گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣ 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026

ئەمین نژاد، رزگار. ئۆپۆزیسیۆن و بنبەستی ئینقلاب لە ئێراندا. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073

DOI 10.69939/TISHK0073

لە بیاڤی سیاسەتی مودێڕندا سنووری نێوان “واقع” و “نواندنەوە” وەها لێک گرێ دراوە‌ کە چیتر ناکرێ هێز لەسەر بنەمای جوغرافیا، ژمارەی دانیشتووان یان توانای سەربازی پێناسە و پێوانە بکەین. گۆڕانکارییە خێراکانی ئەم چەند دەیەی دوایی و بەتایبەت پەڕینەوە بۆ چاخی دیجیتاڵ، پارادایمی هێزی لە فۆرمی ڕەقەوه گۆڕیوە بۆ بەرگێکی نەرم و هێمایی. لەم گۆڕانکارییە مەزنەدا، ڕاگەیاندن چیتر ئامرازێک نییە بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری، بەڵکوو خودی هێزە. ئەم وتارە بە چڕبوونەوە لەسەر‌ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کوردستان پاش شۆڕشی ژینا لە ساڵی “1401” بە دوای وڵامی ئەم پرسیارەوەیە‌ کە بۆچی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان سەرەڕای پاشخانێکی‌ قوولی مێژوویی و سیاسی و‌ ڕاپەڕینی ژینا‌ و سەرمایەی کۆمەڵایەتیی بەرفراوان نەیتوانیوە ئەم پاشخانە بەرفروانە بگۆڕێ بۆ “هێزی هەژمۆنیک” لە ئاستی ئێران و جیهاندا‌، بەڵام ڕەوتی ڕاستئاژۆی شاپەرستی لە ئێران، سەرەڕای نەبوونی پێگه و ڕێکخستنێکی تۆکمەی سیاسی، توانیویەتی لەرێگەی هەژمۆنی ڕاگەیاندنەوە بگاتە ئاستێک کە خۆی بە تاکە ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی نوێی ئێران‌ بناسێنێ.

رزگار ئەمین نژاد. ئۆپۆزیسیۆن و بنبەستی ئینقلاب لە ئێراندا.

پوختە

ئەم وتارە هەوڵ دەدات هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخی ئۆپۆزیسیۆن، کاتالیزۆرەکان  و مەرجە پێکهاتەییەکانی ئینقلاب لە ئێراندا بکات و ئەم پرسیارە بێنێتە ئاراوە کە بۆچی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەو ئاستەدا نییە کە وەک ئەڵتەرناتیڤی کۆماری ئیسلامی دەرکەوێت؟ لەم وتارەدا «فەزا» و «جوگرافیای ڕاپەڕین» وەک مەرجە پێکهاتەییەکانی ئینقلاب بە بنەما دەگیرێت و هەوڵی وتارەکە ئەوەیە کە سەرەتا لەدوای پێگەی عەینی و باندۆری هزریی ئۆپۆزیسیۆن لەم بەستێنە پێکهاتەییەدا بگەڕێت. لەبابەت نرخاندنی کاتالیزۆرەکانی ئینقلاب، وتارەکە دوو هۆکاری بنەڕەتی بە بنەما دەگرێت کە بریتین لە: «هێزی کۆنتڕۆڵ و باڵانس» کە لەم وتارەدا وەک «مەیدان» شیکاریی بۆ دەکرێت و هەروەها «پۆتەنسیەڵی گۆڕان». پۆتەنسیەڵەکان ئەو دەرفەت و ئیمکانانەن کە یارمەتی بە ئۆپۆزیسیۆن دەدەن تاوەکوو پەرە بە فەزاکانی خۆنواندنەوە بدات کە لەم وتارەدا «وێژمانسازی»، «هیوای گۆڕان» و بەتایبەت «کات» وەک دەرفەتێکی پێکهاتەیی، لەبەرچاو دەگیرێت. ئامانجی وتارەکە ئەوەیە کە بیسەلمێنێت ڕێژیم ئەو  ئیمکان و دەرفەتانەی لە دژبەرانی خۆی داگیر کردووە کە شانسی گۆڕانی بنچینەیی دەباتە سەر. دۆخی ئاوارتە (استثنایی) دوابەشی وتارەکەیە کە ئاماژە بە دیاردەیەکی هایپەر-پێکهاتەیی دەکات کە باڵی بەسەر هۆکارە بنەماییەکانی گۆڕاندا گرتووە. رێژیم لەم سۆنگەیەوە توانیویەتی هاوبەندیی نێوان حکوومەت و ئەو پێکهاتانە پتەو بکات کە مانەوەی دەسەڵاتی بۆ مسۆگەر دەکەن. ئەم دیاردەیە وێڕای بەرهەمهێنانی «سەرمایەداری سیاسی»، کۆمەڵگەشی لە بۆشاییەکی سیاسیدا چەقاندووە کە بە «سڕبوونی مەدەنی» شرۆڤە دەکرێت و «کوردیناسیۆنی وێرانی» میکانیزمەکەیەتی.

پێشەکی

یەک لە پرسیارە بەرچاوەکان لە ڕۆژانی دوای «شەڕی ١٢ ڕۆژانە» ئەمە بوو کە بۆچی هێرشە جەرگبڕەکانی ئیسرائیل  بۆ سەر ئێران نەبووە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی؟ ئەمە لەکاتێکدا بوو کە لە دەزگا میدیاییەکانی ئیسرائیل و بەتایبەت لە زمانی نەتانیاهووشەوە، ڕاشکاوانە ڕادەگەیاندرا کە ئەم شەڕە گەلانی ئێران ناگرێتەوە و داوایان لە خەڵک کرد؛ ئێستا کە ماشینی سەرکوتی ڕێژیم لەوپەڕی لاوازی و سەرلێشێواوی‌دایە، لەدژی ڕێژیم ڕاپەڕن. باڵی پاشاییخوازیش وێڕای پشتگری کردنی هێرشەکانی ئیسرائیل، نەوەی کوورشی مەزنیان بۆ ڕاپەڕین هان دا و ئەویش وەک نەتانیاهوو باوەڕی وابوو کە «چارەنووس و کولتوری» ئێرانییەکان جیاوازە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. ئێمە دەتوانین لە ڕەهەندی ئاژیتاسیۆنی ئەم قسانە تێبگەین، بەڵام ئەم پرسیارەش گرنگە: «بۆ دەبێ چارەنووس و کولتوری ئێرانییەکان جیاواز بێت لەگەڵ کولتور و چارەنووسی دەسەڵاتدارەکانی؟». بۆ نموونە دەکرێت بڵەین چارەنووس و کولتوری کورد، بەلووچ و نەتەوەکانی دیکە جیاوازە لەگەڵ ئێرانییەکان، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران خۆ لە ئاسمانەوە دانەبەزیون، بە کودیتا یا بەهۆی هێرشی سەربازییەوە دەسەڵاتیان نەگرتووەتە دەست. ئەم ڕێژیمە بەرهەمی ئینقلابە و سەرەڕای بایکۆتی بەشێک لە حیزبەکان، لە رێفراندۆمی ساڵی ١٣٥٨ دا دەنگی زۆرینەی هێناوەتەوە، لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقدا بە سەدان هەزار کەس بەهۆی دروشمی «ڕێگای قودس لە کەربەلاوە تێدەپەڕێت» بوون بە قوربانیی سیاسەتە جیهادییەکانی ڕێژیم و تەنانەت لە دوایین هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و بەدوای ئەو هەمووە خوێنانەی لە شۆڕشی ژینادا ڕژان، توانی زیاتر لە سەداپەنجای دەنگدەران ڕەوانەی سندووقەکانی دەنگدان بکات.

لەمەڕ هاوپێوەندیی دەسەڵات و گەل، «ئەفلاتوون» لە سەردەمی ئانتیکەوە ئاماژەی بەوە داوە کە حکوومەتەکان نە بەری داربەڕوون و نە لە شاخ بەربوونەتەوە، بەڵکوو بەرهەمی هەست و نەست و ئەخلاقی ئەو کۆمەڵگایەن کە دەوڵەت حوکمیان لەسەر دەکات (Platon, 2001, 544d). «ئیبنی خەلدوون»یش لە کۆتاییەکانی سەدەی چواردە و لە کتێبی «المقدمە»، ئاماژەی بەوە داوە کە دەوڵەتەکان بەرهەمی ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەن کە «عەسەبیەت»ێکی بەهێزیان هەیە، هەروەها ڕووخانی حکوومەتەکانیش بەهۆی لاوازبوونی وەها عەسەبیەتێک دێتە دی و لە ئەنجامدا پێکهاتەیەکی دیکە و بە عەسەبیەتێکی بەهێزتر جێگای دەگرێتەوە (ابن خلدون، ١٣٩٤). هەڵبەت لە شرۆڤەکاندا دەکرێت عەسەبیەت بە کۆدەنگی و تەباییی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان لێک بدرێتەوە کە لە سەردەمی ئیبنی خەلدووندا بە «قەوم» ناوزەد کراون. کارڵ مارکسیش هەرچەند لە ڕوانگەیەکی ئابووری و بەپێی تایبەتمەندییە چینایەتییەکان لە دەوڵەت دەڕوانێت، بەڵام وەها هاوپێوەندییەک لەنێوان دەوڵەت و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا دەسەلمێنێت و لە مانیفیستی کۆمۆنیزمدا دەوڵەت وەک بەرهەمی چینی باندەست پێناسە دەکات (Marx, 2016). لە سەردەمی هاوچەرخیش، توێژینەوەکان لەمەڕ سەلماندنی هاوچارەنووسی و هاوکولتوریی لەنێوان حکوومەت و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان هێندە کەم نین کە لەم وتارەدا ئاماژە بە یەک‌بەیەکیان بدەین.

ئەوەی ڕوونە، تارانییەکان و خەڵکی مەزنشارەکانی ئێران نەیانویست جیاوازبوونی کولتور و چارەنووسی خۆیان لەو ڕۆژانەدا بخەنە ڕوو، بانگەوازەکەی پەهلەویشیان بە هەند نەگرت و پشتیشیان بە تڕامپ و نەتانیاهوو گەرم نەکرد. حەوت مانگ بەدوای ئەو هێرشانەدا و دوابەدوای ناڕەزایەتیدەربڕینی مۆبایلفرۆشەکانی «پاساژی عەلائەدین» بەهۆی نرخی ناجێگیری دۆلار، خەڵکی تاران و مەزنشارەکانی ئێران ڕژانە شەقام، هاواری پەهلەوییان کرد و داواشیان لە تڕامپ کرد کە هێرش بکاتە سەر ئێران! ئەم ڕاپەڕینە کە ناوی «ئینقلابی میللی»یان بە گوێیدا خوێند و وەک «سیاسەتی بادانەوە» (Backlash politics) تێبینی کرا، توانی فەزا و جوگرافیای ڕاپەڕین بە قازانجی باڵی پاشاخوازەکان بگۆڕێت. کەوایە لەم بڕگەیەوە کاتێ باس لە ئۆپۆزیسیۆن دەکەین، دەبێ ئاماژە بە بڵۆکی پاشاخوازی و بڵۆکی کۆماریخوازەکان بکەین. هۆکارەکەش ئەوەیە کە لە ڕۆژانی ١٧ و ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ و بەهۆی بانگەوازەکەی پەهلەوی، نەک ڕێژەی بەشداربوانی ڕاپەڕینکە ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەڵکوو سیمبول و دروشمەکانیش ئینتیمای گەڕانەوە بۆ نۆستالۆژیایەکی بونیاتتەوەرانەیان پێوە دیار بوو. خاڵی جێی سەرنجی ئەم وتارە، لەم پرسیارەدا چڕ دەبێتەوە کە بەدوای بزووتنەوەیەکی پرۆگرێسیڤی وەک «ژن، ژیان، ئازادی» کە توێژەرانی ئێرانی تایبەتمەندییەکی پۆست-مۆدێڕنیان پێدەدا و وەک ئینقلابی ئەنتەرسێکشێناڵیی، پێناسەیان دەکرد، بۆچی لە نەکاو ناسیۆنالیزمێکی رێترۆتۆپیک جێگای دەگرێتەوە تاوەکوو کۆمەڵگە بەرەو ژیاندنەوەی ڕێژیمێکی سیاسی بانگ بکات کە ئەندازیاری بەدامەزراوەیی کردنی بێدادی و نایەکسانی بوو لە ئێران؟ بۆ تێگەیشتن لەم پارادۆکسە سیاسی و کولتورییە، ناچارین پێداچوونەوەیەک لەمەڕ ڕۆڵی مێژوویی بلۆکی کۆماریخواز و هەروەها بەستێنی سایکۆ-کۆمەڵایەتیی ئێران بکەین.

مەرجە پێکهاتەییەکانی ئینقلاب

گەرچی کاتالیزۆرەکان وەک پاڵنەری ئینقلاب تێبینی کراون، بەڵام مەرجە پێکهاتەییەکان  (Structural conditions) کە لەم وتارەدا دوو فاکتۆری «فەزا» و «جوگرافیای ڕاپەڕین» بە بنەما گیراون، دەرکەوتەی چالاکییە عەینی و زەینییەکانی هێزی ئینقلاب لە لایەک و هەروەها ستراتیژیی بەرگرییانەی دژە-ئینقلابیش دەخاتە ڕوو (Skocpol, 1979)، هۆکارەکەش ئەوەیە کە مەرجە پێکهاتەییەکان وەک مەیدان وایە کە چارەنووسی شکست و سەرکەوتنی ئینقلاب دیاریی دەکات. کەوایە سەرکەوتنی ئینقلاب کاتێ مسۆگەر دەبێت کە فەزا وەک چۆنایەتی و جوگرافیاش وەک چەندایەتی، لەو ئاستەدا بێت کە حکوومەت تووشی ئیفلیجیی سیستەماتیک (Systemic Paralysis) بکات. لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم شی بکەمەوە کە داگیرکردنی فەزا و پەرەدان بە جوگرافیای ڕاپەڕین تا چەند دەتوانن ڕێژیمە سیاسییەکان تووشی شکەست بکەن و کۆنتڕۆڵکردنی فەزا و جوگرافیای ڕاپەڕینیش لە لایەن ڕێژیمەوە تاچەند دەتوانن هێزی ئینقلاب بێ‌هیوا بکەن.

ململانێی فەزاکان

لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە چەمکی فەزا (Space) وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی هاتە نێو ڕوانگە ڕەخنەییەکانی مارکسیزمی نوێ و دواتر، مەودای لە بۆچوونە ستروکتورالیستییەکانیش گرت کە فەزایان وەک بوارێکی زەینی و مێتافیزیکیی شرۆڤە دەکرد کە هێنری لوفێڤر (Henri Lefebvre) ئەم روانگە ستروکتورالیستییەی وەک «فیتیشیزەکردنی فەزا» نرخاندبوو (لوفور: ١٣٩٥، ل. ١٢٢-١٢٣). لەم پارادایمەدا تیۆریی فەزا، لە تێگەیشتنێکی تاکڕەهەند و ئینتزاعییەوە بەرەو بەستێنێکی دیالێکتیکی و فرەڕەهەند دەگۆڕدرێت و لەئاکامدا پرسی هەڵاواردن و نایەکسانی لە کۆمەڵگە مۆدێڕنەکاندا بەرچاوتر و هاوکێشەی پێکهاتەکانیش ڕاستەقینەتر خرانەڕوو. باندۆری فەزا لەم پارادیمەدا بەهۆی سێ ڕەهەندی دیالێکتیکیی (Spatial trriad) لە کۆمەڵگەدا دەردەکەوێت: یەک لە رەهەندەکان ئەو بەستێنە پراکتیکییەیە کە ژین-ئەزموون و پێوەندییە مرۆییەکانمان دەنوێنێتەوە (Spatial Practice). ژین-ئەزموون وەک بەرهەمی سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان نرخاوە کە بەهۆی نواندنەوەکانی فەزا (Representations of Space) دەخرێتەڕوو کە رەهەندێکی ئینتزاعییە لەپێناو هەژمۆن‌کردنی گوتاری باڵادەست و مەنتقی بازاڕ. ملنەدان و هەڵوێست‌گرتن لەمەڕ مەرجەکانی فەزای ئینتزاعی، فەزاکانی خۆنواندنەوەی (Representational Spaces) لێ دەکەوێتەوە کە بەشێوەیەکی سیمبولیک نوێنەرایەتیی هەستی نەتەوەیی، ناسنامەی پێکهاتەیی، ژینگەی ڕاستەقینە، کۆ-بیرەوەرییە جیاوازەکان و بەگشتی ژین-ئەزموونی کەمینە پەراوێزخراوەکان و پێکهاتە بندەستەکان دەکات، تاوەکوو بەرگریی لە سنوورەکانی کەرامەت و ناسنامەی خۆیان بکەن. فەزای پراکتیکی یا بە واتایەکی دی، ژین-ئەزموونی ئێمە، لەژێر باندۆری شەڕێکی ئینتیزاعی و مەیدانی‌دایە لەنێوان نواندنەوەکانی فەزا و فەزاکانی خۆنواندنەوەدا. لایەکی ئەم شەڕە هەوڵ دەدات فەزای جیاوازبوون بەرهەم بهێنێتەوە، فرەچەشنبوونی کۆمەڵگا بسەلمێنێت و لە دژی چەوساندنەوە و بێدادی دەوێستێتەوە (Differential space)، لایەکەی دیکەش فەزایەکی ئینتیزاعی و فووتێکراوە (Abstract space) کە هەوڵ دەدات باڵادەستبوونی خۆی بسەلمێنێت و کۆنترۆڵی فەزاکانی دیکە بکات (لوفور ١٣٩٥).

هەرچەند ڕەهەندی ئابووری و هاوپێوەندییەکانی کاپیتاڵیزم لەم بۆچوونەدا بەرچاوترن، بەڵام فەزا لە ڕوانگەی لووفێڤردا مەیدانێکی گشترگیرتر دەگرێتەوە و ڕێگا بۆ تێگەیشتنی ئێمە لەمەڕ پڕۆسەی چەسپاندنی دەسەڵات و سەلماندنی هەژمۆن خۆش دەکات. لووفێڤر لەم پێوەندییەدا تێرمی «خو-نامۆبوونی» مارکس لە چوارچێوە ماتریالیستییەکەی دەپاڵێوێت و لە پێوەندییەکی کولتوری-سیمبولیکدا دەیگونجێنێت کە من لەم وتارەدا وەک «فەزای بێبەریکەر» شرۆڤەی دەکەم. کارکردی فەزای بێبەریکەر، سڕینەوەی سووژەیە لە پێوەندییە دیالیکتیکییەکانی فەزادا و بەپێی مەنتقێکی تەرخانکراو، هاوکێشە بنەڕەتییەکان وەها فۆرمالیزە و جومگەبەندیی (articulation) دەکات تاوەکوو لە کۆمەڵگەدا وەک دیاردەیەکی پێکتەبا دەرکەون. باندۆری وەها فەزایەکی فووتێکراو لەوەدایە کە سووژە بەهۆی نواندنەوەکانی فەزای ئینتیزاعیی، هەست بە نامۆبوون بکات و وەک پێکهاتەیەکی نەگونجاو، خۆی قاییل بە پەراوێزنشینی و ژیانی نێو گۆتۆکان بێت (ibid: 345). بۆ نمونە پلاندانان و نۆژەنکردنەوەی فەزای شارە مۆدێڕنەکان وەها ئایدیالۆژیزە کراوە کە هەر پێکهاتەیەک لەگەڵ مەنتقی وەبەرنانی کاپیتالیستی ناتەبا بێت، بەرەو پەراوێز پاڵ دەننرێت (ibid: 279). ڕەتاندنی جەستە جیاوازەکان و پێکهاتە ناتەباکان بەرەو جوگرافیای نەدیوبوون، نرخی «شار» وەها بەرز دەکاتەوە کە وەک ناوەندی بڕیاردان، هەڵچنینی سەرمایە و پاوانکردنی زانیاریی ڕەچاو بکرێت. هەڵبەت ئەم ئامانجەش نایەتە دی ئەگەر چینی مامناوەندی و توێژی ئێلیت نەچنە نێو هاوپەیمانیەتی لەگەڵ پێکهاتەی باڵادەستدا. کەوایە فەزای ئینتزاعی بەپێی مەنتقێکی وێژمانی و هاوپەیمانیەتی لەنێوان پێکهاتەی باندەست، ئێلیتی ڕانتخواز و چینی مامناوەندیدا جێبەجێ دەکرێت تاوەکوو دیاردە ناتەباکان وەها پۆلێنبەندیی بکەن کە سیاسەتی هەڵاواردن لە کۆمەڵگەدا مەشرووع بنوێنێتەوە و هەروەها هەڵمەتی بێبەریکردن و سڕینەوەی پێکهاتە ناتەبا و جیاوازەکان لای خەڵک وەک پڕۆسێسێکی سروشتی و مەنتقی فام بکرێت (ibid: 449).

ئەگەر بۆچوونی لووفێڤر لەمەڕ فەزای بێبەریکەر، بەرهەمی مەنتقی کاپیتالیستی بێت، پۆست‌کۆلۆنیالییەکان فەزای بێبەریکەر و ڕەتاندنی پێکهاتە ناتەباکان بەرەو پەراوێز، وەک بەرهەمی کۆلۆنیالیزم دەسەلمێنن کە بەپێی وێژمانێکی ئۆریانتالیستییانە جێبەجێ دەکرێت. ئۆریانتالیزم دیسیپلینێکی سیستماتیکە لە خزمەت کۆلۆنیالیزمدا کە بەهۆی نواندنەوەی کولتوریی(هێزی نەرم)، سەرکوت(هێزی ڕەق) و زانستی سەبجەکتیڤانە(دەسەڵاات)، نکۆڵی لە کەرامەتی عەینی و مەعریفەی بندەستان دەکات بەڵکوو لە ڕێگای ڕووخاندن و سووک کردنی سووژەی بندەست، ڕەوایی بە باڵادەستبوونی کولتوری، زمانی و سیاسیی خۆی بدات(سعید، ١٣٨٢). بۆ نموونە گایاتری سپیڤاک کپکردنی دەنگی بندەستان لە فەزای کۆلۆنیالیدا بەهۆی کۆلۆنی کردنی مەعریفە و کوشتنی زمانی پێکهاتە ئیتنیکییەکان دەسەلمێنێت (اسپیوک، ١٣٩٧: ٤٥-٧٢) و فرانتس فانۆنیش فەزا وەک مەیدانی نواندنەوەی کولتور و مەعریفەی کلۆنیکەر شرۆڤە دەکات کە وەک دایکێکی دڵسۆز باڵ بەسەر کۆرپە کلۆنیکراوەکانیدا دەگرێت و بە مشوورەوە پارێزگارییان لێ‌ دەکات کە نەکا ڕۆژێ لە ڕۆژان بگەڕێنەوە بۆ غەریزە نامەدەنییەکانیان! بێگومان وەها نواندنەوەیەک بەهۆی هەڵاواردنی جوگرافیایی، کلۆنیکردنی سایکۆلۆژی و مەنتاڵیەتی بندەستان جێبەجێ دەکرێت تاوەکوو «ئێگۆ»ی کۆلۆنیکراو وەها دەستەمۆ بکات کە نامۆ بێت لەگەڵ فیزیۆلۆژیییەکەی، بایۆلۆژییەکەی و تەنانەت لەگەڵ ناخی ناقاییلی تاکی کۆلۆنیکراودا (Fanon, 2002: 171-194).

بەگشتی، خاڵی هاوبەش لەم بۆچوونانەدا ئەوەیە کە فەزا هەر بۆشاییەکی فیزیکی یا بوارێکی زەینی و مێتافیزیکیی نییە، بەڵکوو بەستێنێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە و هیچ گۆڕانێکی عەینی لە کۆمەڵگەدا نایەتە دی ئەگەر فەزاکان لە پێشدا نەگۆڕدرابن (لوفور ١٣٩٥). لەبابەت سیاسەت و لەمەڕ دیسیپلینی سیمبولە کۆمەڵایەتییەکانیش، فەزا بە هەند گیراوە و بەتایبەت لە پێوەندیی بە دەنگی جیاوازدا، ژاک ڕانسیەر، داگیرکردنی فەزا لەلایەن «دەنگە کپکراوەکان» وەک کردەوەی سیاسی دەخەمڵێنێت (Ranciere, 2010: 48) و لە بۆچوونە ئاگۆنیستیکییەکەی شانتاڵ مۆوفیشدا، فەزا گشتییەکان وەک مەیدانی دوژمنایەتیی ڕەوا و خەباتێکی شەرافەتمەندانە لەنێوان بۆچوونی جیاواز و هێڵە هاودژەکاندا تێبینی کراوە و لەم پێوەندییەدا شەڕی فەزاکان وەک پێشمەرجی دێمۆکڕاسییەکی ڕاستەقینە و زیندوو دەسەلمێنێت (Mouffe, 2013: 125). بە سەرنجدان بە بۆچوونەکانی ڕانسیەر و هەروەها مۆوف، بۆمان دەردەکەوێت کە سیاسەت و دیاردەی فرەحیزبی هەر پێوەندیی بە نۆرمێکی سیاسییەوە نییە بەڵکوو ئۆپۆزیسیۆن دەبێ دەسەڵاتی داگیرکردنی فەزا وەک ئیمکانێک بۆ نواندنەوەی بەرخۆدان و جیاوازبوونی هەبێت. کەوایە داگیرکردنی فەزا – جا لە ڕێگای بەرگریی ڕۆژانەوە بێت، یا لە ڕێگای دژە-وێژمانی و خەباتی ڕزگاریدەرەوە بێت- کردەوەیەکی سیاسییە و باندۆری ئۆپۆزیسیۆنیش لە فەزاکانی خۆنواندنەوەدا لەم سۆنگەیەوە دەردەکەوێت. لە ململانێی فەزادا دەبێ ڕۆڵی رێکخستنی حیزبی دیار بێت، داوا سیاسی و سێنفییەکان مانیفیستێرە بکات، کۆنتڕۆڵی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی لە دەستدا بێت، وێژمانسازی بکات، ئاسۆی گۆڕان گەشتر بنوێنێتەوە و بەگشتیی، فەزای ئینتیزاعیی خۆی بەرهەم بێنێتەوە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە فەزای ئینتیزاعیی حکوومەت، تەنیا بە فەزایەکی ئینتیزاعی دیکە فام دەکرێت کە جیاوازبوونی خۆی سەلماندبێت (لوفور، ١٣٩٥: ٣٧٤) و لە بەڕەوڕووبوونێکی مەیدانی و ئاگۆنیستیک دایە (Mouffe, 2013) کە فەزا  فووتێکراوەکەی حکوومەت دەپووکێتەوە.

بە مەبەستی پاشکۆمەندکردنی تیۆریی فەزا لەم وتارەدا، پێویستیمان بە نموونەهێنانەوە لەمەڕ مێژووی نواندنەوەکانی فەزا لە ئێراندا دەبێت. لەگەڵ کودیتای ڕەزا میرپەنج (ڕەزا شا)، نواندنەوەکانی فەزا بەهۆی ناسیۆنالیزمێک خرایە ڕوو کە بەتەما بوو ئێرانێکی مۆدێڕن لەسەر بنەمای عەسەبیەت دابمەزرێنێت. نواندنەوەکان بەشێوەیەکی گشتی لە چوار فەزای ئینتیزاعیدا دەرکەوتن کە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانین: نواندنەوەی فەزای شیعە، فەزای فارسیزم (واتە زمانی-مێژوویی)، فەزای پیاوتەوەر و هەروەها فەزای مۆدێڕنیتەیەکی بوناپارتیزمانە. نواندنەوەی ئەو فەزایانە لە ئێرانێکدا دەخرایە ڕوو کە فرەنەتەوەیی و فرەدینی بوو، هەروەها ژێرخانی ئابووریش لەو ئاستەدا نەبوو کە پڕۆژەی مۆدێڕنەکردنی ئێران بەپێی مەنتقی هاوبەندییەکانی بەرهەمهێنان جێبەجێ بکرێت. لە ڕاستیدا دۆخی پاڕادۆکسیکاڵی گەشەسەندن لە ئێراندا، لەم سۆنگەیەوە دەست پێدەکات کە لە پێناو مۆدێڕنەکردنی وڵات؛ سیستەمی سیاسی تەما وەبەر نەریتێکی بووناپارتیستیانە دەبات و بەهۆی دیسیپلینی سەربازی و ستراتیژیای داگیرکارییەوە، سیستەمی پەتریکاڵ-فیۆداڵی ئێران هەڵدەوەشێنێ و سیستەمێکی سەنتراڵ-برۆکڕاتیکی لەسەر دادەمەزرێنێت. خاڵی جیاواز لەمەڕ سیاسەتی ئووربانیزەکردنی ئێران لەوەدایە کە نواندنەوەکانی فەزا هەر بەهۆی مەنتقی بازاڕ نەدەچووە پێش بەڵکوو بەهۆی خۆ-سڕینەوەی کولتووریش جێبەجێ دەکرا. خۆ-نامۆبوون و قوتاربوون لە کولتور و نەریت، یەک لە دەرەنجامەکانی وەها فەزایەک بوو. بۆ نموونە بەریەککەوتنی نەریت و مۆدێڕنیتە لەم فەزایەدا وەها ئەنتاگۆنیستییانە دەچووە پێش کە دیاردەیەکی پاڕادۆکسیکاڵیی لێکەوتەوە کە بە «کولتوری ناهاوشێوە» پێناسە کراوە. واتە کولتورێکی زەینی کە خەونی بە رۆژئاوایی کردنی ئێرانییەکانەوە دەبینی و کولتورێکی عەینیش کە بە ڕیشاڵی دین و عیرفانەوە نووسابوو. لەلایەن بەشێکی بەرچاو لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئاماژە بە باندۆری ئەم بەریەککەوتنە لەسەر ئینقلابی ئێران (١٩٧٩) کراوە و نواندنەوەکانی فەزای مۆدێڕنیتەی بوناپارتیزمانە، وەک هۆکاری ڕووخانی حکوومەتی پەهلەوییەکان سەرنجی خراوەتە سەر. خۆنواندنەوەکانی فەزای دێفرێنسیەل لەهەمبەر نواندنەوەکانی فەزای ئینتیزاعی لە ساڵی ١٣٥٧دا کۆتایی بە سیستەمی پاشایەتی هێنا و سیستەمێکی سێنتڕاڵ-فێقهی لەسەر دامەزرا. لە شەڕی فەزاکاندا ئۆپۆزیسیۆنی مۆدێرن و سێکولار نەیتوانی لە داگیرکردنی فەزا ئینتیزاعیەکاندا ڕۆڵی هەبێت و بەڵگەش بۆ ئەم بۆچوونە، جووڵەی سیمبۆلیک و وێژمان و درووشمەکانی ڕاپەڕین بوون کە لەساڵی ١٣٥٦ەوە هەتا سەرکەوتنی ئینقلاب فەزای دێفرێنسیەڵی بەهێز کرد و ئەم ململانێ فەزاییە بەهۆی پەراوێزنشینە باوەڕمەندەکانەوە پەرەی دەستاند کە تەنانەت ڕێکخستنی حیزبیشیان لە پشتەوە نەبوو (Bayat 1997). خۆنواندنەوەکانی فەزا لە مزگەوت و حوسەینییەکانەوە باڵی بەسەر شەقامی گشتیدا گرت، وێژمانی فەزاکەش لەژێر باندۆری سیاسەتی بادانەوەدا بوو، سیمبولەکانیش عەسەبیەتی پیاوی فارسی شیعە بوون کە لە قاڵبی نەریتدا پێناسە کرایەوە. بەم ‌چەشنە، فەزای نەریتی وەک ئەڵتەڕناتیڤی فەزای فووتێکراوی پەهلەوی دەرکەوت کە ناوەندە لاکچێری، کازینۆ، سینەما و مەیخانەکان و هتد سیمبولەکانی بوون (خلیلی پور، افهمی ١٤٠٣). لەم قۆناغەدا فەزای شەقامەکانی شار و تەنانەت قوتابخانە و خوێندنگەکانیش، لەلایەن ناڕازییانەوە یەک بە دوای یەک داگیر کران و بە کردەوە بوون بە جوغرافیای ئەو دیاردەیەی کە ئاسفی بەیات بە «سیاسەتی شەقام» ناوی دەبات و دواجار فەزای نەریت-شیعەیی؛ فەزای لاکچێر-سێکولاری پووکاندەوە (Bayat 1997).

ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاتریکاڵ-فیۆداڵ کە ئاماژەی پێدرا، لە ڕاستیدا داگیرکردنی سەروەریی نەتەوەکانی نێو جوگرافیای ئێران بوو کە بە شێوەیەکی نیمچە فێدڕاڵی سەقامگیر ببوون. ئەم پرۆسەیە کەلێنێکی کۆمەڵناسییانەی لێ کەوتەوە کە هەنووکە بە کەلێنی ناوەند\پەراوێز شرۆڤە دەکرێت، بەڵام ئەم ناوەند\پەراوێزە لە ئێراندا جووت‌ڕەهەندییە. واتە ڕەهەندێکیان بەپێی وێژمانی کۆلۆنیاڵ-ئۆریانتالیستیانەوە جوگرافیای گەشەسەندوویی ناوەند لە هەمبەر ناوچە پەراوێزخراوەکاندا دیاریی کرد و ڕەهەندەکەی دیکەش بەپێی مەنتقی کاپیتاڵیستی؛ فەزای ناوەند\پەراوێزی نێو شارەکانی جێبەجێ دەکرد. کەوایە لە نواندنەوەکانی فەزای شارە فارسنشینەکان، ناوەندێکی لاکچێر-سێکولار هەژمۆن دەکرێت کە خەڵکی بڕوادار و هەژاریش نامۆیە لێی (چینی بندەست) و لەئاستی جوگرافیای داگیرکاریشدا، فەزای شارە لاکچێر-مۆدێڕنەکانی فارسنشین لە هەمبەر ناوچە پەراوێزخراوەکاندا (نەتەوە بندەستەکان) وەها دەنوێندرایەوە کە ئێرانییەکان وەها هەست بکەن کە پێکهاتە پەراوێزخراوەکان بەهۆی عەقڵیەتی خێڵەکیی لە شارستانییەت، وەدوا کەوتوون. پێکهاتە مەزهەبی و نەتەوەییەکان لەم پرۆسەیەدا لەباری مرۆیی، ئابووری، زمانی و مەعریفییەوە زۆرترین خەساریان بەرکەوت. هۆکارەکەش لەوەدایە کە نواندنەوەی فەزای فارس-شیعیزم بە کاراکتێرێکی ئوریانتالیزمانەوە پەرەی بە فەزاکان داوە و ژاندارمە (امنیە) چاوەدێریی ئەو نواندنەوانەی دەکرد. دەستکەوتی وەها فەزایەک بۆ کەمینەکراوەکان، پرسی ئەمنیەتیکردنی زمان و ڕەواندنەوەی مەعریفەی پێکهاتە نەتەوەییەکان بوو کە بە سەدان ساڵ و بە شێوەی گێڕانەوەیی، مان و ژیانیانی مسۆگەر دەکرد. هەڵاواردنی جوگرافیای گەشەسەندنیش لەم فەزایەدا وەها جێبەجێ دەکرا بەڵکوو پارسەنگی سامانە گشتییەکان و دەرفەتە کولتورییەکان، بەلای نەتەوەی باندەستکراودا بکەوێت و نەتەوەکانی دیکە لێی بێبەری بن. کارتێکەریی وەها فەزایەکی ئینتیزاعی لەسەر پێکهاتە پەراوێزخراوەکاندا زۆر دراماتیک بوو، هەژاری، ئاستی کەمخوێندەواری، نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و تەنانەت لاوازبوونی سیستەمی تەندروستیی لەو ناوچانەدا، بوون بە هۆی کۆچی ناچاریی بەشێکی زۆر لە نەتەوە بندەستەکان و نیشتەجێبوونیان لە گەڕەکە هەژارنشین و پەراوێزەکانی مەزنشارەکانی ناوەند (EUAA 2025). لەم سۆنگەیەوە فەزای خۆنواندنەوەی نەتەوەیی و دینی لە ئێراندا، هەمیشە یەک لە فەزا واقعی و دیفرێنسیالەکانە کە لێبڕاوانە خەریکی بەرهەمهێنانەوەی سووژەی سیاسییە و ڕیالیستانەترین و بەرچاوترین ئالنگارین لەبەردەم نواندنەوەکانی فەزای ئینتزاعیی فارس-شیعیزمی ئێرانیدا.

جوگرافیای ڕاپەڕین

بەدوای ئینقلابە سیاسی و کلاسیکەکانی سەدەکانی ڕابردوو، تێبینی کردن لەمەڕ ڕاپەڕین و گۆڕانی پێکهاتەیی لە کۆمەڵگەدا دەچێتە نێو فازێکی دیکەوە. هەنووکە تیۆریی ئینقلاب بە خوێندنەوەیەکی لێکدراو و فرەڕەهەند سەرنجی پێدەدرێت کە ئاماژەیەکیشە بۆ کاراکتێرە ئاڵۆزەکانی سەردەمی پۆست‌مۆدێڕن. ئەگەر ڕوانگەی کلاسیک لەمەڕ ئینقلاب، پرسی ئابووری و بەتایبەت هاودژیی چینایەتی بە بنەما دەگرت و ڕووخاندنی دەوڵەت لە ئەجندایاندا بوو، ستروکتوورالیستەکان و یەک لەوانە، تێدا سکۆچپۆڵ دەریخست کە ئینقلاب بە بەرنامە ناچێتە پێش، بەڵکوو بۆخۆی دێت و لە درگا دەدات، بەمەرجێک تەعامولێکی پێکهاتەیی لەنێوان قەیرانی نێوخۆیی، قەیرانی چاکسازی و قەیرانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەبێت کە مەشروعییەتی دەوڵەت لەبار ببات. لەم سۆنگەیەوە شەڕی نێوان دەوڵەتان و شەڕی ناوخۆیی، وەک گرینگترین هۆکار بۆ هاتنی ئینقلاب دیاری کراوە (Skocpol, 1979). وچەی چوارەم و پێنجەمی تیۆریسیەنەکانی ئینقلابیش، وێڕای مەودا گرتن لە تایبەتمەندییە ماتریالیستییەکانی ئینقلاب، پرسی «کولتور-پێکهاتەیی» و هەروەها «سایکۆ-مەعریفی» بە بنەما دەگرن. وەلیام سیوێل (2005) بۆ نموونە، ئینقلاب وەک جومگەبەندییەکی ڕووداوتەوەر (Eventful Temporality) دەبینێت. واتە هێندێک ڕووداوی دڕاماتیک دەتوانێ ببێتە هۆی پچڕانی مەعریفی لە کۆمەڵگەدا (Epistemological Break) و لە ئەنجامدا خەڵک پێداچوونەوە لە مانای پێکهاتەی دەوڵەت بکەن. هەر لەم سۆنگەیەوە سیدنی تارۆ (2011) ئینقلاب وەک دەرفەتێک دەخەمڵێنێت کە لە ئاکامی شێوازی ڕوانینی گەل لەمەڕ زوڵم و بێدادی دێتە ئاراوە و ئۆپۆزیسیۆن ئەو دەرفەتانە دەقۆزنەوە تاوەکوو وزەی شەقامی ناڕازی وەها ڕێک بخەن کە وەک هێزێکی سیاسی بۆ گۆڕانی بنچینەیی چالاک بێت و بەهۆی چوارچێوە زەینی و مەعریفییەکانی دژبەران (Framing)، فەزاکە لە دەوڵەت داگیر بکەن. ڕوانگەی سایکۆ-سیاسییانەی تیمۆر کوران (1995) پرسی «ترس» بە بنەما دەگرێت، واتە کاتێ خەڵک واز لە دووڕوویی دەهێنن و تەرجیحاتە ساختەکان (Preference Falsification) لادەدەن کە بەهۆی ترس یا هەر هۆکارێکی سیاسی ئینتیمای سیاسیی خۆیان پێ دەشاردەوە.

ئەم بەشەی وتارەکە هەوڵ دەدات بە لێکدانی ئاستی مایکرۆ -پێکهاتەیی (Macro-struktural level) و ئاستی میکرۆ – عاملیەتی (Micro agential level)، تیشک بخاتە سەر ڕاپەڕینەکانی ئێران لە ساڵانی ١٣٨٨، ١٣٩٦، ١٣٩٨، ١٤٠١ و ١٤٠٤و ڕۆڵی جوگرافیا لەمەڕ ئاراستە و نێوەڕۆکی ڕاپەڕینەکان لەم قۆناغانەدا پۆلێنبەندی و شرۆڤە بکات. ئاستی میکرۆ-عامیلیەتی زیاتر تاکتیکییە و بەرخۆدانی ڕۆژانە بە بنەما دەگرێت کە لە زۆر نموونەدا ئایدیالۆژییەکی تایبەت نوێنەرایەتییان ناکات، هەڵبەت بەرخۆدانەکان زیاتر کولتوری و سیمبۆلیکن، بەڵام ئاستی مایکرۆ-پێکهاتەیی؛ ستراتێژیکە و لە دەرفەتێک دەگەڕێت کە دەسەڵات داگیر بکات (Scott, 1985). خاڵی جێی سەرنج لەنێوان ئەم ئاراستەیەدا، ڕۆڵی فەزا و جوگرافیای ڕاپەڕینەکانە. شەڕی فەزا لە ئاستی مایکرۆ-پێکهاتەییدا، لە دژی ئەو میکانیزمانە چالاک دەبێت کە ڕۆڵیان هەیە بۆ نواندنەوەی فەزای ئینتیزاعی و سروشتییە کە ئەجندای دژبەرانیش دەبێ داگیرکردنی وەها فەزایەک بێت و جوگرافیای ڕاپەڕینەکەش ناوەند\پەراوێزی دەسەڵاتە کە بەناوی زەختی خوارەوە بۆ سەرێ (Bottom-up) ناسراوە (Skocpol, 1979). فەزا لە ئاستی میکرۆ-عاملیەتیدا خۆنواندنەوەی «بەرخۆدانی ڕۆژانەیە» و جوگرافیای ڕاپەڕینەکەش ئەو مەڵبەندانە دەگرێتەوە کە کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتە پەراوێزخراوەکانی لێ دەژین و لە ڕوانگەی پۆست کۆلۆنالییەکاندا وەک «ناوەندی بندەستی» (Subaltern-Centred) پێناسە دەکرێت (Scott, 1985).

ڕۆژژمێری ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ئێران:

  • ساڵی ١٣٨٨

ئەم ڕاپەڕینە وەک یەکەم و دوایین خۆپیشاندانی دەروون‌پاڕادایمی مەزندە دەکرێت کە ناڕازییان هەوڵیان دەدا ڕێژیم پابەند بە یاسای بنچینەیی کۆماری ئیسلامی بکەن. ڕێپێوانەکان لەبابەت دەرەنجامی هەڵبژاردنی خولی دەیەمی سەرۆککۆماری هاتە ئاراوە کە ڕێژیم بەهۆی دەستوەردان لە ڕێژەی دەنگەکان، ویستی باڵێکی سیاسی لە دەسەڵاتدا بهێڵێتەوە کە دەنگی زۆرینەی نێو سندووقەکانی دەنگدانی لەگەڵدا نەبوو. گەرچی لە کۆتاییەکانی ئەم ڕاپەڕینەدا درووشمەکان ڕادیکاڵتر بوونەوە و ئاراستەکەی خوازیاری نەمانی ڕێژیم بوو، بەڵام لە سەرەتادا بە شێوەی ئینقلابە مەخمەرییەکان بە بێدەنگی ڕاگرتن دەستی پێکرد و بەشداربوونی چینی مامناوەند لە ڕێپێوانەکاندا بەرچاو بوو. سیمبول و درووشمەکان ڕوانگەیەکی ڕێفۆرمیستییانەی پێوە دیار بوو کە باڵی ئیسلاحتەڵەب نوێنەرایەتی دەکرد و بەخێراییەکی کەموێنە فەزاکانی نواندنەوەی ڕێژیمی تووشی ئالنگاریی کرد. جوگرافیای ڕاپەڕینەکە مەزنشارەکانی ناوەند بوون. لەوانەیە دینامیزمی ڕاپەڕینەکە لە چوارچێوەی بۆچوونەکەی سیدنی تارۆدا (2011) شرۆڤە هەڵبگرێت، واتە گۆڕانی لێنزی خەڵک لەمەڕ پێکهاتەی سیاسی و بەتایبەت حکوومەت.

  • ساڵی ١٣٩٦

بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری و گرانییەوە سەری هەڵدا، سەرەتا لە شارە پەراوێز و چکۆلەکانەوە دەست پێدەکات و دواتر گەڕەکە هەژارنشینەکانی بەشێک لە مەزنشارەکانیشی گرتەوە. درووشمەکان ڕووی لە گرانی و لۆمەکردنی شێوازی بەڕێوەبەردنی وڵات بوو، بەشداریکردنی چینی مامناوەند لەو ڕاپەڕینەدا زۆر کەم بوو، فۆڕمی ڕێکخستنیش زۆر لەوە لاوازتر بوو کە بتوانێ فەزای شەقام داگیر بکات و لە ئەنجامدا ماشینی سەرکوت توانی بەخێرایی کۆنتڕۆڵی شەقامەکان بەدەستەوە بگرێت. ئەم ڕاپەڕینە ئاماژەیەکە بۆ تەعامولی پێکهاتەیی قەیرانەکان کە سکۆچپۆل وەک هۆکاری ئینقلاب شرۆڤەی کردووە.

  • ساڵی ١٣٩٨

 بەهۆی گرانبوونی نرخی بێنزین، خەڵک ڕژانە سەر شەقام و جوگرافیای ڕاپەڕینەکەش پایتەخت و مەزنشارەکان بوون کە دواتر هێندێ شاری چکۆلەشی گرتەوە. هۆکارەکەش ئەوەبوو کە نرخی بێنزین جوگرافیای هەڵاواردن ناناسێت و گشت پێکهاتەکان لێی زەرەرمەند دەبن. لەم ڕاپەڕینەشدا درووشمەکان بۆنی گۆڕانێکی بنچینەیی پێوە دیار نەبوو و ناڕازییان نەیانتوانی فەزا داگیر بکەن و حکوومەت بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوتی کرد. لەم بڕگەیەشدا تەعامولی پێکهاتەیی قەیران ڕۆڵی هەبوو.

  • ساڵی ١٤٠١

شۆڕشی ژینا خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی ڕاپەڕینەکانی ئێراندا. درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی» بەهۆی چەمکە ئیستەعارەییەکەیەوە، پۆتەنسیەڵێکی وەهای تێدا بەدی دەکرا کە بەخێراییەکی کەموێنە فەزا لە حکوومەت داگیر بکات و تەنانەت سنوورەکانی ئێرانیش ببەزێنێت. جوگرافیای ڕاپەڕینەکە «ناوەندی بندەستی» و فەزای ڕاپەڕینەکەش وەک شۆڕشێکی پۆست‌کۆلۆنیالیی دەهاتە ئەژمار. لەم بڕگە مێژووییەدا بۆ یەکەمجار شەقام و بەتایبەت بەهۆی ڕێکخستنی مەدەنی و هەماهەنگیی حیزبە کوردستانییەکانەوە، بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆنتڕۆڵی ڕێژیم دەرهات و درووشمەکانیش باسیان لە گۆڕانێکی بنچینەیی دەکرد کە جیهانی هێنایە سەرخەت. ئەگەرچی ڕەنگدانەوەی شۆڕشی ژینا لە کوردستان، وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا زۆر بەهێز بوو و بەشێکی زۆر لە ناوەندە مەدەنی و سیاسییەکانی جیهان پشتیان دەگرت، بەڵام لە شارەکانی ئێران بەشدارییەکە لەو ئاستەدا نەبوو کە تۆڕەکۆمەڵایەتی و تەلەڤیزیۆنە فارسی‌زمانەکانی دەرەوەی وڵات دەیاننواندەوە. لەسەرەتاکانی شۆڕش، تاران و بەشێک لە مەزنشارەکانی ناوەند پشتگیرییان لە شۆڕشەکە کرد بەڵام درووشمەکانی تاران، لەگەڵ ئەو فریمینگەدا نامۆ بوو کە شۆڕشی ژینا دایهێنا. درووشمی «مرد، میهن، آبادی» (پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی) کە وەک پاشگری ژن، ژیان، ئازادی دەهاتە ئەژمار، سەرەتا لە تاران و لەکاتی ناڕەزایەتیدەربڕینی سەندیکای پارێزەران لە دژی ڕێژیم هاتە گۆ و دواتر پاشاخوازەکان لە شەقامەکانی ئەورووپادا کاوێژیان کردەوە و هەروەها پۆڕنۆ-درووشمەکانی شەقامەکانی تاران؛ مەودایەکی مەعریفییان لەگەڵ درووشمەکانی «ناوەندی  بندەستی» هەبوو. ئەم پارادۆکسە لەوانەیە پێوەندیی بە «سڕبوونی دووفاقیانەی مەدەنی»یەوە هەبێت کە لە بەشی کۆتایی وتارەکەدا شی دەکرێتەوە. هەڵبەت هاوسۆزی و پێشوازیی کۆڵەکتیڤەکانی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران، هونەرمەندان و یاریزانانی وەرزشی، زۆر بەرچاو بوون و لە ماوەی شۆڕشی ژینادا زۆرترین بەرهەمی هونەریی شۆڕشگێڕانەیان داهێنا کە لە مێژووی ڕاپەڕینەکانی ئێراندا کەموێنەیە.

ئەم ڕاپەڕینە زیاتر لە سێ مانگی خایاند، سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ئینقلاب بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی ژینا ڕاسپێردرا و بەهۆی مێلیتاریزەکردنی کوردستان، ڕاپەڕینە پرژوبڵاوەکانی خەڵک لە بەشەکانی دیکەی ئێران نیشتەوە. شۆڕشی ژینا بۆیە خاڵێکی وەرچەرخان بوو چوونکە توانی زۆربەی تێزەکانی ئینقلاب لەخۆ بگرێت: شۆڕشەکە بە هۆی جومگەبەندییەکی ڕووداوتەوەر سەری هەڵدا کە مەعریفە و گێڕانەوەکانی پێش خۆی پووچەڵ کرد (Sewell, 2005)، داهێنەری سیمبول و ئیماژەکانی خۆی بوو (Scott, 1985)، فریمینگی خۆی ساز کرد و ڕوانگەی بەشێکی زۆر لە گەلانی ئێران لەمەڕ پۆلیستەم و هەڵاواردن گۆڕی (Tarrow, 2011) و هەر لەم سۆنگەیەشەوە بەشێکی زۆر لە پێکهاتە نەتەوەییەکان پەردەیان لەسەر تەرجیحاتە ساختەکان لادا و پرسی نەتەوەیی خۆیان بە ڕۆژەڤ کردەوە (Kuran, 1995). هەڵبەت تەعامولی پێکهاتەیی قەیران (Skocpol, 1979) وەک ڕاپەڕینەکانی پێشوو، کاریگەریی هەبوو.

  • ساڵی ١٤٠٤

لە درێژەی ڕەوتە سینووسییەکانی ڕاپەڕین لە ئێران، ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤ بەهۆی نرخی ناجێگیری دۆلار سەری هەڵدا کە جینایەتە خوێناوییەکەی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری لێکەوتەوە. ڕاپەڕینکە سەرەتا بەهۆی ناڕەزایەتیدەربڕینی بازاڕی موبایلفرۆشەکان دەستی پێکرد و بەدوایدا خەڵک لە چەند شوێنی تاران و شارەکانی دیکە ڕژانە شەقام و بۆ یەکەم جار درووشمی «جاوید شاە» لە شەقامەکانی ئێراندا دەنگی دایەوە. بەدوای بانگەوازەکەی ڕەزا پەهلەوی، نەک ڕێژەی خۆپیشاندەران بەرز دەبێتەوە، بەڵکوو خەڵک توانییان فەزای گشتیی تاران و مەزنشارەکانی ناوەند داگیر بکەن. ئەم ڕاپەڕینە، سەرەتا ئۆپۆزیسیۆنی کۆماریخوازی گۆشەگیر کرد و دواتر ڕێژیمی وەها تۆقاند، کە بەشێوەیەکی دڕندانە دەست بە ڕەشەکوژی بکات. جوگرافیای ڕاپەڕینەکە تاران و مەزنشارەکانی ئێران بوو، بەڵام بەشێوەیەکی مانادارانە، جوگرافیای «ناوەندی بندەستی» مەودای لێ گرتن. ئاستی پشتگریی کۆڵەکتیڤەکان، بزاڤی خوێندکاری، هونەرمەندان و ناوەندە مەدەنی و سیاسییەکانی ئەورووپا لەو ڕادەیەدا نەبوو کە ناسیۆنالیستە ڕێترۆتیپیکەکان دڵگەرم بکات. لەوانەیە هۆکارەکەش پەیوەندیی بە زەقکردنەوەی نۆستالۆژیای بونیاتتەوەرانە (Restorative Nostalgia) بێت کە «سڤێتلانا بۆیم» لەهەمبەر نۆستالۆژیای ڕەنگدانەوەییدا (Reflective Nostalgia) شرۆڤەی کردووە. نۆستالۆژیای بونیاتتەوەرانە لەم ڕاپەڕینەدا دەستی باڵای هەبوو کە دەکرێ ئاماژەیەکیش بێت بۆ «سیاسەتی بادانەوە» (Backlash politics) کە «لەوین تێسا» (2021)، لە پێوەندی بە داگیرکردنی وێژمانە فێمێنیستییەکان دەکاری دەکات (لەبەشی داگیرکردنی وێژماندا زیاتر شی دەکرێتەوە). نۆستالۆژیای ڕەنگدانەوەیی لەڕێگای نرخاندن و چاکسازیی لە خەسارەکانی ڕابردوودا ڕوو لە داهاتوو دەکات، بەڵام نۆستالۆژیای بونیاتتەوەر لە ڕابردووەدا چەقیوە و بەتەمای ژیاندنەوەی ڕێژیمی کولتوری-سیاسیی پێشووە (Boym, 2001). سیمبول و درووشمەکان لەم ڕاپەڕینەدا داوای گەڕاندنەوەی مۆدێلی ناسیۆنالیزمی سەدەکانی نۆزدە و بیستەمیان دەکرد کە دەرکەوتەکەی لەباربردنی فرەچەشنی و سڕینەوەی پێکهاتە جیاوازەکان بوو. بەگشتی لەم ڕاپەڕینەدا، بادانەوە بۆ «لۆڤیاتان» یان دەسەڵاتێکی ناوەندخواز (پاشایەتی) زۆر بەهێزتر بوو کە دەکرێ وەک پاڕادۆکسی رەفتاری و مەعریفی ئینقلاب لە ئێراندا تێبینیی بۆ بکرێت. بەشێک لە تیۆریسیەنی پاشاخوازەکان ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٩٦ وەک چەخماخەی سیاسەتی بادانەوە تێبینی دەکەن و ئەم ڕاپەڕینەش وەک بڕگەی تەواوکەری وەها سیاسەتێک دەنرخێنن. کەوایە بەستێنە تیۆریکەکانی وەها ڕاپەڕینێک تەعامولی پێکهاتەیی قەیرانەکانە و بەتایبەت بەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ  ئێران، ئەو قەیرانانە دەتوانن وەک پاڵنەرێکی جیددی ڕەچاو بکەین. بەڵام خاڵێکی گرینگ لەم ڕاپەڕینەدا پرسی تەرجیحاتە ساختەکان بوو کە بەشێکی بەرچاو لە ئێرانییەکان ئەو شەرمەیان شکاند و بە دەنگی بەرز ئینتیما سیاسییەکەی خۆیان (پاشاخوازی) دەربڕی.

بەگشتی جوگرافیای ڕاپەڕین یا ئینقلاب، ئاماژە بە شوێنێکی تایبەت دەکات بۆ پەرەدان بە فەزای گۆڕان. ئەم چەمکە سیاسییە پێمان دەڵێت کە ئینقلاب نەک هەر پڕۆسەیەکی سیاسی بەڵکوو دیاردەیەکی فەزامەند (Spatialized) و شوێنمەندیشە (Place-based). ڕۆژژمێری ڕاپەڕینەکانی ئێران بیرمان دەهێنێتەوە کە بێجگە لە ساڵی ١٤٠١ و تا ڕادەیەکیش ١٣٩٦ شۆڕش و ڕاپەڕینەکان لە جوگرافیای بندەستان سەری هەڵداوە. ڕاپەڕینی ١٣٩٨ لەمەڕ گرانبوونی نرخی بێنزین و هەروەها ڕاپەڕینی ١٤٠٤ بەهۆی ناجێگیربوونی نرخی دۆلار، جوگرافیای ڕاپەڕینەکانی پایتەخت و مەزنشارەکانی ئێران بوون. ئەم پارادۆکسە کۆمەڵێ پرسیار دەخاتەڕوو و یەک لە پرسیارەکان کە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ڕۆڵگێران و پێگەی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماریخوازەوە هەیە. ئۆپۆزیسیۆنی کۆماریخواز بەهۆی ئەجندای سیاسی و پراکتیکی مەیدانییەوە، دەبوایە لە جوگرافیای ناوەند\پەراوێزی دەسەڵاتدا چالاک بن بەڵکوو لە ڕێگای زەختی خوارەوە بۆ سەرێ، پەرە بە فەزای دیفرێنسیەڵ بدەن. بەڵام لە هیچ‌کام لەو بڕگە مێژووییانەی کە ئاماژەیان پێدرا، نەک درووشم و سیمبولی کۆماریخوازەکان، تەنانەت جێگای بەتاڵی رێکخستنەکانیشیان دیار بوو. بۆ نموونە باڵەکانی «ئیسلاحتەڵەب» لە ساڵی ١٣٨٨دا توانییان فەزا و شەقامەکان داگیر بکەن، کە بە بەراوردێک سێ ملیۆن لە خەڵکی پایتەخت لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار بوون و درووشمەکانیش لە پاوانی ئیسلاحتەڵەبەکاندا بوو. هەروەها لە ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤دا بەدوای ڕۆڵی ڕێکخستن و میدیای پاشاخوازەکان، سیمبول و درووشمەکانیان لە شەقامەکانی ئێراندا ڕەنگی دەدایەوە. لە کۆتایی وتارەکەدا هەوڵ دەدەم هۆکارەکانی ئەم دۆخە پارادۆکسیکاڵە کە ئاماژەی پێدرا، پۆلبەندی و شرۆڤەیان بکەم، بەڵام سەرەتا هەڵسەنگاندنێک بۆ کاتالیزۆرەکانی ئینقلاب و دۆخی «ناکارامەبوونی» ئۆپۆزیسیۆنی کۆماریخواز دەکەم. لەم بەشەدا ڕەچاوی دوو هۆکاری بنەمایی دەکرێت کە دەبنە هۆی پڕۆئەکتیڤبوونی ئۆپۆزیسیۆن. یەکەم مەیدان وەک چەندایەتی جوگرافییە و دووهەم پوتەنسیەلەکانی گۆڕانە کە چۆنایەتیی فەزاکانی خۆنواندنەوەی ئۆپۆزیسیۆن مسۆگەر دەکەن.

هۆکارە بنەڕەتییەکان

١- مەیدان

پرسی «مەیدان» یەک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانە، واتە ئۆپۆزیسیۆن پێی لەسەر خاکی خۆی بێت، کۆنتڕۆڵی بکات و توانای پاراستنی هەبێت. بۆ نموونە لەکاتی ڕووخاندنی ئەمارەتی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٠١، دەڤەری هەزارەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی حیزبی «بزووتنەوەی نەتەوەیی ئیسلامیی ئەفغانستان» بە ڕێبەرایەتیی ژێنڕاڵ دۆستۆم بوو، «حیزبی ئیسلامی» بە ڕێبەرایەتیی گوڵبەدەین حیکمەتیار ناوچەیەکی دیکەی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ دەکرد و «حیزبی کۆمەڵەی ئیسلامیی ئەفغانستان» بە «ڕێبەرایەتیی بورهانولدین ڕەببانی» دەربەندی پەنجشیری بە دەستەوە بوو. لە عێراق، پێش هێرشکردنی هاوپەیمانان بۆسەر بەغدا لە ساڵی ٢٠٠٣، بەشێکی زۆر لە خاکی باشووری کوردستان نەک هەر لە ژێر کۆنتڕۆڵی حیزبە کوردستانییەکاندا بوو بەڵکوو بەهۆی هێڵی دژەفڕین لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانەوە دەپارێزران، هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی شیعەش لە زلکاوەکانی باشووری عێراقدا مانۆڕیان دەدا کە دەوڵەتێکی بەهێزی وەک ئەوسای ئێران پاڵپشتیان بوو. وەک دیارە، لە گشت نموونەکاندا مەیدان ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لەمەڕ پڕۆئەکتیڤبوونی ئۆپۆزیسیۆن، هەڵبەت هێرشی هاوپەیمانان لەم سۆنگەوە گرنگە کە توانی پارسەنگی هێز بەلای ئۆپۆزیسۆنی مەیدانداردا بخات. لە سۆنگەی ئێرانەوە دۆخەکە ئاوارتەترە، دەزگای سەرکوت، تەکنۆلۆژیای مێلیتاری و دۆخی ستراتیژیکی ئێران لە ناوچەکە، ئەو شانسە بە دژبەرانی خۆی نادات کە کۆنتڕۆڵی مەیدانیان هەبێت. بەڵام  ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن مەیدان بە مانای هێزی باڵانس و کۆنتڕۆڵیشی لە دەستدا نەبێت، خۆ دەبوایە لانیکەم ڕۆڵی لە داگیرکردنی فەزاکاندا هەبێت تاوەکوو گێڕانەوە و وێژمانی خۆی لە نەخشەی جوگرافیای ڕاپەڕینەکاندا بنوێنێتەوە. وەک پێشتر باس کرا، مەرجە پێکهاتەییەکان شانسی سەرکەوتن یا شکستی ئۆپۆزیسیۆن دەباتە سەر، هۆکارەکەش لەوەدایە کە فەزا وەک ئەتمۆسفێرێکی گرینگ وایە کە مانا و ناسنامەیەکی گشتی بە پێکهاتە ناڕازییەکان دەبەخشێت و جوگرافیاش ئیمکانمەندبوونی (Affordance) بەربڵاوی و بەردەوامبوونی ڕاپەڕینەکان مسۆگەر دەکات (Skocpol, 1979). لە بەشی شرۆڤەکردنی پۆتەنسیەڵەکانی گۆڕاندا هەوڵ دەدەم ئەم کەمایەسییە ڕوونتر بکەمەوە کە بۆچی دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەپێچەوانەی حیزبە کوردستانییەکان، لەم بوارەشدا ناکارامە و دەست‌بەتاڵن.

٢- پوتەنسیەڵی گۆڕان

سەبارەت بە پوتەنسیەڵی گۆڕان ئێمە دەبێ ئەجێنتەکانی گۆڕان لای یەکتر دابنێین و بزانین تا چەند کاراییان هەیە بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی یا بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە دوای نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. ئەجێنتەکان چین؟ یەکەم ئۆپۆزیسیۆنە کە دەبێ وەها پڕۆئەکتیڤ بێت کە لەڕێگای ڕێکخستنەکانیانەوە کۆنتڕۆڵی شەقام لەدەست ڕێژیم دەربێنێت و دووهەم؛ پلاتفۆرمێکی دێمۆکڕاتیکە بۆ پڕکردنەوەی فەزاکانی خۆنواندنەوە و داڕشتنی وێژمان یا گێڕانەوەیەکی گشتگیر لەهەمبەر گێڕانەوەی «پیاوی فارسی شیعە»دا کە بلۆکی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی نۆێنەرایەتی دەکەن. داهێنانی وێژمان یا گێڕانەوەیەکی گشتگیر، لە هەموو دۆخێکدا سەرکەوتوو نابێت ئەگەر نەتوانێت ئەو دیاردەیە بەرهەم بێنێت کە میشێل فۆکۆ بە ناوی «ڕێژیمی حەقیقەت» شرۆڤەی دەکرد. هەڵبەت نکۆڵی لەوە ناکرێت کە دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای ئینقلابی ١٣٥٧، بەردەوام خەریکی بنیاتنانی وێژمان و داڕشتنی گێڕانەوەکانی خۆیان بوون و هەن. پرسیار ئەوەیە کە دژبەرانی ڕێژیم تا چەند توانیویانە گێڕانەوەیەک بەرهەم بێنن تاوەکوو لە پێکهێنەرە بنچینەییەکانی (Constituents) «ئایدیای ئێران» دەرباز بێت کە بە سێ فاکتۆری «پیاوی فارسی شیعە» دەناسرێتەوە و وەک خۆیان دەڵێن؛ ئەنتگراڵێکی نەتەوەیی دامەزرێنن کە گشت پێکهاتە نەتەوەیی، جێندەری و دینییەکان لەخۆ بگرێت. ئەوەی تا ئێستا دیارە، بەشێکی بەرچاو لە دژبەرانی ڕێژیم لەهەمبەر پرسی پێکهاتە نەتەوەییەکاندا، بە واتای کاترین هیڵز، خۆ لە کوێری (Voluntary Blindness) دەدەن و لە وێژمانی بەشەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنیشدا پرسی نەتەوە پەراوێزخراوەکان وەها کڵیشەیی و ئاماژەیی باس دەکرێت کە مەودایەکی زۆری هەیە لەگەڵ نێوەڕۆک و ئەجندای ئەو سەروەرییە سیاسییەی کە نەتەوە پەراوێزخراوەکان خەباتی بۆ دەکەن. لەباری پێکهاتەییەوە دەنگی پیاوانە هەروا هەژمۆنە و ژنان زۆر بەدەگمەن دەبن بە ئەندام لە حیزبە ئێرانییەکاندا و هەروەها لەسۆنگەی ئەو سێکۆلاریزمەی ئەوان پێناسەیان کردووە و باوەڕیان پێیەتی، سروشتییە کە زۆر ڕووکەشییانە باس لە مافی پێکهاتە دینییەکان بکەن. هەڵبەت مەوداگرتنی ئۆپۆزیسیۆن لە پێکهێنەرە بنچینەییەکانی ئایدیای ئێران، نە مەنتقییە و نە مومکینیشە، کەوایە ناچارن ئەجیندای سیاسەت و وێژمانەکانیان وەها تەکووز و ڕێک بخەن کە لەچوارچێوەی «پەنجەرەی ئەڤێرتۆن»[1] لا نەدات، چونکوو مەنتقی ڕیاڵپۆلیتیک وا دەخوازێت ئۆپۆزیسیۆن لەو ئاقارە کولتورییەدا سیاسەت بکات کە بەلای زۆرینەی خەڵکەوە بەهەند گیراوە.

کێشەکە لە چیدایە؟

توێژەرانی پۆست‌کۆلۆنیال هۆکارەکە لە پێکهێنەرە بنچینەییەکانی «ئایدیای ئێران»دا دەبینن. ئایدیای ئێران لەسەر بنەمایەکی ئیتنۆ-شۆڤێنیستیانە دامەزراوە، ئامانجەکەشی سڕینەوە و یەکدەستکردنی ئەو پێکهاتانەن کە ناتەبان لەگەڵ مۆدێلی ئیتنۆ-زمانیی نەتەوەی باندەستکراو و ئەم ئامانجە کولتورییەش بە سیاسەتی کۆلۆنالیستیانە جێبەجێ کراوە. فاکتۆرەکانی پیاو، شیعە و فارس کە پێکهێنەرە بنچینەییەکانی وەها ئایدیایەکن، دەکرێت وەک عەسەبیەتەکەی ئیبنی خەلدوون ڕەچاوی بکەین، واتە شانسی گەیشتن بە دەسەڵات، بەسراوەتەوە بە چالاک کردنی ئەو فاکتۆرانە لە بڕگە هەستیارە مێژووییەکاندا. کەوایە ئەم فاکتۆرانە هەم دەرفەتن و هەم دەسکەوتن بۆ ئەو کەس و لایەنە سیاسییانەی کە بەتەمای دەسەڵاتێکی ڕەهان لە ئێراندا. بۆ نموونە لە دۆخە هەستیار و دەرفەتە ناوازەکاندا، کاتێ پرسی نەتەوە پەراوێزخراوەکان دێتە ڕۆژەڤەوە، بە شێوەی عەسەبیەتەکەی ئیبنی خەلدوون، هێز بەبەر ئەم فاکتۆرانەدا دەکرێتەوە و مەیدان بۆ مانۆڕی باڵە سیاسییە ئێرانگەرا، دینی-نەتەوەیی، تەنانەت چەپ و لیبەڕاڵەکان خۆش دەکات. هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن، ئاکادێمیسیەن، ئیلیتی لیبڕاڵ و دێمۆکڕاتی ئێرانی، لەهەمبەر یەکپارچەیی ئێران، پرسی فرەنەتەوەبوونی ئێران، خوێندن بە زمانی دایک و تەنانەت هەڵپەڕین و شایی پێکهاتە بندەستەکانیش لە نەورۆزدا، بەشێکن لەو نموونانە. ئەم عەسەبیەتە یەک لە گرفتە سەرەکییەکانی ئایدیای ئێرانیشە و هۆکارەکەش ئەوەیە کە ناتوانێ ببێت بە عەسەبیەتێکی گشتگیر، چونکوو زۆرینەی حەشیمەتی نێو جوگرافیای ئێران شموولی وەها عەسەبیەتێک نابن. ئەم کەلێنە کولتورییە، زەحمەتە بە ڕوانگەیەکی کلیشەیی یا ئاماژەدانێکی تەعاروفی پڕ بکرێتەوە چونکوو زامە نەتەوەییەکان لە ئێراندا زۆر لەوە قووڵترە کە گێڕانەوەیەکی ڕووکەشیانە هەتوانی بکات. رەنگە سیستەمە رەخنەسازییەکەی کانت لەمەڕ «هزری پەتی»، بەرچاوڕوونیەکی باشترمان پێبدا تاوەکوو لەم کەلێنە دیئانتۆلۆژیکە تێ بگەین: ئایدیای ئێران لای نەتەوەی باندەستکراو پێشمەرجێکی ئەخلاقییە (Noumenon)، بەڵام ئەم پێشمەرجە ئەخلاقییە لای نەتەوە پەراوێزخراوەکاندا جوگرافیای بندەستی و تاقیکردنەوەی چەوساندنەوەیە (Phenonenon).

 ئایدیای ئێران بە شێوەیەکی مێژوویی هەم وەک پلاتفۆرمی سەرکوت کاری کردووە و هەم وەک ڕێژیمی حەقیقەت خزمەت بە وێناکردنی ئێرانێک دەکات کە تەنیا نەتەوەی باندەستکراو پێی وەفادارە و هەروەها لەسۆنگەی پێشمەرجە ئەخلاقییەکانیشیەوە، خێروبێری بۆ ئەوان پترە. ئەم پێشمەرجە ئەخلاقییە بە درێژایی مێژوو، چارەنووسی سیاسەتکردن لە ئێرانی دیاریی کردووە و هەر لایەنێک بەتەمای دەسەڵات بێت لە ئێران، جا چ ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکڕات و لیبڕاڵ بن و چ پێکهاتەیەکی دینی و کۆنسێرڤاتیڤ بن، بەبێ وەها پێشمەرجێک و بەبێ ورووژاندنی یەک لە عەسەبیەتەکانی پیاو، زمانی فارسی و شیعەخوازی، ئامانجە سیاسییەکانیان نایەتە دی. ئەم ڕوانگە ئانتۆلۆژییە لای نەتەوەی باندەستکراو وەها ئایدیالۆژیزە کراوە کە وەک مەیدانە مێگناتیسیەکەی نێو ڕۆمانی «ترۆپکەکانی وەنەوزدان»، نووسینی ئەلەکساندێر زینۆڤێڤ وایە و هیچ پێوەندییەکی بە قوتابخانەیەکی هزرییەوە نییە کە بەپێی پارادایم بگۆڕێت، بەڵکوو ئایدیای ئێران وزەیەکی کۆمەڵایەتی-کولتوریی پێک هێناوە. بە واتایەکی دیکە ڕەفتار، زمان و تەنانەت هزرینی یەک‌بەیەکی ئێرانییەکان، تین لە وەها وزەیەک وەردەگرن، جا با لیبڕاڵ بن، چەپ بن، پرۆگرێسیڤ بن، ژینگەپارێز بن، فێمێنیزم بن، دادپەروەر بن، چالاکی مافی مرۆڤ و بەگشتی ئەگەر دژی هەرچەشنە چەوساندنەوەیەک بن و هەر ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەیان لەسەر مێژووی ئیستبداد هەبێت، گرنگ نییە چونکوو دواجار ئەوە مەیدانە مێگناتیسییەکەیە گشت لایەنەکان بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێتەوە، یار و نەیار بەیەک شاد دەکاتەوە و دەیانگەیەنێتە ئیئتلافێکی عەقڵانی لەمەڕ پلاتفۆرمی سەرکوت. کەوایە سەیر نابێ و نییە کە لە زۆر قۆناغ و بڕگەی مێژووییدا، پشتکردنی هاوپەیمان و دۆستەکانمان، سەرساممان بکات.

٢-١ داگیرکردنی وێژمان

ڕێژیمی حەقیقەت کە فۆکۆ پێداگریی لەسەر دەکات، بەهۆی وێژمانەوە دێتە دی. واتە لەڕێگای کۆمەڵێک کردەوەی سیستماتیک و بەهۆی ئەو سووژانە دێتە ئاراوە کە لە گێڕانەوە و دیالۆگە تایبەتەکاندا قسەیان لەسەر دەکەین. هەڵبەت کاری وێژمان هەر ئەوە نییە سووژەیەکی مانایی نۆرمالیزە بکات، بەڵکوو ئامانجەکەی کۆنتڕۆڵ و ڕاگرتنی ئەو دیسپلینەیە کە وێژمانەکە چوارچێوەی بۆ دیاریی کردووە. بەم چەشنە سیلەی وێژمان دەبێ ڕووی لە دەسەڵات بێت، دەسەڵات ئەو کورسییەیە کە وێژمان یارمەتیمان دەدات لەسەری دانیشین، بەڵام دەسەڵات هەرچەندە بەهێزیش بێت لەم چارەنووسە تراژیکە ڕزگاری نابێت کە: دەسەڵات لە کوێ بێت، دژبەرەکەشی لەوێندەرە (Foucault 2006). کاتێ قسە لەسەر وێژمان دەکەین، دەبێ روون بکرێتەوە ئەو وێژمانە لە قازانجی کێ‌دایە و هەڕەشە لە بەرژەوەندیی کێ دەکات؟ کەوایە وێژمانەکان نابێ شوێنکەوتوانە بن، بەڵکوو وەک لنین لەبابەت بزاڤە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژەی پێداوە، ئەگەر پلانی بۆ سەروەریی سیاسی نەبێت بە کردەوە لە مەیدانی دوژمنەکەیدا گەمە دەکات، کەوایە گرینگبوونی بزاڤێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی لەوەدایە کە خۆی بۆ داگیرکردنی دەوڵەت ئامادە کردبێت (لنین ١٣٨٤). کاتێ خەڵک لە شەقامەکانی تاران و ئیسفەهان بە دەنگی بەرز ناوی پەهلەوی دەهێنن، لە ڕاستیدا هاواری کەسێک ناکەن، بەڵکە خەڵک پەهلەوی وەک «دامەزراوەی دەوڵەت» فام دەکەن کە دەتوانێ جێگرەوەی حکوومەت بێت، بەڵام وێژمانی کۆماریخوازەکان ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەیتوانیوە لەو دۆخەدا دەرباز بێت کە لنین بە شوێنکەوتوویی (Khvostism) پێناسەی کردووە.

وێژمانەکانیش بەهۆی دژوازییە دەروونی و هاودژە کولتوری، ئابووری و جێندەریەکانیەوە ماوەیان بەسەر دەچێت، هۆکارەکەش ڕوونە: نەوەیەکی نوێ لەدایک دەبێت، داڵغەی نوێ دێتە کایەوە و لە ئەنجامدا خەبات بۆ تێپەڕین لە وێژمانی داپڵۆسێنەر دەبێت بە زەروورەت. سروشتییە هەرکام لەو هاودژانەی ئاماژەم پێدان، هەوڵ بۆ بنیاتنانی ڕێژیمی حەقیقیی خۆیان بدەن، واتە یەکتر دەدۆزنەوە، پرسیار چێ دەکەن و بەهۆی دیالۆگی ئازاد، ڕێگە بۆ داهێنانی وێژمانێکی سەردەمیانە خۆش دەکەن. وێژمانی دەسەڵات لە هەمبەر وێژمانە سەردەمیانەکاندا، چارێکی وای نییە مەگەر پشت بە پۆتەنسیەڵە واقەعیەکەی دەسەڵات ببەستێت کە لە پێناسە ژێنووسیەکەی میشێل فۆکۆ ئاماژەی پێدراوە؛ واتە یا ڕووکاری سەرکوتکەرانە (repressive)، یا دەبێ ڕووکاری داهێنەرانەی (productive) دەسەڵات بخاتەڕوو (Lewin 2021). داگیرکردنی وێژمان (discourse capture) یەکێکە لە ڕووکارە داهێنەرەکانی دەسەڵاتی سیاسی، کە بە مەبەستی شێواندن و بەلاڕێدابردنی وێژمانە سەردەمیانەکان چالاک دەکرێت. بۆ نموونە ئیلیتی ڕاست‌ئاژۆ، ڕێبەرانی پۆپۆلیست، ناوەندە دینی و بە گشتی ئەو پێکهاتانەی ئینتمای باوکسالاریان هەیە، کەمپەینێک بەناوی سیاسەتی بادانەوە (Backlash politics) ڕێ دەخەن بەڵکوو نۆرمی کۆن و نۆستالۆژییەکی بونیاتتەوەر بەچاوی خەڵکدا بدەنەوە کە بە بۆچوونی ئەوان، هۆکاری تەناهی و ئارامیی کۆمەڵگا بوون. پڕۆژەی پاشاخوازەکان یەک لەو نموونانەیە کە لەڕێگای بووژاندنەوەی نۆستالۆژیای بونیاتتەوەر، خێروبێری سیستەمی پەهلەوی، بە چاوی خەڵکدا دەدەنەوە بەڵکوو پێش لە پەرەسەندنی بزاڤە پڕۆگرێسیڤەکان بگرن. سیاسەتی بادانەوە، بە بۆچوونی «لەوین»، یەک لە میکانیزمە گرینگەکانی داگیرکردنی وێژمانە کە بە چوار قۆناغدا تێ دەپەڕێت:

  • تێکدانی مانای چەمک و وشەکان وەها کە تێرمەکانی نێو وێژمانەکە وەک دژەباو دەرکەون (Resignifying)،
  • لابڕ لێدان لە نێوەڕۆک و پەیامە سەرەکییەکانی وێژمانەکە و هەروەها بە لێدانی مۆرکی ئایدیالۆژیک، وێژمانە پڕۆگرێسیڤەکان وەک هەڕەشە یاکوو تەمای دەسەڵاتخوازانە بناسێنن (Shifting)،
  • لەڕێگای زمانسازییەوە، بادانەوە وەک سیاسەتێکی مۆدێڕن دەخەنە ڕوو (Mimicry/appropriation) و
  • دواجار؛ شێواندنی بنەما هزرییەکانی وێژمانە (Twisting/repurposing) بەڵکوو بزاڤە پڕۆگرێسیڤەکان تووشی وەهم و دووبەرەکی بکەن (Lewin 2021).

ئەگەر ئەم شیکارییە لە فێمێنیستەکان بە قەرز وەرگرین و لەگەڵ دۆخی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت فەزای سیاسی لە ئێرانی پێ هەڵسەنگێنین، چیمان بیر دێنێتەوە؟ ئەم میکانیزمە نەک بۆ ئێمە ئاشنایە بەڵکە لەگەڵیدا دەژین: پاشەکشەی بە هێزە سیاسییەکان کردووە، بزاڤەکانی شکست داوە، زیندانەکانی پێ پڕ کردووەتەوە و دەیان هەزار گیانی شیرین بەهۆی وەها سیاسەتێک قڕ کراون و کەسیش دەربەست نییە. لەبیرمانە ئێلیتی ڕانتخواز، باڵەکانی ئیسلاحتەڵەب کە دەستیان بە میدیا فارسی زمانەکانی  دەرەوە و نێوخۆی ئێران ڕادەگەیشت، چۆن سوار شەپۆلی وێژمانە پێشکەوتووەکان دەبوون. مانا و چەمکی وێژامانەکانیان لەبن بەرداشی هێرمنۆتیکدا وەها دەهاڕی و  هێندەیان دووپات دەکردەوە کە لەگەڵ مانای ڕاستەقینە و پارادایمە عەینییەکەی خۆی نامۆ ببێت و دواجار دەیانخستە خزمەت ئامانجە ئایدیالۆژیکەکانی خۆیان بەڵکوو خەڵک وا تێ بگەن کە گۆڕانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەڕێوەیە. بەڵام ئەزموون بیرمان دەهێنێتەوە کە هەوڵەکانی ئێلیت بۆ ئەوە بوو حکوومەت چەکی سەرکوتکردنی پێ چەور بکات و بەناوی «مردمسالاری»، «مافی ڕادەربڕین»، «مافی ژن»، «داد»، «مافی مرۆڤ»، «ئازادی» و هتد، پرسی ژنان، بزاڤە دادخوازەکان، حورمەتی ئازادی، مافی دیاریکردنی چارەنووس و ئەو بزووتنەوانەدا بچێتەوە کە داهێنەری ئەو درووشمانەن و خەونیان بە گۆڕانێکی بنچینەییەوە دەبینی. هەڵبەت لەم سۆنگەیەوە بلووکە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیمیش دەستێکی باڵایان لە داگیرکردن و شێواندنی وێژمانە پێشکەوتووەکان هەبوو، بۆ نموونە وێژمانی ژن، ژیان، ئازدی لە ساڵی ١٤٠١دا.

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە، تیۆریی داگیرکردنی وێژمان چۆن لەگەڵ فەزای سیاسیی ئێران تەتبیق دەکرێت کاتێ سەرنج بەو ئامارانە بدەین کە باس لە مەودای نێوان وێژمانی ڕێژیم و داخوازییەکانی شەقام دەدەن؟ لەڕاستیدا زەروور بوونی داگیرکردنی وێژمان لەو بڕگانەدا دەردەکەوێت کە ئامارەکان هەڕەشە لە مەشرووعیەتی ڕێژیمە سیاسییەکان دەکەن و ئەگەر وێژمان یا گێڕانەوەیەکی سەردەمیانە لە فەزادا هەژمۆن ببێت، ئەوە شانسی گواستنەوەی ژمارە پاسیڤەکانی ئامار بۆ جەستەی واقعی و کردەی مەیدانی دەباتە سەر. کەوایە سرووشتییە ڕێژیم لەو بڕگانەدا مشوور لە مەشروعییەتە لاوازەکەی بخوات و بەهۆی سیاسەتی ڕانتینێر، ئەو بەشە لە ئێلیتی ڕانتخواز چالاک بکات کە بە ڕواڵەت ئۆبژەکتیڤ و بێلایەن ناسراون و لە سۆنگەی مێتۆدۆلۆژی ڕەخنەییەوە، کار لەسەر شێواندنی بنەما تیۆرییەکانی وێژمانە مۆدێڕنەکان بکەن تاوەکوو وەهماوی دەرکەون و بەم چەشنە لەکاتە هەستیارەکاندا و بەهۆی جەمسەرسازیییەوە، ببن بە سازی ناساز بۆ دووبەرەکی‌نانەوە. ڕێگەم بدەن وەک نموونە ئاماژە بە «داگیرکردنی ئێلیت» و هەروەها کارکردی «زمانی بنیاتنراو» بکەم کە دەتوانن تەواوکەری پڕۆسەی داگیرکردنی وێژمان بن.

٢-١-١ داگیرکردنی ئێلیت

داگیرکردنی ئێلیت (Elite Capture) پڕۆژەیەکی کۆلۆنالیستییانەیە کە لەلایەن «ئولۆفێمی تایوەو» فیلسووفی ئەمریکی-ئەفریقایی، لەبابەت کۆمەڵگا پۆست‌کۆلۆنییەکاندا تیشکی خراوەتە سەر. پڕۆژەی داگیرکردنی وێژمان لەم گۆشەنیگایەوە بە هەمان ڕێچکەی لێوین بەڵام، لە ڕێگای داگیر کردنی ئەو ئێلیتانەوە جێبەجێ دەکرێت کە بۆخۆیان بەشێکن لە کێشەکە و لە ئەنجامدا ئەرکی شێواندنی وێژمان و سڕکردنی بزاڤەکان دەکەوێتە ئەستۆیان. بۆنموونە تێرمی مەعریفەناسی سۆنگە (Epistemology Standpoint) بە بنەما دەگرن کە تیۆرییەکی فێمینیستییە لەمەڕ ئاپارتایدی زانست. واتە زانست بەپێی جێندێر و سۆنگەی کۆمەڵایەتیی ئێلیت بەرهەم دێت، کەوایە هیچ ئێلیتێک ناتوانێت بە ڕادەی ئێلیتی کەمینە و پێکهاتە پەراوێزخراوەکان لە ستروکتور و کارکردی بێدادی، تێ بگەن چونکوو چەوساندنەوە و هەڵاواردن بەشێکە لە ژیانی عەینی و ئەزموونکراوی ئەوان. هەر ئەم پێناسەیە بەستە بۆ دەسەڵات تاوەکوو ئێلیتی پێکهاتە پەراوێزخراوەکان هاوبەش بکەن لە پڕۆژەی داگیرکردنی وێژمانەکان و هەروەها دامرکاندنەوەی بزاڤە مافخواز، ناسنامەخواز و دادخوازەکاندا (Táíwò, 2022) بۆنموونە هەڵبژاردنی پزیشکیان بۆ سەرۆککۆماریی ئێران و هەروەها پڕۆژەی «جۆرج تاون» لە شۆڕشی ژینادا یەک لە بەڵگە سەلمێنەرەکانی وەها پڕۆژەیەکن.

کێ ئەو مافە بە ئێلیتی داگیرکراو دەدات کە ببێت بە دەمڕاستی ژێردەستەکان؟ تایوەو باس لە نۆرمێکی کۆمەڵایەتی دەکات کە لەتوێی زمانێکی بنیاتنراودا جومگەبەندی کراوە بە ناوی «سیاسەتی ڕێز لێگرتن» (Deference Politics). کاریزمای سیاسی، ئاکادێمیست، کارناس و شرۆڤەکارانی پرسی بندەستی، بەهۆی پێگەی زانستی، سیاسی و ئایینییەکانیانەوە لای خەڵک وەک سەرمایەی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێن. ئەم ئیمتیازە کۆمەڵایەتییانە ڕێگە بۆ دەسەڵاتی باندەست خۆش دەکات تاوەکوو بەنێو ئێلیتی کەمینە پەراوێزخراوەکاندا بگەڕێت و کام ئێلیت سووکەمامڵەتر بێت، ئەو دەکات بە دەمڕاستی کەمینەکان. پاساوەکەشیان ئەوەیە کە سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان باشتر دەتوانن نوێنەرایەتیی ماف و داواکانی کەمینەکراوەکان و پەراوێزخراوەکان بکەن. وەها نۆرمێکی کۆمەڵایەتی کێشەسازکەر نییە و لە ڕاستیدا ئێلیتەکان باشتر دەتوانن نوێنەرایەتییان بکەن، بەڵام کێشەکە لەوێڕا دەست پێدەکات کە دەسەڵات درگای ژوورەکە (privilege The Room) بەسەر کام ئێلیتدا دەکاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری چارەنووسساز دەربچێت. بەم چەشنە ژوورەکە بەسەر ئەو خەڵکەدا دادەخرێت کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە و عەینیی بزاڤەکان دەکەن و دەمێنێتەوە دەسەڵات و ئێلیتی سووکەمامڵە. بە بۆچوونی تایوەو لەو ژوورە داخراوانەدایە کە سیاسەتی ناسنامەخوازی چەواشە دەکەن، وێژمانەکان سووکوچرووک دەکەن، و بەگوێرەی قسەکەی فرانتس فانون: «وشیاریی نەتەوەیی، کە دەبوایە ڕەنگدانەوەی گشت رەهەندەکانی هیوا و ئامانجە راستەقینەکانی گەل بێت، سووکوچرووکی دەکەن و وەک کەوایەکی شڕ دەیکەن بە بەری نەتەوەدا.» (Táíwò, 2022, p. 16-17).

لەم ساڵانەدا بۆ گشت لایەک دەرکەوت کە بەشێکی بەرچاو لە ئێلیت کە لە میدیا فەرمی و نافەرمییەکاندا بەناوی فێمێنیست، چەپ، لیبڕاڵ و تەنانەت ئەو ئێلیتە کوردانەی پرسی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانیان دەخستە ڕۆژەڤەوە و بەڕواڵەت پرسیاریان لەسەر سیاسەتە فەرمییەکانی ڕێژیم ساز دەکرد، دەستێکی باڵایان لە بەرهەمهێنانەوەی وێژمانی دژە گۆڕاندا هەبوو. بۆیە سەیر نییە لە ماوەی ئەو ساڵانەیدا کە ڕێژیم تووشی قەیرانی مەشرووعیەت دەبوو، ئێلیتی ئێرانی بە دەنگ و ڕوخساری جیاوازەوە و بۆ ماوەیەکی کاتی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبوون بە بڕەند و دوای ماوەیەکی دیکە وەها بزر دەبوون کە خەڵک لەبیریشیان دەچووەوە ئەم ئاکادێمیسیەنانە ڕۆژانێک ببوون بە دەمڕاستیان، گۆمەکەیان کەمێ شڵەقاند و  هەنووکە کەس سۆراغیان نازانێت و دیار نییە چییان بەچی کرد.

٢-١-٢ زمانی بنیاتننراو

لە سەرەتای حەفتاکاندا هەوڵێکی چڕ بۆ داگیرکردنی وێژمان لە فەزای سیاسیی ئێراندا هاتە ئاراوە کە بە میکانیزمی «زمانی بنیاتننراو» (Constructed language) جێبەجێ دەکرا. لەم سۆنگەوە جومگەبەندییە زمانییەکان، بەڵگەنەویستانە خۆیان دەنواند چوونکە لە سۆنگەیەکی مەعریفەناسیانەوە دەهاتن. جومگەبەندییەکان هیچ پێوەندییەکیان بە وێژمانێکی دیاریکراو و هیچ سەردەم و پارادایمێکەوە نەبوو، بەڵکە تەنیا بەرهەمی لابڕاتۆری ئێلیتی ڕانتخواز  و ئێلیتی داگیرکراو بوو کە بەناوی ڕێفۆرمیست، لیبڕالیست، فێمێنسیت، دادخواز و… دەرخواردی پێکهاتە ناڕازییەکانی ئێران دەدرا. هەڵبەت وشەکان لەباری سێمەنتیکەوە مانای خۆیان هەیە بەڵام بەهۆی داڕشتنی جیاواز، بەپێی ئەو هەلومەرجەی وشەکانی تێدا نۆژەن دەکرایەوە و لەبەر لێکدانەوەی ناتەبا، چەمک و وشەکان وەک دالێکی دەم ئاو (Floating Signifier) دەردەکەوتن کە مەدلوولێکی ڕوون و جێگیریان نەبوو و هەموو کەس و لایەنێک دەیتوانی ئەو چەمکانە بۆلای خۆیان ڕاکێشن (Chandler, 2007, p. 35). بەم چەشنە دالە بێ مەدلوولەکان وەها ڕێژەیی دەردەکەوتن کە وەک زمانێکی نوێ و ڕاڤەیەکی هاوچەرخ فام بکرێت کە خەڵکی ئاسایی بۆ ماوەیەکی زۆر سەرسامی گیرایی وەها سەرخۆشییەکی وێژەیی بکات و دەلاقەی پڕۆبلێماتیزەکردن و لێکدانەوە بەسەر ئەو جومگەبەندییە زمانیانە دابخەن. دیارە ئامانجی ئەم بەشە لە وتارەکە ئەوە نییە هەڵەبوونی جومگەبەندییە زمانییەکانی ئەو قۆناغە لە مێژووی ئێران بسەلمێنێت کە لەلایەن کارناسانی زمانەوە زۆرجار سەلمێندراون، بەڵکە مەبەست لە نواندنەوەی ئەو شتەیە کە فۆکۆ بە «شەڕی حەقیقەتەکان» ناوی دەبات. واتە ڕەچەڵەکناسیی لەمەڕ بۆچوونێکی ئانتۆلۆژیک سەبارەت بە نێوەڕۆکی زمان کە وەک دیاردە مێژووییەکان ڕووکردێکی نۆمیناڵیستانەیان هەیە و هیچ تایبەتمەندییەکی زاتگەرایانەیان تێدا بەدی ناکرێت (Foucault, 2006).

پێشبڕکێی زڕەتێرم و چەمکسازییەکان لەم سەردەمەدا بە ڕادەیەک زۆر بوون کە کەس لە فریای شیکارییەکی ڕەخنەگرانە نەدەهات و دژبەرانی ڕێژیمیش هەر لە فریای ئەوە دەکەوتن سەرەداوی یەک لەو زڕەتێرمانە بگرن بەدەستەوە بەڵکوو لە کۆمەڵگای مەدەنی دانەبڕێن. ئەم چەمکسازییانە کە سەرچاوەکەی ناوەندە ئاکادێمییەکانی ئێران، واتە یەک لە گرینگترین ئاپاراتووسەکانی دەسەڵات بوو، بە پڕۆژەیەکی ڕانتی دەچووە پێش بەڵکوو لەڕێگای زمانی بنیاتنراوەوە ئەو وێژمانە پڕۆگرێسیڤانە داگیر بکەن کە شانسی هەژمۆنبوونیان بەرز بوو. لەم سەردەمەوە گۆڕانێکی بنچینەیی لە تێرم و چەمکەکاندا بەدی دەکرێت کە هەموومانی چەواشە کرد و تەنانەت دەستی ئەو حیزبانەشی لە پشتەوە بەست کە بیریان لە گێڕانەوەیەکی گشتگیر دەکردەوە. بەشێک لەو چەمکانە بۆ نموونە خەباتی مەدەنی (رێفۆڕمیست) کە بە کۆنتراستێکی تۆخەوە لەهەمبەر خەباتی شۆڕشگێڕانەدا (کانفۆرمیست) دادەندرا، هەروەها چەمکی تاکباوەڕی (Individualism) کە بەپێچەوانەی ڕوانگە لیبراڵیستییەکەی، بە خۆ-ویستنێکی بێتام پاراو و تەکووز کرابوون بەڵکوو ویستی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و کاری هەرەوەزی (Communitarianism) لەبار ببەن. ئامانجی وەها داهێنانێک لەڕاستیدا کەمنرخ کردنی چەمکی ئینقلاب و خەباتی ڕێکخراوەیی بوو کە بنەماییترین و دیالیکتیکیترین پاڵنەری سیاسین بۆ گۆڕانی بنچینەیی لە کۆمەڵگادا. لەم سەردەمەوە شەرمکردن لە ئینقلاب بە ڕادەیەک جێگیر ببوو کە حیزبە چەپە ئێرانییەکانیش نکۆڵییان لە کردەوەی شۆڕشگێرانە دەکرد و تەنانەت بە گژیشیدا دەچوونەوە! لەوە قەباحەتتر دوورەپەرێزی کردن لە حیزبایەتی بوو، وەها کە ئەندامبوون لە حیزبێکی سیاسی، نەک بە هەند نەدەگیرا بەڵکە ڕێکخستنی سیاسی وەک دیاردەیەکی نەریتی دەهاتە ئەژمار کە لە مۆدێڕنیتە دوا کەوتووە! ئەم ڕەوەندە وەها کارتێکەر بوو لەسەر حیزبەکان کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، زۆر بەزەحمەت دەتوانین حیزبە سیاسییەکان لە یانەیەکی ڕۆشنبیری، تەڤگەرێکی دژ بە توندوتیژی، دامەزراوەیەکی مافی مرۆڤ و تەنانەت ژینگەپارێزانیش جیا بکەینەوە.

دەفری زڕەزمان و داهێنانی چەمکی شاعیرانە، هەروا تێرمی نوێی لێ دەڕژێت و هەنووکە لە فازی دامەزراندنی کۆمەڵگای مەدەنی و دیالۆگی ژیوارەکانەوە (گفتگوی تمدنها) بەرەو داهێنانی تێرمی «براندازیخواهی»،  «تحول خواهی»، «گذارطلبی»، «استمرارخواهی»، «قومگرایی»، «ایرانگرایی» و هتد هەنگاوی ناوە. بەڵام، ئەو تێرم و چەمکەی کە بەتەما نین داهێنانی نوێی بۆ بکەن، دالێکی کۆلۆنیالیستییە کە لە سەردەمی پەهلەوییەوە تا بەئەمڕۆ لە چوارچێوەی چەمکێکدا کۆنسێرڤایت کراوە بەناوی «تەجزیەتەڵەبی» و وادیارە هەتا ئێران بەم نەخشە سیاسییەوە بمێنێ و ڕوانگەی کۆلۆنیالیستی بەهێز بێت، ئەم دالە کۆلۆنیالیستییە قەت ناگۆڕێت. بەهەرحاڵ، پڕۆژەی داگیرکردنی وێژمان و هەوڵی زمانسازی، کاری بۆ ئەوە نەدەکرد کە کۆمەڵگەی ئێران بەرەو گۆڕان دەرباز بکات، بەڵکوو پڕۆژەکە بۆ ئەم مەبەستە کەوتە گەڕ کە ئێرانییەکان هیچ نەگۆڕن و شەڕەکە بخەنە نێو مەیدانی ئۆپۆزیسیۆنی بێ کردەوە و تەنانەت حیزبە کوردستانییەکانیش، وەها کە چالاکییەکانی ئۆپۆزیسیۆن تا ئاستی وێژمانی ئێلیتی ڕانتخواز دابەزێت و بیسەلمێنن کامەیان مەدەنی و کام لایەن نامەدەنییە، کامەیان مۆدێڕن و کام لایەن کلاسیکە، کێ گرژە و کێ دژی توندوتیژییە و بەگشتی، مەشروعیەتی سیاسیی خۆیان بە تێرمۆساتێکی سانتیمێنتاڵیستانە دیاری دەکرد کە لەدەستی ئێلیتی ڕانتخوازدایە. وەک دریدا دەیکوت: لە شەڕی نێوان «حەقیقەت» و «چەواشەکاری»دا، ئەو شتەی سەری تێداچوو؛ «مەنتق» بوو.

٢-٣ شێواندنی هیوا

ئەمانەی باس کران ڕەهەندی ئەگزیۆماتیکی زمان-ئامێری بوون لەپێناو داگیرکردنی وێژماندا، بەڵام گرینگ ئەوەیە چۆن ئەم پڕۆژەیە پڕۆجێکت دەکرێتەوە تاوەکوو هیوای گۆڕان داگیر بکەن؟ لەوانەیە وڵامی ئەم پرسیارە پێوەندیی بە ڕسکاندن و پێناسەکردنەوەی چەمکی ئۆپۆزیسیۆن هەبێت کە لە کۆتایی ساڵانی حەفتای هەتاوی و لەنێو فەزای سیاسیی ئێراندا پەرەی سەند. واتە: «ئۆپۆزیسیۆن پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەییە کە لەباری ڕێکخستن و تەنانەت وێژمانیشدا، دەبێ لەو ئاستەدا بێت کە خەڵک وەک ئەڵتەڕناتیڤی دەسەڵات بیسەلمێنن!». ئەم پێناسەیە زۆر مەنتقی دیارە و وابزانم ڕەخنەیەکی ئەوتۆ لەمەڕ نێوەڕۆکی وەها گوزارەیەکدا نایەتە گۆڕێ، بەڵام پرسیاری ئەم وتارە پێوەندیی بە کاتمەندبوونی گوزارەکەوە هەیە، واتە بۆچی تێرمی ئۆپۆزیسیۆن بەم پێناسە مەنتقییەوە، لە ساڵانی حەفتای هەتاوییەوە گشتگیر دەبێت و هەروەها لەبەرچی وەها پێداگریی لەسەر ڕەهەندی «ڕێکخستن» و «وێژمانسازی» کراوە؟

ڕێگەم بدەن سەرەتا و زۆر بە کورتی، بۆچوونی «جاناتەن شۆتس» لەمەڕ ڕەچەڵەکناسیی چەمکی ئۆپۆزیسیۆن بە بنەما بگرم و بزانین سەرەتا ئەم تێرمە چۆن هاتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی و ئێستا چۆن دەکار دەکرێت. ڕەگی ئۆپۆزیسیۆنیش وەک زۆربەی تێرمە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە بۆ زمانی لاتین (oppositionem). ئەم وشەیە سەرەتا لە زانستی ئەستێرەناسیدا دەکار کراوە، کاتێ هەسارەکان لەهەمبەر یەک قوت دەبوونەوە. لە سەدەی چواردەیەمی زایینیدا ئەم تێرمە دێتە نێو زانستی مەنتق و بەمانای هاودژبوونی دوو یا چەند ئایدیا لێک دراوەتەوە. لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەهەمدا، ئۆپۆزیسیۆن وەک بوختان و تاوانێکی ئەمنیەتی ڕەچاو دەکرا لە دژی ئەو کەسانەی پێملی بڕیارەکانی کلیسا و حکوومەت نەدەبوون. یەکەم دەرکەوتەی سیاسییانەی ئۆپۆزیسیۆن کە تایبەتمەندیی دامەزراوەیەکی سیاسی هەبێت، لەگەڵ گەشەکردنی پارلێمانتاریزم و لە سەدەی هەژدەهەمدا بەناوی ئۆپۆزیسیۆنی ئەمەگدار (Loyal Opposition) هاتە ڕۆژەڤەوە. واتە ئەو کۆتەڵانەی نێو پارلمانی بریتانیا کە دژ بە سیاسەت و بەرنامەکانی حیزبی دەسەڵاتدار بوون، بەڵام وەفاداربوونی خۆیان بۆ شا و یاسای بنچینەیی بریتانیا دەسەلماند. گۆڕان لە نێوەڕۆکی تێرمی سیاسییانەی ئۆپۆزسیۆن لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە دەست پێدەکات، واتە لەو سەردەمەدا کە ئۆپۆزیسیۆن لە پارلمان دەتۆرێت و شەقام دەکاتە مەیدانی خەباتەکەی، بۆ نموونە بزاڤە کرێکارییەکان، بزاڤە ڕزگاریخوازەکان و بزاڤی خوێندکاران لە ١٩٦٨. بەم چەشنە چەمکی سیاسییانەی ئۆپۆزیسیۆن لە «ئەمەگدار»ەوە بۆ «کۆنتڕۆڵکراو» و دواتر «بەرگریکار» گۆڕاوە و ئەم شیفتلێدانە، لە ڕاستیدا بەهۆی کزبوونی سیستەمی پارلمانتاریزم و بەرزبوونەوەی ڕێژەی حکوومەتە ئەوتۆریتار و پاتریمۆنالیستەکان لە جیهاندا هاتە ئاراوە. سرووشتییە پێکهاتەی حکوومەتەکان، فۆرم و نێوەڕۆکی ئۆپۆزیسیۆنەکانیشیان دیاری بکەن، بۆ نموونە لە حکوومەتە پارلمانییەکان ئۆپۆزیسیۆن ڕۆڵی چاودێری کردنی دەسەڵاتیان هەیە، لە باری ڕووکردیشەوە ڕێفۆڕمیستن و وەک حکوومەتی سێبەر سەلماون کە لە دەرفەتێکی دێمۆکڕاتیکدا دەتوانن حکوومەت بە دەستەوە بگرن. بەشێک لە سیستەمە ئەوتۆکرات و کۆنسێڕڤاتیڤەکان، مەجال بە بوونی ئۆپۆزیسیۆن دەدەن، بەڵام زۆر بە چڕی کۆنتڕۆڵیان دەکەن بەڵکوو نەچنە فازی ئینقلابییەوە (controlled opposition). بەڵام لە یاسای بنچینەیی حکوومەتە دیکتاتۆری و توتالیتێرەکاندا، پێشبینی بۆ هەبوونی ئۆپۆزیسیۆن نەکراوە. هەر بەم هۆیە دژبەرانی سیستەم بە نهێنی و لە هێندێ نموونەدا بە هۆی شەڕی پارتیزانییەوە ڕۆڵی ڕزگاریدەریان هەبوو. ئۆپۆزیسیۆنی بەرگریکار بە پێچەوانەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەمەگدار و کۆنتڕۆڵکراو، پۆتەنسیەڵی ڕێکخستنیان هەبوو، بە هۆی سەمپاتیی بەشێک لە ڕای گشتی؛ لە خۆیان ڕادەبینی خەڵک بۆ ڕاپەڕین و مانگرتن ڕێک بخەن و وەک ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات دەهاتنە ئەژمار. بەدوای نەمانی بلۆکی سووسیالیستی لە ئەورووپا و لە سایەسەری دێمۆکڕاسیدا، بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆنی بەرگریکار، بە پارلمان شاد بوونەوە و هەنووکە ڕۆڵێکی گرینگیان لەمەڕ بووژاندنەوە و پتەوکردنی دێمۆکڕاسی هەیە (Schwartz, 2016).

پڕۆسەی هێنان و ڕسکاندنی «ئۆپۆزیسیۆن»، دەیتوانی لە ئێرانیشدا وەها کڕۆنیکاڵ بچێتە پێش کە جاناتان شووتس توێژینەوەی بۆ کردووە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بەشێوەیەکی مێژوویی و لەو ناوچانەی لەژێر سریمەی دینی زەردەشتیدا بوون، «دین» دەبێت بە ئایدیالۆژیی دەوڵەت کە لە سەردەمی هەخامەنشییەکانەوە (ساڵی ٣٣٠ پێش زایین) فۆرماسیۆنی حکومەتداریی لەو دەڤەرەدا دیاریی کردووە. هەڵبەت نکۆڵی لەوە ناکرێت کە سیاسەت، بە بۆچوونی کارڵ ئیشمیت، مۆدێلێکی سێکۆلارکراوی دینە، بەڵام لێرەدا قسە لەسەر بەپیرۆزکردنی دەوڵەتە. ئەگەر لە سەدەکانی ناوەڕاست و لە دەرەوەی تێکستی مەسیحیەتدا پاساویان بۆ پیرۆزکردنی دەوڵەت دەهێنایەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و تەنانەت پێش دامەزرانی ئیمپراتۆریەتی مێدیا؛ پیرۆزکردنی دەوڵەت لە هەناوی تێکستی زەردشتیدا دوگم‌کراو بوو. کەوایە ئێلێمانەکانی ئیلاهیاتی سیاسی، لە سەرەتاوە لە دینی زەردەشتیدا بەهێز بووە و سنوورێکی بۆ جیاکردنەوەی «سیاسەت» لە «قەداسەت» لەبەرچاو نەگرتووە. بۆ نموونە چەمکی «ڕاستی»، «تیشک» و «فەڕەی ئیزەدی» کە نموونەی ئاوێتەبوونی حەقیقەتی ئیلاهی، حەقیقەتی کۆسمۆلۆژی و حەقیقەتی ئەخلاقی بوون و لە تێرمێکی دینی بەناوی «ئەشە» (سیستەمی قودسی و ئەخلاقی) جومگەبەندی کراوە کە بە شێوەیەکی دیسکۆرسیڤانە مانا و نرخی پاکژبوونی دەوڵەتیان دەچەسپاند (Lincoln 2014)؛ بەڵام لە ڕۆژئاوا دەوڵەت لەسەر بنەما فەلسەفییەکانی «لۆگوس» (سیستەمی عەقڵانی و فەلسەفی)، «دێموس» و «ئێتوس» دامەزراوە کە لەباری مەعریفەناسیی سیاسییەوە زۆر جیاوازە. وابزانم جیاوازییەکە لەم فۆرمولە سادەیەدا باشتر ڕوون ببێتەوە: ڕاستە کلیسا لەهەمبەر ئەرکی پاراستن و پەرەدان بە جیهانی مەسیحیەت، مەشرووعیەتی بە پاشاکانی ڕۆژئاوا دەدا، بەڵام لە سەدەی ڕۆشەنگەری و پاش لاوازبوونی مەرجەعیەتی کلیسای ڕۆم، دەوڵەت دەگەڕێتەوە بۆ سەر بنەما فەلسەفییەکانی لۆگوس. بەڵام پاشاکانی فەلاتی ئێران، پارێزەری دین نەبوون بەڵکوو ئیماژی ئەهوورا مەزدا بوون. کەوایە دەبوایە دەوڵەت لەگەڵ سیستمی ئەخلاقی و سیستەمی ئیلاهیدا هەماهەنگ بێت بەڵکوو نەزمی کۆسمۆس نەشێوێت. دوژمنەکانی پاشا لەم سۆنگەیەوە، دوژمنی سیستمی ئیلاهی، سیستمی کۆسمۆس و بنەما پێکهێنەرەکانی ئەخلاق بە ئەژمار دەهاتن. کەواتە پاشا وەک بریکاری ئەهوورا مەزدا، دەبوایە جیهان (کوسمۆس) لە درۆ (دژە-ئەخلاق) و ئاژاوە (دوژمنی شا) ڕزگار بکات (ibid). سیاسەت لە فەلاتی ئێران و لە غیابی نەریتێکی فەلسەفیدا، شانسێکی ئەوتۆی نەبووە کە لە چارەنووسی دین دەرباز بێت، بۆیە بەدوای هاتنی ئیسلامیشدا سیستەمی قودسی و ئەخلاقیی دەوڵەت نۆژەن دەکرێتەوە. بۆ نموونە سەفەوییەکان لەسەر بنەمای وەها ئارکیتایپێک، ئایینزای شیعەیان بە فەرمی کرد؛ وەها کە پاشاکانی سەفەوی وەک سەردەمی هەخامەنشییەکان ژێدەری دین و دنیا بن. ئەم ئارکیتایپە هەتا قاجاڕەکان، پاشایەتیی پەهلەوی و دواجار لە بەستێنە واقەعییەکەی خۆی کە ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانە؛ ڕەچاو کراوە. هەڵبەت هێندێ گۆڕانکاریی لە چەمکەکاندا هاتوونەتە گۆڕێ کە هەنووکە لە وێژمانی شیعەدا بە هەند دەگیرێن، بۆ نموونە پاشای دینی، دادی عەلی، وەلایەت و شەرعییەت کە وێکڕا پێوەندییان بە قودسیەتی حوکمڕانییەوە هەیە (Tabaar 2018).

هەبوونی ئۆپۆزیسیۆن لە سیستمێکدا کە شا و ڕێبەرەکانی دەمڕاست و بریکاری خوا بن لەسەر عەرز، پاساوهەڵگر نابێت. کەوایە داننان بە ئۆپۆزیسیۆن لەوانەیە وەها لێک بدرێتەوە کە ڕێژیمەکانی ئێران، دژبەرەکانیان بەفەرمی سەلماندووە و لە ئەنجامدا سیستەمە سیاسی، ئیلاهی و ئەخلاقییەکان و تەنانەت کۆسمۆس تووشی بشێوی دەبێت. بەداخەوە لەم زەمینەیەدا لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆ لەمەڕ کارکرد و نێوەڕۆکی ئۆپۆزیسیۆن لە مێژووی سیاسیی ئێراندا نادۆزینەوە کە ئەم وتارە پشتی پێ قاییم بکات، ئەوەی کە هەیە؛ لە نێوئاخنی بەشێک لە کتێبەکان لەمەڕ مێژووی سیاسیی ئێران و بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانی- ئەویش زۆر بە هەڵکەوت- دژبەرانی ڕێژیمە سیاسییەکانی ئێران وەک ئۆپۆزیسیۆن ناو دەبەن یا دژبەران ئەم مافە بە خۆیان دەدەن کە وەک ئۆپۆزیسیۆنی بەرگریکار خۆ بناسێنن بەبێ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئەم عەبایە تا چەند بە باڵایان بڕاوە. لە قۆناغی مەشرووتە (١٢٩٠-١٢٩٩) کە مێژوونووسانی ئێرانی، وەک خاڵی وەرچەرخانی پارلمانتاریزم و مافپەروەریی پێناسەی دەکەن، هیچ پێشبینییەک بۆ دیاردەی حیزبایەتی نەکراوە و لە یاسای بنەڕەتیی مەشرووتیەتدا باس لەوە دەکرێت کە «کۆڕ و جڤاتەکان، ئەگەر نەبنە هۆی ئاژاوەی دنیا و دین، ڕێگەپێدراون…» (اصل ٢١، قانون اساسی مشروطیت). وەک دیارە «ئاژاوە»، «دنیا» و «دین» وەک سیمبولەکانی ئەشە (سیستەمی قودسی و ئەخلاقی) کە پێشتر ئاماژەم پێداوە، لەم بڕگەیەشدا پێداگریی لەسەر دەکرێتەوە و لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە پێکهاتە سیاسییەکان لە فۆرمی کۆڕ و جڤاتدا (مجمع-اجتماع) ڕێگەپێدراو بوون نەک وەک ئۆپۆزیسیۆن، بۆ نموونە «مجمع آدمیت»، «انجمن ملی»، «فرقەی اجتماعیون-عامیون» و «کمیتەی انقلابی». با ئەوەش بڵێین کە ئەم جڤاتە سیاسییانە بە واتای پۆتەنسیەڵێکی سیاسی تێبینی نەدەکران کە کارکردی حیزبی ئەمڕۆییان هەبێت و لەڕێگای رێکخستنەوە کار بۆ گۆڕانی سیستمی سیاسی بکەن، بەڵکە وەک پێکهاتەیەکی فڕاماسیۆنێری دەناسران و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر حکوومەت و تەنانەت لە مەجلیسیشدا نەبوو.

دوای کودیتاکەی ڕەزا میرپەنج (١٣٠٤-١٣٢٠) و لە خولی دووهەمی مەجلیس، کۆمەڵێ حیزبی بێ جەماوەر و بێ ڕێکخراوە وەک کارگ هەڵدەتۆقن: بۆ نموونە حیزبی دێمۆکڕاتی ئێران، حیزبی زەحمەتکێشانی ئێران، جیبهەی میللی و… هەڵبەت حیزبی توودە لە بڕگەیەکدا تاکە حیزبی ڕێگەپێدراو بوو کە پێگەی جەماوەری و رێکخراوەیەکی تۆکمەی هەبوو، بەڵام زۆری نەخایاند ئەم حیزبەش قەدەغە کرا. بەگشتی هیچکام لەم حیزبانە وەک ئۆپۆزیسیۆن دانیان پێدا نەهێندراوە و حیزبە بێ جەماوەر و بێ ڕێکخراوەکان بەشێوەی فراکسیۆنێکی بێ‌ورتە لە قوژبنەکانی مەجلیسی میللی کزکۆڵەیان دەکرد و حکوومەت پێیان قەڵس نەبوو، بەڵام جیبهەی میللی وەک پێکهاتەیەکی ناڕازی و حیزبی توودەش بەشێوەی ئۆپۆزیسیۆنی بەرگریکار، بە هەڵوەشاوە ڕاگەیاندران و حکوومەت ناوی تێکدەر، ئیشتراکی و نۆکەری بێگانەیان لێنا و هەروەها بزاڤە نەتەوەییەکانیان بە هەرای خێڵە یاخییەکان (غائلە) ناو دەبرد. لە سەردەمی پەهلەویی دووهەمدا، بۆ یەکەمجار و بە شێوەیەکی فەرمی، تێرمی ئۆپۆزیسیۆن دەکار کراوە لەبابەت کۆتەڵەکانی نێو مەجلیسی سینا و مەجلیسی مللی (آبراهامیان ١٣٧٧)، کە دەکرا وەک ئۆپۆزیسیۆنی کۆنتڕۆڵکراو ڕەچاو بکرێت، هەرچەند بەدوای ئینقلابی سپیدا ئەم بەزمەش نەما و حیزبی ڕەستاخیز (١٣٥٤) بوو بە تاقانە حیزبی بێ ئۆپۆزیسیۆن و هێزە دژبەرەکانیشیان بە ناوی تیرۆریست، تەجزیەتەڵەب، ئانارشیست و هتد ناو دەبرد. لەم قۆناغەوە تا کۆتایی ساڵانی حەفتای هەتاوی (کۆتایی ساڵانی نەوەتی زایینی) و دەرکەوتنی بزاڤی ئیسلاحتەڵەب لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئێلیتی ڕێژیم لە هیچ کوێیەکدا بە فەرمی دانیان بە هێزە دژبەرەکانی خۆیان بەواتای ئۆپۆزیسیۆن نەهێناوە و تەنانەت حیزبە ئیسلاحتەڵەبەکانیش لە مەجلیسی ئیسلامیدا بە فراکسیۆن دەناسران نەک ئۆپۆزیسیۆن. تا کۆتایی حەفتاکان هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە ناوی دژی شۆڕش (ضد انقلاب)، مونافیق، مەحارب، مەعاند و هتد پێناسە دەکران و لەوە سەیرتر ئەوەیە کە لە هەردوو ڕێژیمەکاندا، حیزبە کوردستانییەکانیان بە تەجزیەتەڵەب ناوزەد کردووە. بەگشتی، خۆنەبان کردن و داننەنان بە دژبەرانی سیاسی وەک ئۆپۆزیسیۆن لە حکوومەتەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا، دەتوانێ بەرنامەیەکی ستراتیژیک بێت بەڵکوو ڕای گشتی، چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکیدا دڵنیا بکەنەوە کە ئەم هێزانە لە دەرەوەی گەردوونەی سیاسەتن لە ئێراندا. هۆکارەکەش ئەوەیە داننان بە ئۆپۆزیسیۆن لە کاناڵە فەرمییەکان، دەشێ وەها لێک بدرێتەوە کە حکوومەتەکان ئەم هێزانە وەک «حکوومەتی سێبەر» دەسەلمێنن.

ئەوەی باس کرا ڕەهەندی ستراتیژیکانەی کێشەی ڕسکاندنی ئۆپۆزیسیۆن بوو لە ئێراندا، بەڵام گرینگترین بەشی ئەم کێشەیە، ئاستی کردار و جێبەجێکردنی مەیدانییە کە یارمەتی بە تاکتیکی سەرکوتیش دەگەیەنێت. ئاستی ئۆپۆراسیۆنال بۆیە گرنگە چوونکە سیلە لە سووژەبوونی دژبەرانیش دەگرێت، کار لەسەر ڕازیکردنی (contentment) ڕای گشتی دەکات و ئەگەر   بە باشی نەڕواتە پێش، گرفت بۆ هاوئاوێتەبوونی ستراتیژیا و تاکتیک دەنێتەوە. بۆ نموونە بێ ڕکابەریکردنی حیزبی ڕەستاخیز وەک حیزبێکی تاقانە، بە دوای ئەو هێرشانەدا هات کە ساواک لە ساڵانی چل و پەنجای هەتاویدا کردیە سەر دژبەرانی شا، بەڵام تاکتیکی سەرکوت نەیتوانی سووژەبوون و ئەیجێنتبوونی دژبەران لەبار بەرێت و لە ئەنجامدا ترووسکەی هیوا هەرچەند بە کزیش، لە ئارادا هەبوو. کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای سەرکوتی دژبەرەکانی کە هەژماری کوژراوان، ئێعدام و زیندانییە سیاسییەکانیان بە دەیان هەزار کەس دەخەمڵێنن و ئەوانەش کە مانەوە لە هەندەران بوون بە پەنابەر (واتە تاکتیک)، کەچی لە ئاستی ئۆپۆراسیۆنالدا توانیویەتی سوژەبوون و ئەیجێنتبوونی دژبەرانی خۆی بسڕێتەوە و ئەم کارە جێبەجێ نەدەبوو ئەگەر چەمکی ئۆپۆزیسیۆنی وەها سووک و ڕیسوا نەکردایە.

بە گشتی، تێرمی ئۆپۆزیسیۆن یەک لەو دیاردانەیە کە لە فەزای سیاسیی ئێراندا مشتومڕی زۆر لەسەر دەکرێت و بێ کێشە نییە. کە دەڵێین کێشە، مەبەست لە چەمکێکی وەهماوییە کە لە باری ماهیەتی و کارکردییەوە شیکاریی بۆ نەکراوە و ڕوون نییە ئەم تێرمە کەی و بە چ مەبەستێک هاتووەتە نێو شەقامی سیاسیی ئێران. وەک پێشتر ئاماژەم پێی دا، هەتا ساڵانی حەفتا ئێمە گوزارەیەک بە ناوی ئۆپۆزیسیۆن شک نابەین کە گشت دژبەرانی ڕێژیم لە قاڵبی تێرمێک بدات و پێناسەیەکی سادەی بۆ بکات، لەکاتێکدا حیزبە ئێرانییەکان و تەنانەت کوردستانییەکانیش سەر بە بەیسی سیاسی و ئایدیالۆژیی جیاوازن. پرسیارەکە ئەوەیە: ساڵانی حەفتا چ گۆڕانکارییەک لە فەزای سیاسیی ئێراندا پێک هات؟ لەوانەیە وەڵامی ئەم پرسیارە پێوەندیی بە وێژمانسازیی بزووتنەوەی «دووی جۆزەردان»ەوە هەبێت کە لە سەرەتای حەفتاکاندا و بە مەبەستی دامەزراندنی «کۆمەڵگای مەدەنی»، باڵی بەسەر فەزای سیاسیی ئێراندا گرت. ئایدیالۆژیستەکانی بزووتنەوەی دووی جۆزەردان لەو سەردەمەدا، بە لێشاو چەمک و تێرمی لیبڕاڵیستییانەیان هێنایە ڕۆژەڤەوە کە تا ئەو کات بڤە بوون لە ئێراندا و لە راگەیاندنەکاندا وەها لێک دەدرایەوە کە ئێران لەبەردەم پارادایمێکی ڕێفۆڕمیستیانەدایە کە بە تەمایە ماڵاوایی لە پارادایمی ئینقلابی-جیهادی بکات. ئەم چەمکانە وەک دالێکی بەتاڵ (Empty Signifier) بە کۆمەڵگەدا بڵاو دەبوونەوە تاوەکوو ببن بەهەژمۆن. دالە بەتاڵەکان بە بۆچوونی لاکڵاو و مۆوف، رۆڵێکی گرنگیان هەیە بۆ  جومگەبەندیی نێو وێژمانە هێژمۆنیکەکان و ئەم تایبەتمەندییە دەبێتە هۆی ئەوە کە پێکهاتە ناڕازییەکان بەپێی لێکدانەوەی خۆیان لەو جومگەبەندییانە تێبگەن و لە دەوریان کۆ ببنەوە (Laclau and Mouffe, 1985, pp. 95–105). وەک نموونە گەلسالاری، شایستەسالاری، یاساسەروەری، مافی شارۆمەندی، ئازادی، خەباتی مەدەنی، دادی کۆمەڵایەتی و… بەشێک بوون لەو چەمکانە کە نامۆ بوون لەگەڵ فەلسەفەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەگەرچی ئەم تێرمانە بەهۆی ئینتیزاعیبوون و ڕەهەندی نۆرماتیڤانەیان، لێکدانەوەی جیاوازیان لێ دەکەوێتەوە و ناکۆکی و مشتومڕێکی زۆریان لەسەر ساز دەبێ (Gallie, 1956)، بەڵام سەرەڕای ئاڵۆزبوون و واتای ناڕوونی (Ambiguous) تێرمە ئینتیزاعی و نۆرماتیڤەکان، لە هێندێ بڕگەی تایبەتدا ئەم چەمکانە دەتوانن ببن بە پوتەنسیەڵ، کۆمەڵگا بەسەر جەمسەری جیاواز دابەش بکەن و سیاسەت لەگەڵ شەقام ئاشت بکاتەوە کە بە هۆی زەبروزەنگی ڕێژیم لە شەقامەکانی ئێران تارا بوو.

وەک لە بەشی زمانی بنیاتننراودا ئاماژەی پێدرا، لە ساڵانی حەفتادا کۆمەڵگای ئێران و تەنانەت کوردستانیش بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر تووشی هەجمەی زمانسازی و چەمکسازی دەبێتەوە کە ئامانجەکەی داگیرکردنی وێژمانە پڕۆگرێسیڤەکان بوو. لەم قۆناغەوە، وەستای دیواری وێژمان نەک دژبەرانی ڕێژیم، بەڵکە باڵێکی ئێلیتپەروەری ڕێژیمە کە بە یارمەتیی ئێلیتی ڕانتخواز و ئێلیتی داگیرکراو، مەیدانیان بە دژبەرانی ڕێژیم تەنگ کرد. کەوایە پاوانی زمانسازی و چەمکسازی لەم قۆناغەدا دوو دەسکەوتی هەبوو بۆ ڕێژیم: یەکەم؛ فریزکردنی دژبەرانی ڕێژیم و دووهەم؛ بەهۆی نەزمی وشەکانەوە (Order-words) ڕەوەندی پێکهاتەیی باڵادەستبوونی خۆی بووژاندەوە (دۆلۆز و گاتاری ١٣٩١) و لە ئەنجامدا هاوبەندییە لەرزۆکەکەی دەسەڵاتیان پێ توندوتۆڵ کردەوە. کەوایە ئەگەر ڕێژیم لە ساڵانی شەستی هەتاویدا توانی دژبەرانی قڕ بکا، لە فازی دووهەمدا توانی عاملیەت و سووژەبوونی دژبەرەکانی سڕ بکات (واتە قۆناغی ئۆپۆراسیۆناڵ). لەم سەردەمەوە، دژبەرانی ڕێژیم کە دەبوایە هێزی بەرچاوی گۆڕان، داهێنەری وێژمانێکی هەژمۆنیک و نژیاروانانی ڕێکخستن بن لە ئێراندا، ئەو ترووسکە کزەی هیوای گۆڕانیشیان نەما و لافاوی زمانسازی و چەمکسازی ئەوانی هەڵگرت و دانیە دەم تەنوورەی کپکردن (Spiral of Slience)، کە «ئێلیزابێت نۆیمان» لە پێوەندیی بە میدیا ئاماژەی پێداوە، بەڵکوو هەتا بن گۆمی بێدەنگی هەڵیان لووشێت. بەم چەشنە هێنان و ڕسکاندنی تێرمی ئۆپۆزیسیۆن نەک بە ڕیتمە کرۆنیکاڵییەکەی شووتش کە لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەمەگدارەوە بۆ کۆنتڕۆڵکراو و دواتر بەرگریکار گۆڕا، بەڵکوو لە سەرەتای هاتنەئارای تێرمی ئۆپۆزیسیۆن لە فەزاکانی نواندنەوەی ئێراندا، ئەم تێرمە وەک «دژ» سەلمێندرا. لە فەلسفەی سیاسیدا زەحمەتە کاراکتێری «دژ»بوونی پاسیڤ وەک مێتافۆڕی هیوا لەمەڕ گۆڕان ڕەچاو بکرێت و سرووشتییە لەو فەزا هزرییەی ئێرانیشدا، دژبوونی پاسیڤ نەک بە هەند نەگیرا بەڵکە وەک قۆرت و گرێکوێرەی گۆڕان لێک دەدرایەوە، بەتایبەت کە حکوومەت لەم وێژمانەدا وەک حەقیقەتێکی ڕەها (absolute power) تەڵقین دەکرا و دژبەرانیش وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی شوێنکەوتوو، وێژمانسست و بێ ڕێکخراوە (nominal power) پێناسە کراوە کە بێجگە لە دژایەتیکردن توانای داگیرکردنی دەوڵەتیان نییە و سرووشتییە نەک حیزب، بەڵکوو گشت کەسێکی ناڕازی، دەتوانێ بەم پێناسەیەوە ئۆپۆزیسیۆن بێت. کەواتە لە ئاستی ئۆپۆراسیۆناڵدا ڕێژیم توانی هیوای گۆڕان لە چنگی ئۆپۆزیسیۆن دەربێنێت و بیخاتە پاوانی باڵی ئیسلاحتەڵەب و ئێلیتی ڕانتخواز تاوەکوو «هیوا» بگەڕێننەوە بۆ نێو سندووقە ئەفسانەییەکەی «پاندۆرا» و خەڵک لە سندووقی دەنگداندا لەدوای هیوای گۆڕان بگەڕێن.

٢-٤ کوشتنی کات

چاوەڕوانی وەک دوا چارەسەری

پرسی ڕەهانەبوونی کات و فەزا وەک دوو دیاردەی جیاواز، هەر لە تیۆریی نیسبیەتی عامی ئەنیشتەین‌دا نەسەلمێندراوە، بەڵکوو لە سیاسەتیشدا «کات-فەزا»، گشتێکی دینامیک و هاوپێکهاتەییە کە لە دۆخە هەستیارەکاندا دەتوانێت مێژووی هێڵئاسای دەسەڵاتداران بەلای بارستە و وزە کۆمەڵایەتییەکاندا بچەمێنێتەوە. کات-فەزا لە سیاسەت و بەتایبەتی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکاندا  وەها ئاوێتە دەبن کە بەبێ تێگەیشتنێکی ڕێژەیی لەمەڕ ئەم دوو دیاردەیە، فامکردن و شرۆڤەکردنی چەمانەوە مێژووییەکان، گۆڕانە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان و هەروەها مەشرووعیەتی دەسەڵات، مومکین نابێت. هۆکارەکەش ئەوەیە کە پێوەندییەکی دیالیکتیکی لەنێوان کات و کردە مرۆییەکان، بەتایبەت لە سیاسەت و گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە و بڕیار و هەنگاوە چارەنووسسازەکان لە فەزا و کاتێکی تایبەتدا دەردەکەون (Arendt 2003). شیکارییە دایکۆتۆموسەکانی «هانا ئارێنت» لەمەڕ دیاردە واقعی و لە هەمان کاتدا پارادۆکسیکاڵەکانی سیاسەت بۆ نموونە «کردەوە لە هەمبەر ڕەفتار»، «بیاڤی گشتی لەهەمبەر بیاڤی تایبەت»، «پرسی سیاسی لە هەمبەر پرسی کۆمەڵایەتی»، «کار لە هەمبەر زەحمەت»، «ئازادی لە هەمبەر ڕزگاری» و بەتایبەت هاوپێوەندیی «کات» و ئینقلاب، گۆڕانێکی قووڵی لە توێژینەوەی کۆمەڵناسی، سیاسەت و بەتایبەت پرسی ئەخلاقیدا پێک هێناوە. خاڵی جێی سەرنج لەمەڕ کات لەوەدایە کە بە پێوەری ڕابردوو-داهاتوو شرۆڤە ناکرێت کە پێمان بڵێت چی بووین و بەرەو کوێ دەچین.

«لووسی تاتمەن» لە سۆنگەی ئارێنتەوە لێکدانەوەیەکی دایکۆتۆمیکی لەمەڕ کات کردووە و ئەم دیاردە فەلسەفییە بەسەر دوو ڕەهەندی «کاتی جیهانی» (worldly time) و «کاتی مێژوویی» (historical time) دابەش دەکات. کاتی جیهانی، فەزایەکی ئەتۆمیزەکراوە کە سیستمە تووتالیتارییەکان کۆنتڕۆڵی دەکەن بەڵکوو مرۆڤ بە دەوری بازنەی پێداویستییە سرووشتی و بایۆلۆژییەکانی خۆیدا بخولێتەوە. لەم فەزا داخراوەدا مرۆڤ دەرفەتی گێڕانەوەسازی نییە، کات بەهۆی پڕۆپاگاندای تووتالیتاریزم وەها دوگماتیزە دەبێت کە چیدیکە سووژە بەرهەم ناهێنێتەوە و تاک سەرقاڵی نەریتەکانی ژیان و بەرهەمهێنانەوەی تەنیاییەکانی خۆی دەکات. کاتی مێژوویی، ڕەهەندی دیالێکتیکیانەی کات پێک دەهێنێت تاوەکوو فەزایەک بەڕووی خۆیدا بکاتەوە کە مانا بە کردە مرۆییەکان بدات، گێڕانەوەی خۆی بەرهەم بهێنێتەوە و لە تەنیایی ڕزگاری بکات. مرۆڤ لەم ڕەهەندە مێژووییەی کاتدا بە دەوری خۆیدا ناخولێتەوە بەڵکوو لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە، فەزا بۆ سازدانی دیالۆگی ئازاد پێک دەهێنن و لە کردەوەیەکی ئازایانەدا بڕیاری گۆڕینی جیهان دەدەن (Tatman 2012). گۆڕان یا ئینقلاب لەم کەلێنەدا دێتە دی، واتە لەو بڕگەیەدا کە پچڕانێکی عەینی و زەینی لەنێوان نەریت و ئیلتیزامەکانی مۆدێڕنیتە دێتە ئاراوە و مرۆڤ ناچار دەکات مانایەکی نوێ بەرهەم بێنێتەوە کە ئارێنت ئەم قۆناغەی وەک لەدایکبوونەوە (Natality) پێناسە کردووە. «نەیتالیتی» دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و توانای دامەزراندنی ئۆنتۆلۆژیکی ئازادییە، کە بە بۆچوونی ئارێنت وەک گشت خەسڵەتە مرۆییەکان لەگەڵ تاکدا لەدایک دەبێت، بەڵام تووتالیتاریزم هەوڵ دەدات نەیتالیتی نەبێتە هۆی بەدیهێنانی جەوهەرەی ئازادی و دەسپێکێکی نوێ، تاوەکوو تاک لە بازنەی بایۆلۆژییەکی بێ‌مانادا بە ئەتۆمیزەیی بمێنێتەوە (Arendt, 1996: 17-21). کەوایە کۆنتڕۆڵکردنی کات بەرلەوەی داڵغەی بیاڤی گشتیی بێت، لە ئاستێکی بەرزتردا داڵغەی دەسەڵاتی سیاسییە و زۆر سرووشتییە کە دەبێ داڵغەی ئۆپۆزیسیۆنیش بێت تاوەکوو ئەجندا سیاسییەکانی خۆی بەکاتی مێژوویی چالاک بکات.

 شۆڕشی ژینا نموونەیەکی بەرچاوە بۆ  نەیتالیتی. لەو بڕگەیەدا خەڵک، بەتایبەتی نەتەوە بندەستەکان و ژنان، دیواری ئەتۆمیزەبوون و بەستەڵەکی بێدەنگییان شکاند. وەچەیەک لەدایک ببوو کە پەرەی بە کات-فەزای مێژوویی دەدا و بەهۆی بارستە و وزە کۆمەڵایەتییەکانیان، خەریک بوون مێژوویەک بچەمێننەوە کە نزیک بە نیوسەدە، هیوای گۆڕانی لە خەڵک شێواندبوو. لەم بڕگەیەدا کات و فەزا وەها ئاوێتەی یەکتر ببوونەوە کە فەزا فووتێکراوەکانی نواندنەوەی ڕێژیم بە جارێک پووکانەوە، سیمبول و گێڕانەوەی پەراوێزخراوەکان دەهات فەزاکانی نواندنەوە داگیر بکات و هیوای گۆڕان گەشتر لە جاران دەربخات. پازدەی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لەو ڕۆژانەدا کە شۆڕشی ژینا بانگەوازی لەدایکبوونی وەچەیەکی نوێی بە گوێی جیهاندا دەدا و ئازادی بەکاتی مێژوویی شاد دەبووەوە، لەنەکاو فایلێکی دەنگی لە ڕەعنا ڕەحیمپوور، پێشکەشکاری ئەوکاتی «بی بی سی»ی فارسی، لەگەڵ پیرەدایکەکەیدا بڵاو دەبێتەوە (فرارو ١٤٠١). سەرەتا فایلە دەنگییەکە لە سایتی تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران بڵاو بووەوە، تەلەڤیزیۆنی ئێران ئینتێرناشناڵیش بەدوایدا و بە چڕی ڕووماڵی کرد و دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوو بە ترەند. نێوەڕۆکی فایلە دەنگییەکە بە ڕواڵەت پێوەندیی بە ئاڵۆزییەکانی نێو ئێرانەوە هەبوو، بەڵام ئەو شتەی کە فایلە دەنگییەکەی کرد بە ترەند، گوزارەیەکی ئاشنا و هەستیار بوو کە لە بەشی زمانی بنیاتننراودا ئاماژەم پێدا، واتە دالێکی کۆلۆنیالیستییانە بەناوی هەڵوەشاندنەوەی ئێران. ڕووماڵکردنی ئەو گرتە دەنگییە، ڕێگای بۆ ئاوێتەکردنی تاکتیک و فازی ئۆپۆراسیۆناڵ خۆش کرد تاوەکوو ئەم نەیتالیتییە بگەڕێنێتەوە بۆ کاتی جیهانی. هەڵبەت پێشتر لە چەند کردەوەی گوماناویدا کاناڵە فارسییەکانی هەندەران و یەک لەوان بی بی سیی فارسی، بە بڵاوکردنەوەی وێنە و کورتەفیلمی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زوومکردن لەسەر شەڕە ئاڵای نێو شەقامەکانی ئەورووپا و بەتایبەت شەکانەوەی ئاڵای کوردستان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەستێنیان بۆ پڕۆژەی کوشتنی کات ساز کردبوو. ئەم کردەوەیە لە کاتێکدا بوو کە لە سەرەتای ڕۆژانی ڕاپەڕینی شەقام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاناڵە فارسییەکان نەک درووشمەکانیان سانسۆڕ دەکرد بەڵکوو لێدوانی دایک و باوکی شەهیدەکانیشیان دەشێواند.

دوابەدوای ئەو سناریۆیە، حیزبە کوردستانییەکان کەوتنە داوێکی گوماناوی و وێڕای کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان، بە ڕاگەیاندنێک ڕۆژی سێی مانگی سەرماوەزی ١٤٠١یان وەک کەمپەینی مانگرتنی گشتی لە هەموو ئێران دیاری کرد و داوایان لە گەلانی ئێران کرد کە بە داخستنی دووکان و نەچوونەوە بۆ ئیدارە و قوتابخانەکان، پشتی «چشم و چراغ ایران» بگرن. ڕۆژی سێی سەرماوەز هات، بەڵام کوردستان بە شێوەیەکی دراماتیک و بەتاقی تەنیا مانی گرت. ڕۆژانی دوای سێی مانگی سەرماوەز، ڕێژەی بەشدارکردنی بەرپرسانی حیزبە کوردستانییەکان لە کاناڵە فارسییەکانی دەرەوەی ئێراندا، ڕوو لە کزی دەکات و  بە دوایدا قسەکردن لەسەر پرسی کورد کە لە سەرەتای شۆڕشی ژیناوە لەسەر لێواری گۆمی میدیاییدا دەبریسکایەوە، کەم کەم دەدرێتە دەم تەنوورەی بێدەنگی بەڵکوو گێژاوەکە هەتا بن گۆمی کپکردنی میدیایی هەڵی لووشێت. بەم چەشنە پەیامەکە بە ڕوونی گەیشت: ئامانجی ئەم ڕاپەڕینە هەڵوەشاندنەوەی ئێرانە. دوابەدوای ئەم سیگناڵە شوومە، سپای پاسدارانی ئینقلاب ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی خۆی لەمەڕ پاراستنی یەکپارچەیی ئێران، بە بیری ئێرانخوازەکاندا هێنایەوە و بە دۆشکە و هەلیکۆپتەر تەقەیان لە منداڵانی جوانڕۆ، شنۆ و پیرانشار کرد و بە دوایدا بنکەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەر هێرشی درۆن و هاژەکەکانی ڕێژیم کەوتن. بڕگەی سێهەم لەڕێگای سەودای دیپڵۆماتیک جێبەجێ کرا و زەختیان لە وڵاتی ئاڵبانیا کرد کە دەست بەسەر کۆمپیۆتێرەکانی کەمپی «ئەشرەفی ٣»، سەر بە ڕێکخراوەی موجاهیدینی خەلقی ئێران بگرن تاوەکوو پڕۆژەی هەککردنی تەلەڤیزیۆن و سایتەکانی ڕێژیم پووچەڵ بکەنەوە. دواجار وەزیری دەرەوەی ڕێژیم بە ملکزی دەچێتە خزمەت پاشای عەڕەبستانی سعوودی بەشکوو دەرماڵەی تەلەڤیزیۆنی ئیران ئینتێرناشناڵ ڕابگرێت و لەئەنجامدا کاناڵەکە کەوتە پاوانی لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران. هەڵبەت پڕۆژەکەی زانکۆی جۆرج تاون (مەنشووری مەهساى) بە هانای فازی ئۆپێراسۆناڵەوە هات و بە کۆکردنەوەی کۆمەڵێ ئەکتەری سینەمایی و یاریزانی فووتباڵ لە دەوری مێزی سیاسەت، پڕۆژەی ئینقلاب بە ڕادەی پێویست سووکوچرووک کرا.

ئەم نموونەیە و نموونەکانی پێشووتریش، بەشێکن لەو بڕگە چارەنووسسازانە کە ئاماژەیان بە لەدایکبوونی نەوەیەکی نوێ دەکرد، نەوەیەک کە «کاتی مێژوویی» بە دەرفەت زانی، داڵغە هاوبەشەکانیان لێک گرێدا، بڕیاریان دا و لە کاتی خۆیدا ڕاپەڕین. لەباربردنی ئەم کاتە ناوازانە نایەتە دی، ئەگەر فەزای سیاسی تووشی ڤێتۆکراسی نەبێت و ئیئتلافێکی ناپیرۆز لەنێوان ئێلیتی بەکرێگیراو، ئۆپۆزیسیۆنی ڕاڕایی، میدیای زەرد و دەزگای سەرکوت لە ئارادا نەبوایە. هەڵبەت وەها هاوئاراستەییەک زەحمەتە جێبەجێ بکرێت ئەگەر مەیدانە مێگناتیسییەکەی ئایدیای ئێران و پڕۆژەی داگیرکردنی وێژمان، بەهۆی گەشاندنەوەی ژیلەمۆی عەسەبیەتی پیاوی فارسی شیعە، ئێرانییەکانی نەتۆقاندبایە. ترس و تۆقاندن لە سەردەمی تۆماس هابز و مەکیاڤیلییەوە وەک میکانیزمی کۆنتڕۆڵ و  ڕەواییبەخشین بە حکوومەتەکان ناسراوە، بەڵام ئاراستەی تۆقاندن لە سەردەمی مۆدێڕندا و بەدوای کۆتاییهاتنی حکوومەتە ئایدیالۆژیک و کلاسیکەکان، لە ئاقاری «ترس لە حکوومەت»ەوە بۆ «ترس لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان» گۆڕاوە و لەم پێوەندییەدا، میدیا گرینگترین ڕۆڵی هەیە کاتێک مەبەستدارانە زووم لەسەر هێندێ دیاردەی دژەباو و هەواڵی تۆقێنەر بکات. تۆقاندن لەم سۆنگەیەوە دەتوانێ ئیرادەی جەماوەری، بنکۆڵ بکات، بەتایبەت ئەگەر چەمکگەلی وەک «تەناهیی نەتەوەیی» و «یەکپارچەیی نیشتمانی» لە گۆڕێدا بێت (Svendsen, 2008: 203).

دەرەنجامی ئەم بەشە:

لەم بەشەدا کاتالیزۆرەکانی ئینقلاب شرۆڤە و جێی بەتاڵی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماریخواز لە نواندنەوەکانی فەزای دیفرێنسیەڵدا تاوتوێ کرا. هەر لەم سۆنگەیەشەوە نەخشەی جوگرافیای ڕاپەڕینەکان دەیسەلمێنێت کە ئۆپۆزیسیۆن نەیتوانیوە لە جوگرافیای واقعیی خۆیدا دەرکەوێت. هەرچەند بەهۆی دۆخی مێلیتار-ستراتیژیکی ڕێژیم، زەحمەتە ئەو چاوەڕوانییە لە ئۆپۆزیسیۆن بکرێت کە مەیدان وەک کۆنتڕۆڵ و باڵانس لە دەستیدا بێت، بەڵام لەباری پوتەنسیەڵیش شانسێکی ئەوتۆی نییە بەڵکوو لانیکەم بەهۆی وێژمانسازییەوە، گێڕانەوەی خۆی لە فەزای سیاسیی ئێراندا هەژمۆن بکات. یەک لە کاتالیزۆرەکانی گۆڕان لە کۆمەڵگەدا پڕۆئەکتیڤبوونی ئۆپۆزیسیۆنەکەیەتی کە وەک هیوا بۆ گۆڕان تێبینی دەکرێت، بەڵام ڕێژیم توانیویەتی لەباری ئۆپۆراسیۆناڵییەوە ئۆپۆزیسیۆنەکەی خۆی هەتا ئاستی دژێکی نۆمینەڵ دابەزێنێت و خۆی وەک دەسەڵاتی ڕەها بچەسپێنێت. کەوایە ئەم گوزارەیە لەجێی خۆیدایە کە دەڵێن: باشترین شانسی مانەوەی ڕێژیم ئۆپۆزیسیۆنەکەیەتی. هۆکارەکەش لەوەدایە کە فرەیی حیزب و ئایدیالۆژییە هاودژەکان، نەک وەک دەرفەتێکی دێمۆکڕاتیک، بەڵکە وەک قفڵێک لە درگای کردەی سیاسی دراوە و لایەنە سیاسییەکان فەزای سیاسیی ئێرانیان بەرەو «ڤێتۆکڕاسی» پاڵ پێوەناوە. لایەنەکان لەوەها دۆخێکدا، بە بۆچوونی فرانسیس فۆکۆیاما [2]، دەتوانن زۆر بە باشی گێڕانەوەکانی یەکتر ڤێتۆ بکەن، بەڵام  بە هەر هەموویان ناتوانن بلۆکێکی مێژوویی دامەزرێنن.

دۆخی ئاوارتە

لە کۆمەڵناسیی سیاسیدا پرسی بەشداریکردنی سیاسی و عاملیەتی تاک وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ کۆمەڵگەیەکی بەختیار دەنرخێندرێت؛ بەڵام کۆمەڵگەی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی دیاردەیەک بووەتەوە کە دەکرێ بە “هەڵپەساردنی عاملیەت” پێناسە بکرێت. لە کاتێکدا قەیرانەکانی ئابووری، ناکارامەبوونی پێکهاتەیی و پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی ڕێژیم لەوپەڕی لاوازیدایە، جۆرێک لە سڕبوونی مەدەنی و خەمساردیی سیاسی بەسەر فەزای گشتیدا زاڵە کە لەگەڵ نموونە کلاسیکییەکانی ڕەفتاری کۆمەڵایەتیدا ناتەبان. ئەم دۆخە کە زۆرێک لە شرۆڤەکارانی ئێرانی بە «داڕمانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی» و «لەناوچوونی پێوەندییە نێوان کەسییەکان» وەسفیان کردووە، ئاماژە بە گۆڕانێکی بنچینەیی لەمەڕ سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی تاکی ئێرانی دەکەن. بۆ تێگەیشتن لەم «بێ-کردەوەییە» مانادارەدا، پێویستە لە ئاستی شرۆڤەیەکی سیاسی و ڕووکەشیانە دەرباز ببین و بە قووڵایی مەنتالیەتی تاکی ئێرانیدا ڕۆبچین تاوەکوو لەدوای ئەو پارامێترانە بگەڕێین کە دەتوانن وەڵامێک بن بۆ وەها «نەریتێکی تاکەکەسی». بەم پێشەکییە و بە پشتبەستن بە چەمکەکانی وەک «ئەتۆمیزەکردن»ی ئارێنت و «خەدەی ناچاریی» بۆردیۆ، هەوڵ دەدەم کارتێکەریی گەندەڵیی ئابووری و پێکهاتەیی، لەسەر لاوازبوونی عاملیەت لە کۆمەڵگای ئێراندا شرۆڤە بکەم کە بیچمی کۆمەڵگەی ئێرانیی، بەرەو پۆلێک پێکهاتەی لێکدابڕاو گۆڕیوە و لە ئەنجامدا پرسی «هەڵکردن» لەگەڵ دۆخی ئارایی، جێگای بە خەبات لەپێناو «گۆڕانی بنچینەیی» تەنگ کردووە. ئەم بەشە لە وتارەکە، سەرەتا بە پێداچوونەوەیەکی ئاماری لەمەڕ دۆخی ئابووری و وەبەرهێنانی سەرمایە لە ئێران دەست پێدەکات و دواتر شیکاریی لەمەڕ باندۆڕی سایکۆ-کۆمەڵایەتی ئەم دۆخە ئاوارتەیە لەسەر چارەنووسی سیاسیی ئێران دەکات.

٣-١ سەرمایەداریی سیاسی

مانگی ماڕسی ساڵی ٢٠٢٣، دامەزراوەی فۆربێز لیستی ژمارە ٣٧ی میلیاردێرەکانی جیهان ڕووماڵ دەکات و شتێکی سەرنجڕاکێش لەو ئامارەدا، ڕێژەی میلیاردێرە ئێرانییەکانە کە لە باری هەژمارەوە لەچاو بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەرزترە (Forbes 2023). ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز و پێشتریش گۆڤاری بلوومبێرگ (Bloomberg) هەر لەو ساڵەدا و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی دامەزراوەی فۆربێز، ئاماژەیان بەوە داوە کە میلیاردێرە ئێرانییەکان لەڕێگای تۆڕە دیاسپۆڕاییەکانەوە و لە بوارەکانی تەکنۆلۆژیا، مڵکداری و بازاڕەکانی دراو لە ئەورووپا، ئەمریکا و ئاسیای دوور، خەریکی وەبەرهێنانی سەرمایەن و باندۆریان لەبابەت سیاسەتە ئابووری و تەنانەت کولتورییەکانی ئەو وڵاتانە، بە هەند گیراوە. لەو ئامارە گرینگتر، ڕاپۆرتێکی بانکی سویسە لەمەڕ بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئێرانییە میلیۆنێرە دۆلارییەکان کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەژماریان دەگاتە ٢٤٦ هەزار کەس (ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی). ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢١ دا ، ٧٣% بەرز بووەتەوە، واتە لە ماوەی یەک ساڵدا ١٤٢ هەزار میلۆنێری دۆلاری، وەک کارگی بەهاری لە ئێرانێکی قەیراناویدا هەڵتۆقیون (UBS 2023). سایتی «دیدبان» و هەروەها لە ڕاپۆرتێکی کەیهان لایفیشدا، وێڕای پشتڕاسکردنەوەی ئەم ئامارە، ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕێژەی میلیۆنێرە ئێرانییەکان لەچاو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەرزترە و ئەم ئامارە ڕوو لە زیادبوونیشە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژەی هەژاریی لەو ساڵەدا ٣٠%، مەزندە کراوە، واتە لە هەر سێ کەس، نزیک بە یەک کەسی ئێرانی، لەژێر هێڵی سفری هەژاریدا دەژین (Kayhan Life 2023).

٢٤٦ هەزار میلیۆنێر لە ئێرانێکی قەیراناویدا، هەژمارێکی خەیاڵییە چونکوو ئەم هەژمارانە هەر تاکەکەس نین، بەڵکوو هەر کام لەم میلیۆنێرە دۆلارییانە ئادرەسێکن و ئەم ئادرەسانەش تۆڕێکی هاوکاری و کارگێڕیش لەخۆدەگرن. پرسیارەکە ئەوەیە، کۆماری ئیسلامی بە چ سیستمێک کار دەکات کە توانیویەتی ئەو هەمووە سەرمایەدارە بەرهەم بهێنێت؟ ڕێگەم بدەن بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر لەمەڕ پێوەندیی نێوان زیادبوونی میلیۆنێرەکان و سیاسەتی ئابووریی ڕێژیم، ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا (2025) بە بنەما بگرم لەمەڕ بایکۆتکردنی بانکە سێبەرەکان (Shadow Banking). بانکی سێبەر لەم ڕاپۆرتانەدا وەک میکانیزمی لابڕلێدانی ڕێژیم لەو بایکۆتانە دامەزراون کە لەلایەن ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا لەدژی ئێران سەپێندراون. بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەم بانکانە تاکە سیستەمی ئابوورییە کە ڕێژیم پشتی پێی قاییمە و  توانیویەتی پڕۆژەکانی هاژەکسازی، سیاسەتی ناوەکی و هەروەها دابینکردنی ماڵیی بۆ پڕۆکسییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا جێبەجێ بکات و لەوەش گرینگتر؛ گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی قاچاغە بۆ سپای قودسی ئێران کە لە ساڵدا بە سەدان میلیارد دۆلار مەزندە دەکرێت (U.S. Department 2025). ئەم ڕاپۆرتانە و بەشێکی بەرچاو لە توێژینەوەکان، ئەم ڕاستییە دەردەخەن کە ناکرێ پەرەسەندن و بەرزبوونەوەی هەژماری میلیاردێر و میلیۆنێرەکانی ئێرانی لە دەرەوەی ئیرادە و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران شرۆڤە بکرێت. ڕاپۆرتێکی بەڵگەمەند و شیکارییانە لەم پێوەندییەدا و لەلایەن «دامەزراوەی ڕەسانە بۆ توێژینەوەی ئێران»، ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە کە میلیۆنێرەکانی دەرەوە و نێوخۆی ئێران لەڕێگای ڕانتی حکوومەتی و بەهۆی ئەو دامەزراوە ئابوورییانەوە پەرەیان سەندووە کە لە پاوانی تۆڕە مافیاییەکان و لە بەرژەوەندیی گرووپەکانی نزیک لە ڕێبەریی کۆماری ئیسلامییە (Rasanah, 2023). لە توێژینەوەیەکی دیکەدا کە سەرچاوە ئابووری و ماڵییەکانی ئێران وەک بەڵا و نەهامەت (Resource Curse) بۆ گیانی خەڵک تێبینی دەکات، ئاماژە بەوە دراوە کە سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک نەوت، گاز، دەریا، دارستان و کانزاکانی دیکە، لەبری ئەوەی خێروبێریان بۆ خەڵکی ئێران هەبێت، بەهۆی سیاسەتی ئیمتیازتەوەرانەی ڕێژیمەوە نایەکسانی و ڕکوودی ئابوورییان بەرهەم هێناوەتەوە (Maddah, 2020). ئەم نموونانە پێمان دەڵێن کە پەرەسەندنی هەژماری ملیۆنێرە ئێرانییەکان، نەک بەرهەمی پێشبڕکێیەکی تەندروست و ئازاد نییە، بەڵکوو ئەم ڕێژەیە باس لە دەرکەوتنی پێکهاتەیەکی نوێ بەناوی «سەرمایەداریی سیاسی» دەکات کە لەئاکامی «هاوبەندییەکی کاولکارانە»دا  پێگەیشتوون.

ئەگەرچی بەشێک لە ئێلیتی ڕانتخواز لە سیمپۆزیۆم، سێمینار و دیمانە میدیاییەکاندا هەوڵ دەدەن سیستمی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئابووریی لیبڕاڵیزمی نوێ بشووبهێنن، بەڵام بەشێکی بەرچاو لە توێژەرانی ئابووری، دوودڵن کە وەها سیستمێک بەو پێوەرە و تەنانەت بە مۆدێلەکانی وەک ئابووریی سووسیالیستی و لیبڕاڵیستیش هەڵسەنگێنن. هۆکارەکانیش زۆرن، بۆ نموونە سیستمی ئابووریی ئێران لە سەرەتای ئینقلابەوە لەسەر بنەمای سۆغرە و داگیرکردن دامەزراوە و هەروەها هاوبەشکردنی سەرمایەش لەڕێگای نزیکبوونەوە لە ترۆپکی دەسەڵات مسۆگەر دەبێت چونکوو سیاسەتی ئابووریی ڕێژیم بەپێی ئیلاهیاتی ئەنفال وەگەڕ خراوە و لە ئەنجامدا  گشت سەرمایە، داهات و داروپەردووی وڵات لە توورەکەی خەلیفە دەکەن و هەر لەسەر ئیزنی ئەویش هاوبەش دەکرێت. لەوانەش گرینگتر پرسی کوردیناسیۆنی وێرانییە (Destructive Coordination) کە هیچ سیستم و هیچ سیاسەتێک لە توانایدا نییە وەک کۆماری ئیسلامی، ئابووریی وڵاتەکەی و داهاتووی نەوەکانی بەو دەردە ببات، بە چەشنێک کە بڕووکراسییەکەی و گشت پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ڕێژیم، لە دژی گەشەی پایەدار بن و کەرامەت و ویژدانی تاک و کۆمەڵ وێران بکەن (وەهابی، ٢٠٢٥). بە واتایەکی دیکە، پڕۆژەی میلیۆنێرسازی لە ئێراندا دەکرێ بەرهەمی هاوپێوەندییەکی کاولکارانە بێت لەنێوان دەوڵەتی ڕانتینێر و ئێلیتی ڕانتخوازدا تاوەکوو لەڕێگای کاولکردنی سەرچاوە سرووشتی و ئابوورییەکان و هەروەها وێرانکردنی کەرامەتی هاووڵاتیانەوە، گیان وەبەر داوڵێکی بێ گیاندا بکەنەوە بە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەم پێوەندییەدا پڕۆژەی میلیۆنێرسازی دەتوانێ وەک سیستمی خەڵاتکردن تێبینی بکرێت بەڵکوو پەیوەستبوونی ئۆرگانیک و هاوپێوەندییەکانی دەسەڵات لە ئێراندا سەقامگیر بکات.

٣-٢ مۆجیزەی وێرانی

لەوانەیە دژوازییەکانی دەکارکردنی «مۆجیزەی وێرانی» لەم وتارەدا زۆر لەچاو بدات، بەتایبەت ئەگەر ڕەهەندی ئیجابییانەی مۆجیزە لە ئیلاهیاتی یەهوودی، مەسیحی و ئیسلامی بە بنەما بگرین کە پێوەندییان بە سەلماندنی حەقانیەتی خوا، پێغەمبەر و دینەکانیانەوە هەیە. مۆجیزەی وێرانی لەم وتارەشدا بە هەمان ڕەهەندی ئیجابییانە، بەڵام سووژەکەی لە حەقانیەتی خواوە بۆ کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە کە دەیهەوێت لەڕێگای کاولکارییەوە بە ئێرانییەکان و جیهان بسەلمێنێت کە لەجێگای حەق ڕاوەستاوە. بەم چەشنە ڕووگەی بەرەکەت و بەزەیی خوا لە ئاسمانەوە دەگوازێتەوە بۆ قیبلەی دەوڵەتێکی ڕانتینێر و زۆر سرووشتییە کە ئەخلاقی ڕانتخوازانەش لەوەها سیستمێکدا پاساوهەڵگر بێت. مۆجیزەی وێرانی لەم سۆنگەیەوە تەنیا دەراوێکی ڕوونە کە کۆماری ئیسلامی بەڕووی خەڵکدا دەیکاتەوە و بەشێکی بەرچاو لە ئێرانییەکانیش ئاواتی بۆ دەخوازن و بۆ ئەوەی بەهرەمەند بن لەم مۆجیزەیە، پشت لە ویژدان و چاوپۆشی لە کەرامەتی شکاوی هاوڵاتییەکانیان دەکەن. ئەمەی باس کرا ڕەهەندی ڕانتینێریی مۆجیزەکەیە، بەڵام ئەم مۆجیزەیە ڕەهەندێکی مەسیانیزمانەشی هەیە و ڕێژیمی ناشایستەسالاری ئێران وەک دەوڵەتێک دەنوێنێتەوە کە لەسەر بنەمای خێر و خەڵات دامەزراوە (Charity State). دەوڵەتێکی خێرتەوەر لەڕێگای دەزگا خێرخوازە حکوومی و ناحکوومییەکانەوە، دادی کۆمەڵایەتی تێبینی دەکات نەک بەپێی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هاووڵاتیان کە حکوومەت بەرپرسیار دەکات بۆ جێبەجێ کردنیان (Deans & Ware, 1986: P. 121–135). هەڵبەت ڕەهەندی مەسیانیزمی مۆجیزەی وێرانیی ڕووکارێکی کۆلۆنیالیستییانەش لەخۆ دەگرێت کە لەلایەن زۆرینەی پێکهاتە سیاسی و مەدەنییەکانی ئێرانەوە وەک پاساوێک بۆ هەڵکردن لەگەڵ دەرەنجامەکانی کوردیناسیۆنی وێرانی بە هەند گیراوە. بەپێی بەشێکی بەرچاو لە توێژینەوە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها لێدوانی ڕێبەرانی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن؛کۆماری ئیسلامی وەک دوایین دەرفەت تێبینی دەکرێ کە سیستەمی سێنتڕاڵ-بوروکراتی ئێرانی ڕاگیر کردووە و لەم پێوەندییەدا پرسی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە بندەستەکان وەک هەڕەشەیەکی ڕەژد لە دژی ئایدیای ئێران دەبینن. کەوایە دەوڵەتی خێرتەوەر لەم سۆنگەیەوە وەک دەرفەت و هەروەها وەک دەسکەوت تێبینی دەکرێت. دسکەوتەکان ئەو ئیمتیازە ماڵی و مادییانەن کە وەک مۆجیزە و بە یەک شەو، تاکی دەستبەتاڵی ئێرانی، دەگەیەنێتە عەرشی سەرمایە و دەرفەتەکەش لەو زەبروزەنگە نامرۆییانەدا دەبینن کە لەبەر چاوی ڕای گشتی، بزاڤە شوناسخوازییەکان قڕ دەکات بەڵکوو جوغرافیای ناجێگیریی ئێران هەڵنەوەشێتەوە.

٣-٣ سڕبوونی مەدەنی و ژیانەوەی فاشیزم

مەبەست لە هۆکاری ئاوارتە لەم وتارەدا پرسی کوردیناسیۆنی وێرانییە، نەک هەر بە مانای وێرانکردنی ژێرخانە ئابوورییەکان، بەڵکوو دەرکەوتە کۆمەڵایەتییەکەیەتی کە کەرامەت و ویژدانی ئێرانییەکانی وەها ڕەزیل و وێران کردووە کە زۆر بە ئاسایی لەگەڵ سیستمی وێرانکەر هەڵدەکەن و تەنانەت خۆشیان دەبن بە بەشێک لە هۆکاری کاولکاری. پێوەندیی هۆکارییانە لەنێوان نایەکسانی و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ لای کەس شاراوە نییە، بەتایبەت لەو کاتانەدا کە بەهۆی هەڵاواردنی دینی، جێندێری و ئیتنیکی-زمانییەوە، مەودا کۆمەڵایەتییەکان لاسەنگتر و چەوساندنەوەش بەربڵاوتر دەبێت. لە وەها دۆخێکدا کەرامەت، کە پێوەندیی بە شیاندنی بەهرە مرۆییەکانەوە (Capabilities) هەیە، پێشێل دەکرێت (Sen 2001)، بۆنموونە مافی خوێندن، لەشساخی، سەرپەنا، خواردن و بەتایبەتی ئازادی، کە بنەمای وەدیهێنانی ئیرادەی «چۆن دەرکەوتن» و «چۆن ژیانە» (Functionings). لەبابەت وێرانکردنی ویژدانی کۆمەڵایەتیش (Social Conscience)، ئەم پێوەندییە هۆکارییە بیرمان دەهێنێتەوە کە پێکهاتەی نایەکسانساز و قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، چۆن مرۆڤ لە خۆی و هاوخەمیکردن لەگەڵ هاوچارەنووسەکانی نامۆ دەکات و هەتا مەودای نایەکسانی زۆرتر بێت، بەو ڕادەیە متمانە، هاوسۆزی، پشتگیری و کۆدەنگی کەمتر دەبێتەوە، چەمکی ژیان دەشێوێت و کۆمەڵگا دەبێت بە مەیدانی ڕاکەڕاکە و پچڕاندن لە پێناو مانەوەدا (Wilkinson & Pickett, 2010). لە ئێراندا وەها نایەکسانییەک و پێوەندییە هۆکارییەکانی بەرچاون، هەڵاواردن بەهۆی دین و مەزهەبی جیاواز، جێندەر و هەروەها هەڵاواردنی ئەتنیکی-زمانی کە سێن ئامارتیا (2001) ئاماژەی پێداون، لە کەس شاراوە نین و لەوەش گرنگتر؛ چاوپۆشی لەمەڕ ئەندیکاتۆرەکانی ویلیکسۆن و پەکێت (2010) لەبابەت ویژدانی کۆمەڵایەتیش ناکرێت. بەڵام بەشێکی بەرچاو لە توێژینەوە مەیدانییەکان لە ئێراندا، ئاماژە بە پێوەندییەکی پێکهاتەیی و هەروەها عیللەت/مەعلوولی، لەنێوان «قەیرانی ئابووری» و «داڕمانی ئەخلاقی» دەکەن. لەم سۆنگەیەوە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاواردن و هەڵوێستی دژەکۆچبەری (بۆ نموونە ئەفغانستانییەکان)، هەروەها ئاسایی نواندنەوەی ڕەنج و ئازاری پێکهاتە نەتەوەییەکان کراوە، بۆ نموونە کۆڵبەریی لە کوردستان و «سووختبەریی» لە بەلووچستان. هەڵبەت ناکرێ ئەم قەیرانە مەدەنییە هەر بە دەرکەوتەیەکی سەلبیی کولتوری تێبینی بکەین، بەڵکوو پاڵنەرێکی سایکۆلۆژییانەشە کە «ئێریک فرۆم[3]» وەک «پەژارەی تەنیایی» (Anxiety of Isolation) پێناسەی دەکات. واتە مرۆڤ بەهۆی بێهیوایی لەبەر بەهاکانی ئازادی هەڵدێت و خۆ لە باوەشی فاشیزم دەهاوێت. جەوهەرەی فاشیزم وەهایە خۆی لە بنەما پێکهاتییەکان ،کە هۆکاری هەژاری و چەوساندنەوەن، دەبوێرێت و جەماوەر هان دەدات لەدوای تاوانبار بگەڕێن تاوەکوو لەڕێگای «قوربانی سازکردن» (Scapegoating) لەوانی تر و هەڵمەتبردن بۆ سەریان (بۆنموونە پرسی تەجزیەتەڵەبی)؛ قەرەبووی کەرامەتی شکاوی نەتەوەیی خۆیان بکەنەوە (فراصتخواە، ١٣٩٤). ئەوەی باس کرا ڕەهەندی سایکۆ-کۆمەڵایەتیی سڕبوونی مەدەنییە، بەڵام دەرکەوتەی سیاسیی وەها سێندرۆمێکی کۆمەڵایەتی، ڕێخۆشکردن بۆ بەدەسەڵات‌گەیشتنی پیاوێکی ئەوتۆریتارە تاوەکوو کەرامەتی شکاوی نەتەوەییان بۆ تیمار بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ دوورگەی ئارامی پەهلەوی (بۆنموونە ڕاپەڕینی ١٤٠٤).

وەک ئاماژەی پێدرا هاوبەندییەکی واقعی و بەرچاو لەنێوان سەقامگیریی کۆماری ئیسلامی و کوردیناسیۆنی وێرانیدا بەدی دەکرێت کە داینەمۆکەی مۆجیزەی ڕانت و ڕەهەندەکانی مەسیانیزمانەی دەوڵەتی خێرتەوەرە. ئەم هاوبەندییە مۆدێلی دەوڵەتداری کۆماری ئیسلامی ئاوارتەتر دەکاتەوە و بەم چەشنە مەودا لە گشت مۆدێل و سیستەمە سیاسییەکانی دیکە دەگرێت کە لە شرۆڤە و لێکدانەوە بەراوردکارییەکاندا دێنە بەر باس. بەپێی تێزی سکۆچبۆڵ لەمەڕ ئینقلاب، کۆمەڵگەی ئێران بەهۆی یەکانگیربوونی قەیرانی ئابووری، داخرانی سیاسی و ناکارامەبوونی دامەزراوەکانی ڕێژیم، دەبوایە بەستێنێک بێت بۆ چالاکبوونی بزاڤێکی دێمۆکراتیک، بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، کۆمەڵگە تووشی پارادۆکسی ڕەفتاری بووەتەوە. بەواتایەکی دیکە سەرەڕای کەڵەکەبوونی قەیرانەکان، ناڕازیبوونی جەماوەری و ڕاپەڕینە سینووسییەکانی ئەم ساڵانە کە بەهۆی ماشینی سەرکوت کۆنتڕۆڵ کران، بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی ئێرانی تووشی سڕبوونی مەدەنی یا ئەو دۆخە سایکۆلۆژیکە کردووە کە مارتین سەڵیگمەن بە «فێرەداماویی» (Learned Helplessness) پێناسەی دەکات (Seligman, 1975). هەڵبەت ناکرێ خەمساردیی سیاسی (Political Apathy) لە ئێراندا تەنیا وەک کاردانەوەیەکی کاتی لەهەمبەر قەیرانە ئابوورییەکان سەیر بکەین؛ بەڵکوو ئەم دیاردەیە بەرهەمی پڕۆسەیەکی ئاڵۆزترە کە وێرانبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و شپرزەیی سایکۆلۆژییانەی تاکی ئێرانیی لێکەوتووەتەوە. بەردەوامبوونی زەختە ئابوورییەکان و داخرانە سیاسییەکان لە ئێران بووەتە هۆی بەدامەزراوەیی کردنی جۆرێک لە «خدەی ناچاری» (Habitus of Necessity) و هاووڵاتییان بە شێوەیەکی ئاگایانە خۆ لە گۆڕانی بنەڕەتی دەبوێرن و لە ڕووی ناچارییەوە، ستراتیژیای سازگاربوون هەڵدەبژێرن (Bourdieu, 1995). لە وەها دۆخێکدا خەڵک ناچارن چاوەڕوانی و داخوازییەکانیان لە حکوومەت، بەپێی بەربەستە پێکهاتەییەکان بگونجێنن و لەنێوان «هەڵکردن» و  «گۆڕانی سیاسی»دا، هەڵکردن لەگەڵ ژیانی سەخت و ڕووتیندا هەڵدەبژێرن کە لە ئاستی سیاسیدا وەک خدەی ناچاریی (بوردیو)، لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا وەک فێرەداماوی (سڵیگمەن) و لە ئاستی مەعریفەناسیدا وەک «تەنیایی سیاسی» (ئارێنت) شرۆڤە هەڵدەگرێت. هەڵبەت وەها خۆگونجاندنێک بەمانای سەقامگیری نییە، بەڵکوو خەڵک خۆ لە جومگەبەندییەکی ڕووداوتەوەرانە (Sewell, 2005) مات دەکەن و دیسان لەدژی ڕێژیم ڕادەسێنەوە.

٣-٤ داتاکان چیمان پێدەڵێن:

شیکردنەوەی داتا مەیدانییەکان لەبابەت هەژاری،  بە بەراورد لەگەڵ ڕاپۆرتی بانکی سویسی (UBS 2023)، باس لە هاتنەئارای جەمسەرگیرییەکی سەرسامهێنەر لەمەڕ سەرمایە (Wealth Polarization) لە ئێران دەکەن. لەکاتێکدا  گەمارۆ ئابوورییەکان کۆمەڵگای ئێرانی فەشەل کردووە و زۆرینەی خەڵک لەنێو تەتەڵەی مانەوەدا پەلەقاژە دەکەن، هەژماری ملیۆنێرە سیاسییەکان ڕووی لە هەڵکشان کردووە و ئەم نایەکسانییە لە هێندێ توێژینەوەدا وەک هۆکاری سڕبوونی مەدەنی تێبینی کراوە. لە ڕاپۆرتێکی «موسسە رحمان» سەبارەت بە داڕمانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی «وەزارەتی ناوخۆ» لەمەڕ نرخی بەشداریکردنی سیاسی و هەروەها ئاماری «بانکی مەرکەزی» لەمەڕ نرخی هەڵاوسان کە لە ساڵی ١٣٨٨ هەتا ١٤٠٤ تۆمار کراون، ئاماژە بە سەلبی‌بوونی «زەریبی پیرسۆنی» دەکەن لە پێوەندیی بە نرخی مەتمانەی کۆمەڵایەتی. نرخی متمانە ٤٦% بۆ ١٥%  داکشاوە کە پێوەندیی بە نرخی هەڵکشانی هەڵاوسانەوە هەیە کە لە سنووری ٤٨% تێپەڕیوە. لە دیاگرامەکانی ژمارە ١ و ٢دا دەرەنجامی توێژینەوەکان وێنا کراون:

دیاگرامی ژمارە ١

دیاگرامی ژمارە یەک [4] باندۆری زەختی ئابووری لەسەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی نیشان دەدات. لەم دیاگرامەدا ڕیزەکی هاوکۆڵەکەکان سەلبیانەیە[5] (r ≈ -0.72). واتە پێوەندییەکی سەلبی لەنێوان بەرزبوونەوەی «هەڵاوسانی ئابووری» و دابەزینی «متمانەی کۆمەڵایەتی» بەدی دەکرێت کە دەتوانێ تیۆری خدەی ناچاریی بۆردیۆ پشتڕاست بکاتەوە: لەگەڵ بەرزبوونەوەی قەیرانی ئابووری، نرخی متمانەی سیاسی دادەبەزێت و خەڵک تووشی خەمساردی دەبن. بەڵام بابەتێکی جێی سەرنج لەم دیاگرامەدا ئەوەیە کە هەڵکشان و داکشانی هەڵاوسان کار لە زەریبی پیرسۆنیی ئەندیکاتۆری متمانەی کۆمەڵایەتی ناکات بەڵکوو شیوی تووندی ئەدیکاتۆرەکە هەروا بە خێرایی لێژ دەبێتەوە.

دیاگرامی ژمارە ٢[6]

لەم دیاگرامەدا سێ ڤاریابڵی سەرەکی لەنێوان ساڵی ١٣٩٠ بۆ ساڵی ١٤٠٤ (٢٠١١-٢٠٢٥) لەپاڵ یەکتر  نوێندراوەتەوە واتە:

  • نرخی هەڵاوسان وەک ڤاریابڵێک بۆ نواندنەوەی دۆخی ژیان و بژێویی ئێرانییەکان (ڕەنگی سوور)
  • ئەندیکاتۆری سڕبوونی مەدەنیی باس لە بێهیوایی و پاسیڤبوونی سیاسی دەکات (ڕەنگی شین)
  • ئەندیکاتۆری پەرەسەندنی ڕاسیزم و هەڵاواردن (ڕەنگی نارنجی)

پەرەسەندنی هەڵاواردن لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوییەوە، ئاماژە بە دڵەڕاوکێی مانەوە دەکات کە پێشتر مەسعوود فەراسەتخا(١٣٩٤) تێبینیی کردبوو. نرخی هەڵاوسانی ئابووری لە ساڵی ٢٠١٨ ڕوو لە هەڵکشان دەکات کە کاریگەریی سەلبی لەسەر دابەزینی ئەندیکاتۆڕی «ئەخلاقی مەدەنی» لە ساڵی ٢٠٢١دا  هەیە و پێمان دەڵێت تاکی ئێرانی بەهۆی توڕەبوون لە دۆخەکە، هەست بە پەژارەی تەنیایی دەکات و لەدوای تاوانبارێک دەگەڕێت (ئەفغانستانی یا پێکهاتە نەتەوەییەکان) بەڵکوو بە سەریدا بڕشێتەوە و قەرەبووی کەرامەتی شکاوی نەتەوەیی بکات. بابەتێک کە لەم دیاگرامەشدا بەرچاوە، هاوتریب‌بوونی ئەندیکاتۆری سڕبوونی مەدەنی و ئەندیکاتۆری بیری ڕاسیستیانەیە. لە نواندنەوەی هاوکۆڵەکەکاندا ئەم دوو ئەندیکاتۆڕە بە شیوێکی توونددا هەڵدەکشێن و لە یەکتر دانابڕێن. ئەم هاوتەریبییە دەتوانێ ئاماژەیەک بێت بۆ پەرەسەندنی سێندرۆمی فاشیزم لە ئێراندا. کەوایە لە هەردوو دیاگرامەکاندا باندۆری نرخی هەڵاوسان بەرچاوە بەڵام جێگای بەتاڵی ڤاریابڵێکی دیکە دیارە کە دەکرێ پێوەندیی بە بنبەستی ئینقلابەوە هەبێت، واتە بەهۆی ڤێتۆکراسی هیوای گۆڕانی بنچینەیی لە ئێراندا زۆر دابەزیوە.

٣-٥ سڕبوونی دووفاقیانە

پەرەسەندنی سەرمایەداریی سیاسی و هەروەها چڕبوونەوەی سەرمایەی ڕانت (Rent-seeking Wealth) لە ناوەند، هەر کەلێنێکی چینایەتی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵکوو وەک میکانیزمی بەرهەمهێنانەوەی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییش (Internal Colonialism) تێبینی دەکرێت. ئابووریی سێبەر لەڕێگای تاڵانکردنی سەرچاوە سرووشتی و مادییەکانی ئەو ناوچانەی بە پەراوێز ناسراون و هەروەها هەڵچنینی سەرمایە لە ناوەندی دەسەڵاتدا (واتە ناوچە فارسنشینەکان)، پڕۆژەی ئەویترسازی لەمەڕ ئابووریی نەتەوە بندەستەکانیشی خێراتر کردووە. نامۆبوونی سیاسیی (Political Alienation) نەتەوە بندەستەکان یەک لە دەرکەوتەکانی وەها پڕۆژەیەکە و  لەم سۆنگەیەوە گۆڕانێکی نێوەڕۆکیی لەمەڕ سڕبوونی مەدەنی، لای نەتەوە بندەستەکاندا پێک هێناوە. بە واتایەکی دیکە ئەگەر سڕبوونی مەدەنی لە شارەکانی ناوەند شێوازێک لە سازگاربوونی ستراتیژیک (Strategic Conservatism) بێت و دەرەنجامەکەی لاوازکردنی چینی مامناوەندییە، لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا، لە توێی «بێدەنگبوونی بندەستی» (Subaltern Silence) دەردەکەوێت و چین و توێژەکانی پێکهاتە نەتەوەییەکان یەکگرتووتر و کۆدەنگتر کردووە کە لە هێندێ قۆناغی هەستیاردا، لە فۆڕمی بەرخۆدانی ڕۆژانە، نافەرمانیی مەدەنی و بزاڤێکی دژەکۆلۆنیالیدا دەردەکەوێت. کەوایە هاوبەندیی کاولکارانە توانیویەتی دووفاقییەکی خەمساردانەش (Duality of Apathy)  بەرهەم بهێنێت کە شانسی گەیشتن بە سێنتێزێک لەمەڕ گۆڕانی بنچینەیی لە ئێراندا کەم دەکاتەوە. هۆکارەکەش لەوەدایە کە نەتەوەی باندەستکراو بەهۆی داڵغەی یەکپارچەیی خاک (Territorial Integrity Anxiety) و ترس لە هەرەسهێنانی سیستەمی سێنتراڵ-بڕۆکراتی ئێران، ئاگایانە یان لەڕووی نائاگاییەوە، بێدەنگی هەڵدەبژێرن و نەتەوە بندەستکراوەکانیش بەهۆی ئاگابوون لەمەڕ بەرهەمهێنانەوەی هەژمۆنیی ناوەند، گۆڕانکارییە سیاسییەکان وەک بەرهەمهێنانەوەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی و هیرارشی تێبینی دەکەن. ئەم دووفاقییە ئاستەنگ و ئالنگارییەکی ڕەژدن لە بەردەم دامەزراندنی بلۆکێکی مێژوویی لە ئێراندا.

٣-٦ دەرەنجامی ئەم بەشە

سڕبوونی مەدەنی لە ئێران وەک گڕکانێکی خەوتوو ڕەچاو دەکرێ کە لەوانەیە لە دەرفەتێکی ناوازەدا بتەقێتەوە. هەڵبەت دەرەنجامەکانی وەها تەقینەوەیەک هەمیشە ئیجابی نابێت، هۆکارەکەش ئەوەیە کە سڕبوونی مەدەنی توانیویەتی سیستمی بەرگریی کۆمەڵگەی وەها لاواز بکات کە لەم ڕۆژانەدا نیشانەکانی خدەی ناچاریمان لێ بینی. لە وەها دۆخێکدا خەڵک چاوپۆشیی لە عاملیەتی خۆی دەکات، لە ڕووی بێهیواییەوە هەرچەشنە خورافە و پڕۆپاگاندایەک دڵخۆشی دەکات و بۆ ئەوەی لە بنبەستی ئابووری و سیاسی ڕزگاری بێت؛ مل بە هەرچەشنە ڕیزبەندییەکی سیاسیش دەدەن. بنبەستی ئینقلاب لە ڕاستید ئاماژەیەکیشە بۆ «مەرگی سیاسەت» لە ئێراندا. واتە کاتێ سووژەبوونی مرۆڤ ڕوو لە کزی دەکات و کۆمەڵ وەک ئۆبژەیەکی ناجێگیر، چاوەڕێی سووپەڕ-پیاوێک دەکات کە لە فریای بێت. سەرهەڵدانی فاشیزم لە ئەورووپا، لەوەها بەستێنێکدا هاتە دی کە «ڤیلهێڵم ڕایش» شرۆڤەی کردووە و دەڵێ: فاشیزم دیاردەیەکی سیاسی نییە کە خەڵک لە ڕووی ئاگاییەوە ڕووی تێ بکەن، بەڵکوو بەهۆی سەرکوتی درێژماوە و قەیرانی ئابووری؛ ئیرادەی مەدەنی و سیاسیی خەڵک وەها وێران دەکات کە تەما وەبەر وێرانکاری و گوێڕایەلی ببەستن (رایش، ١٣٧٢). کەوایە لە کۆمەڵگایەکدا کە کوردیناسیۆنی وێرانیی ئیدارەی بکات، سیاسەت وەها بنکۆڵ و وێران دەبێت کە شانسی دامەزراندنی دێمۆکڕاسی لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ کە ڕەچاوی داد بکات و فرەچەشنی بسەلمێنێت، زۆر کەمترە لە شانسی دامەزراندنی نەزمێکی فاشیستی. ئەگەر چاوێک بە ئینقلابەکانی ئێران لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا بخشێنین، سیاسەتی بادانەوە گرنگترین دینامیزمی گۆڕان بووە و لە هیچ قۆناخێکی مێژوویی ئێران، سیاسەتی مۆدێڕن، لەسەر بنەمای «لۆگۆس، دێموس و  ئێتوس»، شانسی سەرکەوتنی نەبووە. دەستاودەست کردنی حکوومەتەکان لە ئێران نەک ئینقلاب، بەڵکوو بەرهەمهێنانەوەی ئیستبداد بووە لە فۆڕمێکی دینییەوە بۆ فۆڕمێکی نیمچە سێکۆلار و هەروەها پێچەوانەکەشی. هۆکارەکەش پێوەندی بە فۆرماسیۆنی ئایدیای ئێرانە کە مەجال بە هەزمکردنی ڤەرژن و مۆدێلە سیاسییەکانی دیکە نادات. وەک ئاماژەی پێدرا، سڕبوونی دووفاقیانەی مەدەنیش لە ئێران کە بەرهەمی ئاوێتەبوونی «داڕمانی ئابووری» و «بێهیوایی سیاسی»یە ئاماژە بە نەبوونی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی دەکات لە نێوان ئێرانییەکان و پێکهاتە نەتەوەییەکان کە بەرەو پەراوێز ڕەتێندراون. لەم بەستێنە ئانتاگۆنیستییانەدا «ترسی ناوەند» و «نافەرمانیی پەراوێز» گەیشتوونەتە هاوسەنگییەکی سەلبی؛ واتە لە ناوەند فاشیزم بەهێز و لە پەڕاوێزیش «ناسیۆنالیزمی ڕادیکاڵانە»ی چالاکتر کردووە. لە ئەگەری گۆڕان لە ڕوانگەی ناوەندخوازیدا، لەوانەیە هاوسەنگییە سەلبییەکە بەرەو هاوسەنگییەکی ئیجابییانە بگۆڕێت و ڕێخۆشکەر بێت بۆ گۆڕانی پێکهاتەیی لە ئێراندا، بەڵام یەک لە دەسکەوتەکانی مۆجیزەی وێرانی لەوەدایە کە مەیلی ڤێتۆکڕاسی لە فەزای سیاسیی ئێراندا وەها بە دامەزراوەیی کردووە کە هاتنە دی وەها پاڕادایم شیفتێک زۆر زەحمەتە.

سەرچاوەکان

بە زمانی ئینگلیسی و زمانە سکاندیناوییەکان

Arendt, Hannah (2023). Om Revolisjon. Oversett: Qvale, Per. Første utgave. SolumBokvennen AS. ISBN: 9788279904663.

Arendt Hanna (1996). Vita Avtiva, Det virksømme liv. 1. utgave. Oversett av Janss Chritian. Pax forlag A/S, Oslo. ISBN: 82-530-1750-2.

Aristoteles (1993). Politiken. Övers. Karin Blomqvist. Partille: Åströms förlag.

Bayat, Asef (1997). Street politics: Poor people’s movements in Iran. Columbia University Press.

Bourdieu, P. (1995). Distinksjonen: en sosiologisk tolkning av smakskritikken (A. Prieur, Overs.). Pax Forlag.

Castells, Manuel (1977). The Urban Question: A Marxist Approach. Translation by AIan Sheridan. London, Edward Arlond, pp.12 – 211. ISBN: 07131 57189.

Chomsky Noam (2004). Language and Politics. Oakland CA: AK Press. ISBH 1-902593-82-0.

Chandler Daniel (2007), Semiotics: The Basics. second edition, London: Routledge, p 35.

Deans, Tom & Ware, Alan. (1986). Charity-State Relations: A Conceptual Analysis. Journal of Public Policy.Vol. 6, 2 (apr. – Jun).

EUAA. (2025). 3.5. Ethnic minorities. https://euaa.europa.eu/country-guidance-iran-2025/351-kurds-including-faili-kurds-and-yarsan-kurds

Fanon, Frantz (2002). Jordens Fordømte. Oversett av: Amlie Axel. 1. utg. Den norske bokklubben. ISBN: 9788252537512.

Foucault, M. (2006). Ttingens orden. En arkologisk undersøkelse av vitenskapene om mennesket. Norsk utgave, Spartacys forlag, Oslo. ISBN 82-430-0371-1.

Gerschewski, Johansens (2013), The three pillars of stability: legitimation, repression, and co-optation in autocratic regimes. https://doi.org/10.1080/13510347.2013.738860

Gallie, W. B. (1956). “Essentially Contested Concepts.” Proceedings of the Aristotelian Society, pp. 56, 167–198.

Kayhan Life, Iran’s Millionaires Multiply As 30% of Population Lives Below Poverty Line (2023)

Laclau, E., & Mouffe, C. (1985). Hegemony and socialist strategy: Towards a radical democratic politics. London: Verso, pp. 95-105.

Lincoln, Bruce (2014). Religion, Empire, and Torture: The Case of Achaemenian Persia, with a Postscript on Abu Ghraib. University of Chicago Press.ISBN: 9780226251875

Lewin Tessa (2021), Nothing is as it seems: «discourse captur» an backlash politics. https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/13552074.2021.1977047

Maddah, Majid (2020). Rent-seeking and resource curse in Iran. Macroeconomics and Finance in Emerging Market Economies.

https://www.academia.edu/64638727/Telling_Time_Together_Hannah_Arendt_and_The_Temporal_Condition_of_Human_Beings_in_the_World?utm_source=chatgpt.com

Marx, Karel (2016). Det Kommunistiske Manifest, Oversett av Leif Høghaug, forlag Vidarforlag. ISBN: 9788230332733.

Mouffe, C. (2013). Agonistics: Thinking the World Politically. Verso.

Platon (2001). Staten. (E. A. Wyller, Overs.). Vidarforlaget. (Opprinnelig utgitt ca. 375 f.Kr.).

Rasanah Institute for Iranian Studies. (2023). The Rent-Seeking Economy and Social Justice System in Iran.

Rancière, J. (2010). Dissensus: On Politics and Aesthetics (S. Corcoran, Trans.). Continuum.

Schwartz Jonathan (2016). Political Opposition in Theory and Central European Practice. Routledge. SBN: 978-1138659568.

Skocpol, Theda. (1979). States and Social Revolutions: A Comperative Analysis of France, Russia and China. Cambridge University Press.

Scott, James. C. (1985). Weapons of the Weak: Everyday Forms of Peasant Resistance. Yale University Press.

Sen, Amartya (2001). Development as Freedom. Oxford University Press, pp. 13-34. ISBN: 9780192893307.

Seligman, M. E. P. (1975). Learned helplessness: On depression, development, and death. W. H. Freeman.

Svendsen, Fr. H. Lars (2008). Fryktens filosofi. Oslo: Universitetsforlaget.

Tatman Lucy (2012).  Telling Time Together: Hannah Arendt and The Temporal Condition of Human Beings in the World.

Táíwò Olúfẹ́mi O. (2022), Elite Capture: How the Powerful Took Over Identity Politics (And Everything Else), Pulto Press. ISBN 9780745347851.

Tabaar, Mohammad Ayatollahi (2018). Religious Statecraft: The Politics of Islam in Iran. New York: Columbia University Press.

UBS Group company (2023). Global Wealth Report 2023. Leading perspectives to navigate the fature. Credit Suisse AG.

U.S. Department of the Treasury (2025). Targets Additional Elements of Iran’s Shadow Banking Network.

Wilkinson, Richard, & Pickett, Kate. (2010). The Spirit Level: Why Equality is Better for Everyone. Penguin Books Limited, pp. 49-66, ISBN: 0241954290, 9780241954294.

سەرچاوەکان بە زمانی فارسی

آبراهامیان، یرواند (١٣٧٧)؛ ”ایران بین دو انقلاب”، ترجمە: گل محمدی، احمد و فتاحی، محمد ابراهیم، نشر نی.

ابن خلدون (١٣٩٤). ”مقدمه ابن خلدون”. ترجمه محمد پروین گنابادی. تهران: انتشارات علمی و فرهنگی.

استیون، فی و هایدون، ویلیام (١٤٠٢). ”تحلیلی در باب موقعیت فرهنگ هومی بابا”. ترجمە د. هادی نوری نمکین. تهران:نشر پیلە.

اسپیوک، گایاتاری (١٣٩٧). آیا فرودست می تواند سخن بگوید؟ ترجمە: ایوب کریمی. تهران انتشارات فلات.

خلیلی‌پور، اکرم، و رضا افهمی. (١٤٠٣) «واکاوی نقش فضای شهر تهران در رویدادهای اجتماعی معاصر (نمونه موردی انقلاب اسلامی).» لسان مبین، دوره ۲، شماره ۲، ص. ۲۳۷–۲۵۲. https://ensani.ir/fa/article/601927

دلوز، ژیل و گاتاری، فلیکس (١٣٩١)؛ ”هزار فلات”  (کاپیتالیسم و اسکیزوفرنی)؛ ترجمه زهره اکسیری و دیگران؛ تهران: رخداد نو.

سعید، ادوارد (١٣٨٢). شرق‌شناسی. ترجمه لطفعلی خنجی. تهران: نشر آگاه.

فراستخواه، مقصود (۱۳۹۴). ما ایرانیان: زمینه‌کاوی تاریخی و اجتماعی خلقیات ایرانی. نشر نی.

فرارو (١٦ آبان ١٤٠١) فایلی دەنگی رەعنا رەحیمپوور، پێشکەشکاری پێشووی بی بی سی فارسی.

            https://fararu.com/fa/news/584912/%D8%AC%D9%86%D8%AC%D8%A7%D9%84-%D9%81%D8%A7%DB%8C%D9%84-%D8%B5%D9%88%D8%AA%DB%8C-%D9%84%D9%88-%D8%B1%D9%81%D8%AA%D9%87-%D8%A7%D8%B2-%D8%AE%D8%A8%D8%B1%D9%86%DA%AF%D8%A7%D8%B1-%D8%A8%DB%8C-%D8%A8%DB%8C-%D8%B3%DB%8C-%D9%81%D8%A7%D8%B1%D8%B3%DB%8C

لوفور، هنری (١٣٩٥). ”تولید فضا”. ترجمە محمود عبداللە زادە. چاپ دوم. تهران: انتشارات مرکز مطالعات و برنامە ریزی شهر تهران.

وهابی، مهرداد (٢٠٢٥)، ”هماهنگی ویرانگر، انفال و سرمایەداری سیاسی اسلامی، خوانشی نوین از ایران معاصر ”. برگردان بە فارسی: هایریک، یپریم خان. چاپ نخست ٢٠٢٥، انتشارات علمی پژوهشی ایران آکادمیا.

کتێبناسیی بۆ خوێندنەوەی دیاردەی ئینقلاب

Foran, J. (2005). Taking Power: On the Origins of Third World Revolutions. Cambridge University Press.

Foran, J. (1993). Fragile Resistance: Social Transformation in Iran from 1500 to the Revolution. Westview Press.

Goldstone, J. A. (1991). Revolution and Rebellion in the Early Modern World. University of California Press.

Kuran, T. (1995). Private Truths, Public Lies: The Social Consequences of Preference Falsification. Harvard University Press.

Sewell, W. H., Jr. (2005). Logics of History: Social Theory and Social Transformation. University of Chicago Press.

Skocpol, T. (1979). States and Social Revolutions: A Comparative Analysis of France, Russia, and China. Cambridge University Press.

Tarrow, S. G. (2011). Power in Movement: Social Movements and Contentious Politics (3rd ed.). Cambridge University Press

[1] سەنتەری ماکیناک لە وێبسایتەکەی خۆیدا «پەنجەرەی ئەڤێرتۆن» بەم چەشنە پێناسە کردووە: «پەنجەرەی ئەڤێرتۆن؛ ئاقار یا چوارچێوەیەکە بۆ ئەو سیاسەتانە کە لە سەردەمێکی تایبەتدا و بە لای زۆرینەی جەماوەرەوە پەسندکراو بێت. کەوایە سیاسەتمەدار بە پێی ئەجندای ئایدیالۆژیک یا هێڵی فکریی خۆی و حیزبەکەی پلان و دروشمی سیاسی داناڕێژێت، بەڵکە دروشم و ئەجندا سیاسییەکانیان بە ئاراستەی ئەو داوا گشتییانەدا تەکووز دەکەن کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بە دڵی جەماوەرە و کۆمەڵگا شەرعیەتی پێ دەدات».

[2] Fukuyama, F. (2014). Political Order and Political Decay. FSG.

[3] Fromm, E. (1941). Escape from freedom.

[4] ئامارەکان لە ڕاپۆرتێکی دامەزراوە ڕەحمان (موسسە رحمان) وەرگیراوە و بە وردی و تێبینییەوە دراوە بە ژیری دەسکرد تاوەکوو ئەو دیاگرامەم بۆ ئامادە بکات. ئەگەرچی ئامارەکان کوتومت پشت بەو توێژینەوە دەبەستێت کە دامەزراوەی ڕەحمان ئامادەی کردووە، بەڵام دیاگرامەکانی ژمارە ١ و ٢ ناتوانن ڕەوایی ئاکادێمکیان هەبێت و تەنیا بۆ نواندنەوەی ئامارەکان  لەم وتارەدا دەکار کراوە.

[5] Order of cofficients

[6] پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەهۆی هەستیاربوونی تێرمی ڕاسیست، لە توێژینەوەکاندا ڕاستەوخۆ ڕاسیسزم نەهاتووە و بەڵکوو لە ڕێگای چەمکەکانی دیکە کە دەتوانن ئاماژەیەک بن بۆ ڕوانینی ڕاسیستانە کەڵک وەرگیراوە.

 ئامارەکانی دیاگرامی ژمارە ٢ بەهۆی کتێبی «ایران ما» کە توێژینەوەیەکی مەیدانییە لەلایەن فەراسەتخا ئامادە کراوە. ئامارەکان ئاماژە بەهۆی چەند توێژینەوەی مەیدانی لە گەڕەکەکانی مەزنشارەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەدەن کە زیاتر لە ٥٠%ی خەڵک پەنابەرانی ئەفغانستانی وەک هۆکاری نائەمنی و بێکاری دەزانن.

هەروەها ئامارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ( World Values Survey + WVS)  لەمەڕ ڕێژەی ڕەگەزپەرستی لە وڵاتانی جیهان بەم پرسیارە ئامادە کراوە: «پێتخۆشە کێ دراوسێت بێت؟»  وڵامی ئێرانییەکان بۆ ئەم پرسیارە ئەوە بووە کە حەزیان لە دراوسێیەتی نەتەوەکانی دیکە و بەتایبەت ئەفغانستانییەکان نەبوو.

[6] پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەهۆی هەستیاربوونی تێرمی ڕاسیست، لە توێژینەوەکاندا ڕاستەوخۆ ڕاسیسزم نەهاتووە و بەڵکوو لە ڕێگای چەمکەکانی دیکە کە دەتوانن ئاماژەیەک بن بۆ ڕوانینی ڕاسیستانە کەڵک وەرگیراوە.

 ئامارەکانی دیاگرامی ژمارە ٢ بەهۆی کتێبی «ایران ما» کە توێژینەوەیەکی مەیدانییە لەلایەن فەراسەتخا ئامادە کراوە. ئامارەکان ئاماژە بەهۆی چەند توێژینەوەی مەیدانی لە گەڕەکەکانی مەزنشارەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەدەن کە زیاتر لە ٥٠%ی خەڵک پەنابەرانی ئەفغانستانی وەک هۆکاری نائەمنی و بێکاری دەزانن.

هەروەها ئامارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ( World Values Survey + WVS)  لەمەڕ ڕێژەی ڕەگەزپەرستی لە وڵاتانی جیهان بەم پرسیارە ئامادە کراوە: «پێتخۆشە کێ دراوسێت بێت؟»  وڵامی ئێرانییەکان بۆ ئەم پرسیارە ئەوە بووە کە حەزیان لە دراوسێیەتی نەتەوەکانی دیکە و بەتایبەت ئەفغانستانییەکان نەبوو.

وتارەکانی تر

Nothing Found

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!