قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش!
برایم لاجانی
٣٧ ساڵ پاش تیرۆری دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو، فەلسەفە و میراسی سیاسیی ئەو، هێشتاش بە چەشنێکی بەرچاو هەروا هاوچەرخ و ئاکتوێل ماوەتەوە. ئەگەرچی ناوبراو لەناو کورداندا وەک یەکێک لە ڕێبەرانی مەزنی بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد چاوی لێ دەکرێ، بەڵام هێنانەخواری قاسملوو بۆ ئاستی سیمایەکی بەتەنیا کوردستانی، هەموو پەیام، جەوهەر و ڕوانگەی سیاسیی ناوبراو لە خۆی ناگرێ. ئاخر ئەو نەک هەر بەتەنیا هی کورد و کوردستان، بەڵکو هی هەموو ئەوانەیە کە لەو بڕوایەدان ئاشتی و سەقامگیریی سیاسی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنیا لەسەر بناخەی دێموکراسی، کەرامەتی ئینسانی و پلۆڕالیزمی سیاسی دابین و دەستەبەر دەکرێت.
بۆ گەلی کورد قاسملوو ڕەمزی ئیرادەی خەباتگێڕانەی لەشکاننەهاتووی نەتەوەیی، بۆ دێموکراتەکان سەرمەشقی سیاسەتوەرزییەکی بەپرنسیپ، بۆ ئەوانەی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، نوێنەری میانڕەویی، بەڵام دوور لە خۆبەدەستەوەدان، بە ئەژمار دەهات. پڕۆژەی ئەو سنوورەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی تێ دەپەڕاند، گەڵاڵە و پڕۆگرامێک بوو بۆ بنیاتنانەوەی سەرلەنوێی ئێران وەک دەوڵەتێکی دێموکراتیک کە لەوێدا، فرەگەلی و فرەفەرهەنگی ببنە سەرچاوەی سەقامگیریی سیاسی، نەک مایەی کێشە و ململانێ.
بۆیە تیرۆرکرانی ئەو، لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە ڤییەن، لە ڕێکەوتی ١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩دا، نەک هەر بەتەنیا وەک کوشتنی ڕێبەرێکی ئۆپۆزسیۆن، بەڵکو وەک هەوڵێک بۆ لەباربردن و لەنێوبردنی ئایندەیەکی سیاسیی ئاڵتەرناتیڤ دەزانرێ.
تێپەڕین لە سنوورەکانی ناسیۆنالیزم
بەشی هەرە زۆری گوتاری ناونەتەوەیی سەبارەت بە پرسی کورد لە دوو ڕوانگەی کڵێشەییدا کورت دەبێتەوە. بزووتنەوەی کورد یان وەک شۆڕشێکی جیاوازیخوازانە، یان وەک بەشێک لە شەڕ و ململانێ نیزامییە ناوچەییەکان وینا دەکرێت. قاسملوو هەردووکی ئەو گێڕانەوانەی ڕەد دەکردنەوە.
فەلسەفەی سیاسیی ئەو لەسەر بناخەیەکی جیاواز هەڵچنرابوو: پرسی کورد هەر لە بنەڕەتدا، پرسێکی دێموکراتیکە. ئەو هەمیشە بەڵگەی بۆ ئەوە دەهێنایەوە کە بەبێ بەڕەسمی ناسینی مافە سیاسییەکانی گەلانی ئێران، هیچ ڕێگایەک بۆ چارەسەریی پایەدار، بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانانە لە گۆڕێدا نییە کە ئێران لەگەڵیان بەرەوڕوویە. لەلایەکی دیکەشەوە، ئامانج و داخوازەکانی گەلی کوردیش هەرگیز لە چوارچێوەی سیستەمێکی سەرەڕۆ و دیکتاتۆرێدا، ئیمکانی وەدیهاتنیان نییە.
ئەو ڕوانگە دوولایەنەیە بۆ چارەسەریی گیروگرفتەکانی وڵات، قاسملووی لە زۆربەی سیاسەتمەدارە هاوچەرخەکانی خۆی جیادەکردەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، دابین و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و دامەزراندنی دێموکراسی لە ئێراندا، نەک هەر لەگەڵ یەکتر ناکۆک نین، بەڵکو لێکگرێدراو و تەواوکەری یەکترن.
بۆیە دروشمە باناوبانگەەی ئەو و حیزبەکەی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، واتە دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان، نەک هەر سیاسەتێکی تاکتیکی نەبوو، بەڵکو لە ڕوانگەیەکی ستراتیژیک، یەکپارچە و یاساتەوەڕەوە سەرچاوەی دەگرت. دێموکراسی بەرگری لە تاکی هاووڵاتی دەکات. خودموختاریش پارێزگاری لە گەلان و نەتەوەکان دەکات. ئەو دوو پرنسیپانە، لە پەنای یەک، دەتوانن سیستەمێکی سیاسیی ئەوتۆ دروست کەن کە فرەفەرهەنگی و فرەکولتووری، بێ ئەوەی ببنە هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی دەوڵەت، لە خۆیدا جێ بکاتەوە.
دێموکراسی وەک بنەما
زۆر پێش ئەوەی کە دێموکراسی ببێتە بنێشتەخۆشکەی سەر زار و زمانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، قاسملوو پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە مەشرووعییەتی سیاسی لە ڕەزامەندیی هاووڵاتییانەوە سەرچاوە دەگرێ، نەک لە ئیدەئۆلۆژی، یان دین و ئۆتۆریتەی شۆڕشگێڕانەوە. هەر بۆیە ڕەخنەی ناوبراو لە کۆماری ئیسلامی، قوڵتر لەوە بوو کە بەتەنیا هەر دژایەتی بێت لەگەڵ حکوومەتی ڕووحانییەت. خۆ لە خۆڕا نەبوو ناوبراو بۆخۆی دژی کۆبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە دەستی کەسێک، گرووپێک یان ناوەندێک دابوو.
ئەوە کە دەسەڵاتی سیاسی لە دەستی سوڵتانەکان، ڕێبەرانی شۆڕش، دامەزراوە نیزامییەکان یان فەقێ و ڕووحانییەکان دابێ یان نا، بۆ وی زۆر لەوە کەمبایەختر بوو کە ئایا هاووڵاتییان لە ماف و ئازادییە سیاسی و دێموکراتیکەکانیان بەهرەمەندن یان نا.
هەڵبژاردنی ئازاد، حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی سەربەخۆ، ئازادیی بەیان، سەربەخۆییی دەزگای قەزایی، وەڵامدەر بونی حکوومەت؛ ئەوە ئەو پرنسیپانەن کە قاسملوو هەمیشە پێی لەسەر دادەگرت. ئەو ئەسڵانە لە بیری سیاسیی قاسملوودا، ئیدەیەکی ڕۆژئاوایی نەبوون، بەڵکو پرنسیپێکی جیهانین کە بۆ هەر کۆمەڵگایەک کە دەیەوێ عەداڵەت و سەقامگیریی سیاسی دامەزرێنێ، پێویستن. دەتوانین بڵێین، بیرۆکەی سیاسیی ئەو، زۆربەی ئەو باس و گرفتانەی پێشبینی کردبوون کە ئەمڕۆ سەبارەت بە تێپەڕینی دێموکراتیک و چۆنیەتیی دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک لە دەوڵەتە فرەگەل و فرەنەتەوەکاندا، پێشبینی دەکرێن.
دیسانتڕالیزاسیۆن بەبێ لێکهەڵوەشان
یەکێک لەو بیرۆکانەی دوکتۆر قاسملوو کە زۆر بە خراپی لێی تێ گەیشتوون، بریتییە لە دیسانتڕالیزاسیۆن و دابەشکردنی دەسەڵات. دژبەرانی ئەو بیرۆکەیە، زۆرتر، داخوازیی گەلی کورد بۆ خودموختاری بە هەڕەشە لەسەر تەواویەتیی خاکی ئێران دەزانن. بەڵام قاسملوو بەردەوام ئەو جۆرە لێکدانەوەیەی بەرپەرچ دەدایەوە. پڕۆژەی سیاسیی ئەو بۆ ئێران، وەک ئەو مۆدێلە دێموکراسییە فرەنەتەوە سەرکەوتوانە دەچێ، کە لەواندا دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێگای یاسای ئەساسییەوە، نەک هەر نەبووەتە هۆی لاوازبوون، بەڵکو بووەتە هۆکاری بەهێزبوونی یەکێتیی نیشتمانی و یەکپارچەییی وڵات.
لەو مۆدێلەدا ئەو بڕیارە سیاسییانەی کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا مەحەللی و ناوچە و هەرێمە میللییەکان هەیە، دەبێت تا ئەو جێگایەی دەکرێت نزیک لەو کۆمەڵگایانەوە، یان لەلایەن خودی ئەوان و نوێنەرانی ئەوانەوە، بدرێن. زمانی گەلانی وڵات دەبێت بپارێزرێ و منداڵانی نەتەوە جۆراوجۆرەکان دەبێت بە زمانی دایکییان بخوێنن و بار بێن. حکوومەتە خودموختارییە ناوچەییەکان، بەرپرسایەتیی پەروەردە و فێرکردن و فەرهەنگ و کولتوور و ئیدارە و بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆییی ناوچە و هەرێمە خودموختارەکان بە ئەستۆ دەگرن. دامودەزگا میللییە سەرتاسەرییەکان، ئەرکی ڕاپەڕاندنی سیاسەت و دامەزراوە هاوبەشەکانی وەک سیاسەتی دەرەوە، دیفاع و بەرگری و سیاسەتە ئابووری و ماڵییە سەرەکییەکان بەڕێوە دەبەن.
ئەمڕۆ، ئەو ئەسڵانە، لە زۆربەی نیزامە فیدڕاڵی و دیسانتڕالیزە و دێموکراتیکەکانی ئورووپا و ئەمریکای باکووردا، جێبەجێ کراون. بەڵام لە دەیەی ١٩٨٠دا، ئەو ئیدانە لە ئاستی یاسای ئەساسیی ئێراندا، وەک داهێنان و بیرۆکەی سیاسیی نوێ دادەنران. قاسملوو لە جیاتی سەپاندنی حکوومەت و دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و ناوەندگەرا بەسەر وڵاتێکی فرەگەل و فرەفەرهەنگ و ڕەنگاوڕەنگدا، کار و خەباتی بۆ دامەزراندنی هەندێک سازوکار و دامەزراوە و ئەنستیتۆ دەکرد کە لە ڕێگای ئەوانەوە، بکرێ فرەفەرهەنگی و فرەگەلی لە ئێراندا، لە ڕووی سیاسییەوە، ئیدارە بکرێ.
ڕوانگە و بۆچوونی سیاسیی قاسملوو ئێستاش هەروا بە ئاکتوێڵی ماوەتەوە
زۆربەی ئەو کێشە و شەڕ و ئاژاوانەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە گۆڕێدان، ڕاست لەبەر ئەوە سەریان هەڵداوە و هەروا ماونەتەوە، کە دەوڵەتە ناوەندگەراکان، ڕێگای بەشداریی چالاکانە و ماناداریان لەو گەل و نەتەوە و دەستە و تاقمانە گرتووە کە لە ڕووی زمان، دین، فەرهەنگ، کولتوور و ئیتنیکییەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی جیاوازن.
سکۆلاریزم، هاووڵاتییان لە بەرانبەر یاسادا بەرانبەرن
یەکێکی دیکە لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەی سیاسیی قاسملوو، سکۆلاریزم بوو. لە ڕوانگەی قاسملووەوە، سکۆلاریزم بە مانای دژایەتی لەگەڵ دین نەبوو. دەیگووت: «ئێمە ڕەوتێکی مەزهەبی نین، بەڵام دژی دین و مەزهەبیش نین». هەروەها ئەو لە بیری ئەوەدا نەبوو کە ئیمان لە کۆمەڵگادا وەدەر بنێت. لای ئەو سکۆلاریزم بەو مانایە دەهات کە دەوڵەت دەبێ بە شێوەیەکی بەرانبەر و وەک یەک پشتیوانی لە هەموو هاووڵاتییان بکات، چ ئیماندار و چ بێئیمان. لای ئەو سکۆلاریزم مانای ئەوە بوو کە دامەزراوە ئایینییەکان نابێت بەسەر حکوومەت و دەوڵەتدا زاڵ بن و دین و مەزهەب نابێت لە دیاریکردنی هاووڵاتیدا هیچ نەخشێکی هەبێت. ئەوە وای کردبوو کە قاسملوو جیاواز بێت. لەو کۆمەڵگایانەدا کە وەک کۆمەڵگای فرەدینی و فرەمەزهەبی دەناسرێن، بێلایەنیی دەوڵەت بە پێشمەرجی بەرانبەریی هاووڵاتییان دادەنرێ.
کۆماری ئیسلامی پلەبەندیی دینی و مەزهەبیی کردووەتە سیستەم. لە بەرانبەردا قاسملوو دەیەویست هەموو هاووڵاتییان لە بەرانبەر یاسادا بەرانبەر بن. واتە سکۆلاریزم لە بیری سیاسیی قاسملوودا هەم بەرگری لە ئازادیی دین و مەزهەب دەکرد و هەم دیفاعیشی لە ئازادی لە دین و مەزهەبی ئیجباری و دەوڵەتی و زۆرەملی دەکرد. ئەو بە تووندی بەرگری لە ویژدانی ئینسان دەکرد وەک تاکێکی ناو کۆمەڵ. لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە فرەفەرهەنگی، فرەکولتووری، فرەدینی و پلۆڕالیزمی فەرهەنگی و کولتووریش دەکرد.
ئەمڕۆ پاش نزیکەی پێنج دەیە لە دەسەڵاتداریەتیی حکوومەتی دینی و ئیدەئۆلۆژیک لە ئێراندا، ئەو لایەنە لە بیری سیاسیی قاسملوو، لە هەر زەمانێکی دیکە ئاکتوێڵترە.
مافەکانی مرۆڤ، پێش ژئۆپۆلیتیک
ڕەنگە دیارترین لایەنی بیری سیاسیی قاسملوو ئەوە بێت کە ناوبراو هەمیشە خۆی لەوە دوور دەگرت کە مافەکانی مرۆڤ وەک پاشکۆی حیساباتی ژئۆپۆلیتیک تەماشا بکات. لە سەرانسەری دەورانی شەڕی سارددا، بزووتنەوەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەبێ ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە، خۆیان بە یەکێک لە بلۆکە ناونەتەوەیییەکان دەبەستەوە. لێرەشدا قاسملوو ڕێگایەکی جیاوازی هەڵبژارد.
ئەو هەمیشە پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە مەشرووعییەتی دێموکراتیک لە دەروون و ناوخۆوە سەرچاوە دەگرێ. هیچ هاوپەیمانییەکی دەرەکی ناتوانێت جێگای پشتیوانی و بەشداریی کۆمەڵانی خەڵک و ڕەزامەندیی ئەوان بگرێتەوە. ئەو هەڵوێستەی ناوبراو پرستیژ و ئیعتیبارێکی تایبەتی بە سیاسەتەکانی قاسملوو دەبەخشی. ئاخر ئەو ئیستبداد و سەرەڕۆیی و دیکتاتۆریی، بێ لەبەرچاوگرتنی ئاڕاستەی ئیدەئۆلۆژیکی ئەوان، وەدەر ڕەخنە دەدا. بێ لەبەرچاوگرتنی پێشینەی سیاسی، عەقیدەتی و ئیتنیکی، بەرگری لە هەموو زیندانییانی سیاسی دەکرد. پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە مافەکانی گەلی کورد، بەشێکن لەو ماف و ئازادییانەی کە لە پەیماننامە ناونەتەوەیییەکانی مافی مرۆڤدا، لە ئاستی جیهانیدا پەسەند کراون، نەک داخوازییەکی تایبەتی و ئیستسنائی.
بەو جۆرە ئەو تێگەیشتنێکی قوڵ و بەرین و هاوچەرخی لە پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ پێشبینی دەکرد. شتێک کە ئەوەتا ئەمڕۆ لە کۆنڤانسێۆنە ناونەتەوەیییەکاندا، جێگایان بۆ کراوەتەوە. وەک مافی کەمایەتییە نەتەوەیییەکان، مافە کولتووری و فەرهەنگییەکان، مافە زمانی و ئایینی و مەزهەبییەکان و مافی بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا. ئەوانە ئێستا هیچیان ئیمتیاز نین تا دەوڵەتەکان بیاندەنە خەڵک. هەموویان لە ئەسڵە بنەڕەتییە ناونەتەوەیییەکانی مافی مرۆڤ بە حیساب دێن.
مافی کەمایەتییەکان وەک مافێکی دێموکراتیک
قاسملوو گەیشتبووە ئەو قەناعەتە کە ناکرێ دێموکراسی تا ئاستی حکوومەتی زۆرینە بێنینە خوار. لە وڵاتێکی فرەگەل و فرەفەرهەنگی وەک ئێراندا، دێموکراسی بەبێ دەستەبەرکردنی مافی کەمایەتییەکان و گەلانی ئەو وڵاتە، بە ئاسانی دەبێت بە جۆرێکی دیکە لە سەرەڕۆیی. دەوڵەت ڕەنگە هەڵبژاردن بەڕێوە بەرێ، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەو گەل و فەرهەنگ، کولتوور، زمان و ناسنامە و کۆمەڵگایانە سەرکوت بکات کە لەگەڵ هەوییەت و ناسنامەی ناوەندیی دەسەڵات جیاوازییان هەیە.
هەر بۆیە قاسملوو دابین و دەستەبەرکردنی مافی گەلانی بندەستی ئێران و کەمایەتییە فەرهەنگی، ئیتنیکی، ئایینی و مەزهەبییەکانی وڵاتی، خستبووە چەقی پڕۆژەی سیاسیی خۆی. لە ڕوانگەی ئەوەوە، خەبات بۆ مافەکانی کورد و خودموختاریی کوردستان، بە هیچ جۆر لە خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا جیا ناکرێتەوە. لەوەش زیاتر قاسملوو پێی وایە دابین و دەستەبەرکردنی مافی گەلانی بندەستی ئێران مەحەکە بۆ ئەوەی ئێران بە وڵاتێکی ئازاد و دێموکرات دابنرێ.
ئێرانی ئازاد و دێموکراتیک، ناچارە کە گەلانی کورد، تورکمەن، بەلووچ، عەرەب، ئازەری و کەمایەتییەکانی دیکە و بەشداریی بەرانبەریی ئەوان لە پرۆسەی سیاسیدا بە ڕەسمی بناسێ. ناکرێ زمان، هەوییەت، فەرهەنگ و نیهاد و دامەزراوە ناوچەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەوان بە هەڕەشە و مەترسی لەقەڵەم بدرێن. ئەوان دەبێت لە یاسای ئەساسیی وڵاتدا، پشتیوانی و بەرگرییان لێ بکرێ و ماف و ئازادییە فەرهەنگی و سیاسی و زمانی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیان بە یاسا دەستەبەر بکرێن.
ئەوە ناوەرۆکی پڕۆژەی سیاسیی قاسملوو بوو: ناکرێ و ئیمکانی نییە لە ڕێگای کۆکردنەوەی دەسەڵات و ناوەندگەرایییەکی زۆرەملی، ئێران بپارێزرێ یان وەڵامی ئەو گرفت و کێشانە بدرێتەوە کە ئەو وڵاتە لەگەڵیان دەستەو یەخەیە. ئەو کارە تەنیا لە ڕێگای هاوپێوەندیی سیاسیی ئارەزوومەندانە، بە ڕەسمی ناسینی و قبووڵکردنی یەکتر وەک هاووڵاتیی بەرانبەر، ئیمکانی هەیە.
دیالۆگ و گفتوگۆ
هەروەها قاسملوو سیاسەتمەدارێک بوو کە بڕوای بە دیالۆگ و گفتوگۆ بوو. ئەو باوەڕی بە وتوێژ، سازان و دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەریی سیاسی بۆ کێشە و گرفتەکان هەبوو. بەڵام تەعەهودی ئەو بە وتوێژ و دیالۆگ لە لاوازیی سیاسی و سادەلەوحییەوە نەبوو، بەڵکو لە پوختەیی سیاسی، تێگەیشتنی قوڵ و ستراتیژیکەوە سەرچاوەی دەگرت. ئەو چاک لەو ڕاستییە تێگەیشتبوو کە ئاشتی و سولحێکی بەردەوام، پێویستی بە سازان و کۆمپرۆمیسی سیاسییە نەک شەڕی هەمیشەیی.
ئەو بەدوای دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەرییەکی ئاشتیخوازانەوە بوو بۆ پرسی کورد. هەموو هەوڵی ئەوە بوو کێشەی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندی لە ئێران، بخاتە چوارچێوەی یاسای ئەساسی و وەک بەشێک لە پرۆسەی دێموکراتیزاسیۆن چاوی لێ بکرێ. سەرەڕای ئەوە ئەو چۆنیەتیی دەسەڵاتی ئیستبدادیشی چاک دەناسی. بۆیە گفتوگۆ بۆ ئەو هیچ کاتێک بە مانای خۆبەدەستەوەدان نەبوو، بەڵکو ڕێگا و میتۆدێک بوو بۆ خەبات و بەربەرەکانی.
هەر ئەوەشە کە تیرۆرکرانی ناوبراوی لەلایەن دیپلۆمات-تیرۆریستەکانی ڕێژیمی ئاخوندییەوە، بەتایبەتی کردووەتە مەسەلەیەکی تراژیدی. ئاخر ئەو ڕاست لە کاتی وتوێژ و دانوستاندا کوژرا. ئەو قەتڵە سیاسییە، نەک هەر ماهیەتی تیرۆریستی و دژەگەلیی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو ترس و تۆقانی ئەو ڕێژیمەشی لە هەر چەشنە ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی نیشان دا. ئاخر قاسملوو ڕاست لەبەر ئەوە بۆ ڕێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی جێی مەترسی بوو، کە ڕێگای چارەسەریی دێموکراتیک و ئاشتیخوازانە و سیاسی بۆ چارەسەریی کێشەی کورد هێنابووە گۆڕێ.
پڕۆژەی قاسملوو، پڕۆژەیەک بۆ هەموو ئێران
تیتری ئەم وتارە، «قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی دیکەش»، جەوهەر و ناوەرۆکی میراسی سیاسیی قاسملوو نیشان دەدات. ئەو قاسملووی کوردان بوو، چونکە تەجەسومی ئیرادەی گەلی کورد بوو بۆ خەبات و بەربەرەکانی بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان. ئەو شکڵی سیاسیی خەباتی کوردی بەخشی. لە حەقی کوردان بۆ هەبوون و بە ڕەسمی ناسران وەک هەموو نەتەوەیەکی دیکەی سەر زەوی بەرگری دەکرد. بەرگری لە خەباتی کوردان دەکرد بۆ ئەوەی بە زمانی خۆیان بخوێنن، ئیدارەی ناوچەکانی خۆیان بەڕێوە بەرن، لە حەقی حاکمییەتی میللیدا شەریک بن و ئایندەیەکی ڕوون و گەشیان بۆ چوونەپێش و پەرەسەندن لە پێشدا بێت.
بەڵام ئەو لە هەمان کاتدا، قاسملووی هەموو ئەوانی دیکەش، واتە ئێرانییەکانی دیکەش بوو، چونکە بیری سیاسی و پڕۆژەی سیاسیی قاسملوو ڕووی لە هەموو ئێران بوو. ئاخر کێشەی ئێران هەر بەتەنیا بێبەشیی کورد نییە لە ماف و ئازادییەکان. بەڵکو بریتیشە لە نەبوونی دێموکراسی، نەبوونی دەزگای دادوەریی سەربەخۆ، نەبوونی ئازادیی بەیان، ئازادیی دین و مەزهەب، ئازادیی تێکۆشانی سیاسی و حیزبی، ئاوێتەبوونی دین و دەوڵەت لەگەڵ یەکتر، نابەرانبەریی ژن و پیاو، نەبوونی سکۆلاریزم، سەرکوت و زەبروزەنگ و چەوسانەوەی کەمایەتییەکان، حکوومەتی دینی و مەزهەبی، ئیستبداد و سەرەڕۆیی.
ڕوانگەی سیاسیی قاسملوو هەموو ئەو مەسەلانەی ئێرانی لێک گرێ دەدان. ئەو دەیزانی هیچ کام لە گەلانی ئێران، بۆ نموونە گەلی کورد، ناتوانن بە ئازادی بگەن، تا ئەو کاتەی خەڵکانی دیکەی وڵاتەکەمان لە ژێر سەرکوت و زەبروزەنگ و ئیستبدادی ڕەشی مەزهەبیدان. بۆیە لە پڕۆژەی سیاسیی قاسملوودا، ئازادی و خودموختاریی کوردستان، بەشێکی هەرگیز دانەبڕاوە لە پرۆسەی دێموکراتیزاسیۆن لە ئێراندا.
بایەخی میراتی سیاسیی قاسملوو پاش ٣٧ ساڵ
٣٧ ساڵ پاش شەهیدکرانی دوکتۆر قاسملوو، ئێران هەر وەک ئەو دەم گیرۆدە و دەستەو یەخەی ئەو قەیران و گیروگرفتە ساختارییانەیە کە قاسملوو دیتبوونی و پێشبینی کردبوون. ناوەندگەراییی زۆرەملی و سەرەڕۆییانە، حکوومەتی دینی، ئینکار و حاشاکردن لە فرەفەرهەنگی و فرەگەلیی ئێران، سەرکوت و گرتن و کوشتن و ئێعدامی موخالیفان و ناڕازیانی سیاسی، هەژاری و بێکاری و ئاوسان و بێعەداڵەتیی کۆمەڵایەتی، وەڵامدەر نەبوونی دەوڵەت، گەندەڵیی دەسەڵاتی سیاسی.
بۆیە بیروئەندێشەی قاسملوو نەک هەر کۆن نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ لە هەمیشە ئاکتوێڵترە. ئەمڕۆ هەر پڕۆژە و گەڵاڵەیەکی دێموکراتیک و جدی بۆ ئێران، بە ناچاری لەگەڵ هەمان ئەو پرس و مەسەلانە بەرەوڕوو دەبێت کە ئەو هێنابوونیە گۆڕێ. چۆن دەکرێ دەسەڵاتی ناوەندی سنووردار بکرێ؟ چۆن دەکرێ دین و حکوومەت لێک جیا بکرێنەوە؟ چۆن ژنان، کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکان، چۆن خەڵکی ئێران دەتوانن ئازادانە لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداری بکەن و ڕۆڵی خۆیان ببینن؟ چۆن ئازادییە دێموکراتییەکان دەکرێ دابین و دەستەبەر بکرێن؟ چۆن دەکرێ مافە ڕەواکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی وڵات دابین و دەستەبەر بکرێن، بێ ئەوەی ئەو مەسەلەیە ببێتە مەترسی لەسەر یەکپارچەییی وڵاتەکەمان؟ چۆن دەکرێ لە جێی ئیستبداد و سەرەڕۆییی مەزهەبی، نیزامێکی دێموکراتیک لە ئێراندا دامەزرێنین کە وەڵامدەر و هەلومەرجی تازەی ئێران لە کۆمەڵگای ناونەتەوەییدا بێت؟
وەڵامی قاسملوو بۆ ئەو پرسیارانە ڕوونە: دێموکراسی، دیسانتڕالیزاسیۆن، سکۆلاریزم، مافەکانی مرۆڤ و بە ڕەسمی ناسینی مافی ڕەوای کەمایەتییەکان و گەلانی پێکهێنەری حەشیمەتی وڵات. ئەوانە دروشم نین، بەڵکو ئەو بنەما بنەڕەتییانەن کە دەتوانین ئێرانی ئێستا و سبەینێیان لەسەر بنیات بنێین.
مانای میراسی قاسملوو
میراتی قاسملوو بۆ ئێمە هەر یادکردنەوەی شەهادەتی ناوبراو نییە، بەڵکو بەرپرسایەتییەکی سیاسییە. یادکردنەوەی ئەو بەتەنیا هەر ئەوە نییە کە لە دەوری یەک دانیشین و خەمی لەدەستدانی لەگەڵ یەک بەش بکەین. بەڵکو بەجێیە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە ئایا هێزە نیشتمانی و دێموکراتییەکانی وڵات، ئێستا ئامادەن فەلسەفە و پڕۆژەی سیاسیی قاسملوو بۆ ئێران بەجدی بگرن؟
ئێرانی دێموکراتیک ناتوانرێ لەسەر بناخەی هەمان ئەو سیاسەتە داڕێژرێ، کە لە ڕووی مێژووییەوە سەد ساڵە حاشا لە مافەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران دەکات و شکستی هێناوە. سیاسەتی کوردیش ناتوانێ سەرکەوتن وەدەست بێنێ ئەگەر خۆی پەراوێز بخا و لە سەرجەمی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و دێموکراسیخوازیی ئێران دوور کەوێتەوە.
گەورەییی قاسملوو لەوەدا بوو کە ناوبراو ئەو دوو حەقیقەتەی لە پەنای یەکتر دادەنان. ئەو کورد بوو، شانازی بە کوردبوونی خۆی دەکرد، بەڵام هیچ کاتێک ناسیۆنالیستێکی کوردیی بەرچاوتەنگ نەبوو. ئەو دێموکرات بوو، بێ ئەوەی زەیینگەرا بێت. سکۆلار بوو بێ ئەوەی دژی دین بێت و بیەوێ ئیمان لە کۆمەڵگادا لە ڕیشە هەڵکێشێ. ئەو ئاشتیخواز بوو، بڕوای بە ئاشتی بوو، بەڵام هیچ کاتێک دەستی لە خەبات و بەربەرەکانی هەڵنەدەگرت. دیالۆگ و وتوێژی وەک میتۆدێکی خەبات تەماشا دەکرد، بەڵام ماهیەتی دەسەڵاتی ئیستبدادی باش دەناسی. بۆیە خەبات بۆ ئازادی و عەداڵەت بەشێکی جیانەکراوەی ژیانی بوو. ئەو کورد بوو، بەڵام خاوەنی ڕوانگەیەکی جیهانی بوو. خاوەنی ڤیژێنێکی بڵند بوو، بەڵام پڕاگماتیست بوو و نەیدەهێشت بەرپێی خۆی لێ ون بێت.
بۆیە ٣٧ ساڵ پاش شەهیدبوونیشی، قاسملوو هەروا وەک کەسایەتییەکی مێژوویی ماوەتەوە. ئەو بۆچوونەی ناوبراو ئێستاش بۆ ئێران هەر ڕاست و لە جێی خۆیەتی: داهاتووی ئێران بەوەوە بەستراوەتەوە کە چەندە دەتوانێ فرەفەرهەنگی و فرەگەلی و فرەڕەنگیی خۆی بە ڕەسمی بناسێت؟ چەندە دەتوانێ دەسەڵات و سیستەمی حکوومەتی خۆی دێموکراتیزە بکات؟ دەوڵەتی خۆی سکۆلاریزە بکات؟ ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتییانی خۆی دەستەبەر بکاو دان بە مافە ڕەواکانی گەلانی ئێراندا بێنێت؟
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
لاجانی،برایم(٢٠٢٦): قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش!. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد
سۆسیالیستی فەرنجیپۆش
سۆسیالیستی فەرنجیپۆش عەلی لەیلاخ لە «کۆمیدیای خودایی»ی دانتێدا، کە یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهان، دانتێ ئالیگیری (١٢٦٥-١٣٢١)ی شاعیری ئیتاڵیایی، یەکەم پلەی «بەرزەخ»ی خۆی بە ناوی «لیمبۆ»وە بۆ کەسانێکی وەک ئەفلاتوون، [...]
مرۆڤێک بە پێوە
مرۆڤێک بە پێوە م. ئەحمەدی ئەو شەڕەی کە ئەم گەلە بۆ ژیان دەیکرد، دەستبەجێ و بێ دوودڵی بوو بە شەڕی منیش. من تا دوێنێ دکتۆرێکی «پێڕەش»ی بێناونیشان بووم، ئێستا کورد بووم؛ [...]
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا زاهیر محەمەدی هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر [...]
بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو
بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو کەماڵ حەسەنپوور سواری باڵی مەلی خەیاڵ دەبم و دەگەڕێمەوە دواوە، بۆ سەردەمێک کە وەک خەونێک لە مێشکمدا ماوە. منیش وەک هاوتەمەنەکانی خۆم و جیلی پێش [...]
کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو
کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو شاهۆ حوسێنی لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەگەلی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ژێردەستدا، شۆڕش زۆرجار وەک پرۆژەیەکی تەواو میکانیکی و تەکنیکی سەیری کراوە و پێناسەکراوە؛ پرۆژەیەک کە [...]
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە فاتح سەعیدی دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە [...]







