ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا

هاوڕێ

لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی لە دایک بووم؛ لە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕان، شۆڕش و ئاڵۆزیی مێژووی کوردستاندا. دەسپێکی ژیانی من هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییی سیستەمی پاشایەتی و دەستپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران. ئەو ساڵانە هاوکات بوون لەگەڵ ئەو سەردەمەی کە دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو لە لووتکەی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بوو؛ تا ئەو ڕۆژە ڕەشەی کە دەستی تیرۆری دەوڵەتی، لە کاتی گفتوگۆ بۆ ئاشتی، ژیانی لێ ئەستاند.
منداڵیی من لە ناو کەشوهەوای شۆڕش و خەباتدا تێپەڕی. دوو خاڵم پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوون و باوکیشم لە پێشمەرگەکانی خەباتی چەکداریی ساڵانی چلەکان بوو. بۆیە پێشمەرگە بۆ من تەنیا ناوێک نەبوو کە لە ڕادیۆوە بیبیستم، یان وێنەیەک نەبوو کە لەسەر دیوار ببینم؛ پێشمەرگە بەشێک بوو لە ژیانی ڕۆژانەی من.
هاتووچۆی پێشمەرگەکان، دانیشتن و گفتوگۆکانیان، چەک و جلوبەرگیان و ئەو هەستە تایبەتەی کە لەگەڵ خۆیان دەیانهێنا، هەموویان لە یادەوەریی منداڵیمدا جێیان گرتووە. کاتێک پێشمەرگە ڕووی لە دێهاتە بچکۆلەکەی ئێمە دەکرد، دێ گۆڕانی بەسەردا دەهات. بە گەرمی پێشوازییان لێ دەکرا و ئێمەی منداڵیش هەریەکەمان هەوڵمان دەدا بۆ ماڵی خۆمانیان داوەت بکەین. خۆشەویستیی پێشمەرگە شتێک نەبوو کە فێری ببین؛ لەگەڵماندا گەورە دەبوو.
لە هەمان کاتدا، دەنگی تۆپ و فڕۆکە شەڕکەرەکانی جەنگی ئێران و عێراق بەردەوام لە گوێمان دەزرنگایەوە. سایەی شەڕ بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستاندا کێشرابوو. ئاسمان هەمیشە ئاسمانی منداڵی و یاری نەبوو؛ هەندێک جار دەنگی فڕۆکە واتای ترس بوو و دەنگی تەقە واتای مەترسی.
بەڵام لە ناو ئەو هەموو سەختی و ناسەقامگیرییەدا، خۆشەویستیی پێشمەرگە و ڕێزی کادرەکانی حیزبی دێموکرات دڵی زۆر منداڵی وەک منی داگیر کردبوو.
من دوکتۆر قاسملووم پێش ئەوەی لە کتێبەکاندا بناسم، لە زمانی پێشمەرگەکان ناسی.
پێش ئەوەی بتوانم نووسینەکانی بخوێنمەوە، پێش ئەوەی لە مانای دێموکراسی، سۆسیالیزم، مافی نەتەوەیی و دیپلۆماسی تێبگەم، ناوی «قاسملوو»-م لە گفتوگۆی گەورەکان دەبیست. ناوی ئەو لەگەڵ هیوایەک، متمانەیەک و چاوەڕوانییەک تێکەڵ بووبوو.
بۆیە ناسینی من بۆ دوکتۆر قاسملوو، سەرەتا ناسینێکی فکری و سیاسی نەبوو.
ناسینێکی هەستی بوو.
ناسینێکی ژیانگەیی بوو.
من قاسملووم لە چاو و دەنگی ئەو پێشمەرگانەدا ناسی کە ناویان بە ڕێزەوە دەهێنا. لە گفتوگۆی ئەو گەورانەدا ناسی کە هیوایان بە سەرکردایەتیی ئەو هەبوو. پاشان، کاتێک گەورەتر بووم و دەستم بە خوێندنەوەی بیر و نووسین و مێژووی سیاسی کرد، قاسملووی هەستی منداڵیم بوو بە قاسملووی هزر و تێگەیشتنم. کاتێک چوومە زانکۆ، بیر و هزری چەپم ناسی و مارکس و ئێنگلس و هێگێڵم خوێندەوە، هیچ بیر و زەینم پێی تێراو نەدەبوو. خوێندنەوەی مێژووی کورد و لێکۆڵینەوە و خەسارناسیی سیاسەتی قەومیی کۆماری ئیسلامیم لە زانکۆ وەک توێژینەوە دەست پێ کرد، و زۆرتری بەرهەمەکانی دوکتۆر قاسملووم وەک «کورتە باس»، «٤٠ ساڵ خەبات» و «کوردستان و کورد» خوێندەوە و گوێم لە زۆرتری وتارە دەنگییەکانی گرت. ڕۆژێک هات کە ناوی قاسملوو بۆ من و بۆ هەزاران کورد، لە هیوایەوە تێکەڵ بە خەمێکی قووڵ بوو. بەڵێ، دوکتۆر لە ڕادەستکردنی مەشخەڵی ئازادی بە دەستی چینی ئێمە سەرکەوتوو بوو.
ئەو ڕۆژە ڕەشە تەمەنم یازدە ساڵان بوو.
ڕۆژی هەینی بوو. لەسەر خوانی نانی بەیانی دانیشتبووین. دوای شمشاڵ، هەواڵ لە «دەنگی کوردستانی ئێران»-ەوە بڵاو کرایەوە:
دوکتۆر قاسملوو تیرۆر کراوە…
باوکم پارووی نانەکەی بۆ قوت نەچوو.
بەدەم گریانەوە هەستا و ڕۆیشتە دەرەوەی ماڵ.
من ئەو دیمەنەم هەرگیز لە بیر ناچێتەوە.
پیاوێک کە ساڵانی خەبات و چەک و سەختیی ژیانی دیبوو، لەبەر هەواڵی مەرگی ڕێبەرێک، پارووی نان لە گەروویدا وەستا و فرمێسک ڕێگای چاوەکانی گرت.
ماتەمێکی قووڵ هەموو ئەندامانی خێزانەکەمانی داگرت.
وەک ئەوەی تەمێکی چڕ لە خەم و خەفەت لە ناو ڕادیۆکەوە هاتبێتە دەر؛ سەرەتا باڵی بەسەر ماڵەکەی ئێمەدا کێشا، پاشان دێهاتە بچکۆلەکەمانی داپۆشی و لەوێشەوە بەسەر هەموو کوردستاندا بڵاو بووەوە.
ئەو ڕۆژە، منداڵێکی یازدە ساڵە بووم. لە مانای تیرۆری دەوڵەتی و یارییە نهێنییەکانی سیاسەت بە تەواوی تێنەدەگەیشتم. بەڵام لەوە گەییشتم:
ڕووداوێکی گەورە ڕوویداوە.
کوردستان کەسێکی گەورەی لە دەست داوە.
دێوەزمەی مەرگ، ڕێبەرێکی بلیمەت و بیرمەندی لەگەڵ خۆی بردبوو و گەلێکی لێقەوماو، یەکێک لە گەورەترین ڕێبەرە کاریزماتیکەکانی خۆی لە دەست دابوو.
ئەو ڕۆژە بۆ من تەنیا ڕۆژی مەرگی دوکتۆر قاسملوو نەبوو. ڕۆژێک بوو کە یەکێک لە وێنە هەرە قووڵەکانی ژیانم لە یادەوەریی منداڵیمدا نەخشا: باوکم، پارووی نان و دەنگی ڕادیۆیەکی کە هەواڵی مەرگی ڕێبەرێکی دەگەیاند.

ساڵان تێپەڕین. من گەورە بووم. خوێندمەوە، سیاسەتم خوێند، مێژووم هەڵدایەوە و هەوڵم دا لە دوکتۆر قاسملوو تەنیا وەک بیرەوەرییەکی منداڵی نەڕوانم. هەرچی زیاتر خوێندمەوە، زیاتر تێگەیشتم بۆچی ئەو ڕۆژە باوکم پارووی نانەکەی بۆ قوت نەچوو.
ئێستا دەزانم ئەو فرمێسکانە تەنیا بۆ مەرگی پیاوێک نەبوون.
فرمێسکی ترس بوون لە بێ‌ڕێبەر مانەوە.
فرمێسکی هەستکردن بە قورساییی کارەسات بوون.
فرمێسکی گەلێک بوون کە دەیزانی ڕێبەرێکی بلیمەت و دەگمەنی لە دەست داوە.
من دوکتۆر قاسملووم بەو شێوەیە ناسی:
سەرەتا لە زمانی پێشمەرگەکان،
پاشان لە فرمێسکی باوکم،
دواتر لە لاپەڕەکانی کتێب و مێژوو،
و ئەمڕۆ، لە ڕێگەی هزر و ڕێبازێکەوە کە هێشتا پرسیار دروست دەکات، گفتوگۆ دەخوڵقێنێت و مرۆڤ ناچار دەکات لە داهاتووی کوردستان وردتر بڕوانێت.
لەو ڕۆژە ڕەشەدا، سێبەری ڕەشی ڕەشەکوژیی دەوڵەتی، کوردستانی کردە شەوەزەنگ.
هەندێک جار، مەرگ دەتوانێت جەستەی ڕێبەرێک لە گەلەکەی بستێنێت، بەڵام ناتوانێت ئەو پرسیار و بیرۆکانە بکوژێت کە لە مێشکی نەوەکاندا چێنراون.
قاسملوو ڕۆیشت،
بەڵام پرسیاری قاسملوو، هزری قاسملوو و خەونی گەلێک کە خەباتی بۆ دەکرد، هێشتا ماوە.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی

هاوڕێ(٢٠٢٦): ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد

  • سۆسیالیستی فەرنجیپۆش

سۆسیالیستی فەرنجیپۆش

سۆسیالیستی فەرنجیپۆش عەلی لەیلاخ  لە «کۆمیدیای خودایی»ی دانتێدا، کە یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهان، دانتێ ئالیگیری (١٢٦٥-١٣٢١)ی شاعیری ئیتاڵیایی، یەکەم پلەی «بەرزەخ»ی خۆی بە ناوی «لیمبۆ»وە بۆ کەسانێکی وەک ئەفلاتوون، [...]

  • مرۆڤێک بە پێوە

مرۆڤێک بە پێوە

مرۆڤێک بە پێوە م. ئەحمەدی ئەو شەڕەی کە ئەم گەلە بۆ ژیان دەیکرد، دەستبەجێ و بێ دوودڵی بوو بە شەڕی منیش. من تا دوێنێ دکتۆرێکی «پێ‌ڕەش»ی بێ‌ناونیشان بووم، ئێستا کورد بووم؛ [...]

  • دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا

دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا

دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا زاهیر محەمەدی هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر [...]

  • بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو

بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو

بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو کەماڵ حەسەنپوور سواری باڵی مەلی خەیاڵ دەبم و دەگەڕێمەوە دواوە، بۆ سەردەمێک کە وەک خەونێک لە مێشکمدا ماوە. منیش وەک هاوتەمەنەکانی خۆم و جیلی پێش [...]

  • کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو

کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو

کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو شاهۆ حوسێنی لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەگەلی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ژێردەستدا، شۆڕش زۆرجار وەک پرۆژەیەکی تەواو میکانیکی و تەکنیکی سەیری کراوە و پێناسەکراوە؛ پرۆژەیەک کە [...]

  • ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە

ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە

ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە فاتح سەعیدی دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە [...]