شار ڕەشپۆش بوو
ناسر ساڵحی ئەسڵ
لە بەرەبەری ٣٧ ساڵەی ساڵیادی تیرۆرکردنی یەکێک لە شازترین ڕێبەرانی نەتەوەی کورد، د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو داین. دوکتۆر قاسملوو کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچە و جیهان، دیپلۆماتێکی شارەزا و سیاسەتمەدار و بەڕێوەبەرێکی لێهاتوو، ڕێبەرێکی ئاشتیخوازی نەتەوەی کورد و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو. بۆیە تاریکپەرستان و پیاوکوژانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە بەرانبەر بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەریی حیزبەکەی قاسملوو دەستەوەستان بوون، پەنایان بۆ فرتوفێڵ برد و لە ڕێگای ئاشتی و وتووێژەوە پێغەمبەری ئاشتییان لە سەر مێزی وتووێژ شەهید کرد.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خەیاڵی دەکرد بە تیرۆرکردنی دوکتۆر قاسملوو کۆتایی بە حیزبی ڕێبەری بزووتنەوەی میللیی دێموکراتیکی گەلی کورد و گوتاری کوردایەتی و خەبات بۆ ماف و ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێنێ، بەڵام کاتێک دوکتۆر سەعید شەرەفکەندی، ئەو خەباتگێڕە ڕاستەقینەی دێموکرات و ئەو جێنشینە لێوەشاوەی شەهید دوکتۆر قاسملوو، گیانێکی نوێی بە بەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا کردەوە و پەردەی بێهیوایی دڕی و نەیهێشت بێقاسملوویی بە حیزبەوە دیار بێ، هاتن بە بڕیارێکی نامرۆڤانە و بە کردارێکی جینایەتکارانە لە وڵاتێکی دێموکراتیکدا بە شەهیدکردنی کاک سەعیدی پێشمەرگەکان، مۆرێکی دیکەی ڕیسوایییان بە نێوچاوانی ڕەش و پڕ لە غەدر و جینایەتی خۆیانەوە نا.
من کە لە ژینگە و ناوچەیەکی سیاسیدا گەورە بووم، لە دانیشتن و مەجلیس و کۆڕ و کۆبوونەوەی خۆمانەدا هەمیشە گوێبیستی ئەو تایبەتمەندییانە لە زاری خەڵکانی شارەزا و دنیادیدە دەبووم کە باسی کەسایەتییەکی سیاسی، دیپلۆمات، ئەخلاق و مۆرالی، زمانزان، شارەزای ئەدەب و شیعرناسییان دەکرد، ناوی دوکتۆر قاسملووم دەبیست و لە گوێ و زینمدا دەزرینگایەوە و تۆمار دەکرا. بۆ یەکەم جار لە پاییزی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی پاش شەڕی سێ مانگە، کاک دوکتۆر قاسملوو سەردانی بۆکانی کرد و لە مزگەوتی جامیعەی شار قسەی بۆ خەڵک کرد. من لەگەڵ باوکم چووم بۆ مزگەوتی جامیعە، بەڵام لە بەردەرگا منداڵیان نەدەهێشت بچنە ژوورەوە و بە ناچاری لە دەرەوە مامەوە تا قسەکانی دوکتۆر قاسملوو تەواو بوو و لە مزگەوت دەرکەوت و خەڵکەکە هەموویان بە دەست ئاماژەیان بە دوکتۆر قاسملوو دەکرد کە سواری ماشین بوو و بۆ مقەڕی حیزب لە «مەکتەبی قورئان» دەگەڕێتەوە. من باوکمم جێهێشت و لەگەڵ کۆمەڵێک منداڵی هاوتەمەنی خۆم، خۆمان گەیاندە بەر دەرگای مەکتەبی قورئان، بەڵام لەوێش ئیزنیان بە منداڵ نەدا کە بچنە حەساری مقەڕی حیزب و بە ناچاری وەک منداڵانی دیکە بە هەزار زەحمەت و پاڵەوپەستوو لە نێو ئاپوڕای خەڵکدا، خۆم بە نێردەوانەکانی دیواری حەساری مەکتەبی قورئان هەڵاواسای و چاوم لە پەنجەرەکانی مەکتەبی قورئان دەکرد کە خەڵکەکە بە دەست ئاماژەیان بە پەنجەرەکان دەکرد، تا بەڵکوو دوکتۆر قاسملوو ببینم. بۆیە هەر لەو کاتەوە و لە سەردەمی منداڵییەوە دوکتۆر قاسملووم وەک ڕێبەرێکی بێهاوتای و سکرتێری بێوێنەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناسی. بۆ من دوکتۆر قاسملوو سوسیالیستێکی ناودار و مەزن بوو، بۆیە هەر لە منداڵییەوە شانازیم بە سوسیالیستبوونی خۆم دەکرد.
شانازیم دەکرد کە دوکتۆر قاسملوو تاکە ڕێبەر و تاکە نەفەری یەکەمی حیزبێکی سیاسیی کوردییە لە ئاست تەواوی نەفەری یەکەم و سەرکردەی یەکەمی حیزبەکانی کوردستانی گەورەدا، زیاتر لە ١٠ زمانی زانیبێت. بە شانازییەوە لە کۆڕ و کۆبوونەوەی ڕەقیقاندا دەمگوت: دوکتۆر قاسملوو زمانەکانی (فەرەنسی، ئینگلیزی، ڕووسی، عەرەبی، فارسی، تورکی، چیک، سلۆڤاک، ئازەری، کوردی) دەزانێت. ئەو تایبەتمەندییانە بۆ من وەک قوتابی لە قوتابخانە و خوێندکار لە زانکۆ، جێگای شانازی و سەربڵندی بوو.
بۆ منی لاو کە تازە لەگەڵ سیاسەت و حیزبایەتی ئاشنا دەبووم، دوکتۆر قاسملوو لە ڕووی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە تاکە ڕێبەرێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە ڕێبەرایەتی و بەڕێوەبەریی جووڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕیی بەهێز و خاوەن جێگە و پێگەی کۆمەڵانی خەڵکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد کە جووڵانەوەی گەلی کورد هەم سەردەمی محەممەد ڕەزا شا و هەم سەردەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەی نزیک بە ٢٠ ساڵ، لە سەردەمی قاسملوودا بەرزتر و بەهێزتر بوو. هەروەها بۆ من دوکتۆر قاسملوو تاکە ڕێبەری کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوین بووە کە لە گەرمەی خەباتی چەکداریدا، «جنێو و وشەی ناپەسەندی کۆمەڵایەتی» هەرگیز بۆ هیچ یەکێک لە سەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و نەیارە سیاسییەکانی بەکارنەهێناوە. دوکتۆر قاسملوو تاکە ڕێبەرێک بووە کە ئەتەکێتی گفتوگۆ و لێدوان و وتارە حەماسییەکانی زۆر بە ئەدەبانە بووە و وتارەکانی لە سەختترین ساتی خەباتی چەکداریشدا بەدوور بووە لە بەکارهێنانی هەر جۆرە وشەیەکی نەشیاوی کۆمەڵایەتی بۆ دوژمن و نەیارە سیاسییەکانی. بەڵام خۆم شاهیدم و بینیومە کە لە کاتی لێپرسینەوە (بازجویی) لە خۆم لەلایەن لێپرسەرانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئیتلاعاتی سنە و بۆکان و مەهاباد و ورمێ، یەکەم قسەی بازجووەکان توهینکردن و جنێودان بە دوکتۆر قاسملوو بوو. لە ئیتلاعاتی سنە لێپرسەرێک کە بە «حاجی عەزیزی» بانگیان دەکرد، بە قین و بوغزەوە توهینی بە دوکتۆر قاسملوو دەکرد و بە شانازییەوە دەیگووت: «قاسملوومان لە دڵی ئورووپا دا کوشت!!!»
تایبەتمەندییەکی دیکەی دوکتۆر قاسملوو بۆ من وەک خوێندکارێکی زانکۆ، کە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خوێندکاریدا شانازیم پێوە دەکرد، ئەوە بوو کە بە پێچەوانەی بەشێک لە ڕێبەرانی حیزب و ڕێکخراوەکانی سیاسیی دیکەی گەلی کورد زۆر دژی فەردپەرستی لە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بوو. هەر بۆیە دوکتۆر قاسملوو تاکە ڕێبەری نەتەوەی کورد بووە کە هەڵواسینی وێنەکانی و شیعار و هوتافدانی «بژی قاسملوو»-ی لە نێو ڕیزەکانی حیزبەکەیدا قەدەغە کردبوو. دوکتۆر قاسملوو پێی وابوو بونیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست بە خۆبەزلزانین و خۆپەرستییەوە بنیات نانرێ، بەڵکوو بە شەرعیەتدان بۆ گشت کۆمەڵگا بنیات ئەنرێت.
دوکتۆر قاسملوو تاکە ڕێبەری نەتەوەی کورد بووە کە لە پاش ساڵی ١٣٤٩وە وەک نەفەری یەکەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مەیدانی سیاسیدا بوو هەتا ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، کە دەکاتە نزیک بە ٢٠ ساڵی سەرکردایەتیی جووڵانەوەی خەباتی سیاسی-نیزامی دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کەچی بە هیچ جۆرە پێوەندییەکی ناسالم لەگەڵ وڵاتان بە دژی گەلان یان گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان تێوەنەگلاوە! بەتایبەت هەموو بەڵگە مێژووییەکان گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن کە لە سەردەمی دوکتۆر قاسملوودا هیچ کوردێک بۆ ڕێژیم و داگیرکەرانی کوردستانی گەورە لە هەر چوار بەشەکەی نەکوژرا و تیرۆر نەکرا. چونکە لەلایەن حیزبەکەی دوکتۆر قاسملووەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دوکتۆر قاسملوو هێندە زانایانە و لێزانانە سیاسەتی دەکرد کە هەرگیز بە زیانگەیاندن بە جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی بەشەکانی دیکەی کوردستان نەدەشکایەوە و هیچ پێوەندییەکی ناسالم لەگەڵ وڵاتان و لایەنە سیاسییەکان لە تەواوی ژیانی قاسملوودا ناتوانین بەدەست بێنین و نەبینراوە و نەبیسراوە.
هەروەها دوکتۆر قاسملوو تاکە ڕێبەری سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەلی کوردە کە توانای داهێنانی تێزی سیاسیی هەبووە و ئەتوانم بڵێم کە تاکە بیرمەندێکی سیاسیی کوردە، ئەو کۆمەڵە تێزەی کە قاسملوو هێناویەتیە نێو کایەی سیاسەتەوە یان داهێنانێکی نوێی لە جێبەجێکردنیاندا خستووەتەڕوو بریتین لە: (سەربەخۆییی بڕیاردان، ئەخلاق لە سیاسەتدا، بەرپرسیارێتی، دێموکراسیی ڕاستەقینە، سۆسیالیزمی دێموکراتیک و…) کە ئەگەر بە وردی لێی بتوێژینەوە ئەوا بۆمان دەرئەکەوێ کە تێزەکانی تا چەندێک پڕبایەخن بۆ کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی. دوکتۆر قاسملوو وەک بیرمەندێکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە تیۆریاکانیدا «مرۆڤگەرایی» و مۆراڵ دەکاتە پێوەری جووڵە و تایبەتمەندیی مرۆڤی سیاسەتووان. بۆیە من وەک قوتابییەکی مەکتەبی قاسملوو شانازی بە ڕێبازی قاسملوو دەکەم کە هەزاران قوتابی لە پاش خۆی پەروەردە کرد. لێرەدا چەند بیرەوەرییەک دەگێڕمەوە بۆ سەلماندنی زیندوویی هزر و ئەندێشەی قاسملوو.
بۆ جاری دووەم کە شاری بۆکان کەوتەوە دەستی هێزی پێشمەرگە، بە هۆی هەڵکەوتی ماڵەکەمان و گەڕەکەکەمان بەشێک لە منداڵانی گەڕەکەکەمان چەپ و کۆمۆنیست بوون! منیش کە ئەو کات ئەدەبیاتی چەپ زاڵ بوو و هەر کەس چەپ بووایە واتە باسەوادە!! منیش خۆم بە چەپ و کۆمۆنیست دەزانی!! بەڵام هاوڕێکانم گاڵتەیان پێ دەکردم کە تۆ لایەنگر و هەواداری حیزبێکی بۆرژوای. منیش بە وشەی «بۆرژوا» زۆر زۆر هەستیار بووم و وامدەزانی جنێوم پێ دەدەن. ڕۆژێک چوومە مقەڕی حیزبی دێموکرات لە مەکتەبی قورئان، دروشمێک کەوتە بەرچاوم کە نووسرابوو «بژی سۆسیالیست»، زۆر زۆر کەیفم ساز بوو و بە هەڵاتن چووم بەدوای هاوڕێکانمدا و لە کۆڵانی خۆمان پێیان وتم، ڕەفیقەکانت چوونە ساختوومانەکەی ماڵی عەلی کشاوەرز کە مقەڕی کۆمەڵە بوو. باشم لە بیرە کە چووم و پرسیارم لە ئاشنایەک کرد، وتی لە سەربانن و کاک دوکتۆر جەعفەر شەفیعی قسەیان بۆ دەکا. منیش کە چوومە سەربان دیتم هەموو ڕەفیقەکانم لەوێن و بە دەنگی بەرزەوە وتم، حیزبی من بۆرژوا نییە و سۆسیالیستە و دروشمی «بژی سۆسیالیست» لە مقەڕی حیزبی دێموکرات نووسراوە. ئەوانیش وتیان شتی وا نییە! منیش بۆ سەلماندن هەموو منداڵەکانم لەگەڵ خۆم برد بۆ مقەڕی حیزب! پێشمەرگەیەکی ئاشنا وتی ناسر ئەو منداڵانە بۆ کوێ دەبەیت؟ منیش بۆم باس کرد و ئەویش ئیزنی دام کە منداڵەکان ببەمە ژوورەوە و شوعارەکەیان پێشان بدەم و شوعاری «بژی سۆسیالیست»-مم پێشان دان. پێشمەرگەیەک لە مقەڕی حیزب قسەی بۆ منداڵەکان کرد و وتی کە بیری دوکتۆر قاسملوو بیریێکی چەپ و سۆسیالیستییە. لەو ڕۆژەوە منیش وەک منداڵانی گەڕەکی خۆمان شانازیم بە حیزبەکەی دوکتۆر قاسملوو دەکرد کە ئێمەش سۆسیالیستین!!
ساڵی ١٣٧٩ بۆ مەراسمی ساڵوەگەری ١٨ی پوشپەڕ بۆ زانکۆی تاران لەلایەن خوێندکارانی جەبهەی دێموکراتیک کاک حشمەتوڵڵا تەبەرزەدی بۆ خۆپێشاندان لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری کورد بانگهێشت کرابوون. لە کاتی دروشم داندا دروشمێک بۆ ئێمەی خوێندکارانی کورد جێگای سەرنج بوو و بە بەردەوامی دووپاتمان دەکردەوە، ئەوە بوو: «سەر دەستەی جانیان، عەلی فەلاحیان، ئعدام باید گردد». ئەو دروشمە بۆ بەشێک لە خوێندکارانی غەیرە کورد جێگای پرسیار بوو و پرسیاریان دەکرد کە بۆ ئەو دروشمە دووپات و چەندپات دەکەنەوە!!! ئێمەش لە وەڵامدا دەمانگوت کە عەلی فەلاحیان دارێژەری تیرۆری شەهید دوکتۆر قاسملوو بووە!! بۆیە ئەوانیش لەگەڵ ئێمە ئەو دروشمەیان دووپات دەکردەوە. هەر لەو مەراسیمەدا چەند مامۆستایەکی ناوداری زانکۆی تاران، ئەنگۆستیان بۆ کۆلێژی ئابووری و خشتە سوورەکانی بینا و ساختوومانی کۆلێژی ئابووری ڕادەکێشا کە دوکتۆر قاسملوو ماوەیەک لە کۆلێژی ئابووریی زانکۆی تاران وانەی خوێندووە.
لە هاوینی ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی وەک خوێندکاری زانکۆ لە کۆنگرەی «فەرزانەکانی کورد» لە ساڵۆنی کاوەی شاری سەقز بەشدار بووم. لەو کۆنگرەیەدا خوێندنەوەی ژیاننامەی بەشێک لە بیرمەندان و نووسەران و شاعیرانی کوردم پێ سپێردرابوو. یەکێک لەو کەسایەتییانە ژیاننامەی مامۆستا هێمن بوو. من بۆ خۆم و بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو کۆنگرەیە، بڕیارم دا بە جیگای خوێندنەوەی ژیاننامەی مامۆستا هێمن، پێشەکیی دیوانی شیعری «تاریک و ڕوون» لە نووسینی دوکتۆر قاسملوو بخوێنمەوە! لە پشت تریبۆن وتم هەموومان ژیان و بەسەرهاتی مامۆستا هێمن دەزانین، بۆیە لێرەدا بە جیگای ژیاننامەی مامۆستا هێمن، پێشەکیی دیوانی شیعری «تاریک و ڕوون» لە نووسینی شەهید «دوکتۆر قاسملوو» دەخوێنمەوە. بەشدارانی ساڵۆنی کۆنگرە بە چەپڵەڕێزان پێشوازییان کرد. لەو کاتەدا خۆشییەک دایگرتم و مووی لەشم سیخ بوو و تا ئێستاش شانازی پێوە دەکەم. سمینارێکی دیکەش کە شانازی پێوە دەکەم، سمیناری ڕێزگرتن لە مامۆستا هەژار و کۆمەڵێک شاعیر و نووسەری دیکە بوو لە زانکۆی ئازادی شاری سنە. ئەو سمینارە لە ڕۆژی ٧ی پوشپەڕی ١٣٧٢ لە کۆلێژی «علوومی ئینسانی» زانکۆی ئازادی شاری سنە بەڕێوەچوو. منیش وەک یەکێک لە وتارخوێنان بانگهێشتی ڕەسمی کرابووم و وتارێکم سەبارەت بە ژیان و بەسەرهاتی مامۆستا هەژار ئامادە کردبوو. لە کاتی چوونە ژووری ساڵۆنی سمینارەکە، هەموو ساڵۆنەکە بە وێنەی بەهەشتی و کوژراوانی «٧ی تیر» ڕازابووەوە!! و وێنە و پۆستەرەکانی مامۆستا هەژار و شاعیران و نووسەرانیان داپۆشیبوو!! بۆیە زۆربەی بەشداربووان و وتارخوێنان ناڕەزایەتییان دەربڕی کە بەشداری ئەو سمینارە ناکەن! تا بە جیگای وێنەی ئەو کەسانە، وێنەی مامۆستا هەژار و شاعیران و نووسەرانی ئەو سمینارە دانەنرێت!! بۆیە سەرئەنجام بەشی زۆری وێنەکانی بەهەشتی وەلانران و وێنەکانی مامۆستا هەژار و شاعیران و نووسەرانی دیکەی کورد کە شاردرا بوونەوە، دەرکەوتن. من و چەند هاوڕێی دیکە کە ئەرکی ئامادەکردنی پۆستەرەکانمان لە ئەستۆ بوو، ٥ وێنەی دوکتۆر قاسملوومان لەگەڵ وێنەی مامۆستا هەژار، ساڵۆنەکەمان پێ ڕازاندبووەوە!! زۆربەی بەشداربووان بە دیتنی وێنەی دوکتۆر قاسملوو هەم حەپەسان و هەم فرمێسکی خۆشییان لە چاواندا قەتیس مابوو و خۆشحاڵ بوون. ساڵۆنی سمینارەکە ببوو بە ئاماژە و ئیشارەکردن بۆ یەکتر بە وێنەکانی دوکتۆر قاسملوو. لە ئاخری سمینارەکەدا حەراسەتی زانکۆ بە ئاماژە و ئیشارەکانی بەشداربووان هەستیار بوو و کەسێک بە ناوی «ئەسغەرنیا» کە لە تەقینەوەکەی ٧ی تیردا بوو و پێیان دەوت «شەهیدی زیندوو» و لە ماوەیەک لە ساڵەکانی دەیەی شەست ئوستانداری سنە بوو و ڕئیسی زانکۆی ئازادی سنە و دۆستی نزیکی هاشمی ڕەفسەنجانی بوو، وێنەی دوکتۆر قاسملووی ناسییەوە و هاتە پشت تریبۆن و دەستی کرد بە هەڕەشە و گوڕەشەکردن و هەندێک قسەی بێسەروبەری کرد و ئەمری کرد کە هەموو وێنەکانی مامۆستا هەژار و شاعیر و نووسەر و ئەو چەند وێنەیەی دوکتۆر قاسملوو لێ بکرێتەوە و سمینارەکە بە نیوەچڵی کۆتایی پێهات و بەشداربووان ساڵۆنی سمینارەکەیان جێهێشت. لەسەر ئەو دوو ڕووداوە پاش دەستبەسەرکردنم لە ئیتلاعاتی سنە، زۆر ئازار و ئەزیەت کرام!! کە کێ و لەگەڵ کێ ئەو کارەت کرد و دەبێ ناوی ئەو کەسانەمان پێ بڵێی!! و لە کاتی دادگاییش لە بە ناو «کیفەرخاست»ەکەمدا هاتبوو و پێی حوکم درام. بۆیە ئێستاشیش لەگەڵ بێ بەو حوکم و کیفەرخاستە شانازی دەکەم. بۆیە لە زیندانی ورمێ لە کۆی نزیک ٢٠٠ کەسی بەندکراو کە زۆربەیان ئەندامی حیزبی دێموکرات بوون، هزر و ئەندێشەی دوکتۆر قاسملوو دیار بوو. چونکە لە ٢٠ بەندی زیندانی ورمێ، بەندی سیاسییەکان نموونەی ئەخلاق، پاک و خاوێنی و ڕەوشتی بەرزی و جێگای ڕێزی بەندکراوانی زیندانی گەورەی ورمێ بوو.
ڕۆژە ڕەشەکەی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی پوشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، خەڵکی شار و گوندی کوردستان خۆیان بۆ جێژنی قوربان ئامادە دەکرد. ئێوارە ڕادیۆکەمان خستە سەر شەپۆلی ڕادیۆ «دەنگی کوردستان»، بەڵام شمشاڵەکەی قالەمەڕە، زۆر جیاواز و غەمناکتر بوو لە جاران!! دڵەخورپە دایگرتم!! کە چی ڕوویداوە؟ کاک ئەحمەد شێربەگی هەواڵە سامناکەکەی خوێندەوە کە لە دەرەوەی وڵات لە وڵاتی ئوتریش و شاری ڤیەن تەقە لە سکرتێری حیزب دوکتۆر قاسملوو کراوە!! ئەو ڕۆژەم هەرگیز لە بیر ناچێت کە شاری بۆکان لە بێدەنگییەکی سامناکدا بوو! کەس باسی جێژنی قوربانی نەدەکرد!! باس باسی تەقەکردن لە دوکتۆر قاسملوو بوو! نیوەڕۆ هەواڵە سامناکەکە لە ڕادیۆ «دەنگی کوردستان» بە ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بڵاو بووەوە و شار ڕەشی پۆشی و فرمێسک لە چاوی ژن و پیاو و منداڵ و لاوان قەتیس مابوو، و جێژنی قوربان بوو بە شین و گریان. ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕادیۆی لەندەن باسی تیرۆرەکەی کرد کە سێ کوردی ئێرانی لە ساختوومانێکی شاری ڤیەن تیرۆر کراون. ئەو ڕۆژە بۆ من ڕۆژێکی ڕەش بوو.
ئەم خاڵانەی کە خستمەڕوو بەدوورن لە هەر سۆز و عاتیفەیەک بۆ ڕێبەرەکەم و حیزبەکەم، بەڵکو بە وردی ئەم تایبەتمەندییانەم لە خوێندنەوەی تێزەکانی دوکتۆر قاسملوو و بەراوردکردن لەگەڵ ڕێبەرانی ناوچە و جیهان و کوردستان وینا کردووە. هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجە دزێوەکانی خۆیان و سڕینەوەی بزاڤی میللیی دێموکراتیکی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەموو جۆرە پیلانێک بۆ سەرکوتی ئەم بزاڤە کەڵکیان وەرگرتووە و بەکارهێنانی هەموو جۆرە پیلان و فرتوفێڵێکیان بۆ لەناوبردن و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانی نەتەوەی کورد و بەتایبەت بۆ تیرۆرکردنی ڕێبەری ناوداری کورد دوکتۆر قاسملوو بە ڕەوا زانیوە. بەڵام دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران دەبێ ئەوە باش بزانن کە بە شەهیدکردنی دوکتۆر قاسملوو، خەبات بۆ مافی ڕەوای کورد لەلایەن قوتابیانی ڕێبازی قاسملوو هەر درێژەی هەیە. چونکە ئەگەر بە جەستە دوکتۆر قاسملوویان تیرۆر کرد، بەڵام هزر و ئەندێشەی کوردایەتی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و خەبات بۆ ماف و ئازادیی دوکتۆر قاسملوو لە ناخی نەتەوەی کورددا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە و تا هەنووکەش مەشخەڵی قاسملوو و ئاڵای بزاڤی میللیی دێموکراتیکی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای ئەو هەموو غەدر و جینایەتە تا سەرکەوتنی یەکجاری هەر گەشاوەیە و دەشەکێتەوە.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
ساڵحی ئەسڵ،ناسر(٢٠٢٦): شار ڕەشپۆش بوو. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت دانا کۆنەپۆشی "لەناو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری بژی قاسملوو بەرز دەبێتەوە. قاسملوو درووشمەکەیان پێ دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبەکەی ئەودا تاکپەرستی جێگای نییە." پوختە ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر [...]


