لە یەکەم چاوپێکەوتنەوە تا یادی هەمیشەیی دوکتور قاسملوو

کامران ئەمین ئاوە

هاوینی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، هاوینێکی گەرم و پڕ لە جووڵەی سیاسی بوو. لەگەڵ هاوڕێیەکم لەبەردەم نووسینگەی “یەکیەتی لاوان”ی بۆکان دانیشتبووین و قسەمان دەکرد. نووسینگەی یەکیەتی لاوان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دیواربەدیواری یەکتر، لە بینای پێشووی بنەماڵەی ئەفسەرانی شارەبانیی بۆکان، بەرانبەر بە حەمامی کاکائاغا جێگیر ببوون؛ بینایەک کە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ دەستی بەسەردا گیرابوو. لەو سەردەمەدا زۆربەی ئەندامان و چالاکانی یەکیەتی لاوان، لەژێر کاریگەریی بیروباوەڕی حیزبی توودەی ئێراندا بوون. حیزبی توودە هێشتا بە فەرمی ڕێکخراوی خۆی لە کوردستان دانەمەزراندبوو، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان، ڕۆڵی هاوبەش لە ناوچەکەدا بگێڕێت و ببێتە ڕێکخراوی ئەیالەتیی ئەو حیزبە. تەنانەت لە ناوخۆی حیزبی دیموکراتیشدا کەم نەبوون ئەوانەی کە حیزبی دیموکراتیان بە جۆرێک بە نزیکترین هاوپەیمانی حیزبی توودە دەزانی و باوەڕیان وابوو پێوەندییەکانیان دەبێت بەهێز بکرێت.

لە سەر دەرگای یەکیەتی لاوان، وێنەیەکی گەورەی نەمر عەزیز یۆسفی هەڵواسرابوو؛ وێنەیەک کە بە دەستی خۆم کێشابوومەوە. لە ژێر وێنەکە نووسرابوو: “نەمر عەزیز یۆسفی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان و نێوبژێوانی لەگەڵ حیزبی توودەی ئێران.” لە لای چەپی دەرگاکەش شوێنێک بۆ دانانی ڕۆژنامەی “مردم” و بڵاوکراوەکانی حیزبی توودە ئامادە کرابوو. لەو پاشنیوەڕۆیەدا، کە ڕۆژی هەینی بوو، ئۆتۆمبێلێکی سەوز لەبەردەممان ڕاوەستا. پێم وایە شۆرڵێت بوو. دوو پیاو لێی دابەزین. یەکێکیان بە ئارامی بەرەو ئێمە هات، بە ڕووخۆشی دەستی لەگەڵمان دا و چاک‌و خۆشی کرد. پاشان بێ ئەوەی قسەیەک بکات، چاوێکی بە وێنەی نەمر عەزیز یۆسفی و ڕۆژنامەی “مردم”دا خشاند. بزەیەکی بچووک لەسەر لێوی نیشت، ماڵاوایی لێ کردین و بەرەو دەفتەری حیزبی دیموکرات ڕۆیشت. هەر کە لەبەرچاومان ون بوو، هاوڕێکەم بە سەرسوڕمانەوە پرسی:

  • دەزانی ئەوە کێ بوو؟
  • نا!
  • ئەوە دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو!

 ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک سەرنجی منی ڕاکێشا، نەک ناسنامەی سیاسیی ئەو، بەڵکوو هەڵسوکەوتی بوو. ئەگەرچی سەرۆکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو و دەیتوانی لە بوونی ڕۆژنامەی “مردم” و چالاکیی حیزبی توودە لە ناو یەکیەتی لاواندا ناڕەزایەتیی خۆی دەرببڕێت، بەڵام نە توندییەکی نیشان دا و نە وشەیەکی ناشیرینی بەکار هێنا. بە بزە و ڕووخۆشی، بێ ئەوەی کەشوهەوای شوێنەکە بشێوێنێت، ڕۆیشت.

دووەم جار دوکتور قاسملووم لە ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٨، چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنی یەکەم خوولی مەجلیسی شۆرای میللیی ئێران دیت. مەیدانی تۆپی پێی بۆکان لە خەڵک هەڵدەقوڵا. حەشیمەتێکی زۆر لە هەموو تەمەنێک بۆ گوێگرتن لە وتاری دوکتور قاسملوو کۆ ببوونەوە. ئەو بە زمانێکی ڕوون و بەهێز باس لە داهاتووی کوردستان، مافی گەل و چارەنووسی سیاسی کرد. مامۆستا هێمنیش بە هەناسەی شیعر و زمانێکی پڕ لە هەست، گیانی کۆبوونەوەکەی گەرمتر کرد. کاتێک میتینگەکە تەواو بوو، ڕێپێوانێکی گەورە بەڕێوە چوو و دەنگی دروشمەکان ماوەیەکی زۆر لە شەقامی سەرەکیی بۆکان بە قازانجی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەنگی دەدایەوە.

بەیانیی ڕۆژی دواتر، دوکتور قاسملوو لە مزگەوتی جامیعی بۆکان قسەی بۆ خەڵک کرد و بە ئارامی و وردی وڵامی پرسیارە جۆراوجۆرەکانی ئامادەبووانی دەدایەوە. من، کە تەمەنم شازدە ساڵ بوو، لە دەرەوەی مزگەوت نزیکەی چەند کاتژمێر ڕاوەستابووم و گوێم لە هەر وشەیەکی دەگرت. بۆ مێشکی گەنجێکی ئەو تەمەنە، شێوازی وەڵامدانەوە، ئارامی لە گفتوگۆ و توانای شی‌کردنەوەی بابەتە ئاڵۆزە سیاسییەکان، کاریگەرییەکی قووڵی هەبوو؛ کاریگەرییەک کە هێشتا، دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر، لە بیرمدا ماوەتەوە.

ساڵەکان زۆر زوو تێپەڕ دەبوون و بەپێی جیاوازیی بیر و هزر و سیاسەتەکانی حیزبی توودەی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی ئێران و بەتایبەتی ڕوودانی ئینشعابی پەیڕەوانی کۆنگرەی چواری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٥٩، پێوەندییەکانی حیزبی توودە و دیموکرات تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو. بەڵام سەرەڕای ئەوەش کاتێک ڕێبەران و کادرەکانی حیزبی توودەی ئێران لە ساڵی ١٣٦٢ کەوتنە ژێر زەبری هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە ژمارەی ٩٠ی “کوردستان” لە بانەمەڕی ١٣٦٢ کە لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانیش بڵاو ببووەوە، ئەم هێرشەی مەحکووم کرد و نووسی:”ئێستا کە دامودەزگای شەیتانیی ڕێژیمی ئاخوندەکان دژی توودەیییەکان بەسیج بووە، حیزبی ئێمە بە پەیڕەوی لە سیاسەتی ئوسووڵی دیموکراتیی خۆی، تاقیب، گرتن و ئازار و ئەشکەنجەی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی توودە بە توندی مەحکووم دەکات و ئیقداماتی پۆلیسیی ڕێژیمی خومەینی بە هەنگاوێکی دیکە دژی ئازادییە فەردی و سیاسییەکان دەزانێت.” لە درێژەدا لە پێوەندی لەگەڵ ئەوانەی نەگیراون ئاماژەی کردووە: “ئەم جۆرە ئەفرادە وەک زۆر لە هاووڵاتییان لە ساڵەکانی ڕابردوودا، دەتوانن بۆ خۆرزگارکردن لە دەستی پاسدارە دژی گەلییەکانی خومەینی، پەنا بێنن بۆ کوردستان” و بە فەرمی ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتیدانی توودەیییەکان ڕاگەیاند. بەشێک لە کوردە توودەیییەکان بە یارمەتیی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەرەو باشووری کوردستان ڕاگوێزران.

چەند ساڵ دواتر منیش بە ناچار ئێرانم بەرەو یەکیەتی سۆڤیەتی بەجێ هێشت. بەداخەوە هەواڵ و ڕووداوەکانی نێو و دەرەوەی ئێران زۆر درەنگ دەگەیشتە یەکیەتی سۆڤیەتی. بەڵام لە هاوینەی ١٣٦٨/ ١٩٨٩ کە تازە لە شاری مینسک، پایتەختی کۆماری بیلاڕووس نیشتەجێ بووم و دەمویست لە زانکۆی پزیشکیی ئەم شارە دەست بە خوێندن بکەم، ئاگاداری تیرۆرکردنی د. قاسملوو بووم؛ هەواڵێکی تاڵ و ناخۆش. گیانبەختکردنی ئەم تێکۆشەرە گەورەیە کە تێپەڕبوونی زەمەن پیشانی دابوو بۆچوونەکانی سەبارەت بە حکوومەتی ئێران تا چ ڕادەیەک دروست بوون، بە ڕاستی هەواڵێکی دڵتەزێن بوو. لەو کاتەوە، مانگی پووشپەڕی هەر ساڵێک، بیرەوەریی ئەو گوللانەم بۆ دەهێنێتەوە کە دڵی گەش و پڕهیوای یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانی نەتەوەی کوردی لە پشت مێزی دانوستانەوە کردە ئامانج. پیاوێکی مەزن لەو دەگمەن سەرکردانەی جیهان کە هەر لە کاتی مێرمنداڵییەوە خەباتی خۆی بۆ ئازادی، ڕزگاریی نەتەوەیی، بنبڕکردنی چەوسانەوە و گەیشتن بە ئاشتی و سۆسیالیزم دەست پێ کرد و بە باوەڕێکی قووڵ بەم ڕاستییە کە “گەلێک ئازادی دەوێت، دەبێت باجەکەشی بدات”، تا دوایین ساتەکانی ژیانی بە وەفادارییەوە مایەوە.

 د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لە پێناوی ئازادیی نەتەوەکەیدا ڕێگایەکی سەخت و پڕهەڵدێری بڕی. لە کوردستانەوە بەرەو ئوروپا چوو، خوێندنی باڵای تەواو کرد و گەیشتە پلەی مامۆستایی زانکۆ. بەڵام زۆر زوو گەڕایەوە نێو گەلەکەی و لە دڵی چیا سەربەرزەکانی کوردستاندا، بنکەی فەرماندەییی پێشمەرگەکانی جێگیر کرد و بە ڕابەرایەتیی حیزبەکەی، لاپەڕەیەکی نوێی خەباتی دژی یەکێک لە دیکتاتۆرترین ڕێژیمەکانی جیهان هەڵدایەوە. د. قاسملوو بە پشتیوانیی ئەزموونی دەیان ساڵ خەباتی سیاسی، خوێندن و ژیریی بێهاوتای خۆی، حیزبی دیموکراتی کوردستانی گەیاندە هێزێکی گەورەی خەباتگێڕ و سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەستیارترین ساتەکانی مێژووی گەلی کورددا، ئەو حیزبەی کردە ڕێکخراوێکی ناسراو لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا.

 لە جیهانێکدا کە سیاسەتی بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ئەو هزرا بنچینەییانەی لە کۆمەڵگەدا هەبوون، بڕیاردەری سیاسەتی زۆرێک لە حیزبەکان بوو، دوکتور قاسملوو دەبوو سیاسەتێک هەڵبژێرێت کە نەچێتە بەرەی دژ بە بزووتنەوەی سۆسیالیستی جیهان و بەتایبەتی یەکیەتی سۆڤیەتی کە بە هۆی ئەولەویەتی خەبات دژی ئیمپریالیزمی جیهانی، پشتیوانیی کۆماری ئیسلامییان دەکرد و خەباتی دژی ڕێژیمی دواکەوتووی ئێرانیان بە هەڵە دەزانی؛ و لە لایەکی تریشەوە نەچێتە بەرەی ئەو وڵات و زلهێزانەی کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کێبڕکێدا بوون. حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتیی د. قاسملوو بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەربەخۆی خۆی، ناوبانگێکی چاکی لە لاپەڕەکانی مێژووی جیهاندا بەجێ هێشت. بێگومان بەڕێوەبردنی خەباتێکی لەم چەشنە ئەویش لە سەردەمێکی ئاڵۆز و هەستیاردا کارێکی ئاسان نەبوو، و لە درێژەی خەباتی حیزبی و نێوخۆیی وڵاتدا د. قاسملوو و حیزبی ژێر ڕێبەریی ئەو بە دوور لە هەڵەی گەورە و بچووک نەبوون و لەوانەیە گیانبەختکردنی د. قاسملوو لە پای مێزی دانوستاندا وەک یەکێک لەو هەڵه گەورانە لە قەڵەم بدرێت؛ بەڵام کەسایەتییەکی سیاسی و حیزبێکی تێکۆشەر کە خەبات دەکات، بێگومان تووشی هەڵەش دەبێت، ئەوەی هیچ ناکات هەڵەش ناکات. بە شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، گەلی کورد یەکێک لە کارامەترین، ژیرترین و بەناوبانگترین ڕێبەری خۆی لە دەست دا، بەڵام کاروانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان نەک هەر نەوەستا، بەڵکوو چووە قۆناغێکی ترەوە کە تایبەتمەندیی سەرەکییەکەی، پێداگرییەکی بەهێزترە لەسەر مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی کوردستان و ڕزگاریی نەتەوەیی لە لایەن پێشەنگانی ئەم نەتەوەیەوە.

 یادی دوکتور قاسملوو و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کوردستان بەرز و بەڕێز بێت.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی

ئەمین ئاوە، کامران (٢٠٢٦): لە یەکەم چاوپێکەوتنەوە تا یادی هەمیشەیی دوکتور قاسملوو. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد

  • خودکارەکەی قاسملوو

خودکارەکەی قاسملوو

خودکارەکەی قاسملوو خەبات ڕەسووڵی دوکتور قاسملوو سەلام. من ناوم عەتایە و خەڵکی سەقزم. کوڕی پورم ناوی هێمنە و ئەویش خەڵکی سەقزە. ئەو لە گوندی دۆزەخ دەرە ئەژی. دۆزەخ دەرە نزیکە لەسەقز [...]

  • سۆسیالیستی فەرنجیپۆش

سۆسیالیستی فەرنجیپۆش

سۆسیالیستی فەرنجیپۆش عەلی لەیلاخ  لە «کۆمیدیای خودایی»ی دانتێدا، کە یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهان، دانتێ ئالیگیری (١٢٦٥-١٣٢١)ی شاعیری ئیتاڵیایی، یەکەم پلەی «بەرزەخ»ی خۆی بە ناوی «لیمبۆ»وە بۆ کەسانێکی وەک ئەفلاتوون، [...]

  • مرۆڤێک بە پێوە

مرۆڤێک بە پێوە

مرۆڤێک بە پێوە م. ئەحمەدی ئەو شەڕەی کە ئەم گەلە بۆ ژیان دەیکرد، دەستبەجێ و بێ دوودڵی بوو بە شەڕی منیش. من تا دوێنێ دکتۆرێکی «پێ‌ڕەش»ی بێ‌ناونیشان بووم، ئێستا کورد بووم؛ [...]

  • دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا

دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا

دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا زاهیر محەمەدی هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر [...]

  • بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو

بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو

بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو کەماڵ حەسەنپوور سواری باڵی مەلی خەیاڵ دەبم و دەگەڕێمەوە دواوە، بۆ سەردەمێک کە وەک خەونێک لە مێشکمدا ماوە. منیش وەک هاوتەمەنەکانی خۆم و جیلی پێش [...]