەڵگەیەکی نووسراو لەبەردەست نییە.
لە دواتر، لەسەر ئەم بابەتە پرسیارم لە کاک خەسرەوی بەهرامی کرد، بەڵام ئەویش گوتی: «لەبیرم نەماوە.»
هەروەها، بۆ دڵنیابوونەوە، پەیوەندیم بە د. ئایگنەر، سکرتێری ئیداریی د. هاینتس فیشەر کرد. ئەویش هەوڵی دۆزینەوەی بەڵگە و تۆمارەکانی ئەو کۆبوونەوەیەی دا، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نووسراوی نەدۆزییەوە.
وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا، هیچ مرۆڤێک تەواو بێ‌کەموکوڕی و بێ‌هەڵە نییە. بێگومان، د. عەبدولڕەحمان قاسملووش وەک هەر ڕێبەرێکی سیاسی، هەندێک بڕیار و هەڵوێستی هەبوون کە دەتوانرێت ڕەخنەیان لێ بگیرێت و لەوانەیە هەندێکیان لە ڕوانگەی ئێستاوە بەجێ نەبووبن.
دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩، خومەینی د. قاسملووی بە «ضد انقلاب و مفسد فی‌الارض» ناساند. ئەم ناونانە لە ڕوانگەی یاساییی کۆماری ئیسلامییەوە، بە مانای دەرکردنی فتوای ئێعدام بۆ ئەو بوو.
بە بۆچوونی من، دانیشتنەکانی ڤییەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەموکوڕییەکی ئەمنی و ستراتیژییان تێدا هەبوو، و لەوانەیە هەر ئەو کەموکوڕیانەش ڕێگایان بۆ ئەو تراژیدییە خۆش کردبێت. هەر بۆیە، بۆ من جێگای سەرنجە کە کەسێک بەو هەموو ئەزموونە سیاسی و دیپلۆماسییە، لە کۆتاییدا بکەوێتە ناو تەڵەیەکی ئاوا.
هەروەها، هەڵسوکەوتی لایەنی کوردیش چەندین پرسیاری گرنگ دروست دەکات، لەوانە:
بۆچی کۆبوونەوەکە لە شوێنێکی فەرمی یان ناوەندێکی دەوڵەتی بەڕێوە نەچوو؟
بۆچی لایەنێکی سێیەم، وەک ناوبژیوان یان چاودێر، تا کۆتایی ئامادە نەبوو؟
چۆن ڕازی بوون گفتوگۆکە لە ئاپارتمانێکی تایبەتدا ئەنجام بدرێت؟
بۆچی گرنگییەکی پێویست بە پاراستنی ئەمنیی د. قاسملوو نەدرا؟
بۆچی هیچ تیمێکی پاراستن یان یاریدەدەری پشتپەردە لە نزیکی شوێنی کۆبوونەوە جێگیر نەکرابوو؟
ئایا پێش کۆبوونەوە، هەڵسەنگاندنێکی ورد لەسەر ناسنامە و پاشخانەی ئەندامانی لایەنی کۆماری ئیسلامی کرابوو یان نا؟
ئەم پرسیارانە تەنیا پەیوەندییان بە مێژووی شەهیدبوونی د. قاسملووەوە نییە، بەڵکو وانەیە بۆ داهاتووی بزووتنەوەی کوردیش. لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی وردی ئەو ڕووداوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەڵەی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.

بۆ من، د. عەبدولڕەحمان قاسملوو یەکێک بوو لە گرنگترین کەسایەتییە سیاسییەکانی سەدەی بیست لە کوردستان. ئەو، وەک هەر مرۆڤێکی دیکە، هەڵەی هەبوو، بەڵام توانای ئەو لە بیرکردنەوەی ستراتیژی، دیپلۆماسی و ناساندنی پرسی کورد بۆ جیهان، جێگای تایبەتی بۆی هێشتووەتەوە. باشترین ڕێگا بۆ ڕێزلێنان لە یادەوەریی ئەو، ئەوەیە کە هەم دەستکەوتەکانی و هەم هەڵەکانی بە چاوێکی ڕەخنەگرانە بخوێنینەوە، تاکو نەوەکانی داهاتوو سوودی لێ وەربگرن.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی

مازووجی، عەلی(٢٠٢٦): قاسملووم چۆن بینی؟. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد

  • ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە

ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە

ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە فاتح سەعیدی دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە [...]

  • ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت

ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت

ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت دانا کۆنەپۆشی "لەناو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری بژی قاسملوو بەرز دەبێتەوە. قاسملوو درووشمەکەیان پێ دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبەکەی ئەودا تاکپەرستی جێگای نییە." پوختە      ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر [...]