شەش مانگ لە هاوپەیمانی: ستراتیژیی هاوبەش؟

شنە پاسبار

ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ٢٢ی فێبریڤێری ٢٠٢٦، وەک پێشهاتێکی گرینگ لە مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازی لێکرا. لە سەرەتا پێنج حیزب و پارتی سیاسی ڕۆژهەڵات ئەو هاوپەیمانییەیان واژۆ کرد و دواتر کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش پەیوەست بوو پێیانەوە و بەم شێوەیە بوو بە هاوپەیمانی شەش هێزی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ڕاگەیاندنی ئەو هاوپەیمانییە دوای چەند مانگ لە دانوستان و گفتوگۆ ، زیاتر وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەکی سیاسیی یەکگرتوو دەهاتە بەرچاو، چوارچێوەیەک کە توانای وڵامدانەوەی کاریگەری بە گۆڕانکارییە خێراکان لە ئێران  و هەروەتر لە ناوچەکەدا هەبێت. توانای خۆگونجان لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا بۆ شەش پارت و حیزبی سیاسی کە هەر کام ئایدیۆلۆژی و ڕوانینی جیاوازیان لەسەر پرسی نەتەوەیی کورد و پێکهاتەی سیاسی کورد لە داهاتووی ئێراندا هەیە، دەستکەوتێکی گرینگە بە تایبەتی بۆ کۆمەڵگای سیاسی ڕۆژهەڵات کە تا ئێستا زیانێکی زۆری بە هۆی پارچەپارچە بوونی سیاسییەوە پێگەییشتووە و هەر بۆیەش ڕاگەیاندنی ئەو هاوپەیمانییە بە شێوەیەکی سروشتی چاوەڕوانییەکی زۆری لەگەڵ خۆی هێنا.

بەڵام پاش شەش مانگ دوای دامەزراندنی، چیتر نابێت هاوپەیمانییەکە لە پلەی یەکەمدا تەنیا بە پێی گرینگی مێژوویی دامەزراندنی هەڵبسەنگێندرێت، بەڵکو دەبێ زیاترلێکدانەوە  بۆ کارەکانی بکرێت. لێرەدا پرسیارگەلێکی جیاواز دێنە پێشێ. ئایا هاوپەیمانی توانیویەتی جیاوازی ڕێکخراوەیی بگۆڕێت بۆ توانایی هاودەنگیی سیاسیی؟ دامەزراوە و مێکانیزمێکی پێکهێناوە کە بتوانێت بڕیاری هاوبەشیان هەبێت؟ ئایا ستڕاتێژیەکی ڕوون و دیاریان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەپێداوە؟ ئایا توانیویانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دیپڵۆماسییەکی هاوبەش پەیڕەو بکەن؟ لە هەمووی ئەوانە گرینگتر ئەوەیە کە تاکێکی کورد دەتوانێ جیاوازی کاری سیاسی ئەم شەش ڕێکخراوەیە پێش فێبریڤێری ٢٠٢٦ و پاش ئەو ببینێت واتە ئایا ئەم هاوپەیمانییە بەرهەمێکی تایبەتی بووە کە بە تەنیا حیزب و پارتەکان نەیانتوانیبێت پێی بگەن؟ هەڵسەنگاندن بۆ هەموو جۆرە کارێکی سیاسی بەتایبەتی لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتدا پێویستە جا چ بگا بەو هاوپەیمانییە کە وەک دەرفەتێکی گرینگە بۆ ڕۆژهەڵات و شایانی هەڵسەنگاندنی ورد و کاردکردن بۆ چارەسەرکردنی کەمایەسییەکانە.  

گرینگیی سیاسی هاوپەیمانییەکە

هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە بۆشاییەکی سیاسیدا سەری هەڵنەدا. دوای چەندین ساڵ لە زۆربوونی گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، چالاکتربوونی جوڵانەوەی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵات،  چاوکراوەتربوونی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەروەتر بەشداری ببەرفراوانتریان لە بۆنە نەتەوەیی و سیاسییەکاندا، ڕاپەڕینی ژینا، دووبارە بوونەوەی خۆپێشاندانەکان لە سەرانسەری ئێران و ناسەقامگیری بەرچاوی هەرێمایەتی پێش فێبریڤێری ٢٠٢٦ بووە هۆی ئەوەیکە هێزە کوردییەکان هەماهەنگیی نێوانیان زیاتر بێت و هەر لە دێسێمبری ٢٠٢٥ ناوەندی دیالۆگیان پێکهێنا. وەک یەکەم کار ناوەندی دیالۆگ لە ئاستێکی باشدا دەستیان بە وتووێژ کرد و دواتر داوای مانگرتنی گشتییان لە خەڵکی ناوخۆ کرد کە خەڵک لە سەدان شار و شارۆچکەی ڕۆژهەڵات بە پێشوازی لە داواکەی ناوەندی دیالۆگەوە چوون. کەواتە ئەگەر ناوەندی دیالۆگ پێش دامەزارنی هاوپەیمانییەکە توانای کۆبوونەوە، بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی هاوبەش و هەماهەنگکردنی هەندێک چالاکیی سیاسییان هەبووە، واتە ئەو چالاکییانە بە تەنیا ناتوانن بەڵگەیەکی تەواو بن بۆ سەرکەوتنی هاوپەیمانییەکە. هەر بۆیە لێرەدا بەوە دەگەین کە پێویستە هاوپەیمانییەکە توانای بڕیاری سیاسی بگۆڕێت و زیاتر لەباری بڕیار و پراکتیکەتەوە ئەکتیڤتر بێت ئەگینا جیاوازیی نێوان هاوپەیمانییەکی سیاسی و کۆمیتەیەکی هەماهەنگی زۆر ئاستەم دەبێت.

شەش مانگی یەکەم: نە دۆڕان و نە سەرکەوتنێکی ئەوتۆ

لە شەش مانگی یەکەمی هاوپەیمانییەکەدا، نوێنەرایەتی پارتەکانی هاوپەیمانی بەردەوام بوون لە قسە کردن و کۆبوونەوە. لە  کاتی گونجاودا، هەڵوێستەیان کرد و  بەیاننامەی هاوبەش و باشیان دەرکرد. دانیشتنی بەردەوام دیارە هەنگاوێکی گرینگە بۆ گەیشتن بە ستراتێژییەکی هاوبەش و لەگەڵ ئەوەش وا دەر دەکەوێ کە هاوپەیمانییەکە لە پاش دامەزراندنی ئیتر ون نەبووە و دیارە بەردەوامن  لە چالاکییە سیاسییەکانیان. لە ماوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکەوە هەتا ئێستا، پێنج لەهێزەکانی بەشداری هاوپەیمانی لە ژێر باروودۆخێکی یەکجار ناخۆشدا بوون. لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٦ەوە هەتا ئێستا بنکە و بارەگاکانی ئەو هێزانە بە بەردەوامی کەوتوونەتە ژێر هێرشی موشەکی و درۆنیی کۆماری ئیسلامی. گوشاری سەختی ئەمنییەتی بە دڵنیاییەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کار و چالاکی هاوپەیمانیی دەبێت بە تایبەت کە کۆماری ئیسلامی بوونی ئەو هاوپەیمانییە بە هەڕەشەیەکی یەکجار گەورە بۆ سەرخۆی دەزانێ؛ هەر بۆیەش ژینگەی سیاسی و ئەمنی ئەو هێزانە لە پاش ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکە بە هیچ شێوەیەک گونجاو نەبووە بۆ پەرەپێدانی زیاتری چالاکییەکانیان. بۆ هەڵسەنگاندنێکی دروست، دەبێ هەموو ئەو سنوور و گوشارانەمان لەبەر چاو بێت کە بۆ هاوپەیمانی داندرابوو. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر نابەجێیە چاوەڕوانی لە شەش حیزب و پارت کە مێژوویەکی درێژی ناکۆکی و جیاوازیی ئایدیۆلۆژییان هەیە، لە ماوەی تەنیا شەش مانگدا دەیان ساڵ جیاوازی و لێکتێنەگەییشتن چارەسەر بکەن لە حاڵێکدا کە ڕووبەڕووی هێرشەکانی ئێران، ناسەقامگیری هەرێمی و مەترسییە جیدییە ئەمنییەکان دەبنەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا داننان بەو کێشانە نابێ ببێتە پاساو بۆ کەمتەرخەمیی هاوپەیمانییەکە؛ بە تایبەتی پێویستیی ڕێکخراوە سیاسییەکان زۆرجار لە ماوەی قەیران و ئاڵۆزی ناوچەکەدا زیاتر وەبەرچاو دەکەوێت. ئەگەر ئەو هاوپەیمانییە لەبەر ئەوە ڕاگەیاندراوە کە باروودۆخی هەنووکەیی ڕۆژهەڵات پێویستی بە هەماهەنگی زیاتر و یەکگرتوویی هێزە کوردییەکان هەبوو، ئەوە ناتوانین هەر هەمان بارودۆخی نەگونجاو بکەینە پاساو بۆ کەمکاری هاوپەیمانییەکە. ئەوەی ئێستا لە هاوپەیمانی لەبەر چاوی کۆمەڵانی خەڵکە ئەوەیە کە هێشتا هاوپەیمانی بە هەماهەنگییەکی بە تەواو مانا سیاسی نەگەییشتووە و هەر بۆیەش ڕادەی دەستکەوتەکانی هاوپەیمانی زۆر کەم دێتە بەرچاو. لە سەرەتای دامەزراندنی هاوپەیمانییەکەوە هەتا ئێستاش چاوڕەوانییەکان زیاترن لەوەیکە هاوپەیمانییە تەواوی چالاکییەکانی خۆی لە سنووری دەرکردنی بەیاننامەدا بهێڵێتەوە. بە پێی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو هێزانە هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەو هاوپەیمانییە چاوەڕوان دەکرا کە ناوەندێکی نوێی بڕیاردانی سیاسیی بۆ ڕۆژهەڵات دامەزرابێت کە تا ئێستاش ناوەندێکی لەم چەشنە نابینین.  پارتە سیاسییەکان دەتوانن لە گەڵ یەکتر هاوکاری بکەن، دانیشن و بەیاننامەی هاوبەش بڵاو بکەنەوە بەڵام ئەوەی لێرەدا وەک هاوپەیمانی دەبێ خۆ بنوێنێ دەرکردنی بڕیاری هاوبەشی سیاسییە کە بتوانێ وەک بڕیارێکی پراکتیک سەیری بکرێت. لێرەدا ئەو باسە دێتە گۆڕێ کە بۆ تا ئێستا ئێمە بڕیارێکی هاوبەشمان لە هاوپەیمانی نەبینیوە؟ هاوپەیمانییەکی سیاسی کارا بە شێوەیەکی ئاسایی پێویستی بە ڕێکار و میکانیزمی ڕوون و ئاشکرا هەیە. کۆمەڵگای کوردی دەبێ بزانێ لە هاوپەیمانیی بڕیارەکان چۆن دەردەچن، کام بوارانە دەکەونە ژێر دەستەڵاتی هاوپەیمانییەوە، ناکۆکییەکان چۆن چارەسەر دەکرێن، کاری کۆمیتەکان چییە و کام لە بڕیارەکان هەموو پارتەکان پابەند دەکات. ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم بابەتانە نیشانی دەدات کە هاوپەیمانیی پێکهاتەیەکیی سیاسی ڕاستەقینەیە.

دوای شەش مانگ، تەنیا ڕوویەک کە ئێستا کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات لەو هاوپەیمانییە دەیزانێ ناوی هاوپەیمانییەکە و؛ وەک ناوەرۆک و بەرنامەی دیپلۆماسی هیچ نیشانەیەکی ڕوون لەبەر چاوی خەڵک نیە. ڕەنگە زۆر کار لە نێو خۆی هاوپەیمانییەکە دا کرابێت بەڵام ئەوەی کە ڕاگەیاندنێکی فەرمییان نیە و زۆر شت بە شاراوەیی دەهێڵێتەوە، دەبێتە هۆی دڵساردبوونەوەی خەڵک. شەفافییەت و ڕاگەیاندن هاوپەیمانییەکە لاواز ناکات، بەپێچەوانەوە بەهێزتری دەکات.

هەڵەیە ئەگەر بە چاوی موعجیزە سەیری هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بکرێت یان لە هەمان کاتدا پەراوێز بخرێت. دامەزراندنی ئەوە هاوپەیمانییە بە ڕاستی گرینگ بوو، شەش هێز بە ئایدیۆلۆژی و مێژووی جیاوازەوە هاتوون پاش ساڵانێکی زۆر لە ململانێی سیاسیی نێوانیان، ی توانیان پێکەوە چواچێوەیەکی هاوبەش دامەزرێنن و لە هەمان کاتدا لە بارودۆخێکی زۆر شێواو و سەختدا دەستی بە چالاکی سیاسی خۆی کرد. بەڵام گرینگی لە ساتی دامەزراندندا هیچ دڵنیاییەک نابەخشێت کە بتوانێ دواتر گرینگیی مێژویی بە دەست بێنێت. گرینگ ئەوەیە هاوپەیمانی ئامانجێکی سیاسی پێوانەکراوی بێت کە دواتر بتوانێت بە پێی ئەو ئامانجە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و ئەوە ئەو بۆشاییەیە کە هەر شەش پارتەکە دەبێ بە جیددی وەریبگرن و کاری بۆ بکەن.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە هاوپەیمانییەک نیە کە گەورەترین دەستکەوتی دامەزراندنەکە بێت، پێویستی بە یەکڕیزییەکی ساختە و بە ڕواڵەت نیە، بەڵکوو پێویستی بە مکانیزمێکی سیاسی بەردەوام و جێگیرە هەیە کە بتوانێت ڕەوتە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵات لە دەوری ستراتژییەکی نەتەوەیی هەماهەنگ بکات.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی

پاسبار، شنە(٢٠٢٦): شەش مانگ لە هاوپەیمانی: ستراتیژیی هاوبەش؟. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • مرۆڤێک بە پێوە

مرۆڤێک بە پێوە

مرۆڤێک بە پێوە م. ئەحمەدی ئەو شەڕەی کە ئەم گەلە بۆ ژیان دەیکرد، دەستبەجێ و بێ دوودڵی بوو بە شەڕی منیش. من تا دوێنێ دکتۆرێکی «پێ‌ڕەش»ی بێ‌ناونیشان بووم، ئێستا کورد بووم؛ [...]

  • دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا

دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا

دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا زاهیر محەمەدی هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر [...]

  • بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو

بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو

بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو کەماڵ حەسەنپوور سواری باڵی مەلی خەیاڵ دەبم و دەگەڕێمەوە دواوە، بۆ سەردەمێک کە وەک خەونێک لە مێشکمدا ماوە. منیش وەک هاوتەمەنەکانی خۆم و جیلی پێش [...]

  • کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو

کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو

کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو شاهۆ حوسێنی لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەگەلی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ژێردەستدا، شۆڕش زۆرجار وەک پرۆژەیەکی تەواو میکانیکی و تەکنیکی سەیری کراوە و پێناسەکراوە؛ پرۆژەیەک کە [...]

  • ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە

ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە

ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە فاتح سەعیدی دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە [...]

  • ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟

ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟

ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟ ئیبراهیم مەلازادە یەکێک لەو چەمکانەی کە نووسەر و توێژەرانی کورد بە ئاگایی یان بە نائاگایی بۆ دۆخی کورد بەکاردەهێنن، جیاوازنەکردنە لەنێوان چەمکی داگیرکەر و ژێردەستە. مانای [...]